بێسنی
بێسنی | |
|---|---|
شار | |
| وڵات | تورکیا |
| پارێزگا | ئادییەمان |
| ژمارەی دانیشتووان (٢٠٠٩) | |
| • سەرجەم | ٨٠٫٦٨١ |
| زمان و ئایین | |
| • زمان | کوردی |
| کۆدی تەلەفۆن | ٤١٦(٩٠+) |
بێسنی (بە کورمانجی: Bêsnî)، شارێکە لە پارێزگای ئادیەمان، باکووری کوردستان، تورکیا. بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ ژمارەی دانیشتووانی ٨٠٫٦٨١ کەس بووە، کە نزیکەی ٢٦٫٧٨٨ کەسیان لە بەشی ناوەندی نیشتەجێن.
مێژوو
[دەستکاری]شارەکە لە مێژوودا بە بەھەسنا دەناسرا. لەژێر دەسەڵاتی بیزەنتینەکاندا بوو تاوەکو لە ساڵی ٦٧٠ لەلایەن سوپای ئەمەوییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا. ناوچەکە جارێکی تر لەلایەن بیزەنتینەکانەوە لە سەردەمی نیکفۆرۆسی دووەم فۆکاس وەرگیرایەوە تاوەکو ساڵی ١٠٨٤ یان ١٠٨٥، کاتێک بولداچی، کە یەکێک بوو لە فەرماندە تورکەکانی سولەیمان کوڕی قوتلمیش، دامەزرێنەری سوڵتانییەتی ڕۆم، چەند قەڵایەکی لە ناوچەکەدا داگیرکرد؛ بەڵام بەھەسنا، لە تورکە سەلجووقییەکان سەندرایەوە و لە کاتی جەنگی یەکەمی خاچھەڵگراندا لە ساڵی ١٠٩٧ کەوتە ژێر دەستی خاچھەڵگران، دواتر لەلایەن فەرمانڕەوای ئەرمەنی، کۆغ ڤاسیل، فەرمانڕەوایی دەکرا. کاسۆلیکۆسی ئەرمەنی بەناوی پارسێغی کیلیکیا،[ئ] لەکاتی مردنیدا لە دەوروبەری ساڵانی ١١١٣/١١١٤ لە شارۆچکەکە نیشتەجێ بوو.[١][٢]
دواتر، لە ساڵی ١١١٦دا بوو بە بەشێک لە ویلایەتی ڕەحا (ئێدێسا). لەژێر دەستی فرەنکەکاندا[ا] مایەوە، تاوەکو لە ساڵی ١١٥٠ لەلایەن مەسعوودی یەکەم، سوڵتانی ڕووم، گیرا. لە ساڵی ١١٥٦دا لەلایەن فەرمانڕەوای زەنگی، نورەددین مەحموود کوڕی زەنگی، دەستی بەسەردا گیرا، پاشان کەوتە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوای سەلجووقی، قلیج ئەرسلانی دووەم تا ساڵی ١١٧٣، تاوەکو دەرکەوتنی ئەییووبییەکان کە لەلایەن سەڵاحەددینەوە داگیرکرا.[٣][٤]
ئەو ناوچەیەی کە لەژێر دەسەڵاتی ئەمیری ئەییووبیی سووریا، ئەلناسڕ یووسفدا بوو، لەلایەن ھۆلاکۆ خانەوە داگیرکرا و پاشان لە ساڵی ١٢٦١دا بەخشی بە پاشای ئەرمەنی، ھێتوومی یەکەم. لە ساڵی ١٢٦٨دا، پاشا ھێتوومی یەکەم ناچار بوو چەند قەڵایەک، لەوانەش بەھەسنا، ڕادەستی بیبەرس بکات، کە لیۆی کوڕی ھێتوومی دوای شەڕی ماری زیندانی کردبوو؛ بەڵام بیبەرس دەستبەرداری داواکانی بوو بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی سونقور ئەلئەشقیەر.[ب] لە ساڵی ١٢٩٣دا، سوڵتانی مەملوکی، ئەلئەشرەف خەلیل، دوای ھێرشە وێرانکەرەکانی بۆ سەر شانشینی ئەرمەنیی کیلیکیا، شارەکەی وەرگرتەوە و سەیفەددین تووغان ئەلمەنسووری وەک «نائیب» دەستنیشان کرد. لە ساڵی ١٤٠٠دا، ناوچەکە لەلایەن ھێزەکانی تەیموورەوە داگیرکرا.[٥]
تێبینییەکان
[دەستکاری]- ↑ پێشەوایەکی ئایینی ئەرمەنییەکان بوو لە سەدەی دوازدەھەم.
- ↑ لە بنەڕەتدا کۆمەڵە ھۆزێکی «جێرمانی» بوون کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لە ناوچەکانی ئەورووپای ڕۆژاوا (فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەلجیکا) نیشتەجێ بوون. لە ساڵی ١٠٩٨دا گەیشتنە ناوچەکە، یەکەم دەوڵەتی خۆیان لە ڕۆژھەڵاتدا بە ناوی «ویلایەتی ڕەھا» دامەزراند. ڕەھا (ڕحا) بوو بە پایتەخت و مەڵبەندی سەرەکیی فەرمانڕەوایی فرەنکەکان لە ھەموو ناوچەکەدا.
- ↑ یەکێک بوو لە فەرماندە و شازادە ھەرە ناودار و دەستڕۆیشتووەکانی دەوڵەتی مەملوکی لە سەدەی ١٣ی زایینیدا، کە ھاوسەردەمی سوڵتان زاھیر بیبەرس و سوڵتان قەلاوون بووە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]بەستەرە دەرەکییەکان
[دەستکاری]| ئەم «جوگرافیا» وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |
| ئەم «کوردستان» وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |
| ئەم تورکیا وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |