سەڵماس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
سەڵماس
Selmas
شارۆچکە
Սալմաստ - Salmas - سلماس - کورد شار - شاھپور - دیلەمان - ܣܵܠܵܡܵܣ‎ - دیلمەقان
دیمەنی شارۆچکەی سەڵماس
دیمەنی شارۆچکەی سەڵماس
سەڵماس is located in ڕۆژھەڵاتی کوردستان
سەڵماس
سەڵماس
جێگەی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا
سەڵماس is located in Iran
سەڵماس
سەڵماس
جێگەی لە ئێراندا
پۆتانەکان: 38°11′50″N 44°45′55″E / 38.19722°N 44.76528°E / 38.19722; 44.76528پۆتانەکان: 38°11′50″N 44°45′55″E / 38.19722°N 44.76528°E / 38.19722; 44.76528
وڵات کوردستان
 ئێران
پارێزگاورمێ
شارستانسەڵماس
ناوچەسەڵماس
دروستبوون٢٢٤–٢٤٢ زایینی
دروستکردنەوە١٩٣٠
دەسەڵات
 • قایمقامقەھرەمان نەصیری صەدقیانی
ڕووبەر
 • سەرجەم٩٫٢٦ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٣٫٥٨ میلی چوارگۆشە)
 • وشکایی٩٫٢٦ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٣٫٥٨ میلی چوارگۆشە)
 • ئاو٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٠ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی١٣٩٦ مەتر (٤٬٥٨٠ پێ)
ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٦)
 • سەرجەم٩٢٬٨١١
سەرناوی دانیشتووسەڵماسی
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (کورمانجیئازەری، ئەرمەنی، ئاشووری
 • ئایینئیسلام (سوننە و شیعەمەسیحی
ناوچەی کاتیناوچەی کاتی (UTC+٣:٣٠)
 • ھاوین (DST)ھاوین (UTC+٤:٣٠)
تەلەفۆن٠٤٤١
وێبگەsalmas.ir

سەڵماس (بە فارسی: سلماس‎، بە کوردیی باکووری: Selmas، بە ئازەربایجانی: Dilməqan، بە ئەرمەنی: (سەڵماست Սալմաստ)[١] ناوەندی شارستانی سەڵماس لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە ئێران. دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێوە، نزیک بە باکووری کوردستان(تورکیا). بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٩ ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە (١٢٧٬٨٦٤)کەس بووە.[٢] دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە زۆرینەی پێکھاتووە لە کورد و ئازەری و کەمینەی ئەرمەنی و ئاشووری و جوو.[٣] شارۆچکەیەکی بازرگانی ھەڵکەوتووە بەھۆی شوێنی جوگرافیایییەکەیەوە و ھەروەھا شارۆچکەیەکی گەشتوگوزارییە بەھۆی سروشتە جوانەکەیەوە، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی شوێنەوارناسان لە ساڵی (١٩٩٢)دا لە گردەکانی دەوری ئەم شارۆچکەیەدا کردویانە تەمەنی سەڵماس نزیکەی (٩)ھەزار ساڵ دەبێت.

شارۆچکەی سەڵماس تەنھا شاری ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان و پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایە کە بەشێوەی شەترەنجی دروستکرابێت، ئەمە شێوەیەکی نوێ و شارستانییە لە ئەندازەی دروستکردنی شەقام و کۆڵانەکاندا بە شەوەی شەترەنجی بۆ شارەکان، ئەم شێوەیە بارێکی تایبەتی بەم شارۆچکەیە بەخشیوە کە لە شار و شارۆچکەکانی تری ئێراندا بەدی ناکرێت.

سەڵماس لەچەند ھەزارەی سالانی پێشوودا شارێکی گرنگی ناوچەی ئازەربایجان بووە و دەورەکی گرنگی ھەبووە لە باری ڕامیاری ئێراندا، خەڵکی سەڵماس دەورێکی گرنگیان بینیوە لە بەرەوپێشچوونی وڵاتدا و سەڵماس یەکێک بوو لە شوێنە سەرەکییەکانی سەرھەڵدانی شۆڕشی دەستووری ئێران.

ناو[دەستکاری]

چەند بۆچوونێک ھەیە لەسەر ناوی سەڵماس:

  • ئەگەری ھەیە ناوی ئەم شارۆچکەیە دەگەڕێتەوە بۆ ناوی پاشای ئاشووریەکان کە ناوی (سەڵمان نەسر) بووە.
  • (دیلمان یا دیلمەقان) ناوی ھۆزێکی کوردە کە لە سنووری ئێران و تورکیای و پارێزگای دێرسم دەژین و ئەم شارۆچکەیە ئەوان ئاوایان کردبێت و ناوی ئەوانی وەرگرتووە.
  • (شاھپور) لەوەوە ناونراوە کە دوای ئەوەی ئەم شارە بوومەلەرزە لێی دا و کاول بوو، سەردەمی ڕەزا شا بوو و فەرمانی کرد بە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە ئیتر لەوەوە ناویان نا شاھپور واتا شازادە.
  • (شاری کورد) لەوەوە ناوی وەرگرتووە کە دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە لە کۆندا کورد بوون و ئەوناوە لەوەوە وەرگیراوە.

مێژوو[دەستکاری]

سەردەمی دێرین[دەستکاری]

گردی ئەریڤان

کوڵتەپەی ٩٬٠٠٠ ساڵی (گردی ئەریڤان)

گردی ئەریڤان یەکێکە لە کۆنترین شوێنەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین، دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای شارۆچکەی سەڵماسەوە. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دێرینەناسی لە کوڵتەپە چەندەھا شتومەکی دێرین دۆزراونەتەوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە سەڵماس شوێنێکی دێرینە. ئەم گردە لە گۆڕەپانێکی فراواندایە، ئەمە ئەوە بەدەردەخات کەوا ئەم شارە دانیشتووانی زۆر بووە.[٤]

بەداخەوە فراوان بوونی شار و دروستکردنی خانوو لەدەوری ئەم گردە بووەتە ھۆی وێران بوون و ڕێگری لە کاری لێکۆڵینەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ. ھەتا ئێستا لێکۆڵینەوەی تەواو لەم گردە نەکراوە کە ڕوونکردنەوەی تەواو بدات بەدەستەوە.[٥]

دەوڵەتی ئاراتا[دەستکاری]

شوێنی ئاراتا بەنزیکەیی

ھەرچەندە تاوەکو ئێستا شوێنی شاری دەوڵەتی ئاراتا دیار نییە، بەڵام ھەندێ لێکۆڵەر دەڵێن شوێنەکەی لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێیە، ئەمە لە تابلێتەکانی سۆمەریەکاندا نوسراوە (ئاراتا لەسەر گردێک ئاوەدانکراوە). بە ئاوی ژێرزەوی ئاوی ئاراتایان دابینکردووە. لەسەر ڕێی ئاراتا لە چیای ھوروم (لوگاڵ باندا) پاشای سۆمەریەکان نەخۆش کەوتووە، قەڵای زیوەجیک کە لە باشووری سەڵماسە، دەشێت ئاراتا بێت و ھەروەھا چیای قارنیارق (چیای سێ برا)، دانیشتووانە کۆنەکەی ئەم چیایەیان بۆ ئاوی ژێرزەوی بەکارھێنابێت.[٥]

چیای قارنیاق

شتێکیکە کە شایەنی تێڕامان بێت؛ چیای ئەراویڵە لە ڕۆژاوای سەڵماس، ئەرا، ناوی ئەرا+ویل کە لەھەمان ناوی ئارا+تا دەچێت. (ساموێل نوح کرامەر) شارەزا لە مێژووی سۆمەریەکاندا دەڵێت؛ نابەجێیە مرۆڤ ھەڵسەنگاندی ئەوە بکات کە یەکەم جێگای حووریەکان نزیک دەریاچەی وان و چیای ھورومە، کە چیای ھوروم نزیک بە دەریاچەی ورمێیە، دەتوانن بگەنە ئەنجام لە ڕۆژھەڵاتی دووردا. لەڕاستیدا؛ ئینمیرکار سەردانی ئاراتای کرد دووھەزار ساڵ دوای سەرجۆنی دووەم(٧١٤پ. ز)، مانناکان توانیان بەراوردی سەردانەکە بکەن، لەم چیرۆکەدا دەگێڕنەوە کە بە ڕووبارێکدا تێپەڕیوون ناوی ئاراتا بووە، دەشێت ئەم ناوە پاشماوەی ناوی شاری ئاراتا بێت.[٦][٧]

گردە دێرینەکان[دەستکاری]

گردەسەر

پاش لێکۆڵینەوە و کنەکردن لەلایەن دێرینەناسەکان لە گردە دێرینەکانی سەڵماسدا ئەوە دەرکەوت کە سەڵماس ناوەندێکی یەکلاکەرەوە بووە لە کاتە جیاوازەکاندا، گردە دێرینەکان پاشماوەی سەردەمە جیاوازەکانی تیا دۆزراوەتەوە وەکو (گڵکار، مەنجەڵ، سووراحی گڵین، قاپی نیگار کێشراو، کاسەی ئاو و … ھتد)، ئەمە ئەوە دەردەخات کەوا ئەم ھەرێمە داگیرکراوە لەلایەن سۆمەری و گۆتی و حووری و مانناکان و ئورارتووەکان و جێدەستیان دیارە بە ھەرێمەکەوە.

گردە دێڕینە تۆمارکراوەکانی سەڵماس: (گردی ئەریڤان، گردەسەر، گردی ھەفتیوان، گردی ھەمزەکەندی، گردی شۆرک، گردی ھۆدەر، گردی قەباق، گردی دیریش، گردی پەیەجوک، گەورقەڵا).[٧]

سەردەمی ئورارتوو[دەستکاری]

  • ئورارتووەکان یەکەمین نەتەوەی جیھان بوون کە ئاودان بە جۆگەی کشتوکاڵیان داھێنا.
گوڵیزان بەشێکە لە ئورارتوو

لەسەردەمی سەرھەڵدانی ئیمپراتۆری ئاشوورییەکاندا و دروستکردنی سوپای نوێ و ھێزە بەکرێگیراوەکاندا، بەھۆی کەمی بەردی بەنرخ و زێڕ و سەرچاوەی بەردی بەکارھێنراو لە دروستکردنی بینادا لە مێزۆپۆتامیادا، ڕوویانکردە چیایەکانی باکوور و ڕۆژاوا. ئاشوورییەکان چەندین جار ھێرشیان کردە سەر سەڵماس بەھۆی ئەوەی کەوتبووە ناوچەی چیایەکان. ھەموو جارێک کە ئاشوورییەکان ھێرشیان دەھێنایە سەر ناوچەکە کۆمەڵکوژیان دەکرد و خەڵکی ناوچەکەیان بەدیل دەگرت و ھەروەھا خەڵکەکەیان ڕادەگوێزا بۆ ناوچە دوورەکان و ئاشوورییان دەھێنا و نشتەجێیان دەکردن. ئەو ئاشووریانەی کە ئێستا لە گوندی خوسروئاوا دەژین دەگەڕێنەوە بۆ ئەو سەردەمە. لە تابلێتە نوسراوەکانی ئاشوورییەکاندا ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێ ناوی بە (گلیزان) ھاتووە، ئەم ناوەش زۆر لە ناوی گوندی گوڵیزان دەچێت کە کەوتووەتە باشووری شاری سەڵماسەوە، میری گوڵیزان کە ئاشووری بوو لە ساڵی(٨٢٣پ. ز) تەڤلی حکوومەتی ئورارتووەکان دەبێت. ئەم مژارە بووە ھۆی ئەوەی کە ئاودانی کێڵگەکان لە ناوچەی سەڵماسدا پێشبکەوێت. لەو سەردەمەدا لە نزیک دەریاچەی ورمێ شارۆچکەیەک ھەبووە بەناوی (ئولەھو) کە ئەمەش لەئێستادا گوندی ئولەقە لە باشووری سەڵماس. ئیدوین ڕایت لێکۆڵەرێکی دێرینەناسی دەڵێت شوێنی (ئولەھو) شارۆچکەی سەڵماسە و ھەروەھا ناوچەی چلیاکۆموس کە لە بەڵگەنامەکانی ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمیدا ھاتووە دەڵێت ناوچەی سەڵماسە.

دۆزینەوەی پەیکەرێکی فەرمانڕەوای گۆتیەکان لە سەڵماس

لە سەدەی(٩پ. ز) دا دەوڵەتێکی سیاسی گرنگ لە ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێ ھەبووە بە ناوی گوڵیزان کە ئەمە لەلایەن قەیسەری دووەم (توکولتی نینورتان) لە ساڵی(٨٩٠–٨٩٤پ. ز) وتوویەتی. لەسەردەمی (ئاشوور بانیباڵ)دا لەدژی زاموا و گوڵیزان و ھارتیش ھێرشی کردەسەریان و تاڵان و وێران و کۆمەڵ کوژیکردن. گوڵیزان شوێنێکی گرنگ بوو بۆیە چەندین جار لەلایەن ئاشوورییەکانەوە داگیرکراوە. فەرمانڕەوای دەکران لەلایەن قەیسەرەوە و لەنیوەی سەدەی نۆی پێش زایینی حکوم دەکرا لەلایەن (ئاسو) و (ئوپو)، (ئاسو) حوکمی کرد بۆ ماوەیەکی درێژ، لە ساڵی(٨٥٦پ. ز) دا (ئاسو) بە خۆی و کوڕەکانی و براکانی چووە پێشوازی (ئاسو). ئەمە ئەوە دەسەلمێنێ کە (ساڵمانسەری سێیەم) سەرۆک ھۆزێک نییە، بەڵکو سەرکردەیەکی خانەدانە. (ساڵمانسەری سێیەم) ھەرچەندە ستونێکی سەرکەوتنی لە کڵێسای گوڵیزان دانا بەڵام ئەمجارە ئاشوورییەکان وڵاتیان تاڵان نەکرد. لە کۆتایی سەدەی(٩پ. ز) دا دەوڵەتی ئورارتووەکان فراوان بوو، گوڵیزان داگیرکراو بووە بەشێک لە ئورارتوو.[٧]

سەردەمی ماد[دەستکاری]

دوای ئەوەی دەسەڵاتی مادەکان فراوان بوو زۆرینەی ڕۆژھەڵاتی ناوینی ئێستا کەوتە دەستیان، ناوچەی سەڵماسیش بەشێک بوو لە دەوڵەتی ماد.

