قەزای پێنجوێن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
قەزای پێنجوێن
بە عەرەبی: قضاء بینجوین
بە ئینگلیزی: Penjwen District
نەخشەی سەرەوە:
نەخشەی قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانیدا
(سوور)
نەخشەی خوارەوە:
نەخشەی کارگێڕی قەزای پێنجوێن
Map
قەزای پێنجوێن
پۆتانەکان: 35°37′25″N 45°56′58″E / 35.62366°N 45.94954°E / 35.62366; 45.94954پۆتانەکان: 35°37′25″N 45°56′58″E / 35.62366°N 45.94954°E / 35.62366; 45.94954
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ کوردستان
(ھەرێمی کوردستان)
پارێزگاسلێمانی
مەڵبەندپێنجوێن
ژمارەی ناحیەکان٣
ژمارەی گوندەکان١٨٨
بوون بە قەزا١٩٥٩
دەسەڵات
 • قایمقامزانا ڕەحمان ڕەحیم
ڕووبەر
 • سەرجەم١١٢٩ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٤٣٦ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
١٢٧٥ مەتر (٤٬١٨٣ پێ)
بەرزترین بەرزایی
٢٥٦٤ مەتر (٨٬٤١٢ پێ)
نزمترین بەرزایی
٧٣٢ مەتر (٢٬٤٠٢ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم٤٧،٠٥٧
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینئیسلام(سوننە)
 • ب پ م(٢٠١٧)٠٫٧٠٦[١]
بەرز · ٢ەم بۆ ١٧
ناوچەی کاتیUTC+٣ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٣ (ھاوین)
تەلەفۆن٩٦٤+
وێبگەhttp://www.slemani.gov.krd/ku/

قەزای پێنجوێن یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارۆچکەی پێنجوێنە.[٢] ژمارەی دانیشتوانی بریتیە لە ٤٧،٠٥٧ کەسە.[٣]

قەزای پێنجوێن دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی پارێزگای سلێمانی و ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لە قەزا گرنگ و بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان، کەوتووەتە سنووری نێوان عێراق و ئێران، یان سنووری نێوان باشووری کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان. ئەم قەزایە پێکھاتووە لە (٣) ناحیە:[٤]

ناو[دەستکاری]

ناوی ئەم قەزایە لە ناوەندەکەیەوە وەرگیراوە کە ئەویش شارۆچکەی پێنجوێنە، چەند بۆ چوونێک ھەیە لە سەر ناوی پێنجوێن وەک ئەمانەی خوارەوە:

  • محەممەد ئەمین زەکی بەگ وای لێکداوەتەوە کە پێنجوێن لە کاتی خۆرھەڵاتن تا ئاوابوونی، پێنج وێنەی تیا بەدی دەکرێت. حوسێن حوزنی موکریانی ھەمان بۆچونی ھەیە لەسەر ناوی پێنجوێن.
  • مەلا عەبدولکەریم مودەریس دەڵیت کە پێنجوێن لەبنچینەدا پێنج گوند بووە کە ئاسەوار و شوێنەواری ھەر پێنج گوندەکە ماون و چەند کەسایەتیەکی بەتەمەنی پێنجوێن دڵنیان لەوەی کەئەم بۆچونە زیاتر لەڕاستیەوە نزیکە و ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ئێستاش ئاسەواری ئەو گوندانە یان ناوچانە ماوەتەوە.[٥]
  • بۆچونێکیش ھەیە کە گوایە پێنجوێن، چەند کەسێک ئاوەدانیان کردۆتەوە کە لە شاری پێنجەنی ئەفغانستانەوە ھاتوونەتە ناوچەکە و ھەر بەناوی شارەکەی خۆیانەوە لە ئەفغانستان ناویییان ناوە.
  • بۆچونێکیکە پێی وایە کە ناوی پێنجوێن لە پێنج جووەوە ھاتووە واتە پێنج جوو ئاوەدانیان کردۆتەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ساڵانی سەدەی ڕابردوودا ژمارەیەک ماڵی جوو لەم شارەدا ھەبوون و وەک ھەر ماڵێکی تری موسڵمان ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەر بردووە و ھەندێکیشیان پێکەوە لەگەڵ موسڵمانەکاندا کار و کاسپییان کردووە.
  • بۆچونێکی تر ھەیە لەسەر ناو نانی پێنجوێن، کە پێدەچێت ئەمەیان زیاتر لە ڕاستیەوە نزیک بێت، ئەویش ئەوەیە کاتێک ئەسکەندەری مەقدوونی پاش سەرکەوتنی لە شەڕی گۆگەمیلا لە ساڵی ٣٣١ی پێش زایین لە نزیکی ھەولێر لە بەرامبەر سوپای دارای سێیەمی ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشی مەفرەزەیەکی پێنج لە شاری ئارابخا (کەرکووکی ئەمڕۆ) ناردە بەری ڕۆژھەڵات، بۆ ناوچەی میدیا (موکریانی ئەمڕۆ)، بۆ چاودێری و پاکسازی ھەمەدان و داگیری بکات. بەو پێیەی سەردەمانێک پایتەختی دەوڵەتێکی گەورەی وەک ماد بووە و مەفرەزەکە لە شاری مەریوان ڕێگایان گرتەبەر، بەم پێیەش پێ دەچێت وشەی پێنجوێن لە «پانج» یۆنانیەوە ھاتبێت؛ واتە پێنج یۆنانی کە ئەو سنوورەیان بەرەو ئەکباتان بڕی.[٦]

