بۆ ناوەڕۆک بازبدە

میرنشینی مەڕوانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە میرنشینی مەروانیەوە ڕەوانە کراوە)

میرنشینی مەروانی یان دۆستەکی (بە کوردیی باکووری: Xanedana Merwaniyan، ٩٩٠/٩٨٣–١٠٨٥ زایینی) لە ناوچەکانی ئامەد و شارەکانی میافارقین و مێردین و بدلیس فەرمانڕەوایەتییان کردووە. دامەزرێنەری میرنشینەکە بازێ دۆستەکی بوو، ھەروەھا میر مومەھەد ئەلدەولە، میر نەسرولدەولە و ئەحمەد کوڕی مەروانی کوردی لە بەناوبانگترین میرە کوردییەکانی میرنشینەکەن، زیاتر لە ٥٠ ساڵ فەرمانڕەوایی کردووە و دەسەڵاتەکەی وەک دەوڵەت ناسراوە، لەلایەن دەوڵەتانی عەباسی و بوەیھی و فاتیمی و سەلجووقییەکان دانی پێدانراوە. زۆر کاری گرینگ لە ئاوەدانی و بوژانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەو ناوچەیەی کوردستاندا ھەبووە. لە زۆربەی شارەکاندا دراوی میرنشینەکە لێدراوە.

دامەزراندن

[دەستکاری]

لە ساڵی ٩٨٢ی زایینی دەوڵەتی مەڕوانی کوردی لە نێوان باشووری کوردستان و باکووری کوردستان، لەلایەن میر بازێ دۆستەکی دامەزرا. ئەو ناوچانەی کە دەوڵەتەکەی لەسەر دامەزرا پێشتر لەژێر فەرمانڕەوایی حەمدانییەکاندا بوو، کە ستەمیان لە دانیشتووانەکەی دەکرد بەوەی باجێکی زۆریان خستووەتە سەریان کە لەتوانایاندا نەبووە، و نەیانتووانیوە دادپەروەری و یەکسانی لەناو خەڵکدا پیادە بکەن.[١]

مێژوو

[دەستکاری]

بنەچە

[دەستکاری]

بەپێی زۆربەی سەرچاوە ئەکادیمییەکان، مەروانییەکان بنەماڵەیەکی کوردی بوون کە لە ھۆزی حومەیدییەوە ھاتوون؛ و موسڵمانی سوننە بوون.

دامەزرێنەری بنەماڵەکە شوانێک بوو بە ناوی باژی کوڕی دوستەک. ئەو مەڕو ماڵاتەکەی بەجێھێشت، چەکی ھەڵگرت و بوو بە سەرکردەیەکی ئازای جەنگ و ناوبانگی دەرکرد. کاتێک عەزودەدەولەی بوەیھی، میری عێراق، لە ساڵی ٩٨٣ کۆچی دوایی کرد، باژ میافارقینی گرت. ھەروەھا ئامەد و کۆمەڵێک ناوەندی شارنشینی لە کەناراوەکانی باکووری دەریاچەی وان داگیرکرد.

لە کاتی ڕاپەڕینی بارداس فۆکاسی بچووک لە ئیمپراتۆریەتیی بیزەنتی، باژ سوودی لە بارودۆخە سیاسییە ئاڵۆزەکە وەرگرت بۆ داگیرکردنی دەشتی مووش لە تارۆن، کە میرنشینێکی ئەرمەنی بوو و لە ساڵی ٩٦٦ لەلایەن ئیمپراتۆریەتیی بیزەنتیوە لکێندرابوو.[٢][٣][٤]

ئەبوو عەلی حەسەنی کوڕی مەروان

[دەستکاری]

ئیلیاس نەسیبینی، مێژوونووسێکی مەسیحی سوریانی، باسی ژیانی ئەبوو عەلی حەسەنی کردووە. دوای مردنی مامی (باژ)، کوڕە گەورەکەی مەروان گەڕایەوە بۆ حەسکیف و ھاوسەرگیری لەگەڵ بێوەژنەکەی سەرکردە کۆنەکە کرد. ئەو شەڕی دوایین حەمدانییەکانی کرد، تێکی شکاندن و ھەموو قەڵاکانی وەرگرتەوە. ئیلیاس باسی کۆتایی تراجیدی ئەم میرە دەکات کە لە ساڵی ٩٩٧ لە ئامەد لەلایەن دانیشتووانە یاخیبووەکانەوە کوژرا. برایەکەی ئەبوو مەنسوور سەعید بە ناوی «مومەھید دەولە» شوێنی گرتەوە. لە ساڵی ٩٩٢، دوای مردنی باژ و زنجیرەیەک ھێرشی سزادانی بیزەنتە لە دەوروبەری دەریاچەی وان، ئیمپراتۆر باسیلی دووەم (حوکمڕانی ٩٧٦–١٠٢٥) توانی دانوستان بۆ ئاشتییەکی بەردەوام لەگەڵ میرنشینە کوردییەکە بکات.[٥]

