پەڕەی semi-protected

ورمێ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

ورمێ
Urmia
شار
ܐܘܪܡܝܐ - Ûrmiyê - ارومیە - ‎ - Urmuرضائیە - طبارما
شب ارومیه.jpg
3 Gonbad photo 2.jpg
Jame Mosque of Urmia-5.JPG

دیمەنی شاری ورمێ
Urmia flag.gif

Flag
ورمێ is located in ڕۆژھەڵاتی کوردستان
ورمێ
ورمێ
جێگەی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا
ورمێ is located in Iran
ورمێ
ورمێ
جێگەی لە ئێراندا
پۆتانەکان: 37°33′10″N 45°04′34″E / 37.55278°N 45.07611°E / 37.55278; 45.07611پۆتانەکان: 37°33′10″N 45°04′34″E / 37.55278°N 45.07611°E / 37.55278; 45.07611
وڵات ئێران[١]
 کوردستان
پارێزگاپارێزگای ورمێ
شارستانورمێ
ناوچەناوەندی شارستانی ورمێ
دەسەڵات
 • سەرۆکی شارەوانیموحەمەد حەزرەت پور
 • پەرلەمانتارنادر قازی پور، ھادی بەھادوری، ڕوحوڵا حەزرەت پور
ڕووبەر
 • شاری٤٢٫٧ کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٦٫٥ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی١٬٣٣٢ مەتر (٤٬٣٧٠ پێ)
ژمارەی دانیشتووان (٢٠٠٦)
 • شار٦٦٧٬٤٩٩
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (کرمانجی و سۆرانیئازەری، ئەرمەنی
 • ئایینئیسلام(شیعە و سوننەمەسیحی، یارسان
ناوچەی کاتیناوچەی کاتی (UTC+٣:٣٠)
 • ھاوین (DST)ھاوین (UTC+٤:٣٠)
تەلەفۆن٠٤٤١
وێبگەurmia.ir


ورمێ (بە فارسی: اورمیە، بە ئازەربایجانی: ئورمو(Urmu) یان اورمیە(Urmiya)، بە ئەرمەنی: ܐܘܪܡܝܐ‎) یەکێکە لە گەورە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێران، ناوەندی پارێزگای ورمێ و شارستانی ورمێیە، بەبەرزی (١٣٣٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، کەوتووەتە سەر چەمی پردی سوور(چەمی شار) و دەشتی ورمێ، لەڕۆژھەڵاتیەوە دەریاچەی ورمێیە و لە ڕۆژاوایەوە ناوچە شاخاویەکانی سنوری دەستکردی باکووری کوردستانە، ھەوای ھاوینانی کەمێک گەرمە و زستانی ساردە.

ورمێ لە ڕووی دانیشتوانەوە دەھەمین شاری ئێرانە لە ڕیزبەندیدا، دانیشتوانی ئەم شارە لە پێکھاتەیەکی ئاڵۆزی کورد و ئازەری و ئاشووری و ئەرمەنی پێکھاتووە.[٢] ئەم شارە ناوەندەکی بازرگانی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانە و بەتایبەتی (سێو و ترێ و ...) ھەروەھا توتنیشی تیادا دەچێنرێت. زۆرینەی دانیشتوانی ئیسلامن و ھەروەھا ئەم ئایینانەی تیادایە مەسیحی و یارسان.

شارێکی گرنگ بوو لەرووی ئاینەکانەوە لە سەدەی نۆزدەدا، دانیشتوانی پێکھاتبوو لە ئیسلام(شیعە و سوننەمەسیحی(کاسۆلیکی و پرۆتێستانتی و سوریانی و ئەرسەدۆکسی) و یارسانی و جوو و بەھایی و سۆفیگەری لە ساڵی ١٩٠٠دا مەسیحییەکان لە (٪٤٠)ی دانیشتوانیان پێکدەھێنا بەڵام لە ساڵی ١٩١٨ ژمارەیان کەمی کرد، کاتێک ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی لە جەنگدا بوو لەگەڵ قاجاڕەکان شاری ورمێ داگیرکرا لەلایەن عوسمانییەکان، ئەرمەنی و ئاشوورییەکان کۆمەڵکوژ کران.[٣][٤][٤][٥]

ناو

  • وشەی ورمێ ‌لە دوو بەشی ئور (شار) و میە (ئاو) داتاشراوە کە بە زمانی ئاشووری یانی شاری کەنار ئاو. ھەڵکەوتی شاری ورمێش لە کەنار دەریاچەی ورمێیە.
  • بە بۆچوونی (ڕیچارد نیڵسۆن فری) وشەی ئورمیە لە وشەی ئورارتوو ھاتووە کە ئەوکات لەژێر فەرمانڕەوای ئەواندا بووە.[٦]
  • ناوی ئەم شارە لە سەردەمی پەھلەویدا (١٩٢٥-١٩٧٩) گۆڕدرا بۆ (رضائیە) بەھۆی ناوی ڕەزا شا کە کاتی خۆی فەرماندەی سوپا بوو لەم شارەدا.[٧]

مێژوو

پێش ئیسلام

مەودای ئیمپڕاتۆریەتی ماد لە ٦٠٠پێش زایندا
  • مێژووی ورمی زۆر دێرینە. سەرچاوەکان دەڵێن گۆیا زەردەشت ھەر لەم شارە لە دایکبووە. باوەڕ وایە کە شاری ورمێ دامەزراوە لە ھەزارەی دووەمی پێش زاین. بە پێی وتەی ڤلادیمیر مینۆرسکی گوندەکانی دەشتی ورمێ دەگەڕێنەوە بۆ (٢٠٠٠)ساڵی پێش زاین، کەلەژێر دەسەڵاتی ئورارتووەکان بوون، بەو کنەو پشکنینانەی کە لە دەوری ورمێ کراوە ئەوە دەسەلمێنن کە شارستانییەتی ئەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی بیستەمی پێش زاین، لەسەدەکانی کۆندا بە کەناری ڕۆژاوای ورمێ دەوتراگیلزان و لە سەدەی (٩)ی پێش زایندا حکومداری ناوچەی ورمێ حکومی سەربەخۆی ڕاگەیاند، وە لەدوایدا چووە ناو ئیمپراتۆریەتی (ئورارتوو و مانناکان)، لەسەدەی (٨)ی پێش زایندا ناوچەکە سەر بە حکومەتی ئاسوژ بوو، ھەتاوەکو چوونە ناو ئیمپڕاتۆری مادەکانەوە.[٨][٩]
نەخشەی ئورارتوو لە سەدەی ٩ تا ٦ی پێش زاییندا
  • دەرکەوتن و دۆزینەوەی شوێنەواری زۆر کۆن لە گردە جیاوازەکانی نزیکی ئەم شارە وەک گردەکانی (گۆک تەپە، دیگاڵە، تەپە ئەحمەد، سارالان، دیزە تەپە)، ورمێ ئەکەوتە ئورارتووی کۆن لە (ھەزارەی دووەم و یەکەمی زایندا)،[١٠] لەڕووی زمانەوانییەوە پەیوەندی ھەبوو بە حووریەکانەوە، بەڵام کاتێک ئاشوورییەکان کاتێک بەھێز بوون کاریگەریان لەسەر ئەم ناوچەیە ھەبوو، لە باشووری دەریاچەی ورمێ شارھەبووە کە سەربە ئیمپڕاتۆریەتی مانناکان بووە، لەسەدەی ھەشتەمی پێش زایندا کاتێک ئاشوورییەکان بەھێزبوون، بەسەرکردایەتی سارگونی دووەم کۆتای ھات بە دەسەڵاتی ئورارتوو و لە ساڵی(٧١٤)پ.ز وە ناوچەکەش کەوتە دەست ئاشووریەکان.[١٠]

دوای ئیسلام

  • سادقی کوڕی عەلی یەکێک لە کارمەندانی عەزد دەولەی دەیلمی ورمێی داگیرکرد و چەندین قەڵای دروست کرد. بە وتەی پێشینان، عومەر کوڕی خەتتاب، عەتبەی کوڕی فەرقەدی نارد بۆ داگیرکردنی مووسڵ لە ساڵی (٦٤٠ز)دا، وە ورمێشی گرت. جوگرافیناسانی سەدەی چوارەمی کۆچی وەک (ئیبن حەقول و ئەستەخری) ورمێیان بە سێھەم شاری ناوچەکە دانا دوای ھەریەکە لە (مەراغە و ئەردەبیل) وە وتوویانە شارێکی پڕ ئاوە، وە جەختیان کردوەتە سەر ئەوەی کە دەوڵەمەندە بە میوە و خاکێکی بەپیت. شەمسەدین موقەدەسی دەڵێت ورمێ شارێکی ئەرمەنییە و لەلایەن دوینەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. لەو سەردەمەدا ورمێ کەوتبووە سەر رێگای بازرگانی (ئەردەبیل-مەراغە-ورمێ-بێگری(مورادیە)-ئامەد)، لەوکاتەدا ھێشتا تەورێز گرنگی نەبوو، لەبەرئەوەی ڕێگاکان بە شارەگەورەکاندا تێپەڕ دەبوون. ناوچەی ورمێ لەسەردەمی ئیسلامدا تەنھا دانیشتوانی پێکھاتبوو لە کورد و مەسیحی.
  • ئەم شارە لەمێژووی ئیسلامدا ڕۆڵێکی گەورەی نەبوو، لەکاتی تیولیدا ناوچەی ئازەربایجان و ورمێ دابەش ببوون بەسەر خانەدانەکاندا و لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوە دەبران، بەشێوەی گۆشەگیری دەژیان، لەسەردەمی دەسەڵاتی دەیلەمەکاندا بەسەر ناوچەکەدا، لە ورمێ جەستانی کوڕی شەرمەزن بەرھەڵستیان دەکات لە ساڵی (٩٥٣ز)دا و فەرماندەیەکی بەئەمەکی سەرکردەی دەرکەوتووی ئەوکاتەی کورد لەناوچەکە دەیسەم کوڕی ئیبراھیمی کورد دەبێت، دواتر دەیلەمەکان، ئەرمەنیەکان تێکدەشکێنن کە لەوکاتەدا دەیسەم لە ژێر دەسەڵاتی ئەرمەنییەکاندا بوو، کاتێک جەستان چووە شوێن دەسەڵاتی باوکی لەساڵی (٩٥٧ز)ی نەچووە ژێر دەسەڵات و فەرمانی دەیلەمەکان، سەرەتا ورمێی جێھێشت و بووە ھاوپەیمانی ئیبراھیمی کوڕی مەرزەبان و پێکەوە مەراغەیان گرت و پاشان ئیبراھیمی جێھێشت و گەڕایەوە ورمێ و دیواری بەدەوری ورمێدا کرد و سەبازگەیەکی بەھێزی تیادا دروستکرد، دواتر خزمەتی چاکتری بە خەلافەتی عەبباسی کرد، موستەکفی بیلا دڵخۆش بوو بە پشتگیری کوردە قەحتانییەکان بەڵام کوڕەکانی مەزروبان (جاستان و ئیبراھیم) تێکشکان ھەرچەندە کوردە ھەزەبانیەکان یارمەتیان دان. لە ساڵی (٩٦٠-٩٦١ز) برایەکی مەزروبان توانی دەسەڵات لە ئیبراھیم بسێنێت و شکستی پێبێنێت و ئیبراھیم بگرێت و مەراغە تا ورمێ گرێ بدات، لەساڵی(٩٦٦ز) بەھۆی نێوەندگیری روکن دەولەی بویی دووبارە دەسەڵاتی ئیبراھیمی بە فەرمی ناسێندرا.
  • کاتێک ئۆغوزە تورکەکان لە ساڵی (١٠٢٩-١٠٤١ز) ئازەربایجان و ناوجەکەیان داگیرکرد، حاکمی ورمێ، ئەبی ھیجا ھەزەبانی بوو وە سەرکردەی کوردە ھەزەبانیەکانیش بوو دایکی خوشکی ئەمیری ئەوکاتی تەورێز بوو، کوڕی ئەبی ھیجا ھەزەبانی توانی (٢٥٠٠٠ تا ٣٠٠٠٠) ئۆغوز تێکبشکێنێت و لەناویان بەرێت کە بەتەمابوون بپەڕنەوە زەوییەکانی ئەمان، ھەموو ئۆغوزەکان نەگەڕانەوە و ھەندێکیان لە ئازەربایجانی ئەمڕۆدا مانەوە، ئۆغوزەکان لەژێر فەرمانڕەوایی فەرماندەیەکی زانای خۆیاندا لە دەوری ورمێ مانەوە، دوای ئەوەی لە دەوری ورمێ دەرچوون ھەرشیان کردە سەر ئەرمەنییەکان و زۆریان لە کوشتن و بەدیل گرتن و تاڵانیان کردن، کوردە ھەزەبانیەکان لە ورمێ و دەوروبەری دەژیان شەڕی ئۆغوزەکانیان کرد، ئۆغوزەکان ھەندێ کوردیان کوشت و پاشان گوندەکانیان تاڵان کرد، لەبەر ئەم ڕاو رووت و داگیرکارییەی ئۆغوزەکان کوردەکان بە سەرکردایەتی ئەبی ھیجا ھەزەبانی بوونە نەیار بۆ ئۆغوزەکان.[١١]
کۆشکی سێ گومەزی ورمێ، جێنزرگەی جەلالەدینی خوارزم شا
  • لە کانوونی دووەمی ساڵی (١٠٦٣ز) سوڵتان تۆغرول بە ورمێدا تێپەڕیووە، کاتێک سوڵتان مەسعودی خەزنەوی لە بەغدادەوە گەڕایەوە ئازەربایجان، ئەمیر حاجیبی تاتار شوینی خۆی بەھێزدەکات لە ورمێ بەڵام پاشتر خۆی بەدەستەوە دەدات بۆ سوڵتان، لەساڵی (١١٤٩ز)دا ورمێ درا بەمەلیک محەمەدی کوڕی مەحمودی کوڕی محەمەد کە برازا و زاوای مەسعودی کوڕی محەمەدی کوڕی مەلەکشا بوو. قزڵ ئەرسەلان پشتگیری ئەمیر حەسەنی کوڕی خەنجاخی کرد بۆ گەمارۆدانی ورمێ لە ساڵی(١١٨٩ز)دا و شارەکە گیراو تاڵان و وێران کرا. لە ساڵی (١٢٢٣ز)دا ئەبوبەکر ئەتابەگی تەورێز، شنۆ و ورمێی دا بە عەلائەدین. یاقوت حەمەوی لە ساڵی (١٢٤٠ز)دا ورمێی بینیوە و ئەڵێت شارەکە ئاسایشی تیادا بەرقەرار نەبووە بەھۆی لاوازی دەسەڵاتی فەرمانڕەوای شار ئۆزبەکی کوڕی پاھڵەڤان. لەسەردەمی دەسەڵاتداری جەلالەدینی خوارەزم شا بەسەر ئازەربایجان و ناوچەکەدا ورمێ و خۆی و سەڵماس بەدەست میرنیشینی سەلجوقییەوە بوون.
  • لە ساڵی (١٢٢٦ز)دا خێلە تورکمانەکان ورمێیان داگیرکرد و باجیان ستەسەر، لەسەر گلەیی ئەمیرە ھاوسەری جەلالەدین سوپای نارد بۆ تێکشکاندنی تورکمانەکان، لەلایەکیکەوە بەپێی تاریخی جیھانکشای فەرماندەکانی گورجستان (شیلوا و ئیڤانی) لە جەنگی گڕنی بەدیل دەگیرێن ھەرلەسەرەتاوە مامەڵەی باش و ڕێزیان لێدەگیرێت لەلایەن جەلالەدینەوە، بەماوەیەکی کەم دوای ئەم جەنگە جەلالەدین دەمرێت لە شارۆچکەی مەرەند، لە ساڵی (١٢٣٠-١٢٣١ز)دا خوارزم شا کەوتە ژێر فشارێکی توندی مەغۆلەکان وە زستانی لەناوچەی ورمێ و شنۆ بردەسەر و مایەوە لە ناوچەکەدا و والێکدەدرێتەوە کە قوبەیەک(گومەز)ێکی دروست کردووەو ھەرلە ورمێ ئەسپەردەی خاک کراوە. ھەتاوەکو سەدەی دەیەمی کۆچی شاری ورمێ دانیشتوانەکەی تەواوی کورد بوون.[١٢]
کاتێک تەیمووری لەنگ ورمێی دابە گرگین بێگی ئەفشار کە وەک زاڵمێک بوو
  • بەپێی ڕۆژنامە ناوچەییەکان تەیمووری لەنگ، ورمێی بەبێ باج داوەتە گرگین بێگی ئەفشار، کە ئەإشارەکان نیشتەجێ بوون لە قەلای تۆپراق قەڵا کە چارەکە میلێک لە شاری ورمێ وە دوورە، ھەرچەندە لە زەفەرنامەدا ھاتووە کە ساڵی (١٣٠٧ز) تەیمووری لەنگ دەسەڵاتی سەپاندووە بەسەر ورمێدا، لەساڵی (١٤٢٣ز)دا ئەمیر تەیموور خێڵی (ئەوسانلو)ی ئەفشاری ھێنا بەمەبەستی سەرکوتکردنی کوردەکان و خێلە ڕاپەڕیووەکانی ورمێ و دیاری کردنی گرگین بێگی ئەوسانلو بۆ حکومداری ورمێ، دوای مردنی کوڕەکەی عەلامە سوڵتان چووە جێی باوکی بۆماوەی سێ ساڵ. لە شورای دادگای شاری ورمێدا فەرمانیان دا بە دەسەڵات گرتنە دەستی براگەورەکەی بەناوی یادگار سوڵتان کە دەسەڵاتی شار بگرێتە دەست. باسیل نیکیتین دەڵێت حکومداری ئەوسانلوی ئەفشار لەو کاتەدا (٦)کەسیان حکومدارییان کردووە.[١٣]

