کوردستان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

پۆتانەکان: ٣٧°٠٠′N ٤٣°٠٠′E / ٣٧.٠٠٠°N ٤٣.٠٠٠°E / 37.000; 43.000

کوردستان
Kurdistan
Gegenwärtiges Kerngebiet der kurdischen Siedlungsgebiete.jpg
ناوچە کوردنشینەکان.
زمان کوردی، تورکی، عەرەبی و فارسی
"شوێنی جوگرافی" ڕۆژاوا و باکووری ڕۆژاوای ئێران: باکووری مێزۆپۆتامیا، زاگرۆس، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، بە بەشەکانی باکووری ڕۆژاوای ئێران، باکووری عێراق، باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا[١]
ڕووبەر (بە نزیکەیی) ١٩٠,٠٠٠ km²–٣٩٠,٠٠٠ km²
٧٤,٠٠٠ sq.mi–١٥١,٠٠٠ sq.mi
ژمارەی دانیشتوان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن (دانیشتووی کورد) (بە نزیکەیی)[٢]

کوردستان (بە واتای وڵاتی کوردان) ناوچەیەکە لە ڕۆژھەڵاتی ناوین کە زۆربەی دانیشتوانی کوردن. کوردستان دەکەوێتە خۆرھەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان)، باکووری عێراق (باشووری کوردستان)، باکووری خۆرئاوای ئێران (ڕۆژھەڵاتی کوردستان) و چەند پارچەیەک لە سووریا (ڕۆژاوای کوردستان) و ئازەربایجان و ئەرمەنستان. دیاریکردنی‌ سنووری‌ کوردستان یەکێکە لە دۆزە پڕ تەنگ‌ و چەڵەمەکان، چونکە ئەو وڵاتانەی‌ جڵەوی‌ دەستەڵاتی‌ کوردستانانیان‌ بە دەستەوە وەک یەکەیەکی جوگرافی یان نەتەوەیی چاوی لێناکەن، بەڵکو پتر بە ناوچە کوردنشینەکان ناوی دەبەن. لە ڕوانگەی ڕامیاریەوە، باشووری کوردستان تەنھا بەشی کوردستانە کە بە شێوەی نێونەتەوەیی وەک پێکھاتەیەکی فیدراڵی سەربەخۆ ناسراوە. کورد لە ئێراندا بە فەرمی وەک کەمایەتی ناسراون، بەڵام لە ڕووی خوێندن بە زمانی کوردی و مافەکانی‌ دیکەی نەتەوایەتیەوە بێ بەشن.


مێژوو

چەرخی کۆن

لە سەردەمی کۆندا لەم ناوچەیەدا ھۆزەکانی گۆتی، حووری، مانناکان و مادەکان ژیاون[٣]. ژینگەی سەرەکی ھۆزی مانناکان باشوور و ڕۆژھەڵاتی زرێچەی ورمێ بووە، و دەتوانین بڵێین ناوچەی قەڵایچی له دەوارندەوری ئێستای شاری بۆکان[٤].لە سەردەمی داریووشی سێیەم و ئەسکەندەر، مادەکان ھاتنە ژێر فەرمانی پارسەکانەوە. پاشایەتی کاردۆخ (کاردۆکان) لە باشوور و باشووری ڕۆژھەڵاتی دەریاچەی وان کە دەکەوێتە نێوان پارسەکان و مێزۆپۆتامیا،کاتی لاوازبوونی ئیمپراتۆری ساسانی سەربەخۆ بوو و لە ١٨٩ی پێش زایین تا ٣٨٤ی پاش زایین حوکمڕانی دەکرد بەسەر باکووری مێزۆپۆتامیا و باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاناتۆلی. ڕۆمییەکان لەکاتی زۆرداری لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا، بە سەر بەشێکی گەورەی ژینگەی کوردەکان، بەتایبەت بەشی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان حوکمڕانیان ئەکرد. کاردۆخ بووە ناوچەیەکی باجدەری ڕۆم لە ساڵی ٦٦ی پێش زایین ھەتا ٣٨٤ی دوای زایین. کاردۆخ کەوتبووە ڕۆژھەڵاتی "سیلوان" کە شارێکە لە ڕۆژھەڵات و باشووری دیاربەکری ئەمڕۆکە. ھێندێ لە مێژووناسەکان نێوان کاردۆخ و ناوە ئەمڕۆییەکانی کورد و کوردستان پێوەندی ئەزانن[٥][٦][٧]. ھەڵبەت ھێندێکیش دژی ئەوەن[٨]؛ بەڵام لە زانستنامەی کۆلۆمبیادا ئەوە سەلمێندراوە.[٩]

یەکێک لە کۆنترین بەڵگە دۆزراوەکان لە بەکارھێنانی وڵاتی کوردەکان، بەڵگەیەکی ئایینی مەسیحی سریانییە کە دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی عەتیق، کە گێڕانەوەی گەڕانی قەشەیەکی خەڵکی ئاشوور، بە ناوی "ئابدیشۆ" دەکات بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین. کاتێ بەرەو ساسانیان دێت، لە سەر سنوور لێی دەپرسن کە لە کوێوە ھاتووی، وەڵام دەداتەوە کە دایک و بابم لە ھەزا بوون؛ کە ھەزا گوندێک بووە لە ئاشووردا. لە درێژەدا دەڵێت کە لەلایەن بێ دینەکانەوە لەو شوێنە دەرکراون و لە تامانۆن جێگیر بوون؛ کە وەک ئابادیشۆ دەڵێت، لە وڵاتی کوردەکاندا بووە. "تامانۆن" دەکەوێتە ڕاست سەر سنووری تورکیا و عێراقی ئێستا و ھەزا لە ١٢ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژئاوای شاری ھەولێری ئێستایە. لە جێگەیەکی دیکە ھەر لەم بەڵگەیەدا، لە ناوچەی خابوور، بە وڵاتی کوردەکان ناوبراوە.[١٠]

چەرخی نێوانی

لە نیوەی سەدەی ١٠ی زایینیدا، ناوچەکە لە نێوان پەنج دەسەڵاتداریدا بەش کرا: لە باکووردا شەدادییەکان (٩٧٥ تا ١١٧٤ی زایینی، دەکەوێتە ئەرمەنیای ئێستا)، ڕەوادیدەکان (٩٥٥ تا ١٢٢١ی زایینی لە تەبرێز و مەراغەدا)، لە ڕۆژھەڵاتدا حەسنەوییەکان (٩٥٩ تا ١٠١٥ی زایینی) و ئانازییەکان یا عەیاران (٩٩٠ تا ١١١٦ی زایینی لە کرماشان و خانەقین) و لە ڕۆژئاوادا مەروانییەکان (٩٩٠ تا ١٠٩٦ی زایینی لە دیاربەکر). لە سەدەی ١١دا ناوچەکە کەوتۆتە ژێر دەستی سەلجوقە تورکەکانەوە و لە سەدەی ١٣ بۆ ١٥ بە دەستی مەنگۆلەکانەوە دوای ئەوە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان تاکو جەنگی جیهانی یەکەم.[١١] لە چەرخی نێوانیدا، کوردستان کومەڵێک بوو لە ناوچە نیوە سەربەخۆکان کە بە ناوی "میرنشین" دەناسرێت، کە بە ڕوالەت لە ژێر دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی پاشا یان خەلیفەدا بوون. شیکراوەی مێژووی ئەم میرنشینانە و پێوەندیان لەگەڵ ھاوسێکانیان لە کتێبی "شەرەفنامە" لە نووسینی شەرەفخانی بەدلیسی (١٥٩٧) ھاتووە[١٢]. میرنشینەکانی بابان، سۆران، بادینان و گەرمیان لە عێراقی ئەمڕۆکە، بۆتان و بدلیس لە تورکیا و موکریان و ئەردەڵان لە ئێراندا.

کۆنترین بەڵگەیەک کە بەکارھێنانی ناوی کوردستان تێیدا دەسەلمێت، دەقێکی مێژوویی ئەرمەنیایە، کەسێک بە ناوی matteos urhayci نووسیوە. ئەو باسی شەڕێک دەکات و دەڵێ کە لە شوێنێک نزیکی ئامەد لە ١٠٦٢ لە کوردستان ڕوو ئەدات[١٣][١٤]. بەڵگەی دووھەم پەراوێزێکە لە ئینجیلێکی دەستنووسراوەی ئەرمەنی کە لە ١٢٠٠ی زایینیدا نووسراوە[١٥][١٦]:

«Let Christ-God bless Khoja Hovhanes Mughdusi, from Kurdistan, who made a pilgrimage to Jerusalem and took the holy Gospels from the aliens»

سێیەم بەڵگەی بەکارھێنانی وشەی کوردستان، لە نوزھات ئەل قلوب حەمدوڵڵا موستەوفی (١٣٤٠ی زایینی) بینراوە[١٧].

چەرخی نوێ

نەخشەی کوردستان لە سەردەمی عوسمانی

لە سەدەی ١٦ی زایینی، دوای شەڕە خاچپەرستییەکان، ناوچە کوردنشینەکان، لە نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان بەشکرا. زۆربەی پرۆسەی دابەشکردنی کوردستان، دوابەدوای شەڕی چاڵدێران لە ١٥١٤ی زایینیدا ڕوویدا کە دواتر تەنھا بە ڕواڵەت، لە گرێبەستی زوھاب (زەھاب، قەسرشیرین) لە ساڵی ١٦٣٩دا بە فەرمی کرا[١٨]. لەکاتی شەڕی جیھانی یەکەم، زۆربەی کوردەکان لە پارێزگای کوردستان و لەسەر سنووری عوسمانییەکان بوون. دوای لەیەکبوونەوەی ئیمپراتوری عوسمانییەکان، ھێزە یەکگرتووکان(واتە وڵاتانی: فەڕانسا، بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیتالیا و ژاپۆن)، بڕیاریاندا لە سەر سنووری پێشووی عوسمانی، چەند وڵاتێکی نوێ دامەزرێنن. بە پێی پەیمانی سێڤر، کوردستان و ئەرمەنیاش یەکێک بوون لەم وڵاتانە. بەھەر شێوە، دوای داگیرکردنەوەی ناوچەکە لە لایەن ھێزەکانی ئاتاتورک، ھێزە یەکگرتووکان لەگەڵ پەیمانی لۆزان ڕێککەوتن و سنوورە نوێکانی کۆماری تورکیا دیاریکرا و کوردەکان بێ ناوچەیەکی سەربەخۆ مانەوە. بەشێکی لە ناوچە کوردنشینەکان کەوتە ناو سنووری نوێی تورکیاوە و بەشێکی دیکەی لکێندرا بە سووریا و عێراق کە لە ژێر دەسەڵاتی فەڕانسا و بەریتانیا بوون.

لە کۆتایی شەڕی کەنداودا، ھێزە یەکگرتووەکان ناوچەیەکی قەدەغەیان بۆ فڕۆکەکان دامەزراند. ئەمە بووە ھۆی ئەوەی بەشی باشووری کوردستان کە دەکەوێتەوە باکووری عێراق بتوانێ لە ساڵی ١٩٩٢دا ناوچەیەکی سەربەخۆ دامەزرێنێت کە دەسەڵاتی ناوخۆ و پاڕلەمانی ھەیە.

میرنشینەکان

میرنشینە کوردەکان لە ساڵی ١٨٣٥

میرنشینی عەیشانی

٣٠٠-٣٥٠ک / ٩١٢-٩٦١ز لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ھەرێمی چیاکان لە نەھاوەند و دینەوەر و ھەمەدان و سامنان ھەتا سنووری ئازربایجان. لە دیارترین میرەکانیان ونداد و غانم.

میرنشینی ڕەوادی

(دەوروبەری ٣٣٧-٤٦٣ک/٩٤٨-١٠٧١ز) لە شارەکانی مەراغە و تەورێز و ئەردەبیل و ورمێ و خوی و سەلماس ...ھتد، بەناوبانگترین میرەکانیان محەمەد کوڕی حوسێن ڕەوادی و ئەبو ھەیجای ڕەوادی و مەمەلانی ڕەوادی.

میرنشینی شەدادی

٣٤٠-٥٩٥ک/٩٥١-١١٩٨ز لە ھەرێمی ئاران لە شارەکانی بەردەعە و دبیل و گەنجە و باکو چەند شار و ناوچەیەکی دیکە. میرنشینی شەدادی ھەرچەندە لەلایەن سەلجوقیەکانەوە لاوازکراوە بەڵام ھەتا وەکو ساڵی ٥٩٥-١١٩٨ز لە شاری ئانی ھەر مابوو. لە دیارترین میرەکانیان محمەد کوڕی شەداد و فەزلون و ئەبولئەسوار و چەندانی دیکە. کە سەربەخۆبوون و دراوی تایبەتی میرنشینەتیان لێداوە.

میرنشینی حەسەنوەیی

٣٤٨-٤٠٦ک/ ٩٥٩-١٠١٥ز لە ناوچەکانی شارەزوور و شاپورخواست واتا لوڕستان و دینەوەر و ھەمەدان و شوێن و شاری دیکە فەرمانڕەواییان کردووە. لە میرە بەناوبانگەکانیان، حەسەنوەیهی کوڕی حوسێنی کوردی و میر بەدر کوڕی حەسەنوەیی کە یەکێکە لە ھەرە میرە بەناوبانگەکانی کوردان، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کاری زۆر دیاری لەماوەی فەرمانڕەوایەتیەکەیدا کردووە و دراوی تایبەتی لێداوە.

