قەزای چەمچەماڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
قەزای چەمچەماڵ
بە عەرەبی: قضاء جمجمال
بە ئینگلیزی: Chamchamal District
نەخشەی سەرەوە:
نەخشەی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانیدا
(سوور)
نەخشەی خوارەوە:
نەخشەی کارگێڕی قەزای چەمچەماڵ
Map
قەزای چەمچەماڵ
پۆتانەکان: 35°32′01″N 44°50′03″E / 35.53356°N 44.8343°E / 35.53356; 44.8343پۆتانەکان: 35°32′01″N 44°50′03″E / 35.53356°N 44.8343°E / 35.53356; 44.8343
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ کوردستان
(ھەرێمی کوردستان)
پارێزگاسلێمانی
مەڵبەندچەمچەماڵ
ژمارەی ناحیەکان٧
ژمارەی گوندەکان٣١٧
بوون بە قەزا١٨٥١
دەسەڵات
 • قایمقامڕەمەک ڕەمەزان
ڕووبەر
 • قەزا٣٤٦٩ کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٬٣٣٩ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٧٠٥ مەتر (٢٬٣١٣ پێ)
بەرزترین بەرزایی
١٨٤٦ مەتر (٦٬٠٥٦ پێ)
نزمترین بەرزایی
٣٣٤ مەتر (١٬٠٩٦ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • قەزا١٩٥،١٤٠
 • شاری
١٧١٦٩٩
 • لادێیی
٢٣٤٤١
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینئیسلام(سوننە)
 • ب پ م(٢٠١٧)٠٫٧٠٦[١]
بەرز · ٢ەم بۆ ١٧
ناوچەی کاتیUTC+٣ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٣ (ھاوین)
تەلەفۆن٩٦٤+
وێبگەhttp://www.slemani.gov.krd/ku/

قەزای چەمچەماڵ یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارۆچکەی چەمچەماڵە.[٢] ژمارەی دانیشتوانی بریتیە لە ١٩٥،١٤٠ کەسە.[٣]

قەزای چەمچەماڵ لە ساڵی (١٨٥١)ەوە درووستکراوە ئەوکات ناوی قەزای بازیان بووە بەڵام ناوەندەکەی شارۆچکەی چەمچەماڵ بووە. ئەم قەزایە پێکھاتووە لە حەوت ناحیە:[٤]

ناو[دەستکاری]

  • ئەم قەزایە ھەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە ناوی قەزای بازیان بووە و ناوەندەکەی شارۆچکەی چەمچەماڵ بووە، تاوەکوو سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتی قەزاکە کرایە دوو بەش لە ساڵی ١٩٢٣دا کە ناحیەی بازیان خرایە سەر پارێزگای سلێمانی و قەزای چەمچەماڵ خرایە سەر پارێزگای کەرکووک، ئیتر لەم ساڵەوە ئەم قەزایە ناوی بووە قەزای چەمچەماڵ. ناوی قەزاکە لە ناوەندەکەیەوە وەرگیراوە کە ئەویش شارۆچکەی چەمچەماڵە، چەند بۆچوونێک ھەیە لەسەر ناوی چەمچەماڵ:
  • جەمال بابان دەڵێت: لە ڕواڵەتدا ناوی چەمچەماڵ لە دوو وشە پێک ھاتووە یەکەم (چەم) واتە (ڕووبەر) یان (دارستان) دەگەیەنێت، دووەم جەمال کە ئەمەش ناوی کەسێک بووە کە کۆی ھەردوو وشەکەش دەبێتە (چەمی جەماڵ) کە لە دوایدا بۆتە چەمچەماڵ.[٥]
  • بۆچوونێکی تر دەڵێت چەمچەماڵ لە دوو وشەی (چەم+ جەمال) پێک ھاتووە (چەم) بەمانای (دۆل) یان ڕووبەر وە جەمالیش واتە (جوان) دەگەیەنێت ھەردوو وشەکەش بەسەر یەکەوە واتە چەم و (دارستانی جوان).
  • بۆچونێکی تر پێی وایە چەمچەماڵ لە مەوە ھاتووە (چەم چەم مال ) شوێنی ئەم شارە لە سەرەتادا بریتی بووە لە قەڵایەک، لەڕاستیدا دووچەم ھەبووە کە یەکێکیان کەوتوەتە ڕۆژھەڵات و ئەوەی تریان کەوتوەتە ڕۆژئاواوە، ماڵەکان لەناو ئەم دووچەمەدا دروستکراون.
  • بۆچوونی زۆرینە وایە وەک ئەوەی باس دەکرێت لە سەردەمانێکی زوو ئەو ناوچەیە ڕەز و باخی زۆری تێدا بووە، ھەر ماڵێک لەسەر ڕەز و باخی خۆیان بوون و ژیاون، بەڵام بە ھۆی لافاوێکی گەورەوە ھەموو ڕەز و باخەکان ڕاماڵراون و خاپور بوون، بۆیە بە ناوچەی ڕاماڵراو بوەتە ناونیشان ناوچەکە، بەپێی کات ئەو ناونیشانەی بەسەردا بڕاوە و بوەتە چەمچەماڵ.[٦]

