بۆ ناوەڕۆک بازبدە

قەزای حەویجە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
قەزای حەویجە
بە عەرەبی: قضاء الحویجة
بە ئینگلیزی: Hawija District
نەخشەی قەزای حەویجە لە پارێزگای کەرکووک(زەرد)
Map
قەزای حەویجە
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ کوردستان
(باشووری کوردستان)
(ناوچە جێناکۆکەکان) [١]
پارێزگاکەرکووک
مەڵبەندحەویجە
ژ.ناحیە٤
ژ.گوندەکان٢٦٥
بوون بە قەزا١٩٦١
دەسەڵات
 • قایمقامسەبھان جبوری
ڕووبەر
 • سەرجەم٢٦٨١ کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٬٠٣٥ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
١٩٤ مەتر (٦٣٦ پێ)
بەرزترین بەرزایی
٤٩٤ مەتر (١٬٦٢١ پێ)
نزمترین بەرزایی
١٠٦ مەتر (٣٤٨ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم٣١٦٬٨٧٠
 • چڕی١١٨ کەس لە کیلۆمەتری چوارگۆشە (٣١٠ کەس لە میلی چوارگۆشە)
سەرناوی دانیشتووحەویجەیی
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانیعەرەبی و تورکمانی
 • ئایینئیسلام(سوننە و شیعەیارسان(کاکەیی)
 • ب پ م(٢٠١٧)٠٫٧٠٦[٢]
بەرز · ٢ەم بۆ ١٧
ناوچەی کاتیUTC+٣:٣٠ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٤:٣٠ (ھاوین)
تەلەفۆن٩٦٤+
وێبگەhttps://www.kirkuk.gov.iq/

قەزای حەویجە قەزایەکی سەر بە پارێزگای کەرکووکە لە باشووری کوردستان(ناوچە جێناکۆکەکان) لە عێراق، ناوەندی قەزاکە شارۆچکەی حەویجەیە، ژمارەی دانیشتووانەکەی زۆرینەی عەرەب و کەمینەی کورد و تورکمانە.[٣][٤]

ئەم دەسەڵاتە دادوەرییە بە فەرمانی کۆماری ٣٨٧ لە ساڵی ١٩٦١ لە ناوچەکانی نزیک لە پارێزگای سەلاحەددین و پارێزگای نەینەوا و پارێزگای کەرکووک دروستکراوە.[٥] عەرەبەکان لە عەرەبی سوننەن لە ئێڵی (جەبور و عوبەید و شەممار و دولەیم و حەدیدون). زۆرترین ڕێژەی دانیشتوانی قەزاکە بەھۆی تەختی و بەپیتی زەویەکان لەسەر کشتووکاڵ دەژین، زێی بچووک لە تەنیشت قەزاکەدا تێدەپەڕێت. قەزای حەویجە بەھۆی زۆری کشتوکاڵی تیایدا بە ناوچەیەکی گوندنشین دادەنرێت، کە چەندین بەرھەمی کشتوکاڵی تێدا بەرھەمدەھێنرێت، وەک پەتاتە و گەنمەشامی و گەنم و جۆ. قەزای حەویجە دووەم گەورەترین ھەناردەی سەوزەیە لەسەر ئاستی عێراق.

داواکارییەک لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە ئاراستەی حکومەتی ناوەندی کرا بۆ گواستنەوەی قەزای حەویجە بۆ پارێزگایەکی سەربەخۆ. بەھۆی زۆری ژمارەی دانیشتووان و بڕوانامەی ئەم ناوچەیە بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگا.

ناو ئەم قەزایە لە شارۆچکەی حەویجەوە وەرگیراوە کە ناوەندێتی:

ناوی حەویجە لەو دەوەنە سەوزەوە وەرگیراوە کە لەمبەر و ئەوبەری زێ و رووبارەکاندا دەڕوێت گوڵێکی وەک تۆپی زەرد بەرھەم دێنێت. کوردەکانی دەڤەرەکە بە (عەوینجە) واتا (شویت) ناوی دەبەن، لە ئەنجامی بەکارھێنانی لەلایەن چەندان بنەماڵەی ھۆزی دزەییەوە و ئاڵوگۆڕی پیتی (ع) بە (ح) و بە پێچەوانەشەوە وشەی (عەویجە) دەبێتە (حەویجە)، ئیتر لەناو خەڵکی ناوچەکەدا بە عەرەب و کوردەوە بڵاو دەبێتەوە.[٦]