میرنشینی مەروانی

٣٧٣-٤٨٩ک/٩٨٣-١٠٩٦ز لە کوردستانی ناوەڕاست و باکوور لە دیاربەکر شارەکانی میاخارتین و ماردین و ئامەد و خەڵات و بەدلیس و ناوچەی دیکە فەرمانڕەواییان کردووە. دامەزرێنەری میرنشینەکە میر باد کوڕی دۆستەکی کوردیە ھەروەھا میر مومەھەد ئەلدەولە و میر نەسرولدەولە و ئەحمەد کوڕی مەروانی کوردی کە بەناوبانگترین میری کوردیە، زیاتر لەپەنجا ساڵ میرایەتی کردووە و دەسەڵاتەکەی وەک دەوڵەت ناسراوە لەلایەن دەوڵەتانی عەباسی و بوەیھی و فاتمی و بیزێنتی و سەلجوقیەکان دانی پێدانراوە. زۆر کاری گرینگ لە ئاوەدانی و بووژانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەو ناوچەیەی کوردستاندا ئەنجامدراوە. لە زۆربەی شارەکاندا دراوی میرنشینیەکە لێدراوە.

میرنشینی عەننازی

٣٨١-٥١١ ک /٩٩١ - ١١١٧ز ئەم میرنشینیە لە ناوچەی حەلوان لەلایەن کوردەکانی شازەنجانییەوە دامەزراوە دواتر دەسەڵاتی فراوان بووە و لە شارەکانی ئەسەد ئاباد و داقوق و ئاوەدانی دیکە دەسەڵاتەکەی پەرەی سەندووە. لە میرە بەناوبانگەکانیان، میر ئەبولفەتح محەمەد کوڕی عەنناز و میر حسام ئەلدەولە و ئەبو شوک و میر سورخاب کوڕی بەدر.

میرنشینی ھەزبانی

٣٤٧ – ٥٣٤ /١٠٤٦ – ١١٣٩ز لە شاری ھەولێر دەرکەوتووە، سەرجەم ناوچەکانی دەوروبەری ھەولێری فەرمانڕەوایەتی کردووە، لەبەناوبانگترین میرەکانیان عیسا کوڕی موسای ھەزبانی و میر ئەبولحەسەنی کوڕی موسکی ھەزبانی. لە دوای ھاتنی سەلجوقییەکان زۆربەی میرنشینیە کوردییەکان پووکانەوە و بەرەو نەمان چوون، بەڵام ڕۆڵی کورد ھەر لەبرەودابوو لەشەڕی بەناوبانگی ملازگرددا کورد ھاوکاری سەلجوقیەکانی کردووە کە سەرکەوتن بەسەر ڕۆمەکاندا.

لە سەروبەندی ھاتنی مەغۆلەکاندا کوردستان ڕووبەرووی وێرانکاری و زیانی زۆر بۆوە، چونکە ھەم ھەرێمە کوردییەکان بۆ مەغۆلییەکان گرنگ بوون، ھەم دەکەوتە سەر ڕێیان بۆ بەغداو شام، بۆیە کوردستان لەسەدەی ٧ک / ١٣ز زۆرترین زیانی بەرکەوت. لە ماوەی دەسەڵاتداریەتی ھێزە داگیرکەرەکانی کوردستاندا وێڕای زەبر و زەنگی زۆر بەڵام دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بەتەواوەتی لەناونەچوو، چەندان میرنشین و دەسەڵاتداریەتی کوردی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا فەرمانڕەواییان دەکرد و ھێزەکانی جەلائیری و تەیموری و قەرەئۆینلو....ھتد. کوردستانیان کردبووە مەیدانی شەڕو ململانێ، تا دەرکەوتنی عوسمانیەکان و شەڕی چاڵدێران ١٥١٤ز، کە میر شەرەفخانی بەدلیسی لە پەرتووکی شەرەفنامەدا زانیاری گرینگی لەسەر ئەو دەسەڵاتداریەتیەی کوردان تۆمارکردووە.