جوگرافیا[دەستکاری]

قەزای چەمچەماڵ ھاوسنوورە لەگەڵ؛

مێژوو[دەستکاری]

قەزای چەمچەماڵ لە کاتی فەرمانڕەوایی بابانەکان بەشێک بووە لە خاکی سلێمانی و ئەوان ھەڵیان سوڕاندووە تا ساڵی ١٨٥١ کە دەوڵەتی عوسمانی سلێمانی داگیردەکات.

لە سەردەمی عوسمانیدا:(١٨٥١-١٩١٨)[دەستکاری]

پارێزگای سلێمانی تا نیوەی سەدەی نۆزدەھەم خوودی میرنشینی بابان بوو لە سنووری ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا، ناوەندی ئەم میرنشینە سەرەتا لە قەڵاچوالان بوو. پاشان لە ساڵی (١١٩٩ک - ١٧٨٤ز)دا ئیبراھیم پاشای بابان فەرمانی دروستکردنی ناوەندێکی تازەی بۆ میرنشینەکەدا، پایتەختی گواستەوە بۆ شارە تازەکە و ناوینا سلێمانی، ئەم میرنشینە لە ساڵی ١٨٥١ز دا کۆتایی پێھات و بچووککرایەوە بۆ لیوا و لکێندرا بە ئەیالەتی شارەزوورەوە. لەم کاتەدا ڕووبەری قەزای چەمچەماڵی ئێستا سەر بە سلێمانی بوو.[٩]

  • لە نێوان ساڵانی(١٨٥١-١٨٦٩)

سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بووە، سنووری ئەم لیوایە و لیوا ھاوسنوورەکانی میراسی ناکۆکی نێوان ھەردوو میرنشینی بابان و میرنشینی سۆران بوو، لەکاتێکدا دەسەڵاتی میر محەممەدی ڕەواندوز ھەردەھات فراوانتر دەبوو تاگەیشتە سنووری کۆیە و ڕانیە و دەربازی دەستە چەپی زێی بچووکیش بوو. چەندین ناحییەی ئەیالەتی شارەزووری خستە سەر میرنشینەکەی لەوانە ناحیەکانی(عەسکەر، ئاغجەلەر، کێوەچەرمەڵە، چیاسەوز، گڵناغاج، قەسرۆک، گردخەبەر، جبق قلعە و شوان) لەگەڵ مەنگوڕایەتیدا.

دوای لە ناوچوونی ھەردوو میرنشینەکە(سۆران لە ١٨٣٦) و (بابان لە ١٨٥١)دا ئەم سنوورە وەک خۆی مایەوە و لیوای سلێمانی (١٧)قەزای لە خۆدەگرت، ئەمەش لە ھەرسێ ساڵنامەی عوسمانی ژمارە(١١-١٢-١٣)دا دەردەکەوێت.[١٠]

لەم سەردەمەدا قەزاکان فرە ناوەند بوون، قەزای چەمچەماڵی ئێستا ئاوھا ناودەبرا(بازیان، چەمچەماڵ، نورە، ھۆزی ھەمەوەند).

  • لە نێوان ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)دا

قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:

  1. ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی قەزاکان: بەشێکی زۆری قەزاکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بەناوی ھۆزەکانەوە بوو، لەم قۆناغەدا فرە ناوەندەکان ھەڵوەشێنرانەوە و لە جیاتی ئەوە یەک ناوی بۆ دانرا. لەوانە ناوی قەزای بازیان لە جیاتی قەزای(بازیان، چەمچەماڵ، نورە، عەشرەتی ھەمەوەند).
  2. کۆکردنەوەی قەزاکان: بەشێک لە قەزاکان کۆکرانەوە لە یەک قەزادا، و یەک ناوی بۆ داندرا، بۆ نموونە کۆکردنەوەی ھەر سێ قەزای(پیرحەیاتی، چیاسەوز)، (سەرچنار، گڵناغاج، قەسرۆک، گدخەبەر، جبق قلعە) و (قەڵاسێوکە، ئاغجەلەر، عەسکەر، عەشرەتی سمایل عوزێری) لە ناو قەزای قەڵاسێوکەدا.[١١]
نەخشەی لیوای سلێمانی لە ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)
  • لەنێوان ساڵانی(١٨٧٣-١٩١٨)دا