سەردەمی ئەترۆپاتینا[دەستکاری]

شارۆچکەی سەڵماس بەشێک بوو لە ئەترۆپاتینا، لە (نەخشەی سترابۆ)دا کە ساڵی(٢٠پ. ز) دا کێشراوە ناوی سەڵماس بە (سیمباسا) و (سیمباکا) ھاتووە، حکومی ئەم شارۆچکەیە لەگۆڕانکاریدا بوو لەنێوان (ئەترۆپاتینا) و ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمی، سەڵماس زۆر وێران بوو.[٧]

سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ئەشکانی[دەستکاری]

ڤلادیمیر مینۆرسکی ڕۆژھەڵاتناسی ڕووسیای دەنوسێت کەوا سەڵماس لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانی و ئیمپراتۆریەتیی ئەشکانی بەشێک بووە لە (ئەرمەنستانی ساسانی).[٧]

سەدەکانی ناوەڕاست[دەستکاری]

پێش ئیسلام[دەستکاری]

نەخشی خانتەختی

نەخشی خانتەختی لە دوورەوە
نەخشی خانتەختی لە نزیکەوە
وێنەکردنی نەخشی خانتەختی

نەخشی خانتەختی دەکەوێتە چیایەکی نزیک گوندی خانتەختی لەسەر ڕێگای ورمێ-سەڵماس، بەپێی لێکۆڵەرانی شوینەوارناسی ئێران ئەم نەخشە ھی ئەردەشێر بابەکانی شای ئیمپراتۆریەتیی ساسانیە و (ئەسکەندەر)ی ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمی کە سەرکەوت لە جەنگی (سیڤیروس) بەپێی سەرچاوە ئەرمەنییەکان ئەم دیاری بووە و داویەتی بە ئەردەشێر بابەکان. ھەرچۆنێک دەڕوانینە ڕوخساری مرۆڤی نەخشی خانتەختی دەردەکەوێت کە ئەم نەخشە ساسانییە لەبەرئەوەی لە نەخشە ساسانییەکانکەدا بە ھەمان ڕوخسار و شێوە دەردەکەون ھەمان کلتورە.[٧]

کەنیسەکان

دێرەکانی سەڵماس

لە باشوور و باکووری ئازەربایجان لەپێش ئیسلامدا زۆرینەی ئەم ناوچەیە مەسیحی بوون و مەسیحییەت حکومی کردوون، لە کەنیسەکانی سەڵماسدا سەرەتای مەسیحییەتی ئەرمەنی و ئاشوورییەکان دەردەکەون و ھەروەھا لەو دەمەدا زۆرێک لە کوردەکان مەسیحی بوون، و ئەم ناوچەیە دەستاو دەستی کردووە لە نێوان ئیمپراتۆریەتیی ئەشکانی و ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمی و لەدوایشدا ئیمپراتۆریەتیی ساسانیدا. لە ئێستادا کەنیسەیەک نابینین لەناو سەڵماسدا، ئەوەی کە ھەیە لە دەوروبەری سەڵماسە کە ئەمانەن:(دێرا ھەفتیوان، دێرا قزڵجە، دێرا ماری یاقوب، دێرا ئەسگی، دێرا وانگ، دێرا قەڵاسەر، دێرا باغچەجوک، دێرا دریش).

لە سەڵماس بە دێرا مەسیحیان دەڵێن دێرا ئەرمەنی لەبەرئەوەی ئەرمەنییەکان مەسیحین، لە خوسرەوئاوا ئەرمەنی ھەیە، لەراستیدا ئەم دێرانە ھی پێش ئیسلامن و ئەوکات ھەموو مەسیحی بوون و ھەر ئەرمەنییەکان مەسیحی نەبوون.

دوای ئیسلام[دەستکاری]

مێژوونووسانی سەدەی(٩–١٠ز) لە نووسینەکانیاندا دەڵێن کەوا سەڵماس دەکەوێتە ڕۆژاوای ھەرێمی ئازەربایجان، لەسەر سنووری ئەنادۆڵ. سەڵماس لەگەڵ خۆی یەکەم شارۆچکەی ھەرێمی ئازەربایجان بوون کە ئیسلامیان وەرگرتووە. (عیاض بن غنم) فەتحی ئەرمەنیا و ناوچەی دەوری دەریاچەی وانی کرد لە ساڵی(٦٣٩ز) دا، پاش ماوەیەک شارۆچکەی خۆی و سەڵماسی فەتح کرد. الواقدی(٧٤٧–٨٢٣ز) ئەمەی نووسی؛ کەمێک لە خەڵکی سەڵماس و خۆی موسوڵمان بوون و داوایان لە موسوڵمانان کرد کەوا مامۆستایان بۆ بنێرن تاوەکو ئایینی ئیسلامیان فێربکەن.

لەبارەی سەڵماسەوە گەڕیدە و جوگرافیناسانی سەدەی(٩–١٠ز) زانیاریان لەسەر نووسیوە بەڵام بە شێوەیەکی چڕوپڕنا. وادیارە سەڵماس لەو کاتەدا زۆر گەورە نەبووە و دەورێکی گرنگی نەبووە لە ڕووی ڕامیاری و ئابووری و ڕۆشنبیری لە وڵاتدا. (یاقوت الحموی) مێژوونووسی گەورە، دەنووسێت لە سەدەی(١٣ز) دا لە کاتی داگیرکردنی ئیمپراتۆریەتیی مەغۆلەکاندا سەڵماس بە تەواوەتی وێران کراوە.

حەمدوڵڵا موستەوفی لە نووسینی لەسەر سەڵماس دەڵێت ئەم شارۆچکەیە لەسەردەمی (ئیلیخانییەکان) دا دروست بووەوە و بەرەو پێش چوو؛ و دەستیشانی دەکات کە قەڵا ڕووخاوەکەی لەسەردەمی وەزیری ئیلیخانییەکان (تاج‌الدین علیشاه جیلانی) نوێکرایەوە و دەنوسێت کە درێژی دیواری قەڵاکە (٨٠٠٠پێیە) کە دەکاتە (٦٬٤٣کم). و ئاماژەی بەوەداوە کە دانیشتووانی سەڵماس ئیسلامن و لەسەر ئایینزای سوننەن بە توندی.[٨]

ھاتنی سەرەتای موسڵمانان[دەستکاری]

لە سەردەمی خەلافەتی ڕاشدیندا و لە سەردەمی عومەر کوڕی خەتتابدا کە (عتبة بن فرقد السلمی) نارد بۆ فەتحی مووسڵ و ھەرێمی ئازەربایجان. لە ساڵی(٦٤١ز) دا شارەکانی ورمێ و خۆی و سەڵماسی فەتحکرد. البلاذری دەگێڕێتەوە لە زمانی خەڵکی مووسڵ، کە (عتبة بن فرقد السلمی) کاتێک مووسڵ و ورمێ و خۆی گرت و باجی لەسەر دانان بەھەمان شێوە لە سەڵماس و ناوچەکەدا جێبەجێی کرد و ئارامی و ئاسایشی تیادا بەرقەرار بوو.[٧]

زمان و ڕۆشنبیری سەڵماس لە سەدەی(١٩)دا[دەستکاری]

پێش ئەوەی موسڵمانە عەرەبەکان خاکی ئازەربایجان داگیربکەن، زمان و کەلتوری خەڵکەکە پێکھاتبوو لە زمانی کوردی و زمانی ئەرمەنی و زمانی ئاشووری و زمانی تاڵشی، کە یەک زمانی یەکگرتوو نەبوو لە ناوچەکەدا. لەسەردەمی داگیرکاری عەرەبدا، زمانی عەرەبی لە نێو خەڵکدا بڵاو بووەوە و فێربوون بەھۆی ئەوەی کە زمانی فەرمی دەوڵەت و ئایین و وێژە و کاروباری سەربازی بوو. ھەروەھا زمانی عەرەبی لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا پەرەی سەند و جێی زمانە ناوچەیییەکانی گرتەوە. لەم سەردەمەدا لە سەڵماس تەنھا زمانی کوردی لە ئارادا بوو.[٧]

سەردەمی تەڤگەرا خورەمییەکان[دەستکاری]

لە ساڵی (٨١٧ز) دا بابەک سەرکردەی جووڵانەوەی خورەمییەکان ھەرێمی ئازەربایجان و شارۆچکەی سەڵماسی خستە ژێردەستی خۆی. لە ساڵی(٨٢٣ز) دا عەلی سەداقە چووە پاڵ جووڵانەوەکەی بابەک، پاش چەند ساڵێک باپیری سەداقە شاری ورمێی گرت لەگەڵ دەوروبەری کە سەڵماس یەکێ بوو لەوانە.

سەردەمی سەلاریان (سالاریان)(٩١٩–١٠٦٢)[دەستکاری]

ئەوپەڕی دەسەڵاتی سالاریان

مەرزەبانی کوڕی محەممەد(٩٤١–٩٥٧) کە حکومداری سالاریان بوو، لەگەڵ دەیسەم کوڕی ئیبراھیمی کورد(٩٣٥–٩٤٢) کە حاکمی ئازەربایجان بوو، کەوتنە جەنگەوە و توانی بەسەر دەیسەمدا سەربکەوێت و دەسەڵاتی بەسەر ئازەربایجاندا گرت. حکومداری شاری سەڵماس (ابوالھیجاء)(٩٤٤–٩٦٠) بوو کاتێک مەرزەبان بەسەر دەیسەمدا سەرکەوت، ئەم دەسەڵاتی مەرزەبانی قبوڵ کرد و وتاری ھەینی کرد بەناوی مەرزەبانەوە. لە ساڵی(٩٤٥ز) دا، دەوڵەتی حەمدانی (ناسری دەوڵە حەسەن کوڕی عەبدوڵڵا) بەسەرکردایەتی ئامۆزاکەی (حوسێن بن سەعید) بەھێزێکی گەورەوە ھێرشی کردەسەر ھەرێمی ئازەربایجان، ئەم ھەواڵە گەشت بە مەرزەبان، کەلەوکاتەدا لەجەنگدا بوو دژی ڕووسەکان لە باکووری ئازەربایجان، بەبیستنی ھەواڵەکە گەڕایەوە بەرەو سەڵماس، (حوسێن بن سەعید) لە پشت دیواری قەڵای سەڵماس وەستا و چاوەڕێی مەرزەبانی کرد، بەھۆی مردنی ئەمیری ئومەرای خەلافەتی عەباسی، بەو ھۆیەوە (ناسری دەوڵە) چوو بۆ بەغداد و نامەی نارد بۆ ئامۆزاکەی ئیتر کشایەوە لە سەڵماس و کەوتە ژێردەسەڵاتی سالارییەکان. دەیسەم دیسان بە سوپایەکەوە لە دەرەوەی شاری تەورێز لەگەڵ (مەرزبان کوڕی محەممەد) بە شەڕ ھات بەڵام دیسان بەزا و ڕای کردە ئەردەوێڵ و دوای گەمارۆیەکی دوورودرێژ، ملی دا بە ئاشتی. پاشان لە ساڵی (٣٤٢)ی ک.م. دەیسەم چوو بۆ بەغداد لای (موعزەددەولەی دەیلەمی) و داوای یارمەتی کرد بۆ بە بەرەنگاری لەگەڵ (مەرزبان) بەڵام ھیچی دەست نەکەوت بۆیە چوو بۆ مووسڵ لای (ناسرەددین کوڕی حەمدان) و ئەویش دەستکەوتێکی نەبوو. پاشان چوو بۆ شام بۆلای (سەیفەددەولە) و ھەتا ساڵی (٣٤٤ی ک. م) لەوێ مایەوە. دەیسەم بە بانگێشتنی کوردان دیسان گەڕایەوە بۆ ئازەربایجان بەڵام لەلایەن مەرزبانەوە تێکشکا و ڕای کردە ئەرمەنستان و پەنای بۆ ڕاژۆری ئەرمەنی برد. بەڵام ڕاژۆری ئەرمەنستان لە ترسی مەرزبان، دەیسەمی بە دەستەوە دا. مەرزبانیش کردییە ناو بەندیخانەوە و چاوەکانی کوێر کرد و پاش مردنی مەرزبان، لەلایەن لایەنگرانی مەرزبانەوە کوژرا. سالارییەکان لەبنەچەدا کوردن.[٧]

سەردەمی ڕەوەندی(٩٥٥–١٠٧١)[دەستکاری]

قەڵەمڕەوی ڕەوەندی

ڕەوەندی ھۆزێکی کورد بوون و بەشێک بوون لە ھۆزی مەزنی ھەزەبانی. ڕەچەڵەکی سوڵتان سەلاحەدینی ئەییووبی کوردنەژاد لەم ھۆزەیە. دانیشتووی دێرینی تەورێز و مەراغە و ورمێ بوون و زۆزانی چیای سەھەندی نزیک تەورێز ھاوینەھەواری شوانکارەی ئەم ھۆزە بووە و ڕەشماڵیان لە بناریدا ھەڵداوە، دەشتی ھەولێر و دەشتی بەربڵاوی ڕۆژھەلاتی مووسڵ، (ناوکوڕ و خازەر) گەرمیانیان بووە. وەک دیارە ئەم ڕەوەندانە و ڕێچکەی گەرمیان و کوێستانیان تا ئەمڕۆش درێژەی ھەیە و ھۆزی بەربڵاوی ھەرکی و سوورچی و ڕەوەندۆک جێگرەوەن.

ئەم ھۆزە دەوڵەتی ڕەوەندیان دامەزراند لە ساڵی(٩٥٥–١٠٧١\١١١٦) دوای ئەوەی بەسەر دەسەڵاتی سالارییەکاندا سەرکەوتن. لە دەورانی دەوڵەتی ئەمەوی و سەرەتای عەباسییەکان (سەدەی ھەشتەمی زایین) ڕۆلی حوکمرانیان لە دەشتی ھەولێرەوە تا شارەکانی ئازەربێجان و (ئاران) دا ھەبوو. ساڵی (٩٥٥ تا ١٠٧١ز) میرنشینێکی بە ھێزیان لە تەورێز و مەراغە دامەزراند پاش ئەوەی ساڵی (٩٧٩ز) ئیبراھیمی مەرزەبانی مسافری دەیلەمیان لە ئازەربێجان وەدەرنا. (وەھشودانی کوری مەملان) و (محەممەدی کوری حسین) دوو لە میرە ناودارەکانی ئەوسا بوون لە ساڵی (١٠٢٩ز) لە تەورێزەوە بە ھانای ھۆزی ناوداری ھەزەبانی چوو لە دژی ھێرشە ئۆغوزە تورکەکان بۆ سەر مەراغە و تێکیان شکاندن ئەم ھێرشەش بە سەرتای ھێرشی تورکان دێت بۆ سەر خاکی کوردنشینی ئازەربێجان. میر (وەھشودان) دواتر کورەکەی خۆی ناردە سەر شاری ئەردەوێڵ و (موغان)ی لە دەست (سپیھبود) دەرھێنا. (مەملانی دووەم) قەڵایەکی گەورەی لە ئەردەوێڵ دروست کرد.[٧]

سالی (١٠٥٤ز) (توغرولی تورک) ھێرشی کردە سەر تەورێز و میر (وەھشودان)ی بەزاند و ھەریمەکەی خرایە سەر دەسەلاتی دەوڵەتی سەلجووقییەکان.[٩] ساڵی (١٠٧١ز) کاتێک ئالب ئەرسەلان لە ھێرشی سەر ئیمپراتۆریەتیی بیزەنتی لە دیوی ئەخلات و ئەرزیڕۆمەوە بە تەورێز و سەڵماسدا ڕەتبوو (مەملان)ی جێگرەوەی (وەھشودان)ی لاداو (ئەحمەدیلی کوری وەھشودان)ی میری مەراغەی لە جێگەی دانا و یاوەری (سولتان محمد مەلیکشای سەلجووق) بوو لە جەنگی سالی (١١١٠ز) لە دژی ئیمپراتۆریەتیی بیزەنتی لە باکووری سووریا. ئەو میرە لە دیرۆکدا ناسراوە بە (احمدیل بن ابراھیم بن وھشودان الروادی الکردی) لە شەرێکدا لە دژی (خاچییەکان) بە سەرکردایەتی (جوسلین) لە (تەلبەشیر)ی نزیک شاری گازی ئانتەپ پەیماننامەیەکی ئاگربەسی مۆرکرد. (میر ئەحمەدیل) ساڵی (١١١٧ز) لە بەغداد بە دەست ئیسماعیلیەکان کوژراو بەلام وەچەکانی ھەر لە حوکمی مەراغە مانەوە و بە ئەتابەگی مەراغە ناسران و تا ھاتنی لیشاوی مەغۆلەکان لە ساڵی(١٢٢٧ز) ھەر بەردەوام بوو.[١٠]

سەردەمی دەوڵەتی سەلجووقی(١٠٣٧–١١٩٤)[دەستکاری]

لە ساڵی (١٠٥٣ز) دا (تۆغڕوڵ بێگ)، دەسەڵاتی ڕەوەندیەکانی گرێدا بە دەوڵەتی سەلجووقی لە ئەوکاتدا حکومداری ئازەربایجانیان دەکرد. لە ساڵی (١٠٦٣ز) دا مەسیحیەکانی دانیشتووی ئازەربایجان بە پشتگیری ئیمپراتۆریەتیی بیزەنتی پەلاماری ڕۆژاوای ئازەربایجانیاندا. ھەرچۆنێک بوو، لەشکری سەلجووقی لە ڕۆژاوای سەڵماس و ڕۆژاوادا و باکووردا بڵاو بوونەوە و دەسەڵاتیان تا وەکو گورجستان ڕۆیشت.

