میرنشینە کوردییەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سنوریی بەشێک لە میرنشینە کوردییەکان
نەخشەی سەرجەم میرنشین و خانەدانە کوردییەکان بە درێژایی مێژوو (٧٧٠‒١٨٦٨)

میرنشین یان خانەدان یان ناوچەی خۆبەڕێوەبەری چەندین قەوارەی نیمچە سەربەخۆی کوردی بوون کە لە ماوەی ساڵانی ٣٠٠ی زایینی تا سەدەی ١٩ حوکمڕان بوون.[١]

بەشێک لە دەسەڵاتدارە کوردییەکان[دەستکاری]

دەوڵەتی حەسنەوی[دەستکاری]

کورد لە سەردەمی ئایینی ئیسلامیشدا لە خاکی کوردستاندا چەند دەوڵەتێکی جیاوازی دامەزراندووە. بەپێی باری ئەو دەمە ئەوانە دەوڵەتی ھەرێمی بوون و لەژێر سەرۆکایەتیی ھەندێک خێزاندا بوون.[٢]

کورد لەو کاتەدا نەیتوانی لە سەرانسەری کوردستاندا دەوڵەتێکی مەزن و ناوەندی دابمەزرێنێت. ھەر لەبەر ئەوەش بوو چەند دەوڵەتێکی ھەرێمی دامەزرا. لە باشووری کوردستاندا، لە شاری «جیبەل» خانەدانێکی کورد بە ناوی «حەسنەوی»یەوە، ھێزی خۆی ڕێک خست و لە ساڵی ٩٤١ی پاش زاییندا سەربەخۆییی خۆی ئاشکرا کرد. بەرەبەرە سوپا و دەوڵەتی پێش خست و شاری ھەمەدان، مەھاباد، کرماشان و شارەزوور کەوتنە ناو سنووری دەوڵەتی حەسنەوییەوە. دەوڵەتی حەسنەوی پارە و پووڵیشی ھەڵکەند و سیستێمی ئابووریی ناوەندیی پێک ھێنا. لە کوردستاندا ڕێگاوبان و ئاواییان دروست کردەوە. دەوڵەتی حەسنەوی تاوەکوو ساڵی ١٠١٤ دەسەڵاتی ھەبوو.

دەوڵەتی شەدادی[دەستکاری]

لە ساڵی ٩٥١ی زاییندا سەرۆکی تیرەی ڕەوادی، محەممەد شەدادی دەوڵەتی شەدادیی کوردی دامەزراند و سنوورەکەیشی، لە شاری ڕەواندزەوە تاکوو شاری گەنجە ئازەربایجانی ئێستا دەکشا، لەو کاتەدا لە ڕۆژھەڵاتی کورستاندا دەوڵەتی شەدادی و لە باکووری کوردستاندا دەوڵەتی مەروانی و لە باشووریشدا دەوڵەتی حەسنەوی ھەبوون. ئەم سێ دەوڵەتەی کورد، ھەموو ھاودەمی یەکتر بوو. لە سەردەمی دەوڵەتی شەدادیدا، ژیانی کولتووری و ھونەری زۆر پێش کەوت لە ساڵی ١٠٨٨دا شای سەلجووقییەکان ھێرشێکی مەزنی بردە سەر دەوڵەتی شەدادی کۆتایی پێھێنا.

میرنشینی مەڕوانی[دەستکاری]

