زمانی فارسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شانامەی فیردەوسی کە بە زمانی فارسی نوسراوە

زمانی فارسی یان زمانی پارسی یەکێکە لە زمانە زمانە ھیندوئەورووپایییەکان و بەشێکە لە خیزانی زمانە ئێرانییەکان. لە نێوان زمانە ئێرانییەکان، زمانی فارسی بەشێکە لە چڵی باشووری ڕۆژاوای لقی ئێرانی زمانە ھیندوئەوروپییەکان.[١] فارسی زمانی فەرمیی ئێرانە.[٢] ئەگەرچی بەپێی دەستوور، زمانی فەرمیی وڵاتی تاجیکستان، تاجیکی[٣] و ھی ئەفغانستانیش دەرییە[٤] بەڵام بە شێوەیەکی نافەرمی زمانی ئەم وڵاتانەش بە فارسی دەناسرێ.[٥][٦][٧][٨][٩][١٠][١١][١٢] لە ئوزبەکستانیش خەڵکێکی زۆر بە فارسی قسە دەکەن. ئاخێوەرانی زمانی فارسی بە نزیکەی ١١٠ ملیۆن کەس دەخەمڵێن.[١٣]

ئەنگەڵس لە نامەیەیەکدا بۆ مارکس دەنووسێ بۆ خوێندنەوەی ھونەری ڕۆژھەڵات ناچار بووم زمانی فارسی فێر بم، پێم زمانێکی سادە و شیرین بوو و نازانم بۆ چی ئەوانەی لە زمانێکی جیھانی دەگەڕێن، زمانی فارسی ھەڵنابژێرن.[١٤] فارسی ئەو زمانەیە حافز، سەعدی و فیردەوسی شیعریان پێگوتوە. مەولانا، ڕامان و فەلسەفە عیرفانییەکەی بە زمانی دەری ھۆنیوەتەوە. نەک بە تەنیا حەکیم و شاعیرانی فارسی زمان، بەڵکە شاعیر و وێژەوانانی زمانەکانی دیکەش وەک ئیقباڵ لاھووری بۆ باندۆڕ و جوانی قسەیان، سوودیان لە زمانی دەری بینیوە.[١٤]

زمان و ئەدەبیاتی فارسی پوختە و سیستەماتیک و ڕەوانە. زمانی کوردی لەگەڵ فارسی ڕیشەیەکی ھاوبەشیان ھەیە.

لە ھونەری جواننووسیدا، فارسی شێوەو یاساکانی نووسینی تایبەتی ھەیە و خەتی شکەستەیەی فارسییەو شێوەی ڕوونووس فارسیش تایبەتە. شێوەی نووسینی فارسی یان نووسینی تەعلیق وردەکاری زۆر تیایە و ٣ جۆر قەڵەم بەکاردێت لە نووسینەکانا بە ٣ قەبارەی جیاواز چونکە لە ھەندێ شوێنی نووسینی پیتەکان باریکتر ئەنوسرێت.

مێژوو[دەستکاری]

سەرەتا[دەستکاری]

ناوچەی بڵاوبوونەوەی زمانی فارسی
فارسی لە جیھاندا.

فارسی کۆن و زمانی پاڵەوی باو و باپیری فارسین. زمانی فارسی نێوەڕاست ساسانییەکان سەرچاوەی زمانی فارسییە. وشەی «فارسی»یان پارسی لە وشەی فارسیی کۆن «پارسە» کەوتووەتەوە.[١٥]

زمانی فارسی کۆن زمانی ئێران لە شاھەناشاھیی ھەخامەنشییەکان بووە. زمانی پەھلەوی (فارسی نێوەڕاست) ش، زمانی فەرمی ساسانییەکان بووە و ئەدەبیاتی دینی زەردەشتییەکانی پێ نووسراوە و گەلێک کتێبی وەک دینکرت، بووندەھشن، درخت ئاسوریک و… نموونەی ئەوانەن و بەشێ لەوانەش لەسەردەمی سەرھەڵدانی ئیسلام دا وەرگێڕاونەتەوە سەر زمانی عەرەبی. زمانی پەھلەوی، نزیکی زۆری لەگەڵ زمانی فارسیدا ھەیە.

دواتر ئێران لەژێر ھەژمون و چاولێکەری، ئیسلامی عەرەبی دایە. دوای ئەوەی حکوومەتی ساسانییەکان بە دەستی عەرەب ڕووخێرا و عەرەبەکان بڕوای دینی خۆیان بە سەر گەلانی ئێراندا زاڵ کرد. شێوەی خەتی خویان و ئەلفوبێ یان بە جێگای پیتی فارسی نێوەڕاست (پەھلەوی) کە لە ئێراندا باو بوو دانا. ھەر لەکەمتر لە دوسەد ساڵێک دوای ھەژمونی زمانی عەرەبی بەھۆی ئایینی ئیسلامەوە، فارسەکان کەوتنە زیندو کردنەوە و بوژاندنەوەی زمان و فەرھەنگ.

