موکریان
موکریان | |
---|---|
![]() | |
وڵات | کوردستان |
ڕووبەر | |
• سەرجەم | ١٧٩٤٦ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٦٬٩٢٩ میلی چوارگۆشە) |
ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٦) | |
• سەرجەم | ١٬٣٦١٬٨٨١ |
زمان و ئایین | |
• زمانەکان | زۆرینە: کوردی کەمینە: ئازەری |
• ئایینەکان | زۆرینە: ئیسلامی سوننە کەمینە: شیعە، یارسان |
نەتەوەکان | کورد، ئازەربایجانی، فارس، ئەرمەنی |
ئەم وتارە بەشێکە لە زنجیرەیەک وتار لەسەر |
مێژووی کورد و چاندی کوردی |
---|
![]() |
![]() |
موکریان (بە پاڵەوی: Mukrān یان Mukristān[١]؛ ھەروەھا: مکوریان، موکوریان یان مُکُریان[٢]) ناوی مەڵبەندێکی گەورە و بەرینی کوردستانە. ناوچەی موکریان لە شارستانەکانی بۆکان، پیرانشار ،مەھاباد، شنۆ، سەردەشت، نەغەدە، میاندواو، ساینقەڵا، تیکاب دەگرێتەوە.[٣]ھۆزی موکری لە موکریان نیشتەجێیە و دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیەیە.
بێجگە لە کوردەکان کە نەتەوەی سەرەکیی موکریانی کوردستانن، ئازەرییەکانیش کە ھۆزی کۆچەرن وەک کەمایەتی لە موکریاندا دەژین. موکریان ئەو شوێنەیە کە بۆ یەکەم جار ئاڵای کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا شەکایەوە.[٤] بوونی نەتەوەکانی کورد و ئازەری و ئایینەکانی سوننی و شیعە و یارسان لە موکریاندا جاربەجار بووەتە ھۆی تێکھەڵچوونی دانیشتووانەکەی. لە بواری ئابوورییەوە، سەرچاوەی ئاوی زۆر، کانزاکانی دەوڵەمەندی ژێرزەوی وەک زێڕ، مس، ڕووی و سوورب لە ناوچەکانی سەردەشت، تیکاب و ساینقەڵادا، کانزای بەردە خەمڵێنەرەکان و بەربڵاوبوونیان لە ناوچەکەدا، چاوگەی جیوە لە مەھاباددا، سیلیس لە دەوروبەری پیرانشاردا و… بوونەتە ھۆی گرنگبوونی ناوچەی موکریان.[٥]
ناو[دەستکاری]
- بەدلیسی ناوی موکریان بۆ سەیفەدین خان موکری دەگێڕێنێتەوە بۆ ڕیشەی حکومڕانانی موکری بۆ ئێڵی موکری کە لە ناوچەی شارەزوور نیشتەجێبوون.
- هەندێک لە مێژوو نووسانی تر ناوی موکریان بۆ (مەهاکاریان) دەگێڕنەوە کە گۆیا یەکێک لە ئێڵەکانی ماد بوون.
- هەندێک لە لێکۆڵیارانی تر بە دووری نازانن کە ناوی موکریان لە (موکریت)ەوە هاتبێت.
- ڕۆژبەیانی پێیوایە وشەی موکریان لە (موغری) یان (موغ راه) وە هاتووە و دواتر بۆ (موقریان) و موکریان گۆڕانی بە سەردا هاتووە، کە موغریان (موکریان) لەسەر ڕێگای (موغان) بووە. پادشاکانی ئێران تەنانەت ساسانیەکان کاتێ بە دەسەڵات دەگەیشتن دەبووایە لە تەختی سلێمان(تیسفوون) بەپێ بڕۆشتنایە کە کڕنووش بۆ ئاگر ببەن، لەبەرئەوەی موکریان لە سەر ڕێگای موغان بووە و ناوی موغریان لێناوە و دواتر بووەتە موکریان.