جوگرافیا

[دەستکاری]

قەزای حەویجە ھاوسنوورە لەگەڵ؛

ڕووبەر

[دەستکاری]

ڕووبەری ئەم قەزایە (٢٦٨١کم٢)یە لە (٢٦٪) پارێزگای کەرکووک پێکدەھێنێت و (٠٫٦٪) عێراق پێکدەھێنێت.[٨]

دانیشتوان

[دەستکاری]

دانیشتوانی ئەم قەزایە لە عەرەب، کورد و تورکمان پێکھاتووە، بە پێی پێشبینی دەستەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ دانیشتوانی ئەم ناحیەیە (٣١٦،٨٧٠)کەسە. لە (١٨٫٣٥٪)ی دانیشتوانی پارێزگای کەرکووک و (٠٫٧٦٪)ی دانیشتوانی عێراق پێکدەھێنێت.[٩][١٠]

مێژوو

[دەستکاری]

سەردەمی عوسمانی(١٥٥٤-١٩١٨)

[دەستکاری]
  • لە ساڵی ١٥٥٤ کە عوسمانییەکان ئەو ناوچەیەیان داگیر کرد، دەسەڵاتی ناوچەکەیان بەخشی بەو میرە کوردانە کە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عوسمانییەکاندا ھاوکارییان ھەبوو. ھەروەھا ئەیالەتی شارەزووریان درووستکرد. کە ئێستا. بەنزیکەیی سنووری باشووری کوردستان دەناسرێت. کەرکووک پایتەختی ئەم ئەیالەتە بووە. بۆیە ڕاستەوخۆ نەخراوەتە ناو سیستەمی کارگێڕی عوسمانیەوە. فەرمانڕەواکان ئەندامی ھۆزە کوردییەکان بوون و تەنیا بە دەگمەن سەربازی عوسمانی لە ئەیالەتەکەدا ھەبوون.[١١]
  • لە سەدەی ١٨ و نۆزدەھەمدا، ئەیالەتەکە کەوتە ژێر دەستی بنەماڵەی بابان. ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە توانیان بە گەرەنتیکردنی ئاسایشی سنوورە ناجێگیرەکانی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی لەگەڵ ئێران لە بەرامبەر ئۆتۆنۆمی تەواودا، دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن. سنجاقی بابان کە شاری کەرکووکی لەخۆگرتبوو، بەناوی ئەو بنەماڵەیەوە ناونراوە.[١٢]
  • بابانەکان چاویان لە میرە کوردەکانی میرنشینی ئەردەڵان دەکرد کە بەشەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیان لە ژێر دەستدابوو، بۆ ئەوەی ببنە ڕکابەری سروشتییان، و لە ساڵی ١٦٩٤ سلێمان بەگ ھێرشی کردە سەر ئێران و شکستی بە میری ئەردەڵانی ھێنا. دوای ساڵی ١٧٨٤،بابانەکان پایتەختەکەیان گواستەوە بۆ شاری نوێی سلێمانی کە بەناوی دامەزرێنەری خانەدانەکەوە ناونرا. لە ساڵی ١٨٥٠دا دواجار دەسەڵاتی بابانەکان کۆتایی پێھات. ھەرێمەکە لە ساڵی ١٨٦٢دا خرایە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی ئەیالەتی بەغداوە، کەرکووک بووە سنجاقێکی ئەم ئەیالەتە.
ئەیالەتی شارەزوور لە ١٦٠٩

قۆناغی یەکەم: لە نێوان ساڵانی(١٨٥١-١٨٦٩)

[دەستکاری]

سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بووە، سنووری ئەم لیوایە و لیوا ھاوسنوورەکانی میراسی ناکۆکی نێوان ھەردوو میرنشینی بابان و میرنشینی سۆران بوو، لەکاتێکدا دەسەڵاتی میر محەممەدی ڕەواندوز ھەردەھات فراوانتر دەبوو تاگەیشتە سنووری کۆیە و ڕانیە و دەربازی دەستە چەپی زێی بچووکیش بوو. چەندین ناحییەی ئەیالەتی شارەزووری خستە سەر میرنشینەکەی لەوانە ناحیەکانی(عەسکەر، ئاغجەلەر، کێوەچەرمەڵە، چیاسەوز، گڵناغاج، قەسرۆک، گردخەبەر، جبق قلعە و شوان) لەگەڵ مەنگوڕایەتیدا.

