ئەم وتارە بێ سەرچاوەیە. بە زیادکردنی سەرچاوە یارمەتی بدە

مێژووی کورد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

کورد نەتەوەیەکی گەورەی نیشتەجێی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستن کە ژینگە سەرەکییەکەیان بە کوردستان دەناسرێت کە بە سەر وڵاتانی ئێران و ئێراق و تورکیا و سوریا بەشکراوە و لە شاخەکانی ئاناتۆلی ھەتا زنجیرە چیای زاگرۆس درێژ دەبێتەوە. کورد لە شوێنەکانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش بڵاوبوونەتەوە. ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی کورد نییە بەڵام بە ٣٥ میلیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. زمانی کوردی لقێکە لە زمانە ھیندوئەورووپاییەکان. زۆرینەی کورد موسڵمانی شافعیین و ئەوەی دەمێنێتەوە موسڵمانی شیعە و یارسان و ئێزیدی و خاچپەرست و جوولەکە و ئاشوورین.

ناسنامەی نەتەوایەتی[دەستکاری]

کورد کە ئەمڕۆ گەورەترین نەتەوەی بێ نیشتمانی سەر گۆی زەوییە یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی ڕۆژھەڵاتی نێزیک و ناوەڕاستە. سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناخی مێژوو. بەڵگە زانستییەکان پیشان دەدەن کە کوردستانیش مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کانگەی کەونارایەکی ھەرە کۆن و دێرین.[ژێدەر پێویستە]

لە چاخی بەستەڵەکدا کە نێزیکەی نیو میلیۆن ساڵ پێش لە ئێستە ڕووی دا و نزیکەی ٢٠٫٠٠٠ ساڵ پێش لە زایین کۆتایی ھات زۆربەی ناوچەکانی ئەورووپا و ئەمریکای باکووری داپۆشرابوون بە سەھۆڵ. ئەو دەمە ناوچە بیابانی و چۆڵەوانییەکانی ئەفریقا و مەڵبەندە وشکە عەرەبییەکان کەشێکی مامناوەندییان ھەبوو. کوردستانیش کەش و ئاووھەوایەکی بارانی و مامناوەندیی ھەبوو.[ژێدەر پێویستە]

سەردەمی کۆن[دەستکاری]

بەم قۆناغەی مێژوو دەوترێ شارستانییەتی بەردی کۆن.

چاخی بەردین وا دابەش دەکەن:

  • بەردی کۆن: ئەم چاخە نزیکەی ٣٥٠ ھەزار ساڵی خایاند. لەم سەردەمەدا تەوری بەردین و بەردی تیژ ساز کرا. لەم چاخەیە کە دەوترێ مرۆڤ شێوازی لە مەیموون دەچوو. پاشماوەی ئەم شارستانییەتە لە یەک کیلۆمەتریی شاری چەمچەماڵ (لە ساڵی ١٩٤٩دا) لە ناوچەیەک بە ناوی «بەردەبەڵەک» دۆزراوەتەوە.[ژێدەر پێویستە]

(بەردی ناوەڕاست: لەم دەورانەدا مرۆڤی «نیاندەرتال» بەدی ھات کە لە ئەشکەوتەکاندا دەژیان. پاشماوەی ئەم مرۆڤ و شارستانییەتە لە چیاکانی کوردستان لە ئەشکەوتی «شانەدەر» دۆزراوەتەوە کە دەکەوێتە باشووری چیای «برادۆست»ەوە کە زاڵە بەسەر ڕووباری «زابی گەورە» و زۆر لە شاری «ڕەواندز»ەوە دوور نییە. ئەو ئەشکەوتە چوار قات بوو. لە قاتی چوارەمدا ئاگردان و خۆڵەمێشی تێکەڵ بە ئێسقان دۆزراوەتەوە کە نیشاندەری ئەوەیە کە مرۆڤ ئاگری ناسیوە. ھەروەھا تەور و ڕنە و ئامێری کونکردن لە جنسی بەرد و ئێسقانی مرۆڤی نیاندەرتال دۆزراوەتەوە. ئەم قاتە دەگەڕێتەوە بۆ حەفتا ھەزار ساڵ پێش لە ئێستە. لە قاتی سێھەمدا بەردی چەخماخ دەبینرێ کە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردی نوێ. مێژینەی ئەم قاتە ھی نزیکەی ٣٫٠٠٠ ساڵ پێشە و بە «پیشەسازیی برادۆست» بەناوبانگە. لە قاتی دووەمدا ھەندێ ئامێری چاخی بەردی ناوەڕاست وەک چەقۆ، ڕنە، گورزی بەردی دەبینرێ. ھەڵبەت نموونەی ئەم ئاسەوارانە لە ھەندێ شوێنی تر وەک نزیکەی سلێمانی و چەمچەماڵ و ڕەواندز و بێستوون و باکووری کوردستانیش دۆزراوەتەوە. لە قاتی یەکەمدا پاشماوەی وا دۆزراوەتەوە کە نیشان دەدا مرۆڤ ئامێری نوێتر و جۆربەجۆرتری لە بەرد ساز کردووە.[ژێدەر پێویستە]