جوگرافیا[دەستکاری]
- موکریان شارستانەکانی باشووری دەریاچەی ورمێ دەگرێتەوە کە بریتین لە شارستانی شنۆ، شارستانی نەغەدە، شارستانی سەردەشت، شارستانی ساینقەڵا، شارستانی تیکاب، شارستانی میاندواو، شارستانی بۆکان، شارستانی پیرانشار و شارستانی مەھاباد و گوندستانی تورجان لە شارستانی سەقز.
بەپێی ئامار و دابەشبوونی ڕامیاری لە ساڵی ٢٠١٦، لە سەر بنەمای ڕووبەر شارستانی مەھاباد گەورەترین و لە سەر بنەمای دانیشتووان شارۆچکەی بۆکان ئاوەدانترین شارۆچکەی ئەم هەرێمەیە. بێ گوێدانە گوندستانی تورجان، ڕووبەری هەرێمی موکریان دەکاتە (١٧،٩٤٦ کیلۆمەتری چوارگۆشە) و ژمارەی دانیشتووانی (١،٣٦١،٨٨١)کەسە لە سەر بنەمای سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦دا.
- ڕووبەری موکریان دەکاتە (١٧,٩٤٦کم٢):
گوندەکان[دەستکاری]
- ژمارەی گوندەکانی هەرێمی موکریان دەکاتە (١,٣٩٨) گوند:
- ژمارەی گوندە کوردنشینەکان (١,١٦٣)گوند.
- ژمارەی گوندە ئازەرینشینەکان (٢٢٠) گوند.
- ژمارەی گوندە کوردنشین و ئازەرینشینەکان (١٥)گوند.
ڕیز | ناوی شارستان | ڕووبەر (کیلۆمەتری چوارگۆشە) | دانیشتووان (٢٠١٦) |
---|---|---|---|
شارستانەکانی موکریان کە کوردن | |||
۱ | شارستانی شنۆ | ۱٬۱۹۳ | ۷۳٬۸٨٦ |
۲ | شارستانی پیرانشار | ۲٬۲٥۹ | ۱۳۸٬۸۰۰ |
۳ | شارستانی مەھاباد | ۲٬٥۹۲ | ۲۳٦٬۸٤۹ |
٤ | شارستانی بۆکان | ۲٬٥٤۱ | ۲٥۱٬٤۰۹ |
٥ | شارستانی سەردەشت | ۱٬٤۱۱ | ۱۱۸٬۸۰۰ |
# | ڕۆژاوای موکریان | ۹٬۹۹٦ | ۸۱۹٬۷٤٤ |
شارستانەکانی موکریان کە لە کورد و ئازەری پێکهاتووە | |||
٦ | شارستانی نەغەدە | ۱٬۰٥۰ | ۱۲۷٬٦۷۱ |
۷ | شارستانی میاندواو | ۲٬۲۳۳ | ۲۷۳٫۹٤۹ |
۸ | شارستانی ساینقەڵا | ۲٬۱٤٤ | ۹۲٬٤٥٦ |
۹ | شارستانی تیکاب | ۲٬٥۲۳ | ۸۷٬٥٥٦ |
# | ڕۆژهەڵاتی موکریان | ۷٬۹٥۰ | ٥۸۱٬٦۳۲ |
کۆ | کۆی موکریان | ۱۷٬۹٤٦ | ۱٬۳٦۱٬۸۸۱ |
مێژوو[دەستکاری]
بە پێی هەندێ سەرچاوەی مێژوو یەکێک لە فەرماندەکانی سۆما کە لە سەدەی (١٠/٩)زاینیدا بوو بە ناوی ئەمیر سەیفەدین خان موکری بە دامەزرێنەری ئێڵی موکری دادەنرێت کە ھۆزە کوردییەکانی (هەرێمی موکریان)ی لە کۆنفدراسیۆنی ئێڵی موکریدا کۆکردەوە و لە ناوچەی (دەرباس یا دەریاس) بووە خاوەنی هەرێمەکە.
(ئەختاچی و ئێڵی تەیموور)ی بە فەرمانڕەواییەکەیەوە لکاند کە ئەوکات فەرمانڕەوای بەشێک لە هەرێمەکە بوون و حکومەتێکی بە هێزی پێکهێنا و ناوی حکومڕانەکەی موکری بوو کە لە پاش ناوی خۆیەوە وەریگرتبوو وە بۆ ماوەیەکی درێژ بەبێ شەڕ حکومی کرد.