سەردەمی سەفەوییەکان

ووتاری سەرەکی:شەڕی دمدم

  • شەڕی دمدم لە مێژووی سەفەویدا جێگایەکی گرنگی ھەیە، بۆیە شا تەھماسپ میر قەرەتاجی کردە حاکمی ناوچەکانی ورمێ و شنۆ. لە دوای مردنی شا تەھماسپی یەکەم، زۆربەی میرانی میرنشینەکانی ئەودەمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی میر عومەری میرنشینی سۆران، چوونە پاڵ دەوڵەتی عوسمانییەکان، بەڵام میر قەرەتاج کە میری میرنشینی برادۆست بوو، نەچووە ژێر باری میر عومەر و بەمەش شەڕ و پێکدادان لەنێواندا بەرپا بوو کە لەو شەڕەدا میر قەرەتاج دەستی پەڕێنرا، ئیتر لەو کاتەوە بە ئەمیرخانی یەکدەست ناسرا. دوای ئەوەی شا عەباسی یەکەم (١٥٨٧-١٦٢٩ز) بووە پاشای دەوڵەتی سەفەوی، دەستێکی لە زێڕ بۆ دروست کرد و بەمەش نازناوێکی بۆ زیاد بوو کە خانی لەپ زێڕین بوو. میر قەرەتاج جگە لە ناوچەکانی ورمێ و شنۆ، کرایە فەرمانڕەوای قەڵای مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕ، قەڵای ورمێی پەسند نەبوو بیکاتە ناوەندی دەسەڵاتەکەی، چونکە پێیوابوو قەڵای ورمێ توانای بەرگەگرتنی لە بەرامبەر ھێرشی دوژمنان نییە، بۆیە لە شوێنی قەڵای دمدمی سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانی، دووبارە بە ھەمان ناو قەڵای دمدمی دروست کرد. ئەم کارەیشی وای لە میرانی ئێران کرد، بکەونە بەربەرەکانێی میر قەرەتاج، یەکێک لەو میرانە میری ئازەربایجان بوو کە ناوی میر پیربداغ بەگ بوو، تەنانەت میرانی ئێران لای شا عەباسی یەکەم بۆیان تێچاند کە میر قەرەتاج نیازی وایە لە شاعەباسی یەکەم یاخی بێت و سەربەخۆیی میرنشینەکەی ڕابگەیەنێت، ئەوەبوو شاعەباسی یەکەم داوای لە میر قەرەتاج کرد دەست لە دروستکردنی قەڵای دمدم ھەڵبگرێت، بەڵام میر قەرەتاج داواکەی پشتگوێ خست و بەردەوام بوو تا تەواوی کرد. قەڵای دمدم پێکھاتبوو لە قەڵایەکی گەورە و چەند قەڵایەکی بچووک لە ناوەوە و دروستکردنی چەندین قولەی سەربازی لە ھەرچوار لای قەڵا گەورەکە بۆ پارێزگاریکردن لە ھێرشی دوژمنان دروست کرابوون. ھەروەھا چەندین گەنجینەی گەورە بۆ ئازووقە و چەک و جبەخانەی سەربازی. ئیتر شاعەباسی یەکەم کەوتە پیلاندانان لە دژی میر قەرەتاج و چەندین جار ھێرشی سەربازیی کردە سەر، بەڵام شکستی ھێنا، تا ئەوەی کە بیست کەسی ھۆزی جەلالیانی کوردی باکور لە دەستی دەوڵەتی عوسمانییەکان ھەڵاتبوون و پەنایان بۆ دەوڵەتی سەفەویی ئێران ھێنا، شاعەباس ئەوەی بە دەرفەت زانی کە نزیکەی (١٠ ھەزار) کەسیان لەگەڵ حەسەن خانی والی ھەمەدان بە سوپاکەیەوە ناردە لای میر قەرەتاج، بەڵام میر قەرەتاج ئەو داوایەی ڕەت کردەوە لە ترسی یاخیبوونی دانیشتوانی میرنشینەکەی لە دژی، لە کاتێکدا میر نیازی وابوو میرنشینەکەی سەربەخۆ بکات لە دەسەڵاتی سەفەوییەکانی ئێران، بۆیە ھێرشی کردە سەر سوپای سەفەوییەکان کوشتارێکی زۆری لێ کردن، بەمەش دووبارە پیلانەکانی شاعەباس سەری نەگرت. ئەوەبوو شاعەباسی یەکەم سوپایەکی گەورەی بە سەرکردایەتیی ئیعتمادودەولەی وەزیری ناردە سەر میر قەرەتاج و داوای لێ کرد خۆی بەدەستەوە بدا و قەڵاکەیش چۆڵ بکات، بەڵام میر قەرەتاج کەوتە توندکردنی قەڵاکە و بەمەش لە بەرەبەیانی (٥/١٢/١٦٠٨) شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای میرنشینی برادۆستی کوردی و سوپای دەوڵەتی سەفەوییەکان دەستی پێ کرد و نزیکەی (٤) مانگی خایاند، تا ئەوەی بە سەرچاوەی ئاوی قەڵاکەیان زانی و سەرچاوەکەیان لە قەڵا بڕی، نزیکەی (٢١) ڕۆژ سەربازان و دانیشتوانی قەڵاکە بێ ئاو بوون، بەڵام لەو کاتەدا بارانێکی زۆر باری و بووە یارمەتیدەرێک بۆ سەربازان و دانیشتوانی قەڵاکە، بەمەش بۆ چەند مانگێک توانییان خۆیان لە بەردەم ھێرشی داگیرکەران بگرن. بەڵام ھێزی داگیرکەری سەفەوی، توانی یەکێک لە تاوەرەکانی قەڵاکە داگیر بکەن. لەو شەڕەدا سەڕەرای کەمبوونەوەی چەک و گولە تۆپ لە سوپای میرنشینی برادۆست، لەو کاتەدا ئیعتمادودەولەی وەزیر کۆچی دوایی کرد و محەمەد بەگی بێگدلی لە شوێنی بووە سەرکردە کە میر پیربداغ بەگی والی ئازەربایجانی لەگەڵدا بوو. ئەوەبوو میر قەرەتاج نامەیەکی بۆ نووسی و پێی ڕاگەیاند کە ئەگەر بەڵێنم پێ بدەن و نەمکوژن، خۆم ڕادەست دەکەم، بێگومان ئەمیش فێڵێک بوو تا ئەوەی داگیرکەران سەرقاڵ بکات و ڕیزەکانی سوپاکەی دووبارە ڕێک بخاتەوە. بەم شێوەیە بووە میوانی، ھاوکات محەمەد بەگی بێگدلی ویستی میر قەرەتاج بکوژێت، بەڵام میر ھەستی پێ کرد شوێنەکەی بەجێ ھێشت و بەمەش دووبارە شەڕ و پێکدادان دەستی پێ کردەوە، تا ئەوەی میرقەرەتاج ناچار بوو قەڵای دمدم ئاگر تێبەر بدات، چونکە دەیزانی ڕۆژ بەڕۆژ چەک و سەربازی کەم دەکات و ناتوانێ لەوە زیاتر بەرگری بکات، ھاوکات بۆ ئەوەی بەزیندوویی نەگیرێت و نەبرێتە لای شاعەباسی یەکەم. بەمەش داستانی قەڵای دمدم چووە ڕیزی مێژووی داستانە نەمرەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد. شاعەباس فەرمانیدا بە کۆمەڵکوژی لە موکریان و برادۆستدا، خێڵی تورکی ئەفشاری دووبارە لەناوچەکەدا نیشتەجێکرد و ھەندێک لە خەڵەکوردەکانی بردە خۆراسان، دوو میرنیشینی لاواز لە ناوچەکەدا مانەوە کە دووجار کەوتنە جەنگەوە لەگەڵ سەفەوییەکاندا لە ناوچەکەدا.[١٤]
  • سەرەتای گۆڕینی دیمۆگرافیای ورمێ و ناوچەکە دەستی پێکرد و کوردان لە شوێنی خۆیان ھەڵکەندران.
  • لە ساڵی (١٧٢٩ز)دا تەھماسب قولی سوپاسالاری نادر شا، توانی یوسف پاشای حکومداری عوسمانی شاری ورمێ لە دمدمدا بشکێنێت و دواتر فەرمانیدا بە ھەڵوەشاندن و وێرانکردنی تەواوی قەڵاکە و کە ئیتر نەبێتەوە بەقەڵا، ھەروەھا تاوانبارکرا بەھێنانی دەستەی تازەی شیعە و لەناو خەڵکی ناوچەکە و ورمێدا جیاکاری دروست کرد، ھەتاوەکو ئەمڕۆش کوردەکانی ئەم ناوچەیە لەسەر مەزھەبی سوننەن و لە ژێر کاریگەری ڕێبازی نەقشبەندیدان و ئەم کاریگەرییەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٦٣٩ز)ی. شێخ مەحمودی ئەرماوی کە نەقشبەندی بوو (٣٠٠٠٠ بۆ ٤٠٠٠٠) پشتیوانی ھەبوو، سوڵتان موراد لە ساڵی (١٦٥٥ز)دا لە ئامەد لە سێدارەی دا.
  • ڕاپۆرتێکی باشی ئەولیا چەلەبی ھەیە لەسەر ئەم شارە، بەڵام بەشی خۆی کەموکورتی تیادایە، ئەو قەڵا و دیوارە پتەوانەی دەوری شاری باس کردووە و وتوویەتی (وەکو ھێزێکی سپین)، وە بە وتەی ئەو پانتای شار (١٠ھەزار) ھەنگاوە و بەرزی دیوارەکەی (٧٠ زراعە) و وەپانی (٣٠ زراعە)، شەوانە چواردەوری دیوارەکان بە مەشخەڵ ڕووناک دەکرێنەوە، ھێزی ناوەندی شار پێکھاتووە لە (٤ھەزار)پیاو و (٣١٠ چەک)، خان (١٥ھەزار) چەکدار و (٢٠ھەزار) خزمەتکاری ھەبوو، لەشاردا (٦٠) کۆڵان و (٦ھەزار) خانوو و (٨)مزگەوتی ھەبووە، لەمزگەوتەکانی (ئۆزون حەسەن و ئاق قۆینلو) و کە تەواوکرابوون لەلایەن کوڕەکەی یەعقوبەوە. بێجگە لە ناوشار خەڵکەکە دەژیان لە (٣٠٠) گوندا کە (١٥٠) گوندیان دەکەوتە دەشتی ورمێوە. ئەولیا جەلەبی وەسفی شارەکە دەکات بە (جوانی لەڕادەبەدەر) و وەبەشوێنەکی پیرۆزی دەژمێرێت، وەباسی خویندنگە و قاوەخانەکانی دەکات.[١٥]لەسەدەی ھەژدەدا چارەنوسی ورمێ بەسترابوو بەچارەنوسی ئەفشارەوە کە لەدەشتی ورمێدا دەژیان، سەرۆکەکانیان شەڕیان لەگەڵ دراوسێکانیان دەکرد و ھەندێ جار دەچوونە ڕۆژھەڵاتی دەریاچەی ورمێ.
جێگای ورمێ لە نەخشەی ئێرانی و عوسمانی لەسەردەمی ئەفشارەکان کە ورمێ بە ناوی ئورومی ھاتووە و کەوتووەتە باشوری ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێ
  • لە شەڕی ساڵی (١٧٢٤ز)دا عوسمانییەکان کوردەکانی ھەکاری بەکارھێنا تاوەکو ئەفشارەکان دوربخەنەوە، کەسەرچاوەی خواردنی ھێزی ئێرانییەکانیان دابین دەکرد، لەوکاتەی تورک لەساڵی (١٧٢٥ز) دەسەڵاتیان بەسەر ئەم ناوچەیەدا ھەبوو حکومی ورمێ بەدەست خێڵی قاسملۆی ئەفشارەوە بوو بەشێوەیەکی ویراسی، بەناونیشانی خانەدانی ورمێ بەفەرمی ناساند. نادر شا لە ساڵی (١٧٢٩ز)دا مەراغە و مەھاباد و قەڵای دمدمی لە تورکەکان سەندەوە، حەکیم ئۆغلو پاشا ورمێی داگیرکردەوە لە ساڵی (١٧٣١ز)دا پاش مانگێک لە بەرگری کردنی نائومێدانە. ورمێ ڕادەستی ئێلی پنیانشینی ھەکاری کرا، ئەمە تەنھا دوای ڕێکەوتنامەی (١٧٣٦ز)دا بوو کاتێک تورکەکان ئازەربایجانیان جێھێشت.

سەردەمی قاجاڕەکان

پارەی سەردەمی ئازادخانی ئەفغان
  • پاش لەناوچوونی دەسەڵاتی ئەفشارەکان لە ساڵی (١٧٤٨ز)دا ئازادخانی ئەفغانی یەکێک لەفەرماندەکانی نادر شا سوودی لە کێشمەکێشی ئەفشارەکان وەرگرت و ورمێی گرت، بەڕەزامەندی فاتیح علی خان، ورمێ بووە پایتەختی کاتی میرنیشینی ئازادخان. ناوی چیای ئۆغان داغی لەباکوری ورمێ دەگەڕێتەوە بۆناوی سەدارێکی ئەفغان.
وڵاتان و ڕێگاکانی پێش قاجار، نەخشەی ئازەربایجان و ئاران
  • محەمەد حەسەن خانی قاجار سەرکەوت بەسەر ئازادخان لە گەیلان لە ساڵی (١٧٥٥-١٥٦ز) وە ورمێی گرت. فاتیح عەلی خانی ئەفشار پەیوەندی کرد بە محەمەد حەسەن خانی قاجار ، بەمردنی محەمەد حەسەن خانی قاجار، عەلی خانی ئەفشار گەڕایەوە ورمێ و مەراغە و تەورێزی گرت. کەریم خانی زەند لە زستانی ساڵی (١٧٩٤ز)دا ورمێی گەمارۆدا و پاش چەند مانگێک لە گەمارۆدان ورمێی گرت، ھەتا ساڵی داھاتووش ئازەربایجان چووە ژێر فەرمانڕەوای کەریم خانی زەند. پاش کۆتایھاتنی خانەدانی زەند، ئەفشارەکانی ورمێ و شقاقیەکانی سەراب و دونبەلیەکانی خۆی ھاوپەیمانیان ڕاگەیاند دژی قاجاڕەکان بەڵام سەرنەکەوتن، فەتحعلی شای قاجاڕ دەستوری دا کە محەمەد عەلی خان حکومداری ورمێ بێت تاوەکو دەمرێت، لەشکری ڕووس لە کاتی جەنگی ڕووس و ئێراندا، لە ساڵی (١٨٢٨ز)دا ورمێیان داگیرکرد بۆ چەند مانگێک، لەنەبوونی حاکمی شار شازادە مەلەک میرزا قاسم بەیلەربەگی نەجەف حوکمی ورمێی کرد.
دانیشتوانەکان لەڕاستەوە شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری و جۆسێف کۆکران
نەخشەی جوڵانەوەی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵا لە ساڵی ١٨٨٠دا