لەم قۆناغەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (٨)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە قەزا و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە ناحیە. یەکە کارگێڕییەکانی باشووری کوردستان دەکەونە سنووری سنجاغەکانی(مووسڵ و شارەزوور و بەغدا). تا پێکھێنانی ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی(١٢٩٦ک-١٨٧٩ز)دا ھەموو سنجاغەکانی سەرەوە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون و دوای ئەو بەروارە ھەردوو لیوای سلێمانی و شارەزوور خرایە سەر ویلایەتی مووسڵ.[١٢]

نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٨٧٥دا
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٨٩٤دا
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٩١٢دا

لەسەردەمی ئینگلیز و پاشایەتییدا(١٩١٨ - ١٩٥٨)[دەستکاری]

لەدوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، بۆ چەند ساڵێک ئیدارەی لیوای سلێمانی ڕاستەوخۆ لە ژێر ھەژموونی ئینگلیزدا بوو، بە پێچەوانەی لیواکانی تر کە سەر بە بەغدا بوون، بەڵام دوای واژۆکردنی پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان بەریتانیا و عێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە (١١/تەممووزی/١٩٢٣)دا بڕیاری لکاندنی سلێمانی بە عێراقەوە درا، ئەم بڕیارەش لە ساڵی دوایدا جێبەجێکرا بە ناردنی(٥) ئەندام وەکو نوێنەری لیواکە لە ئەنجوومەنی دامەزراندنی عێراقدا(المجلیس التأسیس العراقی)، دواتر لە کاتی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ناکۆکی نیوان عێراق - تورکیا لە سەر دواڕۆژی ویلایەتی مووسڵ، کۆمەڵەی گەلان لە شوباتی ١٩٢٥ز دا لیژنەی خۆی ڕەوانەی ئەم ویلایەتە کرد، بە کۆتایی ھاتنی ئەم کێشەیە ئیتر سلێمانی بووە بەشێک لە دەوڵەتی عێراق،[١٣]

  • لە نێوان ساڵانی(١٩١٨ - ١٩٣٦)دا
نەخشەی کارگێڕی لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٩٣٦دا
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٣٦ - ١٩٥٨)دا

لەم ماوەیەدا قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە سێ ناحیە پێکھاتبوو ناحیەی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ، ناحیەی سەنگاو و ناحیەی ئاغجەلەر، وەھیچ گۆڕانکارییەک لە کەرتەکان و یەکە کارگێڕییەکانیدا نەکرا.

سەردەمی کۆماری(١٩٥٨-١٩٩٠)[دەستکاری]

ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (٥) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (٥) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٨ - ١٩٧٩) و سەددام حوسێن (١٩٧٩ - ٢٠٠٣)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر ئەم قەزایە تا ساڵی ١٩٩١ بوو. کاریگەری ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی عێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لە ناوبردنی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، وە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو، بەتایبەت ئەوانەی دەوڵەمەند بوون بە سامانە سروشتییەکان.[١٥]

  • لە نێوان ساڵانی(١٩٥٨ - ١٩٧٥)دا

قەزای چەمچەماڵ لەم ماوەیەدا سەر بە پارێزگای کەرکووک بوو لە ڕووی کارگێڕییەوە ھیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەدا لە کەرت و ناحیە و گوندەکانیدا.