سەلجووقییەکان یان نەوەی سەلجوق، بنەماڵەیەکی دەسەڵاتداری تورکی بوون حوکمی ئەفغانستان و ئێران و بەشێک لە ئەنادۆڵ و سووریا و عێراق و نیمچەدوورگەی عەرەبی کردووە لە نێوان ساڵانی (١١٥٧–١٠٣٨ز) و پاشان ھەتا (١١٩٤ز)، بارەگاکەیان (مەڕو) پاشان ئەسفەھان بووە، سەلجوقییەکان دەچنەوە سەر ھۆزی (قنق)یەکێک لە ھۆزە دەسەڵاتدارەکانی غەزوی تورکی، ئەم ھۆزە چوونە ئیسلامەوە لە سەردەمی (سەلجوقی) سەرکردەیان ساڵی (٩٦٠ز)، پاشان چوونە خزمەتی قەرەخانەکان لە وڵاتی ئەودیو ڕووبار.

حەفیدەکانی سەلجوق، کە (تەغڕۆڵ بێگ و جغری) بوون شانشینەکەیان کردە دوو بەشەوە، بەشی ڕۆژاوا کە بنکەکەی ئەسفەھان بووە، بەشی ڕۆژھەڵاتە کە بنکەکەی (مەڕو) بوو. لە دوای سەرکەوتنی (تەغڕۆڵ بێگ) بەسەر (غەزنەوییەکان) ساڵی (١٠٤٠ز) لە نزیک زەنگان شانشییەنەکەی فراوان بوو بە لای ڕۆژاوادا زیاتر، فارسی خستە سەر ساڵی (١٠٤٢ز) و ھەندێک لە بەشەکانی ئەنادۆڵ و پاشان عێراقی گرت ساڵی (١٠٥٥ز) و دوای ئەوەی دەستی گرت بەسەر دەوڵەتی بوەیھیەکاندا لە عێراق، تەغڕۆڵ بێگ چووە بەغداەوە.[٧]

ھاتنی سەلجوقییەکان بەسەرەتای ھاتنی ھۆزە تورکەکان دادەنرێن بۆ ئازەربایجان و کوردستان و ئەنادۆڵ.[١١]

سەردەمی ئەتابەکەکان(١١٣٦–١٢٥٢)[دەستکاری]

ڕۆژھەڵاتی ناوین لە ساڵی ١١٧٥ز

لەگەڵ لاوازبوون دەسەڵاتی دەوڵەتی سەلجووقی، جۆرجییەکان کە کەوتبوونە باکووری ئازەربایجان، کەوتنە جووڵە و فراوانکردنی خاکەکەیان. ئەتابەکەکانی ئازەربایجان کەوتنە ھێرشکردنە سەر جۆرجییەکان تاوەکو بیان وەستێنن و لە ئازەربایجان دەریان بکەن.

ئەتابەکەکان سوودیان لە دەسەڵاتی (قزڵ ئەرسەلان)(١١٨٦–١١٩١ز) وەرگرت لە ھەمەدان، پاشان سوڵتانی سەلجوقییەکان (تۆغروڵی سێیەم(١١٧٦–١١٩٤)) بە لەشکری خۆیییەوە ھێرشی کردە سەر شارەکانی ورمێ و خۆی و سەڵماس و شنۆ داگیریکردن و تاڵانی کردن. داوای یارمەتیان لە سەلاحەدینی ئەییووبی(١١٧٤–١١٩٣ز) کرد، (سەلاحەدین) ویستی کەوا (قزڵ ئەرسەلان) و (تۆغروڵی سێیەم) پێکبێنێت بەڵام بێسوود بوو. ھەرچەندە (تۆغروڵی سێیەم)یەکەمجار دەستی ئاشتی درێژ کرد، بەڵام بڕیاریدا کە جەنگ لەگەڵ (قزڵ ئەرسەلان) دا بکات و ھێرشی بکاتەسەر، لە تشرینی یەکەمی ساڵی (١١٩٠ز) دا ھێرشی کردە سەر (قزڵ ئەرسەلان). (قزڵ ئەرسەلان) ئاشتی کرد لەگەڵ کوڕی (ئینانج خاتوون)ی ڕکابەریدا، خستنییە خزمەتی خۆی و لە کۆتایدا (ئینانج خاتوون)ی کردە ژنی خۆی، کە پێشتر خێزانی برا کۆچکردووەکەی بوو. لە پاش ئەم ململانێیانە لە ساڵی(١١٩١ز) دا قزل و تۆغروڵ چاویان بەیەک کەوتوو قزل تۆغرولی خستە زیندانەوە.[٧]

سەردەمی خواریزمەکان(١٠٧٣–١٢٣١)[دەستکاری]

دەسەڵاتی خواریزمییەکان

٢٤ تشرینی دووەمی (١٢٢١ز) کۆتایی دەسەڵاتی خواریزمەکان بوو، (جەلالەدینی خواریزمشا)(١٢٢٠–١٢٣١) شکا لە بەرامبەر چەنگیزخان(١٢٠٦–١٢٢٧) و ھەڵھات بۆ ھیندستان. کۆتایی دەسەڵاتی ئەتابەکەکان لە ساڵی(١٢٢٥ز) دا ھات بەدەستی (ئۆزبەک موزەفەرەدین) و ئازەربایجانی داگیرکرد. لە پەیمان نامەیەکدا ئۆزبەک دەستی پاراست لە خۆی و سەڵماس و نەخچوان. لە ساڵی(١٢٢٦ز) دا جەلالەدین گەمارۆی شاری خەلاتی دا و لەو کاتەدا (تورکمانە ییوا) کان ھێرشیان کردە سەر ورمێ و سەڵماس و داگیریان کردن بە چەندەھا گوندی دەورو بەریانەوە. جەلالەدین سەرکەوتوو نەبوو لە گەمارۆدانی خەلات و شکا و گەڕایەوە سەڵماس و تورکمانە ییوایییەکانی دەرکرد. لە ساڵی(١٢٣١ز) دا مەغۆلەکان شاری تەورێزیان داگیرکرد، جەلالەدین دۆڕا لە جەنگەکەدا و ھەڵھات بۆ سەڵماس، لەترسی ھێرشی مەغۆلەکان ھەڵھات و چووە شاری ئامەد و لەوێ کوژراو لە گوندی (ھەرزەم) نێژرا.

ئیمپراتۆریەتیی مەغۆل(١٢٠٦–١٣٦٨)[دەستکاری]

لەسەردەمی (سوڵتان موزەفەری ئۆزبەک(١٢١٠–١٢٢٥ز)) و ئەتابەکەکان، مەغۆلەکان ڕۆژھەڵاتی ئاسیایان داگیرکرد، و چارەنووسی ڕۆژھەڵاتی ناوین و قەوقازیش بوو. بە فەرماندەیی (جەبەنۆیون و سوبوتای) سوپای مەغۆل خۆراسان و ئێرانی عەجەمیان داگیرکرد و لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی(١٢٢١ز) تەورێزیان گرت. (سوڵتان موزەفەری ئۆزبەک) قاسیدی ناردە لای مەغۆلەکان و داوای ئاگربەستی لێکردن، مەغۆلەکان داوای ڕادەستکردنی خواریزمەکانیان دەکرد لە سەربازگەی تەورێز. (سوڵتان موزەفەری ئۆزبەک) ھەندێکی لە خواریزمەکان کوشت و ئەوانەی کە مایەوە ڕادەستی مەغۆلەکانی کرد. لەھەمان ساڵدا مەغۆلەکان بە سەرکردایەتی (جەبەنۆیون) بەرەو سەڵماس کشان. دانیشتووانی سەڵماس دەسەڵاتی مەغۆلەکانیان قبوڵ نەبوو، لە بەر ئەمە مەغۆلەکان سەڵماسیان وێران کرد. مەغۆلەکان لە ساڵی(١٢٣١ز) جەلالەدینیان بەزاند و سەڵماسیان گرێدا بە دەسەڵتیانەوە.[q ١][١١]

سەردەمی ئیلیخانەکان(١٢٥٦–١٣٥٣)[دەستکاری]

دوورگەی کازم داشی
گومبەدی میرە خاتوون

کوڕەزاکانی چەنگیزخان دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیلیخانەکانن، ھۆلاکۆ خان(١٢٥٦–١٢٦٥) لە ساڵی(١٢٥٥ز) دا تەواوی زەوییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوینی داگیرکرد و بۆ ئەم مەبەستە براکەی خۆی (مەنگۆخان)ی دامەزراند بە فەرمانڕەوایی ناوچەکە. ھۆلاکۆ خان لە ساڵی(١٢٥٨ز) دا شاری بەغدای داگیرکردوو کۆتایی ھێنا بە دەسەڵاتی خەلافەتی عەباسیەکان. دەسکەوتەکانی داگیرکردنی بەغدای بردە ئازەربایجان. ھەنندێک لە دەسکەوتەکانی بەخشی بە (مەنگۆخان)، باقییاتی دەسکەوتەکانی لە دوورگەی (کازمداشی) لە باشووری ڕۆژھەڵاتی سەڵماس شاردەوە.

مێژوونووسان دەڵێن کە گۆڕی (میرە خاتوون) کە ژنی (تاجەدین عەلیشا) کە وەزیر بوو لەسەردەمی ئیلیخانەکاندا، دەکەوێتە گومبەدی میرە خاتوون لە کۆنە شارە کە دەکەوێتە ڕۆژاوای سەڵماسەوە.

سەردەمی چوپانی(١٣٣٨–١٣٥٧)[دەستکاری]

ڕەنگی شین دەسەڵاتی چوپانییە

چوپانییەکان تیرەیەکی ھۆزی سوڵدوز بوون کە لە ڕەچەڵەکی مەغۆلەکان بوون، دەرکەوتن لە وڵاتی ئێراندا سەدەی(١٤ز) دا، لەسەرەتادا لەژێر دەستی ئیلیخانەکاندا بوون، کاتێک دەسەڵاتی ئیلیخانەکان لاواز بوو ئەمان سەریان ھەڵداو دەستیان گرت بەسەر ھەرێمەکانی ئازەربایجان و ئاران و ناوەڕاست و ڕۆژاوای ئێراندا. لەودەمەدا جەلاییرییەکان بەغدایان کۆنتڕۆڵکرد.[١٢][٧]

سەردەمی جەلایری(١٣٣٥–١٤٣٢)[دەستکاری]

دوای مردنی (ئیلیخان ابو سعید بھادورخان) کۆتایی ئیلیخانەکان بوو کە نەوەی ھۆلاکۆ خان بوون، و دەسەڵاتی مەغۆلەکان بەرەو لەیەکترازان و ناکۆکی لەسەر دەسەڵاتی ئیمپراتۆر دروستبوو ھەروەھا چەندەھا میرنشین دروست بوون، یەکێک لەو سەرھەڵدانانە دروستبوونی جەلایرییەکان بوو کە دەستیان گرت بەسەر زەوییەکانی وڵاتی نێوان ڕووبار و ئازەربایجاندا، دەسەڵاتی جەلایرییەکان لە سەردەستی (شێخ حەسەنی گەورە) فراوان بوو بە گرتنی شاری [[بەغدا] لە ساڵی(١٣٤٠ز) دا، و بەمردنی (شێخ ئەویس) ئەم میرنیشینەش کۆتایی ھات، کە ھاوکات بوو لەگەڵ داگیرکاری تەیمووری لەنگ لە ئێران و مێزۆپۆتامیا و سەرھەڵدانی قەراقۆینلوو.[١٣]

سەردەمی تەیمووری لەنگ(١٣٧٠–١٥٠٧)[دەستکاری]

فەرمانڕەوایی تەیمووری لەنگ لە کاتی مردنیدا ١٤٠٥ز

بەپێی ڕۆژنامە ناوچەیییەکان تەیمووری لەنگ، ورمێی بەبێ باج داوەتە (گرگین بێگی ئەفشار)، کەئەفشارەکان نیشتەجێ بوون لە قەلای تۆپراق قەڵا کە چارەکە میلێک لە شاری ورمێوە دوورە، ھەرچەندە لە (زەفەرنامە) دا ھاتووە کە ساڵی (١٣٠٧ز) تەیمووری لەنگ دەسەڵاتی سەپاندووە بەسەر ورمێ و سەڵماس و خۆیدا، لە ساڵی (١٤٢٣ز) دا ئەمیر تەیموور خێڵی (ئەوسانلو)ی ئەفشاری ھێنا بەمەبەستی سەرکوتکردنی کوردەکان و خێلە ڕاپەڕیووەکانی ورمێ و دیاریکردنی (گرگین بێگی ئەوسانلو) بۆ حکومداری ورمێ، دوای مردنی کوڕەکەی (عەلامە سوڵتان) چووە جێی باوکی بۆماوەی سێ ساڵ. لە شورای دادگای شاری ورمێدا فەرمانیان دا بە دەسەڵات گرتنە دەستی براگەورەکەی بەناوی (یادگار سوڵتان) کە دەسەڵاتی شار بگرێتە دەست. (باسیل نیکیتین) دەڵێت حکومداری ئەوسانلوی ئەفشار لەو کاتەدا (٦)کەسیان حکومدارییان کردووە.[١٤]

لە بیرەوەرییەکانی تەیمووری لەنگدا ھاتووە کە پێداھەڵدانی بۆ کوردەکانی کۆچکردوو لە کوردستانەوە بۆ (قۆچاق) کە لە زمانی خۆیەوە بڵاو کردووەتەوە باسی ئازایەتی و چاونەترسی ھۆزە کوردەکانی کردووە کە دوای گەرانەوەی لە بەغدا لە (دەربەندی باتاق)، کورد بە ھێزیکی کەمەوە ڕیگەیان بە لەشکرە گەورە و گرانەکەی تەیمور گرتووە، تەیمور دەڵیت «کە بەرەو کرماشان دەرۆیشتم گەیشتمە ناو بەندەنێکی بەناوبانگ بە باتاق دەستەی پێشڕەوانم ئاگاداریان کردم کە ژمارەیەک سوار و پیادە لە دەورووبەری ئەو دەربەندەن لەوانەیە دووژمن بن دوای لێکۆڵینەوە ئاگاداریان کردمەوە ئەوانە ھەندێک ئێڵ و ھۆز و تیرەی ناوچەی کرماشانن و دەڵین ئەمیر تەیمور بە چەندەھابار زیڕەوە لە بەغدا گەڕاوەتەوە ئەگەر دەیەوێت سەری سەلامەت بێت ھەمووی دانێت ئینجا لێرەوە بڕوات، بەڕاستی من نەمدەویست سەربازەکانم بە دەستی عەشایەرانی کرماشان بە کوشت بدەم بەلام کەوتمە شەڕ لەگەڵیاندا لەو شەڕەدا (١١٦) کوژراو و ھەندێک بریندارمان ھەبوون لە نەبەردی و جەنگی دەربەندی باتاقدا ئەزموونی بەکەڵکم وەرگرت و لە شەڕەکانی (ڕۆم) و کابولستان و ئەفغانستان و ھیندستان و وڵاتی شامدا ئەگەر بمویستایە لە گەلییەکەوە بڕۆم ئەمسەر و ئەوسەری گەلییەکەم داگیر دەکرد پاشان لەشکر پیایدا دەرۆیشت.[١١]

سەردەمی قەراقۆینلوو(١٣٧٥–١٤٦٨)[دەستکاری]

فەرمانڕەوایی قەراقۆینلوو

لە ساڵی(١٤٣١ز) دا قاتوقڕییەک ڕوویداوە کە بەشێک لە دانیشتووان سەڵماس کۆچیانکردووە بەو ھۆیەوە. بەردەوام جەنگ بوو لە نێوان تەیمووری لەنگ و (قەراقۆینلوو) لە ئازەربایجاندا، کە بووە ھۆی کاولکردنی گوندەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان و نەمانی بازرگانی.