لەگەڵ ھەڵایسانی شۆڕشدا عەرەبەکانی ویلایەتی بەغدایش ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشدا، بە مەرجێ شێخ عوبەیدوڵڵا ویلایەتی موسڵیان بۆ رزگار بکات. لەو کاتەدا زۆربەی ھێزە کوردییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان دایانە پاڵ بزوتنەوەکەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری و شێخ ئیدارەیەکی کاتیی پێکھێنا و توانیان ناوچەکانی مەھاباد و میاندواو و مەراغە ئازاد بکەن. بەھۆی نەبوونی دیسپلین لە ڕیزی جەنگاوەرەکاندا و نەبوونی شارەزایی سەربازی لە لای سەرکردەکان، جگە لەمە ھەر خێڵێک ھێزەکانی لەژێر سەرکردایەتیی رابەرەکانی خۆیدا ھێشتبووەوە و چەکی پێویستیان نەبوو، سەرباری ئەوە کە ئەو ھێزانە کەم مەشق بوون و خواردن و ئازوقەکەش ھەر عەشیرەتێک دەبوایە خۆی دابینی بکردایە، ھاوڕێ لەگەڵ ئەمەشدا ژمارەیەک خەڵکی نەفس نزم لە ھۆزەکان بە مەبەستی تاڵانی و زەوتکردن چووبوونە پاڵ بزوتنەوەکەی شێخ، ئەوان بارودۆخەکەیان بە ھەل زانیبوو، بۆ فەرھودی گوندە ئازەری و شیعەکان و سەروەت و سامانی گاور نەستورییەکانی ناوچەی ورمێ، کە کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی کاتیی کوردەوە، ئەمەش خاڵی لاوازی دا بە دەست دوژمنانی کوردەوە. ھەرچۆنێک بێت شێخ عوبەیدوڵڵا کاتێک نزیکی شاری ورمێ بوویەوە،‌ چەند نوێنەرێکی خۆی ناردە ناو شار بۆ دانوستان بە مەرجی خۆبەدەستەوەدان. حاکمی شاریش فەرمانی دا کە نمایندەکان بکوژرێن. ئەمەش ڕقی کوردی ورووژاند و چوونە شارەکە و بەپێی ھەندێ سەرژمێری نزیکەی (٣٠٠) کەسیان کوشت و گەورەترین ھەڵە بوو کە ھێزەکانی شێخ کردیان و حکوومەتی ئێرانیش خراپ سوودی لێ وەرگرت بۆ ناشرینکردنی جووڵانەوەکە لە ناوەندە ڕەسمییەکاندا.[١٦] بەڵام خەڵکی شار بە ‌سەرۆکایەتیی ئیقبالوددەولە بەرگرییەکی سەختیان لە شارەکە کرد و نەیاندا بەدەستەوە. ھەر لەو کاتەدا دکتۆر جۆزێف کاکرن کە لە کۆمیسیۆنی موژدەبەرانی ئەمریکایی کاری دەکرد، چووە لای شێخ و تکای لێ کرد مەرجەکانی خۆبەدەستەوەدان ڕوون بکاتەوە و ئاگاداریی پێ دا کە نابێت ھیچ زیانێک بە فەلەکان و گاورەکانی شار بگات. داوای لێ کرد پێویستە بۆ ماوەی (٢٤)کاتژمێر ھەڵمەتەکەیان بۆ سەر شارەکە ڕابگرن تا ماوەی خەڵک بدرێت لە شارەکە دەرچنە دەرەوە، بەڵام ئەمە پلانێکی نێوان دوکتۆر کاکرن و فەرماندەی سەربازیی ئێران بوو. ئەوان دەیانزانی یارمەتیی ئێرانی بەڕێوەیە و ویستیان ئەم دەرفەتە وەربگرن، ھەتا لە ئازەربایجان ئەو ھێزە بۆ شکاندنی گەمارۆکەی سەر ورمێ، ئەمەش بە کردەوە ڕووی دا و شێخیش ئەو دەرفەتە مێژوییە گرنگەی لەدەست دا. دواجار شەڕەکە لە بەرژەوەندیی ئێران شکایەوە، چونکە ھێزەکە گەیشت و چەکی بەسەر جەنگاوەراندا دابەش کرد. ئیتر بۆ ماوەی دە ڕۆژ شەڕِ قەوما بە بێ ئەوەی ھێزەکانی شێخ بتوانن سەرکەوتنی تێدا بەدەست بھێنن و بگرە بەپێچەوانەوە شێواوی و لێکترازان بەئاشکرا بە ھێزەکانیانەوە دیار بوو. ئەو ھێندەی کە ھاتبوو بۆ فریاکەوتنی شار ھێزە ئێرانییەکە لەسەر دەستی ئەفسەرانی ئینگلیز و فەرەنسا و ئیتالیا و نەمسا و ڕووسیا مەشقیان پێ کرابوو. بەم تەرزە سوپای ئێران توانی سەرکەوتن بەدەست بھێنێت و بکەوێتە ڕاوەدوونانی شۆڕشگێڕانی کورد. چونکە ئەو ھێزانەی کە بۆ تاڵانی ھاتبوون، مەیدانی شەڕەکەیان بەجێ ھێشت، ئەمەش کاریگەریی مەعنەوی لەسەر ھێزەکان ھەبوو.[١٧]