ھەزەبانی[دەستکاری]
کورد لەمێژە لەم هەرێمەدا نیشتەجێ بووە و لە سەردەمی ئیسلامدا ئازادکراوە و بووەتە بەشێک لە دەوڵەتی ئیسلامی، کوردەکانی هەرێمی موکریان و ئازەربایجان بە ھەزەبانی و ڕەوەندیی(الروادی) ناسرابوون. شارۆچکەی شنۆ بە مەڵبەندی کوردە ھەزەبانییەکان ناسرابوو تا سەدەکانی ناوەڕاست لە ئاوەدانی و پەرەسەندندا بوو. ھەزەبانییەکان لەوەڕگای دەورووبەری هەرێمەکەیان بەکاردەهێنا بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان. وە ئێڵێکی کورد کەبە ڕەوەندییەکان ناسرابوون وە لە ھەزەبانییەکان بوون لە ئازەربایجان و ئەرمەنستاندا نیشتەجێ بوون، ڕەوەندییەکان کە بە پشتیوانی جەماوەریان لە ئازەربایجان و موکریاندا لە سەدەی هەشتەمی زایندا سەربەخۆیی خۆیان لە عەباسییەکان ڕاگەیاند و حکومەتیان دروستکرد بە سەرۆکایەتی (عەلی کوڕی زەڵم)، شاری ورمێیان کردە ناوەندی فەرمانڕەوای خۆیان.
سەفەوییەکان[دەستکاری]
- هەرێمی موکریان لە تەواوی سەردەمەکاندا چەندین جار سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندوە و لەژێر دەستی هاتووەتە دەرەوە، لە سەردەمی سەفەوییەکان و قاجاڕەکاندا تووشی داگیرکاری و کوشتار و کۆچپێکردن و زەوتکردنی خاکەکەی بە شێوەیەکی دڕندانە و بە زۆر بووە، وە هێنانی ئازەربایجانی تورک زمان لە ئێڵەکانی (ئەفشار و قەرەپەپاغ و بەیات) بۆ جێی کوردان، تاوەکو کوردان لاوازبن و ڕووبەری جوگرافیایی موکریان بچووک بکەنەوە و بەمەبەستی لە ناوبردنی کوردان لە هەرێمەکەدا، کە ئەمەش زیاتر بەهۆی ئەوەی کوردان حەزیان لە سەربەخۆی و حکومی خۆیان دەکرد لەبەرئەوەی دەسەڵاتداران جەور و ستەمێکی زۆریان بەرامبەر دەکردن و خاکەکەیان بە پیت بوو وە لەڕووی ئاینزاوە(مەزهەب) جودا بوون لە دەسەڵاتدارانی ئێران ئەم هۆکارانە سەرچاوەی ناکۆکی و دووبەرەکی کوردان و دەسەڵاتدارانی ئێران بوو.
