میرنشینی بادینان
| میرنشینی بادینان | |
|---|---|
| پایتەخت | ئامێدی |
| پۆتانی شوێن | ٣٧°٣′٠″N ٤٣°٩′٠″E |
![]() | |
| ئەم وتارە بەشێکە لە زنجیرەیەک وتار لەسەر |
| مێژووی کورد و چاندی کوردی |
|---|
|
|
میرنشینی بادینان میرنشینێکی کوردستانە لە ساڵی ١٢٦٢ی زایینی دامەزراوە لەلایەن شێخ بەھاددین شێخ سەیفەدین لە ناوچەی ئامێدی، پاشان بەرەو ناوچەکانی دھۆک، ئاکرێ و زاخۆ کشاوە، دوای ئەوە گەورەتر بوو، گەلێک ناوچە لە ناوچە شاخاوییەکانی ناوچەی حەکاری ھاتووەتە سەر. لە پاش شەڕی چاڵدێرانی نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکان لە ساڵی ١٥١٤ میرنشینی بادینان بووە بەشێک لە دەوڵەتی عوسمانی تورکەکان، وەکو سەرجەم میرنشینەکانی تر سەیر دەکرا و دانی پێدانرا. لە سەرەمی سوڵتان سەلیمی یەکەم (١٥١٢–١٥٢٠) سوڵتان سلێمان، میری کرد بە میری میرنشینی بادینان، ئەم میرنشینە کوردییە تا ساڵی ١٨٤٧ مایەوە واتە لەو ساڵە بە دواوە میرنشینی بادینان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە لەناوبرا بەپێی پەیماننامەی ئەرزڕوومی دووەمی ساڵی ١٨٤٨ نێوان ھەردوو دەوڵەتی قاجاڕی ئێران و دەوڵەتی عوسمانی بە ناوبژیی ھەردوو دەوڵەتی زلھێزی ئەو کاتەی جیھان، ڕووسیای قەیسەری و بەریتانیا. کەنزیکی ٢٥ میر فەرمانڕەوایان لەم میرنشینەدا کردووە؛ کە دوا میریان میر مەسعوودە، کە بەرەو ناوچەی بارزان ھەڵھات، دواتر ناوچەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن عوسمانییەکانەوە بەڕێوەبرا.
مێژوو
[دەستکاری]میرنشینی بەھدینان لە کۆتایییەکانی سەردەمی عەباسییەکان، لە دەوروبەری ساڵی ١٢٠٠دا سەری ھەڵدا. لە کاتی پێکھاتنیدا، بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن ھۆزی کوردیی ھەکارییەوە زاڵ بوو. شەرەفنامەی شەرەفخانی بدلیسی گێڕانەوەیەکی مێژوویی میرنشینەکەی بۆ ماوەی دوو سەدە تێدایە، لە سەردەمی فەرمانڕەوای تەیمووری «شا ڕووخ» لە ساڵانی ١٤٠٠ تا ساڵی ١٥٩٦. ئەمیری بەھدینان «حەسەن»، کە پاشکۆی شای سەفەوی «ئیسماعیلی یەکەم» بوو، میرنشینەکەی فراوانتر کرد بۆ ئەوەی دھۆک و خاکی سندی لە باکووری زاخۆ بگرێتەوە. دواتر حوسێنی کوڕی حەسەن وەک پاشکۆی سوڵتانی عوسمانی «سولەیمانی قانوونی» فەرمانڕەوایی کرد. قوبادی کوڕی حوسێن لەلایەن ئەندامانی ھۆزی مزوورییەوە لەسەر کار لادرا و کوژرا؛ دواتر سەیدی خانی کوڕی قوباد بە ھاوکاری عوسمانییەکان گەڕایەوە سەر دەسەڵات. لە سەرەتای ساڵانی ١٦٠٠دا، میرنشینی ئەردەڵان ئامێدیی پایتەختی بەھدینانی داگیرکرد و پارێزگارێکی لەوێ دەستنیشان کرد؛ سەرچاوەکان بۆ ماوەی سەدەیەک دوای ئەوە کەمترین باسی بەھدینان دەکەن.