لە ساڵی ٩٨٥ی زاییندا باد دۆستەک دەوڵەتی مەروانیی دامەزراند و مەییافەرقین کردە پایتەخت بۆ خۆی. سنووری دەوڵەتی مەروانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا فراوان کرا و تاکوو ھەرێمی نسێبین، جەزیرە، مەعدەن، ئامەد، ڕەحا، بەدلیس و مەلازگریی گرتەوە. ئەو پاشایانەی کورد کە دوای دۆستەک ھاتن، دەوڵەتی مەروانییان بەباشی و خۆشی ڕاگرت، بەتایبەتی لە سەردەمی پاشایەتیی ئەحمەد مەروان (ناسرلدەولە) دا، خەڵک بە ئازادی و سەرفەرازی دەژیا. لە دەوڵەتی مەروانیدا شارستانێتی و ھونەر زۆر پێش کەوتن. پەیکەری مەییافەرقین و ئامەد دیاربەکری سەرلەنوێ دروست کرایەوە. گەلێک مزگەوت و کاروانسەرا و پرد دروست کران. لە کۆشکی پاشایانی کورددا مۆسیقا، سەما و ھەڵپەڕکێ پەرەی سەند و کاری ھونەری پێش کەوت و دەوڵەمەند بوو، لە کاتی بوونی دەوڵەتی مەروانیدا، دەوڵەتی تورکە سەلجووقییەکانیش ھەبوون، لە سەردەمی مەنسووری ناسرلدەولەدا، توغرولبەگ سوڵتانی سەلجووقییەکان بوو، لە ساڵی ١٠٤٣دا توغرولبەگ بە سەرۆکایەتیی توغا ئاسغلی ١٠٠٠ سواری ناردە سەر مەییارفەرقین، بەڵام ھێزی سەلجووقیی تورک بەرامبەر سوارچاکیی مەروانی خۆیانیان ڕانەگرت و پیس شکان و تاڵانیش کران، ئیتر لە دوای ئەوەوە تورک خۆی دوور ڕا دەگرت، لە سەردەمی ناسرلدەولەدا دەوڵەتی مەروانی بەرەو کزی چوو و نیزامولمولکی سوڵتانی سەلجووقییەکان، بە ھەلی زانی و ھێزێکی سوارەی بە سەرکردایەتیی فەخرولدەولەی ناردە سەر مەروانییەکان. فەخرولدەولە لە نزیکی ئامەد لەشکری خۆی کرد بە دوو بەشەوە، بەشێکیان بە سەرۆکایەتیی کوڕەکەی خۆی، زەعمیرولڕوئەسا، ناردە سەر ئامەد و خۆیشی لەگەڵ ھێزەکەی تردا ھێرشی کردە سەر وان کە پایتەخت بوو، ناسرلدەولە ناچار بەرەو جەزیرە ھەڵات، لە ساڵی ١٠٨٦دا و دوای مییافارقەین و ئامەد، ئیتر دەوڵەتی مەروانی کەوتە ژێر دەستی تورکە سەلجووقییەکانەوە. لە ساڵی ١٠٩٧دا کۆتایی بە دەسەڵاتی مەروانی ھات.

دەوڵەتی ئەیووبی[دەستکاری]

ئەیووبییەکان تیرەیەکی کوردن و لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا ژیاون. نوورەدین مەحموود، لە سەدەی دوازدەیەمدا دەوڵەتی زەنگیی لە ناوچەی کەرکووک، مووسڵ، حەلەب دامەزراند. لەو دەمەدا خاچھەڵگرانی ئەورووپا، بە ئەنادۆڵدا ھێرشیان کردە سەر شاری قودس. نە تورکە سەلجووقییەکان و نە دەوڵەتی فاتیمیی میسڕ نەیان تووانی پێشی لێبگرن ئەو لەشکرەی خاچھەڵگرانی ئەورووپا، تاکوو بەرگری لە شاری قودس بکەن و بیپارێزن. سەرۆکی دەوڵەتی زەنگی، نوورەدین مەحموود بۆ پاراستنی سەرداری و سەروەریی قودس، لەگەڵ خاچھەڵگراندا کەوتە شەڕ؛ لەبەر ئەوە ھێزێکی مەزنی بە سەرۆکایەتیی سەڵاحەددینی ئەییووبی ناردە پایتەختی دەوڵەتی فاتیمیی میسڕ.

سەڵاحەددینی ئەییووبی قوماندارێکی گەلێک زیرەک و قارەمان بوو. لە ساڵی ١١٧١دا ھەلی بۆ ھەڵکەوت و دەستی بە سەر دەوڵەتی فاتیمیی میسڕدا گرت و دەسەڵاتی خۆی ئاشکرا کرد و لە جێی دەوڵەتی فاتیمی، دەوڵەتی ئەیووبیی دامەزراند. سەڵاحەدین لەسەر ھەڵوێستی خۆی کاروباری ڕادەپەڕاند. لە ساڵی ١١٧٤دا سنووری دەوڵەتی ئەیووبیی ئیسلامیی فراوان کرد و بوو بە خاوەن دەسەڵات. سنووری ئەم دەوڵەتە لە میسڕەوە تاوەکوو حیجاز، یەمەن، فەلەستین، سووریا، کوردستان بوو. سەڵاحەدین بۆ خۆی ھێزێکی چابووک و سوارچاکی لە کورد دروست کردبوو.

