مەخموور

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

مەخموور یەکێک لە شارەکانی پارێزگای ھەولێرە و ناوەندی قەزای مەخموورە کە دەکەوێتە ٥٦ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای ھەولێر. ئەم قەزایە لە باکووردا لەگەڵ قەزکانی دەشتی ھەولێر و خەبات، لە باشووردا لەگەڵ ڕووباری دیجلە، لە ڕۆژھەڵاتدا لەگەڵ زێی بچوک و لە ڕۆژئاوادا لەگەڵ زێی گەورە ھاوسنوورە.

شاری مەخموور[دەستکاری]

مەخموور یەکێکە لەشارە کۆنەکانی عێراق و کوردستان کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای ھەولێر و سەرەتای دروستبوونی بۆ سەردەمی چاخە کۆنەکانی بەر لەمێژوو دەگەڕێتەوە، بەشێوەیەکی بەردەوام ئاوەدانی و ژیانی مرۆڤەکانی لێ ھەبووە، ئەوەش پاڵپشت بەو پاشماوە مێژوویانەی لەدەڤەرەکە دۆزراونەتەوە و ھەنە. مەخموور ھەمیشە ناوەندی بڕیاردان و حاکمی سنوورەکە و دەوروبەری بووە و دەسەڵاتدارانی سەردەم (مەخموور)یان کردووەتە پایتەختی دەرکردنی بڕیارەکان لە دەڤەرەکە. لەسەردەمی عوسمانییەکان و ئینگلیز لە عێراق (مەخموور) ناوچەیەکی گرنگ بووە و چەند بنکەیەکی سیاسی و سەربازی لێ دامەزراوە، وەک سنوورێکی گرنگ ڕۆڵی بینییەوە لە ڕووداوە سیاسییەکان و چارەکردنی کێشمەکێشەکان. مەخموور بە فەرمانی پاشایەتی ژمارە ٤٥٨ لە ١٥ی ئازاری ١٩٢٧ لە پلەی ناحیە بۆ قەزا بەرزدەکرێتەوە لەسەر پارێزگای ھەولێر دەکرێتە (قایمقامییەتی قەزای مەخموور) و (عەبدولرەحمان سەعید بابان) وەک یەکەم قایمقام دەست بەکاربووە. ئەو قەزایە تا ساڵی ١٩٩٦ سەر بەپارێزگای ھەولێربووە، بەڵام دواتر لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خرایە سەر پارێزگای موسڵ کە (١٢٠)کم لێک دوورن.

پڕۆسەی بەعەرەبکردنی مەخموور[دەستکاری]

بەعەرەبکردنی سنوورەکە قەزای مەخموور بەھۆی گرنگی بوونی لەڕووی جوگرافی و سیاسی و نەتەوەیی و ھەبوونی ماددە جۆربەجۆرەکانی سەر زەوی و ژێرزەوییەکەی بەتایبەت نەوت، بۆیە بەدرێژایی مێژووی ڕژێمە یەک لەدوایەکەکان ھەوڵی زۆریان داوە بۆ داگیرکردنی سنوورەکە. ئەم دەڤەرە بە تەواوی گوند و ناحیەکانی بۆ چەندین جار بەر شاڵاوەکانی تەعریبکردن و ڕاگواستن کەوتوەتەوە، لەگەڵ ھاتنی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسیش ئەو سنوورە زیاتر کەوتە ژێر پلانی بەعەربکردن، بەعس تەواوی ھەوڵەکانی بەگڕخست بۆ گۆرینی جوگرافیا و دیموگرافیای سنوورەکە، ھەر لەم ھەوڵە شۆڤینیانەی دا چەند گوندێکی لە ناحیەی قەراج و دیبەگە دابڕاند و خستییە سەر ناحیەی سەڕگەرانی پارێزگای کەرکووک، سەرەڕای ھێنانی عەرەبی ھاوردە بۆ سنوورەکە و گۆڕینی ناوی گوند و شوێنە گشتییە کوردییەکان بۆ ناوی عەرەبی، ھاوکات قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی و کردنی بە زمانی عەرەبی، ھتد… لە دوای ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ ی پڕۆسەی ئازادی گەلانی عێراق و ڕزگاربوونی دەڤەرەکە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی ھەوڵەکانی خۆی خستووەتەگەڕ لەپێناو گەڕاندنەوەی مەخموور بۆ دۆخی ئاسایی خۆی و لەدوای دامەزراندنەوەی قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکان و یەکە ئیدارییەکان، یەکەم ھەوڵیشی کردنەوەی (بەڕێوەبەرایەتی پەرورەدەی مەخموور) بوو کە خوێندن بکاتەوە زمانی کوردی.

