مۆسیقای کوردی

لەوانەیە ئەم وتارە بۆ گەییشتن بە ئاستی ستانداردی شێوازی نووسینی وتار لە ویکیپیدیادا، ویکیسازی پێویست ببێت. تکایە ئەگەر دەتوانن ئەم پەڕەیە باشتر بکەن. |
![]() | ئەم وتارە لەوانەیە پێویستی بە خاوێنکردن ھەبێت تا بگات بە شێوازی ستانداردی نووسین. |
کورد وەک ڕەچەڵەک و بنەچە، دەچێتەوە سەر ماد کە ٧٠٠ ساڵ پێش لە دایک بوونی مەسیح دەسەڵاتێکی گەورەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە داوێنی
چیای زاگرۆس دا ھەبووە. دوای ١٥٠ ساڵ حوکمڕانی، کوورشی ھەخامەنشی وەک نوێنەری فارس، دەسەڵاتی لە ماد زەوت کردووە و لەو کاتەوە تا ئێستا فارس وەک نەتەوەی فەرمانڕەوا حاکمە.
دژایەتی فارسی دەسەڵاتدار لەگەڵ ماد (باوکە گەورەی کورد) دا بە شێوەیەکی ئەوتۆ بەڕێوە چووە کە ڕێگای گەڕانەوەی بە ماد نەداوە جارێکی تر بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات و تێکۆشاوە تەواوی ئاسەواری ئەو ١٥٠ ساڵەی حوکمداری ماد بشێوێنێ و بیخاتە سەر خەرمانی دەسەڵاتی خۆی. ئەم شێواندن و داگیرکردنە گرفتێکی وای بۆ پسپۆڕان و لێکۆڵەرەوانی بواری مێژوو و دێرینە ناسی خوڵقاندووە کە زۆر بە زەحمەت بتوانن گرێ کوێرەی نێوان ١٥٠ ساڵ دەسەڵاتداری ماد و دواتر بدۆزنەوە و پێکەوەی گرێ بدەن. لە درێژەی ئەو سیاسەتەی فارسی فەرمانڕەوادا نەتەوەکانی تری غەیرە فارسی دانیشتووی ئێران، خراونەتە پەراوێزەوە و نەتەوەی باڵا دەست کە فارسە، ھەموو سامانە گشتی یەکانی گەلانی ئێرانی خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. یەکێک لەو سامانە نەتەوەیی یانە، مۆسیقایە. دواتر لە درێژەی وتارەکەدا لە سەر ئەم تەوەرەیە پتر دەدوێین.
مێژووی تەمەنی ھونەری گۆرانی لە ھونەری مۆسیقا کۆن ترە. ئەگەر بمانەوێ تەمەنی گۆرانی کوردی دەست نیشان بکەین، دەبێ لەو کاتەوە دەست پێ بکەین کە کورد بوونی ھەیە.
حەمەی حەمەباقی لە کتێبی مێژووی مۆسیقای کوردیدا دەڵێ: دەست نیشان کردنی ساڵێکی دیاری کراو یان سەردەمێکی دیاری کراو بۆ مێژووی سەرھەڵدان و لە دایک بوونی گۆرانی کوردی کارێکی ئێجگار دژوارە.
سەرەتای نەش و نما کردن و سەر ھەڵدانی گۆرانی کوردی دەگەڕێتەوە سەردەمی زەردەشت و سروودەکانی ئەو ئایینە پیرۆزە. دەکرێ سروودی گاتا (گاسا) و (یەشت) ە کان کە لە کتێبی پیرۆزی ئاڤێستادا ھاتووە، بە سەرەتای گۆرانی کوردی ئەو سەردەمە دەست نیشان بکەین. ئەو سروودانە کە جۆرە گۆرانی یەکی ئەو چاخە بوون، لە بەر ئەوەی لە باری ئایینی یەوە دەرەتانیان پێ درابوو، زۆر زوو توانیویانە گەشە بکەن و پێش کەون. وەک فتوای ئایینی لە لایەن موغەکان واتە ڕێبەرە ئایینی یەکانی زەردەشتەوە، بە پەیڕەوانی ئەو ئایینە ڕاگەیەندراوە کە ھەر کەسێ سروودەکانی ئاڤێستا بە ئاوازەوە بخوێنێ، کاریگەرتر و باشتر ئامانجەکانی دەپێکێ.