سەردەمی ھاوچەرخ

سمکۆی شکاک
  • دوای لاواز بوونی ڕووسیا بەھۆی شکانی لەسەریەکی لە جەنگی (ڕووسیا-ژاپۆن)دا بەرەی ڕۆژھەڵاتی دوور، عوسمانییەکان لە (ئابی ١٩٠٦ز)دا ناوچەی ورمێیان داگیرکرد جگە لە شاری ورمێ، بەبیانووی کێشەی سنوری نێوان ئێران و عوسمانی کە ھەرگیز ئەم کێشە سنوریەیان بۆ یەکلا نەدەبووەوە، پاشان عوسمانیەکان سەربازەکانی کۆکردەوەوە بردنی بۆبەرەی باڵکان کە لەوێ توشی شاکن ببوون، دوای پێکدادان لە تەورێز ڕووسەکان ورمێیان داگیر کرد لە ساڵی (١٩١١ز)دا.
  • لەسەروبەندی جەنگی جیھانی یەکەمدا شاری ورمێ دەست بەدەستی دەکرد بەدەست زلھێزەکانی ناوچەکەوە، دوای شۆڕشی ڕووسیا لەساڵی (١٩١٧ز)دا، بەرپرسیارێتی و بەڕێوەبردنی شاری ورمێ ڕادەستی ئەنجومەنی مەسیحی ئاشووری(موتاوا)کرد. پاش زنجیرە تاوانێکی ناسۆراوی و تاوانی خوێناوی وەک سەربڕین و رەشەکوژی موسوڵمانان لە ورمێ لەلایەن مەسیحیەکانەوە لە ٢٢/٢/١٩١٨. ئەم تاوانانە وەھای کرد کوردان بکەونە خۆیان و شۆرش بەرپا بکەن ئەوەبوو بەسەرکردایەتی سمکۆی شکاک دەستی پێکردو ھەر لەوساڵەدا مارشەمعونی سەرکردەی ئاشووریەکان بەدەستی سمکۆ کوژرا، ھاتنی (٢٠ھەزار) ئاوارەی ئاشووری لەوانەوە بۆ ناوچەی ورمێ لە ئەنجامی شەڕی عوسمانی و ئاشووری، وە نفوسی (٥٠ھەزار بۆ ٧٠ھەزار) ئاشووری کۆچیان پێکرا لە ورمێوە بۆ باشووری ئێران تاوەکو لە ژێر پاراستنی بەریتانیادابن، ئەم کۆچە بەکۆمەڵە لە ژنان و منداڵان بەڕەو بەناو ساینقەڵا و ھەمەداندا بران، دواتر ئاوارەکان برانە بەعقوبەی باکوری شاری بەغدا نیشتەجێکران، دوای ڕۆیشتنی ئاشوورییەکان سۆنتاگ، قەشەی پیرۆزی کاسۆلیکی و ئێچ.فلاومەری موژدەبەر کوژران لە (ئابی ١٩١٨ز)دا لە ورمێ.
بازاڕی میوەی ورمێ لە ساڵی ١٩١١
چاوەڕوانی خەڵکی ورمێ لە ھاتنی (شا)دا ساڵی ١٩١١
  • ئیسماعیل ئاغا کە ناسرابوو بە سمکۆی شکاک شاری ورمێی ڕزگارکرد لەھاوینی ساڵی (١٩١٩ز)دا، لە ساڵی (١٩٢١ز)دا ھێزیکی زۆر لە تارانەوە، بەمەبەستی پشتیوانیکردنی ھێزەکانی ئێران لەنێوچەکە، گەیشتە شاری تەورێز. ھێشتا سوپای ئێران لە تەورێزەوە بەرەو کوردستان رێنەکەوتبوون کە سمکۆ فەرمانی گرتنی شاری مەھابادی دەرکرد. رۆژی ٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی (١٩٢١)، ھێزەکانی کورد شاری مەھابادیان گەمارۆدا. ئێران تیپێکی (٥٥٠) کەسی ژاندار و سەربازیان لە مەھاباد مۆڵدابوو. پاش چەند رۆژ گەمارۆدانی شار، لە ئەنجامی شەونخونی و ھێرشی خێرای ھێزەکانی سمکۆ، سەنگەرەکانی چەکدارانی ئێران، یەک لەدواییەک گیران و توانای بەرگریکردنیان نەما. لە ئاکامدا (سەد و پە‌نجا ئەفسەر و سەرباز)ی ئێرانی کوژران و چوارسەد کە‌سی دیکەشیان لێ بەدیل گیرا. دوابەدوای داگیرکردنی مەھاباد لەلایەن سمکۆوە، ئەفسەرێکی سوێدی بەنیوی لاند بێرگ، فەرماندەیەتیی ھێرشێکی تازەی پێسپێردرا. لەشکری لاند بێرگ، ملی رێگەی گرتەبەر و لەناوچەکانی رزگارکراوی کوردستان نێزیک بووەوە. سمکۆ، ھێزێکی(٢٠٠) کەسیی کۆکردەوە و، بەرنامەی تێکشکانی لەشکری ئێران بە فەرماندەیەتیی ئەفسەری سوێدی داڕشت. لەھێرشێکی خێرا و لەنەکاوی ھێزی چەکداری کوردستاندا، بە سەدان چەکداری ئێرانی کوژران و پاشماوەی ھێزەکەشیان ھەڵاتن و لەناوچەکە دوور کەوتنەوە. لەو شەڕانەدا فەرماندەی ھێزی ئازەرییەکان (سام خانی ئەمیر ئەرشەد) بوو. ئەمیر ئەرشەد برای زەرغام فەرماندەی سوپای ئازەرییەکان و ئەو کەسە بوو کە لە شاری تەورێز بە داڕشتنی پیلان جەعفەر ئاغای برا گەورەی سمکۆی کوشتبوو. سام خانی ئەمیر ئەرشەد، بەدەستی سمکۆ کوژرا و بەوجۆرە تۆڵەی خۆی لە زەرغامی دوژمن بە کورد و بکوژی براکەی، سەندەوە.[١٨]
  • ھێزەکانی ئێران لەبەرامبەر ھێزەکانی سمکۆدا، پەیتا پەیتا تووشی شکست دەبوون و شار و ناوچەیەکی زیاتری کوردستان ئازاد دەکرا و، دەکەوتەژێر دەسەڵاتی سمکۆوە. فەرماندەکانی ئێران، جارێکی دیکە، ھێز و توانای خۆیان تاقیکردەوە و ھێرشیان ھێنایەوە. لەدوو نەبەردی گەورە و خوێناویدا کە لە ئەزدیکان و قەرەتەپە ڕوویاندا، ھێزەکانی ئێران تێکشکان و بەرەو شاری خۆی ھەڵاتن، بەڵام ھێزی کوردستان بەردەوامبوون لە ھێرشیان و لە سەرەتای دێسەمبەری ساڵی (١٩٢١)ی زاینی، سەرکەوتووانە چوونە نێو شاری خۆی و ئەو شارەی کوردستانیش لە ھێزەکانی داگیرکەری ئێرانی پاک کرایەوە. رێز و خۆشەویستیی خەڵکی کورد بەرامبەر بە سمکۆ، بەرادەیەکی زۆر پەرەی سەند. تەواوی سەرۆک ھۆز و عەشیرەتەکانی کوردستان، بەتایبەتیی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، سەریان بۆ نەوی کرد و سمکۆیان بە سەرۆک و رێبەری خۆیان دەزانی. ھەر لە سنووری باکووری کوردستان – لە ماکۆ وە تاکو بانە و مەریوان بەدرێژایی سەدان کیلۆمەتر، لەژێر دەستی ھێزەکانی داگیرکەری ئێران پاک کرایەوە.
  • لەمانگی خەرمانانی (١٩٢٢ز)دا، ھێزێکی ئامادەی پەروەردەکراو، لە تارانەوە بە فەرماندەیەتیی ژەنەڕاڵ جھانبانی، ھەروەھا لەشکرێک لە ئازەرییەکان ئامادە دەکرێت. جگە لەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئەرمەنییەکانی ئێران، خولی راھێنانی سەربازیی تەواو دەکەن و، خۆبەخشانە تیپیکی سەربازیی پێکدێنن. کابرایەکی ئەرمەنی بەنێوی زرایۆف، دەبێتە فەرماندەی تیپی ئەرمەنییەکان کە لە سوپای پێشووی ڕووسیای تزاریدا، ئەفسەر بووە. ئەوجا نەخشەی ھێرش بۆ سەر داگیرکردنەوەی کوردستانی ئازاد و لەنێوبردنی ھێزی چەکداری کورد دادەڕێژن. سوپای ئێران بەرەو شارەکانی سەڵماس و ورمێ دەکەوێتەڕێ. ھێزەکانی کوردستان سێ ھێرشی گەورە دەکەنە سەریان و زەرەر و زیانێکی زۆر بە دوژمن دەگەیەنن، بەڵام وەک جارەکانی پێشوو ناتوانن ھێزی دوژمن بشکێنن. بۆ جارێ چوارەم ھێرش دەبەنەوە سەریان و ئەوجارەیان دەبێتە شەڕی مان و نەمان. لەزۆرجێگەدا بەرەوڕووی یەکدی دەبنەوە و لێیان دەبێتە شەڕی دەست و یەخە و بە خەنجەر و شمشێر، پەلاماری یەکتر دەدەن. لەئاکامدا بەھۆی تۆپبارانی خەستی تۆپخانەی ئینگلیزەکان و، زۆربوونی ژمارەی چەکدار و چەک و فیشەکی دوژمنەوە لەشکری کورد دەشکێت و بەناچاری پاشەکشێ دەکات. سوپای دوژمن، پاش چەند رۆژ، شاری ورمێ داگیر دەکاتەوە. شایانی باسە شاری ورمێ ماوەی (چوار ساڵ) لەژێر دەسەلاتی کورددا بوو. لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا کە ورمێ بەدەست کوردەوە بوو، رۆژنامەیەکی کوردی بەنێوی رۆژی کورد و شەوی عەجەم بڵاودەکرایەوە کە سەرنووسەرەکەی ناوی محەممەدی تورجانیزادھ بوو. ھێزەکانی ئێران پاش داگیرکردنەوەی ورمێ، درێژەیان بە ھێرشەکانیان دا و، ھەموو ناوچەکانی کوردستانی ئازادیان داگیر کردەوە و دەستیان کرد بە گرتن و کوشتن و لەسێدارەدانی رۆڵەکانی کورد و سووکایەتیکردن بە خەڵکی رەشوڕووتی کوردەواریی.[١٩]
  • لەسەردەمی پەھلەوییەکاندا بەیارمەتی ئینگلیزەکان، حکومەتی ناوەندی ئێران تەواو کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کرد، وە ناوی شاری ورمێیان گۆڕی بۆ ڕەضائیة، لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ناوەکەی گۆڕدرایەوە بە ورمێ.

سروشتی

شاری ورمێ لە ئاسمانەوە

جوگرافیا

ورمێ کەوتووەتە شوێنێکی جوگرافیای شازەوە(ھەڤیاز)، بە دووری (٢٠کم) لە ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێ ھەڵکەوتووە، بەبەرزی (١٣٣٢م) لەئاستی ڕووی دەریا. ورمێ کەوتووەتە دەشتی ورمێوە و دەورەدراوە بە چیایەکانی (سیر و پەنجە عەلی و ناوسەر و کەمەر زەرد و گردەسەر و مەلا عەلی)، لەڕاستیدا ورمێ کەوتووەتە نێوان دەریاچەی ورمێ و ئەو زنجیرە چیایانەی کە وەک دیوارێک وەھان کەوتونەتە ڕۆژاوایەوە.[٢٠]

شوێنی جوگرافی

شاری ورمێ دەکەوێتە بازنەی (٣٧)پلە و (٣٢) خولەکی نیوەگۆی باکوور لە سەروو ھێڵی کەمەرەیی زەوی، ھەروەھا دەکەوێتە سەر ھێڵی درێژی (٤٥)پلە و (٢) خولەکی ڕۆژھەڵاتی ھێڵی گرینویج.



Compass rose pale.svg سەڵماس ، نوشین سێرۆ Compass rose pale.svg
باکوور باکووری کوردستان
ڕۆژهەڵات    ورمێ    ڕۆژئاوا
باشوور
شنۆ ، نەغەدە سلیڤانا

ڕووبار(چەم)

وێنەیەکی کۆنی چەمی پردی سوور

پردی سوور(چەمی شار) ئەم ڕووبارە لە چیا سەختەکانی سنوری دەستکردی باکووری کوردستانەوە سەرچاوەدەگرێت و بە نێو دۆڵەکاندا دێتە خوار و لە نزیک گوندی نوشانا سەرێ بەنداوی (شارچای) لەسەر کراوە و دواتر بەناو شاری ورمێ دا تێپەڕ دەبێت و شار دەکات بە دوو بەشەوە، پاشان دەچێتە دەشتی ورمێ و ئەنجا دەڕژێتە دەریاچەی ورمێ.

ئاو و ھەوا

ورمێ دەکەوێتە ناوچەی ئاوھەوای دەریای ناوەڕاست و بارانی بەھارە

ئاوھەوای ورمێ مامناوەندە بە پلەی (٩،٨س) و ھاوینی نیمچە گەرمە و زستانی ساردە. وەرزی باران بارینی لە کۆتای مانگی تیشرینی یەکەم و سەرەتای تیشرینی دووەم دەستپێدەکات تاوەکو مانگی حوزەیران.[٢١] نێوەندی دابارینی (٩٣) رۆژە و ڕێژەی (٣٦٠)مللی لیترە و زۆرترین نێوەندی دابارین (٢٣٨،٢) مللیمەتر بووە. رۆژە بەستەڵەکەکان ورمێ لە تشرینی دووەم (١٩ڕۆژ)، لە کانونی یەکەم (٢٧ڕۆژ)، لە کانونی دووەم (٣٠ڕۆژ)، لە شوبات (٢٨ڕۆژ)، لە ئازار (١٤ڕۆژ)، لە مارت (٦ڕۆژ) کە کۆی گشتی ڕۆژەکانی بەستەڵەک(سەھۆڵبەندان) لە ساڵێکدا لە ورمێ دەکاتە (١٢٠ڕۆژ). ڕێژەی نەوەندی خێرای با لە ورمێ دەگاتە (١٠،٥مەتر بۆ چرکە)، لەمانگەکانی (٣ بۆ ٥) خێرای با دەگاتە (١٦م\چرکە) و نزمترین خێرای با لەمانگەکانی (١ بۆ ٢) دەگاتە (٧م\چرکە).[٢٢]

زانیاریی کەش‌وهەوا بۆ «ورمێ»
مانگی زایینی ١ ٢ ٣ ٤ ٥ ٦ ٧ ٨ ٩ ١٠ ١١ ١٢ ساڵ
بەرزترین پلەی تۆمارکراو 16.4 18 26 26 30.6 36 38 38 35 30 22 17 nil
(nil)
نێونجی بەرزترین پلە 2.6 4.8 10.4 16.8 22.2 27.5 31.2 31.0 27.1 20.1 12.2 5.7 17.6
(63.7)
نێونجی ڕۆژانە −3.3 −1.5 4.5 10.5 15.5 20.2 23.8 23.1 19.0 12.5 6.1 0.4
نێونجی کەمترین پلە −6.1 −4.8 −0.1 5.2 9.1 12.9 16.6 15.9 11.5 6.6 1.4 −3.2 5.4
(41.8)
کەمترین پلەی تۆمارکراو −22.8 −22 −19 −12 −1.6 4 10 8 3.4 −5 −13.4 −20 nil
(nil)
نێونجی بارین mm 30.2 33.2 52.3 62.2 45.6 14.2 5.5 2.1 4.4 21.8 40.0 29.7 341.2
نێونجی ژمارەی ڕۆژەکانی بارین 9.6 9.4 11.4 12.7 12.0 5.0 2.2 1.7 2.1 7.1 8.3 8.5
نێونجی ژمارەی ڕۆژە بەفراوییەکان 8.5 7.5 3.7 0.8 0.0 0.0 0.0 0.0 0.0 0.3 1.5 5.5
نێونجی relative humidity (%) 76 74 65 60 58 51 48 48 49 60 70 74
نێونجی مانگانەی سەعاتەکانی ھەتاوی بوون 114.0 132.9 169.6 197.9 268.6 344.3 364.0 341.2 293.1 222.3 166.4 118.7
سەرچاوەی یەکەم: worldweather.com[٢٣]
سەرچاوەی دووەم: NOAA (ئەوپەڕ, تێکڕا, بەفر, خۆر, شێ, ١٩٦١–١٩٩٠)