دانیشتووان

Article icon.svg وتاری سەرەکی: کورد

ناوچە کوردنشینەکان

کورد کۆمەڵێک خەڵکی دانیشتووی ڕۆژھەڵاتی ناوینە و ئەو شوێنەی تێیدا دەژین ناوچەیەکی ھەم بەرز و نزمە، کە ڕووبەرەکەی ١٩١،٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت. کوردەکانی کوردستان لە وڵاتانی ئێران، تورکیا و سووریاو بەشێکی بچووک لە لوبنان و ئەرمەنیا دابەشکراون. وشەی "کورد" تەنھا لە چەن وڵات بە شێوەی فەرمی بەکاردێت؛ تورکیا پێیان دەڵێت تورکی شاخی و لەھەمان کاتدا ئێرانی پێیان دەڵێن ئێرانی چیانشین.

کوردەکان بە لقێک لە زمانە ھیندوئەورووپایییەکان قسەدەکەن کە زمانی کوردی ناوە؛ ئەگەرچی ناوچەکە، عەرەب و ئەرمەنی، ئاشووری و ئازەری، فارس و تورک و تورکمانیشی تێدایە. زۆربەی کوردەکان موسڵمانن بەڵام ئێزیدی، مەسیحی و جوولەکەش لە کوردستاندا دەژین.

چاند و ھونەر

چاندی‌ کوردی کۆمەڵێک جیاکەرەوەی کلتوریی تایبەت بە کوردانە. چاندی‌ کوردی میراتی ئەو گەلە جیاوازانەیە کە کوردەکانی ئەمڕۆ و کۆمەڵگەکەیان پێکھێناوە، بەڵام بە گشتی دوو چینی ناوچەیی (حۆرانییەکان)‌ و ئێرانییە کۆنەکان (میدییەکان). لەناو دراوسێکانیا، چاندی‌ کوردی زۆرتر نزیکە لە کلتوری ئێرانییەوە. بۆ نموونە جەژنی نەورۆز کە یەکەم ڕۆژی ساڵە، کە لە ٢١ی‌ ئازاردا ئاھەنگی بۆ دەگێڕن کە یەکەم ڕۆژی مانگی خاکەلێوەی کوردی و یەکەم ڕۆژی‌ بەھاریشە.

مووسیقا

ھەر لە کۆنەوە گۆرانیبێژە کوردەکان بەسەر سێ‌ جۆری کلاسیکی دا دابەشبوون: چیڕۆکبێژ، سترانبێژ و دەنگبێژ.

مووسیقای‌ تایبەت بە دەباری شازادە کوردەکان نەبووە، لەبری ئەوە، مووسیقا لە دانیشتنی شەوانەدا پێشکەش کراوە. چەند شێوازێکی مووسیقا لەسەر ئەم جۆرانە دانراون. زۆربەی‌ گۆرانییەکان لە سروشتیاندا ئەفسانەن، بۆ نموونە لاوک کە ھۆنراوەی قارەمانێتییە و چیڕۆکی قارەمانە کوردەکانی ڕابردوو، وەک سەڵاحەدین، دەگێڕێتەوە. حەیرانیش ھۆنراوەی خۆشەویستییە کە باس لە ئازارەکانی دابڕان و خۆشەویستی بێ ئەنجام دەکات. لاوژەش شێوازێکی مووسیقای ئایینییە و پایزۆکیش ئەو گۆرانییانەن کە بەتایبەتی لە پاییزاندا ئەوترێن. گۆرانی خۆشەویستی، ئاھەنگ و ھۆنراوەی وروژێنەر و گۆرانی تایبەت بە کار وفرمان.

جوگرافیا

خەرەندی ڕواندز لە باشووری کوردستان

وەک ئەوەی لە زانستنامەی بریتانیکادا نووسراوە، ڕووبەری کوردستان نزیکەی ١٩٠.٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت و شارە گرینگەکانی لە بەشی تورکیادا ئامەد، بدلیس و وان؛ لە بەشی عێراقدا ھەولێر و سلێمانی؛ لە بەشی ئێراندا کرماشان، سنە و مەھاباد. وەک "زانستنامەی ئیسلام" دەڵێت، لە ڕووبەری ٣٩٢.٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە، ١٩٢.٠٠٠کیلۆمەتری لە تورکیا، ١٢٥.٠٠٠کیلۆمەتری لە ئێران، ٦٥،٠٠٠ کیلۆمەتری لە عێراق و ١٢.٠٠٠ لە سووریادایە. کوردستان لە ئێراندا پارێزگای کوردستان و زۆربەی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان، ئیلام و لوڕستانی لە خۆ دەگرێت. کوردستان لە عێراقدا بە شەش بەش دابەشکراوە، سێ لەوانە و بەشێک لەوانی دیکەش ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندایە. کوردستانی سووریا لە ڕۆژھەڵاتی ئەم وڵاتەدایە و بەشێکی زۆری کەوتووەتە پارێزگای ئەل ھەساخ. شارە گەورەکانی ئەم بەشە قامیشلۆ و حەسەکە.