پاش پەرەپێدانی ئیسلام، فارسی نوێ زاراوەیەک بوو کە بەپێی بناخە ھەرە کۆنەکانی خۆی ئاوێتەی زاراوەکانی تر ببوو و ئەم تێکەڵبوونە تەنانەت بەر لە سەردەمی ساسانییەکان دەستی پێکردبوو. فارسەکان کەوتنە ھەوڵ بۆ زیندوو کردنەوەی زمانەکەی خۆیان و دەستیان کرد بە نووسین. دیارە کە پەڕتوکی شانامەی ئەبو مەنسووری – کە خودی کتێبەکە لەنێو چووە و تەنھا پێشەکییەکەی لێ بەجێ ماوە - دەتوانین بڵێین یەکێکی لە کۆنترین کتێبە کە بە فارسی نوسراوە (ساڵی ٣٤٦ ھێجری و ٩٢٧ی زایینی) و تا ئێستە ماوەتەوە و لە فەوتان ڕزگاری بووە.

لەکاتێکدا شاعیرێکی ئێرانی لە دەرباری سەفاریەکان دا وەکو عادەت بە عەرەبی دەکەوێتە مەدح و پیاھەڵدانی یەعقوبی لەیس، میرە سەفاری، گرژ دەبێت و دەڵێت: "بۆ بەزمانێک لەگەڵم دەدوێن کە من ھیچی لێ حاڵی نابم؟". دواتر سامانییەکان زمانی دەریییان کرد بە زمانی فەرمی.

لەو دەستەواژەیەوە زمان و فەرھەنگی فارسی دەکەوێتە بوژانەوە، ھەرسێ شاعیری فرە ناوداری ئێرانی (ئەبولقاسمی فیردەوسی) و (سەعدی شیرازی) و (خواجا حافز) بە شاکارە نەمرەکانیانەوە سەرحی زمانی فارسی دوای ساسانییەکان بنیات دەنێنەوە. بەھاتنی ئیسلام، شیعری ئێران کە بەر لە ئیسلام ھجائی واتە برکەیی بوو، لە ژێری کریگەریی وێژەیی عەرەبی بوو بە عەروزی.

ھەروەھا لەلایەن بزاڤی عیلمی ئەدەبی فارسی یەوە کە لە ھەوەڵی سەدەی پێنجەمدا لەلایەن بیروونی، ئیبن سینا و شاگردەکانی وان دا دەستی پێ کرد بەرەبەرە نووسینی کتێب بە فارسی دیسان دەسپێکرا.

دواتر[دەستکاری]

فارسی زۆرتر لە ھەزار ساڵە کە نەک تەنیا زمانی گشتی و فەرمی و ئەدەبی و فەرھەنگی ئیرانیانە بەڵکوو لە سەدەکانی پێشین بە سەر زەمینەکانی ھاوسێ و دوورەدەستیش چووە و خەڵکی ئەو سەرزەمینیش ئەویان بە دەربڕینی ھەست و ئیحساس و ھزر و زانیاری و دانیشی خۆی ھەڵبژاردوە و بە وی شێعر گوتووە، کتیب یان نووسیوە و شوێنەواری بە قیمەتیان بە وجود ھێناوە.

زۆرێ لە شاعیرانی فارسیزمان شێعری عیرفانییان داناوە و شێعری عیرفانی بەشێکی گرینگی ئەدەبی فارسییە.

ھەستیاران و شاعیران و نووسەرانی وەکوو ڕوودەکی سەمەرقەندی، کسایی مروزی، بەلعەمی، نرشخی، ناسرخوسرەو قوبادیانی، شەھید بەلخی، حەنزەلە بادغەیسی، سەنایی غەزنەوی، مەیبودی، جامی، ھەراتی، فردەوسی، خەیام، عەتتار، سەعدی، حافز، خاقانی شروانی، نیزامی گەنجەوی، قەتران تەورێزی، سائیب تەوڕێزی، ئەوحەد مەراغەیی، شێخ مەحموودی شەبستەری، مەولەوی، شەرفخانی بدلیسی، فاتیمە کوردستانی، شێخ محممەد مەردۆخی کوردستانی و ھەزاران شاعیر و نووسەری دیکە ھەموو بە فارسیان نووسیوە و بە فارسیان شێعر ھۆندووەتەوە.