مەخموور و ماددەی ١٤٠[دەستکاری]

ماددەی ١٤٠ و چاوەڕوانی گەڕانەوە لە دوای پڕۆسەی ئازادی گەلانی عێراق، خەڵکی سنوورەکە لە چاوەڕوانی ئەوە بوون کە قەزای مەخموور بگەڕێتەوە سەر ئیدارەی پارێزگای ھەولێر و جارێکی تر خەڵکە ڕاگوێزکراوەکان بگەرێنەوە گوندەکانیان و حکومەت گوندەکانیان بۆ ئاوەدان بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ئەو کێشە سیاسی و ئیداریانەی کە حکومەتی نوێی عێراق لەسەر ناوچە تەعریبکراوەکانی درووستکرد، بۆیە قەزای مەخمووریش لەم چوارچێوەیە بە ھەڵواسراوی مایەوە و ھەر دوای ماددەی ٥٨ی ئەنجومەنی حکوم و ١٤٠ی دەستووری نوێی عێراقی ئەو سنوورە کەوتە نێوان چوارچێوەی بەرنامەی ئەو ماددانە بۆ ئاسایی کردنەوە و گەڕانەوەی بۆ ژێر ئیدارەی ھەرێمی کوردستان. ھەربۆیەش ئەو نەگەڕانەوەیە بۆشایەکی زۆری ئاوەدانی و درووستکرد و وای کرد خەڵکەکە لە گەڕانەوەیان بۆ گوندەکانیان بەھۆی نەبوونی ھاوکاری ئاوەدانی سست ببنەوە.

جوگرافیای مەخموور[دەستکاری]

لەڕووی جیوگرافییەوە مەڵبەندی قەزای مەخموور بەدووری (٥٦) کم دەکەوێتە خۆر ئاوای پارێزگای ھەولێر، لە باکوورییەوە قەزای دەشتی ھەولێر و خەباتە و لە باشوورییەوە ڕوباری دیجلەیە، خۆر ھەڵاتی زێی بچوکە و خۆر ئاوای زێی گەوەرەییە. لەگەڵ پارێزگاکانی (موسل - کەرکوک - تکریت) ھاوسنورە. چیای بلباس (قەرەچووغ) دەکەوێتە ناوەراستی قەزاکە و زورگەزراویش دەکەوێتە لای خۆرھەڵاتی باکووری. قەزای مەخموور خاکێکی بە پڕشت و پیتی ھەیە لەڕووی کشتوکاڵییەوە بەتایبەت بۆ (گەنم و جۆ) کە لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق بە پلەی یەکەم دێت، ھەر بۆیە یەکەم و دووەم گەورەترین سایلۆ لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لە مەخموور دروستکراوە. قەزای مەخمووردەکەوێتە سەر ھێلی (٣٥) پانی و (٤٣–٤٤) درێژی و ئاوھەواکەی گەرم و ئاوی ژێرزەوی ناسازە و ناشێت بۆخواردنەوە، بۆیە لەسەرچاوەی زێی گەورە لە پرۆژەی ئاوی (سلتان عبداللە) و دەمارەشیرینی کەندێناوە لەگوندی (گاوەرە) ئاو بۆ مەخمووردابین کراوە. بۆ ناحیەی قەراجیش لە زێی گەورە لە پرۆژەی ئاوی (حاجی عەلی) ئاو دابینکراوە لەگەڵ پڕۆژە ئاوی گوندی (دووانزە ھەوار). بۆ دیبەگەش لە پڕۆژە ئاوی دیبەگە لە گوندی منارەی دەشتی مرکیە ئاو دابینکراوە. بۆناحیەی گوێڕیش لە زێی گەورە ئاو دابینکراوە. لە ئێستاکەشدا پلان ھەیە لەرێگەی پارێزگای ھەولێر و ڕێکخراوەکانەوە پڕۆژەیەکی تری ستراتیژی ئاو بۆ مەخموور و ناحیەکانی گوێڕ و دیبەگە دروستبکرێت لە سەر زێی گەورە لە گوندی (کوشاف)ی ناحیەی گوێڕ. قەزاکە لە دوو دەشتی سەرەکی فراوان پێک دێت (قەراج و کەندێناوە) لەگەڵ بەشێک لەدەشتی شەمامک کە ناوەندی قەزاکە کەوتووەتە بەری قەراج و پتر لە ٢١٠ گوند لەخۆ دەگرێت. سنوری قەزای مەخموور جیا لەوەی ناوچەیەکی دەوڵەمەندی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییە، ھاوکات لەرووی بەرھەمە بیناسازی و نەوتییەکانیش دەوڵەمەندەو بەتایبەت لەناحیەکانی دیبەگە و قەراج بەدەیان بیرە نەوت ھەیە و پاڵاوگەی (خورمەلە) ش کەوتووەتە دیبەگە کە نەوت لەرێگەی کەرکوکەوە بەرەو بەندەری جیھانی ڕەوانە دەکات. بەشێوەیەکی گشتی ڕوبەری قەزاکە (٣٥٢٬٠٠٠) دۆنمە و ڕێژەی %٨ی کۆی گشتی ڕووبەری پارێزگای ھەولێر پێکدێنێت. ڕووبەری قەزای ناوەندیش (٨٨٠)کم٢. قەزای مەخموور سێ ناحیە لەخۆ دەگرێت ئەوانیش (١. قەراج"باقرت" - ٢. گوێڕ- ٣. کەندێناوە "دیبەگە)، لە ساڵی ١٩٩٦یش دوای لکاندنی قەزاکە بە پارێزگای موسل ڕژێمی بەعس گوندی (مەلاقەرە)ی سەر بە ناحیەی کەندێناوەی بۆ عەرەبە ھاوردە و تەعریب چییەکان بە فەرمانی دیوانی سەرۆکایەتی ژمارە (٢٠٥٨٤) لە بەروای ١٦ی ئەیلوولی ١٩٩٦ کردە ناحیە و ناوی نا (عەدنانییە) ئەوەش بەناوی (عەدنان خەیروللا)ی کوڕە خەزوری دیکتاتۆر سەدام حسێن) بوو کە لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٨لە فرۆکە لە پلانێکی سەدام و بەعس کەوتە خوارە ولە ئاسمانی ئەم گوندە گیانی لەدەست دا. بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و نەمانی ڕژێمی بەعس و گەڕانەوەی تەعریبچییەکان ئەو ناحیە بۆوە بە گوند، لەئێستادا ھەوڵی زۆر ھەیە کە جارێکی تر بکرێتەوە ناحیە بۆیە ئێستا تەوای ھۆکارەکانی بۆ ئامادەکراوە و چاوەڕێی ھەڵبژاردنی قەزاو ناحیەکانە. ھاوکات کەمپی کوردەکانی باکووری کوردستان لە بەری خۆرئاوای قەزای ناوەندی بەدووری ٣کم نیشتەجێن و لەرووی ئیدارییەوە سەربە مەخموورن و لەلایەن کۆمسیۆنی بالای پەناھەندەکان سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان(unhcr) وحکوومەتی ھەرێم سەرپەرستی دەکرێن. کە وەک ئیدارەیەکی گشتی بەرێوەبەر و فەرمانگەی ھەیە و نزیکەی (١٢٠٠٠) دوانزە ھەزار مرۆڤی سڤیل)ی تێدادەژیت کە لە ساڵی ١٩٩٨ وە لەو قەزایە نیشتەجێنە. ئەو کەمپەش تەنھا لەلایەن حکومەتی ھەرێم و پارێزگای ھەولێر کاروپرۆژەی بۆ ئەنجامداروە و لەرووی خوێندن و پەرورەدە و تەندروستی و ئەمنی و ھەلی کارەوە حکوومەتی ھەرێم ڕۆڵی بۆیان ھەیە.