لە ساڵی(١٤٢٨ز) دا فەرمانڕەوای تەیمور، (شاروخ) ھێزێکی ناردە سەر ئازەربایجان بە سەرکردایەتی (عەلی کوکەڵتاش). لە ئایاری (١٤٢٩ز) دا شاروخ ھێزی سوارەی نارد کە پێکھاتبوون لە (شیروان)یەکان کە چوونە سەر فەرمانڕەوای (قەراقۆینلوو) ئەسکەندەر، بەڵام ئەم ھێزە تێکشکا لە سەڵماس لە باشووری ئازەربایجان.[٧]

سەردەمی ئاق قویونلوو(١٣٧٨–١٥٠٣)[دەستکاری]

فەرمانڕەوایی ئاق قویونلوو

لە کۆتایییەکانی دەسەڵاتی ئیلیخانەکاندا لە ناوەڕاست سەدەی(١٤)دا، ھۆزە ئۆغوزەکان یەکێتییەکیان پێکھێنا بەناوی (ئاق قویونلوو)، کە لە لەوەڕگاکنی ئەرمەنیا و ئازەربایجان و لەوەڕگاکانی نێوان ئامەد و سێواس و ڕووباری دیجلەدا دەوڵەتەکەیان دامەزراند. وەلە جەنگدا بوون لەگەڵ (قەراقۆینلوو) و لە دواتردا بەسەریان سەرکەوتن، (ھۆزی بایاندور) سەرکردایەتی (ئاق قویونلوو)یان دەکرد.[١٥]

سەدەکانی ھاوچەرخ[دەستکاری]

سەردەمی سەفەوییەکان(١٥٠١–١٧٣٦)[دەستکاری]

دەوڵەتی سەفەوییەکان لە فراوانترین ئاستیدا

سەدەھا ساڵ جەنگ لەنێوان سەفەوییەکان و ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی بەردەوام بوو، بەھۆی ئەوەی سەڵماس لە نێوان سنووری ئەم دوو دەوڵەتەدا بوو، ببووە گۆڕەپانی سوپا و ئەسپەکانیان. ئەم جەنگە درێژخایەنە وەھای کردبوو کەوا دانیشتووانی ئەم دەڤەرە کۆچەری بن و زیاتر بۆ ژیانی ئەوان دەست بدات. بە ھەبوونی شا ئیسماعیلی یەکەم (١٤٨٧–١٥٢٤) لە ھەرێمەکەدا ھەموو جموجۆڵێک و جوداخوازییەکی لە ناوچە سنوورییەکاندا نەھێشت بەتیبەت لە سەڵماس و خۆی، لە ساڵی(١٥٠٢)دا شا ئیسماعیلی یەکەم ڕوویکردە باشووری دەوڵەتەکەی لەوکاتەدا (ساریم خان) سەرکردەی کوردان ھێزی کۆکردەوە و پەلامری شاری ورمێیدا و ڕوویکردە سەڵماس بە (٤٠ھەزار) جەنگاوەرەوە. براکەی شائیسماعیل شاری تەورێزی پاراست، جەنگ و مەترسی لە تەورێز دورخستەوە و دوو سوپای بۆ جەنگ ڕەوانەی نزیک سەڵماس نارد، لە ئەنجامی جەنگەکەدا ساریم خان کوژراو سوپاکەی شکا، لە دوای ئەم جەنگە کوردەکان مەیلیان زیاتر دا بە لای عوسمانییەکن لەو ستەمە زۆرەی کە سەفەوییەکان بەرامبەریان دەیانکرد. لە ٢٣ی ئابی ١٥١٤دا شەڕی چاڵدێران ڕوویدا لە نێوان شا ئیسماعیلی یەکەم و سەلیمی یەکەم کە لە ئەنجامدا سەفەوییەکان شکان و تەواوی ھەرێمەکە و شارەکانی خۆی و سەڵماس و ورمێ بوونە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی. لە ئەنجامی جەنگی درێژخایەنی نێوان سەفەوییەکان و ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی (شا تەھماسب) پایتەختی لە تەورێزەوە گواستەوە بۆ قەزوین. بەھۆی تەکتیکەکانی (یەحیا) عوسمانییەکان لە پێشڕەوی وەستان و ھەرێمی ئازەربایجان بەھۆی ئەم جەنگەوە زیانی زۆری بەرکەوت و وێران بوو بەتایبەتی شاری سەڵماس.[١١]

لە ئەنجامی ڕاکردنی (ئەلقاس میرزا)ی برای (شا تەھماسب) بۆ ئەستەمبوڵ گرژی کەوتە نێوان ئەم دوو دەوڵەتە و ئەمەش جارێکی تر ڕێ خۆشکەر بوو بۆ کوردەکان کە دەست بە جووڵانەوە بکەن لە ئازەربایجاندا، لە ساڵی(١٥٤٩ز) دا کوردەکان بە یارمەتیدانی دوڵەتی عوسمانی توانیان شاری سەڵماس بگرن.

لە ساڵی(١٦٣٥ز) دا مورادی چوارەم ھێرشی کردە سەر ئازەربایجان و داگیری کردوو سوپاکەی ھێنایە سەڵماس.[١٦]

بەپێی وتەی ئەولیا چەلەبی:

قەڵای سەڵماس دەکەوێتە دەشتێکی فراوانەوە. لە ھەر چواردەورەوە دەورەدراوە بە ورمێ و تەسوج و خامنە و قەرەباغ و خۆی و مەرەند و بەھیستان و چۆرش … ڕووبارێک لەلای ڕۆژاوایەوە دەڕوات کە لە چیاکانی ھەراوێڵ و بەردەزەردەوە سەرچاوە دەگرێت، و بەناو ھەزارەھا باخ و بێستاندا دەڕوات و دەڕژێتە دەریاچەی ورمێوە… دیواری قەڵاکە بە تەواوی دەوری شاردا نەکراوە، بەڵام خەندەق بە دەوری شارەکەدا لێدراوە. سێ دەرگای ھەیە بەناوەکانی؛ دەرگای ورمێ و دەرگای تەسوج و دەرگای تەورێز، دووری دەرگایەک بۆ دەرگایەک (٧ھەزار) پێ دەبێت. لە سەڵماسدا (٣ھەزار) خانوو و (٣) مزگەوت و (٩)گەڕەک ھەیە، کوردەکان لە (٥) گەڕەکدان و کورەسوننیەکان لە (٤) گەرەکدان… دابەشکردنی ئاو بە ژێر زەویدایە.

ھەروەھا (حاجی خەلیفە) سکرتێری (ئولیا چەلەبی) لە پەرتووکی (جیھان نیعمە) دا کە لە سەدەی (یازدەی ھیجریدا) نووسیوویەتی دەڵێت؛

شوێنی ھەوارگەکەمان لە ڕۆژھەڵاتەوە شارۆچکەی دیلمان و دەریاچەی ورمێیە، لەباشوورەوە ھەرێمی شنۆیە، لە ڕۆژاواوە چیاکانی جۆلەمێرگە، لە باکوورەوە دەشتی جۆسگونە …

لە بەڵگەکانی سەرەوە دەستمان دەکەوێت کە شارۆچکەی سەڵماسی کۆن نزیک بەکۆنە شاری ئێستا بووە، وەھەبوونی گۆڕستانێکی گەورەی کۆن لە کۆنە شار ڕاستی قسەکانمان دەردەخات.

سەردەمی خانەدانی ئەفشاری (١٧٣٦–١٧٩٦ز)[دەستکاری]

خانەدانی ئەفشاری لە فراوانترین ئاستیدا

لە ئەنجامی جەنگی درێژخایەنی نێوان ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و سەفەوییەکان، شارۆچکەی سەڵماس تەواو وێران دەبێت و زیانی پێدەگات، وەزۆرینەی دانیشتووانی شارۆچکەکە و دەوروبەری ناوچەکە چۆڵ دەکەن، کە ئەم چۆڵکردنە کوردان دەیکەن لەبەر ترسی گیانیان کە ببوون بە نێوان بەرداشی زلھێزەکان و کاریگەری کردە سەر دیمۆگرافیای ناوچەکە و کەمبوونەوەی کوردان کاتێک ناوچەکە ئاوەدان بووەوە. لەسەردەمی دەسەڵاتی نادر شا (١٧٣٦–١٧٤٧ز) تەنھا ناوێک بۆ شارۆچکەی سەڵماس مایەوە. لەوە دوا شارۆچکەی دیلمان گەورەبوو گەشەی سەند بەڵام ناوی ناوچەکە بە سەڵماس ناوی دەرکرد.

دوای سەرکەوتنی دەوڵەتی (ھوتاکی ئەفغانی) بەسەر سەفەوییەکاندا لەبەرەی ڕۆژھەڵات و لاواز بوونی سەفەوییەکان، زۆرێک لە زەوییەکانی سەفەوی درانە عوسمانییەکان بەپێی پەیماننامەی (ئەستامبوڵ لە ١٧٢٤ز) دا لەنێوان ڕووسیا و عوسمانیدا بوو، لەھەمان مێژوودا سەڵماس داگیرکرا لەلایەن عوسمانییەکانەوە. وەلەئەنجامی پەیماننامەی (١٠کانوونی دووەمی ساڵی ١٧٣٢ز) کە (ئەحمەد پاشا) واژوویکرد زەوییەکانی ئازەربایجانی باشوور گەڕایەوە بۆ سەفەوییەکان و باکووری ئازەربایجان لە سەرووی ڕووباری ئاراسەوە درا بە عوسمانییەکان.

نادر شا بەم پەیماننامەیە ڕازی نەبوو، دووبارە ناوچەکانی ئازەربایجانی باکوور و ڕۆژھەڵاتی ئەرمەنستان و گورجستانی گەڕاندەوە لەدەست عوسمانییەکان لە (١٧٣٤–١٧٣٥ز) دا. وەلە ساڵی(١٧٣٦ز) دا نادر شا وەک شا خۆی ڕاگەیاند. لە ھەمان ساڵدا شارۆچکەکانی (خۆی و سەڵماس) کە زۆرینەیان کورد بوون ڕاپەڕین لەدژی زۆری باج و ستەمی دەسەڵات بەڵام نادرشا ھێرشی کردەسەریان و سەرھەڵدانەکەی کپ کردەووە.[١١]

سەردەمی خانەدانەکان (چلەکانی سەدەی ١٨ی زایینی)[دەستکاری]

نەخشەی خانەدانی ڕۆژھەڵاتی ئێران لە سەدەی ١٨ی زایینیدا

دوای مردنی نادرشای ئەفشاری ھێز و دەسەڵات ھەر لای ئەفشارەکان مایەوە لە ھەندێ ھەرێمدا و وڵات بوو بە چەند ھەرێمێکی سەربەخۆ و بە خانەدانەکان ناوی دەرکرد. لەو سەردەمەدا سەڵماس حکومدەکرا لەلایەن خانەدانەکانی (ورمێ و تەورێز و خۆی). سەرداری خانەدانی ورمێ (فەتحعەلی خانی ئەفشار)(١٧٤٧–١٧٦٣ز) سوودی لەم بێسەری و بەرییەی وڵات بینی و سەڵماس و گەلێ دەڤەری باکووری ڕۆژاوای وڵاتی خستە ژێر دەستی خۆی.

دونبەلی

یەکەم میری ھەڵکەوتوو و دیاری ئەم کاتە (نەجەف قولی خان) بوو. پاش کوشتی (شاباز خانی یەکەم)ی بابی (نەجەف قولی خان) بە دەستی خاڵی، (ئەیووب خانی چورس)، بوو بە جێنشینی ئەو وەک میری (چوورس و سەڵماس). ساڵی(١٧٣٤ز) (نەجەف قولی) وەک سەردەستەی چەکداران چووە خزمەتی نادرشای ئەفشار و لە داگیرکردنی ھیند(ھیندستان) لەگەڵی بوو و نازناوی بە ئەمیر ئەلئومەرای (میری میرانی) پێ بەخشرا و بووەوە بە میری خۆی. ساڵی (١٧٤٢) بوو بە بەگلەربەگی (حاکمی حاکمان) تەورێز. ساڵی(١٧٤٧) بوو بە خانی حاکمی تەورێز و ھەروەھا لە سەردەمی جێنشینانی نادرشایش ھەر لەم پۆستەی مایەوە. لە شەڕی جێنشینی نێوان چەندین داواکاری پادشایی وڵاتی عەجەم، نەجەف قولی خان و شاباز خانی دووھەمی برازای ساڵی١٧٥٠ چوونە پاڵ فەتح عەلی خانی ئەفشاری-ئەرەشلووی ورمێ. حکوومەتی خۆی و سەڵماس بە (شاباز خانی دووھەم) بەخشرا و (نەجەف قولی خان) (تەورێز و چوورس)ی بە دەستەوە بوو. پاش مەرگی فەتح عەلی خان، ساڵی ١٧٥٧، خانەکانی دونبەلی بەڵێنی سۆز و وەفاداری خۆیان بە (محەممەد حەسەن خانی قاجاڕ)دا. ساڵی(١٧٦٢) بەڵێن و پەیمانیان بە کەریم خانی زەند دا. ئەو ساڵی(١٧٦٣) (عەبدولڕەزاق بەگی) کوڕی وەک بارمتە نارد بۆ شیراز. ئەگەرچی نەجەف قولی خان وەک میری ئارام لە خاناتی خۆی مایەوە و شەھباز خان وەک حاکمی خۆی مایەوە لە شیراز، دەسەڵاتی ڕاستەقینێی دونبەلی بە دەستی (ئەمیر ئەحمەد خان برای شەھباز) بوو، کە لە (١٧٦٣) تا کاتی مەرگی لە (١٧٨٦) وەک بەھێزترین میری دونبەلی و ڕکەبەری (ئاغا محەممەد خان) بۆ سەرۆکایەتی وڵاتی عەجەم بوو. لە ئەنجامدا ساڵی (١٧٨٦) ئەحمەد خان لەگەڵ کوڕە گەورەکەی بە دەستی کوڕەکانی شەھباز کوژران، کە ڕەنگە بە فەرمانی شای قاجار کردبێتیان. کوڕی دووھەمی ئەحمەد خان واتا (حوسەین قولی خان) ساڵی(١٧٨٦) بوو بە جێنشینی باوکی. ساڵی (١٧٩١) ئەو لەگەڵ ئاغا محەممەد خان و خانەدانی قاجار پەیمانی بەست و بوو بە میری تەورێز، خۆی و ئەردەوێڵ. ساڵی ١٧٩٢ حوسەین قولی خان بوو بە ئەمیر ئەلئومەرا و بەگلەربەگی ئازەربایجان. ئەو ھەروەھا لە بۆنەی تاج لەسەرنانی پاشایەتی ئاغا محەممەد خان لە دەشتی موغان بەشدار بوو، لەوێ بوو ئاغا محەممەد خان خۆی وەک شاھەنشا و ئیمپراتۆری سەرانسەری ئێران ناساند. ساڵی ١٧٩٣ کاتێک بوو بە ھاوپەیمانی ئیبراھیم خالی خانی جەوانشیر حاکمی قەرەباغ، و کچی ئەوی خواست، لەبەر چاوان کەوت. پاش مەرگی حوسەین قولی خان لە ساڵی ١٧٩٨ برای جەوانتری واتە (جەعفەر قولی خان) بوو بە جێنشینی. ھەروەھا لەگەڵ دوو شەڕی ڕووس و عەجەم، میرایەتی و حکوومەتی دونبەلییەکان لە ساڵی (١٨٠٩) کۆتایی پێ ھات و دەسەڵاتی ناوچەیی ئەوان لە ساڵی (١٨٢٧) تەواو بوو. بەڵام ئەندامانی بنەماڵە چەندین پۆستی حکوومەتیان لە ئازەربایجان و پارێزگاکانی تری وڵاتی عەجەم بەدەستەوە بوو.[١١]