خەیام بیرکاریزان و شاعیری گەورەی ئێران و فەیلەسوفی ڕۆژھەڵات لە کۆتایییەکانی سەدەی پێنجەم و سەرەتاکانی سەدەی شەشەمە. تەرزی بەیانی مەسلەک و فەلسەفەی ئەو کاریگەری زۆری لەسەر ئەدەبیاتی فارسی بەجێھێشتوە و کاریگەری خەیام لەسەر ئەدەبیاتی بەریتانی و ئەمریکا، کاریگەرییەکە لەسەر دنیایی شارستانی ئەمڕۆ.[١٦] ئێدوارد فیتزجیڕالد (١٨٠٩–١٨٨٣) لە ساڵی ١٨٥٩ چوارینەکانی خەیامی وەرگێڕانە سەر ئینگلیزی و دوای ساڵێک لەو ەرگێرانە خەیام لە ڕۆشنبیری ئینگلیزی و ئەورووپیدا ناسرا و کاریگەریشی زۆربوو بۆ ناساندنی ئەدەبی فارسی و ڕۆژھەڵاتی بەگشتی لە ئەورووپاوە.

چوارینە یەکەم جار ڕوودەکی شاعیر بەدیھێناوە بەلام چوارینەکانی خەیام لە ئەدەبی فارسیدا سیمایەکی جیاوازتری ھەیە کە پێەاتی سەرەکی ئەوانەبیرکردنەوەیە لە ڕازیی بوون و دوچاری حیرەت و سەرسام بوون و دۆستی دامانە. خەیامی نیشابوری کە دیارترین کەسانێکە کە ھۆنراوەی بۆ بیرکردنەوە فەلسەفییەکانی خۆی بەکاربردوە.[١٦]

ھەموو نووسەران و ھەستیارانی ئازەربایجانیش لە سەدەی دووھەمی ھیجری وەکوو محەممەد بەعیس کە عەرەب بوو، بوو بە دۆستی بابەک و بە فارسی شێعر دەگوت و خاقانی شروانی، نیزامی گەنجەوی، مەھەستی گەنجەوی، قەتران تەبرێزی، ھەمام تەورێزی، شەمسی تەورێزی، سائیب تەبرێزی، ئەوحدی مراغەیی، محەممەدخەلف تەورێزی، قاسم ئەنوار تەوڕێزی و ھەزاران شاعێر و نووسەری کۆن و ھەزاران شاعیر و پێشەوەر و خەڵکی ئاسایی لە کۆڵان و گەڕەک و دووکان ھەتاسەدەی ١١ و ١٢ی ھیجری بە فارسی شێعریان ھۆندووەتەوە.

ئاسیای گچکەش وەکوو ھندوستان لە سەدەکانی دوایی ئیسلام بە تایبەت لە سەردەمی سەلجوقییەکان لە سەدەی پینجەم ھەتا کۆتایی سەدەی ١٣ی ھیجری وەکوو خوڕاسان و ئازەربایجان لە لانەکانی فەرھەنگ و ڕۆشنبیری دەبێە پارسی. ئەم بزووتنەوەیە لە سەردەمی ھێنانی بە ھائەلەدین ولەد بەھۆی عەلائەدین کەیقوبادی دووەم بۆ قۆنییە و بەرزبوونەوەی مەولەوی بەو پەڕی خۆی دەگات.

ناوچەکانی فارسیزمان (زمانی زگماکی).

لە بارەگای ئەم پاشایەی سەلجوقی (کەیقوبادی دووھەم) ھەستیاران و پیاوچاکانی وەکوو محەممەدجەلالەدین مولەوی، فەخرەدین ئێراقی، برایم محەممەد تفلیسی، سەدرەدین قونوی، کەریم ئاقسرایی، قوتبەدین شیرازی، سەعیدەدین فرقانی، شیخ عەوڵا شەبستەری، قازیزادە ئەردەبیلی، مەولانا فەخر خەلخالی، مەلا واقف خلخالی، محەممەد ڕەزا پاشای تەوڕێزی، حەکیم ئەبوتالیب تەوڕێزی و گەلێکی تر پلە و پایەیان ھەبوو کە ھەموویان لە گەوە پیاوانی شێعر و ئەدەبی پارسی بوون.

زوربەی پاشاکانی سەلجوقی ئاسیای گچکە و زوربەی پاشایانی عوسمانی کەھەستی شێعرگوتنیان ھەبوو، وەکوو عەلائەدین کەیقوباد، سولتان بایەزیدئیلدرم، سوڵتان سەلیم، سوڵتان سولیمان قانوونی، بەفارسی شێعریان گوتوە. سوڵتان بایزیدئیلدرم لەئاسیای گچکە و ئەمیر تیمورلەنگ لەخواڕەزم (٨٠٤ ھجری) بەفارسی لەگەڵ یەکترنامەگۆڕینەوەیان دەکرد. قاقەزنووسینەکانی شاسمایل سەفەوی وسوڵتان سەلیم و پاشاکانی گورگانی ھیند و پاشاکانی سەفەوی و خونکارانی دیکەئەم لاوئەولای ئاسیاش بەفارسی بوو وئەو ھەستیار و شاعیرانەی کەلێرەولەوێ دیوانی شێعری خۆیان پێشکیشی ئەم پاشایانە کردوەو ئەوانیان بەفارسی مدح کردو پێھەلاگووتوون.

