خانەقین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

خانەقین یا خانەقی شارێکی وڵاتی عێراق و باشووری کوردستانە کە زۆربەی دانیشتووانی کوردن، خانەقین ناوەندی قەزای خانەقین و سەربە پارێزگای دیالە‌یە.[١] سنووری ئیدارەی خانەقین لەنێوان ھێڵی پانیی (٣٤°٢٠′٠″N باکوور) و ھێڵی درێژی (٤٥°٢٣′٠″E). ڕووبەری ئیداریی ٣٩١٥ کم٢، و بەرزایی لە ئاستی دەریاوە ٢٠١ مەتر.

قەزای خانەقین کەوتووەتە نێوان قەزای کفری لە باکوورەوە. قەزای مەنەلی و شاخی حەمرین سنووری لە باشووردا دیاری دەکات. ڕووباری سیروان لە ڕۆژاوا و سنووری عێراق و ئێران لە ڕۆژھەڵات.

ناوی شارەکە[دەستکاری]

خانەقی وشەیەکی کوردی دێرینە و بە واتای ماڵی ڕشانەوە دێت کە ئەو وشەیە ئێستاش لە فارسیدا ھەیە و دیارە ئەو شوێنە شوێنی درم و مەلاریا و پەتا گوازراوەکان بووە بۆیە ناویان لێناوە خانەی ڕشانەوە یان ڕشانەوە خانە کە پێشتر خانەقی و ناوچەکانی تا سەنگاویش لوڕی تێدا بووە و ھەندێ لە ناوی ئەو جێگایانە لوڕییە. . لێکدانەوەکانی پێشوتر . زۆر بۆچوون ھەیە لەسەر ناوی خانەقین، لەوانە (خان نەقی) کە نەقی ناوی شوێنێک بووە کە خانی ھەبوون، خان بە واتای ئاغا. یان (خان قین) بەواتای جێگەی قین یاخود ڕق، چونکە گوایە پاشای ساسانەکان کە بەڕەگەز کوردن لە قیندا یاخود لە ڕقا (منزر بن نعمان) لەوێ زیندانی کردووە چونکە ئامادە نەبووە بە زاوا قبوڵی بکات. یانیش دەڵێن کاتێک کە عەرەبە داگیرکەرەکان ھاتوون لە ئاوی ئەڵوەندا خنکاون بۆیە بە دەنگی بەرز وتوویانە «خنقینی» کە بە شوێنی خنکاندنەکە ناسراوە. بەڵام بە زمانی کوردی کەلھوڕ یان کۆران بە (خانە قی) ناودەبرێت.

دیمۆگرافیای دانیشتووان[دەستکاری]

لە ساڵانی ھەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ژمارەی دانیشتووانی بە ١٧٥٠٠٠ کەس مەزەنە کراوە. بەڵام ڕاستی ژمارەی دانیشتووانی نەزانراوە لە ئەنجامی تەقەلای حکوومەتی عێراق بۆ گۆڕینی دیمۆگرافییای شارەکە.

زۆربەی دانیشتووانی خانەقین کوردن و بە شێوەزاری کەڵھوڕی و گۆرانی قسە دەکەن کە ھەندێ جار، بە ھەڵە بە فەیلی ناویان دەبردرێت. لە ڕووی ئایینییەوە موسڵمانن و بەشێکی زۆری شیعە مەزھەبن بەشەکەی دیکەش سوننە. بەشێکیش کاکەیی و سنجاوی. بێجگە لە کورد، ژمارەیەکی تورکەمان، عەرەب، جوولەکە و مەسیحی و سابئی و مەندائی لە خانەقین دژین. لەبەر ھەمەڕەنگی ئایینی و مەزھەبی پێکھاتەی دانیشتووانەکەی، ژمارەیەکی زۆری حوسەینیەی شیعە و مزگەوتی سوننەی تێدایە. کڵێسایەکی مەسیحی تییدایە. سیناگوگی جوولەکەکانیش تێدابوو، بەڵام لە ساڵانی دوای دامەزراندنی ئیسرائیل و دەرکردنی جوولەکەکان لە خانەقین، ڕووخێنرا.