کەش و ھەوا

ھاوینی گەرم و زستانی زۆر سارد و بەفری زۆر، تایبەتمەندی ئەم ناوچەیە، و لەگەڵ ئەمەش زۆربەی بەشەکانی ئەم ناوچە بەھرەدارن و لە درێژەی مێژوودا شوێنی ھەناردنی دانەوێڵە و ئاژەڵ بووە. ئاستی بارین لە نێوان ٢٠٠ تا ٤٠٠ میلیمەتر لە ساڵدا، لە تەختایی و دەشتەکان و ٧٠٠ تا ٣.٠٠٠ میلیمەتر لە بەرزاییەکاندایە.

دارستان

کوردستان ناوچەیەکی شاخاوییە بە کەش و ھەوای سارد؛ بەڵام بارینی ئەوەندەی ھەیە کە دارستان پەرە بسێنێت. بە سەرجەم مێرگ و دارستانەوە کوردستان، ١٦٠.٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیی سەوزایی تێدایە؛ کاج، سنەوبەر، بەڕوو، چنار، شۆڕەبی و سپیدار زۆرینەی جۆرەکانی دارن لە کوردستاندا.

چیاکان

چیاکانی زاگرۆس

چیا ھێما و تایبەتمەندییەکی جۆگرافی ژیانی کوردەکانە؛ ھەر بۆیە گوتراوە: "کورد دۆستێکی نییە، جگە لە چیا" ، "Kurds have no friends but the mountains". چیاکانی جوودی و ئارارات (کە لە فۆلکلۆری کوردیدا دیارن)، زاگرۆس، شینگەر، قەندیل، شاھۆ، پیرمەگروون، و حەمرین، ناسیاوترین کێوەکانی کوردستانن.

ڕووبارەکان

بەرزاییەکان و چیاکانی کوردستان کە بارینی باران و بەفری زۆری تێدا ڕوو دەدات، وەک سەرچاوەی ڕووبارەکانی نێزیک خۆی و ڕۆژھەڵاتی ناوینن، یەکێکن لە سەرچاوەکانی دیجلە و فورات و ژمارەیەکی زۆر ڕووبارە بچووکەکان وەک خابوور، ئاراز، کەرخە و سفیدڕوود. ئەو ڕووبارانەی کە گرینگایەتی مێژووییان ھەیە بۆ کوردان، ئاراز، خابوور، زابی گەورە، سیراون، جەغەتوو و زەھاب. ئەم ڕووبارانە کە لە بەرزایی سێ تا چوار ھەزار مەتر بەرزتر لە ئاستی دەریادان، وەک سەرچاوەی ئاو و سەرچاوەی وەرگرتنی وزە بەکاردێن بە دانانی ئاوبەند و تۆرباین؛ عێراق و سووریا لە زۆربەی ڕووبارە سەرەکییەکان ئەوەیان کردووە و تورکیا بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەوەی کردووە.

گۆم و زرێچەکان

کوردستان ھەتا زرێچەی ورمێ لە ئێراندا، لە ڕۆژھەڵاتەوە درێژەی ھەیە و لە لای ڕۆژئاواە ناوچە نیوە کوردنشینەکان تا قەراغی دەریای ناوین درێژەی ھەیە. دەریاچەی وان لە کوردستاندا گەورەترین زرێچەی ناو تورکیایە و لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا تەنھا زرێچەی ورمێ لە وان گەورەترە؛ ئەم گەورەتربوونە ھەڵبەت تەنیا لە بواری ڕووبەردایە و لە قووڵبوونی ئاو، وان لە ئاستی بەرزتردایە. زرێچەی ورمێ، وان، زرێچەی زرێبار (ڕۆژاوای مەریوان) و زرێچەی دوکان (نزیکی شاری سلێمانی)، لە لایەن گەڕیارانەوە سەردان دەکرێت.