- (هێنری ڕۆلینسۆن) لە تشرینی یەکەمی ١٨٣٨دا سەردانی ئێڵی موکری کردووە بە یەکێک لە بەهێزترین هێزەکانی ئێرانی دادەنێت، ئەم ئێڵە نیشتەجێی دەشتی میاندواو و دەورووبەری ڕووباری جەغەتوو لە ڕووبەرێکی (٦٥کم) پانیدا زیاتر لە (١٢هەزار) خێزانی بنەماڵەی (بابا ئەمیر)ی و دێبوکری و هۆزەکانی کە بوون. (بانستر سوان) دەنووسێت کە زۆرێک لە پاشاکانی ئێران لەوانە شا عەباسی یەکەم پشتیان بە موکرییەکان دەبەست بۆ بەشداریکردنیان لە جەنگە جۆربەجۆرەکاندا، شا عەباسی یەکەم زۆرێک لە موکرییەکانی وەک ئەفسەری پلە بەرزی سوپاکەی هەڵبژارد، لە ساڵی ١٦٢٤دا زۆرینەی سوپاکەی شا عەباس کوردانی موکری بوون لە جەنگی گرنگدا بەرامبەر ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی وەستا بوون. (ئەسکەندەربەگی تورکمان مونشی) دەنوسێ کە دوای داگیرکردنی (موکریان و ئازەربایجان) لەلایەن ئیمپراتۆریەتیی عوسمانییەکانەوە (بابا ئەمیری) میری موکری دڵسۆزی خۆی بۆ سوڵتان مورادی سێیەم دەردەبڕێت و دەچێتە پاڵ عوسمانییەکان. پشتیوانی موکرییەکان بۆ عوسمانییەکان لە دوای مەرگی (بابائەمیر) و لەسەردەمی (شێخ حەیدەر)ی کوڕیدا بەردەوام دەبێت تاوەکو هەرێمی (موکریان و ئازەربایجان) لەلایەن شا عەباسی یەکەمەوە داگیر دەکرێتەوە. دوای ئەوە (شێخ حەیدەر) دڵسۆزی خۆی بۆ شا عەباس ڕاگەیاند و شایش لە ڕابردووی خۆش بوو، حکومی مەراغەی پێبەخشی، (شێخ حەیدەر) لە سوپاکەی شادا بۆ باکووری ڕووباری ئاراس هاودەمی کرد، بەڵام لەکاتی گەمارۆدانی شاری یەریڤاندا کوژرا.
- پاشاکانی سەفەوییەکان و قاجاڕەکان بۆ لاوازکردنی کوردەکان، چەندین جار سزای دانیشتوانی هەرێمی (موکریان و ڕۆژاوا و باشووری دەریاچەی ورمێ)یان داوە و کۆمەڵکوژیان دەکردن و هەزاران خێزانی کوردیان گواستەوە و لە جێی ئەوان ئێڵە تورک زمانەکانی (ئەفشار و قەرەپەپاغیان) نیشتەجێ کرد.
شەڕی دمدم[دەستکاری]
شەڕی دمدم لە مێژووی سەفەویدا جێگایەکی گرنگی ھەیە، بۆیە شا تەھماسپ میر قەرەتاجی کردە حاکمی ناوچەکانی ورمێ و شنۆ. لە دوای مردنی شا تەھماسپی یەکەم، زۆربەی میرانی میرنشینەکانی ئەودەمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی (میر عومەر)ی میرنشینی سۆران، چوونە پاڵ دەوڵەتی عوسمانییەکان، بەڵام میر قەرەتاج کە میری (میرنشینی برادۆست) بوو، نەچووە ژێر باری میر عومەر و بەمەش شەڕ و پێکدادان لەنێواندا بەرپا بوو کە لەو شەڕەدا میر قەرەتاج دەستی پەڕێنرا، ئیتر لەو کاتەوە بە ئەمیرخانی یەکدەست ناسرا. دوای ئەوەی شا عەباسی یەکەم (١٥٨٧-١٦٢٩ز) بووە پاشای دەوڵەتی سەفەوی، دەستێکی لە زێڕ بۆ دروست کرد و بەمەش نازناوێکی بۆ زیاد بوو کە خانی لەپ زێڕین بوو. میر قەرەتاج جگە لە ناوچەکانی ورمێ و شنۆ، کرایە فەرمانڕەوای (قەڵای مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕ)، (قەڵای ورمێی) پەسند نەبوو بیکاتە ناوەندی دەسەڵاتەکەی، چونکە پێیوابوو قەڵای ورمێ توانای بەرگەگرتنی لە بەرامبەر ھێرشی دوژمنان نییە، بۆیە لە شوێنی