وشەی گاتا، گاسا، گاسە یان گازە بە مانای بانگ و ھاوار و داد و سکاڵا لێک دراوەتەوە. واتە سکاڵا و ڕاز و نیاز بە ئاواز و مۆسیقاوە لەگەڵ خودا. سروود لە پلەی ھونەری دا لە گۆرانی بەرزترە و بۆ بۆنەکانی نیشتمانی و ئایینی بە کار دەبرێ. سروود دەکرێ زۆر جار پلەی حەقیقی (پیرۆز) ی پێ بدرێ و گۆرانی مەجازی (دڵداری و...). سروود لە ئاتەشکەدەکانی زەردەشتی و کەڵام (یارسان) لە جەمخانەکانی ئایینی یاری (ئەھلی حەق) و ئیزەدی دا لەگەڵ تەموورە (تەنبوور، تەمویرە یان تەمیر) کە یەکێکە لە ئامێرە ھەرە پیرۆزەکانی کورد، پێشکەش کراوە و دەکرێ.
سەدیقی بۆرەکەیی لە کتێبی مێژووی مۆسیقای کوردی دا دەڵێ: مۆسیقا سەرەتا بە ھۆی شمشاڵی شوانەوە ھاتۆتە نێو کورد و پاشان پەرەی پێ دراوە.
بە گشتی ئەوسێ ئایینە (زەردەشت، یارسان و ئیزەدی) کە لە کوردستان دا سەری یان ھەڵداوە، بوون بە ھۆی پێشکەوتنی ھونەری گۆرانی و مۆسیقای کوردی. چونکە ھەر سێکیان ھانی خەڵکیان داوە ڕاز و نیازەکانیان لەگەڵ پیر و خاوەنکاری خۆیان دا بە ئاوازەوە بخوێنن (بۆ زانیاری: ناوەندی ئایینی زەردەشتی لە ورمێ، یارسان لە ھەورامان و داڵەھۆ و لوڕستان، ئیزەدی لە موسڵ و سەنجار و دیاربەکر ھەڵکەوتووە کە ھەموویان لە کوردستانن). لە ئایینی زەردەشتدا وتراوە: ئەگەر دووعا و سکاڵاکان تان بە ئاوازەوە لەگەڵ تەموورەدا بخوێنن، زووتر دەگاتە جێی خۆی.
لە ئایینی یاریش دا بە دەیان وتەی ڕێبەر و پیرەکانیان مان لە کتێبە پیرۆزەکانی ئەو ئایینەدا بەرچاو دەکەوێ کە ھانی خەڵک دەدەن ئەو ئەرکە بە ئاوازەوە ھاوڕێ لەگەڵ تەموورەدا بخوێنن. ئەم ھەڵبەستەی خوارەوەی دەروێش زوڵفەقاری گۆران وێنەیەکی ئەو ڕاستی یە کە دەفەرموێ:
خاوەندکارم تەنبوورش ئاوەرد پەری یارانش ھەر سەوگەندش وەرد واتش ھەر کەسێ تەنبوور نەژەنۆ مەبۆ جە دینش دڵش بکەنۆ دەسا ئەی یاران، ئەر شاد، زگارن تەنبوور بژەنن ئەگەر وەکارن
واتە: خاوەنکار تەموورەکەی ھێنا و سوێندی بۆ یارانی خوارد کە ھەر کەسێ تەنبوور نەژەنێ دەبێ دەست لەو دینە ھەڵبگرێ، بۆیە یاران! ئەگەر شادن و ئەگەر خەمبارن، تا توانا و ھونەرتان تێ دایە تەموورە بژەنن.