سەڵاحەددینی ئەییووبی توانی شاری قودس لە خاچھەڵگرانی ئەورووپا ڕزگار بکات و ھێزی خاچپارێزانی ڕەتاند و ناوی قوماندارێتیی کورد لە تەواوی جیھاندا بڵاو بووەوە. ئەگەرچی سەلاحەدین و ھەندێکیش لە لەشکرەکەی کورد بوون، بەڵام دەوڵەتی ئەیووبی خۆڕسک دەوڵەتێکی نەتەوەیی کوردی نەبوو، بەڵکوو دەوڵەتێکی ئیسلامی بوو، چونکوو لە سەردەمی ئەو کاتەی ئیسلامدا، ئەو دەوڵەتانەی دادەمەزران، لەسەر بنج و بناوانی نەتەوەیی دانەدەمەزراند، چونکە ھۆشیاریی نەتەوەیی لەو ئاستەدا نەبوو کە ببێتە مایەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی.

سەڵاحەددینی ئەییووبی لە ساڵی ١١٩٣دا مرد و ئیتر دەوڵەتی ئەیووبی بەرەو سستبوون دەچوو، تاکوو لە ساڵی ١٢٥٠دا دەوڵەتی ئەیووبی کۆتاییی پێ ھات. ئێستاش گۆڕی سەڵاحەددینی ئەییووبی لە شاری شامە و لەسەر کێلی گۆڕەکەی نووسراوە: «سەڵاحەدینی کورد».

میرنشینی بەدلیس[دەستکاری]

ئەو میرنشینە لە شاری بەدلیس لە باکووری کوردستان ھەر لە سەردەمی عەباسییەکانەوە سەری ھەڵداو، مەزنە پیاوانی کۆنفدراسیۆنی ھۆزی ڕۆژەکی دایانمەزراندووە دەسەڵاتیان بە پشتاو پشتیش سەدان ساڵی دۆماندووە خانەوادەی خانەدانی مێژوونوسیی بەناوبانگ شەرەفخانی بەدلیسی ھەمەکارەو میری ئەو میرنشینە بوون.

میرنشینیی ئەردەڵان[دەستکاری]

میرنشینیی ئەردەڵان لەلایەن بابائەردەڵانەوە دامەزرێنراوە، ئەم میرنشینە نزیکەی ٦٥٠ ساڵ دەسەڵاتی ھەبوو. کاتێ مەغۆلەکان ھێرشیان کردە سەر کوردستان، بابائەردەڵان سیاسەتی بەرامبەر ئەوان بەکار ھێنا و لەگەڵیاندا نەکەوتە شەڕ، جا لەبەر ئەوە تا دەھات دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان لە ھەرێمی شارەزوور و ھەوراماندا مەزنتر و بەرفراوانتر دەبوو. بە ئامانجی ئەوەی کە دەوڵەتێکی نەتەوەیی دامەزرێنێ. ئەوە بوو لە دواییشدا تا ڕادەیەک گەیشتە ئامانجی خۆی و دەوڵەتێکی ھەرێمیی نەتەوەییی تەمەندرێژیشی دروست کرد.

لە سەدەی چواردەیەمدا، لە عێرقدا دەوڵەتی جەلائیری دروست بوو و توانییان بەشی ڕۆژاوا و باکووری ئەردەڵان بگرن؛ بەڵام لە سەدەی پازدەیەمدا سەرۆکی میرنشینی ئەردەڵان، میرحەسەن، باکوور و ڕۆژاوایشی لەژێر دەستی جەلائیرییەکان ڕزگار کرد و زێی مەزنی کردە سنووری باکووری میرنشینی ئەردەڵان و لە ڕەواندزیشدا بنکەیەکی سەربازیی دروست کرد. لەو سەردەمەدا وێژە و ھونەر و زمانی کوردی لە مزگەوتەکاندا زۆر پێش کەوتن و گەلێک بەرھەم بە زمانی کوردی بڵاو کرایەوە. عوسمانییەکان لە ساڵی ١٥٤٩دا ھێرشێکی گەلێک مەزنیان بردە سەر ڕەواندز و لە نێوان عوسمانییەکان و ھێزی میرنشینی ئەردەڵاندا شەڕێکی دژوار ڕووی دا، عوسمانییەکان سەر نەکەوتن و شکستیان ھێنا.