نەتەوەکانی مەخموور[دەستکاری]

لەڕووی نەتەوەیییەوە بەشێوەیەکی سەرەکی زۆرینەی دانیشتوانی سنوورەکە کوردن، بەڵام بەھۆی ھۆکارە سیاسی و کۆمەڵایەتەیەکانەوە چەند گوندێکی عەرەب لەناوچەکە درووست بوون بەتایبەتی لەھەردوو ناحیەی (قەراج و گوێڕ) و ناوەندی قەزای مەخموور.

ئایین[دەستکاری]

لەڕووی ئاینییەوە خەڵکی سنوورەکە لە ئاین موسڵمانی سونە مەزھەبن، بەدەیان کەسایەتی و زانای ئاینی لەم سنوورە سەریان ھەڵداوە وەک ڕێبەرێکی ئاینی ڕۆڵیان بینییەوە و چەندین تەکیە و خانەقاش لەسنوورەکە ھەبووە و ھەیە، جێگەی ئاماژە پێدانە دوو گوندی سنووری ناحیەی گوێڕ لە کوردە کاکەیەکانن. لەساڵانی سەدەی نۆزدە جولەکەش لە سنوورەکە ھەبونە، بەڵام دوای دروستبونی دەوڵەتی ئیسرائیل چونەوەی جولەکەکان بۆ ئیسرائیل، ئێستاکەش ئەوان بەردەوام پەیوەندیان بەسنوورەکە ھەیە و سەردانی دەکەنەوە.

وەرزش[دەستکاری]

لەڕووی وەرزشییەوە گەنجانی مەخموور لەرووی وەرزشییەوە خودان جەستەیەکی بتەون و لەگەڵ بڵاو بونەوەی یارییە وەرزشییە فۆلکلۆرییەکان تاکو یارییە جیھانییە باوەکان خودان یاریزانی پێشەنگ بوونە و لەم ڕۆژگارەش یانەیەکی وەرزشیی و ناوەندێک و بنکەیەکی وەرزشی و چەندین یاریگای وەرزشی و یاریگایەکی گەورەی ھەیە. ھاوکات پتر لە ١٥٠ تیپی میللیشی ھەیە. شیاوی گوتنە حکومەتی ھەرێم و ڕێکخراوەکانی لاوان لەروی وەرزشییەوە بایەخێکی زۆریان بەلاوانی سنورەکە داوە ھەر لە دابینکردنی یاریگا و پێداویستییە وەرزشییەکان و ھاوکارییە ماددیی و مەعنەوەیەکانەوە.

کشتووکاڵ[دەستکاری]

لەڕووی کشتوکاڵییەوە خاکی قەزای مەخموور بەشێوەیەکی گشتی زۆر بە پرشتە و خاکێکی قاوەیی و تۆخە و زەویەکانی دێمەکارن و گەنم و جۆ بە پلەی یەک دەچیندرێت و بێستان و شینایشی لێدەکرێت و دەشتێکی کاکی بەکاکی یە ئاو ھەواکەشی نیمچە گەرمەسێرە. ئاژەڵداریش بنەمایەکی تری کاری کشتوکاڵی و بژێوی جوتیارانی سنورەکەیە کە بەپلەی یەکیش بەخێوکردنی مەڕ و بزن، مانگا و پەلەوریش بەخوێودەکرێت. زەوی دێمی کشتوکاڵی و بەراویشی ھەیە لەسەر زێی گەورە و گچکە. ھاوکات لە ھەردوو زێ سامانێکی زۆری ماسی ھەیە و ڕاودەکرێن. بەشی ھەرە زۆری کشتوکاڵی بە شێوەی (دێمی) بەپشت بەستن بەئاوی باران تیێدا ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەێکی زۆر لە گوندەکان پشت بە بیرەکان دەبەستن بۆ کاری کشتوکاڵ، نموونە گوندی (کونە سیخوڕە) لە دەشتی قەراج بە نزیکی (٧کم) لە سەنتەری شاری مەخمور دوورە، ڕووبەری گوندەکە نزیکەی(٥٠٠٠دۆنم) زەویە، بە شێوەی ئاودان لە ڕێگای بیرە پێشکەوتووەکان کشتوکاڵ ئەنجام دەدەن، ئەمە سەرەڕای ئەو گوندانەی کەوتونەتە نزیک زێی بچوک یان زیێ گەورە یان نزیک ڕووباری دیجلە، کە بە شێوەی بەراو کشتوکاڵ ئەنجام دەدەن.

