دەربەندیخان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
دەربەندیخان
Darbandikhan
وڵات کوردستان[١]
 عێراق
ھەرێم ھەرێمی کوردستان
پارێزگاسلێمانی
قەزاقەزای دەربەندیخان
ڕووبەر
 • سەرجەم٢٬٧٠٣ کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٬٠٤٤ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٥١٣ مەتر (١٬٦٨٣ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم٥٢٠٠٠ کەس
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینئیسلامی سوننی (شافعی)

دەربەندیخان (ئینگلیزی: Darbandikhan)شارۆچکەیەکە کەوتووەتە باشوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، باشووری کوردستان.[٢]

قەزای دەربەندیخان لە ھەردوو ناحییەی (دەربەندیخان، باوەخۆ شێن) پێکدێت. بنەچەی شارۆچکەی دەربەندیخان لە گوندی (سەلیم پیرگ)ەوە دەست پێدەکات کە لە بناری چیای تونێلەکەدا بووە لە ٢٠ ماڵێک پێکھاتبوو. لە ڕوی گەشتوگوزارەوە گرنگییەکی تایبەتی ھەیە بەھۆی بەنداوی دەربەندیخان، دواتر بەھۆی تونێلی دەربەندیخانەوە گەشتوگوزار زیاتر گەشەی کردووە.

قەزای دەربەندیخان لە باکوری خۆرھەلاتەوە ھاوسنورە لەگەڵ قەزای سەیدسادق، لە باکوری ڕۆژئاوا ھاوسنورە لەگەڵ قەزای قەرەداغ، لە باشوور و باشوری ڕۆژئاوایشەوەی ھاوسنورە لەگەڵ قەزای کەلار, لە ڕۆژھەلاتیشیەوەی لەگەل پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید ھاوسنورە.

ناو[دەستکاری]

سەبارەت بە ناوی دەربەندیخان دوو بۆ چوون ھەیە:

  • بنەرەتی وشەی (خان) یەکەمیان، لەسەردەمی عوسمانیەکاندا پیاوێکی دەوڵەمەند و بەدەسەڵات بووە (محمد خان، احمد خان) باج و سەرانەی لە خەڵک سەندوە و لەو دەربەندەدا کە کاروانچییەکان گوزەریان پیادا کردووە، ئەم پیاوە (خان)ێکی ھەبووە وەک (دیوەخان) یا (ئوتێل) بە گوزارشتی ئەمڕۆ بۆ حەوانەوەی کاروانچییەکان ئەم خانە چەند ژوورێکی گەورە و فراوانی تێدا بووە بە قسڵ دروست کراوە.
  • (خان) لە کوردەواریدا بەو شوێنە دەووترێت کە وڵاخ و ئاژەڵی تێدا دەبەسرێتەوە و لە گەوڕ گەورەترە، لە گوێ چەمی سیرواندا ئەم (خان) ە ھەبووە و بۆ کاروانییەکانی ئێڵی جاف کە وڵاخە کانیان تێدا بەستوەتەوە و خۆشیان لە شوێنە باشەکانی دا پشوویان داوە، سەبارەت بەناوی (دەربەند) ئەو تەنگەبەرەی دەکەوێتە نێوان ھەردوو چیا پێی دەووترێت دەربەند، لەنێوان زنجیرە چیای بەرانان و زمناکۆدا ڕووباری سیروان گوزەری کردووە و گەرمیان و کوێستانیان کردوە، بە نێوان ئەو دوو چیایە وتراوە دەربەند و لە نزیکیشەوە (خان)ێک ھەبووە، ئیتر ناو نراوە، ئەو دەربەندەی خانەکەی تێدایە و پاشان ناسراوە بە دەربەندیخان.[٣]

جوگرافیا[دەستکاری]

دەربەندیخان لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی فەقێ جنە و لە باشوور لەگەڵ گوندی ژاڵەناو و لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ گوندی زمناکۆ و لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی گوڵانی حەمەی مەحموود.[٤][٥]

مێژوو[دەستکاری]

دەربەندیخان لە ساڵی ١٩٥٦.

بنەچەی شارۆچکەی دەربەندیخان لە گوندی (سەلیم پیرک) ەوە دەست پێدەکات کە لە بناری چیای تونیلەکەدا بووە و ناوەکەی لەو پیاوەوە ھاتووە کە ئاوەدانی کردووەتەوە، (صاڵحی پیرک و سان ئەحمەد و حمەئەمین عبدالقادر، حمەئەمین سەلمە، کاکە ئەمین) ڕیش سپی ئەم گوندە بوون و نزیکەی (٢٠) ماڵێک بوون، لەبەرەی خۆرئاوای ئەم گوندەوە بە دووری دوو کیلۆ مەتر یان کەمتر ھەشت نۆ ماڵێک ھەبوون لە نزیک سەرچاوەی ئاوێک کە ئاسک بۆ ئاو خواردنەوە ڕوویان تێ کردووە و ناوی (کانی ئاسکان) بووەو (فقێ محمودی وەڵەد بەگی) ئاوەدانی کردوەتەوە و پاشان ئەم ئاوە چووە بۆ گوندی کانی سارد.[٣]

بەپێی بەڵگەنامەیەکی عیراق، ساڵی 2022، لە بەغدا دۆزراوەتەوە، بە واژووی ئەحمەد حەسەن بەکر لە 11ی 10ی 1971 دەربەندیخان کراوە بە قەزا.