سەرچاوەکان

سەرچاوە بن زەوییەکانی کوردستان خەڵووز، مس، زێڕ، ئاسن، بەردی کەڵس (کە بۆ دروستکردنی چیمەنتۆ بەکاردێت)، مەڕمەڕ و زینک. گەورەترین سەرچاوەی بەردی گۆگرد لە جیھاندا، کەوتووەتە باشووری ڕۆژھەڵاتی ھەولێر.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەوتی کوردستانی ٤٥ بلیۆن بۆشکە مەزەندە کردووە کە بەمە کوردستان دەبێتە شەشەمین وڵاتی جیھان. حکومەتی ھەرێم، لە تەموزی ٢٠٠٧دا داوای لە کۆمپانیا بیانییەکان کرد تاکوو یارمەتی بدەن لە بەڕێخستنی ٤٠ دەموودەستگای ھەناردنی نەوت، بە ھیوای بردنە سەرەوەی دەسکەوتی نەوت تا ڕۆژی ١ ملیۆن بۆشکە. لە دوای داواکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە هۆی چاک بوونی بارودۆخی ئاسایش لە ناوچە کودنشینەکانی عێراق، چەندین کۆمپانیای گەورەی نەوتی جیهانی وەکوو ئێکسۆن مۆبیل و شێڵ ڕوویان لە کوردستان کرد.

ئاڵای کوردستان

ئاڵای کوردستان
Article icon.svg وتاری سەرەکی: ئاڵای کوردستان

ھەموو گەلانی سەر ڕووی ئەم زەمینە، ئەوانەی سەربەستن یان بە شێوەیەکی فیدڕال دەژین خاوەنی ئاڵای خۆیانن، ئاڵای کوردستانیش ئاڵای کوردستانی فیدرالە و لە تەواوی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دان، لە داموو دەزگا حکومییەکان و ڕێکخراوە ڕەسمییەکان شەکاوەیە.

ئاڵای کوردستان پێکھاتووە لە سێ ڕەنگ، دروشمێک لە ناوەندی. لە لاکێشەی ئاسۆیی پێکھاتووە، لاکێشەی سەرەوە ڕەنگی سوورە، ئەوەی ناوەند ڕەنگی سپییە، و لاکێشەی خوارەوە ڕەنگی سەوزە. بەرینایی ئاڵا دوو لەسەر سێی درێژاییەکەیەتی. دروشمی نەتەوەیی ئاڵای کوردستان خۆری زێڕینە، ئەم خۆرە ٢١ پەڕ (تیشک)ی یەکسان و ھاوشێوەی ھەیە. خۆرەکە دەبێ ڕێک لە چەق (ناوەندی) ئاڵای کورستان جێگیر بێت.

سروودی نیشتیمانی

Article icon.svg وتاری سەرەکی:  ئەی ڕەقیب

سروودی ئەی ڕەقیب کە لە لایەن یوونس ڕەئووف ناسراو بە دڵدار لە ساڵی ١٩٤٠ دانراوە، ئەو کاتی لە زیندان بوون ئەم هۆنراوەیەی داناوە. ئەی ڕەقیب یەکەم جار لە سەردەمی کۆماری کوردستان بووە بە سروودی نیشتمانی کوردستان. لە دوای پێکهاتنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەم هۆنراوەیە بووە بە سروودی نیشتمانی کوردستانی عێراق.

سروود

ئەی‌ ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زمان
نایشکێنێ دانەریی تۆپی زەمان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان
ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین
سەیری کە خوێناوییە ڕابردوومان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان
لاوی کورد ھەستایە سەر‌ پێ وەک دلێر
تا بە خوێن نەخشی بکا تاجی ژیان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان
ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین
دینمان، ئایینمان ھەر نیشتمان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان
لاوی کورد ھەر ‌حازر و ئامادەیە
گیان فیدایە، گیان فیدا، ھەر گیان فیدا
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان

سوپا

Article icon.svg وتاری سەرەکی: پێشمەرگە

نیشانی سەربازی پێشمەرگە لە باشوری کوردستان

پێشمەرگە وشەیەکی کوردییە بۆ شەڕکەرە کوردەکان کە ھەندێک بە شەڕکەرانی ئازادی ناویان دەبەن. وشەکە بە مانای "ئەوانەی کە رووبەڕووی مردن ئەبنەوە" دێت و ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە نزیکەیی لەو کاتەوە ھەیە کە جووڵانەوەی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی لە سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠ دا دەستی پێکردووە، ئەمەش دوا بەدوای ڕووخانی ھەردوو ئیمپراتۆری عوسمانی و قاجاری کە ناوچەکانی کوردستان لەژێردەستیاندا بوو. ھێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی لەگەڵ ھێزی ھاوپەیمانان لە شەڕی دژی‌ حکوومەتی بەعس لە عێراق. پێشمەرگە لە پێش دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ حکومەتی بەعسیش هەر بوونی هەبوو. لە سەردەمی کۆماری مەهاباد، پێشمەرگە وەکوو سوپای حکوومەت بوو.