بوومەلەرزە

پارێزگای ورمێ یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە لەسەر ھێڵی بوومەلەرزەیە،[٢٤] ھەرجەندە تاوەکو ئێستا بوومەلەرزەی بەھێز تیایدا ڕووی نەداوە.[٢٥] کۆتا بوومەلەرزە ڕوویدابێت لە ورمێ لە ساڵی (١٨٨٣ز)دا بووە و بومەلەرزەی ساڵی (١٩٨٧ز) بە ھێزی (٤)پلەی ڕێختەر لە سلیڤانای داوە، بومەلەرزەی ساڵی (٢٠١٢ز) کە لە ناوچەکانی ئاھر و ورزقان ڕویدا کە ماوەی (١٠)خولەکیان بەین بوو، لەساڵی (٢٠١٣ز)دا زەمین لەرزە لە ناوەندی سلیڤانای دا بە ھێزی (٤،٦)پلەی ڕێختەر، لە ئەیلولی (٢٠١٥)ە کۆتا بومەلەرزە لە ناوچەکەیدا بە ھێزی(٤،٢)پلەی رێختەر لە سێرۆ.[٢٦]

دانیشتوان

زمان

ئەم شارە پێکھاتەیەکی ئاڵۆزی دانیشتوانی ھەیە کە لەچەند نەتەوەیەک پێکھاتوون و ھەر نەتەوە بە زمانی دایکی خۆی دەدوێت بەڵام زمانی کارو باری میری و خوێندن بەفەرمی زمانی فارسیە، ھەرچەندە زۆرینەی دانیشتوانی ئەم شارە بە زمانی کوردی شێوەزاری کرمانجی و کەمێک سۆرانی دەدوێن.[٢٧] ئازەریەکان بە زمانی ئازەربایجانی شێوەزاری تەورێزی دەدوێن. ئاشوورییەکان کە بەزمانی سریانی یان ئاشووری دەدوێن.[٢٨] ئەرمەنییەکان بە زمانی ئەرمەنی دەدوێن.

پێکھاتەی دانیشتوان

کورد و ئاشووری و ئازەری لە ورمێ

دانیشتوانی ئەم شارە بەپێی سەرژمێری ساڵی (٢٠٠٦)، (٥٧٧٣٠٧)کەسە بە پێی پێکھاتە ئاوھا دابەش دەبێت:

  • کورد دەکاتە (٣٠٠٢٠٠)کەس کەدەکاتە (٥٢٪) دانیشتوانی شار.
  • ئازەری دەکاتە (٢٤٨٢٤٢)کەس کەدەکاتە (٤٣٪) دانیشتوانی شار.
  • کورەسوننی دەکاتە (١٧٣١٩)کەس کەدەکاتە (٣٪) دانیشتوانی شار.
  • مەسیحی دەکاتە (٧٧٩٣)کەس کەدەکاتە (١،٣٥٪) دانیشتوانی شار.
  • جوو دەکاتە (١٤٤٣)کەس کەدەکاتە (٠،٢٥٪) دانیشتوانی شار.
  • بەھای دەکاتە (١١٥٥)کەس کەدەکاتە (٠،٢٠٪) دانیشتوانی شار.
  • یارسان دەکاتە (١١٥٥)کەس کەدەکاتە (٠،٢٠٪) دانیشتوانی شار.
پێکهاتەی شارستانی ورمێ لە ٢٠٠٦
پێکهاتە ڕێژەی سەدی
کورد
  
٥٢٪
ئازەری
  
٤٣٪
کورەسوننی
  
٣٪
مەسیحی
  
١٫٣٥٪
جوو
  
٠٫٢٥٪
بەھای
  
٠٫٢٠٪
یارسان
  
٠٫٢٠٪
  • ھەرچەندە لە ناوەندە فەرمییەکانی دەوڵەتی ئێراندا ڕێژەی کورد لەم شارەدا زۆر کەم دەکرێتەوە و باس ناکرێت بەڵام ھەر ڕێژەی کورد زیاترە لەم شارەدا بە و ھەموو کۆسپ و ڕێگریانە و سیاسەتە نالەبارەی بەرامبەر بەم نەتەوەیە دەیکەن، لەگەڵ ئەوەشدا شەڕی مەزھەبیشیان لەگەڵ دەکەن.

ئاینزا(مەزھەب)

کوردەکانی ئەم شارە زۆرینەیان سوننە مەزھەبن و ھەندێکیان یارسانین، کورەسوننیەکان سوننە مەزھەبن، ئازەریەکان شیعە مەزھەبن، ئەرمەنی و ئاشورییەکان مەسیحین، ھەتاوەکو سڵی (١٩٠٠) نزیکی نیوەی دانیشتوانی شار مەسیحی بوون و بەڵام تاوەکو ساڵی (١٩١٨ز) ژماریەن زۆر کەمی کرد بە ھۆی شەڕ و کوشتار و کۆچپێکردنیان. لەسەردەمی (ڕەزا شای پەھلەوی)دا زۆرێک لە ئاشوورییەکان گەڕانەوە بۆ ئەم شارە.[٢٩]

  • بەپێی وتنی جوانمەردی (تەریقەتی سۆفی) بۆیەکەمین جار لە ورمێوە سەری ھەڵداوە، کە باوکی باپیری حوسامەدین چەلەبی، کە خوێندکاری مەولانای ڕۆمی بووە ئەم تەریقەتەی لە ئەنادؤڵدا بڵاوکردووەتەوە.[٣٠]

بازرگانی

لە کۆندا ورمێ، سەرەڕێی بازرگانی قەوقاس و میزۆپۆتامیا و ئاسیای بچوک بووە، بووەتە شارێکی بازرگانی چاک. لەڕاستیدا ورمێ کەوتووەتە سەر ڕێگای بازرگانی ھەناردەکردنی شتومەک و ھاوردەکردنی شتومەک. ھەروەھا بازرگانی کردن بە بەرھەمی کشتوکاڵی و بەرھەمی ناوچەیی دەورووبەری.[٣١]

ئاپۆڕا

ورمێ لە سەرژمێری دانیشتوانی ساڵی (٢٠١١ز)دا (٦٦٧٤٩٩)کەس بووە لەو ژمارەیە (٣٣٤١٣٤)نێر و (٣٣٣٣٦٣)مێ بووە لە (١٩٧٧٤٩)خێزان پێکھاتووە. دووەمین شاری ڕۆژھەڵاتی کوردستانە پاش شاری کرماشان لە ڕووی ئاپۆڕای دانیشتوانەوە،[٣٢] وە دەیەمین شاری ئێرانە. ورمێ ھەرە شاری قەرەباڵەغی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایە.[٣٣]

ئەمەش ژمارەی دانیشتوانی شاری ورمێ بەپێی ساڵی سەرژمێریان:

ساڵی سەرژمێری دانیشتوان پلەی لە ئێراندا
١٩٥٦ ٦٧٬٦٠٥ ۱۱
١٩٦٦ ۱۱۰٬٧٤٩ ۱۱
١٩٧٦ ۱٦٤٬٦۱۹ ۱۱
١٩٨٦ ۳۰٤٬۸۲۳ ۹
١٩٩١ ۳٥٧٬٣۹۹ ۱۱
١٩٩٦ ٤۳٥٬۲۰۰ ۱۰
٢٠٠٦ ٥٧٧٬۳۰۷ ۱۰
٢٠١١ ٦٦٧٬٤۹۹ ۱۰
٢٠١٦ ۷۳٦٬٢٢٦ ۱۰

کەلتوور

  • ماڵی خۆشحاڵی،[٣٤] پاریسی ئێران،[٣٥] شاری ئاو،[٣٦] شاری ئاینەکان و ئاینزاکان و کەمایەتیەکان، بەناوبانگە.[٣٧]

داب و نەریت(خێوار)

ئەم شارە لەبەرئەوەی لە چەند نەتەوە و ئاینزا پێکھاتووە لەبەرئەوە لەڕووی نەریتەوە جیاوازە و لە جەندەھا نەریت پێکھاتووە یان تێکەڵی نەریتەکان بووەتە دروست بوونی نەریتێکی نوێ.

  • کوردەکان ئەمان ئاھەنگ و جەژنی خۆیان ھەیە کە تایبەتە بە کەلتوری کوردەواری و لەھەمان باردا نەریتی ئاینی سوننەیان ھەیە وەک گشت ناوچە کوردنشینەکانی کە. وەک جەژنی نەورۆز و جەژنە ئینییەکانی جێژنی قوربان و جێژنی ڕەمەزان و .... .
  • ئاشوورییەکان و ئەرمەنیەکان ئەمانیش ئاھەنگ و جەژنی تایبەت بەخۆیان ھەیە و لەڕووی ئاینییەوە لەیەکدی نزیکن بەھۆی ئەوەی کە یەک ئاینیان ھەیە، ئاشوورییەکان یەکەم نەتەوە بوون کەبوونە مەسیحی، یەکێک لە یارمەتیدەران (قەشە) ھەموویانی لە ئاوی دەریاچەی ورمێ ھەڵدەکێشا، پاش ئەوە ئاشوورییەکان ھەموو ساڵێک ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەن. جەژنی ڕۆژی دایک ھەموو ساڵێک لە ھەینی یەکەمی ساڵی نوێ یاد دەکەنەوە، بۆ یاد و بیرھێنانەوەی حەزرەتی مریەم. نۆرسادێل یان ئاب پاشان یەکێکە لە فستیڤاڵەکانی ئاشوورییەکان، ئەم ڕۆژە ناسراوە لەناو غیرە ئاشوورییەکانیشدا لە ورمێ، لەبەرئەوەی ئاشوورییەکان ئاو دەپرژێنن بە ھەموو کەسێکدا.
  • ئازەری ئەمانیش وەک نەتەوەکانی کەی ئیران بەشداری و ئاھەنگ دەگێڕن لە کاتی جەژنە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، مۆسیقای ئاشیق کە یەکێکە لە نەریتە دەرکەوتووەکانی تورک زمان لە جیھاندا، کە چەند خوێندنگەیەکی فێربوونی ھەیە لە ئێراندا، یەکێک لەوانە خوێندنگەی عاشقی ورمێیە، دەبرێت بەڕێوە لەلایەن چەند کەسێکی شارەزا و پسپۆڕە و وەیەکێکە لە خوێندگە باشەکانی جیھان لەم بوارەدا تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان.[٣٨]

