قەزای ماوەت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
قەزای ماوەت
بە عەرەبی: قضاء ماوت
بە ئینگلیزی: Mawat District
نەخشەی سەرەوە
نەخسەی کارگێڕی قەزای ماوەت
نەخشەی خوارەوە
نەخشەی قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانیدا
Map
قەزای ماوەت
پۆتانەکان: 35°54′35″N 45°24′03″E / 35.90975°N 45.40084°E / 35.90975; 45.40084پۆتانەکان: 35°54′35″N 45°24′03″E / 35.90975°N 45.40084°E / 35.90975; 45.40084
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ کوردستان
(ھەرێمی کوردستان)
پارێزگاسلێمانی
مەڵبەندماوەت
ژمارەی ناحیەکان١
ژمارەی گوندەکان٧٧
بوون بە قەزا٢٠٠٨
دەسەڵات
 • قایمقامکامەران حەسەن فەتاح
ڕووبەر
 • قەزا٤٦٣ کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٧٩ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٩٥٩ مەتر (٣٬١٤٦ پێ)
بەرزترین بەرزایی
٢٣٤٣ مەتر (٧٬٦٨٧ پێ)
نزمترین بەرزایی
٦٥٣ مەتر (٢٬١٤٢ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • قەزا٩٬٧٩٩
 • چڕی٢١٬١ کەس لە کیلۆمەتری چوارگۆشە (٥٥٠ کەس لە میلی چوارگۆشە)
 • شاری
٨٢٢٩
 • لادێیی
١٥٧٠
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینئیسلام(سوننە)
 • ب پ م(٢٠١٧)٠٫٧٠٦[١]
بەرز · ٢ەم بۆ ١٧
ناوچەی کاتیUTC+٣ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٣ (ھاوین)
تەلەفۆن٩٦٤+
وێبگەhttp://www.slemani.gov.krd/ku/

قەزای ماوەت یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارۆچکەی ماوەتە.[٢] ژمارەی دانیشتوانی بریتیە لە ٩٬٧٩٩ نەفەر.[٣]

قەزای ماوەت بە گوندەکانییەوە پێشتر ناحیە بوو سەر بە قەزای شارباژێڕ، بەڵام بۆ ئاسانی بەڕێوەبردنی کارگێڕی قەزای ماوەت بەدابڕانی ناحیەی ماوەت و گوندەکانی دروستکرا، قەزای ماوەت بەشێکە لە ناوچەی شارباژێڕ(شارباژێڕی سەخت). خەڵکی ئەم قەزایە بۆ ناساندنی خۆیان بەشێوەیەکی گشتی دەڵێن شارباژێڕین. لە ئێستادا ئەم قەزایە لەڕووی دانیشتوانەوە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت بەھۆی چۆڵبوونی گوندەکانەوە. لە ئێستادا قەزای ماوەت پێک ھاتووە لە یەک ناحیە:

ناو[دەستکاری]

قەزای ماوەت ناوەکەی لە شارۆچکەی ماوەتەوە وەرگیراوە کە ناوەندەکەیەتی، بۆ چوونی جیاواز ھەیە لە سەر ناوی ماوەت لێرەدا ئەم بۆچوونانە ئەخەینە ڕوو:

  • گوایە ناوی ماوەت لە (ماوەند)ەوە وەرگیراوە کە میرێکی ناوچەکە ناوی ماوەند بووە.
  • گوایە لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامدا کوشتارێکی زۆر کراوە لە ماوەتدا، ئیتر لە وتراوە (موت) مردن، بەپێی کات گۆڕاوە بۆ ماوەت.

جوگرافیا[دەستکاری]

قەزای ماوەت ھاوسنوورە لەگەڵ، لە باکوورەوە شارستانی سەردەشت لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە باشوورەوە قەزای شارباژێڕ، لە ڕۆژھەڵاتەوە قەزای شارباژێڕ، لە ڕۆژاواوە قەزای دووکان.[٤]

زۆرینەی پێکھاتەی خاکی قەزای ماوەت چیا و گردە، کەمێک دەشتی ھەیە لە ڕۆخی چەمەکاندا. بەرزترین لوتکەی چیا لەم قەزایەدا لوتکەی گمۆیە کە(٢٣٤٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.[٥]

ڕووبەری قەزای ماوەت دەکاتە(٤٦٣کم٢)، وە دەکاتە لە(١٫٢٩٪) پارێزگای سلێمانی.