عوسمانییەکان ھەتا سەدەی ھەژدەش بە زمانی فارسی موڕاسەلاتی خۆیان دەکرد، ئەوەتا شەرەفخانی بەتلیسی کە شەرەفنامە دەنووسێ و پێشکەشی سوڵتانی عوسمانیی دەکات، بە زمانی فارسی ئەو کتێبەی بۆ دەنووسێت.[١٧]

ئینگلیزییەک بە ناوی «واتسن» لە ئاخرئۆخری سەلتەنەتی قاجارییەکان لە سەفەرنامەی خۆی نووسی ئێران وڵاتێکی بلەنگازە، بەڵام زمانێکی ھەیە کە لە سەرانسەری ئاسیا ھەتا ئوڕوپای ڕۆژھەڵات و باشووری ئافریقا دەبەرە خۆگرتووە. بەم بۆنەوە ڕای گەیاند کە لە شوینەواری میللەتێکی مەزنی دێرین وکۆن و مێژوویی تەنیا زمانی وی لە گوڕەپانی ھەراوی فەرھەنگی وی باقی ماوەتەوە کە دەشێ ھەرچاخ دەرفەت بڕخسێ دەبێ ھۆکاری نوێکردنەوەی ژیان و دەسەڵاتی ڕابردووی بێت.

بەم ڕاگەیاندراوەیە خێرا نەخشەو بەر نامە یان داڕشت و زمانی ھندی گەورەیان کە ھەمووی فارسی بوو لە ماوەی چەند دەیە بە ئینگلیزی وەرگێڕاوە. زمانی فارسی خواڕزم (ئاسیای نێوەڕاست) لە مرو شاھیجان و سەمەرقەند و بۆخارا ھەتا خێوە مەزاری پوریای ولی لە بەرچاونەگرت و پاش دابەشکردن لێکتر، لە جیاتی وی زمانی ئالتایی یان بە سەردا سەپاندن. بۆ زمانی فارسی تاجیکستان لە جیاتی خەتی فارسی لە برەو، خەتی لاتینیان جەعل کرد. خەتی ئیسلامی فارسی سەرانسەری خوارزمیش بە لاتین وەرگێڕدراوە.

لە قەفقازیش کە ھەتا سەردەمی ئینقلابی بلشویکی فارسی لە برەوبوو، و تالبوف نووسەری گەورە و دەنگینی ئەو سەرزەمین سەرجەمی کتێبەکانی خۆی بە فارسی دەنووسی، خەت و زمانی خاقانی شروانییەکان و نیزامی گەنجەوییەکانیان لە ناوبرد و تورکی و زمانەکانی ناوچەییان برەو پێدان و خەتی ئیسلامیان بە لاتین وەرگێڕانەوە. ھەروا خەت و زمانی فارسی لە تورکیا کە ھەتا ھاتنی ئاتاتورک ئامێری خویندنەوە و نووسین بوو لە ناوبرد و لە شوێنی وی ئەو تورکی و خەتی لاتینیان جێگرکرد.

بەمجۆرە خەت و زمانی فارسی کە بەشێکی ھەراو لە ئاسیای یەکییەتی دەبەخشی، و خەتی وی کە خەتی دونیای ئیسلام و قورئان بوو لە برەو خستن و پەیوەندی موسڵمانانیان لە یەکتر بڕی و بەرامبەری ڕەوشی سیاسی بۆ خۆداسەپاندن (تەفرەقە باوێژەوحکوومەت بکە) بەرنامەو نەخشەی خۆیان بەرێوەبردو بەئامانجیان گەیاند.

زمانی فارسی زمانێکی دەوڵەمەندە و سوودی زۆری لە زمانی عەرەبی وەرگرتووە. ئەمڕۆ ١٤٪ وشەکانی زمانی فارسیی ئێستا لە زمانی عەرەبی وەرگیراوە.[١٨] ئەم ژمارە لە بواری سیاسی و دقەکانی ئەدەبی ٢٤ ھەتا ٤٠ دەرسەدە.[١٨] بەڵام فارسیزمانان تەلەفوز، ناوەرۆک و شێوازی بەکارھێنانی ئەو وشە عەرەبیانەیان گۆریوە.

ھاوچەرخ[دەستکاری]

بزووتنەوەی مەشروتھ و پەرەپێ دانی ڕۆژنامە نوسی لە ئێرانداو ڕاگەیاندنی ڕووداوەکانی کۆمەڵایەتی- سیاسی لە شیعردا، بوو بەھۆی سەرنج ڕاکێشانی خەڵکی بەرەو لای خۆیو بیری نوێ خوازی لە نێو خەڵکا پەرەی سەند و ئەوەش بوو بەھۆی ئەوەی کە (موخاتەبی شیعر) لە باتی ھەندێک ببێ بە میللەتێک.[١٩]

نیما یووشیج بناخەی شێعری نیمایی دانا.