میرنشینیی ئەردەڵان تاکوو ساڵی ١٨٦٤ لەسەر دەسەڵاتی خۆی مایەوە، دوا میری ئەم میرنشینە ئەمبێز خان بوو کە ھەر لەو ساڵەدا بە دەستی عوسمانییەکان لە ناوبرا و ئەم میرنشینە کۆتایی پێ ھات. ئەمبێز خان لە دوای ڕووخاندی میرنشینەکە ڕووی کردە گوندی ھەرمک و دەستی بەسەر داگرت و تێیدا نیشتەجێ بووە کە ھەر لەوێ نێژراوە، ئێستاش نەوەکانی لە بالیسان و گوندی ھەرمک و پارێزگای ھەولێر نیشتەجێن.

میرنشینیی بادینان[دەستکاری]

سەرەتای دامەزراندنی میرنشینی بادینان دەگەڕێتەوە سەر شێخ بەھادین شێخ شەمسەدین کە لە ناوچەی شەمزینانی ھەکاری ھاتونە ئامێدی لە ساڵی ١٢٦٢ دامەزرا. میرنشینیی بادینان لە نێوان شاری مووسڵ و چەمی دیجلە و زێی مەزندا دامەزرێنرا بوو. سنووری میرنشینیی بادینان، لە ڕۆژاواوە میرنشینیی بۆتان و لە باکوورەوە میرنشینیی ھەکاری و لە ڕۆژھەڵاتیشەوە میرنشینیی سۆران بوو. شاری ئامێدی پایتەختی میرنشینیی بادینان بوو. سنووری ئەم میرنشینییە ئەم شارانەی دەگرێتەوە: زاخۆ، ئاکرێ و دھۆک و تەواوی پارێزگای دھۆکی ئێستا دەگرێتەوە؛ و ٢٥ میر بەڕێوەیان بردووە.

دەوڵەتە ھەرێمی و مەزن و ناوەندییەکانیش ھەردەم دووبەرەکییان دەخستە ناو میرە کوردەکانەوە و نەیاندەویست میرە کوردەکان یەک بگرن و میرنشینە کوردییەکان ببی بە یەک. لە سەردەمی میر مرادخان دا پەیوەندییەکی بەھێز لە نێوان میرنشینی سۆران و بادیناندا ھەبوو کە خوشکی میری سۆران ھاوژینی میری بادینان بووە.

دوای مردنی میرئیسماعیلی بادینان، میر محەممەدی سۆران میرنشینیی بادینانی خستە ژێر دەستی خۆیەوە و ھەردوو میرنشینەکە بوون بە یەک. میرنشینیی سۆرانیش لە ھەرێمی خۆیدا زۆر مەزن و بەھێز بوو.

میرنشینی سۆران[دەستکاری]

دامەزراندنی میرنشینی سۆران لەلایەن کوردێکەوە بوو ناوی کەڵۆس بەگ. کەڵۆس کوردێکی زۆر ناودار بووە. لە سەردەمی مەر مستەفادا بارودۆخی میرنشینی سۆران گەشە دەکات و خۆش دەبێت. میر مستەفا لە ساڵی ١٨١٣دا دەسەڵاتی میرێتی دەداتە دەستی کوڕەکەی خۆیەوە کە ناوی میر محەممەد بووە، میر محەممەد پیاوێکی ھۆشیار و زیرەک بووە، زۆر بەناوبانگ بووە، ئەم میر محەممەدە زیاتر بە پاشا کوێرە بەناوبانگ بووە.[ژێدەر پێویستە]

میر محەممەد کاروباری میرێتی دەکاتە دوو بەشەوە:

  • چارەسەرکردنی شەڕ و گێرەوکێشەی ناوخۆی
  • خەبات لە پێناوی بەرفراوانکردنی میرنشینی سۆراندا. میرمحەمەد، پاشا کوێرە پاش تێپەڕ بوونی سێ ساڵ بەسەر میرێتییەکەیدا، واتە لە ساڵی ١٨١٦دا کارخانەیەکی چەکی لە کاولان کە نزیکی ڕەواندزە دروست کرد

لەو کارخانەیەدا، شمشێر تفەنگ و گوللە و تۆپ و چەرخی تۆپ و ھتد.. دروست دەکران.

پاش ئەوەی میر سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و دەستی دایە خەباتی بەرفراوانکردنی سنووری میرنشینییەکەی و ئۆردووگایەکی سەربازیی لە ٣٠٫٠٠٠ سەرباز دروست کرد، لەوانە ١٠٫٠٠٠ سوار و ٢٠٫٠٠٠ پیادە بوون.

لە ساڵی ١٨٣٣دا سنووری میرنشینیی سۆران گەلێک بەرفراوان بوو. لە باکوورەوە دەگەیشتە جزیرە و لە باشووریشەوە تاکوو زێی بچووک و لە لایەکی تریشەوە دەگەیشتە سنووری میرنشینی بۆتان.

میرمحەمەد بۆ بەڕێوەبردنی میرنشینیی خۆی، سیستەمێکی دانا، لە سیستەمەکەدا کۆگایەکی سێ بەشیی پێک ھێنا:

  • بەشی ماڵ و مڵکی تایبەتیی میر.
  • بەشی داھات و باج.
  • بەشی دارایی و فەرمانڕەوایی و شارەکان و ھتد…

میرمحەمەد لە ساڵی ١٨٣٠دا لەشکرێکی مەزنی بە سەرۆکایەتیی ئیبراھیم پاشا، دژی سوڵتان مەحموودی دووەمی عوسمانی ناردە سەر سووریا و لە لایەکی تریشەوە لەشکرێکی تری بە سەرۆکایەتیی میرموراد ناردە ئێران و ئەو ناوچانەی کوردیان تیا دەژیا میر لە ساڵی ١٨٣٤دا پەیمانێکی ئاشتیی لەگەڵ ئێراندا مۆر کرد.

دەوڵەتی عوسمانیش ھەردەم خەریکی پلانی ھێرش بردنە سەر میرنشینی سۆران بوو، بەڵام ھەر سەر نەدەکەوت لە ساڵی ١٨٣٦دا عوسمانییەکان بە سەرۆکایەتیی ڕەشید پاشا، ھێزێکی گەورە و گرانیان ناردە سەر میرنشینی سۆران و شەڕێکی قورس بەرپا بوو. لە دواییدا ھێزی عوسمانی توانیی دەوروبەری میرنشینیی سۆران بگرێ دوایی میرمحەمد خۆی چوو بۆ ئەستەمبوڵ. سوڵتان مەحموودی دووەمی عوسمانی میری ئازاد کرد، بەڵام لە گەڕانەوەدا بۆسەیەکیان بۆ دانا و میرمحەمەد، پاشا کۆرەیان کوشت و میرنشینیی سۆرانیان ھەڵوەشاندەوە.

میرنشینی بابان[دەستکاری]

میرنشینی بابان لە بنەڕەتدا بە ناوی فەقێ ئەحمەدی بابانەوە دامەزراوە. لە ساڵەکانی ١٦٨٦ بەدواوە بەھێز بووە و دواییش دەسەڵاتی گرتووەتە دەست. لە نیوەی یەکەمی سەدەی ھەژدەیەمدا میرنشینی بابان لە ڕووی سیاسییەوە و دژی دەوڵەتی عوسمانی ڕۆڵێکی زۆر گرینگی بینیوە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی دەسەڵات و ھێزی سەربازیی میرنشینی بابان. دەسەڵاتی میرنشینی بابان دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠٠ ساڵێک لەمەوبەر. ئەم میرنشینە دەکەوێتە ناوچەی سلێمانییەوە، لە باشووری میرنشینی سۆرانەوە و تاکوو بەشێکیش لە ڕۆژەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە. لە ڕۆژاواشەوە تەواوی ناوچەی کەرکووکی دەگرتەوە. بەشێکی ناوچەی شارەزوور لەژێر دەسەڵاتی میرنشینی باباندا بوو. پایتەختی میرنشینی بابان قەڵاچوالان بوو. دوای ئەوەی دادوەری گوندی مەڵکەندی، ئیبراھیم پاشا، بە ناوی سلێمان پاشاوە، لە ساڵی ١٧٨٤دا دەستی بە دروستکردنی شارێک کرد و ناوی سلێمانیی لێ نا و دواییش کرا بە پایتەختی میرنشینی بابان