سینەما

سەرەتای سینەما کە ھاتە ورمێ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٤٠)ەکان،[٣٩] لەئێستادا لە ورمێ (٥) سینەما و (٣) ھۆڵ ھەیە، بەردەوامیان ھەیە بەشێوەیەکی نا چالاک، سینەمای ئازادی کە لە پێشدا ناسرابوو بە پەرسیپۆلیس سینەما دامەزراوە لە ساڵی (١٩٤٠ز)، سینەما ئێران و سینەما ئینقلاب دامەزراوە لە ساڵ (١٩٦٥ز). ئێستا تەنھا یەک سینەما کاردەکات لە ورمێ.[٤٠]

پەرتوکخانە

(١٨٠٠٠) کەس ئەندامن لە (١٣) پەرتوکخانەی گشتی لە ورمێدا.[٤١]

ڕامیاری

شارەوانی

یەکەم شارەوانی کەدامەزرا بەناوی بەلەدییەی ڕەزائیە بوو، لەسەردەمی پەھلەویدا وشەی بەلەدییە گۆڕدرا بە شارەوانی، بەمەش بووە شارەوانی ڕەزائیە. شارەوانی ڕەزائیە ناوەکەی گۆڕا بە شارەوانی ورمێ لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ھەتا سەرەتای سەردەمی پەھلەوی شارەوانی ھەر لەگەڵ پارێزگای ئازەربیجانی ڕۆژاوا بەڕێوە دەچوون، پاش سەردانی ڕەزاشا بۆ ورمێ ئیتر باڵەخانەیەک بۆ شارەوانی کرایەوە، شارەوانی ورمێ لەساڵی (١٩٦١ز)دا بەفەرمی کرایەوەو بووە (٢٢)ھەمین شارەوانی ئێران.[٤٢]

کونسوڵخانە

کونسوڵخانەی تورکیا لە ورمێ، بۆکارو باری دیبلۆماسی و ڕامیاری لە ورمێ کاردەکات لە ژێر فەرمانی باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران، جگە لە ورمێ کونسوڵخانەی تورکیا لە شاری تەورێز ھەیە، (مەھمەت بۆلوت) لە ئێستادا سەرکونسوڵگەری ورمێیە.

ناوی وڵات ڕەوشی کونسوڵگەری
 عێراق عێراق چالاک
 تورکیا تورکیا چالاک
 ڕووسیا ڕووسیا ناچالاک
 ئینگلستان ئینگلتەرا ناچالاک
 ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمەریکا ناچالاک
 ڤاتیکان ڤاتیکان ناچالاک

گەشتوگوزار

دەریاچەی ورمێ

دیمەنی دەریاچەی ورمێ پێش وشک بوونی
دەریاچەی ورمێ دوای وشک بوونی
وشک بوونی دەریاچەی ورمێ

دەریاچەی ورمێ دەریاچەیەکی سوێڕی(خوێی یا شۆر) دەکەوێتە باکوری ڕۆژھەڵاتی ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە، ئەم دەریاچەیە بووەتە ھۆی جیا بوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات و پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی سوێری ڕۆژھەڵاتی ناوینە و دووەمین دەریاچەی سەر زەویە، ئەم دەریاچەیە بە بەرزی (٤١٨٣پێ) ئەکەوێتە سەر ڕووی ئاستی دەریا، ئەوپەڕی درێژی لە باکوورەوە بۆ باشوور (١٤٠کم)ە و ئەوپەڕی پانی لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا (٨٥کم)ە، ڕووبەری ڕووی ئاوی ئەم دەریاچەیە (٥ھەزارکم٢) بۆ (٦ھەزارکم٢)ە. ئەو وێنەیەی کە لەلایەن ئاژانسی ناساوە گیراوە گۆڕانکاری جوگرافی دەریاچەکە ڕوون دەکاتەوە.

پارکی نەتەوەیی دەریاچەی ورمێ

پارکی نەتەوەیی دەریاچەی ورمێ دەکەوێتە باکوری ڕۆژاوای ئێران یان باکووری ڕۆژھەڵاتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، ئەم دەریاچەیە گەورەترین دەریاچەیە لە ئێران و کوردستاندا، ڕووبەرەکەی دەکاتە (٤٧٠٠٠٠)ھێکتار لە ساڵێکی پڕ باراندا، دەریاچەی ورمێ زۆر سوێرە یا پڕ خوێیە، ھەتاوەکو ئێستا ھیچ ماسییەکی تیا نەدۆزراوەتەوە، ئەوەی تیایدا دەژی لەم دەریاچەیەدا قەوزە و ڕۆبیانە، ئەم دەریاچەیە گەلێک خواردن بۆ زۆرێک قازوقوڵنگ دەستەبەردەکات، شوێنێکی لەبارە بۆ زاوزێی باڵندەی فلامینگۆ و قاز و پلیکانی سپی. (١٨٦) جۆر باڵندە تۆمار کراوە لەم پارکی نەتەوەییە لە ساڵی حەفتاکاندا، ئەم دەریاچەیە (٤) دورگەی گەورە و لەقەبارەدا نزیک بەیەک و (١٠٠) دورگەی بچوک و شێوە بەردی تیادایە، شوێنێکی زۆر دەدات بە باڵندەکان بۆ ھەڵھێنانی ھێلکەکانیان. بەھۆی دروست کردنی بەنداو لەسەر ئەو چەم و زێی و ڕوبارانەی دەڕژێنە ئەم دەریاچەیە و زۆرکردنی ئاودێری و کشتوکاڵ کردنی ڕادەبەدەر وەھای لێکردووە کە ئاوی ئەم دەریاچەیە بەرەو وشک بوون بچێت و ببێتە کارەسات بۆ ناوچەکە.

پەروەردە

خوێندنی گشتی

خوێندنگەیەک لە ورمێ لە سەرەتای سەدەی بیستدا
دەرگای قوتابخانەی ھیدایەت لە ورمێ

پێش سەردەمی پەھلەوی، خوێندن بە شێوەیەکی گشتی دەچوو بەڕێوە لە خوێندنگاکاندا، خوێندنگاکان لە گەڕەکە گەورەکاندا ھەبوو، شارەکە قەرەباڵەغ بوو، زۆرینەی لە مزگەوت و تەکییەکان و ماڵەکاندا دەیان خوێند. یەکەم شێوازی تازەی خوێندنگە دامەزرا لە ورمێ لە ساڵی (١٩٣٢ز)دا و (١٧) شاڵ لەدوای ئەو بەروارە ئەکادیمیای ھونەریش دامەزرا.[٤٣]

خوێندنی باڵا

یەکەم ناوەندی پەروەردە و فێرکردنی پزیشکی دامەزرا لە ئێراندا لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە ورمێ لە ساڵی (١٨٨٥ز)، چالاکی ئەم پەمانگایە بەردەوام بوو تا دامەزرێنەرەکەی لە ژیاندا بوو کە (جۆسێف کارکران) بوو. خوێندنی باڵا لە ساڵەکانی دواتردا پەرەی سەند وەک کردنەوەی کۆلێژی کشتوکاڵ لە ورمێ، وە فراوان بوونی زانکۆی ورمێ بە کردنەوەی کۆلیژەکانی کە، لە ئێستادا (٢٢٠٠٠) خوێندکار ھەیە لە زانکۆی ورمێدا و (٤٦٠٠٠) خوێندکار ھەیە لە زانکۆی ورمێی ئازاددا و (١٨٠٠) خوێندکار دەخوێنن لە زانکۆی تەکنەلۆجی ورمێ.[٤٤]

ناوەندی فێرکردنی زانستە ئایینییەکان

یەکەم خوێندنگەی ئاینی دامەزراوە لە ساڵی (١٧٦٣ز) لە ورمێ، لە ئێستادا ئەم خوێندنگەیە ناسراوە بە خوێندنگەی ئیمام خومێنی لە ورمێ و (١٥٠) خوێندکار تیایدا دەخوێنن، وە خوێندنگەی ئاینی سەلاحەدینی ئەیوبی لە ورمێ، خوێندنگەی ئاینی زەینەبی کوبرا کە تازە دامەزراوە تایبەتە بە ژنان لە ورمێ کە زانستە ئاینییەکانی تیادا دەخوێندرێت.[٤٥]

کێشەکانی شارستانی

پیسبوونی ھەوا

ورمێ بەھۆی زۆری ھاتوچۆ، بووەتە ھۆی بەرز بوونەوەی ڕێژەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن، بەھۆی پشت گوێ خستنی دروستکردن و بەرھەم ھێنانی یەکە پیشەسازیەکان شوێنەکەی بووەتە یەکێک لە شارە پیسبووەکانی وڵات. نیشانەی پیسبوون لە ورمێ بەھۆی ھاتنی خۆڵبارین لە عێراقەوە و بووەتە دیاردەی کەش و ھەوا کە (٩٠) ڕۆژ لە ساڵێکدا دەردەکەوێت. یەکێک لەو شتانەی کە لە داھاتوودا مەترسی دروست دەکات لە سەر ژینگەی ورمێ و ناوچەکە وشک بوونی دەریاچەی ورمێیە کە دەبێتە ھۆی دورست بوونی گەردەلولی خوێی. بەدروست کردنی کەمەربەندی سەوزی و زیادکردنی سەوزای لە ورمێدا یەکێکە لە چارەسەرەکانی ڕێگریکردن لە پیسبوونی کەش و ھەوای ورمێ.[٤٦]