  • لە نێوان ساڵانی(١٩٧٥ - ١٩٨٦)دا
  1. دابڕانی ھەردوو قەزای کەلار و قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای کەرکووک و بەستنەوەیان بە پارێزگای سلێمانییەوە بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٦٠٨) لە ٦\١١\١٩٧٥دا.
  2. دابڕانی (٦) کەرت لە ناوەندی قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی و لکاندنیان بە ناحیەی قەرەحەسەنی سەر بە قەزای کەرکووک بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٣٢) لە ٢٤\١\١٩٧٦دا.
  3. دابڕاندنی کەرتێک لە قەزای چەمچەماڵ و لکاندنی بە ناحیەی قەرەھەنجیری سەر بە قەزای کەرکووک بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٢٣٣) لە ٦\٥\١٩٧٩دا.
نەخشەی کارگێڕی قەزای چەمچەماڵ لە ساڵی ۱۹۷٥دا
نەخشەی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ١٩٧٧دا.jpg
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٨٧ - ١٩٩٠)دا
  1. لەگەڵ پڕۆسەی خاپوورکردنی گوندەکانی باشووری کوردستان، ڕژێمی بەعس ھەستا بە دروستکردنی ئۆردوگایەکی زۆرەملێ بە ناوی (موجەمەعی شۆڕش) لە نزیک شارۆچکەی چەمچەماڵ، بۆ نیشتەجێکردنی دانیشتوانی گوندە خاپوورکراوەکانی ئەم قەزایە. لەو ماوەیەدا بە فەرمانی کۆماری لە ١٢\٥\١٩٨٧دا ھەردوو ناحیەی ئاغجەلەر و ناحیەی سەنگاو ھەڵوەشێنرایەوە و ھەموو کەرتەکانیان لکێندران بە ناوەندی قەزاکەوە.
  2. ڕژێمی بەعس چۆن ئامانجی لە دابڕاندنی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای کەرکووک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای پارێزگای کەرکووک بوو ھەمان کرداری لە سەر قەزای دووزخورماتوو جێبەجێکرد، بە فەرمانی ژمارە(٣٦٨) لە ٣٠\٦\١٩٨٧دا ناحیەی قادرکەرەمی لە قەزای دووزخورماتوو دابڕاند و لکاندی بە قەزای چەمچەماڵە.
  3. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٥٠٨) لە ٣\٨\١٩٨٧دا ناحیەی قادرکەرەمی ھەڵوەشاندەوە و ھەموو کەرتەکانی لکاند بە ناوەندی قەزای چەمچەماڵەوە.[١٦]
نەخشەی کارگێڕی قەزای چەمچەماڵ لە ساڵی ۱۹٨۷دا
نەخشەی قەزای چەمچەماڵ لە ساڵی ۱۹٨۷دا

سەردەمی حکوومەتی ھەرێم[دەستکاری]

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩١ - ١٩٩٢)دا:

لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لە لایەن بەرەی کوردستانیەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی ١٩٨٩ بەڕیوەدەبرا، لەبەرئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان دروست نەببوو تاوەکو لەساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان دروستکرانەوە.

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩٢ - ٢٠٠٣)دا:
  1. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ژمارە(١٨) لە (٢٢ - ٩ - ١٩٩٢)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو قەزا و ناحیەیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەر لە نوێ پێکبھێنرێنەوە.[١٧]
  2. قەزای چەمچەماڵ دروستبووەوە و پێکھاتبوو لە (٣) ناحیە، ناحیەی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ، ناحیەی سەنگاو و ناحیەی ئاغجەلەر.
  3. ھێنانە کایەی ھەردوو ناحیەی شۆڕش و ناحیەی تەکیەی کاکەمەند لەساڵی ٢٠٠٠دا بە دابڕانیان لە کەرتەکانی ناحیەی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی ئاغجەلەر بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان(ئیدارەی سلێمانی).
  • لە ماوەی ساڵانی(٢٠٠٣ - ٢٠١٥)دا:
  1. ھێنانە کایەی ناحیەی تەکیەی جەباری بە دابڕانی لە کەرتەکانی ناحیەی قادرکەرەم لە ساڵی ٢٠٠٤دا بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان(ئیدارەی سلێمانی).
  2. بۆ چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییە ئیدارییەش ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە بڕیارێک لە رۆژی ٦/٨/٢٠٠٦ ئیدارەی گەرمیانی پێکھێنا کە ناوەندەکەی شارۆچکەی کەلار بوو، قەزای چەمچەماڵ یەکێک بوو لە قەزاکانی ئیدارەی گەرمیان.
  3. بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤دا قەزای چەمچەماڵ لە ئیدارەی گەرمیان دابڕاو خرایەوە سەر پارێزگای سلێمانی.