لە دەورەی مەشروتییەتدا دامەزراندنی چاپەمەنییەکان، بڵاوکردنەی ئەندێشەی ئازادی خوازی و دامەزراندنی دارالفنون و وشیار بوونەوە ی خەڵکی بەھۆی کتێب و ڕۆژنامەکان و… بوو بەھۆی دانانی بناغەی نێھزەتی مەشروتییەت کە گۆڕانکاری کانی شیعری نوێی فارسی لەوێ سەرچاوە دەگرێ. لە ئاوا بارودۆخێکدا، شیعری فارسی ڕێگایەکی تازەی دۆزییەوە و وتارو ناوەڕکی تازەی سیاسی – کۆمەڵایەتی و ئینتقادی ڕەنگ و بۆنێکی تازەی پێ بەخشیھەروەھا نزیک بوونەوەی لە زمانی وتاری.

لە یەکەمین کارگەلی شیعری مەشروتیتدا (یا ێز شمع مردە یادێر) عەلی ئەکبەری دێھخودا بوو کە لە باری قافیە دانان و بەیاندا، تازە بووە بە بڕوای ھەندێ نوقتەی ئاڵا و گۆری شیعری ئەو ڕۆیە. لە دوای ئەو (بەھار) (لاھوتی) و … دەستیان کرد بە دانانی دوو بەیتی پەیوەستە یان (چوارپارە) کە لە ڕاستیدا بەرزەخی شیعری عەروزی و شیعری نوێی فارسەکانە.

قاڵبی غەزەل کە لە شیعری کۆنی ئێراندا قاڵبیِکی ئەویندارانە بە زمانێکی نەرم و نیان بوو، لە دەورانی مەشروتییەتدا دەبێتە قاڵبێک بۆ ڕاگەیاندنی شۆڕشی- نیشتمانی و لە باری ناوەڕۆکیشەوە توندو تیژە. غەزەڵی ئەو سەردەمە (غەزەڵی ئازادی) بوو کە دەتوانین ئاماژە بە غەزەڵەکانی (عارف قزوینی)، (بھار) و (دھخدا) بکەین. دیکەی گۆڕانکاری غەزەڵ دەتوانین لە شیعرەکانی (ئەخەوان سالیس)، (فروغ فەرخزاد)، (فریدون مشیری) و … وەکو (غەزەلوارە) و (غەزەڵی نوێ یان تەسویری) لەبەر چاو بگرین.

(نیما یوشیج) ھەرچەند کە باوکی شیعری نوێی فارسی ناسراوە بەڵام چەند ساڵ پێش لە نیما (ئەواخری قەرنی ١٣) ھەندێ کەس لەژێر کاریگەری شۆرشی ئەدەبی ئەوروپا-تورکییە دەستیان کرد بە نووسینی شیعری ئازاد. کە لەوانە دەتوانین لە (تقی ڕفعت) بەر پرسی ڕۆژنامەی ئازادیستانی تەبرێز و پەیرەوەکانی وەکوو (شەمس کەسمایی) و (جەعفر خامنەی) ناو بەرین کە بیرو ڕایان گۆڕانکاری و تەکامولی ئەدەبی بوو.

نیما وەزنی شیعری لاپەسەندەو درێژی مسرەعەکانی کورت و درێژ کرد و قافیەکانی لەروی نیازەوە بەکار ھێنا. بەم جۆرە (نیما) بناغەی (شیعری نیمایی) دانا.

بەرە بەرە لە پاش ئەوە فۆڕمێکی دیکەی شیعر پەیدا بوو کە وەزن و کێشەی شیعریشی نەبوو. بناغەی ئەم شیعرە زیتر پەیام و ئیماژە، و پێناسەی ئەم کارە دەکەن بەوەی کە شیعری سپی شیعرێکە کە لە ھەموو جۆرە زەرق و بەرقی شیعری یەوە بەدوورەو شیعرێکی ساکارو سپی یە و شیعرێکی پڕ لە حەشوت و پەرت و پەڵا نی یە بە ڵکو شیعرێکی پڕو تەواوە بە جۆرێ کە ئەگەر بەشێکی شیعرەکە بسڕیتەوە ئیدی مانای شیعری دەفەوتێ و ھیچی بۆ نامێنێتەوە و کەس تێ ناگا. ئەم شیعرە لە ئێرانەوە بە ناوی (ئەحمەدی شاملو) ناسراوەو لە گورەکانی ئەم جۆرە شیعرەیە.

لە بارودۆخی گۆڕانکاری شیعری ئەو سەردەمە و ھەنگاو ھەڵگرتنی بەرەو ساکاری و شێوازێکی زوو دەس ھێنان و (سھلالوصولی) بە جرۆرێکی شیعری ئاژاوەی شیعری دەگەین کە داھێنانی بە بێ بار ھێنانە و لەم ڕێگەیەدا ئیدی بە تەنیا لە وەزن، مۆسیقا، قافیە و قاڵبە پێشووەکان بە دوورە بەڵکو لە باری پەیام و ئیماژیشەوە زۆر لاوازو بێ مانایە. ئەم فۆڕمە پچرانە شیعرییە بە نێوی (شەپۆلی نوێ) ناسا کە ئاکامێمی نەبوو و زیاتر بارو دۆخی ڕۆحی-کۆمەڵایەتی جەوانان بوو لەگەڵ نا ئاشنا بوونیان بە (ڕەسەنایەتی) و (ڕیسالەتی) شیعر و ئەدەب.