مێژوو[دەستکاری]

پێش فتوحاتی ئیسلام ماوەت لەسەر شاری (بانەڕۆژھەڵاتی کوردستان بووە و کەسێک بەناوی (قەھقۆن) حاکمی بانە بووە، کاتێ فتوحاتی ئیسلامی بۆ سەر سنوورەکە بە سەرپەرشتی(عەبدوڵڵا کوڕی عومەر) دەستی پێکردووە قەھقۆن حاکمی بانە لە شەڕی دژی عەرەبەکاندا کوژراوە، بەڵام کوڕێکی قەھقۆن بە پێچەوانەی باوکییەوە یارمەتی موسڵمانەکانی داوە، بۆیە(عەبدوڵڵا کوڕی عومەر) ناوەکەی گۆڕیووە بۆ (خیارەدین) و لە شوێنی (قەھقۆن) کردویەتی بە حاکمی بانە، لەدوای ئەمەوە حاکمێتی سنووری بانە پشتا و پشت ھاتووە تا سەردەمی (خان ئیسماعیل سوڵتان) فەرمانڕەوای بانە، ئەویش کوڕێکی خۆی بەناوی (ئەسکەندەر) کردۆتە حاکمی ماوەت، بەڵام ئەسکەندەر حاکمی ماوەت کەسێکی زاڵم بووە لەگەڵ خەڵکدا. ئەسکەندەرخان ئیسماعیل سوڵتان حاکمی ماوەت لە ماوەت مردووە ھەر لەوێش نێژراوە، ئێستا گۆڕەکەی لە ماوەت نزیک کانی بنچنارە، لەسەر بەردی گۆڕەکەی بە فارسی و بە نووسینی بارز نوسراوە( مزار ئیسماعیل ئەسکەندەر پاشا ماوەت).

سەردەمی بابانەکان[دەستکاری]

مەڵبەندی حکوومڕانی بابانەکان لە کوردستاندا:

لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا، لە مەریوان و سنە تاساڵی (١٣٩٦)ز. لە باشووری کوردستاندا، لە(مەرگە) تا ساڵی (١٥٩٦)، لە (دارەشمانە) سەردەمی فەقێ ئەحمەد و سلێمانی کوڕی لەسەردەمی شازدەھەمی زاینیدا، لە(ماوەت) و (قەڵای بەکراوا) لەسەردەمی حوکمداریەتی بەکربەگی باباندا (بەکرە سوور) لەساڵانی (١٦١٩-١٦٢٧)دا، لە(قەڵاچوالان) لە ساڵی (١٦٩٩-١٧٨٤)، لە (سلێمانی) لەساڵانی (١٧٨٤-١٨٥٠). لەم مێژووەوە دەردەکەوێت کە بابانەکان حکوومڕانییان کردووە لە شارباژێڕدا لە نێوان ساڵانی(١٦١٩ بۆ ١٧٨٤) لە ماوەت و قەڵای بەکراوا و قەڵاچوالان کە ھەرسێ مەڵبەندەکە دەکەوێتە شارباژێڕەوە. [٦]

لەو سەردەمەشدا (فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە) حاکمی میرنشینی بابان لە دارەشمانە کۆچی دوای ئەکات و (خان بوداغ)ی کوڕی جێگەی ئەگرێتەوە، بەھۆی نزیکی ماوەت لە سنوری میرنشینی بابان و خۆزگەی (خان بوداغ) بۆ فراوانکردنی سنووری میرنشینەکەی، ھۆزەکانی(ئاکۆ ، بڵباس ، ئالان و ماوەت بەیعەت ئەدەنە میری میرنشینی بابان، بەمە (ماوەت) ئەبێتە بەشێک لە سنووری میرنشینی بابان و لە ساڵانی (۱٦۰۸-۱٦۱۹) زاینی، خان بوداغ ماوەتی کردۆتە پایتەختی بەھار و ھاوینەی میرنشینەکەی و پایز و زستانیشی لە دارەشمانە بووە.