  • بەردی نوێ: دەستپێکی ئەم سەردەمە دەگەڕێتەوە بۆ ٣٥٫٠٠٠ ساڵ پێش. لەم چاخەدا، لە بەرد و ئێسقانی قۆچ و عاجی فیل ھەندێ ئامێری پێشکەوتووتر ساز کرا. بە مرۆڤی ئەم سەردەمە دەوترێ «ھوموساپینس» و بە شارستانییەتەکەی دەڵێن «کرومانیۆن».[ژێدەر پێویستە]

لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی مێژینەناسی پیشانیان داوە کە ناوچەی کوردستان لە چاخی بەرددا جێگەی ژیانی مرۆڤە سەرەتاییەکان بووە.[ژێدەر پێویستە]

مێژووی کورد پێش ئیسلام[دەستکاری]

ئەوەی ھەمانە سەبارەت بە مێژوویی،کۆنی کورد بەپێی بەڵگە و شوێنەوارە مێژووییەکان ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئایینی بنەڕەتی کورد میترائی بووە دواتر کاتێک زەردەشتیەت دەبێتە ئایینی ڕەسمی ئیمپڕاتۆریەتییەتە فارسەکان بەتایبەتی ساسانییەکان زۆر بەتوندی دژی بیروباوەڕی میترائی دەوەستنەوە ھەربۆیە خەڵکانێکی زۆر بۆ پاراستنی ئاینی ڕەسەنی خۆیان پەنا دەبەنە بەر شاخە سەختەکانی کوردستان[١] ، دواتر لەسەردەمی عومەری کوڕی خەتابی دووەم خەلیفەی ڕاشدی سوپای ئیسلام توانیویانە ساسانییەکان بشکێنن و کوردستانیان لێ پاکبکەنەوە ، دواتر نەرمی موسڵمانەکان وای لە کوردەکان کرد بەرە بەرە خەڵکی کورد بەرەو ئیسلام بڕۆن.[٢]

مێژووی کورد لە سەردەمی ئیسلام[دەستکاری]

ھێرشی سوپای ئیسلام بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان لە نێوان ساڵانی ٦٣٤-٦٤٢ ڕووی دا. زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی ئیمڕۆی عێراق وەکوو ھەولێر و سلێمانی لە سەردەمی خەلیفەی دووەم بە ئەنجام گەییشت و دیکەی بەشەکانی کوردستان لە سەردەمی خەلیفەی سێیەم بە تەواوی کەوتنە ژێر دەسەڵاتی موسوڵمانان.[ژێدەر پێویستە]

دەوڵەتی حەسنەویان[دەستکاری]

OOjs UI icon article-ltr.svg وتاری سەرەکیدەوڵەتی حەسنەویان

دەوڵەتی حەسنەویان یان حەسەنوویەکان یان حەسەنەویەکان شازایەنشینێکی کوردی شیعە بوو کە لە ساڵانی ٩٦١ ھەتا ١٠١٥ لە ناوچەی دینەوەر (لە باکووری ڕۆژھەڵاتی کرماشان) دامەزرا و دەسەڵاتدری ناوچەیەک لە ڕۆژئاوای ئێران ھەتا باکووری مێزۆپۆتامیا بووە. حەسنەویان گوندی سەرماییان لە ناوچەی کرماشان بە پایتەختی خۆیان ھەڵبژارد.