ناکۆکی نێوان میرانی بابان ھەر بەردەوام بوو، میر محەممەد بە ھەلی زانی ھێرش بکاتە سەر میرنشینی بابان، وەزیر (عەلی پاشا-والی بەغدا) لەگەڵ حکومەتی ئێراندا ھاوپەیمانییەکی دژی میرنشینی سۆران بەست و ھەردووکیان ھاوکاری سڵێمان پاشای بابانیان کرد، ئەمە لە کاتێکدا ھێزی سۆران لە پێشڕەویدا بوون و گەیشتبوونە سورداش سوپای ھەردوولا لە قەمچوغە گەیشتنە یەک و شەڕێکی قورس لە نێوانیاندا ڕوویدا و سوپای سۆران ناچار بوو پاشەکشێ بکات بۆ کۆیە و ھێزی سڵێمان پاشای بابان کەوتە دوای و لە نزیک کۆیە جارێکیتر شەڕ ڕوویدا، ھێزی بابان و ھاوپەیمانەکانی زیانی زۆریان بەرکەوت و ھەردوولا گەیشتنە ڕێکەوتن کە ھێڵی ڕانیە، بتوێن، خەلەکان، چناران تا زێی بچووک و دەربەند ببێتە سنووری نێوانیان. دوای لە ناوچوونی ھەردوو میرنشینەکە(سۆران لە ١٨٣٦) و (بابان لە ١٨٥١)دا ئەم سنوورە وەک خۆی مایەوە.[١٣]

ئەیالەتی شارەزوور(١٥٥٤-١٨٦٢) لە چوار لیوا پێکھاتبوو، لیوای کەرکووک، لیوای زەنگاباد، لیوای ڕەواندزو لیوای سلێمانی. لیوای کەرکووک لەم سەردەمەدا لە (٨) قەزا پێکھاتبوو (قەزای کەرکووک، قەزای ئاڵتون کۆپری و ھۆزی عوبێد، کە ئەم ھۆزە دەوارنشین بوون، قەزای ئەربیل، قەزای بالیسان، قەزای کۆیە، ھۆزی سن و ئاکۆ و خۆشناو، ھۆزی بڵباس).

دوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەیالەتی شارەزوور لە ساڵی ١٨٦٦دا ناوی لیوای کەرکووک بوو بە لیوای شارەزوور، وەئەم لیوایەش چووە سەر ویلایەتی بەغدا. لە ساڵی ١٨٦٨دا ناوی یەکەی کارگێڕی (لیوا) گۆڕدرا بە (سنجاغ).[١٤]

لەم قۆناغەدا قەزاکان فرە ناوەند بوون، قەزای ئاڵتوون کۆپری دوو ناوەندی ھەبوو کە پردێ و مەڵحە بوو، کە سنووری مەڵحە سنووری ئێستای قەزای حەویجە بوو.

قۆناغی دووەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)دا

[دەستکاری]

قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی ویلایەتی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:

  1. ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی قەزاکان: بەشێکی زۆری قەزاکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بەناوی ھۆزەکانەوە بوو، لەم قۆناغەدا فرە ناوەندەکان ھەڵوەشێنرانەوە و لە جیاتی ئەوە یەک ناوی بۆ دانرا.
  2. کۆکردنەوەی قەزاکان: بەشێک لە قەزاکان کۆکرانەوە لە یەک قەزادا، و یەک ناوی بۆ داندرا.
  3. دابەشکردنی قەزاکان: بەھۆی فراوانبوونی ڕووبەری قەزای(ئاڵتون کۆپری) حکومەت ئەم قەزاییەی دابەشکردە سەر ھەردوو قەزای ئاڵتون کۆپری و مەڵحە.[١٥]

قۆناغی سێیەم لەنێوان ساڵانی(١٨٧٣-١٩١٨)دا

[دەستکاری]