پەروەردە

هەتا ساڵی ٢٠١١ی زایینی تەنیا وڵاتێک کە بە ڕەسمی زمانی کوردی تێیدا دەخوێندرا عێراق بوو کە ئەویش بۆ خۆی لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە دەستی پێ کردبوو و پێش ئەوە لە هەمووی ئاستەکاندا هەر بە زمانی عەرەبی وانە دەگوترایەوە. لە ئێراندا بە پێی دەستووری بنەڕەتی (قانوونی ئەساسی) زمانی کوردی وەکوو زمانی ناوچەیی پێناسە کراوە و لە هەندێک شوێندا دەخوێندارێ و لە هەندێکی دیکە نا. لە تورکیا هەتا ساڵی ٢٠٠٩ تەنانەت قسەکردن بە زمانی کوردی قەدەغە بوو بەڵام لە ساڵی ٢٠١١ەوە وانەیەک بە زمانی کوردی بۆ مندڵانی پلەی شەش دیاری کرا کە ئەگەر پێیان خۆش بێت دەتوانن هەڵیبژێرن و بیخوێنن. لە سووریا لە دوای شۆڕەشەکانی بەهاری عەرەبی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان، بزووتنەوەیەک بۆ فێرکاری کوردی دەستی پێکرد و زۆر کەس لە منداڵان و گەورەساڵان کەوتنە ژێر بەرنامەکانی فێرکاری کوردی.

خوێندنی باڵا

لە دوای هاتنی زانستە مۆدێرنەکان بۆ وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوین، چەندین زانکۆ لە جێ جۆر بە جۆرەکانی کوردستاندا کرایەوە. بەڵام هەتا ئێستاش هیچکام لەم زانکۆگەلە جگە لە کۆرسی زمانی کوردی، هیچ وانەیەک بە زمانی کوردی ناڵێنەوە. ئەم زانکۆگەلە بە پێی ئەوە کە کەوتوونەتە کام وڵاتەوە، وانەکانیان بە زمانی فەرمی ئەو وڵاتە (وەکوو: فارسی، عەرەبی و تورکی) یان زمانی ئینگلیزی دەڵێنەوە.

ئەم وتارانەش ببینە

سەرچاوەکان

  1. Kurdistan - Definitions from Dictionary.com. سەردان لە ڕێکەوتی 2007-10-21.
  2. Kurdish Studies Program. Florida State University. سەردان لە ڕێکەوتی 2007-03-17.
  3. kurdistanica:ڕەگەزی کورد
  4. زانستنامەی سەرھێلی بریتانیکا
  5. A.D. Lee, The Role of Hostages in Roman Diplomacy with Sasanian Persia, Historia: Zeitschrift für Alte Geschichte, Vol. 40, No. 3 (1991), pp. 366-374 (see p.371)
  6. Rawlinson, George, The Seven Great Monarchies Of The Ancient Eastern World, Vol 7, 1871. . (copy at Project Gutenberg)
  7. Revue des études arméniennes, vol.21, 1988-1989, p.281, By Société des études armeniennes, Fundação Calouste Gulbenkian, Published by Imprimerie nationale, P. Geuthner, 1989.
  8. T. A. Sinclair, "Eastern Turkey, an Architectural and Archaeological Survey", 1989, volume 3, page 360.
  9. زانستنامەی کۆلۆمبیا، وتاری کوردەکان
  10. J. T. Walker, The Legend of Mar Qardagh: Narrative and Christian Heroism in Late Antique Iraq (368 pages), University of California Press, ISBN 0520245784, 2006, pp. 26, 52.
  11. the longman encyclopedia page 584 kurdistan
  12. شەرەفنامە: مێژووی نەتەوەی کورد
  13. Matt'eos Urhayec'i, (Armenian)Ժամանակագրություն (Chronicle), ed. by M. Melik-Adamyan et al., Erevan, 1991. (p.156)
  14. G. Asatrian, Prolegomena to the Study of the Kurds, Iran and the Caucasus, Vol.13, pp.1-58, 2009. (see p.19)
  15. A.S. Mat'evosyan, Colophons of the Armenian Manuscripts, Erevan, 1988. (p.307)
  16. G. Asatrian, Prolegomena to the Study of the Kurds, Iran and the Caucasus, Vol.13, pp.1-58, 2009. (p.20)
  17. G. Asatrian, Prolegomena to the Study of the Kurds, Iran and the Caucasus, Vol.13, pp.1-58, 2009. (see p.20)
  18. C. Dahlman, The Political Geography of Kurdistan, Eurasian Geography and Economics, Vol.43, No.4, pp.271–299, 2002.