جوگرافیا[دەستکاری]

قەزای پێنجوێن ھاوسنوورە لەگەڵ: لە باکوورەوە شارستانی سەقز و شارستانی بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە باشوورەوە قەزای سەید سادق و قەزای ھەڵەبجە، لە ڕۆژھەڵاتەوە شارستانی مەریوان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە ڕۆژاواوە قەزای شارباژێڕ و قەزای سەید سادق.[٧]

قەزای پێنجوێن لەکۆمەڵێک چیا و گردۆڵکە و دەشتی کشتوکاڵی ئاودار پێکھاتووە. دەکەوێتە سەر ھێڵی درێژیی ٤٦ پلەی خۆرھەڵات و ھێڵی پانیی ٣٥٬٩ پلەی باکووری ھێڵی کەمەرەیی. پێنجوێن ١٣١٧ مەتر لەئاستی دەریاوە بەرزەو تێکڕای بارانبارین لەساڵدا ٩٠٠ میلیمەترە،

ڕووبەری سەرجەم قەزای پێنجوێن بریتییە لە ١١٢٩کم٢، کە بەمشێوەیە دابەش بووە ( ٢٠٣کم٢ ڕووبەری ناحیەی ناوەندی قەزای پێنجوێنە، ٢٨٢کم٢ ڕووبەری ناحیەی ناڵپارێزە، ٦٤٢کم٢ ڕووبەری ناحیەی گەرمکە).[٨]

قەزای پێنجوێن یەکێکە لەو ناوچانەی کە ژمارەیەکی زۆری ڕووەکی سروشتی تێدایەو خاوەنی دارستانێکی زۆرە، ھەروەھا چەندین شاخ و لوتکەی بەرزیشی تێدایە، لەوانە زنجیرە چیای سریستان کە بەرزییەکانیان دەگاتە ٢٥٥٧م و بەرزترین لوتکەی ناوچەکەش شاخی سورکێوە، کە بەرزییەکەی دەگاتە ٢٥٦٤م و ھەر دەکەوێتە زنجیرە چیاکانی سریستان، کە ھاوسنووری ئێرانە.

ڕووبەری تەواوی ئەم قەزایە دەگاتە (١١٣١)کم٢ کە ڕێژەی (٩٬٨٪) لە سەرجەمی ڕووبەری پارێزگای سلێمانی پێکدێنێت.

مێژوو[دەستکاری]

بەپێی ئەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەی کە بۆ ناوچەکە کراوە دەرکەوتووە کە پاشماوە دێرینەکانی قەڵاکانی (قزڵجە، کچێ و وێنە) لە قەزای پێنجوێن دەگەڕێتەوە بۆ ھەزارەی دووھەم و ھەزارەی یەکەمی پێش زایین، بەڵام پێکھاتەی زەوی و خاکی قەزای پێنجوێن مێژووی دروستبوونەکەی زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی جیۆلۆجی یەکەم واتە «ئەرکی» و بۆ ٤٠٠٠ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا و بەم پێیەش بە یەکێک لەکۆنترین یاخود دێرینترین ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش دادەنرێت.