دەوڵەتی ئەییووبی[دەستکاری]

OOjs UI icon article-ltr.svg وتاری سەرەکیدەوڵەتی ئەییووبی

ڕووبەری ئیمپراتۆری ئەییوبی لە پانترین ئاستی خۆیدا

ئەیوبیەکان ئەچنەوە سەر خێزانێکی کوردی، خانەدان و نەژاد بەرز، سەر بە یەکێک لە ڕەسەنترین ھۆزە کوردیەکان بوون، وئەیوبیەکان دەچنەوە سەر ئەیوبی کوڕی شادی، و دەوڵەتەکەیان دامەزراند لە میسر لەسەر دەستی سەڵاحەدینی ئەیوبی پاشان حوکمەکەی فراوان بوو و شام و حیجاز و کوردستانی عێراق و دیاربەکر و باشووری یەمەنی گرتەوە لە سەدەکانی ١٢ و١٣ی زاینیدا.

کورد و دەوڵەتی عوسمانی[دەستکاری]

کوردستان کاتێک کەوتە ژێر دەسەڵاتی سەفەوی ئەوە بوو کە سەفەویەکان دژ بە کورد وەستان و ھەستان بە داگیرکردنی خاکی کوردان ھەر لەبەر ئەمەش کاتێک عوسمانیەکان لەسەر دەستی سوڵتان سەلیمی یەکەم دەیانویست دەوڵەتەکەیان فراوانترر بکەن ھەستان بە شەرکردن دژی سەفەویەکان و داگیرکردنی ناوچەکانی باکوری کوردستان و کوردەکان داخ لە دڵ بوون بەرامبەر سەفەویەکان بۆیە ببوونە بە شێک لە دەوڵەتی عوسمانی کاتێک لە جەنگی (چاڵدێران) عوسمانیەکان توانیان سەربکەون بەسەر سەفەویەکان بۆیە کوردەکانیش دەستیان لەوە دا ھەبوو! پاشان کە سوڵتان سلێمانی قانونی ھاتە سەر تەختی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی پەیوەندی و ڕێکەوتنامەکانی لەگەڵ کورد ھەڵوەشاندەوە ئەویش دژ بە کورد وەستا لە کاتێکدا عوسمانیەکان لەو کاتە گەوورەترین ئیمپراتۆریەتی سەر زەوی بوون توانیان ٣ کیشوەر داگیربکەن بۆیە ئەوانیش ھەستان بە دژایەتی کردنی کوردەکان بەڵام کوردەکان لە سایەی ئەو میرنشینانەی کە لە کۆندا لەسەر دەستی دەسەڵاتی ئیسلامی دامەزران توانیان پارێزگاری لەخۆیان بکەن بۆ ماوەی ١ سەدە بەڵام عوسمانیەکان لە کۆتایدا. توانیان میرنشینەکان لە ناو ببەن! بەڵام کورد لە سایەی ھۆزەکان ماوە بۆیە عوسمانیەکان نەیانتوانی ھۆزەکان لە ناو ببەن چوونکە ئەوان ڕەوەند بوون!

سەدەی نۆزدەیەم[دەستکاری]

لە ماوەی سەدەی نۆزدەھەمدا سوڵتان و شا دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی خۆیان لەسەر کورد بەھێزتر کرد. ھەندێ لە چینەکانی دەرەبەگی سەرەوەی کورد لەگەڵ داگیرکەرە عوسمانی و فارسەکان یەکیان گرتبوو وە میللەتیان دەچەوساندەوە، ئەمە بوو بووە ھۆی ئەوپەڕی دواکەوتوویی. لە دوا ساڵانی سەدەی نۆزدەھەمدا کوردستانناوچەیەک بوو لە ناوچە دواکەوتووەکانی دوو دەوڵەتە داگیرکەرەکە. سیاسەت و ئایینی جیاوازی دوو دەوڵەتەکە و شەڕ و شۆڕی نێوان دەرەبەگ و میرنشینە کوردەکان، تاوان و خیانەتی ھەندێ لە دەسەڵاتدارانی کورد بوونە ھۆی ئەوەی خەباتی کورد بۆ یەکێتی و دروستکردنی دەوڵەتی خۆی سەر نەگرێ. لە دەوڵەتی عوسمانی و ئێران تا دوا ساڵانی سەدەی نۆزدەمیش میرنشینی کوردی سەربەخۆ لە ناوەوە بوون، بەڵام ھیچ یەکێکیان نەیانتوانی ببێتە بنکە بۆ یەکگرتن و یەکێتیی خاکی کورد.[٣]

ھەر لە سەدەی نۆزدەھەمدا بوو بیروڕای لەناوبردنی میرنشینەکانی کورد کەوتە ناوەوە، بەرامبەر بەمە بیروباوەڕی (کوردایەتی) بە شێوەیەکی تازە خۆی نواند. سوڵتان مەحموودی دووەم بڕیاریدا دووبارە کوردستان داگیر بکاتەوە و دەستی بەسەردا بگرێت، وابوو لە ساڵی ١٨٣٤ ھێرشێکی بردە سەری و دەسەڵاتی بەسەرا سەپاند. ئەمە بووە ھۆی ئەوەی بۆ یەکەمین جار بەدرخان پاشا لە ساڵانی (١٨٤٣-١٨٤٦) بزووتنەوەیەکی نەتەوایەتی بە شێوەیەکی تازە بەرپا بکات، بەڵام ئەو بزووتنەوەیە سەرنەکەوت.

لە ساڵی ١٨٥٥ لە ناوچەی ھەکاری و بۆتان یەزدان شێر دژی دەسەڵاتی عوسمانییەکان ھەڵسا و بەدلیس و موسڵی داگیر کرد، بەرەو خوارتر چوو تا ھەموو ناوچەکانی نێوان وان و بەغدادی گرت. ھەندێ لە دانیشتوانی کوردستان وەکو فەلە و گریکی (یۆنانی) لە ژێر ئاڵای یەزدان شێر کەوتنە جەنگەوە، بەڵام ئەم بزووتنەوەیەش سەری نەگرت.[٤]

بزووتنەوەی ساڵی ١٨٨٠ بە سەرۆکایەتی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری بوو، ئەگەرچی ئەم بزووتنەوەیە ئەدگاری تایبەتی خۆی ھەبوو و لە بزووتنەوە و ڕاپەڕینەکانی تری کورد جیا دەکرێتەوە، بەڵام ئەمەش لەبەر ھۆی تایبەتی ھەر سەری نەگرت.

میرنشینە کوردیەکان[دەستکاری]

لەمێژووی کورد چەند میڕنشینێک فەرمانڕەوایی ناوچە جیاوازەکانیان کردووە وەکوو دەوڵەت ھەڵسووکەوتیان کردووە بەڵام دواتر بەھۆی دەوڵەتی سەفەوی و عووسمانی سەرجەم میڕنیشینەکان ڕووخان، لەگرنگترین و ناودارترینیان ئەمانەن: میرنشینی حەسنەوی، میرنشینی ڕەوادی، میرنشێنی دۆسکی و مەڕوانی، میرنشینی ئەردەڵان، میرنشینی سۆران، میرنشینی بادینان، میرنشینی بابان و میرنشینی بۆتان.

کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی بریتانیا[دەستکاری]

ساڵی ١٩١٨ دوای دۆڕانی ئیمپراتۆری عوسمانی لە شەڕی جیھانی یەکەم، ھێزەکانی بریتانیا ویلایەتی مووسڵی ئیمپراتۆری عوسمانیان کە ویلایەتێکی دەوڵەمەندی نەوتی بوو داگیر کرد و ناوچانەی کە زۆربەی خەڵکی کوردی تێدا نیشتەجێ بوون خرایە ژێر حوکمی بریتانیا. دواتر و لە ساڵی ١٩١٩ ویلایەتی مووسڵ لکێنرایەوە بە دەوڵەتی نوێی عیراق، کە چوو بووە ژێر حوکمی ئینتدابی بریتانیاوە. لە ساڵی ١٩٢٠ پەیمانی سیڤەر، لە لایەن حکومەتی عوسمانی ئیمزا کرا، کە دەوڵەتێکی کوردی دابین دەکرد کە قابیلی ئەوەبوو لە لایەن کۆمەڵی گەلانەوە پەسەند بکرێت. ماددەی ٦٤ ی پەیماننامەکە مافی دەدا بەو کوردانەی لە ویلایەتی مووسڵ دەژیان کە ببن بە بەشێک لە دەوڵەتی داھاتووی کوردستان. بەڵام پەیمانی سیڤەر سەری نەگرت و دواتر لە ئەنجامی ڕێکەتننامەی لۆزان ئەمیر فەیسەڵ کرا بە پاشای عێراق و ویلایەتی مووسڵ و پلانی کوردستانی ھەڵوەشایەوە.

شۆڕشی بارزانی ١٩٦٠ تاکوو ١٩٧٠[دەستکاری]

شەڕی ناوخۆیی کوردستان[دەستکاری]

OOjs UI icon article-ltr.svg وتاری سەرەکیشەڕی براکوژی

شەڕێکی چەکداریی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان بوو کە لە ساڵانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٨ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ڕوویدا و بووە ھۆی دروستکردنی گورزێکی بەھێز لە نێوان کوردانی تەنھا بەشی ڕزگارکراوی کوردستاندا بە شەڕی براکوژی ناسراوە. بەھۆی ڕێکەوتننامەی ئاشتی واشنتۆن کە لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٩٨ بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەوسای ئەمەریکا مادلین ئۆلبرایت لە نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ئیمزاکرا، کۆتایی پێھات.[٥]

شانشینی کوردستان[دەستکاری]

OOjs UI icon article-ltr.svg وتاری سەرەکیشانشینی کوردستان

ئاڵای شانشینی کوردستان

شانشینی کوردستان ئەو دەوڵەتە کوردییە بوو لە باشووری کوردستان کە لەلایەن شێخ مەحموودی حەفید لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ دامەزرا و دوایی لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٤ ھەڵوەشێنرایەوە، ھاوکاتیش ھیچ لایەنێک بە فەرمی پاڵپشتی ئەو دەوڵەتەی نەکردبوو، پایتەختی ئەو دەوڵەتەش شاری سلێمانی بوو و زاراوەی سۆرانی زمانی فەرمی ئەو دەوڵەتە بوو، ھەروەھا {کورمانجی و زازاکی}[ژێدەر پێویستە]، ئاینیی ئیسلام بە ئاینی یەکەمی دەوڵەتەکە دانرا.

کۆماری مەھاباد[دەستکاری]

OOjs UI icon article-ltr.svg وتاری سەرەکیکۆماری مەھاباد

کۆماری مەھاباد کە بە فەرمیی بە کۆماری کوردستان ناسراوەو لە کوردستانی ئێران دامەزرێنراوە، دەوڵەتێکی کوردی کەمتەمەن بوو کە لە سەدەی بیست دا و لە دوای کۆماری ئارارات-لە تورکیا، دامەزرا. پایتەختەکەی شاری مھاباد بووە کە دەکەوێتە باکووری خۆراوای ئێران. دامەزران و لەناوچوونی کۆمار بەشێک بوو لە قەیرانی ئێران، ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەمریکا و سۆڤیەت دا ھەبوو کە جەنگی ساردی لێکەوتەوە. پێشینە لە مانگی ئابی ١٩٤١، راپەڕینێکی جەماوەریی کۆنترۆڵی ناوچە کوردییەکانی لە دەستی حکومەتی ناوەندیی ئێران دەرھێنا. لە شاری مھاباد، کۆمیتەیەکی لە کەسانی چینی ناوەند بە پشتگیری سەرۆک خێڵەکان دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتە دەست. پارتێکی سیاسی بەناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژێ کاف) دامەزرێنرا. قازی محەمەد، سەرۆکی بنەماڵەی قازی، بە سکرتێریی پارتەکە ھەڵبژێردرا. کۆمیتەکە بە سەرکردایەتیی قازی محەمەد ناوچەکەیان بە لێھاتوویی و سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ تا ڕووخانی کۆمار بەڕێوەبرد.

ھەرێمی کوردستان[دەستکاری]

OOjs UI icon article-ltr.svg وتاری سەرەکیمێژووی ھەرێمی کوردستان


ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکی فیدراڵیی، نەتەوەیی و ئابووری ئۆتۆنۆمیە لە ناو کۆماری عێراقدا. لە ڕۆژھەڵاتەوە کوردستانی ئێران، لە باکوورەوە کۆماری تورکیا، لە ڕۆژئاواوە سوریا سنوورەکانی پێک دێنن. شاری ئەربیل پایتەختییەتی کە بە کوردی ھەولێری پێ دەڵێن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • سوود وەرگرتن لە وتاری کورد
  • وتارەکانی تری ناو ویکی سۆرانی
  1. ^ گەوھەری ژمارەیەک لە تێکست و دەستنووسەکان ـ کتێبی یەکەم ـ ئەیوب کوێخا ڕۆستەم ـ لاپەڕە : ١٦٨-١٦٩
  2. ^ کتێبی کوردستان لەبەردەم فتوحاتی ئیسلامی
  3. ^ کتێبی: مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی یەکەم، نووسینی: دکتۆر مارف خەزنەدار، لاپەڕە ٢١. چاپی ٢٠٠٤ ھەولێر
  4. ^ کتێبی: مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی یەکەم، نووسینی: دکتۆر مارف خەزنەدار، لاپەڕە ٢٢. چاپی ٢٠٠٤ ھەولێر
  5. ^ http://www.globalsecurity.org/intell/library/news/1998/09/98091707_nlt.html