لقێکی تر لە دونبەلییەکان چووبوونە کاشان، و ئەندامی بەرچاو و بەناوبانگی ئەوان فەتح عەلی خانی سەبای دونبەلی «مەلەک ئەلشوعەرا»، شاعیر و شێوەکاری فەتح عەلی شای قاجار بوو.[١٧]

سەردەمی زەندییەکان(١٧٥١–١٧٩٤)[دەستکاری]

نەخشەی دەسەڵاتی زەندییەکان

کەریم خانی زەند(١٧٤٧–١٧٧٩ز) دوای خانەدانی ئەفشاری کە دەسەڵاتی گرتەدەست لە ئێراندا و شاری شیرازی کرد بە پایتەخت و کورد بوو، دەوڵەتی زەندی دامەزراند. لە ساڵی (١٧٦٣ز) دا لەشکر کێشی کردە بۆ سەر ناوچەکانی ئازەربایجان و خانەدانەکان، شاری ورمێی گرت و بەدوای ئەواندا سەڵماس و خۆی گرت. (ئیبراھیم خان باقیری خۆراسانی) کردە دەسەڵاتداری سەڵماس. دوای کۆچی دوای کەریم خانی زەند، (محەممەد عەلی خانی زەند) دەسەڵاتی گرتە دەست و ھەڵسا بەدژایەتی کردنی (ئیمام خان ئۆغڵوی ئەفشار) کە لە ورمێ بوو. لەشکری خانەدانی ورمێ لە مێرگی دێرشکی سەڵماس کۆبووەوە و لەگەڵ لەشکری (محەممەد عەلی خانی زەند) لە دەشتی جەبەل لە قۆچی لە ساڵی(١٧٨٣ز) دا بەشەڕ ھاتن و لەئەنجامدا لەشکری خانەدانی ورمێ شکا و تێکچوو لەناو چوو.[١١]

سەردەمی قاجاڕەکان(١٧٨٩–١٩٢٥)[دەستکاری]

نەخشەی دەوڵەتی قاجاڕەکان

ھەریەکە لە (قەیسەری دووەمی گورجستان) و (ئیبراھیم خەلیلی خانەدانی قەرەباغ) دەیانوویست ئاغا محەممەدخانی قاجاڕ(١٧٩٤–١٧٩٧) بخەنە ژێر ڕکێفی ئیمپراتۆریەتیی ڕووسی، بەڕەزامەندی بێ شەرت و مەرج، ویستیان زەوییەکانی باوانی قاجاڕەکان (قەرەباغ و خانەدانی یەریڤان و گەنجە) بدەنە ئیمپراتۆریەتیی ڕووسی. قاجاڕەکان مەبەستی قەیسەری دووەمی گورجستانیان بە خیانەت زانی دەربارەی ئەم زەوییانە و دەست وەردان بوو لەدەسەڵاتی ناوخۆیی خانەدانەکانی ئازەربایجان. سەرەڕای ئەوەش قاجاڕەکان کە چەند سەدەیەک لەوەپێش بنکەیان لەو زەوییانەدا بوو، ھەندێ لە خەڵکی ئێڵەکەیان لەوێدا نشتەجێ بوون و ژیانیان دەکرد و حکومدار بوون.

ئاغا محەممەدخانی قاجاڕ لە ساڵی(١٧٩٥ز) دا چووە ناوچەکە و تبلیسی گرت و خستییە سەر دەسەڵاتی قاجاڕەکان، دوای گرتنی تبلیس زۆرێک لە خانەدانەکانی ئازەربایجانی باشوور دڵسۆزیان بۆ ئاغا محەممەدخان دەربڕی. تەنھا خانەدانەکانی (یەریڤان و قەرەباغ) بندەستی ئەویان قبوڵ نەکرد. لە ھاوینی ساڵی (١٧٩٦ز) دا لەشکرێکی(٢٠ھەزار) کەسی بەفەرمانداری برایەکی ئاغا محەممەدخان چووە سەر یەریڤان، پاش گەمارۆدانی بۆماوەی (٥ھەفتە) قەڵاکەیان ڕادەستکرد و یەریڤان داگیرکرا.

لە ساڵی(١٧٩٧ز) دا ئاغا محەممەدخانی قاجاڕ کوژرا و ئاژاوە و جودا خوازی لە ناوچەکە سەری ھەڵدایەوە، چەندەھا ڕاپەڕینی گەورە ڕوویدا. یەکێک لە ڕاپەڕینە گەورەکان لە ورمێ بوو بەسەرکردایەتی (محەممەد قولوخان). پاشای نوێی قاجاڕەکان فەتح عەلی شا(١٧٩٨–١٨٣٤) بۆ سەرکووت کردنی ڕاپەڕینەکان ھاتە سەڵماس و چووە تەورێز. فەتح عەلی شا کوڕەکەی خۆی عەباس میرزای ناردە تەورێز بۆ سەقامگیری سوڵتەی قاجاڕەکان لە ئازەربایجان لە ساڵی (١٧٩٩ز). لەھەمان ساڵدا خانەدانی خۆی (جەعفەر قولی خانی دونبەلی) ڕاپەڕی و لە سەڵماس جێگیر بوو. لە نزیک گوندی ئاخزیارەت لەشکری دونبەلی و قاجاڕەکان تێکھەڵچوون و دونبەلییەکان شکان و سەڵماس گیرا و (پیرقولی خانی قاجاڕ) بووە حاکمی سەڵماس. لەشکری قاجاڕ بۆماوەی دوو مانگ لە سەڵماس مایەوە و (جەعفەر قولی خانی دونبەلی) چووە چیاکان و دەوروبەری قەڵای ماکۆ لەو ماوەیەدا، پاشان چووە ناو سوپای ئیمپراتۆریەتیی ڕووسی و دژی قاجاڕەکان جەنگا.[١١]

سەدەی بیست[دەستکاری]

لە سەدەی بیستەمدا باکووری ئێران بەتایبەتی ھەرێمی ئازەربایجان و کوردستان جێی ململانێی زلھێزەکانی ناوچەکە بوو کە گۆڕانکاری ھێز زوو تیایدا ڕوویدەدا.

١٩٠٥[دەستکاری]

لە هاوینی ساڵی ١٩٠٥دا بارودۆخی کوردستان شڵۆقا لە ئەنجامی تیرۆرکردنی (جەعفەر ئاغا)ی سەرۆکی ئێڵی شکاک لەلایەن کاربەدەستانی میریی ئێرانەوە لە شاری تەورێز. جەعفەر ئاغا سیمبولی قارەمانییەتی و بەرگری کوردەکانی ئێران بووە و بەڕابەری هەژاران و جووتیاران دەناسرا. هەربۆیە ئەم ڕووداوە شکاکەکان و زۆربەی هۆزەکانی ناوچەکە لە دەوڵەت ڕاپەڕین، لە ناوچەکانی خۆی و ماکۆ و سەڵماس نزیکەی (٣٠)هەزار جەنگاوەری کورد لەژێر سەرکردایەتی (عیزەتوڵڵا خان) چوونە ڕیزی شۆڕشی دەستووری ئێرانەوە(مەشرووتە)، شارەکانی ورمێ و مەهاباد و سەڵماس هاوکارییەکی زۆری مەشرووتەخوازەکانیان کرد.

١٩١١[دەستکاری]

عەبدولڕەزاق بەدرخان لە بەهاری ١٩١١دا گەشتێکی بە ناوچەکانی خۆی و ماکۆ و کۆتۆل و ورمێ و سەڵماسدا کرد و چاوی بە هەندێ لە سەرۆک ئێڵ و ھۆز و پیاوماقوڵانی کورد کەوت و داوای هاوکاری لێکردن بۆ بەدەیهێنانی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆ بەپشت بەستن بە ڕووسەکان. بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵەیەکی سیاسی ڕۆشنبیری بەناوی (جیهاندانی) لەسەرەتای ساڵی ١٩١٣دا بە یارمەتی سمکۆ دامەزراند، ئەم کۆمەڵەیە فێرگەیەکی لە شارۆچکەی خۆی لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩١٣دا کردەوە و بۆ یەکەمجار منداڵانی کورد توانیان بەزمانی زگماکی خۆیان بخوێنن.

١٩١٤[دەستکاری]

لە دیسەمبەری ١٩١٤ جەنەڕاڵ(میشلاڤیسکی) فەرماندەی لەشکری ڕووسی لە باکووری ئێران، سوپاکەی کشاندەوە بەھۆی شەڕی(ساری قامیش)ەوە، تەنھا یەک لیوا لە سوپاکەی مایەوە کە بەسەرپەرشتی جەنەڕاڵی ئەرمەنی (نزاربیکۆڤ) و دەستەیەک لە خۆبەخشانی ئەرمەنی لە سەڵماس و ورمێدا بڵاوبوونەوە بۆ پارێزگاری لە باکووری ڕۆژاوای ئێران. لە ١٤\١٢\١٩١٤ دا لەشکری (جەندرمەی وان) شارەدێی کۆتۆلی داگیرکرد و پێشڕەویکرد بەرەو شارۆچکەی خۆی کرد و ھێزکانی سوپای عوسمانی بەرەو تەورێز چوون و وە ناوچەیەکیان لە ئازەربایجان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان داگیرکرد.[١٨]

١٩١٥[دەستکاری]

یەکینە خۆبەخشەکانی ئەرمەنیەکان بە سەرکردایەتی جەنەڕاڵ (ئەندرانیک)

لە ٤\١\١٩١٥ دا ھێزە خۆبەخشەکانی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی بە سەرکردایەتی (عومەرناجی بەگ) توانیان شاری ورمێ داگیربکەن. پاش ھەفتەیەک ھێزە خۆبەخشەکانی مووسڵ بەسەرکردایەتیی (عومەر فەوزی بەگ) توانیان شاری تەورێز بگرن بەبێ بەرگرییەکی توند. (عومەر فەوزی بەگ) فەرماندەی سوپای ڕووسی خافڵگیرکرد و بەچەند کاتژمێرێک ورمێی گرت و بەرەو سەڵماس چوو، لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩١٤دا عومەر فەوزی نزیکەی ھەزار سەربازی ڕووسی دەستگیرکرد. لە ٢٦-٢٨\١\١٩١٥دا لە شارۆچکەی (سۆفیان) جەنەڕاڵ (چێرنۆزوبۆڤ) لە شەڕێکی کورتدا توانی بەھێزێکی زۆرەوە سەرکەوتن بەدەستبێنێت و لە ٣٠\١ دا بچێتە ناو تەورێزەوە.

لە ٣\٢\١٩١٥دا جەنڕاڵ (نزاربیکۆڤ) ھێرشێکی گەورەی کردە سەر سوپای عوسمانی و توانی ھێڵی بەرگری وان تێکبشکێنێت، (جەندرمەی وان) چوونە سەڵماس و پاش سێ ڕۆژ کشانەوە بۆ شارەدێی کۆتۆل. لە نیسانی ساڵی ١٩١٥ سوپای عوسمانی بەسەرکردایەتی (خەلیل بەگ) جوڵا بەرەو ئازەربایجان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان، کە ئامانج شارۆچکەی دیلمان بوو، بۆ پاککردنەوەی سوپای (نزاربیکۆڤ) بوو لە ناوچەکەدا و ھەروەھا جووڵانی تاکتیکی بەرەو قەوقاز.

دیلمان بووە جێی جەنگێکی دژوار لە نێوان ئەرمەن و تورکدا، لەلایەن یەکینەکانی خۆبەخشی ئەرمەنی بە سەرکردایەتی جەنەڕاڵ (ئەندرانیک) بەرگری لە ھێرشی (خەلیل بەگ) کرد تاوەکو ھێزی ڕووس بە سەرکردایەتی جەنەڕاڵ (چێرنۆزوبۆڤ) گەیشت و ھێزەکەی خەلیل بەگیان تێکشکاند.

جەنگی دیلمان

ئەو جەنگە بوو کە لە ١٥\٤\١٩١٥ لە کاتی جەنگی جیھانیی یەکەم ڕوویدا لە نێوان ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و ئیمپراتۆریەتیی ڕووسی لە شارۆچکەی دیلمان(سەڵماس). کە سوپای عوسمانی (٣٥٠٠) سەربازی لێکوژرا و کە زۆری سوپاکەی لە کورد پێکھاتبوو. لە کۆتایی جەنگەکەدا ئیمپراتۆریەتیی ڕووسی سەرکەوتن و ھەرێمەکەیان داگیرکرد.[١٩]

لە ٨\٦\١٩١٥دا خۆبەخشانی ئەرمەنی کە (١٢٠٠٠) چەکدار بوون ھێرشیان کردە سەر شارەدێی (ئەلباک) و داگیریان کرد و پێشڕەویان کرد بەرەو شاری وان.

١٩١٦[دەستکاری]

سوپای عوسمانی لە شاری ورمێ لە ساڵی ١٩١٦

کێشە و ململانێکان لە ناوچەکەدا بەردەوام بوو دەسەڵاتی حکومەتی ئەوکاتی ئێران لەلاوازیدا بوو، هەرێمی ئازەربایجان لەژێر جڵەوی سوپای ڕووسیادا بوو، سوپای ڕووس پەلی دەهاویشت بەرەو و باشووری ئێران و مێزۆپۆتامیا و ئاوەگەرمەکان و خاکی تورکیای ئێستا. (جەنەڕاڵ باراتۆڤ) فەرماندەی سوپای ڕووسیا لە ئێران لەساڵی ١٩١٦ دا بەسەر ئێڵە فارسەکاندا سەرکەوت و هەمەدانی گرت، ڕۆژی ٢٦ی شوبات هێزەکانی باراتۆڤ کرماشانیان گرت و ڕۆژی ۱۲ی ئازار خارنیدیان گرت. هێزەکانی باراتۆڤ نزیک بوونەوە لە سنوری ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی، لە ئایاری ١٩١٦دا هێزەکەی باراتۆڤ قەسری شیرینی گرت. لەسەرەتای مانگی ئایاری ١٩١٦دا بەهۆی پێداگری (ئەنوەر پاشا) سوپای عوسمانی هێرشی دووەمیان کردە سەر ئێران و هەندێ ناوچەیان گرت وە ورمێ و سەڵماس، بەهیوای ئەوەی کە ئەڵمانیا یارمەتییان بدات. لە کۆتای مانگی ئایاردا باراتۆڤ ناوچەکانی گرتەوە و بەهیوا بوو خانەقین بگرێت و لەوێوە پێشڕەوی بکات بۆ بەغدا کە ئەوکات سوپای عوسمانی و سوپای بریتانیای مەزن لە جەنگدا بوون دژی یەک لە باشووری عێراق، بەڵام لەلایەن سوپای عوسمانییەوە بەرگری لێکراو بەر بەهێرشەکەی باراتۆڤ گیرا لە پێشڕەوی. لە ١٩١٦دا (جەنەڕاڵ چێرنۆزوبۆڤ) سوپایەکی ڕووسی-ئاشووری ناردە سەر جۆلەمێرگ کە ئاشوورییەکان لە ئێڵی تیاری بوون.

١٩١٧[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩١٧دا (مارشەمعون) لەلایەن (باسل نیکیتن) لە ورمێ بانگێشتکرا بۆ دانوستان، نیکیتن مارشەمعونی دڵنیاکردەوە کە دوای جەنگ دەوڵەتی ئاشوورییان بۆ دادەمەزرێنێت لەژێر دەستی ڕووسیادا، بوونی هێزە چەکدارەکانی ئاشووری لە پارێزگای ورمێ دەسەڵاتدارانی ئێرانی بێزارکردبوو. دەسەڵاتدارانی ئێران ترسیان لەوە بوو ڕووسەکان بگەڕێنەوە و لەگەڵ ئاشوورییەکان یەکبگرن و دەست بەسەر پارێزگای ورمێدا بگرن، ئەو ئاژاوەیەی بەهۆی شۆڕشی ڕووسیاوە دروست ببوو، بووە هۆی ئەوەی کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ڕووسیا بووەستێت لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا.