شاڵاوی ئەنفال[دەستکاری]

ئەوەی لە شاڵاوی ئەنفالدا ڕوویدا تەنھا ھەوڵێک نەبوو بۆ لەناوبردن و کوشتنی تاکی کوردی، بەڵکو ھەوڵێک بوو بۆ سڕینەوەی تەواوی مۆرکی نەتەواویەتی گەلی کورد، بەو پێیەی ئەنفال پرۆسەیەکی پلان بۆ دارێژاوی پێش وەختەبوو، بەوەی پلانی پێشوەختەی بۆ دارشتبوو پرۆسەکەی دابەشکردبوو بەسەر (٨)قۆناغدا و لە (٦) ناوچەی جوگرافیای جیاوازدا سەرجەمی ئەو قۆناغانە لە ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ دەستی پێکردوو لە ٦ی ئەیلولی ١٩٨٨ پاش روخاندنی ھەموو گوندەکانی باشووری کوردستان کۆتایی ھات.

قۆناغەکانی ئەنفال لە ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ بۆ ٦ی ئەیلولی ١٩٨٨. (٨)قۆناغ لە (٦) ناوچەی جوگرافیادا:

  1. قۆناغی یەکەم بۆ سەر ناوچەی دۆڵی جافایەتی.
  2. قۆناغی دووەم بۆ سەر قەزای قەرەداغ.
  3. قۆناغی سێیەم بۆ سەر ناوچەی گەرمیان.
  4. قۆناغی چوارەم بۆ سەر ناوچەی قەڵاسێوکە و دۆڵی زێی بچووک.
  5. قۆناغی پێنج و شەش و حەوت بۆ سەر ناوچەکانی قەزای شەقڵاوە و قەزای ڕەواندز.
  6. قۆناغی ھەشتەم و کۆتایی بۆسەر ناوچەی بادینان.

سەرجەم ئەم قۆناغانەش لە ٦ ی ئەیلولی ١٩٨٨ پاش روخاندنی ھەموو گوندەکانی باشووری کوردستان کۆتایی ھات .

قۆناغی سێیەمی ئەنفال(٧/٤ تا ٢٠/٤/١٩٨٨)[دەستکاری]

ئەم قۆناغە لە ٧ی نیسان بەبۆنەی جەژنی شومی دامەزراندنی حیزبی بەعسەوە دەستی پێکرد ئەم ھێرشە بەکاریگەرترین و کوشندەترین و بەزیانترین ھەڵمەت دادەنرێت بۆ سەر ناوچەکانی (قەزای چەمچەماڵ، ناحیەی سەنگاو، ناحیەی قادرکەرەم، قەزای دووزخورماتوو، قەزای کفری، قەزای کەلار، ناحیەی پێباز، ناحیەی ڕزگاری)، ئەم ناوچانە سەر بە ھەر سێ پارێزگای (پارێزگای کەرکووک، پارێزگای سلێمانی، پارێزگای دیالە)بوون، ئەمەش فراوانترین ھێرشی ئەنفال بوو کە پتر لە (٥٠٠)گوندی گرتەوە سەرەڕای تەختکردنی (٤) ناحیە.

  • زیانەکانی ئەم قۆناغە
  1. نزیکەی (٥٠٠) گوندی گەرمیان وێران کرا.
  2. پتر لە (٣٠٬٠٠٠) گەنج و ژن و مناڵ وپیری بێسەروشوێن کرد.
  3. سنووری قەزای چەمچەماڵ (٥٬٦٤٥)کەسی بێسەرو شوێن کراوە.
  4. ناحیەی قادرکەرەم (١٤٬٨٦٣) کەسی بێسەرو شوێن کراوە.
  5. قەزای کەلار (٤٬٥٦٧) کەسی بێسەرو شوێن کراوە.
  6. ناحیەی سەنگاو (٤٬٩٢٢) کەسی بێسەرو شوێن کراوە.
  7. ناحیەی ڕزگاری (٣٬٦٨٠) کەسی بێسەرو شوێن کراوە.
  8. ناحیەی پێباز (٤٤٢٠) کەسی بێسەرو شوێن کراوە.

قۆناغی چوارەمی ئەنفال لە(٣\٥ تا ١٥/٥/١٩٨٨)[دەستکاری]

قۆناغی چوارەمی شاڵاوی ئەنفال بۆ سەر ناوچەکانی (ناحیەی ئاغجەلەر، ناحیەی شوان، چەمی ڕێزان، قەزای کۆیە، ناحیەی تەقتەق) لە سنووری ھەرسێ پارێزگای (پارێزگای ھەولێر، پارێزگای سلێمانی، پارێزگای کەرکووک) بوو، ئەم ھێرشەش بە کیمیابارانکردنی گوندی گۆپتەپەی (٣٠٠)ماڵە دەستی پێکرد. ئەم ھێرشەشە بووە ھۆی کوشتنی نزیکەی (٣٠٠)کەسی ئەم گوندە، وە بە دووەم ھێرشی زیان بەخش دائەنرێ لە دوای شاری ھەڵەبجە.