لەم قۆناغەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (٨)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە قەزا و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە ناحیە. یەکە کارگێڕییەکانی باشووری کوردستان دەکەونە سنووری سنجاغەکانی(مووسڵ و شارەزوور و بەغدا). تا پێکھێنانی ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی(١٢٩٦ک-١٨٧٩ز)دا ھەموو سنجاغەکانی سەرەوە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون و دوای ئەو بەروارە ھەردوو لیوای سلێمانی و شارەزوور خرایە سەر ویلایەتی مووسڵ. خاڵی گرنگی ئەم قۆناغە لەوەدایە کە تۆماری زانیاری وردی یەکە کارگێڕییەکان لە ساڵنامەی ویلایەتەکاندایە، لە قۆناغی دووەمی سەردەمی عوسمانیدا زێی بچووک کرابووە سنوری نێوان ھەردوو لیوای سلێمانی و ڕەواندز، لەم قۆناغەدا چەمی ژاراوە و زێی بچووک بووە سنووری نێوان سنجاغی شارەزوور و سلێمانی، بە واتایەکی تر ناحیەی پشدەر خرایە سەر لیوای سلێمانی و شوێنی ھۆزەکانی(مەنگوڕ و مامش و ڕەمەک) لە پشدەر جیاکرایەوە و خرایە سەر قەزای ڕانیە و ناحیەی شوانیش گەڕایەوە سەر سنجاغی شارەزوور، ھەرچەندە ماوەی ئەم قۆناغە درێژترە و زانیارییەکانیشی لە ئاستی بەرزدایە، گرنگترین ئەم گۆڕانکاریانە ھەڵوەشاندنەوەی سنجاغی ڕەواندز ھەروەھا سنجاغی ڕەواند بووە قەزای ڕەواندز و قەزاکانی(سیدەکان، باڵەک و ھەریر) کرانە ناحیە و خرانە سەر قەزای ڕەواندز، قەزاکانی(شوان، ئاڵتوون کۆپری، مەڵحە و دووزخورماتوو) کرانە ناحیە و خرانە سەر قەزای کەرکووک، قەزای(داودە و قەرەتەپە) کرانە ناحیە و خرانە سەر قەزای سەلاحیە لەم سەردەمەدا ناوی قەزای کفری گۆڕدرا بە قەزای صەلاحیە. [١٦]

  • یەکە کارگێڕییەکان لە ساڵی ١٨٧٥دا:
  1. یەکەی ناحیەی ھاتە ناو یەکە کارگێڕییەکانی دەوڵەتی عوسمانییەوە، یەکە کارگێڕییەکان بەم شێوەیە بوون(گوند، ناحیە، قەزا، لیوا(سنجاغ) و ویلایەت).
  2. قەزای کەرکووک لە (ناحیەی شوان، ناحیەی ئاڵتوون کۆپری، ناحیەی مەڵحە، ناحیەی دووزخورماتوو و ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووک) پێکھاتبوو.

لەسەردەمی ئینگلیز و پاشایەتییدا(١٩١٨ - ١٩٥٨)

[دەستکاری]

یەکێک لە ئەنجامەکانی جەنگی جیھانیی یەکەم، دەوڵەتی عوسمانی زۆربەی ویلایەتەکانی لەدەست دا، لەوانە ویلایەتی بەسڕە، ویلایەتی بەغدا و ویلایەتی مووسڵ، ئینگلیزەکان لە ماوەی ئەو جەنگەدا توانیان خاکی ئەم ویلایەتانە کۆنتڕۆڵ بکەن. لە دەوڵەتی نوێی عێراقدا کۆیان بکەنەوە و حکومەتێک دابمەزرێنن. حکومەتی تازە پێکھێنراو ھەستا بەڕێکخستنەوەی یەکە کارگێڕییەکانی دەوڵەتی عێراق، یەکە کارگێڕییەکانی لیوای کەرکووک وەک پێشووی خۆی بوو بە دەستکارییەکی کەمەوە.

قۆناغی یەکەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٩١٨-١٩٢٥)دا

[دەستکاری]
  1. بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە(١١٢) لە ١٥-١٠-١٩٢٢دا یەکە کارگێڕییەکانی عێراقی سەر لە نوێ ڕێکخستەوە.
  2. ناوەندی ناحیەی مەڵحە لە گوندی مەڵحەی کۆنەوە گواسترایەوە بۆ گوندی تەل عەلی.
  3. لەم قۆناغەدا ناحیەی مەڵحە گۆڕانکاری بەسەردا نەھات وەک ناحیەیەک لە قەزای کەرکووکدا مایەوە.