قەڵای دمدمی سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانی، دووبارە بە ھەمان ناو قەڵای دمدمی دروست کرد. ئەم کارەیشی وای لە میرانی ئێران کرد، بکەونە بەربەرەکانێی میر قەرەتاج، یەکێک لەو میرانە میری ئازەربایجان بوو کە ناوی (میر پیربداغ بەگ) بوو، تەنانەت میرانی ئێران لای شا عەباسی یەکەم بۆیان تێچاند کە میر قەرەتاج نیازی وایە لە شاعەباسی یەکەم یاخی بێت و سەربەخۆیی میرنشینەکەی ڕابگەیەنێت، ئەوەبوو شاعەباسی یەکەم داوای لە میر قەرەتاج کرد دەست لە دروستکردنی قەڵای دمدم ھەڵبگرێت، بەڵام میر قەرەتاج داواکەی پشتگوێ خست و بەردەوام بوو تا تەواوی کرد. قەڵای دمدم پێکھاتبوو لە قەڵایەکی گەورە و چەند قەڵایەکی بچووک لە ناوەوە و دروستکردنی چەندین قولەی سەربازی لە ھەرچوار لای قەڵا گەورەکە بۆ پارێزگاریکردن لە ھێرشی دوژمنان دروست کرابوون. ھەروەھا چەندین گەنجینەی گەورە بۆ ئازووقە و چەک و جبەخانەی سەربازی. ئیتر شاعەباسی یەکەم کەوتە پیلاندانان لە دژی میر قەرەتاج و چەندین جار ھێرشی سەربازیی کردە سەر، بەڵام شکستی ھێنا، تا ئەوەی کە بیست کەسی ھۆزی جەلالیانی کوردی باکور لە دەستی دەوڵەتی عوسمانییەکان ھەڵاتبوون و پەنایان بۆ دەوڵەتی سەفەویی ئێران ھێنا، شاعەباس ئەوەی بە دەرفەت زانی کە نزیکەی (١٠ ھەزار) کەسیان لەگەڵ (حەسەن خانی) والی ھەمەدان بە سوپاکەیەوە ناردە لای میر قەرەتاج، بەڵام میر قەرەتاج ئەو داوایەی ڕەت کردەوە لە ترسی یاخیبوونی دانیشتوانی میرنشینەکەی لە دژی، لە کاتێکدا میر نیازی وابوو میرنشینەکەی سەربەخۆ بکات لە دەسەڵاتی سەفەوییەکانی ئێران، بۆیە ھێرشی کردە سەر سوپای سەفەوییەکان کوشتارێکی زۆری لێ کردن، بەمەش دووبارە پیلانەکانی شاعەباس سەری نەگرت. ئەوەبوو شاعەباسی یەکەم سوپایەکی گەورەی بە سەرکردایەتیی (ئیعتمادودەولە)ی وەزیری ناردە سەر میر قەرەتاج و داوای لێ کرد خۆی بەدەستەوە بدا و قەڵاکەیش چۆڵ بکات، بەڵام میر قەرەتاج کەوتە توندکردنی قەڵاکە و بەمەش لە بەرەبەیانی (٥/١٢/١٦٠٨) شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای میرنشینی برادۆستی کوردی و سوپای دەوڵەتی سەفەوییەکان دەستی پێ کرد و نزیکەی (٤) مانگی خایاند، تا ئەوەی بە سەرچاوەی ئاوی قەڵاکەیان زانی و سەرچاوەکەیان لە قەڵا بڕی، نزیکەی (٢١) ڕۆژ سەربازان و دانیشتوانی قەڵاکە بێ ئاو بوون، بەڵام لەو کاتەدا بارانێکی زۆر باری و بووە یارمەتیدەرێک بۆ سەربازان و دانیشتوانی قەڵاکە، بەمەش بۆ چەند مانگێک توانییان خۆیان لە بەردەم ھێرشی داگیرکەران بگرن. بەڵام ھێزی داگیرکەری سەفەوی، توانی یەکێک لە تاوەرەکانی قەڵاکە داگیر بکەن. لەو شەڕەدا سەڕەرای کەمبوونەوەی چەک و گولە تۆپ لە سوپای میرنشینی برادۆست، لەو کاتەدا (ئیعتمادودەولەی) وەزیر کۆچی دوایی کرد و (محەمەد بەگی بێگدلی) لە شوێنی بووە سەرکردە کە (میر پیربداغ بەگی) والی ئازەربایجانی لەگەڵدا بوو. ئەوەبوو میر قەرەتاج نامەیەکی بۆ نووسی و پێی ڕاگەیاند کە ئەگەر بەڵێنم پێ بدەن