ئەمڕۆ لە ئەدەبی فارسیدا شەپۆلێکی تازەگەری لە غەزەلدا زۆر بەرچاوە. سیمین بێھبەھانی و قەزوە و قەیسەر ئەمینپوور و بەھمەنی و… غەزەل بە شێوەیەکی تازە و ئەوڕۆیی دەنووسنەوە.

پەخشان[دەستکاری]

یەکەم پەخشانی فارسی پاش ھاتنی ئیسلام لەنێوان ساڵانی (٣٤٩–٣٥١ک. ز) نووسراوە، کە پێشەکی کتێبی شاھنامەی فردەوسییەو. یەکەمین تەرجەمە، کە مێژووی تەبەرییە لە عەرەبییەوە وەرگێڕاوە بۆ زمانی فارسی.

یەکەم ڕۆژنامەی فارسی لە ساڵی ١٨٣٧دا چاپو بڵاو کراوە.

بەرھەمەکانی حاجی زین العابدینی مەراغەیی و سیاحەتنامەی ئیبراھیم بەگ و شاکاری نووسەرانی دی بەرەگ و ڕیشەی قووڵی ڕیالیزمی خۆیان و بەزمانێکی تۆکمەو پتەویان بوونە بەردی بناغە بۆ سەرھەڵدانی فۆرمی ھونەریی چیرۆک لە ئەدەبیاتی فارسیدا. لە ساڵی ١٩٢٥ دا چیرۆکەکانی موحەممد عەلی جەمالزادھ «ھەبوو نەبوو» و «حاجی ئاغا»ی صادق ھدایت بوونە بەردی بناغە بۆ چیرۆکی ھونەریی فارسی. بە بڵاوبوونەوەی کۆمەڵە چیرۆکی «یەکێ بوو … یەکێ نەبوو» گۆڕانێکی بنچینەیی لە زمان و فۆرمی ھونەری چیرۆکی فارسیدا ھەستی پێدەکرێ بەتایبەتی کە لە ھەندەران لە ڕۆژنامەی (کاوە) لە بەرلین ئاشنایی چیرۆکی ڕۆژاوایی ببوو کەڵکی لە زمانی گفتوگۆی ڕۆژانەی خەڵک وەرگرتووەو پاڵەوانەکانی سادەو بێگرێ و گۆڵ دەدوێن ئەو داھێنانەی جمالزادە کۆمەڵێ نووسەری بە دوای خۆیدا کێش کرد (صادق ھدایت)یش وەکو پێشەنگی دەستەی یەکەمی چیرۆکی فارسی بەرھەمەکانی خۆی بۆ دژایەتی دەستەڵاتی سیاسی بەکاردەھێناو زمان و پاڵەوان و بابەتی چیرۆک و نۆڤڵێتەکانی ڕەنگدانەوەی ئازارو ژان و مەینەتییەکانی چینی ھەژاری میللەتەکەی بوو لەھەمان کاتدا بەشێک لە بەرھەمەکانیش بۆ زیندووکردنەوەو شانازی بە مێژووی نەتەوەیی خۆیەوە تەرخان کردووەو بە قووڵایی مێژوودا ڕۆدەچێت و دەیکاتە بەرھەمێکی ھونەریی سەردەم.[٢٠]

پەخشاننووسی فارس سادق ھیدایەت (١٩٠٣ _ ١٩٥١) لە ١٩٣٦ ڕومانی (کوندەپەپووی کوێر) بڵاو دەکاتەوە. چیرۆکی ھونەریی فارسی بە ڕای ڕەخنەگرانی فارس و غەیرە فارس، بە سادق ھیدایەت دەستپێ دەکات و ئەو بە باوکی پەخشانی فارسی ناسراوە. کە ڕۆژییە لیسکۆ کوندەپەپووی کوێری کرد بە فەرەنسایی، ئیدی ھیدایەت ناوبانگی پەیدا کرد، دواتر (ژیلیز لازار)یش (حاجی ئاغا)ی تەرجەمەی ھەمان زمان کرد و ئیدی ئیشەکانی بۆ ئینگلیزی و ئەڵمانیاییش وەرگێڕدران.[٢١]

پیشانگای کتێبی تاران بە خەڵاتە زۆرو زەبەنە تایبەتیو دەوڵەتییەکەیەوە شوێنی نواندنی ئەدەبی چیرۆکی ئێرانە.[٢٢]

زمانی فارسی لە کوردستان[دەستکاری]