سەرچاوە مێژووییەکان باسی دەکەن سەردەمی حوکمی میر (خان بداغ) خەڵکی ئاسودەبوون و باری گوزەران و کۆمەڵایەتی یان باش بووە. بەھۆکاری ئەو باشیە لە ماوەتەوە توانیویەتی سنووری دەسەڵاتی فراوان بکات و ناوچەی (سیتەک)یش بخاتە سنووری فەرمانڕەوایەتیەوە. دەسەڵاتی (میر خان بداغ) بەردەوام بووە تا کۆچی دوایی و دواتر لەلایەن (میر سلێمانی) کوڕیەوە درێژە بە فەرمانڕەوایەتی بابانەکان دراوە. دوای ماوەت بنکەی سەرەکی میرنشینی بابان ھاتۆتە (قەڵای بەکراوە) و لەوێشەوە بۆ قەڵاچوالان و دواتر دروستکردنی شاری سلێمانی. سنووری ماوەت تا کۆتایی دەسەڵاتی بابانەکان لە ١٨٥٠ لەسەردەستی عوسمانیەکان، لە سنووری فەرمانڕەوایی بابانەکاندا بووە.[٧]

سەردەمی عوسمانی[دەستکاری]

گومانی تێدانییە ھۆکاری سەرەکی ڕووخانی میرنشینی بابان ناکۆکی نێوان میرانی بابان خۆیان بوون. و ئەمەش دواجار وایکرد کە میرنشینەکە لەلایەن لەشکری ڕۆمەوە لە سالی ١٨٥١ز. بە تەواوەتی کۆتایی پێبھێندرێت و میرنشینەکە بخرێتە سەر ویلایەتی مووسڵ و شارباژێڕیش سەر بە سەنجاقی سلێمانی بێت. لەدوای لە ناوبردنی میرنشینی بابان ناوچەی شارباژێڕ چووە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و سیستەمی کارگێڕی دەوڵەتی عوسمانی کە بووە قەزایەکی سەر بە سنجاقی سلێمانی سەر بە ئەیالەتی شارەزوور. لەم سەردەمەدا قەزای ماوەت بەشێک بوو لە شارباژێڕ.[٨]

  • لە نێوان ساڵانی(١٨٥١-١٨٦٩)دا:

سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بووە. لەم ماوەدا شارباژێڕ لە سێ قەزا پێکھاتووە کە قەزاکان فرە ناوەند بوون وە ئەوکات لەڕووی کارگێڕییەوە یەکەی ناحیە نەبووە، قەزاکان فرە ناوەند بوون(شینکی، گەڵاڵە، ماوەت و سیوەیل)، (ئالان، سەراو و میراوا) و (شارباژێڕ، قەڵاچوالان و بەرکێو).

  • لە نێوان ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)دا:

قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:

  1. ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی قەزاکان: بەشێکی زۆری قەزاکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بەناوی ھۆزەکانەوە بوو، لەم قۆناغەدا فرە ناوەندەکان ھەڵوەشێنرانەوە و لە جیاتی ئەوە یەک ناوی بۆ دانرا. لەوانە ناوی قەزای بازیان لە جیاتی قەزای(بازیان، چەمچەماڵ، نورە، عەشرەتی ھەمەوەند)، قەزای گوڵعەنبەر لە جیاتی (گوڵعەنبەر، ھەڵەبجە و وارماوا)، قزڵجە لە جیاتی (قزڵجە، تەڕاتەوەن، چەوتان، پێنجوێن)، زەنگەنە لە بری(زەند، زەنگەنە، شێخان داودە)، شارباژێڕ لە بری(شارباژێڕ، قەڵاچوالان، بەرکێو) داندرا.
  2. ڕێکخستنەوەی پێکھاتەی ھەردوو قەزای(شینکی، گەڵاڵە، ماوەت و سیوەیل) و (ئالان و سەراو و میراوا) لە ناو ھەردوو قەزای ماوەت و سیوەیل(وصال)دا.
  3. دابەشکردنی قەزاکان: بەھۆی فراوانبوونی ڕووبەری قەزای(سرۆچک، قزڵجە، تەڕاتەوەن، چەوتان، پێنجوێن) حکومەت ئەم قەزاییەی دابەشکردە سەر ھەردوو قەزای سرۆچک و قزڵجە.[٩]
نەخشەی لیوای سلێمانی لە ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)
  • لەنێوان ساڵانی(١٨٧٣-١٨٩٠)دا:

لەم قۆناغەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (٨)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە قەزا و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە ناحیە. یەکە کارگێڕییەکانی باشووری کوردستان دەکەونە سنووری سنجاغەکانی(مووسڵ و شارەزوور و بەغدا). تا پێکھێنانی ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی(١٢٩٦ک-١٨٧٩ز)دا ھەموو سنجاغەکانی سەرەوە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون و دوای ئەو بەروارە ھەردوو لیوای سلێمانی و شارەزوور خرایە سەر ویلایەتی مووسڵ. لەم ماوەیەدا ناوەندی قەزای شارباژێڕ شارەدێی سیتەک بوو.

نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٨٧٥دا
  • لە نێوان ساڵانی(١٨٩٠ - ١٨٩٤)دا:

قەزای شارباژێڕ لەم ماوەیەدا ناحیەی ماوەتی تێدا درووستکرا. وە ناوەندی قەزاش ھەر شارەدێی سیتەک بوو.

نەخشەی قەزای شارباژێڕ لە لیوای سلێمانیدا لە ساڵی ١٨٩٤دا
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٠٧ - ١٩١٢)دا:

قەزای شارباژێڕ وەک خۆی مایەوە و ناوەندەکەشی شارەدێی سیتەک بوو، ھەر ناحیەی ماوەتی ھەبوو.[١٠]

نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٩١٢دا

سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتی[دەستکاری]

لەدوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، بۆ چەند ساڵێک ئیدارەی لیوای سلێمانی ڕاستەوخۆ لە ژێر ھەژموونی ئینگلیزدا بوو، بە پێچەوانەی لیواکانی تر کە سەر بە بەغدا بوون، بەڵام دوای واژۆکردنی پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان بەریتانیای مەزن و عێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە (١١/تەممووزی/١٩٢٣)دا بڕیاری لکاندنی سلێمانی بە عێراقەوە درا.[١١]

  • لە نێوان ساڵانی(١٩١٨ - ١٩٣٦)دا:
  1. ھەڵوەشانەوەی قەزای مەعمورە و لکاندنی ھەردوو ناحیەی (پشدەری ١) و (پشدەری ٢) بە قەزای شارباژێڕەوە.
  2. لکاندنی ناحیەی سرۆچک بە قەزای شارباژێڕەوە پاش دابڕانی لە قەزای گوڵعەنبەر.
  3. گواستنەوەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ لە شارەدێی سیتەکەوە بۆ شارۆچکەی چوارتا.

لەم ماوەیەدا قەزای شارباژێڕ لە (٥) ناحیەی پێکھاتبوو، ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ(چوارتاناحیەی ماوەت(ماوەتناحیەی سرۆچک(گێڵدەرە تا ١٩٣١ - بەرزنجە)، ناحیەی پشدەری ١(قەڵادزێ)، ناحیەی پشدەری ٢(مەرگە).

نەخشەی کارگێڕی لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٩٣٦دا
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٣٦ - ١٩٤٧)دا:

حکومەت لەم قۆناغەدا سەرلەنوێ قەزای پشدەری ھێنایە کایەوە بە دابڕانی لە قەزای شارباژێڕ. لە پڕۆسەی سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧دا زانیاری ورد و تایبەت بە ڕەوشی کارگێڕی لیواکانی عێراق تۆمارکرا، وەکو یەکە کارگێڕییەکان، ڕووبەر و دانیشتوانەکەی، ئەمە لەلایەک و لەلایەکیترەوە پێویستی یەکە کارگێڕییەکان لە دوای تەواو بوونی پرۆسەی یەکلاکردنەوەی مافی زەوییەکانی ھەریەک لەلایەن فەرمانگەکانی تەسوییەوە کێشرا.