ڕۆشنبیری و کەلتووری[دەستکاری]

لەڕووی ڕۆشنبیری و کەلتورییەوە قەزای مەخموور ڕۆشنبیرییەتی و کەلتورێکی تایبەت مەندی بە خۆیەوە ھەیە و خاوەنی کەلتورێکی دەوڵەمەندە بە حەیران و بابەتە فۆلکلۆرییەکان و ڕۆشنبیرییەکانەوە، مەخموور یان دەشتی کاکی بەکاکی (قەراج و کەندێناوە) بە مەڵبەندی لە دایک بوونی حەیران و بەستە دادەنرێت، ھەربۆیەش گوتەک ھەیە کەدەڵێت «قەراج و کەندێناوە ھەوێنی حەیرانن». چەند کەلە ڕۆشنبیر و نوسەر و شاعیر و ھونەرمەندی دیاری کورد لەم دەڤەرە لەدایک بونە و ژیاون، لەم ڕۆژگارەشدا خودان سەدان کەسایەتی دیاری ڕۆشنبیرە، حکومەتی ھەرێم لەرێگەی لایەنەپەیوەندارەکانەوە بایەخێکی تەواوی بەم سنورەداوە ئێستا لەناوەندی سەنتەری قەزا دوو (سەنتەری ڕۆشنبیری) و لەناحیەکانیش سەنتەری ڕۆشنبیری ھەیە. لەرووی ئەمنییەوە بەھۆی ھاوسنور بونی لەگەڵ پارێزگاکانی موسڵ و تکریت و کەرکوک کە لەدوای پرۆسەی ئازادی و بەردەوام کردەی تیرۆرستی لەو شارانە بوونی ھەیە، بەتایبەتی موسڵ کە مۆلگەی گروپە تیرۆرستەکانە، دەشێت قەزای مەخمووریش شلژانی ئەمنی بەخۆوە ببینێت، بەڵام دڵسۆزی و شەو نخونی کارمەندانی ھێزەکانی ئاسایش پارێزی سنوورەکە بە پاڵپشتی خەڵکی دەڤەرکە، وایان کردوە کە قەزاکە جیابکرێتەوە لەتەواوی ناوچەکانی تری عێراق و ناوچەدابرێندراوەکان لەروی ئارامییەوە. ئێستا قەزاکە ئاسایش و ئارامییەکی تەوای ھەیە وەک ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان. حکوومەتی ھەرێمیش لەم ڕووەوە بایەخێکی تایبەتی بۆ سنورەکە ھەیە و ھاوکاری دەزگاکانی ئاسایش دەکات. لە نێوان دوو ئیدارییەوە بەھۆی لکاندنی بە پارێزگای موسڵ و کارنەکردنی ئەو پارێزگایە بۆیە مەخموور لەروی ئاوەدانییەوە بێ بەش بووە، چونکە بەشە بودجەی قەزاکە لەلایەن حکوومەتی ناوەندەوە لەسەر پارێزگای موسڵ تەرخانکراوە موسڵیش بودجەکە ڕەوانە ناکات و ھیچ دەستێکی ھاوکاریشی نەبووە، تا ئێستا بۆ دەڤەرکە، ئەوەی دەبیندرێت ھەوڵ و کۆششی حکوومەتی ھەرێم و پارێزگای ھەولێر و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانە بۆ سنورەکەیان کردوە. بۆیە ئەمڕۆ لەروی ئاوەدانییەوە مەخموور پێداویستییەکی زۆری ھەیە و خەڵکی سنورەکە خوازیاری گەرانەوەی قەزاکەیانن بۆسەر ھەولێر، تا ئەو دایکە دڵسۆزە لەباوەشیانگرێت و دەستی ھاوکاری و ئاوەدانیان بۆدرێژبکاتەوە ناوچەکەیان ببوژێتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]