حەمدوڵڵا موستەوفی
| حەمدوڵڵا موستەوفی | |
|---|---|
| لەدایکبوون | ١ی کانوونی دووەمی ١٢٨١ قەزوین، ئێران |
| مردن | ١ی کانوونی دووەمی ١٣٣٩ (٥٨ ساڵ ژیاوە) قەزوین، ئێران |
| شوێنی ناشتن | Hamdallah Mustawfi Mausoleum |
| خوشک و برا | Q56367133 |
| منداڵ | Zeynaddin Qazvini |
| زمانەکانی ئاخاوتن | زمانی فارسی |
| پیشە | geographer، شاعیر، مێژووناس، نووسەر، Inspecteur général des finances |
| پۆستەکان | Mustawfi |
| ئایین | ئیسلام |
| شاکارەکان | Tarikh-i guzida، Zafar-Nameh |
| دۆخی مافەکانی لەبەرگرتنەوە | مافەکانی لەبەرگرتنەوە بەسەرچوون |
حەمدوڵڵا موستەوفی (١٢٨١ – ١٣٤٩ زایینی، بە فارسی: حمداللە مستوفى) مێژووزان، جوگرافیزان و شاعیری پاڵەوانی ئێرانییە. موستەوفی نووسەری پەرتووکی نوزھەتول قلووب، زەفەرنامە و مێژووی بژێردراوە. لە دوای کۆچی دوایی ئەو لە ساڵی ١٣٤٩ی زایینی، لە قەزوین نێژرا.
ژیاننامە
[دەستکاری]
مستەوفی لە ساڵی ١٢٨١ لە شارۆچکەی قەزوین لەدایکبووە، کە دەکەوێتە عێراقی عەجەم (Irāq-i Ajam)، ناوچەیەک کە لەگەڵ بەشی ڕۆژاوای ئێران یەک دەگرێتەوە. بنەماڵەکەی لەو عەرەبانە بوون کە لە سەدەکانی ٩ و ١٠دا فەرمانڕەواییی شارەکەیان بەدەستەوە بووە، دواتر لە کاتی دەرکەوتنی غەزنەوییەکان وەک «مستەوفییەکان» (ژمێریارە دارایییە پلەبەرزەکان) کاریان کردووە.[١] باپیرە گەورەی مستەوفی، ئەمینەددین نەسر، وەک مستەوفیی عێراق کاری کردووە، کە لەو کاتەوە بووەتە نازناوی بنەماڵەکە.[١][٢] ئەمینەددین نەسر لە کاتی خانەنشینبوونیدا، لە ساڵی ١٢٢٠ لەلایەن مەغۆلە ھێرشبەرەکانەوە دوای تاڵانکردنی قەزوین، لە کاتی ھێرشی مەغۆلەکان بۆ سەر ئێران کوژرا.[١]
سەرباری ئەوەش، بنەماڵەی مستەوفی ھێشتا خزمەتێکی زۆری مەغۆلەکانیان دەکرد و تەنانەت لەو ماوەیەدا ناوبانگێکی زیاتریان بەدەستھێنا؛ ئامۆزا گەورەکەی فەخرەددین مستەوفی بۆ ماوەیەکی کورت وەک وەزیری ئیلخانی کاری کردووە، لە کاتێکدا برایەکەی، زەینەددین، یاریدەدەری وەزیر و مێژوونووسی بەناوبانگ ڕەشیدەددین ھەمەدانی بوو.[١][٢] بەم شێوەیە بنەماڵەی مستەوفی لەنێو ئەو زۆرە بنەماڵانەی عێراقی عەجەمدا بوون کە لە سەردەمی مەغۆلەکاندا گەیشتنە پلە و پایە. زۆری نەخایاند ڕکابەری لە نێوان عێراقییە عەجەمەکان و خۆراسانییە جێگیربووەکاندا سەری ھەڵدا، بەتایبەتی لە نێوان مستەوفییەکان و بنەماڵەی جوەینی، ئەمەش لە بەرھەمەکانی مستەوفیدا دیارە، کە لە ھەندێک حاڵەتدا ناوی جوەینییەکان پشتگوێ خراوە.[٣][٤] مستەوفی شوێنپێی بنەماڵەکەی کەوت، لە ساڵی ١٣١١ وەک ژمێریاری دارایی زێدی خۆی قەزوین، ھەروەھا ناوچە دراوسێکانی دیکەی وەک ئەبھەر، زەنگان و تارومەین دەستنیشانکرا.[١][٢]

لەلایەن ڕەشیدەددینەوە بۆ ئەم پایەیە دەستنیشانکرابوو، کە وای لێکرد حەزی بۆ مێژوو دروست ببێت، ئەمەش وای لێکرد لە ساڵی ١٣٢٠ دەست بکات بە نووسینی «زەفەرنامە» («پەرتووکی سەرکەوتن») وەک درێژەپێدەری «شانامە»ی («پەرتووکی پاشاکان») فێردۆسی.[١][٢] لە ساڵی ١٣٣٤دا کارەکەی تەواو کرد، کە لە ٧٥،٠٠٠ دێر پێکھاتبوو، و مێژووی سەردەمی ئیسلامی تا سەردەمی ئیلخانییەکانی ڕای گەیاند.[١][٢] پێش ئەوەش، مێژوویەکی ھاوشێوەی نووسیبوو؛ «مێژووی گوزیدە» («مێژووی ھەڵبژێردراو») لە ساڵی ١٣٣٠دا کە یەکەمین بەرھەمی بوو.[١][٢] مێژووەکە، کە بۆ غەیاسەددین محەممەدی کوڕی ڕەشیدەددین ئامادەکرابوو، مێژوویەکی جیھانی بوو، کە باس لە ڕووداوەکانی پێغەمبەران، پاشاکانی پێش ئیسلامی ئێران و جیھانی ئیسلامی دەکرد.[١] ھیچ شتێک دەربارەی ژیانی مستەوفی لە کۆتاییی سەردەمی ئیلخانییەکاندا نازانرێت، تەنھا ئەوە نەبێت کە لە نێوان تەورێز و بەغدا گەشتی کردووە.[١]
لە ھاوینی ١٣٣٩دا، مستەوفی لە ساوە بوو، بۆ حاجی شەمسەددین زەکەریا، زاوای غەیاسەددین محەممەد کاری دەکرد، کە وەزیری فەرمانڕەوای سوڵتاننشینی جەلایەری حەسەن بوزورگ (نزیکەی١٣٣٦–١٣٥٦) بوو. لەوێ ھەوڵیدا یارمەتی بەڕێوەبردنی «دیوان» بدات، بەڵام زۆری نەخایاند خۆی بە بێکار بینییەوە دوای پاشەکشەی حەسەن بوزورگ بۆ بەغدا بەھۆی شکستی لەلایەن شازادەی چۆبانی حەسەن کوچەک. مستەوفی دوودڵ بوو لەوەی بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی قەزوین یان ڕابکات بۆ باشووری ئێرانی زۆر پارێزراوتر.[١] لە کۆتاییدا بڕیاریدا بەرەو شاری شیراز لە باشووری ئێران بڕوات بۆ گەڕان بەدوای بەختێکی باشتردا، بەڵام بەھۆی ئەو پێشوازییەی لە دادگای فەرمانڕەوای ئینجوویی ئەمیر مەسعوود شا (نزیکەی: ١٣٣٨–١٣٤٢) لێی کرا، بێ ئومێد بوو.[١]
سەرباری ئەوەش، بۆ ماوەی دە مانگی دیکە لەوێ مایەوە، تاوەکو بڕیاریدا ئەوێ بەجێبھێڵێت بەھۆی ئەو پشێوییەی کە لە کاتی ململانێی بنەماڵەی ئینجوویی بۆ سەر تەخت دروست بوو.[١] گەڕایەوە بۆ باکوور، لەوێ لە ئاوا، ساوە، کاشان و ئەسفەھان پێشوازییەکی باشی لێکرا، دواجار لە کۆتاییی ١٣٤٠دا گەڕایەوە قەزوین. لە چەندین ھۆنراوەیدا ئاماژە بەو ئاڵۆزییانە دەکات کە لەم ماوەیەدا پێیدا تێپەڕیوە، ھەروەھا تووشی نەخۆشی (یان لەوانەیە بێزاری) بووە، تا ئەو کاتەی دوای بەدەستھێنانی ھاوسۆزیی لەلایەن سەرپەرشتیارێکی نەناسراوەوە، کە ڕەنگە حەسەن بوزورگ بێت، چاک بووەوە. لە دەوروبەری ئەم کاتەدا بوو کە مستەوفی بەرھەمە گەردوونناسی و جوگرافییەکەی «خۆشیی دڵەکان»ی تەواو کرد.[١][٢] لە کاتێکی دوای ١٣٣٩/٤٠ لە قەزوین کۆچی دوایی کردووە،[٢][٣] لەوێ لە مەزارگەیەکی قوبەیی شێوەدا بە خاک سپێردرا.[١]
بیروباوەڕەکان
[دەستکاری]وەک باس دەکرێت حەمدوڵڵا «شیعەیەکی قەناعەتپێکراو» بووە و بەڵگەی زۆریش ھەن کە پشتگیری لەم ئیدیعایە دەکەن، وەک ڕاپۆرتە وردەکەی لەسەر مێژووی دوازدە ئیمام لە «مێژووی گوزیدە»دا، و گەڕەکە شیعەنشینەکانی ئێران لە «نوزھەتولقوولوب»دا. بەڵام حەزی لەو شیعانە نەبووە وەک سەعدەددین ساوجی، کە بە «ڕافزی» ناوی دەبات، ھەروەھا ئەمیری شیعە، حاجی ئەلدیلقەندی، کە سەرکۆنەی کردووە بەھۆی لابردنی ناوی سێ خەلیفەی یەکەم لە وتارەکەدا. ئێرانناس چارڵز پ. مێلڤیل پێشنیاری ئەوە دەکات کە لەوانەیە حەمدوڵڵا لە ڕاستیدا سوننەیەکی شافعی بووبێت، کە لەو کاتەدا مەزھەبی باڵاوە بوو لە قەزوین، ھەروەھا مەزھەبی ڕەشیدەددین ھەمەدانیش بووە.[١]