نەخشەی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ١٩٤٧دا
نەخشەی کەرتەکانی ناحیەی ماوەت لە ساڵی ۱۹٤۷دا
  • لە نێوان ساڵان(١٩٤٧ - ١٩٥٨)دا:
  1. ھێنانە کایەی ناحیەی سیوەیل لە سنووری قەزای شارباژێڕ و ناوەندەکەشی لە گوندی مڕانێ، بەپێی ئیرادەی مەلەکی ژمارە(٨٥٧) لە ٥/١٠/١٩٥٥دا.
  2. گواستنەوەی ناوەندی ناحیەی سیوەیل لە گوندی مڕانێوە بۆ گوندی باسنێ بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٥٦دا.
  3. بەمەش ژمارەی ناحیەکانی قەزای شارباژێڕ بووە (٤) ناحیە.
نەخشەی لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٩٥٨دا

سەردەمی کۆماری[دەستکاری]

ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (٥) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (٥) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٨ - ١٩٧٩) و سەددام حوسێن (١٩٧٩ - ٢٠٠٣)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر پارێزگای سلێمانی تا ساڵی ١٩٩١ بوو. کاریگەری ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی عێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لە ناوبردنی بزوتنەوەی سیاسی باشووری کوردستان بوو، وە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو.[١٢]

  • لە نێوان ساڵانی(١٩٥٨-١٩٦٥)دا:
    • دابڕانی (٧) کەرت و گوندی ناحیەی سیوەیل و لکاندنی بە ناوەندی قەزای شارباژێڕەوە بە پێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٦٠دا.[١٣]
    • لەم ماوەیەدا قەزای شارباژێڕ وەک خۆی مایەوە کە لە (٥) ناحیە پێکھاتبوو.
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٦٥ - ١٩٧٧)دا
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٧٧ - ١٩٨٦)دا:
  1. (أ) گۆڕینی ناوی ناحیەی ماوەت بۆ (ناحیەی کارێزە) و گواستنەوەی ناوەندەکە لە گوندی ماوەتەوە بۆ گوندی کارێزە(موجەمەعی کارێزە) و لکاندنی (٦) کەرتی ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ بە (ناحیەی کارێزە)وە بە پێی بڕیاری وەزارەتی حکومی مەحەللی ژمارە(٢٤٣٣٥)ی ساڵی ١٩٧٩، (ب) گۆڕینی ناوی ناحیەی سیوەیل بۆ (ناحیەی کەناروێ) و گواستنەوەی ناوەندەکەی لە گوندی باسنێوە بۆ گوندی کەناروێ(موجەمەعی کەناروێ) و لکاندنی (١٢) کەرتی ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ بە ناحیەی کەناروێوە بە بە پێی بڕیاری وەزارەتی حکومی مەحەللی (٢٤٣٩٦)ی ساڵی ١٩٧٩.
  2. دابڕانی (١٤) کەرت لە ناحیەی سرۆچکی سەر بە قەزای شارباژێڕ و لکاندنیان بە ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە قەزای پێنجوێنەوە بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٥٢١) لە ١٦\١٠\١٩٧٩دا.[١٤]
  3. دابڕانی (٢) کەرت لە ناحیەی سرۆچکی سەر بە قەزای شارباژێڕ و لکاندنیان بە ناحیەی شارەزووری سەر بە قەزای ھەڵەبجەوە.
  4. گواستنەوەی ناوەندی (ناحیەی کارێزە) لە جێکەوتی ئێستای بۆ ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ بە پێی فەرمانی وەزارەتی حکومی مەحەلی ژمارە(٧٨١) لە ساڵی ١٩٨٦دا.[١٥]
نەخشەی کەرتەکانی ناحیەی کارێزە لە ساڵی ۱۹۷۹دا
نەخشەی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٩دا

سەردەمی حکوومەتی ھەرێم[دەستکاری]

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩١ - ١٩٩٢)دا:

لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لە لایەن بەرەی کوردستانیەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی ١٩٨٩ بەڕیوەدەبرا، لەبەرئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان دروست نەببوو تاوەکو لەساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان دروستکرانەوە.