قۆناغی دووەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٩٢٦-١٩٣٦)دا

[دەستکاری]

لەم قۆناغەدا ناحیەی مەڵحە گۆڕانکاری بەسەردا نەھات وەک ناحیەیەک لە قەزای کەرکووکدا مایەوە.

لە ناوەڕاستی ساڵی سییەکانی سەدەی رابردوو (بەکر سدقی)، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەوکاتەی عێراق بوو، داوای لە بنەماڵەکانی (شێخ مەحموودی حەفید و سەید ئەحمەدی خانەقا و سەید محەمەدی جەباری و کاکەزیادی کۆیە و ئاغاکانی ھۆزی شێخ بزێنی و لە پاشان ئەفەندیییەکانی ھەولێر) و چەندان ھۆزی تری کورد کرد، بچن دەشتی حەویجە و قەراج ئاوەدان بکەنەوە. نوێنەرانی ئەو ھۆز و بنەماڵانە کە چوون بۆ تەماشاکردنی ناوچەکە، بینییان ھیچ ئاوی لێ نییە، پاشگەز بوونەوە و گوتیان: ئێمە لەسەر ئەم کانی و ئاوە سازگارەی خۆمان نابزوێین و ناچین، ئەو چۆڵەوانییەی حەویجە نەک مرۆڤ! بەڵکو مارومۆریش لە تینوودا دەخنکێن. "پاشان سەعید قەزاز گوتی من ئاوتان بۆ دابین دەکەم، سەرۆک ھۆز و ئاغا و پیاوە ماقووڵە کوردەکانیش گوتیان: کەی ئاوی بۆ دابین کرا ئێمە ئاوەدانی دەکەینەوە. ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٣٦ یاسین ھاشمی، ئەوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، عەرەبێکی شۆڤێنی توندڕەو بوو، گوتی من حەویجە ئاوەدان دەکەمەوە، کۆمەڵێ ئەندازیار و پسپۆڕی بواری ئاودێری لە عێراق و وڵاتە عەرەبییەکانەوە بەسەرپەرشتی ئەندازیارێکی میسری بەناوی (عەبدولوەھاب) ھێنا، ھەموو گیراوەکانی گرتووخانەکانی عێراقیشی کۆ کردەوە لەناو تەلبەندێکی گەورەدا لە دەشتی حەویجە بەرەڵای کردن و فەرمانی دا جۆگەلە کۆنەکانی پڕۆژە ئاودێرییەکەی عەباسییەکان پاک بکەنەوە کە درێژییەکەی ٥٥ کیلۆمەترە. لە زێی بچووکەوە ئاوی ھێنا.

قۆناغی سێیەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٩٣٦-١٩٤٧)دا

[دەستکاری]
  1. "لە پاش تەواوبوونی پڕۆژەکە لە ساڵی ١٩٣٩ یاسین ھاشمی نزیکەی ١٠ ھەزار عەرەبی لە ھۆزی (عوبێد) ئەوکات سەرۆک ھۆزەکەیان ناوی (عاسی ئەلعەلی) بوو، لە شاری بەعقووبە و دەوروبەریەوە بە ١٠٠ بار وشتر ھێنا بۆ ئەو شوێنەی کە دواتر ناوی لێ نرا حەویجە، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی گوایە دوژمنایەتییان ھەیە لەگەڵ ھۆزی عەرەبی ئال عزە (عەزاوییەکان) و نزیکەی پێنج ھەزار عەرەبی کۆچەری لە ھۆزی (جبوور) ھێنا بۆ دەم زێیەکەی نزیک شارەدێی عەباسی".
  2. ناوەندی ناحیەی مەڵحە لە گوندی تەل عەلییەوە گواسترایەوە بۆ پڕۆژەی حەویجە، بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە(٥٧١٤) لە ساڵی ١٩٤٣دا.[١٧]
  3. بە ئیرادەی مەلەکی ژمارە(٥٦٤) لە ٢٧\١١\١٩٤٥دا، قەزای کەرکووک لەم ناحیەیانە پێکھاتبوو(ناحیەی ئاڵتون کۆپری، ناحیەی مەڵحە، ناحیەی قەرەحەسەن و ناحیەی شوان).

