بۆ ناوەڕۆک بازبدە

مەسیحی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
خاچ پەرستە ناودارەکان.

کریستیان یان مەسیحی یان فەلە یان گاور (بە ئینگلیزی: Christian، بە عەرەبی: مسیحی)، کەسێکە کە باوەڕی بە ئایینی مەسیحییەت ھەیە و پەیڕەوی دەکات. یاخود کەسێکە کە شوێنکەوتووی یەشوا (عیسا)ە و گوێ دەدات و کار دەکات بە بەرنامەکانی.

مەسیحییەت، ئایینێکە کە لەلایەن مەسیحییەکانەوە پەیڕەو دەکرێت، بە یەکێک لە ئایینە ئیبراھیمییەکان دادەنرێت و تێیدا عیسای مەسیح کەسایەتیی سەرەکی و دامەزرێنەرییەتی. مەسیحییەت بە پەیڕەوکراوترین ئایینی جیھان دادەنرێت و ئیسلام بە دوایدا دێت، ژمارەی پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی دەگاتە نزیکەی ٢٫٤ ملیار مەسیحی، کە دەکاتە نزیکەی سێیەکی دانیشتووانی زەوی. ڕەگەکانی مەسیحییەت دەگەڕێتەوە بۆ جوولەکە، کە لەگەڵیدا ھاوبەشە لە باوەڕبوون بە کتێبە پیرۆزەکەی جوولەکە (تەورات، کە لە مەسیحییەتدا پێی دەوترێت پەیمانی کۆن). پەیمانی کۆن بەشی یەکەمی کتێبی پیرۆز پێکدەھێنێت لای مەسیحییەکان، لەکاتێکدا پەیمانی نوێ بەشی دووەم پێکدەھێنێت. پەیمانی نوێ بریتییە لە کۆمەڵێک فێرکاری کە عیسای مەسیح ھێناوییەتی و لەنێو پەیڕەوانیدا بڵاوی کردووەتەوە، پاشان (دوازدە نێردراوەکەی مەسیح) و قوتابییەکانی مەسیح ھەستان بە نووسینەوە و بڵاوکردنەوەی ئەم فێرکارییانە لە ھەموو شوێنێک.

مەسیحییەکان لە ڕووی خواناسییەوە و جوگرافییەوە ھەمەچەشنن. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ناوەندی پیوو بۆ توێژینەوە لە ساڵی ٢٠١٢، دەرکەوتووە کە نیوەی مەسیحییەکان کاسۆلیکن، لەکاتێکدا پرۆتستانتەکان ڕێژەی ٣٧٪ پێکدەھێنن، و پەیڕەوانی کەنیسە ئۆرتۆدۆکسییەکان ڕێژەیان ١٢٪ە. «مەسیحییەکانی تر»، وەک «مۆرمۆنەکان» و «شایەتحاڵەکانی یەھوە» ڕێژەی ١٪ی کۆی مەسیحییەکان پێکدەھێنن. لە ڕووی جوگرافییەوە، مەسیحییەکان بە شێوەیەکی یەکسان لە سەرانسەری جیھاندا دابەشبوون، و لە ھەموو ناوچەکانی جیھاندا بوونیان ھەیە. نزیکەی ٢٥٫٧٪ی مەسیحییەکانی جیھان لە کیشوەری ئەورووپادا دەژین، کە گەورەترین کۆبوونەوەی مەسیحی لەسەر ئاستی جیھان لەخۆدەگرێت، لەکاتێکدا ٢٤٫٤٪ی مەسیحییەکانی جیھان لە ئەمریکای لاتین دەژین، و ٢٣٫٣٪ لە کیشوەری ئەفریقادا بوونیان ھەیە، و ١٣٫٢٪ لە ئاسیادا نیشتەجێن، و ١٢٫٣٪ی مەسیحییەکانی جیھان لە ئەمریکای باکوور نیشتەجێن، و لە ئۆقیانووسیادا ١٫١٩٪ی مەسیحییەکانی جیھان نیشتەجێن. مەسیحییەکان زۆرینەی دانیشتووان پێکدەھێنن لە ھەردوو ئەمریکا و ئەورووپا، کە بە کردەوە بەشێکن لە جیھانی مەسیحی، سەرەڕای ئۆقیانووسیا و ئەفریقای باشووری بیابان.

بە درێژایی سەدەکان، پیاوانی ئایینی و عەلمانییە مەسیحییەکان بە ھەمان شێوە بەشداریی گەورەیان لە پەرەپێدانی شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا کردووە. ھەروەھا، باس لەوە دەکرێت کە سەدان مەسیحیی دیار ھەن کە لە ڕێگەی پێشخستن و پەرەپێدانی زانست، تەکنەلۆژیا، پزیشکی، ھونەر، مۆسیقا، ئەدەب، شانۆ، فەلسەفە، تەلارسازی، ئابووری و سیاسەتەوە بەشدارییان لە شارستانییەتی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی ڕۆژاوادا کردووە. لە پێڕستی سەد کەسایەتیی کاریگەرترین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە کتێبی «الخالدون المئة» (سەد نەمرەکە)، ٧٥ کەسایەتیی مەسیحی لە بوارە جیاجیاکاندا باسکراون. ھەروەھا کتێبی «یادی ١٠٠ ساڵەی خەڵاتی نۆبڵ» ئاماژەی بەوە کردووە کە نزیکەی (٦٥٫٤٪)ی وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵ لە نێوان ساڵانی ١٩٠١–٢٠٠٠ مەسیحی بوون.[١][٢][٣][٤][٥][٦][٧]

زۆرترین ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان

[دەستکاری]

ڕێژە زیاتر لە ٢٫٤ بلیۆن

 یەکێتیی ئەورووپا ‏ ٣٧٣٬٦٥٦٬٠٠٠
ئەمریکای باکوور ‏ ٣٠٠٬٧٩٠٬٠٠٠
 بەڕازیل ‏ ١٧٥٬٧٧٠٬٠٠٠
 مەکسیک ‏ ١٠٧٬٧٨٠٬٠٠٠
 ڕووسیا ‏ ١٠٥٬٢٢٠٬٠٠٠
 فلیپین ‏ ٨٦٬٧٩٠٬٠٠٠
 نێجیریا ‏ ٨٠٬٥١٠٬٠٠٠
 چین ‏ ٦٧٬٠٧٠٬٠٠٠
 کۆماری کۆنگۆ ‏ ٦٣٬١٥٠٬٠٠٠
 ئەڵمانیا ‏ ٥٨٬٢٤٠٬٠٠٠
 ئیتیۆپیا ‏ ٥٢٬٥٨٠٬٠٠٠
 ئیتاڵیا ‏ ٥١٬٥٥٠٬٠٠٠
 شانشینی یەکگرتوو ‏ ٤٥٬٠٣٠٬٠٠٠
کۆلۆمبیا ‏ ٤٢٬٨١٠٬٠٠٠
 ئەفریقای باشوور ‏ ٤٠٬٥٦٠٬٠٠٠
 فەڕەنسا ‏ ٣٩٬٥٦٠٬٠٠٠
 ئوکراینا ‏ ٣٨٬٠٨٠٬٠٠٠
 ئیسپانیا ‏ ٣٦٬٢٤٠٬٠٠٠
 پۆڵەندا ‏ ٣٦٬٠٩٠٬٠٠٠
 ئەرژەنتین ‏ ٣٤٬٤٢٠٬٠٠٠

 میسر نزیکەی ١٠ ملیۆن

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. https://commons.wikimedia.org/wiki/File:Religions_of_Nobel_prize_winners.jpg
  2. https://web.archive.org/web/20171208130241/http://www.adherents.com/adh_influ.html
  3. https://www.pewresearch.org/religion/2012/12/18/global-religious-landscape-christians/
  4. https://web.archive.org/web/20191217022303/https://griffinpauljackson.com/2018/06/28/global-christianity-breakdown-by-denomination-rite/
  5. S. Kroger، William (2016). Clinical and Experimental Hypnosis in Medicine, Dentistry and Psychology. Pickle Partners Publishing. ISBN 1-78720-304-2. Many prominent Catholic physicians and psychologists have made significant contributions to hypnosis in medicine, dentistry, and psychology.
  6. E. McGrath، Alister (2006). Christianity: An Introduction. John Wiley & Sons. ص. 336. ISBN 1-4051-0899-1. Virtually every major European composer contributed to the development of church music. Monteverdi, Haydn, Mozart, Beethoven, Rossini, and Verdi are all examples of composers to have made significant contributions in this sphere. The Catholic church was without question one of the most important patrons of musical developments, and a crucial stimulus to the development of the western musical tradition.
  7. Roy Vincelette، Alan (2009). Recent Catholic Philosophy: The Nineteenth Century. Marquette University Press. ISBN 0-87462-756-7. ... .Catholic thinkers contributed extensively to philosophy during the Nineteenth Century. Besides pioneering the revivals of Augustinianism and Thomism, they also helped to initiate such philosophical movements as Romanticism, Traditionalism, Semi-Rationalism, Spiritualism, Ontologism, and Integralism...