ناوچەی پێنجوێن لە و کاتە کە قەڵاکانی کچێ و قزڵجە تێدا دروستکراوە، لەژێر حوکمی لۆلۆبییەکاندا بووە، ھەرچەندە تاکو ئێستا سەرچاوەیەکی مێژوویی ڕاست و دروست نەکەوتۆتە دەست کە لە دیرۆکی ناوچەی پێنجوێن بدوێت بەڵام کۆنترین ئاماژەبۆکردن لەم ڕوەوە، ڕێکەوتننامەی ئاماسیەی ساڵی ١٥٥٥ی زایینە لەنێوان ھەردوو دەوڵەتی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و سەفەوییەکانە کە لەو ڕێکەوتننامەدا ھاتووە کە ناوچەکە وەک ناوچەیەکی بێلایەن ماوەتەوە. نەوشیروان مستەفا لە پەرتوکی میرایەتی بابان لەنێوان ڕۆم و عەجەمدا، نووسیویەتی:(مانەوەی ناوچەکە بەبێلایەنی بووە بە ھاندەرێک بۆ میرنشینی ئەردەڵان دەست بەسەر ناوچەی پێنجوێندا بگرن. حکومڕانی ناوچەی پێنجوێن چەند جارێک لەنێوان دەسەڵاتدارانی عوسمانی، سەفەوی، میرنشینی بابان و میرنشینی ئەردەڵان دەستاودەستی کردووە و پاش بڕانەوەی حکومی بابانەکانیش، تا ساڵی ١٩١٨ لە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی عوسمانیەکاندا بووە.[٩]

پێنجوێن سەرەتا گوندێک بووە سەر بە ناوچەی قزڵجە، ناحیەی قزڵجەش سەر بە قەزای گوڵعەنبەر بووە کە دەکاتە خورماڵی ئێستا و ئەم ڕاستیەش لە چەندین نووسراو و بەڵگەی خەڵکی پێنجوێندا کە تا ئێستاش ھەندێکیان لای خۆیان پاراستوویانە و تایبەتە بەموڵکیەتی زەوی و زارەکانیانەوە پارێزراوە و ماوەتەوە؛ دواتر و لەگەڵ دروستبوونی حکومەتی عێراقدا بەھۆی ھەڵکەوتوویی پێنجوێن و پێشکەوتوویی دانیشتوانەکەی لەسەرجەم بوارەکاندا، پێنجوێن کراوەتە ناحیە و چەند دەم و دەزگایەکی حکومی تێدا دانرا و بینایان بۆ دروستکرا و خەڵکی ناوچەکەش بۆ ڕایکردنی کاروبارە حکومییەکان ڕوویان تێدەکرد. پێنجوێن بەم شێوەیە مایەوە تاکوو ساڵی ١٩٥٩ ئیتر بە ھۆی فراوانبوونی ناوچەکە و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی پێنجوێن کرایە قەزایەکی سەربەخۆ کە پێشتر وەکوو ناحیە سەربە قەزای ھەڵەبجە بوو.

سەردەمی عوسمانی[دەستکاری]

پارێزگای سلێمانی تا نیوەی سەدەی نۆزدەھەم خوودی میرنشینی بابان بوو لە سنووری ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا، ناوەندی ئەم میرنشینە سەرەتا لە قەڵاچوالان بوو. پاشان لە ساڵی (١١٩٩ک - ١٧٨٤ز)دا ئیبراھیم پاشای بابان فەرمانی دروستکردنی ناوەندێکی تازەی بۆ میرنشینەکەدا، پایتەختی گواستەوە بۆ شارە تازەکە و ناوینا سلێمانی، ئەم میرنشینە لە ساڵی ١٨٥١ز دا کۆتایی پێھات و بچووککرایەوە بۆ لیوا و لکێندرا بە ئەیالەتی شارەزوورەوە.[١٠]

  • لە نێوان ساڵانی(١٨٥١-١٨٦٩):

سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بووە، قەزاکانی ئەم ماوەیە فرە ناوەند بوون لێرەدا قەزای پێنجوێنی ئێستا ئاوھا پێکھاتبوو: قەزای(سرۆچک، قزڵجە، تەڕاتەوەن، چەوتان، پێنجوێن) ناوەندەکەی گوندی گێڵدەرە و قزڵجە بووە.[١١]

  • لە نێوان ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)دا:

قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:

    • ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی قەزاکان: بەشێکی زۆری قەزاکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بەناوی ھۆزەکانەوە بوو، لەم قۆناغەدا فرە ناوەندەکان ھەڵوەشێنرانەوە و لە جیاتی ئەوە یەک ناوی بۆ دانرا. لەوانە ناوی قەزای بازیان لە جیاتی قەزای(بازیان، چەمچەماڵ، نورە، عەشرەتی ھەمەوەند)، گوڵعەنبەر لە جیاتی (گوڵعەنبەر، ھەڵەبجە و وارماوا)، قزڵجە لە جیاتی (قزڵجە، تەڕاتەوەن، چەوتان، پێنجوێن)، زەنگەنە لە بری(زەند، زەنگەنە، شێخان داودە)، شارباژێڕ لە بری(شارباژێڕ، قەڵاچوالان، بەرکێو) داندرا.
    • دابەشکردنی قەزاکان: بەھۆی فراوانبوونی ڕووبەری قەزای(سرۆچک، قزڵجە، تەڕاتەوەن، چەوتان، پێنجوێن) حکومەت ئەم قەزاییەی دابەشکردە سەر ھەردوو قەزای سرۆچک و قزڵجە.
نەخشەی لیوای سلێمانی لە ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)
  • لەنێوان ساڵانی(١٨٧٣-١٩١٨)دا:
  1. لەم قۆناغەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (٨)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە قەزا و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە ناحیە. یەکە کارگێڕییەکانی باشووری کوردستان دەکەونە سنووری سنجاغەکانی(مووسڵ و شارەزوور و بەغدا). تا پێکھێنانی ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی(١٢٩٦ک-١٨٧٩ز)دا ھەموو سنجاغەکانی سەرەوە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون و دوای ئەو بەروارە ھەردوو لیوای سلێمانی و شارەزوور خرایە سەر ویلایەتی مووسڵ. خاڵی گرنگی ئەم قۆناغە لەوەدایە کە تۆماری زانیاری وردی یەکە کارگێڕییەکان لە ساڵنامەی ویلایەتەکاندایە. لەم گۆڕانکاریەدا قەزای قزڵجە(قەزای پێنجوێنی ئێستا) پێگەی قەزاکەی نەما لەگەڵ قەزای سرۆچک، ھەردووکیان کران بە ناحیە و خرانە سەر قەزای گوڵعەنبەر(قەزای ھەڵەبجەی ئێستا).
  2. لە(٦ موحەڕەم ١٣٢١ک-٤/٤/١٩٠٣) بڕیار دەرچووە. کە بۆ پەیوەندیدارانی صەدارەت، لە پاشکۆکانی سنجاقی سلێمانی ناحیەی قزڵجە کە دەکەوێتە سەر سنوری ئێران، لە شوێنی پێویست تابورێک سەربازی شاھانە جێگیر بکرێت، بەڵام دروستکردنی قشڵەیەک لەو شوێنەدا بۆ خەزێنەی دەوڵەت بارگرانی دروست دەکات، بۆیە بە پارەی میرەکانی جاف(مەجید بەگ و تاھیر بەگی عوسمان پاشای جاف) درووست بکرێت، لەمبارەوە نیەتباشی خۆیان پیشانداوە، بۆیە پلەکەیان لە قەپوچی باشی بۆ میری میران بەرز بکرێتەوە، لەمبارەوە لە ویلایەتی مووسڵ لە مێژووی (٨ شوباتی ١٣١٨) نێردراوە، بە قسەی کۆمیسۆن پێویستە پەلە بکرێت لە جێبەجی کردنی.
  3. ناوەندی ناحیەی قزڵجە تاوەکو ساڵی ١٩٠٤ گوندی قزڵجە بووە، لە دوای ئەو بەروارەوە شارۆچکەی پێنجوێن بووەتە ناوەندی ناحیەکە.
  4. لە(١٨ زیلحجەی ١٣٢١ک-٦/٣/١٩٠٤ز) بڕیار وابووە لە پاشکۆکانی سنجاقی سلێمانی گوندی (وێنە)ی ناحیەی قزڵجەی سەر بە قەزای گوڵعەنبەر بکرێت بە ناوەندی ناحیە، بۆ ئەم مەبەستە لەلایەنی سەر عەسکەرەوە بریار دراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی گوندی (وێنە) دەکەوێتە سەر سنوری ئێران و لە ٢٠ خانوو پێکھاتووە ناتوانێت پارێزگاری لە گوندەکانی تر بکات، بەڵام ئەگەر لە داھاتوودا سنورەکە خرایە ژێر پاراستن و گرنگی پێدرا دەتوانرێت بکرێتە ناوەندی ناحیە، بۆیە پێویستە لە کاتی ئێستادا مەرکەزی ناحیە لە پێنجوێن بمێنێتەوە، دوای ئەوەی خوێندنەوەی سەربازی بۆ کرا، بۆ ئەم مەبەستە پەلە بکرێت لە جێبەجێ کردنی.[١٢]
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٨٧٥دا
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٨٩٤دا
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٩١٢دا

سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتی[دەستکاری]

لەدوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، بۆ چەند ساڵێک ئیدارەی لیوای سلێمانی ڕاستەوخۆ لە ژێر ھەژموونی ئینگلیزدا بوو، بە پێچەوانەی لیواکانی تر کە سەر بە بەغدا بوون، بەڵام دوای واژۆکردنی پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان بەریتانیای مەزن و عێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە (١١/تەممووزی/١٩٢٣)دا بڕیاری لکاندنی سلێمانی بە عێراقەوە درا.

لەم سەردەمەدا ھیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ناحیەی قزڵجە(قەزای پێنجوێنی ئێستا) ڕووینەداوە، ناحیەی قزڵجە سەر بە قەزای ھەڵەبجە بووە، تەنھا گۆڕانکاری لە ناوی قەزاکەدا ڕوویدا کە قەزای گوڵعەنبەر گۆڕا بۆ قەزای ھەڵەبجە.

نەخشەی کارگێڕی لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٩٣٦دا
نەخشەی لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٩٥٨دا

سەردەمی کۆماری[دەستکاری]

ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (٥) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (٥) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٨ - ١٩٧٩) و سەددام حوسێن (١٩٧٩ - ٢٠٠٣)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر ئەم پارێزگایە تا ساڵی ١٩٩١ بوو. کاریگەری ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی عێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لە ناوبردنی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، وە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو، بەتایبەت ئەانەی دەوڵەمەند بوون بە سامانە سروشتییەکان.[١٣]

  • لە نێوان ساڵانی(١٩٥٨-١٩٦٥):
  1. ھێنانە کایەی قەزای پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٧١٦) لە ١٠/١١/١٩٥٩دا.
  2. ھێنانە کایەی ناحیەی گەرمک لە سنووری قەزای پێنجوێن، بە دابڕانی (٥٩) کەرت لە ناحیەی ناوەندی قەزای پێنجوێن، ناوەندەکەی گوندی گەرمک بوو بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٧١٩) لە ٤/١٢/١٩٦٠دا.[١٤]
  3. ھەڵوەشاندنەوەی ناحیەی پێنجوێن و لکاندنی ھەموو کەرتەکانی بە ناحیەی ناوەندی قەزای پێنجوێنەوە بە پێی فەرمانی ژمارە(٧٥٢) لە ١٥\٨\١٩٦٣دا.[١٥]
نەخشەی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ١٩٦٥دا
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٦٥ - ١٩٧٧):

لەم ماوەیەدا ھیچ گۆڕانکارییەک لە قەزای پێنجوێن ڕووینەدا.

  • لە نێوان ساڵانی(١٩٧٧ - ١٩٨٦)دا:
  1. دابڕاندنی ھەموو کەرتەکانی ناحیەی گەرمک و لکادنیان بە ناحیەی ناوەندی قەزای پێنجوێنەوە و گۆڕینی ناوی ناحیەی ناوبراو بۆ ناحیەی ناڵپارێز و گواستنەوەی ناوەندەکەی لە گوندی گەرمکەوە بۆ گوندی ناڵپارێز و لکاندنی (٢٦) کەرتی ناحیەی ناوەندی قەزای پێنجوێن بە ناحیەی ناڵپارێزەوە بە پێی بڕیاری وەزارەتی حکومی مەحەللی ژمارە(٢٤٧٩٦)ی ساڵی ١٩٧٩.
  2. دابڕانی (١٤) کەرت لە ناحیەی سرۆچکی سەر بە قەزای شارباژێڕ و لکاندنیان بە ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە قەزای پێنجوێنەوە بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٥٢١) لە ١٦\١٠\١٩٧٩دا.[١٦]
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٨٨ - ١٩٩٠)دا:

ھەڵوەشاندنەوەی قەزای پێنجوێن و ھێنانەکایەی ناحیەی ناوەندی قەزای پێنجوێن و بەستنەوەی بە (قەزای الاخوة).[١٧]

نەخشەی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٩دا

سەردەمی حکوومەتی ھەرێم[دەستکاری]

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩١ - ١٩٩٢)دا:

لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لە لایەن بەرەی کوردستانیەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی ١٩٨٩ بەڕیوەدەبرا، لەبەرئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان دروست نەببوو تاوەکو لەساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان دروستکرانەوە.

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩٢ - ٢٠٠٣)دا:
  1. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ژمارە(١٨) لە (٢٢ - ٩ - ١٩٩٢)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو قەزا و ناحیەیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەر لە نوێ پێکبھێنرێنەوە.[١٨]
  2. قەزای پێنجوێن دروستبووەوە و پێکھاتبوو لە (٣) ناحیە، ناحیەی ناوەندی قەزای پێنجوێن، ناحیەی گەرمک و ناحیەی ناڵپارێز.

مێژووی قەزاکە لە نەخشەدا[دەستکاری]

ئابووری[دەستکاری]

قەزای پێنجوێن ناوچەیەکە کەدەتوانرێت لەڕووی ئابوورییەوە سودێکی یٔێجگار زۆری لێوەربگیرێت و ببێتە پاڵپشتێکی بەھێزی حکومەت و ناوچەکەش.

بەپێی نەخشەی دابەشبوونی سامانە کانزاییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قەزای پێنجوێن زیاتر لە ١٣ جۆر سامانی کانزایی گرنگی تێدایە، وەک: زێڕ، یورانیۆم، ئاسن، مس، گۆگرد، مەنگەنیز، کرۆم، خەڵووز. ھەروا چەندین جۆر بەردی مەڕمەڕی گرانبەھا.

ھەرچەندە لە ساڵانی زوودا حکومەتی عێراق بەردی ناوچەکەی دەبرد بۆ شاری بەسڕە کە دوورترین شاری عێراقە لە ناوچەکەوە، بەڵام نە حکومەتی ھەرێم و نە ھیچ کۆمپانیایەک ئاوڕییان لە بەردی ناوچەکە نەداوەتەوە کە بڕیاربوو لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٦دا کۆمپانیایەکی بیانی کارگەیەکی ئاسن لە قەزاکەدا دروست بکەن.

قەزاکە خاوەنی دارستانێکی زۆری سرووشتییە کە دەتوانرێت بە مەبەستی پیشەسازی جۆراوجۆر بەکاربھێنرێت. بوونی تۆبۆگرافیا (بەرزی و نزمی) لە ناوچەکە و ئاوی زۆر و دارستانی چڕ، ھۆکارێکی زۆرباشە تاکوو بتوانرێت لەڕووی گەشت و گوزار و دروستکردنی ھاوینە ھەواری گەورە و شیاو گرنگی زیاتر بە ناوچەکە بدرێت، کە چەندین ناوچەی تێدایە کە دەتوانرێت بە کەمترین تێچون بکرێنە ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگ و لە ڕووی ئابوورییەوە حکومەت و ناوچەکەش لێی سوودمەند ببن.

بە ھۆی ھاوسنووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و کردنەوەی (سنووری نێودەوڵەتی باشماخ) وایکردوە کە قەزاکە لەڕووی ئابووریەوە ببێتە پاڵپشتێکی باشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و گوزەرکردنی ئەو ھاووڵاتیانەی کە دەچنە دەرەوەی ھەرێم و بە پێچەوانەشەوە، جگە لە (مەرزی باشماخ) کە فەرمی و نێودەوڵەتیە چەندین سنووری لاوەکیش لە ناوچەکەدا بوونیان ھەیە کە لێوەی کاڵا و شمەک دەھێنرێتە ھەرێم و بە پێچەوانەشەوە، کە ڕۆژانە خەڵکانێکی زۆر سەرقاڵی کارکردنن تێیدا.