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩٢ - ٢٠٠٣)دا:
  1. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ژمارە(١٨) لە (٢٢ - ٩ - ١٩٩٢)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو قەزا و ناحیەیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەر لە نوێ پێکبھێنرێنەوە.[١٧]
  2. لە ساڵی ١٩٩٢دا قەزای شارباژێڕ لە ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ(چوارتا) و ناحیەی ماوەت(ماوەت) و ناحیەی سرۆچک(بەرزنجە) و ناحیەی سیوەیل(باسنێ) پێکھێنرایەوە.[١٨]
  • لە ماوەی ساڵانی(٢٠٠٣ - ٢٠١٩)دا:
  1. لە ساڵی (٢٠٠٥)دا بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای سلێمانی بۆ ئاسانکردنی پڕۆسەی کارگێڕی لە سنووری قەزای شارباژێڕدا، (٣) ناحیە درووستکران بە ناوەکانی ناحیەی سیتەک(سیتەکناحیەی زەلان(زەلان) و ناحیەی گاپیڵۆن(گاپیڵۆن). بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە(٥٥٤٦) لە (٢٩ - ١٢ - ٢٠٠٤).
  2. دابڕانی ناحیەی سرۆچک بە ھەموو گوندەکانی لە قەزای شارباژێڕ و لکاندنی بە قەزای سەید سادقەوە، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە(٣١٠٨) لە (٢-٥-٢٠٠٧).
  3. درووستکردنی قەزای ماوەت و دابڕانی ناحیەی ماوەت و ھەموو گوندەکانی و خستنە سەر قەزا تازەکە، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە(١٢١٨١) لە (٢٤-١١-٢٠٠٨)دا.

کەڵەشێر[دەستکاری]

ماوەت لەڕووی مێژووی و کلتورییەوە خاوەن مێژوو ناسنامەی تایبەت بەخۆیەتی ئەوەش زۆر تایبەتمەندی پێ بەخشیووە و تائێستاش شانازی بە داستان و مێژوو و بەھاو نەریتە باوەکانییەوە دەکات، بەڵگەی مێژووی و نوسراو و شوێنەوارە دێرینەکانی و گۆڕستانە کۆنەکانی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە ماوەت زۆر کۆنە و بەر لە ئیسلام و زاینیش شوێنێکی ئاوەدان بووە و پێدەچێت (کەڵەشێر) سمبولی ماوەتییەکان بوبێت وەک کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی، کەئەوەش لەروی زانستی مرۆڤ ناسییەوە(علم الانسان) مێژوویەکی زۆر کۆنی پێدەبەخشێت.

پەیکەری کەڵەشێر لە ماوەت

ماوەت لەروی مێژووی و کلتورییەوە ھەندێک تایبەتمەندی خۆی ھەیە، یەکێک لە نەریتە ناسراو باوەکانی ماوەت پیرۆزی (کەڵەشێر) و نەخواردنی گۆشتەکەیەتی. بەھۆی ئەم پیرۆزییەی کەڵەشێر لە ئێستادا لە ناوەڕاستی قەزاکە وێنەیەکی پەیکەری کەڵەشێر داندراوە وەکو سیمبولێک بۆ ئەو کەڵەشێرانەی بەشێک لە دانیشتوانی ماوەتیان لە کۆندا ڕزگار کردووە.

بەسەرھاتی کەڵەشێرەکانی ماوەت بە چەندان شێوە دەگێڕدرێتەوە بەڵام کورتەی بەسەرھاتەکە ئەوەیە لە سەردەمی کۆندا سوپایەکی داگیرکەر ھێرش دەکەنە سەر ماوەت، بەڵام پێش ئەوەی سوپاکە بگەن ، کەڵەشێرەکانی ماوەت دەست بە قوقاندن دەکەن، وا پێدەچێت کاتی قوقاندنی کەڵەشێرەکان کاتێکی نالەبار و بەشێوەیەکی نا ئاسایی بووبێت، بۆیە زۆرێک لە خەڵکی ماوەت دەزانن کە ڕوداوێکی نەخوازراو ڕوو دەدات، بەم ھۆیە زۆربەی خەڵکی ماوەت ماڵەکانیان چۆڵ دەکەن و روو لە شاخەکانی نزیک ماوەت، دەڵێن بەھۆی ئەم ڕووداوەوە خەڵکێکی زۆر ڕزگاریان بووە ھەر بۆیە گەورە و سەرداری ماوەتیەکان لەو کاتەدا داوا لە خەڵکەکەی دەکات وەک وەفایەک ئیتر ھەرگیز خەڵکی ماوەت کەڵەشێر سەرنەبڕن.[١٩]

ڕۆشنبیری[دەستکاری]

ماوەت لە رابردوودا و لەسەردەمی میرنشینی باباندا مەڵبەندێکی گەورەی خوێندن و خوێندەواری بووە لەناوچەکەدا و ساڵی (١٦٤٤-١٦٥٩)کە شارۆچکەی ماوەت بووەتە مەڵبەندی میرنشینی بابان شارۆچکەکە فێرگەی تێدابووە و فێرگەکە زۆر ئاوەدان بووە و (مەلا موسای ماوەتی) کە نازناوی (علامةالزمان) بووە مودەریسی ئەم فێرگەیە بووە تا ساڵی ١٦٨٣ فێرگەکە بەردەوام بووە لە خزمەتی بواری خوێندەواری لەناوچەکەدا.

ھەر لەو سەردەمەدا لەگوندی مەروێ لە ناوچەی ئالانی نزیکی ماوەت فێرگەیەکی ئاوەدانی تر ھەبووە کە کۆمەڵێک مودەریسی بەناوبانگی وەک (مەلا موسای ئالان، مەولانا ئەحمەدی ئالانی و مەلا ئیبراھیمی کوڕی) مامۆستای بوون.

ھەروەک کۆمەڵێک مەدرەسەو فێرگەی تر لەناوچەکەدا ھەبوون وەک: مەدرەسەی بێتووش، گەناو، بەلاتا، کەناروێ، ڕەشەکانی، شەھابەدین، باڵخ، مۆکەبە، گەڵاڵە، سەرگەڵو، قزلەر، زێوێ، تەڕەماری سەروو، قەرەداغ، تەکیە، خاوێ، بیارە، تەوێڵە و جێشانە.

لە ئێستاشدا ناوچەکە رێژەیەکی زۆر خەڵکی خوێندەواری ھەڵکەوتوو خاوەن پلەی زانستی بەرزی تێدایەو زۆربەی ھەرە زۆری گوندەکانی قوتابخانەیان تێدا کراوەتەوە.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

کارگێڕی[دەستکاری]

قەزای ماوەت، لە ناحیەی ناوەندی قەزای ماوەت و لەگەڵ ٧٧ گوند پێکھاتووە:[٢٠]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2018-09-13.
  2. ^ یەکە کارگێڕییەکانی ھەرێمی کوردستان. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  3. ^ پێشبینی دانیشتوان بۆ ساڵی ٢٠١٩. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  4. ^ https://www.openstreetmap.org/#map=11/35.8729/45.4113
  5. ^ https://www.openstreetmap.org/#map=17/35.92119/45.52974
  6. ^ جمال بابان, اعلام الکورد (2017). "اعلام الکورد-جمال بابان - ٢٠١٠ -رقم الایداع ۲٤۷۳ لسنة ۲۰۰۹/تم منحە من قبل وزارة الثقافة ص ٢٥٥-٢٥٦". کتاب: 76. doi:10.37613/1678-000-006-007.
  7. ^ http://slemani.gov.krd/so/newsDetail.php?newsID=847&secID=5
  8. ^ ich, Cladius James, Narrative of a residence in Koordistan: and on the site of ancient Nineveh; with journal of a voyage down the Tigris to Bagdad and an account of a visit to Shirauz and Persepolis, 1860, p. 140-160.
  9. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  10. ^ ساڵنامەی عوسمانی ١٣٩٤ - ١٣٩٨(تورکی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  11. ^ محمود فھمی درویش. الدلیل العراقی الرسمی لسنة ١٩٣٦(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  12. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  13. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/25.html
  14. ^ https://moj.gov.iq/upload/pdf/4617.pdf
  15. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/6829.html
  16. ^ https://uomustansiriyah.edu.iq/books/94357.html
  17. ^ https://www.parliament.krd/media/6102/18.pdf
  18. ^ گۆڤاری پەرلەمان ژمارە(٢) تیشرینی یەکەم١٩٩٢، بڕیاری ژمارە(١٨) لە (٢٢ - ٩ - ١٩٩٢) پاشکۆی(١)
  19. ^ http://slemani.gov.krd/so/newsDetail.php?newsID=847&secID=5
  20. ^ دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان. یەکە کارگێڕیەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان 2009 لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیە و ژینگە گەڕەک/گوند(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ١٥-٥-٢٠٢٣.