١٩١٨[دەستکاری]

لە ماوەی ساڵی ١٩١٨دا بریتانیای مەزن بانگێشتی ئەرمەنییەکانی کرد بۆ هاوپەیمانی و ڕێکخستنیان، ئامانج لەم هاوپەیمانییە بۆ ئەوە بوو بەریتانیا بگاتە ناوچەی قەوقاز. لە ۳ی مارسی ١٩١٨دا عوسمانی و ڕووسیا ڕێکەوتن کەوا ڕووسەکان لەتەواوی سنوری عوسمانی بکشێنەوە بۆ سنوری پێش جەنگ. لە مانگی نیسانی ١٩١٨دا ئەرمەنییەکانی پارێزگای وان لەلایەن عوسمانییەکانەوە دەرکران و کۆمەڵکوژکران و ئەرمەنییەکان بەرەو ئازەربایجان کۆچیانکرد، لەگەڵ ئاشوورییەکان لە سەڵماسدا جێگیر بوون و بەرگریان کرد. لە ٨ی حوزەیرانی ١٩١٨دا سوپای چوارەمی عوسمانی چووە ناو تەورێز و لەلایەن ئەرمەنییە خۆبەخشەکانەوە بەرهەڵستی کران. لە ۱٥ی حوزەیراندا فرقەی ۱۲ لە جەنگێکدا لە باکووری سەڵماس هێزە ئەرمەنییەکانی تێکشکاند و له ۲٤ی حوزەیراندا هێزە هێزە ئۆزانییەکان گەمارۆی سەر شاری خۆییان تێکشکاند. لەماوەی تەمموزی ساڵی ١٩١٨دا سوپای بەریتانیا میزۆپۆتامیا و بەشێکی زۆری ئازەربایجانی ئێرانی داگیرکرد. ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی کەمپێکی گەورە بۆ ئاوارەکانی ئاشوری و ئەرمەنی لەنزیک بەعقووبەی عێراق کرد. تا ئەیلولی ١٩١٨عوسمانییەکان جڵەوی باکووری ئێرانیان کرد لە نێوان تەورێز و دەریای قەزویندا. بەڵام لە ۳۰ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨دا (ئاگربەستی مۆدرۆس)ی واژۆکرد و عوسمانییەکان کۆتاییان بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان هێنا لە باکووری ئێراندا. لە ساڵی ١٩١٨دا نزیکەی نیوەی ئاشوورییەکانی ئێران بەهۆی جەنگ لەگەڵ ئازەری و کوردەکان و سەرهەڵدانی برسێتی و نەخۆشییەوە گیانیان لە دەستدا.

شۆڕشی سمکۆ[دەستکاری]

  • دوای لاواز بوونی ڕووسیا بەھۆی شکانی لەسەریەکی لە جەنگی (ڕووسیا-ژاپۆن)دا بەرەی ڕۆژھەڵاتی دوور، عوسمانییەکان لە ئابی ١٩٠٦دا ناوچەی ورمێیان داگیرکرد جگە لە شاری ورمێ، بەبیانووی کێشەی سنوری نێوان ئێران و عوسمانی کە ھەرگیز ئەم کێشە سنوریەیان بۆ یەکلا نەدەبووەوە، پاشان عوسمانیەکان سەربازەکانی کۆکردەوەوە بردنی بۆبەرەی (باڵکان) کە لەوێ توشی شاکان ببوون، دوای پێکدادان لە تەورێز ڕووسەکان ورمێیان داگیر کرد لە ساڵی ١٩١١دا.
  • لەسەروبەندی جەنگی جیھانیی یەکەمدا شاری ورمێ دەست بەدەستی دەکرد بەدەست زلھێزەکانی ناوچەکەوە، دوای شۆڕشی ڕووسیا لەساڵی ١٩١٧دا، بەرپرسیارێتی و بەڕێوەبردنی شاری ورمێ ڕادەستی ئەنجومەنی مەسیحی ئاشووری(موتاوا)کرد. پاش زنجیرە تاوانێکی ناسۆراوی و تاوانی خوێناوی وەک سەربڕین و رەشەکوژی موسوڵمانان لە ورمێ لەلایەن مەسیحیەکانەوە لە (٢٢/٢/١٩١٨). ئەم تاوانانە وەھای کرد کوردان بکەونە خۆیان و شۆرش بەرپا بکەن ئەوەبوو بەسەرکردایەتی سمکۆی شکاک دەستی پێکردو ھەر لەوساڵەدا (مارشەمعون)ی سەرکردەی ئاشووریەکان بەدەستی سمکۆ کوژرا، ھاتنی (٢٠ھەزار) ئاوارەی ئاشووری لەوانەوە بۆ ناوچەی ورمێ لە ئەنجامی شەڕی عوسمانی و ئاشووری، وە نفوسی (٥٠ھەزار بۆ ٧٠ھەزار) ئاشووری کۆچیان پێکرا لە ورمێوە بۆ باشووری ئێران تاوەکو لە ژێر پاراستنی بەریتانیادابن، ئەم کۆچە بەکۆمەڵە لە ژنان و منداڵان بەڕەو بەناو ساینقەڵا و ھەمەداندا بران، دواتر ئاوارەکان برانە بەعقووبەی باکوری شاری بەغدا نیشتەجێکران، دوای ڕۆیشتنی ئاشوورییەکان (سۆنتاگ)، قەشەی پیرۆزی کاسۆلیکی و (ئێچ.فلاومەر)ی موژدەبەر کوژران لە (ئابی ١٩١٨ز)دا لە ورمێ.
  • ئیسماعیل ئاغا کە ناسرابوو بە سمکۆی شکاک شاری ورمێی ڕزگارکرد لە ھاوینی ساڵی ١٩١٩دا، لە ساڵی ١٩٢١دا ھێزیکی زۆر لە تارانەوە، بەمەبەستی پشتیوانیکردنی ھێزەکانی ئێران لەنێوچەکە، گەیشتە شاری تەورێز. ھێشتا سوپای ئێران لە تەورێزەوە بەرەو کوردستان رێنەکەوتبوون کە سمکۆ فەرمانی گرتنی شاری مەھابادی دەرکرد. رۆژی ٦ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢١، ھێزەکانی کورد شاری مەھابادیان گەمارۆدا. ئێران تیپێکی (٥٥٠) کەسی ژاندار و سەربازیان لە مەھاباد مۆڵدابوو. پاش چەند رۆژ گەمارۆدانی شار، لە ئەنجامی شەونخونی و ھێرشی خێرای ھێزەکانی سمکۆ، سەنگەرەکانی چەکدارانی ئێران، یەک لەدواییەک گیران و توانای بەرگریکردنیان نەما. لە ئاکامدا (سەد و پە‌نجا ئەفسەر و سەرباز)ی ئێرانی کوژران و چوارسەد کە‌سی دیکەشیان لێ بەدیل گیرا. دوابەدوای داگیرکردنی مەھاباد لەلایەن سمکۆوە، ئەفسەرێکی سوێدی بەنیوی (لاند بێرگ)، فەرماندەیەتیی ھێرشێکی تازەی پێسپێردرا. لەشکری لاند بێرگ، ملی رێگەی گرتەبەر و لەناوچەکانی رزگارکراوی کوردستان نێزیک بووەوە. سمکۆ، ھێزێکی(٢٠٠) کەسیی کۆکردەوە و بەرنامەی تێکشکانی لەشکری ئێران بە فەرماندەیی ئەفسەری سوێدی داڕشت. لەھێرشێکی خێرا و لەنەکاوی ھێزی چەکداری کوردستاندا، بە سەدان چەکداری ئێرانی کوژران و پاشماوەی ھێزەکەشیان ھەڵاتن و لەناوچەکە دوور کەوتنەوە. لەو شەڕانەدا فەرماندەی ھێزی ئازەرییەکان (سام خانی ئەمیر ئەرشەد) بوو. ئەمیر ئەرشەد برای زەرغام فەرماندەی سوپای ئازەرییەکان و ئەو کەسە بوو کە لە شاری تەورێز بە داڕشتنی پیلان جەعفەر ئاغای برا گەورەی سمکۆی کوشتبوو. (سام خانی ئەمیر ئەرشەد)، بەدەستی سمکۆ کوژرا و بەوجۆرە تۆڵەی خۆی لە (زەرغامی) دوژمن بە کورد و بکوژی براکەی، سەندەوە.[٢٠]
  • ھێزەکانی ئێران لەبەرامبەر ھێزەکانی سمکۆدا، پەیتا پەیتا تووشی شکست دەبوون و شار و ناوچەیەکی زیاتری کوردستان ئازاد دەکرا و، دەکەوتەژێر دەسەڵاتی سمکۆوە. فەرماندەکانی ئێران، جارێکی دیکە، ھێز و توانای خۆیان تاقیکردەوە و ھێرشیان ھێنایەوە. لەدوو نەبەردی گەورە و خوێناویدا کە لە ئازادگان و قەرەتەپە ڕوویاندا، ھێزەکانی ئێران تێکشکان و بەرەو شاری خۆی ھەڵاتن، بەڵام ھێزی کوردستان بەردەوامبوون لە ھێرشیان و لە سەرەتای کانوونی یەکەمی ١٩٢١ سەرکەوتووانە چوونە نێو شاری خۆی و ئەو شارەی کوردستانیش لە ھێزەکانی داگیرکەری ئێرانی پاک کرایەوە. رێز و خۆشەویستیی خەڵکی کورد بەرامبەر بە سمکۆ، بەرادەیەکی زۆر پەرەی سەند. تەواوی سەرۆک ئێڵ و ھۆزەکانی کوردستان، بەتایبەتیی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، سەریان بۆ نەوی کرد و سمکۆیان بە سەرۆک و رێبەری خۆیان دەزانی. ھەر لە سنووری باکووری کوردستان – لە ماکۆوە تاکو بانە و مەریوان بەدرێژایی سەدان کیلۆمەتر، لەژێر دەستی ھێزەکانی داگیرکەری ئێران پاک کرایەوە.[١١]
  • لەمانگی خەرمانانی ١٩٢٢دا، ھێزێکی ئامادەی پەروەردەکراو، لە تارانەوە بە فەرماندەیەتیی (ژەنەڕاڵ جھانبانی)، ھەروەھا لەشکرێک لە ئازەرییەکان ئامادە دەکرێت. جگە لەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئەرمەنییەکانی ئێران، خولی راھێنانی سەربازیی تەواو دەکەن و خۆبەخشانە تیپیکی سەربازیی پێکدێنن. کابرایەکی ئەرمەنی بەنێوی (زرایۆف)، دەبێتە فەرماندەی تیپی ئەرمەنییەکان کە لە سوپای پێشووی ڕووسیای تزاریدا، ئەفسەر بووە. ئەوجا نەخشەی ھێرش بۆ سەر داگیرکردنەوەی کوردستانی ئازاد و لەنێوبردنی ھێزی چەکداری کورد دادەڕێژن. سوپای ئێران بەرەو شارەکانی سەڵماس و ورمێ دەکەوێتەڕێ. ھێزەکانی کوردستان سێ ھێرشی گەورە دەکەنە سەریان و زەرەر و زیانێکی زۆر بە دوژمن دەگەیەنن، بەڵام وەک جارەکانی پێشوو ناتوانن ھێزی دوژمن بشکێنن. بۆ جارێ چوارەم ھێرش دەبەنەوە سەریان و ئەوجارەیان دەبێتە (شەڕی مان و نەمان). لەزۆرجێگەدا بەرەوڕووی یەکدی دەبنەوە و لێیان دەبێتە شەڕی دەست و یەخە و بە خەنجەر و شمشێر پەلاماری یەکتر دەدەن. لەئاکامدا بەھۆی تۆپبارانی خەستی تۆپخانەی ئینگلیزەکان و زۆربوونی ژمارەی چەکدار و چەک و فیشەکی دوژمنەوە لەشکری کورد دەشکێت و بەناچاری پاشەکشێ دەکات. سوپای دوژمن، پاش چەند رۆژ، شاری ورمێ داگیر دەکاتەوە. شایانی باسە شاری ورمێ ماوەی (چوار ساڵ) لەژێر دەسەلاتی کورددا بوو. لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا کە ورمێ بەدەست کوردەوە بوو، رۆژنامەیەکی کوردی بەنێوی رۆژی کورد و شەوی عەجەم بڵاودەکرایەوە کە سەرنووسەرەکەی ناوی (محەممەدی تورجانیزادە) بوو. ھێزەکانی ئێران پاش داگیرکردنەوەی ورمێ، درێژەیان بە ھێرشەکانیان دا و، ھەموو ناوچەکانی کوردستانی ئازادیان داگیر کردەوە و دەستیان کرد بە گرتن و کوشتن و لەسێدارەدانی رۆڵەکانی کورد و سووکایەتیکردن بە خەڵکی رەشوڕووتی کوردەواریی.
  • لەدوای شکانی شۆڕشی سمکۆ و گرتنەوەی ناوچەکە لەلایەن سوپای ئێرانەوە بەهاوکاری بەریتانیا، سمکۆ چەند جارێک شۆڕشی بەرپاکردەوە بەڵام ناکام بوو شکستی دەهێنا و تاوەکو دواجار بە ناوی گفتوگۆوە فێڵیان لە سمکۆ کرد و لە شارۆچکەی شنۆ شەهیدیان کرد لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٣٠، بەمەش شۆڕشی سمکۆ کۆتای هات.

١٩٢١[دەستکاری]

لە دەوڵەتی قاجاڕیدا گەندەڵی کارگێڕی و بەرەڵڵایی و بەرتیلخۆری سەراپای وڵات و دامودەزگاکانی میری تەنی بوو، ئەم دۆخە هەلێکی گونجاوی بۆ (ڕەزاخان) کە سەرهەنگێکی هێزەکانی قەوزاق بوو ڕەخساند تا لە شوباتی ١٩٢١دا سەرکەوتوانە کودەتایەکی سەربازی بە ئەنجام بگەیەنێت و دواتر لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٣دا خۆیکردە سەرۆک وەزیران و دواتر لە ساڵی ١٩٢٥دا (ئەحمەد شای قاجاڕ)ی لە پاشایەتی لاداو خۆی کردە شای ئێران و تاجی پاشایەتی خستەسەر و بە ناوی ڕەزا شای پەهلەوی.

١٩٢٨[دەستکاری]

حکومەتی پەهلەوی لەساڵی ١٩٢٨دا بڕیارێکی بەمەبەستی یەکخستنی ڕووخساری گەلانی ئێران دەرکرد ئەویش قەدەغەکردنی پۆشینی جلوبەرگی میللی بوو، لەبری لەبەرکردنی تەپلە و دوولینگی پەهلەوی بوو. لە بواری بەرنامەی بەفارسی کردنی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕژێمی پەهلەوی هەستا بەگۆڕینی ناوی ژمارەیەکی زۆر گوند و شار و ڕووبار و چیاکان و ناوی فارسی لەسەر دانان بۆ نموونە ورمێ کرایە (ڕەزائیە) و سەڵماس کرایە (شاهپور) و خانە کرایە (پیرانشهر) و (سابڵاغ) کرایە مەهاباد و (چۆمی چەغەتوو) کرایە (زێرین رود) و ....هتد.