ئایینی ئێزدی ئەزدایش وەک لە کتێبی پیرۆزی مەسحەفاڕەش دا ھاتووە، ڕێ و ڕەسمی جەژنەکانیان بە دەنگی قەواڵ چەلەبی لەگەڵ تەموورە لایان پیرەکانەوە بە شادی کردن و بە ئاگرا کردنەوە بە ڕێوە دەبەن.
قەواڵ گۆرانیبێژی ئیزداییەکانە و ئەوپەڕی ڕێزی لێ دەگیرێ.
دەبێ کۆرەی زیکری دەروێشانی تەریقەتەکانی قادری، بەرزنجی و نەقشبەندی لە تەکیە و خانەقاکان لە جەوھەری ئایینی ئیسلام جوێ بکەینەوە، لەگەڵ ئەوەی ناوەرۆکی ھەڵبەستەکان پێ ھەڵاگوتنە بە شێخ و پیرەکانی ئەو تەریقەتانەدا بەڵام شێوەی بەیان کردنی وەرگرتەیەکە لە ئایینەکانی زەردەشتی و یاری و یەزیدی. ئامێرە ڕەسەنەکانی مۆسیقای کوردی تەمبوور، دەف، شمشاڵ، بلوێر، دەھۆڵ و زوڕنا، ساز و زۆری دیکەن.
وەک دەزانین بە لە دەست دانی دەسەڵاتی مادەکان و ھاتنە سەر حوکمی فارسەکان بە سەرۆکایەتی کوروشی ھەخامەنشی، ھونەرەکەشمان وەک چارەنووسی نەتەوەکەمان کرا بە بەشێک لە سامانی نەتەوەی فارس. بە چەشنێک ھونەری گۆرانی و مۆسیقای کوردی وەک ھونەری نەتەوەیەکی جیا لە فارس چاو لێ نەکراوە و ناوی مۆسیقای مەحەللی واتە لۆکاڵ و ناوچەیی لە سەر دانراوە.
تا سەد ساڵ لەمەوبەرکە بنەماڵەی فەراھانی واتە کوڕەکانی عەلی ئەکبەرخان کە بریتی بوون لە میرزا عەبدوڵڵا و میرزا حوسەین قولی، سەر لە بەری دەزگاکانی مۆسیقای گەلانی ئێران یان گرد و کۆ کردەوە و بە ناوی دەزگاکانی مۆسیقای ئێران ناودێریان کرد، پێشتر ئەو دەزگایانە بە ناوی ھەموو ئەو نەتەوانەوە دەناسراکە لە چوارچێوەی ئێران دا دەژیان. بە واتایەکی دیکە مۆسیقای کوردی لەگەڵ مۆسیقای ئێرانی کۆن دا ھاوبەشە و بە بێ ناو ھێنانی کورد ئەو مۆسیقایە ھەم ناتەواوە و ھەم تاڵان کراو. لە کاتێک دا ڕەزاخان بە بیانووی یەکدەست (متحدالشکل) کردنی جل و بەرگەوە، تەواوی نەتەوەکانی غەیرە فارسی پێچا بووە ھەتیتە و بە سەردەمی دەواردڕان لە مێژوودا بەناوبانگە، برایانی فەراھانی پێش ئەوەی دەزگاکانی مۆسیقای ئێران بەو شێوەیەی ئێستا ھەیە ناودێر بکەن، بە ھەموو دەسەڵاتێکی میری یەوە بە ئێران دا سووڕان و سەرجەمی ئەو دەزگایانەیان کۆ کردەوە. میرزا عەبدوڵڵا بۆ خۆی پێنج مانگ لە کوردستان مایەوە و چی گەنجینەی مووزیکی کوردی ھەبوو، کۆی کردەوە و پاشان ناوچەکانی دیکەی وڵات گەڕان و لە دوایی دا ناوی دەزگاکانی مۆسیقای ئێران یان لە سەر دانا. ئەو حەوت دەزگایە بریتین لە:
- ماھوور (دەزگا)
- ھومایۆن (دەزگا)