مومەھید دەولە سەعید

[دەستکاری]

مومەھید کە دیپلۆماتکارێکی لێھاتوو بوو، سوودی لە تەماحەکانی بیزەنتە وەرگرت. پەیوەندییەکانی ئەم میرە لەگەڵ ئیمپراتۆر باسیلی دووەم زۆر دۆستانە بوو. کاتێک باسیل ھەواڵی کوژرانی داوودی سێیەمی پاشای گورجستانی پێگەیشت، کە بە وەسیەتنامە شانشینەکەی بۆ ئیمپراتۆریەتیی بیزەنتی جێھێشتبوو، ئەو ھەڵمەتەی وەستاند کە لە سووریا دەستی پێکردبوو بۆ دڵنیابوون لە گوێڕایەڵی میرە عەرەبەکان و لە فورات پەڕییەوە. ئەو دەوڵەتەکەی داوودی لکاند، بە ڕێزەوە پێشوازی لە مومەھید دەولە کرد و ئاشتی لەگەڵدا واژوو کرد. مومەھید دەولە سوودی لە ئاشتییەکە وەرگرت بۆ نۆژەنکردنەوەی دیوارەکانی پایتەختەکەی، میافارقین، کە تا ئێستاش نەخشێنراوێک یادی ئەم ڕووداوە دەکاتەوە.

لە ساڵی ١٠٠٠ کاتێک باسیلی دووەم لە کیلیکیاوە بۆ خاکەکانی داوودی سێیەم گەشتی کرد، مومەھید دەولە ھات بۆ ئەوەی دڵسۆزی خۆی بۆ ئیمپراتۆر دەرببڕێت و لە بەرامبەردا پلەی بەرزی «ماگیسترۆس» و «دووکسی ڕۆژھەڵات»ی پێدرا.[٦]

شەروینی کوڕی محەممەد

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٠١٠دا، مومەھید دەولە لەلایەن غولامەکەیەوە، شەروینی کوڕی محەممەد، تیرۆر کرا و دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەو حوکمڕانییەکەی بەو یاسا کۆنە ڕەوا کرد کە ھەرکەسێک فەرمانڕەوا بکوژێت، خۆی دەبێتە جێنشین؛ بەڵام ئەم یاسا کۆنە و حوکمڕانی شەروین زۆری نەخایاند و دژایەتی کرا، شەروینیش ڕووخێنرا. ھەندێک دراو لە سەردەمی حوکمڕانی کورتخایەنی ئەودا دەناسرێنەوە.[٧]

نەسرولدەولە ئەحمەدی کوڕی مەروان

[دەستکاری]

نەسرولدەولە سێیەمین کوڕی مەروان بوو کە سەرکەوت بۆ سەر تەخت. سیاسەتمەدارێکی زیرەک بوو، بە لێھاتوویی لە نێوان زلھێزە دەوروبەرەکاندا مامەڵەی دەکرد: سوڵتان دەولەی بوەیھی، حاکم بئەمرێڵای فاتیمی لە میسر و باسیلی دووەم. ئیلیاس نەسیبینی نووسیویەتی کە نەسرولدەولە ئەحمەدی کوڕی مەروان، «میری سەرکەوتوو»، لە ساڵی ١٠١١دا ئیبن دیمنەی ژێردەستەی خۆی لە دیاربەکر ملکەچ کرد. ئەو لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی بیزەنتە پەیماننامەی دەستدرێژی نەکردنی واژوو کرد، بەڵام یەک دوو جار پێشێلی کرد. ناوبانگی ئەم میرە کوردە موسڵمانە ئەوەندە زیادی کرد کە دانیشتووانی ڕحا لە ڕۆژاواوە، داوایان لێکرد لە دەست سەرکردەیەکی عەرەب ڕزگاریان بکات. نەسرولدەولە لە ساڵی ١٠٢٦دا شاری ڕەھای گرت و خستییە سەر موڵکەکانی خۆی. ئەم ڕووداوە لەلایەن نووسەری بەناوبانگی سوریانی ڕۆژاوا، بار ھیبرۆس (١٢٢٦–١٢٨٦) تۆمار کراوە. بەم شێوەیە نەسرولدەولە ڕەھای لکاند، بەڵام شارەکە لە ساڵی ١٠٣١ لەلایەن جەنەڕاڵی بیزەنتە جۆرج مانیاکس وەرگیرایەوە. لە ساڵی ١٠٣٢دا سوپایەکی ٥٠٠٠ سوارچاکی بە فەرماندەیی ژەنەڕاڵەکەی «باڵ» نارد بۆ وەرگرتنەوەی شارەکە لە ھۆزە عەرەبەکان کە بیزەنتە پاڵپشتییان دەکردن. باڵی فەرماندەی کورد شارەکەی گرت و سەرۆک ھۆزە عەرەبەکەی کوشت، پاشان بۆ گەورەکەی نووسی و داوای ھێزی زیاتری کرد و وتی: «ئەگەر دەتەوێت گەورەیی خۆت لەسەر کەرتاستان (کوردستان) بپارێزیت». دواجار ڕحا لە ساڵی ١٠٣٣ جارێکی تر لەلایەن بیزەنتییەکانەوە داگیرکرایەوە.