١٩٣٠[دەستکاری]

ڕاپەڕینەکەی ناوچەی (ئاگری داغی بچووک) کە ئێڵی جەلالیان دینەمۆی ئەم ڕاپەڕینە بوون، بەسەرکردایەتی (بیرهو) و (فەرزەندە)، بەڵامسەرکەوتنی بەدەست نەهێنا و سەرکردەکانی تیرۆرکران، بە سەرکردایەتی (سەرهەنگ نەخچوان) و ئێڵی جەلالیان چەککرد و بەدەردی هۆزەکانی (گەڵباخی و پیران)ی بردن و لەناوچەکانی خۆیان هەڵیانکەندن و پەرتەوازەی ناوچەکانی (شیراز و کرمان)ی کردن.

بوومەلەرزەی سەڵماس[دەستکاری]

لە ۷ی نیسانی ١٩٣٠دا لە کاتژمێر (١:٣٤:٢٦) بەکاتی ناوخۆی ئێران، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی (٧٫١) ڕێختەر لە شارۆچکەی سەڵماس و دەشتی سەڵماس و شەست گوندی دەوروبەری سەڵماسی دا کە بووە هۆی وێرانکاری لە ناوچەکەدا و سەڵماسی وێرانکرد، زیانی گیانی لە ناوچەکەدا (٢٥٠٠-٤٠٠٠) کەس بوو، شارۆچکەی سەڵماس ئاوەدانکرایەوە لە تەنیشت کەلاوەکانی شارەکەدا بە شێوەیەکی سەردەمیانە و لەسەر شێوەی شەتڕەنج، کە ئێستا بەو ناوە ناوبانگی هەیە شارە شەتڕەنجییەکە، لەبەرئەوەی لەسەردەمی شادا بوو ناوی گۆڕدرا بە شاهپور.

١٩٣٧[دەستکاری]

لە ٨ی تەممووزی ساڵی ١٩٣٧دا پەیماننامەی سەعداباد بەسترا لە نێوان ئێران و تورکیا و عێراق و ئەفغانستان، ئامانج یەکلاکردنەوەی کێشە سنورییەکان و هاوکاری ئابووری و سەربازی و لە ناوبردن و نەهێشتنی جوڵانەوە جوداخوازییەکان بوو بەتایبەت بزوتنەوەی کورد.

جەنگی جیھانیی دووەم[دەستکاری]

بریتی بوو لە ناکۆکییەکی نێودەوڵەتی وێرانکەر کە لە ٧ی تەممووزی ١٩٣٧ دەستی پێکرد لە ئاسیا و لە ١ی ئەیلوولی ١٩٣٩ لە ئەورووپا و لە ساڵی ١٩٤٥ کۆتاییی ھات.

لە ۲٥ی ئابی ١٩٤١دا ھێزەکانی یەکێتیی سۆڤیەت لە باکوورەوە و ھێزەکانی بریتانیای مەزن لە باشوورەوە ھاتنە خاکی ئێرانەوە، بە ھۆکارەکانی ئەوەی ڕەزا شا لایەنگری و مەیللی بۆ ئەڵمانیای نازی ھەبوو وە نازییەکان چاویان بڕیبووە وزەی ڕۆژھەڵاتی ناوین و ھەروەھا یارمەتی ھاوپەیمانان لەڕێی ئێرانەوە ئەگەشتە ڕووسیا.

ھەرێمی ورمێ و سەڵماس و خۆی و شارستانی چاڵدێران و ماکۆ و پۆلدەشت تایبەت مەندی خۆیان ھەیە کەتا ڕادەیەک زۆر لە ھەرێمەکانی دی ڕۆژھەڵاتی کوردستان جیاوازە، ئەویش تێکڵاو بوونییەتی لەگەڵ ناوچە ئازەربایجانییەکان و گیرۆدە بوونییەتی بەو ناکۆکی و کێشە مەزھەبی و نەتەوەییە مێژووییەی نێوان دوو گەلی کورد و ئازەربایجانی کە بە کێشەی کورد و عەجەم دەناسرێت. ئەم کێشەیە کە ناوەڕۆکەکەی لەسەر زەوی و چەسپاندنی دەسەڵات و پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییە، لە ئەنجامی سیاسەتی چەوتی چینە کاربەدەستەکان و دەسەڵاتدارانی ئێران بەمەبەستی خۆش کردنی ئاگری دووبەرەکی و بەدەستھێنانی بەرژەوەندییەکانیان زیاتر قوڵ بووەوە. حکومەتی ناوەندی بەردەوام ئاسانکاری بۆ ئازەربایجانی کردنی ناوچە کوردنشینەکان دەکرد و پاڵپشتی موڵکدارە عەجەمەکانی دەکرد تا زەوی و زاری کوردەکان زەوت بکەن و لە ناوچە دەشتایی و بەپیتەکان ھەڵیان کەنن و بەرەو چیاکان پاڵیان نێن. لەلایەکی ترەوە بەھۆی ھاو مەزھەبی ئازەربایجانی و فارس حکومەتی ناوەندی لە ڕووی ئابووری و دەسەڵاتەوە باوەشی بۆ بەشێکی زۆری دەرەبەگ و ئەریستۆکراتی گوند و بۆرجوای بازرگانی عەجەمەکان کردبووەوە لە سەر حسابی کوردەکان ڕۆژ بەڕۆژ پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتیان بەھێزتر دەکرد تا لەھەر ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی کورد و دەسەڵاتی ناوەندیدا وەک ئامڕاز و لەمپەرێک دژی کورد بەکاریان بھێنێت.[٢١]

ڕاپەڕینی کوردەکانی ورمێ[دەستکاری]

دوای داگیرکردنی ئێران لەلایەن ھاوپەیمانانەوە، ئەوەندەی نەخایاند کە سەرۆکی بەناوبانگی ئێڵی شکاک (عەمەرخانی شەریفی) کەلەسەر یارمەتیدانی سمکۆی شکاک زیندانی کرابوو، ئازادکراو گەڕایەوە ناوچەکەی خۆی و دەسەڵاتی فراوانکرد و ھێزێکی چەکداری (۲۰ھەزار) کەسی کۆکردەوە و کەوتە پەلاماری ھێزە ئێرانییەکان و جڵەوی ناوچەکانی سەڵماس و ماکۆی کرد و سەربەخۆیی خۆی لە تاران ڕاگەیاند. (عەمەرخان) کە ھۆزەکانی دی ناوچەکەی وەک جەلالیان و میلانی لەدەور کۆبووەوە، ئاڵایەکی تایبەتیشی بەرزکردەوە و تەختەکەی سەوز و ناوەڕاستەکەی دوو خەنجەری کوردی ڕاست و چەپ و لە گۆشەی سەرەوەیدا سێ ئەستێرەی سپی نەخشێنرا بوو. و ھەندێک سەرۆک ھۆزیکە چوونە پاڵ جووڵانەوەکە وەک (ڕەشید بەگی جیھانگیری و زیڕۆ بەگی ھەرکی و تەھا ھەرکی). و (حیزبی ئازادی کوردستان) بە سەرۆکایەتی (عەزیز زەند) ڕۆڵی بەرچاوی بینی لە ھاوکاری کردن و ڕێنمایی ئەم جووڵانەوەدا. لە ساڵی ١٩٤٢دا ڕاپەڕیوەکان شاری ورمێی مەڵبەندی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایان خستە ژێر گەمارۆ و پەلامارەوە، حکوومەتی ئێران لەڕێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بریتانیای مەزنوە دەیوویست گوشار بخاتە سەر یەکێتیی سۆڤیەت بۆ ئەوەی ئەو ڕاپەڕینە کپ بکاتەوە کە بەدەستی سۆڤیەتی دەزانی، سۆڤیەتیش نەیدەویست کوردەکان بکاتە دوژمنی خۆی و مەیلیان بەلای ئەڵمانیای نازیدا بڕوات. لە ۳۰ی نیسانی ١٩٤٢دا بە ئامادەبوونی نوێنەری سۆڤیەت لە گوندی ئەسکەراوا دانوسان کرا لەنێوان حکوومەتی ناوەندی و کوردە ڕاپەڕیوەکان کە حکوومەت چەند بەڵێنێکی درۆی داو وردە وردە بە زەبری ھێز ڕاپەڕینەکەی کزکرد و ڕاپەڕیوەکانی لە ناوەندی شارەکان دورخستەوە.[٢١]

کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان[دەستکاری]

کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان کە کورتکراوەکەی (ژ. ک)ە و زۆرجار تەنیا بە (کۆمەڵە) ناودەبرێت، لە ڕێکەوتی ١٦ی ئابی ١٩٤٢دا لەلایەن ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و کاسبکارانی شاری مەھابادەوە دامەزرا. کەلە داھاتوودا ئەم کۆمەڵەیە تەواوی کوردستانی گرتەوە و ئەندام و لایەنگری ھەبوو لە ھەموو جێگەیەکدا، ئامانجی ئەم کۆمەڵەیە سەربەخۆیی کوردستان بوو، ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە ھۆشیار کردنەوەی ڕامیاری تاکی کوردیدا و زیاتر خەباتی سیاسی بوو بەڵام ھەوێنێک بوو بۆ شۆڕشی سیاسی و ڕۆشنبیری و ھەستی کوردایەتی کە جێی خۆی کردەوە لە تەواوی کوردستاندا. لە کۆتایییەکانیدا بووە بناغەی دروستبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک).[٢١]

حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)[دەستکاری]

لە بەرواری ۲٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥دا لە شاری مەهاباد لەسەر دار و پەردۆی (ژ.ک) بەبڵاوکراوەیەک دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند و قازی محەممەد کرایە سکتێری گشتی حیزب. ڕووسەکان دەیان ویست کوردەکانیش بچنە ژێر ئاڵای (فرقەی دیموکرات) و لە ناو کۆماری میللیی ئازەربایجاندا بن بەڵام لەلایەن کوردەکانەوە ئەمە ڕەتکرایەوە و حزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرا و زۆرینەی کوردان بەشدارییان کرد و فراوان بوو سەرانسەری کوردستانی گرتەوە و بووە هەوێنی دامەزراندنی کۆماری کوردستان.[٢١]

کۆماری کوردستان[دەستکاری]

لەسەرەتای داگیرکاری ئێران لە باکوور و باشوورەوە و لابردنی ڕەزا شا، بۆشاییەکی کارگێڕی درووست بوو بەتایبەت لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و گەندەڵی و بەرتیلخۆری زیادی کرد و حکومەتی ناوەندی گوێی بە ناوچەکە نەدا، کوردەکان لەڕێی دروستکردنی ئەنجومەنەوە ناوچەکەیان بەڕێوەدەبرد، هەروەها کۆماری میللیی ئازەربایجان درووست بوو کە ئەمه بووە هۆی پاڵنەری کوردان کە وەک ئازەرییەکان بیر لە درووستکردنی کۆماری کوردستان بکەنەوە کە ئاوات و خەونی لە مێژینەی کوردان بوو، ئەم کۆمارە بووە پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات لە ماکۆ و خۆی و سەڵماس و شنۆ و مەهاباد و بۆکان و سەردەشت و سەقز.[٢١]

کۆماری کوردستان یان کۆماری مەهاباد لە ٢ی ڕێبەندانی ٢٦٤٦ی کوردی، بەرامبەر بە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ لە رۆژھەڵاتی کوردستان لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) دامەزرێنرا و پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد، دەوڵەتێکی کوردی کەمتەمەن بوو کە لە سەدەی بیستدا و لە دوای کۆماری ئارارات لە تورکیا دامەزرا. پایتەختەکەی شاری مەھاباد بووە کە ئەکەوێتە باکووری خۆراوای ئێران. دامەزران و لەناوچوونی کۆمار راستە بەشێک بوو لەو قەیرانەی ئێرانی تێکەوتبوو، ئەو ململانێیەی لەنێوان ئەمریکا و سۆڤییەت دا ھەبوو کە شەڕی ساردی لێکەوتەوە، بەڵام خواستی لەمێژینە و ئاواتی گەلی کورد بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و وڵاتێک بەناوی کوردستان، پێشینە لە مانگی ئابی ١٩٤١، راپەڕینێکی جەماوەریی کۆنترۆڵی ناوچە کوردییەکانی لە دەستی حکومەتی ناوەندیی ئێران دەرھێنا. لە شاری مەھاباد، کۆمیتەیەکی لە کەسانی چینی ناوەند بە پشتگیری سەرۆک خێڵەکان دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتە دەست. پارتێکی سیاسی بەناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژێ کاف) دامەزرێنرا. قازی محەممەد، سەرۆکی بنەماڵەی قازی، بە سکرتێریی پارتەکە ھەڵبژێردرا. کۆمیتەکە بە سەرکردایەتیی قازی محەممەد ناوچەکەیان بە لێھاتوویی و سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە بۆ ماوەی (٥ ساڵ) تا رووخانی کۆمار بەڕێوەبرد.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی کورد و ئازەری، دەتوانرێت بە بەستنی پەیمانی یەکێتی و بێلایەنی لەنێوان کۆماری کوردستان و کۆماری میللیی ئازەربایجان کە لە ۳ی نیسانی ١٩٤٦دا لەلایەن ژمارەیەک لە نوێنەرانی هەردوولاوە لە تەورێز مۆرکرا. بە دەسکەوتێکی سیاسی مەزن و وەچەرخانێکی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی هەردوولا دابنرێت. وەک ئاشکرایە لە ئەنجامی سیاسەتی چەوتی چەند ساڵەی حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی ئێران، دوژمنایەتی و ناکۆکییەکی مێژوویی قووڵ لە نێوان هەردوو گەلی کورد و ئازەری درووست ببوو، بیرتەسکی ناسیۆنالیستانەی بەشێکی زۆری سەرانی حکومەتی میللیی ئازەربایجان کە ئامادە نەبوون دان بەدەسەڵاتێکی سیاسی کوردی جیاو سەربەخۆ لە دەسەڵاتەکەیاندا بنێن، پێیان وابوو گەلی کورد دەبێت لە ڕێگەی نوێنەری خۆیانەوە بۆ مەجلیسی میللی ئازەربایجانی گوێڕایەڵی خۆیان بۆ حکومەتی ئازەربایجانی ڕابگەیەنن و بیر لە هەنگاوی سەربەخۆ نەکەنەوە. شایەنی باسە بە دامەزراندنی حکومەتی میللیی کوردستان ناکۆکییەکانی هەردوولا توندتربوو، دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان دژی ئەوە وەستانەوە کە قەڵمڕەوی حکومەتی کوردستان شارە کوردییەکانی (ماکۆ و خۆی و سەڵماس و ورمێ و میاندواو) بگرێتەوە بەو بیانووەی گوایە زۆرینەی ئەم شارانە ئازەرین. ئەو شارانەی کە کورد بە بەشێکی جیانەکراوەی خاکی کوردستانی دەزانی و بە هۆی سوارەکانی (ڕەشید بەگی هەرکی و زێڕۆ بەگە)وە دەسەڵاتی ناوەندییان لێوەدەرنرا بوو.

(سەرهەنگ زەنگەنە) سەرکردەی هێزە ئێرانییکان لە شاری ورمێ بڕیاریدا چەک فڕێ نەدات و بەرگری بکات دژی هێزە دیموکڕاتەکان، ئینجا کەوتە دامەزراندنی حکومەتێکی سەربازی بە مەبەستی چاوترساندن چەند جارێک کوشتاری بە کۆمەڵی لە گوندە ئاشووری و کوردەکانی دەورووبەری ورمێ کرد، تا سوارەکانی (ڕەشید بەگی هەرکی و زێڕۆ بەگ) لە گوندی بەراندێزەوە پەلاماری شاریاندا و دوای ڕۆژێک شەڕ لە ۱٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٥دا ورمێیان گرت و سەرهەنگ زەنگەنە دەست بەسەر کرا.