ھەتا ڕاپەڕینەکانی شێخ مەحموود و دروستبوونی دەوڵەتی عێراق زمانی فارسی لە کوردستاندا ھەر زمانی خوێندن و نووسین بووە.[٢٣] ڕەشید یاسەمی لە کتێبی (کورد و پەیوەستەگییێ نەژادیێ ئو) دەنووسێ کە لە ژیانی مامەڵاتی و سیاسی کوردانی سلێمانی زمانی فارسی بە کار دەھێنرا و ھەتا ساڵی ١٩٢١ی زایینی خوێندی قوتابخانەکانی ئەم شارە بە زمانی فارسی بووە و شوینەواری سەعدی، حافز، جامی، عەتار، و شێخ بەھاییان دەخوێند.[٢٤][٢٥][٢٦] لەو سەردەمدا شاعیران و نووسەرانی بەناوبانگی کورد وەکوو ئەدەب میسحاب، شێخ ڕەزا تاڵەبانی و ئەحمەد موختار جاف لەگەڵ کوردی بە فارسیش شێعریان ھوندووە.[٢٧] ئەدەبی فارسی لەسەر بەرھەمی ئەدیبە کوردەکان وەک نالی، مستەفا بێسارانی و مەولەوی تاوەگۆزی کاریگەری بەرچاوی ھەبووە.[٢٨]

لە سەردەمی ھاوچەرخ عەبدوڕەحمانی شەرەفکەندی (ھەژار)، کتێبی «یاسا لە پزیشکی» بەرھەمی ئیبن سینا وەرگێڕایە سەر فارسی.[٢٩] دوابەدوای بڵاو بوونەوەی ئەم بەرھەمە، نێوی ھەژار لە ناوەندەکانی ئەدەبی و زانستیدا کەوتە سەر زاران و بوو بە ئەندامی فەرھەنگستانی زمانی فارسی.[٣٠] ھەژار چوارینەکانی خەیامی نەیشابووریشی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە.

محەممەد قازی، خەڵکی مەھاباد، بە وەرگێڕانی زیاتر لە حەفتا بەرھەمی ئەدەبی و مێژوویی لە نووسەرانی ناوازەی جیھانی بۆ سەر زمانی فارسی، خزمەتێکی بە زمان و ئەدەبی فارسی کرد. ئیبراھیم یوونسی خەڵکی بانە ٨١ کتێبی وەرگێراوەتە سەر زمانی فارسی.[٣١]

لە ھەرێمی کوردستاندا لە شەڕی ناوخۆیی ساڵی ١٩٧٤دا شەپۆلێکی بەرفراوان لە پەنابەرانی کوردی عێراقی چوونە ناو ئێرانەوە و لەگەڵ چاندی ئێرانی تا ڕادەیەک ئاشنا بوون. لە ئەنجامدا ئێستا وێژەی فارسیزانانی کوردستانی عێراق بە زیاتر لە دەھەزار کەس دەخەمڵێنرێت.[٢٨] و ئەمروو قسەکردن بە زمانی فارسی لە دەڤەری سۆران بەتایبەتی لە فەرمانگە و دامەزراوەکانی ئەو شارە بڕەوی ھەیە.[٣٢]

لە زانکۆی سەلاحەدین لە ھەولێر، بەشی زمانی فارسی لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ھەتا ئێستا زمان و ئەدەبی فارسی لێ دەوترێتەوە.[٣٣]