  1. سەر لە بەیانی رۆژی ٤ی مایس ھێزی پیادەی رژێم لە ھەموو لایەکەوە دەستی پێکرد ئەم ھێرشە بە فەرماندەی لیوا روکن (سوڵتان ھاشم) بوو بەشێک لەم ھێرشە لە چەمچەماڵ و تەکیەی کاکەمەندەوە بەرەو ناحیەی ئاغجەلەر کەوتە ڕێ ئەم ناحیەیە سالێک لەوەو پێش روخابوو.
  2. پاشان ھێرشێکی تر لە سوسێی سەیدانەوە بەرەو سورقاوشان کەوتە ڕێ و ھێرشێکی دیکە لە ناحیەی تەقتەقەوە بۆ گوندەکانی لێواری زێی بچووک و شێخ بزێنی و گۆپتەپە، ھێرشێکی دیکە بەرەو گوندەکانی نزیک قەزای کۆیە بەرێکەوت.
  • زیانەکانی ئەم قۆناغە

سوپا لە رۆژی ١٥\٥ سەرجەم گوندەکانی ئەم ناوچەیەی ڕووخاند و تەنھا لە ناحیەی ئاغجەلەر کە (٦٧) گوندی تیدا بوو (٢،٨١٣)خانووی تێدا بوو (١٤،٨٦٤)کەسی تێدا دەژیا نزیکەی (٧،٢٠١) کەس ئەنفال کراون.[١٨]

شوێنەوار[دەستکاری]

گوندی چەرمۆ[دەستکاری]

شوێنەواری ژیان لە سنوری قەزای چەمچەماڵ، ئەو سنورە سەدان شوێنەواری تێدایە کە کنە و پشکنینیان تێدا کراوە، گرنگترینیان گوندی چەرمۆ، کە مێژووی ژیان لەو شوێنەوارانەدا دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین. شوێنەواری گوندی چەرمۆ یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارەکانی جیھان، بە پێی لێکۆڵینەوەکان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی (حەوت ھەزار) ساڵ پێش زایین، ئەو گوندە مێژووییە یەکەمین گوند و شوێن بووە کە تیایدا مرۆڤ دەستی کردووە بە کشتوکاڵکردن و قۆناغی نیشتەجێبوون و خاوەندارێتیی زەوی.

شوێنەواری گوندی چەرمۆ لە ئێستادا کەوتۆتە سنوری گوندی کانی سارد و نزیکەی یانزە کیلۆمەتر لە شارۆچکەی چەمچەماڵەوە دوورە و ڕووبەرەکەی ١٢٠٠٠ تا ١٦٠٠٠ مەتر دووجا دەبێت، (٨٠٠) مەتر واتە ٢٥٠٠ پێ لەسەر ڕووی ئاستی دەریاوە بەرزە، بە پێی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسان لە گوندی چەرمۆ ١٥٠ کەس لە چوارچێوەی ٢٥-٣٥ خیزاندا ژیاون و کاری سەرەکییان ئاژەڵداریی و ڕاوکردن و کشتوکاڵکردن بووە، پڕۆفیسۆر (ڕۆبەرت جۆن برەیدوود) پێی وابووە (٤٠٠) ساڵ ژیان لەو گوندەدا بەردەوام بووە، ئەو پاشماوانەی لە گوندی چەرمۆدا دۆزراونەتەوە بریتی بوون لە (گەنم، جۆ، فستق، نۆک، نیسک، بەڕوو، ئێسکی مانگای کێوی، ئاسک، پڵنگ، ورچ، بزنە کێوی، مەڕ و بزن و بەراز)، قەد و گەڵای ڕووەک و دارەکانیشیان لە بری ئالیک بۆ ئاژەڵەکانیان بەکارھێناوە، ھەروەھا ملوانکە و موور و بازنگ و مستیلەی لە قوڕ دروستکراو و ئامێری ھاڕینی دانەوێڵە و بەردی شوشەی چاککراو دۆزراونەتەوە.

بۆ یەکەمجار لە ماوەی ساڵانی (١٩٤٨- ١٩٥٥) لەلایەن پەیمانگەی ڕۆژھەڵاتی سەر بە زانکۆی شیکاگۆی ئەمریکییەوە پڕۆفیسۆر (ڕۆبەرت جۆن برەیدوود) پشکنینی لەو شوێنەدا ئەنجامداوە، ھەموو ئەو پاشماوانەی دۆزیوەتەوە کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا، (پڕۆفیسۆر برەیدوود) لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو شوێنەوارە لە شانزە چینی مێژوویی پێکھاتووە، یانزە چینی ژێرەوەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاخی بەردین، بەڵام لە پێنج چینەکەی سەرەوەیدا گلێنە دۆزراوەتەوە لە قوڵایی حەوت مەتر واتە بیست و سێ پێ.[١٩]

قەڵای سپی حەسار[دەستکاری]

قەڵای چەمچەماڵ(سپی حەسار) دەکەوێتە ناوجەرگەی شارۆچکەی چەمچەماڵەوە مێژووی گردەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاخی بەردین، بەڵام بەھۆی ئەنجام نەدانی پشکنینی وورد بەتایبەت لە چینەکانی خوارەوەیدا تاکو ئێستا نەتوانراوە بەشێوەیەکی زانیستیانە تەمەنەکەی دەسنیشان بکرێت قەڵاکە ئێجگار دەوڵەمەندە بەکەرەستەی شوێنەواری ھەرئەوەش وایکردە کە کاری کنە و پشکنین تیایدا ھێندە کارێکی قورس و بەئاستەنگ بێ (کلەودیوس جەیمز ڕیچ) تەنھا بۆیەک شەو ڕێ کەوتۆتە چەمچەماڵ تیادا ماوەتەوە لە میانەی پشکینینێکی سەرپێیی قەڵاکەدا وەک خۆی دەڵێت توانیویەتی چەندین لەتە گۆزەو دیزە بدۆزێتەوە دانێشتوانە کۆنەکانی نیشتەجێی دەوروبەری قەڵاکەش باش لەوە دەکەن کەلەمیانەی ھەڵکەندن و بەکارھێنانی خۆڵی قەڵاکەدا بۆدروست کردن و چاکردنەوەی خانۆکانیان لە چەندین بۆنەدا کەرەستەی شوێنەواری جۆراوجۆر تەنانەت ئێسک و پروسکی مرۆڤیشیان دۆزیوەتەوە کەیەک لەوانە ئیسکەپەیکەری مرۆڤێک بوو لە بڕبڕەی پشتیدا ڕم ھەبووە و کەسەکە بەھۆی ئەو ڕمەوە گیانی لەدەست داوە.

لە ساڵی ٢٠١٠ تیمێکی ئەڵمانی پشکنینی بۆ کرد و چەندین پارچە گۆزە و پارچەی شوێنەواری تێدا دۆزرایەوە. (د.کۆزاد محەممەد)، سەرۆک بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی دەڵێ "جێی داخە تاوەکو ئێستا ئەو کنە و پشکنینانەی کراون بۆ ئەم قەڵایە زۆر کەم و کورتخایەن بوون. نەتوانراوە کنەوپشکنینی تەواوی تێدابکرێت و بەڵگەی زیاتر بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی بزانین بەڵگە بیناسازییەکانی و نووسینەکانی چین، لە کۆندا چ ئاوەدانییەک ھەبووەو چ قەومێک لێرە ژیاون؟".[٢٠]

ئابووری[دەستکاری]

قەزای چەمچەماڵ و ناوەندی قەزاکە بەھێزکەری بازرگانیی و ئابووریی ھەرێمی کوردستانە، ھەروەھا ماددە سروشتی و کانزاییەکان لە سنوری ئەو قەزایەدا یاریدەدەرە بۆ بەھێزکردنی لایەنی ئابوریی ھەرێمی کوردستان.

لە کۆندا سوود لە بەردە بەنرخەکانی ئەم سنورە وەرگیراوە بۆ دروستکردنی خانوبەرە، ئەوەش بەشێوەی بەردی چاککراو و بەردە گەچ و بەردی چیمەنتۆ، دواتر لە ڕووی سامانی سروشتی وەک نەوت و گاز بە تایبەتی گازی سروشتی، ئەو سنورە دەوڵەمەندە بە یەدەگی گاز و لە ئێستادا بەرھەمھێنانی زیادیکردووە لە ڕێگەی چەند کۆمپانیایەک کە تایبەتن بە بەرھەمینانی گازی سروشتی لەو سنورەدا و پێداویستیی ناوخۆ دابین دەکەن.