قۆناغی چوارەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٩٤٧-١٩٥٨)دا

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٥٦دا، ناوی ناحیەی مەڵحە گۆڕدرا بە ناحیەی حەویجە لە قەزای کەرکووکدا.

لە سەردەمی کۆماریدا (١٩٥٨ - ١٩٩٠)دا

[دەستکاری]

سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتی چل ساڵی خایەند، تێیدا پەیکەری کارگێڕی یەکە کارگێڕییەکانی دەوڵەت جێگیرکرایەوە و زۆربەی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی بە مەبەستی کارگێڕی بوو. لە بەرواری ١٤\٧\١٩٥٨دا سەردەمێکی نوێ لە عێراقدا دەستی پێکرد، سیستەمی پاشایەتی گۆڕدرا بە کۆماری، لەم سەردەمەدا زۆرترین گۆڕانکاری لەم وڵاتەدا ئەنجامدرا، لە بواری فکری و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی. ئەم گۆڕانکارییانەش ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی بە سەر بواری کارگێڕیدا ھەبوو، زۆرترین ڕەنگدانەوەشی لە لیوای کەرکووکدا ھەبوو، بۆیە زۆرترین گۆڕانکاری کارگێڕی تیایدا ئەنجامدرا.[١٨]

ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (٥) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (٥) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٨ - ١٩٧٩) و سەددام حوسێن (١٩٧٩ - ٢٠٠٣). کاریگەری ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی عێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لە ناوبردنی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، وە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو، بەتایبەت ئەوانەی دەوڵەمەند بوون بە سامانە سروشتییەکان.[١٩]

قۆناغی یەکەم؛ لەنێوان ساڵانی(١٩٥٨-١٩٦٥)دا

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٥٩ لە سەردەمی حوکمڕانی عەبدولکەریم قاسم سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق، لەلایەن کۆمپانیای بەڵێندەرە عەرەبەکان (مقاولین ئەلعەرەب) و کۆمپانیای (عوسمان ئەحمەد عوسمان)، جارێکی تر پەرە بە پڕۆژەی ئاودێری حەویجە درا و فراوانیان کرد، ئاویان لە زێی بچووکەوە لە شارۆکەی دووبزەوە بۆ پڕۆژەی ئاودێری حەویجەوە راکێشا. ساڵی ١٩٦٢ بەسەرکەوتوویی کۆتا بە پڕۆژەکە ھات.

لە سەرەتادا کە عەرەبەکان ھاتن بۆ حەویجە، ھیچیان لەبارەی کشتوکاڵەوە نەدەزانی تەنیا خوێیان دەفرۆشت و گەنمەشامی (زوڕات)یان بەرھەم دەھێنا، بۆیە تا ئەمڕۆش کەرکووکییەکان بە عەرەبی حەویجە دەڵێن: عارەبە زوڕات.

پڕۆژە کۆنەکەی حەویجە لە ساڵی ١٩٣٩ تەواو بووە، ئاوی بۆ ١٥٠ ھەزار دۆنم زەوی دابین دەکرد، لە سەردەمی حکومڕانی رژێمی بەعس بەشێوەیەکی گشتی زیاتر پەرە بە پڕۆژەی ئاودێری کەرکووک درا و فراوان کرایەوە تا گەیشتە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین و پارێزگای دیالە، ئینجا درایە دەم پڕۆژەی ئاودێری حەویجە، ئێستە درێژییەکەی ١٢٥ کیلۆمەترە، رووبەری یەک ملیۆن مەترە و بەشی ئاودێری ٥٠٠ ھەزار دۆنم زەوی دەکات.

جگە لە حەویجە کەناڵەکانی ئاودێری دەگاتە کۆتای سنوورەکانی (دووزخورماتوو، عەباسی، زاب، ڕیاز، تازەخورماتوو، داقووق و دووبز). ئەمەش بوو بەھۆی پێشکەوتنی ناوچەکە لە بواری کشتوکاڵ و ئاودێری و ئاژەڵدارییەوە و بووەتە ھاندەر و فاکتەرێکی سەرەکی بۆ ھاتنی عەرەبی زیاتر بۆ ناوچەکە.[٢٠]