کوردەکان لە تورکیا لە ناو خەبات بۆ لە ناو بەردنی داسەپاندنی سیاسەتی دژی ئێرانی تورکیای ئاتاتوورکی، زمان و وێژەی کوردی و زمان و وێژەی فارسییان لە بەرامبەری ئەم سیاسەتە دادەنا… ئەم ڕەوشەی فەرھەنگ مرۆڤانی کورد سەبارەت بە ئەدەبی فارسی بەردەوام بوو.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ (لەحاڵێکدا زمانی کوردی لە زمانەکانی باشووری ڕۆژاوایە)
  2. ^ دەستووری ئێران.
  3. ^ دەستووری تاجیکستان ٢٥ی ئایاری ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە..
  4. ^ دەستووری ئەفغانستان ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  5. ^ afghan-network.net ١٠ی ئازاری ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  6. ^ afghan-web.com
  7. ^ nationsonline.org
  8. ^ http://www.soas.ac.uk/nme/languages/languages-of-the-near-middle-east-at-soas-persian.html ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  9. ^ Rutgers, The State University of New Jersey، زانستگای نیوجیرزی
  10. ^ tajikistan.orexca.com
  11. ^ Omniglot - the online encyclopaedia of writing systems and languages
  12. ^ سایتی ڕەسمی کومەڵایەتی تاجیکیستان ٣٠ی نیسانی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  13. ^ Iran ٣ی شوباتی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., 36 M (51%) – 46 M (65%) Loc.gov, Afghanistan ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., 16.369 M (50%), Tajikistan ٣١ی ئازاری ٢٠٠١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., 5.770 M (80%), Uzbekistan ٩ی تەممووزی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., 1.2 M (4.4%)
  14. ^ ئ ا Marx-Engels Correspondence 1853. Source: MECW Volume 39, p. 335; First published: in full in MEGA, Berlin, 1929.
  15. ^ http://www.etymonline.com/index.php?term=Persian
  16. ^ ئ ا نازدار، حەسەن: خەیام عارفێكى بادەنۆش[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]. ە: گوفاری حەلەبجە. ئوکتوبر ۲۰۱۱.
  17. ^ زمانناسی: زمان ئه‌و خولقێنراوه‌ی هه‌میشه له به‌ره‌وپێشچووندایه ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ئیدریس عه‌بدوڵڵا- زانكۆی سه‌لاحه‌دین
  18. ^ ئ ا John R. Perry, "Lexical Areas and Semantic Fields of Arabic" in Éva Ágnes Csató, Eva Agnes Csato, Bo Isaksson, Carina Jahani, Linguistic convergence and areal diffusion: case studies from Iranian, Semitic and Turkic,Routledge, 2005.
  19. ^ ساعێدی، حه‌مید، میژووی قاڵبی نوێ یان ئازاد له‌شیعری كوردی، فارسی، عه‌ره‌بیدا. گوفاری کۆچ. ئوکتوبر ۲۰۱۱.
  20. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 21ی Januaryی 2012. Retrieved 31ی Octoberی 2011. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archivedate= (help) ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  21. ^ حه‌سه‌ن، حه‌مه‌سه‌عید، مه‌رگ بانگمان ده‌کات ٧ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، له: گولان میدیا. ۱۱/۱۲/۲۰۱۰.
  22. ^ ئه ده بی چیرۆكی ئیران له ساڵی ڕابردوودا[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]. ۳۱/۱/۱۳۹۰
  23. ^ پ .ی. سەلام ناوخۆش :دەسەڵاتی کوردی خۆی نایەوێت زمانی یەکگرتوو دروست بێت ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ئوکتوبر ۲۰۱۱.
  24. ^ ڕەشید یاسمی. کرد و پیوستگی نژادی و تاریخی او
  25. ^ ساعێدی، حەمید، میژووی قاڵبی نوێ یان ئازاد لە شیعری كوردی، فارسی، عەرەبیدا. گوفاری کۆچ. ئوکتوبر ۲۰۱۱
  26. ^ The Encyclopaedia of Islam.vol lv
  27. ^ انصاف‌پور، غلامرضا، تاریخ سیاسی و جغرافیایی مردم كرد (از شرقی‌ترین تا غربی‌ترین)، نشر ارمغان: ۱۳۸۶. (غولامڕەزا ئینساف پوور: مێژوویی سیاسی و جوغرافیایی خەلکی کورد، وەرگێڕی کوردی: حامید ڕەشیدی زەرزا)
  28. ^ ئ ا کوردستان دەروازەیەکی گەورە بە ڕووی ئێراندا، ئوکتوبر ۲۰۱۱.
  29. ^ شەرەفکەندی، عەبدوڕەحمان، ھەنبانە بۆرینە، تاران، چاپەمەنی سرووش، ٢٠٠٩، ISBN 978-964-376-516-3
  30. ^ ساڵیادی کۆچی دوایی نەمر مامۆستا عەبدوڕەحمانی شەرەفکەندی (مامۆستا ھەژار) ١٧ی ئازاری ٢٠١١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. ئەگەر چی مامۆستا ھەژار وەرگێرانی ئەم پەرتووکە بۆ سەر زمانیێکی بێگانە چاری ناچار و بۆ پەیداکردنی نانی ڕۆژانەی خۆی دەزانێ و لەم کارە بە بێگاری ناو دەبا: ھەنبانە بۆرینە، ل ٢٨ و ٢٩
  31. ^ محەممەدزادە، خالید، ئیبراھیم یوونسی: من بە زمانی فارسی خزمەتی ئەدەبیاتی کوردیم کردووە. ۲۰۰۶. ۰۵. ۲۵
  32. ^ ڕووبەر: باڵەکی، دڵشاد: زمانی فارسی لە داموودەزگاکانی سۆران دەبێتە واقیع ١٦ی ئابی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە..
  33. ^ مەھدی خۆشناو بەرپرسی بەشی فارسی زانکۆی حکوومی سەلاحەدین دەڵێت: کوردەکان لەگەڵ ئەوەدا کە تێبینی سیاسی و کۆمھڵایەتی و کلتووریی خۆیان ھەیە، بەردەوام حەز دەکەن زمانی فارسی فێر بن: کوردستان دەروازەیەکی گەورە بە ڕووی ئێراندا، ئوکتوبر ۲۰۱۱.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

ویکیپیدیا
ویکیپیدیا
ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد بە زمانی فارسی