وا دیارە میرنشینەکە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی بەھرام پاشادا گەیشتبێتە لووتکە، کە لە ساڵی ١٧٢٦ تا ١٧٦٧ فەرمانڕەوایی کردووە. دوای بەھرام، ئیسماعیل پاشای کوڕی (١٧٦٧–١٧٩٧) ھات، کە سەردەمەکەی ململانێی لەگەڵ براکانی تێدا بوو (کە لە زاخۆ و ئاکرێ جێگیر بووبوون). موراد خانی کوڕی ئیسماعیل لەلایەن قوبادی ئامۆزایەوە بە ھاوکاری پاشای بابانی سلێمانی لەسەر کار لادرا؛ قوباد لە ساڵی ١٨٠٤ لەلایەن ئەندامانی ھۆزی مزوورییەوە ڕووخێنرا (ڕێک وەک ھاوناوی پێشووی خۆی). عادل پاشا جێگەی گرتەوە، کە پێگەکەی لەلایەن پاشای جەلیلی مووسڵەوە پشتڕاستکرایەوە؛ ئەو لە ساڵی ١٨٠٨ کۆچی دوایی کرد و زووبێری برای بوو بە جێنشینی. لە ساڵی ١٨٣٣دا، محەممەد پاشای ڕەواندز ئاکرێ و ئامێدیی داگیرکرد، سەعید پاشای بەھدینانی ڕووخاند و پاشان زاخۆی داگیرکرد. میرنشینی بەھدینان ھەرگیز بە تەواوی نەیپەرژایەوە سەر خۆی، و لە ساڵی ١٨٣٨دا خرایە سەر سنجاقی عوسمانی مووسڵ.[١]
بەھۆی ھەڕەشەی ھەوڵە فراوانخوازی و مەرکەزییەکانی ئیمپراتۆرییەتەکانی عوسمانی و سەفەوی، میرەکانی بەھدینان کەوتنە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی درێژخایەن لەگەڵ ئەم دوو ھێزە ڕکابەرە گەورەیە. فەرمانڕەواکانی بەھدینان، ئیسماعیل پاشا و محەممەد سەعید پاشا، لە ساڵی ١٨٣١دا لەلایەن میری میرنشینی سۆرانی ھاوسێوە لەسەر کار لادران.[٢]
بەناوبانگترین پەرتووکخانەی کۆنی ناوچەکە، کە لە پەرتووکخانەی قوبەھان لە ئامێدی بوو، لە ساڵی ١٩١٩دا لەلایەن ھێزە بەریتانییەکانەوە لە کاتی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینێکی ناوچەکەدا وێران کرا، ھەرچەندە نزیکەی ٤٠٠ دەستنووس ڕزگارکران و لە کۆتاییدا گەیشتنە ناو کۆمەڵەی مۆزەخانەی عێراق.[٣]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ MacKenzie, D.N. (1960). "Bahdīnān". In Gibb, H. A. R. ; Kramers, J. H. ; Lévi-Provençal, E. ; Schacht, J. ; Lewis, B. & Pellat, Ch. (eds.). The Encyclopaedia of Islam, Second Edition. Volume I: A–B. Leiden: E. J. Brill. p. 920. OCLC 495469456.
- ↑ https://www.cambridge.org/core/books/cambridge-history-of-the-kurds/end-of-kurdish-autonomy/9FA3CB919480C3748DA40C082FC2E5BF
- ↑ Faraj, S.S. Libraries and Librarianship in Iraqi Kurdistan. In: Libraries in the Early 21st Century: An International Perspective, edited by R.N. Sharma, vol.2, 297-311. 2012. Berlin: de Gruyter Saur.