حوکمڕانی درێژخایەنی نەسرولدەولە نوێنەرایەتی لووتکەی دەسەڵاتی مەروانییەکان بوو. ئەو قەڵایەکی نوێی لەسەر گردێکی میافارقین دروست کرد کە کڵێسای مریەمی لێبوو، ھەروەھا پرد و حەمامی گشتی دروست کرد و ڕوانگەی ئەستێرەناسی نۆژەنکردەوە. ھەندێک پەرتووکخانە لە مزگەوتەکانی میافارقین و ئامەد دامەزران. ئەو زانا و مێژوونووس و ھۆنەرە بەناوبانگەکانی بۆ دەربارەکەی بانگھێشت دەکرد، لەوانە ئیبن ئەسیر، عەبدوڵڵا کازەرونی و تیھامی. پەنای بۆ پەنابەرە سیاسییەکان دەدا وەک خەلیفەی عەباسی داھاتوو، موقتەدی (١٠٧٥–١٠٩٩). لە ساڵی ١٠٥٤دا ناچار بوو دانی بە تەغرول بەگی سەلجوقیدا بنێت وەک گەورەی خۆی، کە فەرمانڕەوایی زۆربەی جزیری دەکرد، بەڵام خاکەکانی خۆی پاراست. ئەم سەردەمە گەشاوەی ئاشتی و ھەستە باشانەی نێوان کورد و سوریانییەکان پڕ بوو لە بەرھەمی کولتووری. بازرگانییەکی بەرفراوان، ھونەر و پیشەی دەستی گەشاوە و مێژوویەکی سەرنجڕاکێشی ھەبوو. نەسرولدەولە لە دیاربەکر نەخشێنراو و نووسراوی گەورەی لە دوای خۆی جێھێشتووە کە تا ئێستاش درەوشاوەیی ھونەری سەردەمی حوکمڕانییەکەی نیشان دەدەن.

پێڕستی فەرمانڕەواکان

[دەستکاری]
ناوی فەرمانڕەواماوەی ژیانماوەی فەرمانڕەوایی
بازێ دۆستەکی؟ -٩٩٠٩٨٣–٩٩٠
ئەبو عەلی حسەین کوڕی مەڕوان؟ -٩٩٧٩٩٠–٩٩٧
مومەھھەد ئەلدەولە ئەبو مەنسووڕی کوڕی مەڕوان؟ -١٠١١٩٩٧–١٠١٠
نەسڕودەولە ئەبو نەسڕ ئەحمەدی کوڕی مەڕوان٩٨٤–١٠٦١ ١٠١١–١٠٦١
نیزام ئەلدەولە نەسڕی کوڕی ئەحمەدی کوڕی مەڕوان؟ -١٠٧٩١٠٦١ تا ١٠٧٩
مەنسووڕی کوڕی نەسڕی کوڕی ئەحمەدی کوڕی مەڕوان؟ -؟١٠٧٩–١٠٩٥

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. دەوڵەتی دۆستەکی لە کوردستانی ناوەڕاستدا، نووسینی: عەبدولڕەقیب یووسف، وەرگێڕان: ئەبوبەکر کاروانی
  2. boris james (2021). The Cambridge History of the Kurds. Cambridge University Press. P.30.
  3. Tilman, Nagle (15 December 1990). "Buyids". Iranica Online. Retrieved 30 May 2017.
  4. Bosworth 1996, p. 89.
  5. Catherine Holmes, Basil II And the Governance of Empire, 976-1025, (Oxford University Press, 2005), 309.
  6. Marwanids, Carole Hillenbrand, The Encyclopaedia of Islam, Vol. VI, ed. C.E. Bosworth, E. van Donzel, B.Lewis and C. Pellat, (Brill, 1991), 626.
  7. J. C. Cheynet, Basil II and Asia Minor, pp.71-108 in Byzantium in the Year 1000 edited by Paul Magdalino, International Congress of Historical Sciences, 284 pp. , Brill Publishers, 2003, ISBN 90-04-12097-1, p.98