لە سەردەمی میرنشینی باباندا گیروگرفتی ناوخۆیی زۆر بوو، ئەمە زۆر کاری کردە سەر بێھێزی و لاوازکردنی ئەم میرنشینە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە عوسمانی و فارس بەپێی ڕێککەوتنی پەیمانی قەسری شیرین میرنشینی بابانیان لە ناو خۆیاندا بەش کرد. ئیتر لە دوای ئەوەیش میرنشینی بابان جارێ دەکەوتە ژێر دەستی عوسمانی و جارێکی تریش ژێر دەستی فارس

لە سەردەمی میرعەبدولڕەحمان پاشادا جارێکی تریش میرنشینی بابان بەھێز بووەوە و سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند. عوسمانییەکان لە ساڵی ١٨٢٢دا بە لەشکرێکی زۆر بەھێز و لەژێر سەرکردایەتیی مامەد پاشا خۆیدا، ھێرشی بردە سەر سلێمانی کە پایتەختی میرنشینی بابان بوو

نزیکەی ٥٠٠ کەس لە لەشکری عوسمانی کوژرا، بەڵام لە دواییدا عوسمانییەکان توانییان شاری سلێمانی بگرن. مەحموود پاشا لە دوای مردنی باوکی بوو بە سەرۆکی میرنشینی بابان و تاکوو ساڵی ١٨٣٤ دەسەڵات بە دەستی ئەو بوو و دوای ئەویش دەسەڵاتی میرنشینی بابان تاکوو ساڵی ١٨٥١ بە دەستی سلێمان پاشا بوو

ئەوەی شایانی باسە، لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەم میرنشینەدا زمان و ئەدەبی کوردی زۆر پەرەی سەند، بەتایبەتی لە کۆتایی سەدەی شازدەوە تاکوو نیوەی یەکەمی سەدەی ھەژدە

دروستبوونی قوتابخانەی شیعری کلاسیکی کوردی بە ڕێبەرایەتیی نالی ١٧٩٧ ١٨٥٥ و ھاوڕێکانی، سالم و کوردی و مەحوی کە شەقڵشکێنی شیعری کوردی بوون لە دیالێکتی کرمانجیی خواروودا و دواییش بوو بە زمانی ئەدەب و نووسین و زۆر لە شاعیرانی تریش ھەر لەسە ئەو ڕێچکەیە ڕۆیشتن و پەیڕەوییان کرد و پەرەیان بەو زمانە ئەدەبییە دا

میرنشینی ھەکاری[دەستکاری]

ھەکاری ناوچەیەکی شاخاوییە، میرنشینی ھەکاری دەکەوتە نێوان گۆلی وان، شاری وان و خۆشاوی. پایتەختی میرنشینی ھەکاری شاری چۆلەمێرگ بوو لەبەر ئەوەی ئەم میرنشینە لە ھەرێمێکی چیاییدا بوو، دەیتوانی خۆی لە دوژمن بپارێزێ و بژێ. بۆیەش ھەتا دەھات بەھێز دەبوو دەوڵەتی عوسمانی لەم میرنشینە دەترسا، بۆیە زۆر جار لەشکری دەناردە سەر گوندەکانی دەوروبەری میرنشینی ھەکاری و کاولی دەکردن و مووچەخۆر و ڕۆشنبیرانی کوردیان لەو ھەرێمە دەر دەکرد لەبەر ھێرش و زوڵم و زۆرداریی عوسمانییەکان، خەڵک پەنایان دەبردە بەر میرنشینی ھەکاری و ھێزی ئەم میرنشینەش ھەتا دەھات زیادی دەکرد. ھێزی چەکداری لە ٤٠٠٠٠ (چل ھەزار) زێدەتر بوو.

لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی فارسیش ترسی ئەم میرنشینەی لێ نیشتبوو، بۆیە جارەناجارێک بە لەشکری زۆر مەزنەوە ھێرش دەبردە سەری، بەڵام میرنشینی ھەکاری بەردەوام سەربەخۆییی خۆی دژی عوسمان و فارس بە سەرفەرازی پاراستووە. ئەمەش بەتایبەتی لە سەردەمی مستەفا پاشای ھەکاریدا کە میرنشینەکەی زۆر بەھێز ببوو.