ھەرچەندە قەزای پێنجوێن زیاتر بە ناوچەیەکی شاخاوی ناسراوە و سرووشتەکەی وایە بەڵام چەندین زەوی بەپیت و بەرەکەتیشی تێدایە کە ساڵانە سەدان و بگرە ھەزاران تەن بەرھەمیەتی، کە تەنھا بەرھەمی تەماتە لە سنووری قەزای پێنجوێندا ساڵانە زیاتر لە ١٠٠٠٠ تەنە؛ ئەمە جگە لە بەر و بوومەکانیتری وەک شووتی و خەیار و برنج و کاڵەک و پەتاتە و پیاز و ھتد.

قەزاکە جگە لەو بەر و بوومانەی کە دەستکردن و لە لایەن ھاووڵاتیانەوە بەرھەم دەھێنرێت چەندین جۆر بەرھەمی خۆڕسکیشی تێدایە وەک قەزوان، ترش، سالمە، کنگر بە گشتی و بنێشت بە تایبەتی؛ کە پێنجوێن یەکێکە لەو ناوچانەی پێی بە ناوبانگە.

لەسنووری قەزای پێنجوێندا نزیکەی ٧٠ گوند سامانی ھەنگی تێدایە کە ژمارەیان (٧٠٠ ھەنگەڵان) دەبێت و ساڵانە ئەگەر نەخۆشی ڕوویان تێنەکات ئەوا نزیکەی (٢٠ تەن) ھەنگوین بەرھەم دەھێنرێت.

لە ڕووی ئاژەڵدارییەوە قەزایەکی دەوڵەمەندە وەک مەڕ، بزن، مانگا و ھتد. ئەویش بەھۆی ھەبوونی گژوگیایەکی زۆر بۆ لەوەڕاندنی ئەو ئاژەڵانە و بونی ڕێژەیەکی باشی ئاویش لەناوچەکەدا کەئەمەش وایکردوە کەساڵانە دەیان ئاژەڵدار بە ھەزاران ئاژەڵ بھێننە ناوچەکە بەھۆی نەبوونی گژوگیا و ئاوی پێویست لەناوچەکانی خۆیاندا، وەک گەرمیان و شارەزوور.

کارگێڕی[دەستکاری]

قەزای پێنجوێن پێکھاتووە لە(٣) ناحیە و ١٨٨ گوند:[١٩]

ناحیەی ناوەندی قەزای پێنجوێن(ناوەند)[دەستکاری]

لە ٤٣ گوند پێکھاتووە:

ناحیەی گەرمک[دەستکاری]

لە ٩٠ گوند پێکھاتووە:

ناحیەی ناڵپارێز[دەستکاری]

لە ٥٥ گوندپێکھاتووە.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2018-09-13.
  2. ^ یەکە کارگێڕییەکانی ھەرێمی کوردستان. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  3. ^ پێشبینی دانیشتوان بۆ ساڵی ٢٠١٩. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  4. ^ یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی. سایتی پارێزگای سلێمانی(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  5. ^ https://wishe.net/details.aspx?=hewal&jmare=75211&Jor=4
  6. ^ محەممەد ئەمین زەکی بەگ. سەرجەمی بەرھەمەکانی ئەمین زەکی بەگ(کورد). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  7. ^ https://www.openstreetmap.org/#map=10/35.6082/45.9956
  8. ^ https://www.slemanipc.org/edara.aspx?jimare=1 ١٨ی شوباتی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  9. ^ نەوشیروان مستەفا. میرایەتی بابان لەنێوان ڕۆم و عەجەمدا(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 18-2-2023.
  10. ^ محەممەد ئەمین زەکی بەگ. سەرجەمی بەرھەمەکانی ئەمین زەکی بەگ(کورد). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  11. ^ عباس العزاوی. عشائر العراق(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 1-11-2022.
  12. ^ سالنامة ولایت موصل(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  13. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  14. ^ http://librarycatalog.bau.edu.lb/cgi-bin/koha/opac-detail.pl?biblionumber=95508
  15. ^ https://www.irakipedia.org/wiki/3774/قاعدة-التشریعات-العراقیة
  16. ^ https://moj.gov.iq/upload/pdf/4617.pdf
  17. ^ https://uomustansiriyah.edu.iq/books/94357.html
  18. ^ https://www.parliament.krd/media/6102/18.pdf
  19. ^ دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان. یەکە کارگێڕیەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان 2009 لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیە و ژینگە گەڕەک/گوند(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ١٥-٥-٢٠٢٣.