بۆ یەکەم جار لە ھەرێمی کوردستاندا کۆمپانیای (دانە گاز) لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٠٧، ڕێکەوتنێکی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا مۆرکرد بەمەبەستی گەشەپێدانی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی لە گاز.

(دانە گاز) و شەریکەکانی دادەنرێن بە گەورەترین وەبەرھێنی بیانی کەرتی تایبەت لە ھەرێمی کوردستاندا، ھەڵدەستێت بە گەشەپێدان و چارەسەرکردن و گواستنەوەی گازی سروشتی لە (کێڵگەی کۆرمۆر) و ھەروەھا ھەڵدەستێت بە ھەڵسەنگاندنی تواناکانی (کێڵگەی گازی چەمچەماڵ) لە پێناو دابینکردنی گازی سروشتی بۆ ئیشپێکردنی وێسگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا کە لە نزیک ھەردو شاری ھەولێر و سلێمانیدان. کە لە ئێستادا پێداویستی کارەبای نزیکەی ٤ ملیۆن کەس دابین دەکەن.[٢١]

کارگێڕی[دەستکاری]

ناوەندی قەزا شارۆچکەی چەمچەماڵە. قەزای چەمچەماڵ قەزایەکی پارێزگای سلێمانییە کەوتۆتە ڕۆژاوای. لەڕووی کارگێڕییەوە قەزای چەمچەماڵ لە ناحیەی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ(ناوەند) و ناحیەی شۆڕش و ناحیەی سەنگاو و ناحیەی ئاغجەلەر و ناحیەی تەکیەی کاکەمەند و ناحیەی تەکیەی جەباری و ناحیەی قادرکەرەم پێکھاتووە، لەگەڵ ٣١٧ گوند.[٢٢]

ناحیەی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ(ناوەند)[دەستکاری]

لە ٢٥ گوند پێکھاتووە:

ناحیەی شۆڕش[دەستکاری]

لە ٢٦ گوند پیکھاتووە:

ناحیەی سەنگاو[دەستکاری]

لە ١٠١ گوند پێکھاتووە:

ناحیەی تەکیەی کاکەمەند[دەستکاری]

لە ٢٧ گوند پێکھاتووە:

ناحیەی تەکیەی جەباری[دەستکاری]

لە ٢٠ گوند پێکھاتووە:

ناحیەی ئاغجەلەر[دەستکاری]

لە ٦٥ گوند پێکھاتووە:

ناحیەی قادرکەرەم[دەستکاری]

لە ٥٣ گوند پێکھاتووە:

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2018-09-13.
  2. ^ یەکە کارگێڕییەکانی ھەرێمی کوردستان. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  3. ^ پێشبینی دانیشتوان بۆ ساڵی ٢٠١٩. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  4. ^ ‎یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی. سایتی پارێزگای سلێمانی(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  5. ^ ‎جەمال بابان. أصول أسماء المدن و المواقع العراقیة؛ الجزء الاول(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  6. ^ جەمیل ڕۆژبەیانی. وڵاتەکەت-باشتر-بناسە/ ووڵاتەکەت بناسە(کوردی).
  7. ^ https://www.openstreetmap.org/relation/10837863
  8. ^ ‎مەحموود عوسمان مەعروف. بەڕێوبەرایەتی ئاماری سلێمانی(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  9. ^ محەممەد ئەمین زەکی بەگ. سەرجەمی بەرھەمەکانی ئەمین زەکی بەگ(کورد). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  10. ^ عباس العزاوی. عشائر العراق(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 1-11-2022.
  11. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  12. ^ سالنامة ولایت بغداد(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  13. ^ محمود فھمی درویش. الدلیل العراقی الرسمی لسنة ١٩٣٦(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  14. ^ د.عثمان علی. الکورد فی الوثائق البریطانیة(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  15. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  16. ^ https://uomustansiriyah.edu.iq/books/94357.html
  17. ^ https://www.parliament.krd/media/6102/18.pdf
  18. ^ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=369
  19. ^ http://slemani.gov.krd/so/newsDetail.php?newsID=2020&secID=5
  20. ^ https://www.rudaw.net/sorani/onair/tv/episodes/episode/features/18062022103813
  21. ^ http://radiodeng.net/details.aspx?kodtech=70
  22. ^ ‎دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان. یەکە کارگێڕیەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان 2009 لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیە و ژینگە گەڕەک/گوند(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ١٥-٥-٢٠٢٣.