ھەرچەندە میرنشینی ھەکاری لەم دوایییەی سەردەمی عوسمانییەکاندا ناوی نەمابوو، بەڵام دەوڵەت تاکوو ئەمڕۆش نەیتوانیوە بە تەواوی دەس بەسەر ئەو ھەرێمەدا بگرێت.[ژێدەر پێویستە]

زەندییەکان[دەستکاری]

زەندییەکان بنەماڵەیەکی کوردی لەک بوون کە لە ساڵانی ١٧٥٠ تا ١٧٩٤ لە ئێران حوکمیان دەکرد. بۆ یەکەمجار کەریم خانی زەند توانی لە دوای ھەڵوەشاندنەوەی پادشایی ئەفشارییەکان ئاسایش بھێنێتەوە وڵات و حکوومەتێکی بەھێز پێک بھێنێت، پایتەختی زەندییەکان شیراز بوو.[٣][٤]

میرنشینی بۆتان[دەستکاری]

پایتەختی میرنشینی بۆتان شاری جزیرە بوو. ئەم شارە دەکەوێتە تەنیشت چەمی دیجلەوە کە ئەویش ھۆیەکی گرنگ بوو بۆ ناوچەکە. ڕێگای بازرگانیی ئامەد، مووسڵ، بەغداد، ئەستەمبوڵ بەوێدا تێدەپەڕی، ئەم میرنشینە ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژووی ڕووناکبیریی کورددا بینیوە. لە میرنشینیی بۆتاندا خەباتێکی زۆر بۆ پێشخستنی زمان و وێژەی کوردی کراوە. لە نێوان ساڵانی ١٤٠٠ ١٥٧٠دا شاری جزیرە بووبووە سەرچاوەی زانیاری و ڕووناکبیری. لە قوتابخانەکانی جزیرەدا گەلێ مرۆڤی مەزن و ناودار ھەڵکەوتن لە ھەرێمەکانی میرنشینی بۆتان و ھەکاریدا، فەیلەسووف و نووسەر و شاعیری وەکوو مەلای جزیری، فەقێ تەیران و ئەحمەدی خانی دەرکەوتن. مەم و زینی خانی ئەمڕۆ لە ناو کلاسیکانی جیھاندا جێی خۆی گرتووە ھەروەھا بنەماڵەی بەدرخان لە ڕووی خزمەتکردنی زمان و وێژە و ھونەرەوە ڕۆڵێکی مەزن و گرنگیان بینیوە. لە ساڵی ١٨٩٨دا ڕۆژنامەی کوردستان و ساڵانی ١٩٣٠ ١٩٥٤، گۆڤاری ھاوار، ڕۆژا نوو، ڕووناھی یان دەرکردووە لە ساڵی ١٨٢١دا بنەماڵەی عەزیزان دەسەڵاتی ئەم میرنشینەیان گرتە دەست.

لە سەدەی نۆزدەیەمدا کوردستان لە نێوان میرنشینەکاندا بەش کرا بوو. میرنشینی بۆتان دژی دوژمن تێکەڵاوییەکەی باشی لەگەڵ خەڵکی کورددا دروست کردبوو. ھەوڵێکی زۆریش بۆ یەکبوون و سەربەخۆیی میرنشینانی سۆران، بۆتان، بادینان، بابان درا، بەڵام دەوڵەتی عوسمانی زوو ھەستی بەمە کرد و بە لەشکرێکی گەورە و گرانەوە ھێرشی بردە سەر ھەموو میرنشینەکان و بەو پەلامارە ئۆتۆنۆمیی میرنشینەکانی نەھێشت و دەزگای دروستکراوی داگیرکەری لە جێی میرنشینەکاندا دامەزراند کورد کە ئەوڕۆ گەورەترین نەتەوەی بێ نیشتمانی سەر گۆی زەوییە یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی ڕۆژھەڵاتی نزیک و ناوەڕاستە. سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناخی مێژوو. بەڵگە زانستییەکان پیشان دەدەن کە کوردستانیش مێژینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کانگەی کەونارایەکی ھەرە کۆن و دێرین. لە چاخی بەستەڵەکدا کە نزیکەی نیو ملیۆن ساڵ پێش لە ئێستا ڕوویدا و نزیکەی ٢٠٫٠٠٠ ساڵ پێش لە زایین کۆتایی ھات زۆربەی ناوچەکانی ئەورووپا و ئەمریکای باکووری داپۆشرابوون لە سەھۆڵ. ئەو دەمە ناوچە بیابانی و چۆڵەوانییەکانی ئەفریقا و مەڵبەندە وشکە عەرەبییەکان کەشێکی مامناوەندییان ھەبوو. کوردستانیش کەش و ئاووھەوایەکی باراناوی و مامناوەندیی ھەبوو.