گەشتیاری[دەستکاری]

بەنداوی دەربەندیخان
  • بەنداوی دەربەندیخان و ناوچەی شەمێران یەکێکە لە ناوچە گەشت و گوزارییەکانی ئەم شارە کە گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکات. ئەم بەنداوە دەکەوێتە سەر زێی سیروان کە ھەروەھا بۆ بەدەست ھێنانی وزەی کارەباش بەکاردێت، لە ناو دەریاچەی دەربەندیخان دوورگەیەکی مام ناوەندی تێدایە، نیمچە دوورگەیەکی مام ناوەندی تێدایە پێی دەوترێت بانی قۆین کە ئاوی بەنداوەکە سێ لای دەورە دراوە، لەبەر زۆری ژمارەی گەشتیاران، قەرباڵغترین شوێنی گەشتیاری دەربەندیخانە.
  • سەرتەکی بەمۆ بە دووری ١٩کم دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەڵاتی شارەکەوە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکەن ھەروەھا ئەم ناوچەیە بە جۆرەھا میوە بەناوبانگە بەتایبەت ھەنجیر.
  • تونی بابا عەمرە بە دووری ٨ کم دەکەوێتە باشووری شارەکەوە ناوچەیەکی ئەفسوناویە سەرگوزەشتە و بەسەرھاتی زۆری لەسەر گێڕدراوەتەوە بە یەکێک لەناوچە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی باشووری کوردستان دادەنرێت.
  • ئەشکەوتی کونەبا بە دووری ٥ کم دەکەوێتە ڕۆژئاوای شارەکە لە بناری شاخی گوڵان یەکێکە لە دەگمەنترین ئەشکەوتەکانی باشووری کوردستان ھەرچەندە ساڵانە گرووپی گەشتیاری سەردانی دەکەن بەڵام تا ئێستا ھیچ کەس و گرووپێک نەیتوانیووە بگات بە کۆتایی ئەشکەوتەکە، ئەشکەوتەکە بریتییە لە تەنھا ڕێگایەک و دوواتر دابەش بووە بۆ دوو ڕێگا بە ئاراستەی باکوورو باشوور و ڕێگەی باکوور درێژییەکەی زیاترە و بریتییە لە چەند ڕێگایەکی دابەش بوو

ئەم ئەشکەوتە پێکھاتەیەکی سرووشتییە و پێکھاتەی ناوەوەی بەرد و قسڵ و کلس و خۆڵە لە ئەنجامی بوونی ڕادەی بەرزی شێ و ئاو پێکھاتەیەکی بەردی کلسینی ڕوپۆش جۆری ئەسکەلەتایت و مەگناتایت ڕووپۆشی ناوەوەی ئەشکەوتەکەی کردووە بە چینێکی میتالیکی جوانی درەوشاوەی ناوازە بەردە کلسینەکان کۆمەڵێکی ڕەنگاوڕەنگی جیاواز بە یەکن بەپێی دابەشبووی جۆری ڕەنگی خۆڵەکان.

  • ژاڵەناو گوندێکە دەکەوێتە سەر ڕووباری سیروان بە دوری ٣ کم لە شارەکەوە ناوچەیەکی گەشتیارییە، لە ساڵی 2020 ەوە پڕۆژەی سەرمایەگوزاری گەشتیاری ئۆتێل و کەپر و چەند بابەتێکی تری تێدا دروستکراوە، ئێستا گەشتیاران لە هەر چوار وەرز دەتوانن گەشت و سەیرانی تێدا ئەنجام بدەن.

کولتوور[دەستکاری]

ھونەر و میوزیک[دەستکاری]

عەزیز مەلەکە (عەزیز عەلی فەرەج)، مامۆستا عەزیز لە ساڵی 1980 گۆرانی مەلەکەی تۆمار کردووە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە، دانیشتووی شاری دەربەندیخانە و ئیستاش لەو شارە دەژی و پیشەی مامۆستایە.

گرووپی میوزیکی دەربەندیخان، کۆنترین گروپی میوزیکی شارەکەیە و لە ساڵی 1996ەوە دامەزراوە و بەردەوامن لە خزمەتی میوزیک

گرووپی دەفی وەفایی یەکێکە لە گرووپەکانی ئەم شارە لە بواری مۆسیقادا کاردەکات کە لە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە و چەندین گەنج لە گرووپەدا بەشدارن کە دەگەنە نزیکەی (٤٠) ژەنیار، زیاتر دەف بووە بە ناونیشانی گرووپەکە و ئەم نازناوەش دراوە بە شارۆچکەی دەربەندیخان، ئەم گرووپە لە زۆربەی ڤیستیڤاڵەکاندا بووە بە یەکەم و بە باشترین گرووپی دەف لە باشووری کوردستان.


ڕاگەیاندن[دەستکاری]

  • لە ٢٠٠٤ دوو ڕۆژنامە ھەبوون بەناوەکانی دەربەندیخان و دەنگی نوێ لە قەزای دەربەندیخان کە لەلایەن گەنجانی شارەکەوە دەردەکران.
  • لە ٢٠٠٦ ڕۆژنامەی بەمۆ دەرکرا.
  • لە ٢٠٠٨ سایتی سەنتەری گەنجان کرایەوە.
  • لە ٢٠١٢ سایتی ڕووناکی شار کرایەوە.
  • لە ٢٠١٨ کەناڵی دەربەندیخان دامەزرێنراوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]