خۆر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
وێنەی ئەستێرەی خۆر کە لەلایەن ناساوە گیراوە.

خۆر (ناوەکانی تر: خوەر، ھۆر، ھوەر، وەر، بەرتاو، تاو، ڕۆژ) ئەستێرەیەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی کۆمەڵەی خۆرەوە. درێژیی تیرەی خۆر دەگاتە ١،٣٩٢،٠٠٠ کم، کە ١٠٩ جار گەورەترە لە تیرەی ھەسارەی زەوی، و ھەروەھا کێشەکەشی دەگاتە ١٠٣٠×٢ کە (٣٣٠،٠٠٠) جار لە کێشی زەوی قورسترە.

شێوەکەی بەتەواوی گۆییە و پێکھاتووە لە پلازمایەکی گەرم کە بەھۆی کادی موگناتیسی بەھێزەوە تێک ئاڵاوە. بارستایییەکەی نزیکەی ٩٩٫٩٨٪ بارستاییی ھەموو کۆمەڵەی خۆر پێکدەھێنێت. سێ یەکی بارستاییی خۆر لە ھایدرۆجین پێکھاتووە و ئەوەی دیکەشی زۆربەی ھیلیۆمە. خۆر نزیکەی ٤٫٦ میلیارد ساڵ پێش ئێستا بەھۆی داڕمانی ھێزی کێشکردنی ناوچەیەکی ھەورێکی گەردیلەیی گەورەوە دروست بووە. درەوشاوەترین تەنە لە ئاسمانی زەوی، بەشێوەیەک ١٣ بیلیۆن جار درەوشاوەترە لە دووەم نزیکترین ئەستێرە.

پێکھاتە و دیمەنی خۆر[دەستکاری]

لەبەر ئەوەی خۆر زۆر لە زەوییەوە نزیکە، زیاتر لە ھەر ئەستێرەیەکی دیکە. ئەوا گـەردوونناسەکان لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەن. بۆ تێگەیشتن لە ئەستێرەکانی تر، ئەوەی کە دۆزییانەوە سەبارەت بە خۆر دەرکەوتووە کە خۆر لە چەند چینێک لە گازەکان پێکھاتووە، بەڵام سنوور لە نێوانیاندا نییە، بەڵکو ھەر چینێک تێکەڵ بە چینەکەی دوای خۆی دەبێت.[١]

چینەکانی خۆر
  1. کڕۆکی خۆر
  2. چینی تیشکدان
  3. چینی ھەڵگرتن
  4. چینی ڕووناک
  5. چینی ڕەنگ
  6. خەرمانەی خۆر
  7. خۆرە پەڵە
  8. دەنکۆڵەکانی خۆر
  9. زمانە بڵێسەی خۆر

لە چەقی خۆردا کڕۆک ھەیە کە زۆربەی بارستاییی خۆری تیایدا کۆبووەتەوە. وزە لە کڕۆکی خۆرەوە دەردەچێت و بە چینی تیشکداندا تێدەپەڕێت و گەرمی دەکات، ھەروەک چۆن سۆپایەک ھەوای ژوورێک گەرم دەکات، پاشان وزەکە لە چینی تیشکدەرەوە دەگوێزرێتەوە بۆ چینی دەرەوەی خۆر، واتە چینی ھەڵگرتن.

لە چینی ھەڵگرتنەوە وزەکە دەگوێزرێتەوە بەرەو ڕووی خۆر، ئەویش کە ڕێی کرداری ھەڵگرتنی (گەرمی)یەوە، کە تەنۆلکە ساردەکان بە کاریگەریی کێشکردن دادەبەزن و پاڵ بە تەنۆلکە گەرمترەکانەوە دەنێن بەرەو سەرەوە ئەمەش، وەکو ئەوە وایە کە بڵقەکانی ئاو دەیکات لە قۆناغی کوڵاندا کە وزەکە دەگوێزرێتەوە بۆ ڕووی ئاوەکە.[٢][٣]

  • چینی ڕووناک: شێوەیەکی دەنکۆڵەیی ھەیە ڕووەکەی لە ناوچەی گەرم و بریسکەدار پێکدێت کە پێی دەڵێن (دەنکۆڵەکان) کە ئەمیش دەورەدراوە بە چەند ناوچەیەکی زۆر سارد و ڕووناکیی کەم. (زمانە بڵێسەوەکانی خۆر) کە لەسەر ڕووی خۆرەوە دەردەچن، بەھۆی تەقینەوەی کوتوپڕی وزەوە دروست دەبێت کە سەرچاوەکەی چینی ڕووناکیی خۆرە.
  • خەرمانەی خۆر، خۆربەند یان بەرگەھەوا: ناوچەیەکە لە گازە گەرمەکان کە ماوەی ملیۆنێک کیلۆمەتر لە چینی ڕووناک کەرەوەوە درێژ دەبێتەوە. کە دەتوانرێت تەنھا لە کاتی خۆرگیراندا ببینرێت. ھەندێک تەوژم ھەیە کە لە گەردی بچووک پێکدێت ئەویش بە خۆرەبا ناو دەبرێت و لە خەرمانەوە دەردەچێت لە میانەی کۆمەڵەی خۆردا.
  • پەڵەکانی خۆر (خۆرەپەڵە): ناوچەی تێرن یان تۆخن لە چینی ڕووناکیی خۆردا. پەڵەکانی خۆر تێر دەردەکەون، چونکە لە بەشەکان یتری خۆر ساردترن. زۆر پەڵەی خۆریش ھەن کە قەبارەکەیان لە قەبارەی زەوی گەورەترە. زاناکان بە درێژایی ھەزارەھا ساڵ تێبینیی خۆرە پەڵەکانیان کردووە. سەدان ساڵیشە ژمارەی ئەو خۆرە پەڵانە تۆمار دەکەن کە ساڵانە تێبینییان کردووە. ھەر بۆیە زاناکان وریامان دەکەنەوە کە ژمارەی پەڵەکانی خۆر زیاد و کەم دەکەن ھەموو (١١) ساڵێک بەنزیکی، ئەو ماوەیە بە ماوەی سووڕی خۆرە پەڵەکان ناودەبرێت.
  • زمانە بڵێسەی خۆر: لە خۆرە پەڵەکانەوە دروست دەبێت، ئەویش لە تەقینەوە کورتخایەنەکانی وزەوە پەیدادەبێت کە لە چینی ڕووناکەوە دەردەپەڕێت. گەورەترین بەشی وزەی زمانە بڵێسەی خۆریش (لە شەپۆلە سەروو وەنەوشەییەکان و ڕادیۆییەکان و تیشکی سینی) پێکدێت.
  • خۆرەبا: لەگەڵ دەرپەڕینی وزەدا، تەزوویەک لە گەردە خێرا جووڵەکان دەردەپەڕێتە بۆشاییی ئاسمانەوە، بەو گەردە دەرپەڕیوانە دەوترێت خۆرەبا. کاتێک خۆرەبا دەگاتە سەر زەوی، لەوانەیە ببێتە ھۆی زریانی موگناتیسی. ئەو زریانە موگناتیسییانە دەبنە ھۆی تێکدانی ڕێناسەکان (قیبلەنماکان) و سیستمی پەیوەندییەکان و بەشداری دەکات لە دەرکەوتنی ئۆڕاڕای (شەفەقی) جەمسەری باکووردا.
  • بریسکی خۆر: ئەو دیمەنانەی خۆرە کە لەگەڵ زمانە بڵێسەی خۆردا لێکدەچن، بریتییە لە ئەڵقەیەکی ڕووناک یان پەڕەیەکی گازی لە خەرمانەی خۆر. لەوانەیە بۆ چەند ڕۆژێک بدرەوشێتەوە، لەوانەشە بتەقێتەوە لە چەند خولەکێکدا و نەمێنێت.[٤][٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ پەرتووکی زانست بۆ ھەمووان بۆ پۆلی شەشەمی بنەڕەتی. وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. 2015. pp. ٣٢٤.
  2. ^ "Sun | Definition, Composition, Properties, Temperature, & Facts | Britannica". www.britannica.com. Retrieved 2021-11-23.
  3. ^ "The sun, explained". Science. 2018-09-15. Retrieved 2021-11-23.
  4. ^ Golub, L. (2001). Nearest star : the surprising science of our sun. Jay M. Pasachoff. Cambridge, Mass.: Harvard University Press. ISBN 0-674-00467-1. OCLC 44905108.
  5. ^ Golub, L. (2017). The sun. Jay M. Pasachoff, Science Museum. London, UK. ISBN 978-1-78023-757-2. OCLC 993444664.


بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]