لە ساڵانی حوکمی ڕژێمی بەعسدا، گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر پێکھاتەی دانیشتووانەکیدا ھات کە بە پرۆسەی تەعریب ناسراوە. کوردی ڕەسەنی خەڵکی شارەکە بەزۆر دەرکران و دوورخرانەوە بۆ باشووری عێراق، عەرەبی ئەوێ لە شوێنەکانیان نیشتەجێ کران. دەستکرا بە ڕووخاندنی دیھاتەکان وەکوو بانمیل، مەلا عەزیز، قولە یەھودی و پێوکەونەیکەنە و چەندین دیھاتی دیکە.

ڕووخاندنی پاڵاوگەی نەوتی خانەقین کە بەپاڵاوگەی ئەڵوەند ناسرابوو. گواستنەوەی کرێکارەکانی بۆ شارەکانی دیکەی عێراق. دروستکردنی چەندین گەڕەک بۆ نیشتەجێکردنی عەرەبی تەعریب لە خانەقین، بۆ نموونە: گەڕەکی (شعلة) لە ئەرکەوازی، (٧ نیسان) لە کارێز، (الاشتراکیة) لە مەڵکشای، (آبو عبیدة ابن الجراح) لە عالیاوەی کوێخا زۆراب، (التآمیم) لە تۆڵەفرۆش، (الشیبانی) لە یوسف بەگ کە ھەر گەڕەکێکی لە (١٠٠–١٥٠) خانوو پێکھاتبوو.

مێژوو[دەستکاری]

شاری خانەقین زۆر دێرینە، بەدرێژایی مێژوو شوێنی نیشتەجێی مرۆڤ بووە. ھەبوونی ڕووباری ئەڵوەن کە بەم ناوچەیەدا دەروات، ڕۆڵێکی دیاری ھەبووە لە ئاوەدانیبوونی و بەپیتکردنی خاکەکەی. زەویوزاری دەوروبەری ڕووباری ئەڵوەن بۆ کشتوکاڵ و بەکارھێنراوە ھەر بۆیە مرۆڤ لێی نیشتەجێ بووە و بووەتە خاڵیکی گرنگی ڕێگای ھاتووچۆ لە نێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوا کە ئەوسا بە ڕێگای خۆراسان ناسراوە. لە سەردەمی مەملەکەتی گۆتییەکان (٨ سەدە پێش‌زایین)، ناوی خانەقین وەکوو (ئاوارتیوم) ھاتووە. لە کاتی تێپەربوونی ئەسکەندی گەورە بەو ناوچەیەدا (٣ سەدە پ. ز) ناوی وەکوو (ئارتیمیتا) لە مێژووی یونانی کۆن ھاتووە. ناوی مەرکەزی ویلایەتی سابینا لە نووسراوەکانی سەردەمی ئاشورییەکان بە (خودون) ھاتووە کە دەکاتە شوینی ئێستای خانەقین.

ئاشکەرایە کە ھاتنی ھێزی ئیسلام بۆ خانەقین پاش شەڕی جەلەولا بووە لە نێوان موسڵمانان و ساسانییەکان لە ساڵی ٦٣٧ (١٦ی کۆچی)، شەڕەکە ٨ مانگی خایاند و موسڵمانەکان سەرکەوتن و بەردەوام بوون لە داگیرکردنی ناوچەکە بەرەو خانەقین و حەلوان (سەرپێڵ زەھاو). کەواتە ھەر لەو سەردەمەدا ناوی خانقین بووە بەھەمان شێوەی ئێستا. لەکاتی ھاتنی مەغول بۆ داگیرکردنی بەغدا لە تۆڵەی شکاندنی ھێڕشی پێشتریان لە ساڵی (٦٣٤ ھجری)، لە ساڵی (٦٣٥ کۆچی) خانەقین بەتەواەی ڕووخێنراوە. خانەقین ناوی وەکوو (کاروانسەرا و حەلوان) یش ھاتووە، حەلوان یان ئەلوان، ئەلوەن ناوی مەرکەزی چەند شارێک بووە کە دەکاتە ئێستای سەرپێڵ زەھاو.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ بەختیاری, سەعی (1393 هەتاوی). جوگرافیا. تاران: ڕێکخراوی جوگرافیاییو کارتۆگرافی گیتاناسی. ISBN 978-964-342-431-2. Check date values in: |year= (help)