پێرست[دەستکاری]

ئەم پێرستەی خوارەوە، ناونیشان و ساڵی دروستبوونی سەرجەم میرنشین و خۆبەڕێوەبەرییە کوردییەکان نیشان دەدات.[ئ]

میرنشین و حکوومەتە کوردییەکان ساڵانی دامەزراندن
سادقییەکان ٧٧٠
ھەزەبانی ٩٠٥
دەوڵەتی حەسنەوییەکان ٩١٢
میرنشینی شەدادی ٩٥١
ڕەوەندی ٩٥٥
میرنشینی مەروانی ٩٨٣
عەنازی ٩٩٠
کاکەوەیھی ١٠٠٨
شوانکارە ١٠٢٠–١٢٠٠
میرنشینی گێل ١٠٤٩
سوارچاکانی جەفایی ١١١٤
ھەزارئەسپ ١١١٥–١٤٢٥
زەکەریاکان ١١٦١–١٣٦٠
شکاک ١١٨٠
میرنشینی بەدلیس ١١٨٧–١٨٤٧
میرنشینی خۆیی ١٢١٠
میرنشینی بنگۆل ١٢٣١
میرنشینی حەسەنکێف ١٢٣٢
میرنشینی کلس ١٢٦٤
میرنشینی شرڤان ١٢٩٠
گەرمیانییەکان ١٣٠٠–١٤٢٩
میرنشینی ھەکاری ١٣٠٥
میرنشینی مەلکیشی ١٣١٠–١٦٦٣
میرنشینی زیرقان ١٣٣٥
میرنشینی بادینان ١٣٣٩
میرنشینی بۆتان ١٣٤٥
قۆچگری ١٣٦٠–١٣٧٠
میلان ١٣٨٠
میرنشینی مەحموودی ١٤٠٦
میرنشینی ئەردەڵان ١٤١٥–١٨٦٨
موکریان ١٤٥٠–١٨٥٠
زەڕین ناڵ ١٤٤٨
میرنشینی پالۆ ١٤٩٥
میرنشینی پازۆکی ١٤٩٩
میرنشینی برادۆست ١٥١٠
میرنشینی سۆران ١٥١٤–١٨٣٨
میرنشینی پنیانشی ١٥٤٨
ویلایەتی شارەزوور ١٥٥٤–١٨٦٢
میرنشینی سلێمان ١٥٦٠–١٨٣٨
میرنشینی بابان ١٦٤٩–١٨٥٠
میرنشینی میکس ١٦٥٠
میرنشینی سەراب ١٧٢٢
میرنشینی تەبرێز ١٧٥٧
ویلایەتی کوردستانی عوسمانی ١٨٤٦–١٨٦٧

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

تێبینییەکان[دەستکاری]

  1. ^ لەوانەیە چەندین میرنشینی دیکە لێرە تۆمار نەکرابن

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Yadirgi, Veli, ed. (2017), "The Formation of Ottoman Kurdistan: Social, Economic and Political Developments in Ottoman Kurdistan before the Nineteenth Century (1514–1800)", The Political Economy of the Kurds of Turkey: From the Ottoman Empire to the Turkish Republic, Cambridge: Cambridge University Press, pp. 64–92, ISBN 978-1-107-18123-6, retrieved 2022-03-20
  2. ^ Kennedy, Hugh (2015-12-14). The Prophet and the Age of the Caliphates: The Islamic Near East from the Sixth to the Eleventh Century (بە ئینگلیزی). Routledge. ISBN 978-1-317-37639-2.
  3. ^ Tucker, Ernest (2020-08-01), "Karīm Khān Zand", Encyclopaedia of Islam, THREE (بە ئینگلیزی), Brill, retrieved 2024-02-02
  4. ^ "Zand Dynasty | Persian Empire, Safavid Dynasty, Qajar Dynasty | Britannica". www.britannica.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2024-02-02.