ئازەرییەکانی ورمێ و دەورووبەری لەو کێشەیەدا پێیان خۆش بوو بە قازانجی کوردەکاندا بکەوێتەوە، لەبەرئەوەی ئەوان لە سۆنگەی پاراستنی شوێن و پایەی چینایەتیان حەزیان بەکەوتنە ژێر دەسەڵاتێکی چەپڕەوی ڕادیکاڵ نەدەکرد، بۆیە زۆریان هانی سەرانی حکومەتی کوردستان دەدا پایتەختەکەیان لە مەھابادەوە بەرنە شاری ورمێ، لە ڕاستیدا هەر ئەم هۆکارەش بوو پاڵی بە قەرەپەپاغەکانی نەغەدەوە نا ببنە پێشمەرگە لە سوپای میللیی کوردستاندا.

جوگرافیا[دەستکاری]

شوێن[دەستکاری]

ناوەندی شارۆچکەی سەڵماس دەکەوێتە (۳٨پلە و ۱۱خولەک و ٥۰چرکە)ی باکوور و (٤٤پلە و ٤٥خولەک و ٥چرکە)ی ڕۆژھەڵات لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا. سەڵماس دەکەوێتە باکووری شاری ورمێ، لە تەنیشت سنوورەکانی ئێران و تورکیا و کەناری دەریاچەی ورمێ. سەڵماس لە ڕۆژهەڵاتەوە بە دەریاچەی ورمێ و لە ڕۆژاواوە سنووری ئێران و تورکیا، لە باکوورەوە شاری خۆی، لە باشوورەوە بە شاری ورمێ سنوردارە.

دووری نێوان ورمێ و سەڵماس (۹٥کم)ە، دووری نێوان خۆی و سەڵماس (٤٥کم)ە، دووری نێوان سەڵماس و (شەبستەر و تەسوج) هەریەکەیان بە (۹۰کم و ٥٥کم)ە. سەڵماس بەڕێگای سەرەکی تەورێز بەستراوە، ڕێگاکە نزیکەی (۱٦۰کم) درێژە. هێڵی شەمەندەفەری سەڵماس دەتوانێت گەشت بکات بۆ تەورێز، تاران، ئەنقەرە، ئەستەنبوڵ و سووریا. وێستگەی (قەرەتەپەی سەڵماس) خاڵی گومرگییە کە ڕێبوارانی ئەستەمبوڵ و سووریا لێرە ئەرکی گومرگی خۆیان جێبەجێ دەکەن. فڕۆکەخانەی ورمێ و خۆی دەکەونە دووری (٨۰ و ۲٥)کیلۆمەتری سەڵماسەوە، لەم ساڵانەی دوایدا بەندەری سەڵماس بەناوی برە (بەرخ) لە دەریاچەی ورمێدا چالاک بوو لە گواستەوەدا بەڵام ئێستا چالاکی نەماوە بەهۆی وشک بوونی دەریاچەی ورمێوە.

سەڵماس لە ئەتڵەسە دێرینەکاندا[دەستکاری]

ئەم نەخشە دێرینانەی خوارەوە بۆ ئەوەیە کە ڕاستی و دروستی ناوی سەڵماس ڕووندەکەنەوە و بەڵگەی بەھێزن لەسەر شارۆچکەکە و ئەوە نیشان دەدەن کە ھەبوون و ناسنامەی سەڵماس بسەلمێنن لە کۆندا.

ئاوھەوا[دەستکاری]

لەژێر پۆلێنکردنی ئاووھەوای کوپێندا، بەبەکارھێنانی گەرمی یەکسان(٠°سیلیزی(٣٢°فارێنھایت))، سەڵماس دەستنیشان دەکرێت بە ئاوھەوای کیشوەری(Dsa)، چەند شار و شارۆچکەیەکی کەمی ڕۆژھەڵاتی ناوین ھەمان کەشیان ھەیە.

زانیاریی کەش‌وهەوا بۆ «سەڵماس (١٩٨٧–٢٠١٧)»
مانگی زایینی ١ ٢ ٣ ٤ ٥ ٦ ٧ ٨ ٩ ١٠ ١١ ١٢ ساڵ
نێونجی بەرزترین پلە ٩ ١٦ ٢٣ ٣٢ ٣٣ ٣٧ ٤١ ٤٣ ٣٩ ٣٤ ٢٣ ١٩
نێونجی ڕۆژانە ٠٫٩ ٣٫٣ ٧٫٦ ١٤٫٥ ٢٠٫٨ ٢٥٫٣ ٢٨٫٤ ٢٧٫٩ ٢٢٫٩ ١٦٫١ ٨٫١ ١٫٥ ١٤٫٦
نێونجی کەمترین پلە -٢٨ -٢٩ -٢٧ -٢٢ -١١ ٤ ١١ ٨ ٣ -٢٢ -٢٧
نێونجی بارین mm ٠٫٥٢ ٠٫٣٢ ٠٫٤٣ ٠٫٨ ١٫١٢ ٠٫٨٦ ٠٫٢٦ ٠٫٢٦ ٠٫٢٢ ٠٫٩٤ ٠٫٨٨ ٠٫٦٤
سەرچاوە: WorldClim Global Climate Data[٢٢][the data is inaccessible]

چیاکان[دەستکاری]

سەڵماس چەند چیایەکی گرنگی ھەیە:

  • چیای بەرەزەرد(٢٦٤٧م)
  • چیای ھەراویل(٣٤٠٤م)
  • چیای وەرید(٢١٥٢م)

ڕووبارەکان[دەستکاری]

نزیکی ڕووباری زۆلا سەڵماس و خوسرەوئاوا

گرنگترین ڕووبار لە سەڵماس ڕووباری (زۆڵا)یە کە دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی سەڵماس، سەرچاوە دەگرێت لە چیاکانی سنووری باکووری کوردستان(تورکیا) و دێتە خوارێ و بە دەشتی سەڵماسدا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە دەریاچەی ورمێوە.[٢٣] و درێژی گشتی ئەم ڕووبارە (٨٤٦کم)ە؛ و بۆ ئاودێریکردن ئەم ڕووبارە بەنداوی لەسەر دروست کراوە.[٢٤] بەرزی دیواری بەنداوەکە (٨٣م)ە و پانییەکەی (٢٨٧م)ە و ڕوپۆشی بەنداوەکە بەردە و ناوەندی بەنداوەکە لە خۆڵ پێکھاتووە، بەنداوەکە (٨٥ملیۆن مەترسێجا) ئاو دەگرێت. ھەروەھا چەمێ سەرھەڵن و چەمێ ڕوشەندە ھەیە و چەمێ خوڕخورە کە تێکەڵاوی چەمێ زۆڵا دەبن و ھەموویان دەڕژێنە دەریاچەی ورمێوە.

ڕێگا و بان[دەستکاری]

تەرمیناڵی سەڵماس[دەستکاری]

تەرمیناڵی سەڵماس خزمەتگوزاری ڕاستەوخۆی هەیە بۆ خۆی-تەورێز-تاران-ورمێ. سەڵماس بێ فڕۆکەخانە و کەشتییە بەڵام لە ڕووی گواستنەوەوە گونجاوە و چالاکە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاکەیەوە.

وێستگەی شەمەندەفەری سەڵماس[دەستکاری]

یەکێکە لە چواردە ناوچەی گرنگی هێڵی ئاسنی ئێران، ڕێگای شەمەندەفەری ئێران و ئەورووپا و وێستگەی شەمەندەفەری سەڵماس لە ناوچەی تایبەتی ئابووری سەڵماس، پلاتفۆرمێکە بۆ پێشکەوتن و شوێنێکی ئارام بۆ وەبەرهێنان، دەکەوێتە سەر ڕێگای سەڵماس بۆ خۆی.

کانزا سروشتییەکان[دەستکاری]

سەڵماس چەندین سەرچاوەی سروشتی هەیە لەوانە:

شوێنە گەشتیارییەکان[دەستکاری]

لە نێو گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی سەڵماس بریتین لە: نووسراوی بەردی خانتەختی، تاڤگەی خوڕخوڕە، کڵێسای هەفتوان، قەڵای چارێ، قەڵای قەڕنی یارق، دۆڵی چەمێ زۆلا، دۆڵی تەمەر، گوندی ئاوگەرم و گۆمی چیچەک.

نووسراوی بەردی خانتەختی[دەستکاری]

ئەم نووسراوە ئەکەوێتە (۱٥کم)ی باشووری شارۆچکەی سەڵماس، سەر ڕێگای سەرەکی ورمێ و لەسەر چیای (پیرچاوەش). ئەم نووسراوە بەردینە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانی کاتێک هەرێمی ئازەربایجانیان گرت، کاتێک سەرکەوتن بەسەر ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمیدا. ئەم شوێنەوارە لە ساڵی ١٩٦٨دا بە ژمارە (١٦١) وەک یەکێک لە شوێنەوارە مێژووییە هەرە بەنرخەکانی ئێران تۆمارکراوە و تاکە شوێنەواری سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانیە لە باکووری ڕۆژاوای ئێران. نووسراوی خانتەختی یادگارییەکە لە سەرکەوتنەکانی ساسانییەکان بە سەر ڕۆمەکاندا، کە تێیدا ئەردەشێر بابەکان و شاپووری یەکەم وێنای ئەوە دەکەن کە لە گەڕانەوەیان لە داگیرکردنی ئەرمەنستان کە سەرکەوتن بە سەر ڕۆمەکاندا.

کڵێسای هەفتوان[دەستکاری]

ئەم دێرە دەکەوێتە گوندی هەفتوان لە باشووری سەڵماس، مێژووی کڵێساکە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی (٤۰۰)ساڵ لەمەوبەر و سەردەمی سەفەوییەکان، کە لە ۱۰ی ئازاری ٢٠٠٢دا بە ژمارە (٤٨٤۲) وەک یەکێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی ئێران تۆمارکراوە.

گەرماوی شێخ(حەمامی شێخ)[دەستکاری]

بە بەهرەمەنترین تەلارسازیی نەریتی ئێرانی دادەنرێت، کە تاکە شوێنەواری تەلارسازیی بە بەهایە لە سەڵماسدا و لە ساڵی ٢٠٠٠دا بە ژمارە (۳٤۷٥) لە لیستی شوێنەوارە دێرینەکانی ئێران تۆمارکراوە، دوای ئەوەی لە لیستی شوێنەوارەکاندا تۆمارکرا، بیناکە بووەتە کۆکراوەیەکی ڕۆشنبیری و هونەری وەک پێشانگایەکی کاری مرۆڤناسی بەکاردێت.

گردی ئەهرەنجان[دەستکاری]

گردی ئەهرەنجان یا (گۆل تەپەسی) بە یەکێک لە یەکەم نیشتەجێی مرۆڤ لە ئێران ناسراوە و توانایەکی بێوێنەی هەیە بۆ لێکۆڵینەوە و هەڵکەندنی شوێنەوار.

تاڤگەی خوڕخوڕە[دەستکاری]

تاڤگەی خوڕخوڕە دەکەوێتە (۲۲)کیلۆمەتری باشووری سەڵماس و لەناو دۆڵێکی جوان و دڵگیردایە.

دۆڵی تەمەر[دەستکاری]

دۆڵی تەمەر یەکێکە لە خۆشترین ناوچەکانی سەڵماس، شوێنێکی سەرەکی گەشت و سەیرانی سەڵماسییەکان و گەشتیارانە، دەکەوێتە سەر ڕێگای هەشتیان، کە دەبێتە هۆی جوانی و شەنگی بۆ دامێنی چیای پیرچاوەش و چەمێ زۆلا.

گوندی ئاوگەرم[دەستکاری]

گوندی ئاوگەرم بە سروشتی جوان و کەش و هەوایەکی گونجاوەوە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی سەڵماس. لەگەڵ دیمەنە سروشتییە دڵڕفێنەکانی گوندەکەدا و بوونی کانیاوی سروشتی و کانزایی و کانی گەرم کە ناوی گوندەکەش لەو کانیاوەوە هاتووە و ئەم کانیاوانە بۆ مەبەستی تەندروستی بەکاردێن و ناوبانگ زیادکردووە.

قەڵای چاریا(چەهریق)[دەستکاری]

قەڵایەکی دێرینە دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی یەکەمی پێش زایین و دەکەوێتە گوندی چەهریقی ئەڤراز بە دووری (۲٥کم) لە ڕۆژاوای سەڵماس. ئەم قەڵایە لە ۲۰ی تەممووزی ١٩٩٨دا بە ژمارە (۲۰٥۷) بە یەکێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی ئێران تۆمارکرا، شوێنی قەڵاکە دەکەوێتە سەر چەمێ زۆلا و لە سەر چیایەکی بەردینی بەرزی سەختە، ئەم قەڵایە سمکۆی شکاک تیایدا لەدایک بووە و شۆڕشی لێرەوە بەرپاکرد و وەک مەڵبەندی شۆڕشەکەی بوو بەڵام بەنەمانی شۆڕشەکەی و داگیرکردنی ناوچەکە ئەم قەڵایەش خاپوور کرا.

دانیشتووان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "List of all entries". Assyrian Languages. Retrieved 14 March 2020.
  2. ^ "2016 Population and Housing Census". Statistical Center of Iran. Retrieved 20 May 2017.
  3. ^ http://thegraduatesocietyla.org/images/author-padia-others.pdf
  4. ^ http://www.irna.ir/wazarbaijan/fa/News/82927880
  5. ^ ئ ا ب ئارشاک سافراستیان. کورد و کوردستان(کوردیی ناوەندی).
  6. ^ Samuel Kramer|Samuel Noah Kramer, Sümerler, Kabalcı yayımevi, 2002, s. 363
  7. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر ڕ ز ژ شێخ محەممەدی مەردۆخ. مێژووی کورد و کوردستان(کوردیی ناوەندی).
  8. ^ حەمدوڵڵا موستەوفی. كتاب-نزهة-القلوب(زمانی فارسی).
  9. ^ P. Blaum, Diplomacy gone to seed: a history of Byzantine foreign relations, 1047-57 A.D., International Journal of Kurdish Studies, Jan. 2005, p.15 [١]
  10. ^ La Domination des Dailamites
  11. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ نەوشیروان مستەفا. کورد و عەجەم(کوردیی ناوەندی).
  12. ^ Encyclopædia Britannica
  13. ^ https://en.wikipedia.org/wiki/Jalayirid_Sultanate
  14. ^ https://en.wikipedia.org/wiki/Timur
  15. ^ https://en.wikipedia.org/wiki/Aq_Qoyunlu
  16. ^ haşımzadə, 17ci əsrin əvvəllərində Səfəvi_Osmanlı münasibətləri, Türkiyə qaynaqlarında, İstanbul 2001
  17. ^ Mahboub and Sakineh Mahdaviyan: Donboli, the Ruling Tribe in Khoy, Adv. Environ. Biol. , 8(12), 1285-1290, 2014.
  18. ^ Hinterhoff, Eugene (1984). Persia: The Stepping Stone To India. Marshall Cavendish Illustrated Encyclopedia of World War I, vol iv. New York: Marshall Cavendish Corporation. pp. 1153–1157. ISBN 0-86307-181-3.
  19. ^ Bryce, James (2000). The Treatment of Armenians in the Ottoman Empire, 1915–1916. p. 109.
  20. ^ https://psri.ir/?id=ixxmziuz
  21. ^ ئ ا ب پ ت پ.ی.د یاسین سەردەشتی. کۆماری میللیی دیموکراتی کوردستان(کوردیی ناوەندی).
  22. ^ "WorldClim Global Climate Data Grids". WorldClim. Archived from the original on ١٠ی شوباتی ٢٠١٤. Retrieved 14 September 2011. Check date values in: |archive-date= (help) Archived ١٠ی شوباتی ٢٠١٤, لە وەیبەک مەشین. [data is inaccessible]
  23. ^ Jamshid Yarahmadi, The integration of Satellite Images, GIS and CROPWAT model to investigateion of water balance in irrigated areas:A case stude of Salmas and Tassoj Plains Iran. 2003.
  24. ^ wetland hydrology and modelling at water basin level - Data User ....


ھەڵەی ژێدەرەکان: <ref> tags exist for a group named "q", but no corresponding <references group="q"/> tag was found