- سێگا (دەزگا)
- چوارگا (دەزگا)
- شوور (دەزگا)
- نەوا (دەزگا)
- ڕاست پێنج گا (دەزگا)
ھەر وەھا ٧ نیمچە دەزگاش (ئاواز) وەک پاشکۆی ئەو حەوت دەزگایە ھەیە کە بریتین لە:
- ئەبوو عەتا (ئاواز)
- شووشتەری (ئاواز)
- ئەفشاری (ئاواز)
- بەیاتی زەند (ئاواز) یان بەیاتی تورک (ئاواز)
- دەشتی (ئاواز)
- بەیاتی کورد (ئاواز)
- ئیسفەھان (ئاواز)
وەک لە سەرەتاوە باسمان کرد، فارسەکان بێجگە لە مۆسیقای فارس، مۆسیقای نەتەوەکانی دیکە بە مووزیکی مەحەللی ناو دەبەن. ئەم ناودێر کردنەش لە باری نێونەتەوەیی یەوە ئەو مافە بە نەتەوەی فەرمانڕەوا (فارس) دەدا کە وەک بەشێکی بچووک و ناوچەیی چاو لە مووزیکی کوردی و گەلانی دیکەی دانیشتووی ئێران بکا و بە ژێر تەوشێی خۆیانی بزانێ. پێ بە پێی سیاسەتی شۆڤینیستی ئێران دژی کورد، لە توکیادا ھەوڵ دراوە سەرلەبەری ئاوازە کوردی یەکان کۆ بکرێتەوە و ھەڵبەستی تورکی یان لە سەر دابنرێ. لە بەر ئەوەی ھیچ ھۆیەکی ڕەگەزی و کولتووریی کورد و تورک بە یەکەوە نابەستێتەوە، سەرەتا ھاتووە گۆرانی ھەموو ناوچەکوردنشینەکانی کۆ کردۆتەوە و پاشان بە ھۆی کوردە دەنگبێژە تورکی خوێنەکانەوە کردوونی بە تورکی. نموونەی ئەو کوردە تورکی خوێنانە زۆرن کە دەکرێ ناوی جەلال گوزەل سەس، عزت ئاڵتمش، برایم تاتلیسەس، بورھان چاچان، مەحموود تونجەر، کوچوک ئەمرە، بەشیر کایا و بەڵقیس ببەین. پاشان ناوی سەنعەت مووزیک و خەڵک مووزیکی لە سەر ئەو تاڵان کردنە داناوە.
لە کوردستانی بن دەستی عێراق و سووریادا، دەسەڵاتداران وێڕای ھاودەنگی کردن لەگەڵ ئێران و تورکیا بۆ تواندنەوەی فەرھەنگ و کەلەپووری کورد، زۆرتر لە بواری میلۆدی و ڕیتم دا ھەوڵیان داوە مۆسیقای کوردی بشێوێنن. بۆ وێنە ئەگەر گوێ لە مووزیکی ئەو گۆرانی یانە بگرین کە حەسەن زیرەکی نەمر لە بەغدا تۆماری کردوون و بەراوردی بکەین لەگەڵ کارەکانی ڕادیۆ کوردی کرماشان دا، پتر ئەو دەست تێوەردانەمان بۆ دەردەکەوێ. ئەوەی بەغدا تەواو عەرەبی یە و ئەوەی کرماشان کوردی یەکی پەتی. لەگەڵ ھەموو ئەو تاڵان و بڕۆیە کە بە سەر مووزیکی کوردی دا ھاتووە، ھەندێ شێوازی گۆرانی کوردی مان ھەیە کە نە نەتەوەکانی دەراوسێ ھەیانە و نە داگیرکەران توانیویانە بیکەن بە موڵکی خۆیان. ھۆکەشی ئەوەیە کە ئەو جۆرە ئاوازانە تەنیا بە کورد دەوترێ و بەس. ئەویش ئەم ئاوازانەیە:
ئەمانەش ببینە[دەستکاری]
سەرچاوە[دەستکاری]
- مالپەڕی کورد مووزیک [١]