و نەمکوژن، خۆم ڕادەست دەکەم، بێگومان ئەمیش فێڵێک بوو تا ئەوەی داگیرکەران سەرقاڵ بکات و ڕیزەکانی سوپاکەی دووبارە ڕێک بخاتەوە. بەم شێوەیە بووە میوانی، ھاوکات محەمەد بەگی بێگدلی ویستی میر قەرەتاج بکوژێت، بەڵام میر ھەستی پێ کرد شوێنەکەی بەجێ ھێشت و بەمەش دووبارە شەڕ و پێکدادان دەستی پێ کردەوە، تا ئەوەی میرقەرەتاج ناچار بوو قەڵای دمدم ئاگر تێبەر بدات، چونکە دەیزانی ڕۆژ بەڕۆژ چەک و سەربازی کەم دەکات و ناتوانێ لەوە زیاتر بەرگری بکات، ھاوکات بۆ ئەوەی بەزیندوویی نەگیرێت و نەبرێتە لای شاعەباسی یەکەم. بەمەش داستانی قەڵای دمدم چووە ڕیزی مێژووی داستانە نەمرەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد. شاعەباس فەرمانیدا بە کۆمەڵکوژی لە موکریان و برادۆستدا، خێڵی تورکی ئەفشاری دووبارە لەناوچەکەدا نیشتەجێکرد و ھەندێک لە خەڵەکوردەکانی بردە خۆراسان، دوو میرنیشینی لاواز لە ناوچەکەدا مانەوە کە دووجار کەوتنە جەنگەوە لەگەڵ سەفەوییەکاندا لە ناوچەکەدا.
سەرەتای گۆڕینی دیمۆگرافیای ورمێ و ناوچەکە دەستی پێکرد و کوردان لە شوێنی خۆیان ھەڵکەندران. لە ساڵی (١٧٢٩ز)دا تەھماسب قولی سوپاسالاری نادر شا، توانی (یوسف پاشا)ی حکومداری عوسمانی شاری ورمێ لە دمدمدا بشکێنێت و دواتر فەرمانیدا بە ھەڵوەشاندن و وێرانکردنی تەواوی قەڵای دمدم و کە ئیتر نەبێتەوە بەقەڵا.
دابەشبوونی ڕامیاری[دەستکاری]
هەرێمی موکریان لە ئێستادا لە (شارستانی شنۆ، شارستانی نەغەدە، شارستانی سەردەشت، شارستانی ساینقەڵا، شارستانی تیکاب، شارستانی میاندواو، شارستانی بۆکان، شارستانی پیرانشار و شارستانی مەھاباد و گوندستانی تورجان لە شارستانی سەقز) دەگرێتەوە بەڵام لە ڕابردوودا ڕووبەری ئەم هەرێمە گەورەتر بوو شارستانی مەراغە و چەند ناوچەیەکی تری دەگرتەوە. لە سەردەمی قاجاڕەکاندا لە ڕووی کارگێڕیەوە موکریان پێک هاتبوو لە شارستانی شنۆ، شارستانی سەردەشت، شارستانی بۆکان، شارستانی پیرانشار و شارستانی مەھاباد و شارستانی نەغەدە و شارستانی ساینقەڵا و شارستانی میاندواو و شارستانی تیکاب و شارستانی مەراغەی تیادا نەبوو لە ڕووی کارگێڕییەوە هەموویان سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا بوون و دواتر خرانە سەر پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات.
لە سەردەمی شانشینی پەھلەویدا تەنها مەھاباد و مەراغە شارستان بوون و مەھاباد لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا بوو مەراغە سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات بوو، موکریانیش بە چەند ناوچە و گوندەوار دابەشی ئەم دوو شارستانە ببوو.
لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هەریەکە لە شارستانەکانی(شارستانی شنۆ، شارستانی نەغەدە، شارستانی سەردەشت، شارستانی ساینقەڵا، شارستانی تیکاب، شارستانی میاندواو، شارستانی بۆکان، شارستانی پیرانشار) بوونە شارستان و لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوان.