  1. (٩)کەرتی ناحیەی داقووق و کەرتێکی ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووک بە ناحیەی حەویجەوە لکێندرا.
  2. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٣٢٨) لە ٢٩\٦\١٩٦١دا، (١١) کەرتی ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووک و (١٩)کەرتی ناحیەی تازەخورماتوو دابڕێنران بۆ ھێنانە کایەی ناحیەی ڕیاز لە سنووری قەزای کەرکووک، ناوەندەکەی گوندی خسێفی بوو کە لە دوایدا ناوی گۆڕدرا بە ڕیاز.[٢١]
  3. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٣٧٨) لە ٢٩\٧\١٩٦١دا، قەزای حەویجە لە سنووری پارێزگای کەرکووکدا ھاتە کایەوە و ھەردوو ناحیەی حەویجە و ناحیەی ڕیازی پێوە گرێدرا و ناوەندەکەشی شارۆچکەی حەویجە بوو.[٢٢]

قۆناغی دووەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٩٦٥-١٩٧٧)دا

[دەستکاری]
  1. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٦) لە ٢-١-١٩٧٢دا، (٨)کەرتی ناحیەی ڕیازی سەر بە قەزای حەویجە لکێندرا بە ناحیەی تازەخورماتووی سەر بە قەزای کەرکووک.
  2. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٣٨٤) لە ٤-٩-١٩٧٢دا، (٧) کەرتی ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووک، (١١)کەرتی ناحیەی دووبز، (٨)کەرتی ناحیەی تازەخورماتوو و (٢)کەرتی ناحیەی ڕیاز دابڕێنران بۆ ھێنانەکایەی ناحیەی یایچی لە سنووری قەزای کەرکووک، ناوەندەکەی گوندی یایچی بوو.[٢٣]
  3. بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٧٤دا، (١٣)کەرتی ناحیەی ناوەندی قەزای حەویجە دابڕێنرا بۆ پێکھێنانی ناحیەی عەباسی لە سنووری قەزای حەویجە، ناوەندەکەشی گوندی عەباسی بوو.[٢٤]

قۆناغی سێیەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٩٧٧-١٩٨٦)دا

[دەستکاری]
  1. بە بڕیاری حکومی مەحەلی ژمارە(١٨٤٦) لە ساڵی ١٩٨١دا، کەرتێکی ناحیەی عەباسی بە ناحیەی ناوەندی قەزای حەویجەوە لکێندرا.
  2. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٥١٤) لە ٢٢-٨-١٩٨٤دا، ناحیەی زاب لە قەزای شەرقاتی پارێزگای نەینەوا دابڕێنرا و بە قەزای حەویجەی پارێزگای کەرکووکەوە لکێندرا.[٢٥]

قۆناغی چوارەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٩٨٧-١٩٩٠)دا

[دەستکاری]
  1. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٩١١) لە ١٦-٦-١٩٨٧دا، ھەر دوو ناحیەی قەزای حەویجە(ناحیەی زاب و ناحیەی عەباسی) ھەڵوەشێنران و ھە موو کەرتەکانیان بە ناحیەی ناوەندی قەزای حەویجەوە لکێندران.
  2. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٤٣٤) لە ١١-٩-١٩٨٩دا، گۆڕانکاری گەورە لە سنووری پارێزگای کەرکووکدا ئەنجامدرا و بریتییەلە: أ:- قەزای دووبز ھەڵوەشێنراو لە بری ئەو ناحیەی دووبز پێکھێنرا.ب:- قەزای داقووق پێکھێنرا و لە سنووردا ناحیەی ڕەشاد ھاتە کایەوە.ت:- ھەموو کەرتەکانی ناحیەی ئاڵتون کۆپری، کەرتەکانی خوارووی زێی بچووک بە ناحیەی دووبزەوە لکێندران و کەرتەکانی سەرووی زێی بچووک بە پارێزگای ھەولێرەوە لکێندران.ج:- (٤٢) کەرتی قەزای دووبز ھەڵوەشێنران و دابڕێنران، (٣٨)کەرتی بە بە قەزای ھەولێر و (٤)کەرتی بە قەزای حەویجەوە لکێندران.ح:- (١١) کەرتی ناحیەی تازەخورماتوو و (٤)کەرتی ناحیەی ڕیاز بە ناحیەی ڕەشادەوە لکێندران.خ:- (٨١) کەرتی قەزای کەرکووک دابڕێنرا، (٢٩)کەرتی بە ناحیەی دووبز، (٤٨)کەرتی بە ناحیەی تازەخورماتوو، کەرتێکی بە ناحیەی ناوەندی قەزای حەویجە و (٣)کەرتی بە ناحیەی ڕیازەوە لکێندران.[٢٦]

لە نێوان ساڵانی(١٩٩٠ - ٢٠٠٣)دا

[دەستکاری]
  1. بە فەرمانی کۆماری لە بەرواری ١-١-١٩٩٧دا، گەڕانەوە و سەر لە نوێ پێکھێنانەوەی ناحیەی زاب لە قەزای حەویجە.[٢٧]
  2. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٢٢٥) لە بەرواری ١-١-١٩٩٩دا، (٦٥) کەرتی پارێزگای سەلاحەددین دابڕێنرا و لکێندران بە ناحیەی زابی پارێزگای کەرکووکەوە.[٢٨]

ناحیەکان

[دەستکاری]

قەزای حەویجە لە پێنج ناحیە پێکھاتووە:(ناحیەی ناوەندی حەویجە، ناحیەی زاب، ناحیەی ڕیاز، ناحیەی عەباسی و ناحیەی ڕەشاد).

کەش و ھەوا

[دەستکاری]

کەشوھەوای گەرمی ناوچە نیمچە وشکەکان لە ناوچەکەدا زاڵە.[٢٩] تێکڕای پلەی گەرمی ٢٢ پلەی سەدییە. گەرمترین مانگ مانگی تەمموزە کە پلەی گەرمی ٣٥ پلەی سەدییە، ساردترین مانگ مانگی یەکە کە پلەی گەرمی ٨ پلەی سەدییە.[٣٠] تێکڕای باران بارین لە ساڵێکدا ٣١٠ ملیمەتر دەبێت. تەڕترین مانگ مانگی نۆڤەمبەرە کە ٦٩ ملیمەتر باران باریوە، وشکترین مانگی حوزەیرانە کە ١ ملیمەتر باران دەبارێت.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ Kurdistan Regional Government. KRG. سەردان لە ڕێکەوتی 2012-08-09.
  2. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2018-09-13.
  3. ^ https://web.archive.org/web/20191227090621/https://www.geonames.org/94786/kirkuk-district.html
  4. ^ https://www.academia.edu/40261120
  5. ^ https://archive.today/20160802144230/http://mmpw.gov.iq/uploads/image/Service%20Indicator/Sew/h/Kark.jpg
  6. ^ https://wishe.net/dreja.aspx?Jmare=50056&Jor=15
  7. ^ https://www.openstreetmap.org/relation/11069463#map=9/35.1514/43.8629
  8. ^ https://cosit.gov.iq/documents/AAS2021/1.pdf
  9. ^ https://cosit.gov.iq/ar/2018-12-19-08-39-42
  10. ^ ‎مەحموود إسماعیل محمد شھاب. إمکانیة الوصول و الأتصال لعقد شبکة طرق السیارات فی محافظة کرکوک(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-١٠-٢٠٢٣.
  11. ^ https://archive.org/details/bub_gb_66hCAAAAcAAJ
  12. ^ https://books.google.iq/books?id=QjzYdCxumFcC&pg=PA70&redir_esc=y#v=onepage&q&f=false
  13. ^ عباس العزاوی. عشائر العراق(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 1-11-2022.
  14. ^ سالنامة ولایت بغداد(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  15. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  16. ^ سالنامة ولایت بغداد(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  17. ^ https://lib.cihanuniversity.edu.iq/index.php?p=show_detail&id=10016
  18. ^ ‎شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی کارگێڕی باشووری کوردستان(پارێزگای کەرکووک، دیالە و کووت)(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  19. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  20. ^ https://wishe.net/dreja.aspx?Jmare=50056&Jor=15
  21. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/479.html
  22. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/481.html
  23. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/5976.html
  24. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/11688.html
  25. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/7091.html
  26. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/15066.html
  27. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/16758.html
  28. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/9219.html
  29. ^ https://hess.copernicus.org/articles/11/1633/2007/hess-11-1633-2007.html
  30. ^ https://web.archive.org/web/20200511075542/https://neo.sci.gsfc.nasa.gov/dataset_index.php