لە ئێستادا نە هەرێمێک نە پارێزگایەک هەیە بەناوی موکریان تەنها ئەوە نەبێت کە چەند گوندەوارێک هەیە بەناوی موکریان وەکو(گوندستانی موکریانی ڕۆژاوا و گوندستانی موکریانی ڕۆژھەڵات) لە شارستانی مەھاباد.
پێشنیاری بوون بە پارێزگا[دەستکاری]
پلانێک هەبوو بۆ بە پارێزگا کردنی هەرێمی موکریان بەناوی (پارێزگای موکریان) یان (پارێزگای کوردستانی باکوور)، پلانی پێشنیار کراو بۆ پێکهێنانی پارێزگایەکی نوێ بەناوی (پارێزگای کوردستانی باکوور) ناوەندەکەی شاری بۆکان بێت لە باکووری ڕۆژاوای ئێران. کە ناوچەی مەبەستدار بۆ پێکهێنانی ئەم پارێزگایە بەشێکە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا و پارێزگای کوردستان، (پارێزگای کوردستانی باکوور) شارە کوردییەکانی باشووری دەریاچەی ورمێ و شارەکانی سەقز و بانە لە باکووری پارێزگای کوردستان دەگرێتەوە.
بە فەرمی ئەم پلانە سەرەتا لە ۱٥ی ئایاری ١٩٩٠دا لەلایەن نوێنەری ئەو کاتی بۆکانەوە بەناوی (پارێزگای موکریان) و ناوەندی بۆ بۆکان لە (خولی سێهەمی ئەنجومەنی ڕاوێژی کۆماری ئیسلامی ئێران) پێشنیارکرا، وەزارەتی ناوخۆش پێشنیار کرا لە باشووری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا پێکی بهێنێت. ساڵی ٢٠٠٨ لە وتارێکیدا (محەممەد قاسم عوسمانلی) نوێنەری بۆکان بە ناونیشانی (بە دواداچوونی وەزارەتی ناوخۆ بۆدروستکردنی پارێزگایەکی نوێ بە ناوی (پارێزگای کوردستانی باکوور) بە ناوەندی بۆکان و بە لەبەر چاوگرتنی پێگەی ستراتیژی و توانا شاراوەکان و نەهێشتنی گومان لە هەڵاواردن) ئەم باسی (پارێزگای موکریان)ە سەر لە نوێ هاتەوە باس بەڵام ئەمجارە بە ناوی (پارێزگای کوردستانی باکوور).
لە ئێستادا تەنیا پێشنیار بووە و نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و وە سنوری ئەم پارێزگایە دیاری نەکراوە و هەروەها لەسەر ناوەکەشی ڕێکەوتنێک نەکراوە کە ناوی پارێزگای موکریان یان پارێزگای کوردستانی باکوور بێت.
دانیشتووان[دەستکاری]
- دانیشتووانی موکریان (١،٣٦١،٨٨١)کەسە:
- دانیشتووانی موکریان لە زۆرینەی کورد و کەمینەی ئازەری پێکهاتووە:
- دانیشتووانی موکریان لە (٤٣٪)ی دانیشتووانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا پێکدێنێت.
ئەمانە ببینە[دەستکاری]
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ فەرھەنگی پەھلەوی، ل١٩٢
- ^ ھەنبانە بۆرینە، ل٨١١ و ٨٢٠
- ^ نەخشەی سیاسی و دیمۆگرافیکی موکریانی کوردستان، ئامادەکردنی سولەیمان چووکەڵی، بەرھەمی ئینستیتووی کوردی لە ستۆکھۆڵم، ٢٠٠٧
- ^ نانەوازادە، عەلی، فەرھەنگی پەھلەوی، تاران، چاپەمەنی تەوەکولی، ل١٩٢، ٢٠٠٢، ISBN 964-5821-15-0
- ^ ھەژار، ھەنبانە بۆرینە، تاران، چاپەمەنی سرووش، ل٨١١ و ٨٢٠، ١٣٨٨، ISBN 978-964-376-516-3