ئاستەنگی ھاتوچۆ

لە ورمێدا بۆھەر (١٠٠٠) کەس (٨٠) ئۆتۆمبێل ھەیە، کە ئەمە زیاترە لە شاری تاران کە بۆ ھەر (١٠٠٠) کەسێک (٦٢) ئۆتۆمبێل ھەیە، دووەمین شاری قەرەباڵەغە لە ھاتوچۆدا دوای تاران لە ئێراندا. ڕۆژانە زیاتر لە (٢٥٠٠٠٠) ئۆتۆمبێل لە شاردا ڕێدەکەن کە ئەم ژمارە زۆرە کوچە و کۆڵان و شەقامی شار ھەڵیناگرێت، زۆری ئاستەنگی ھاتوچۆ لە ناوەندی شار ڕوودەدات بەتایبەتی لە شەقامەکانی ئیمام و باکری و کاشانی و مەدەنی و مونتەزیری و مەتەری و تاڵقانی. زۆرترین ئاستەنگ بەھۆی ئەوەیە کە ئۆتۆمبێلی فەردی بەکاردەھێنرێت لەلایەن ھاوڵاتیانەوە، وە وەستانی دووبەرامبەری ئۆتۆمبێل ئەو ئاستەنگە دروست دەکات. وە زۆری دروست بوونی ئەو ئاستەنگە بەھۆی ئەوەیە کە فەرمانگەکان و شوێنە بازرگانی و پزیشکیەکان دەکەونە مەڵبەندی شارەوە. بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە شارەوانی ھەستاوە بە دانانی پلانێک کە لە چەند شەقامێکدا کە ئۆتۆمبێل بە تاک و جووت بچنە ناوەوە، وە دروست کردنی ڕێگای پیادە ڕێ، دروستکردنی پشتێنەیەک بەدەوری شاردا تاوەکو ئەوەی دەچێتە دەرەوەی شار بە ناو شاردا تێپەڕنەبێت، وە چارەسەری ئەم ئاستەنگە بەھۆی دانانی میترۆ و پاسەوە دەبێت تاوەکو زۆر ئۆتۆمبێل نەبرێتە ناو شار و دابەشکردنی خوێندنگە و کۆلیژەکان بە ھەموولایەکی شاردا، و دروست کردنی پرد و بەرزە پرد و ڕێگا یەکتر بڕەکان.[٤٧]

پەراوێزنشین

پەراوێزنشینەکان یەکێکن لە دژوارییەکانی ورمێ، کە ئیسلاماوا و زوراوایان بەناو کردون، ھەتا ئێستا (٢٥٠٠٠) کەسیان رێکخستووە لە ورمێدا بەپێی ماستەرپلانی پێنجەمی ورمێ، تەنھا لە (٧) مانگی ساڵی (٢٠١٤ز)دا شاری ورمێ زیادی کردووە بە پانتایی (٧٥٠) ھێکتار، ناوچەکانی ئیسلاماوا و حوسێناوا و حاجی پێرلۆ و عەلیاوا و وەکیلاوا و کوی لالەسالار و قەرەباغ و گوندەکانی ئەلواج و دیگالە لە پەراوێزنشینی ورمێن، لە باکووری ڕۆژاوای شاردا پەراوێزنشینەکان نزیکەی (١٥٠٠٠٠) کەس دەبن، ئەم پەراوێزنشینانە دەبنە ھۆی دروست بوونی پشێوی و کاری تاوانکاری لە شاردا و وێرانکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، کۆچکردن بەرەو شاری ورمێ لە زیاد بووندایە.[٤٨]

ناوچەکان

پەرەپێدانی شار

پێکھاتەی شاری ورمێ دابەشکرابوو بۆ سێ ناوچە لە کۆندا، چەقی شارەکە سەرەکیترین بەشی شارەکەیە، کە کۆنترین پێکھاتەی شارەکەیە، کۆنترین بازاڕ دەکەوێتە ئەم شوێنەی شارەوە. ھەرچەندە ئەم شارە تەمەنی چەند ھەزار ساڵێکە بەڵام تەمەنی گەڕەکە کۆنەکانی لە سەد ساڵ تێپەڕ ناکات. لە ھەمان کاتدا شاری ورمێ ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایە، شەقامەکانی باکری و خیام و عەسکەرئاباد بە ناوەندی شارەکەدا تێپەڕ دەبن، پێکھاتەی ناوەندی شارەکە بووەتە ھۆی ئەوەی کە چڕی دانیشتوان زۆر بێت. پێکھاتەی ئەندازیاری و بیناسازی ناوەندی شار لە پێکھاتە کۆنەکان پێکھاتووە. شێوەو نیشانەی شەقام و کۆڵانەکانی ئەم بەشەی شار ئەوە ئەدا دەکەن کە ناوەندی شارن، پێکھاتەی بەشی سێیەمی شار ئەوە دەردەخات کە لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران فراوان بووە و کۆچکردن زیادی کردووە بۆ شارەکە. وە زۆرێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان گۆڕدراون بۆ شوێنی نیشتەجێ لە باکووری ڕۆژاوا و باشوری شاری ورمێ.[٤٩]

ناوچەی شارەوانی

لەئێستادا شاری ورمێ دابەش کراوە بۆ چوار ناوچە لەلایەن شارەوانییەوە، بەڵام ڕووبەری شارەوانی ورمێ لە گەورەبووندایە و شارەوانی کارنامەی خۆی ھەیە بۆ فراوان بوون و گەورەبوونی ئەم شارە.

ناوچەی سەوز

(٧٠) پارک و باخچە لەم شارەدا ھەیە و کە (٦٥٠) ھێکتار لە زەوی ئەم شارە پێکدەھێنن. بۆ ھەر نەفەرێک (٨)مەتری چوارگۆشەی بەردەکەوێت لە سەوزای، بڕیاروایە کە ئەم ڕێژەیە بەرزبکرێتەوە بۆ (١٢)مەتری چوارگۆشە لە چوار ساڵی ئایندەدا.[٥٠]

گواستنەوە

دووری نێوان شاری ورمێ و ھەندێک شار و شارۆچکە و شارەدێی ئێران:

شار دووری نێوانیان
ئەھواز ۱۰٦٤ کم
ئیلام ۷٦٦ کم
بازەرگان ۳١٤ کم
بەندەر عەباس ۲۰۲٦ کم
تەورێز ۱۳۰ کم
تاران ۷۸۰ کم
زەنگان ٥۸۸ کم
ڕەشت ۹۱٤ کم
سێرۆ ٥۳ کم
سنە ٤٤٦ کم
کرماشان ٥۸۲ کم
کرمان ١٦٥٠ کم
مەشھەد ۱۸۰۱ کم
ھەمەدان ٦١۰ کم
بۆکان ۱۸٤ کم

فڕۆکەخانە

لە شاری ورمێ فڕۆکەخانەیەکی چالاکی نێودەوڵەتی ھەیە، فڕۆکەخانی ورمێ، گەشتی ئاسمانی ناوخۆی ھەیە بۆ تاران و مەشھەد، وە گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ وڵاتانی تورکیا و عەرەبستانی سعوودی و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان. کۆمپانیاکانی (ئاسمان و ئێران ئێر و ئاتا) بەر پرسیاری گەشتی ئاسمانین لە فڕۆکەخانەی ورمێ.[٥١]

ڕێگای ئاسن

پڕۆژەی دروست کردنی ڕێگای ئاسنی نێوان میاندواو و مەراغە و مەھاباد و نەغەدە و ورمێ بە درێژی (١٨٤کم) لە ساڵی (٢٠٠١ز)دا دەستی پێکرد. بڕیار وەھابوو کە لە ساڵی (٢٠١٣ز)دا تەواو ببێت بەڵام تەواو نەکراوە. بەم پلانە شاری ورمێ دەبەسترایەوە بە تۆڕی ڕێگای ئاسانی نیشتمانییەوە.[٥٢]

تێرمیناڵ (گەراج)

گەراجی شەوانە و ڕۆژانەی شەھید کامیلی لە ورمێ ڕۆژانە (١٧٠٠٠) گەشتیاری ھەیە لە ورمێوە بۆ شارەکان و بەپێچەوانەوە. بەھۆی نەبوونی شارەزای تایبەت بۆ دروست کردنی تێرمیناڵ، ئێستا لە دروستکردنی تێرمیناڵێکن بە ڕووبەری (١٨) ھێکتار لە سەر ڕێگای سێرۆ.[٥٣]

پاسی خێرا

بۆ کەم کردنەوەی ئاستەنگی ھاتوچۆ و ڕێکخستنی ھاتوچۆی ڕێگا سەرەکییەکانی شاری ورمێ، شارەوانی ورمێ سیستەمێکی ئۆتۆبوسی دانا. ئەم پڕۆژەیە لە تەمموزی ساڵی (٢٠١٣)دا دەستی پێکرد. ئەم سیستەمە لە ورمێ پێکھاتووە لە دوو ھێڵی ئۆتۆبوس. ھێڵی یەکەم بەدرێژی (١٣کم) و لە (١٤) وێستگە پێکھاتووە و لە شارەوانی ئیسارەوە بۆ مەیدانی خاتم ئەنبیا. ناوچەی (٢ و٣)ی شارەوانی پێکەوە گرێدەدات. ئەم ھێڵە لە (٥٤٪) دانیشتوانی شاری ورمێ لە خۆدەگرێت. ھێڵی دووەم لە شارەوانی بەھداری بۆ گۆڕەپانی شوھەدا دەروات.

تەکسی

شاری ورمێ زیاتر لە (٧٠٠٠) تەکسی ھەیە، ئەم ژمارەیە دەکاتە (٣٥٪) بەشی گواستنەوە لە شارەکەدا. لەم ژمارەیە (١٧٢٦) تەکسی چالاک ھەڵگری تابلۆی سوورن وە (٢٠٤٢) تەکسی ھەڵگری تابلۆی سپین و کە بەستراون بە سەندیکاکانەوە.[٥٤]

وەرزش

لۆگۆی یانەی فەرھەنگی و وەرزشی شاری ورمێ
ھۆڵی وەرزشی غادیر

گرنگترین شوێنی وەرزشی لە ورمێدا کۆمەڵگەی وەرزشی تەختییە دەکەوێتە شەقامی کاشانی، کە دوو یاریگای تۆپی پێی لێیە لەگەڵ تێنسی سەرزەوی و ھۆڵی لەش جوانی و بۆکسێن و نیشانەشکاندن و جۆدۆ و تایکواندۆ و جومناستیکی لێیە. ھۆڵی وەرزشی غادیری (٦٠٠٠)کەسی، کە دامەزراوە لە ساڵی (٢٠٠٧ز)دا کە شوێنێکی گرنگی وەرزشییە لە ورمێدا.

تۆپی پێ

لە ورمێدا تەنھا یەک تیمی تۆپی پێی ھەیە بەناوی بەرقی ورمێ لە یەکێتی تۆپی پێی ئێراندا، کە بەشداری دەکات لە ئاستی سێیەمدا.

بالە

لە ئێراندا ئابادان بە تۆپی پێ و مازندەران بە زۆرانبازی بەناوبانگن، ھەروەھا ورمێ لە یاری بالەدا بەناوبانگن. مێژووی ھاتنی یاری بالە بۆ ورمێ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی دوو موژدەبەری ئایینی ھاتنە ورمێ، خەڵکی ورمێ یاریان دەکرد لەگەڵ موژدەبەرەکاندا لە حەوشەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ساڵی (١٩١٦ز)دا و ئەوان ئەم وەرزشەیان پێ ئاشناکردن و وەرزشی کۆنی خۆیان لە یاد بکەن و خۆیان بدەنە یاری بالە. تیمی ورمێ لە ساڵی (١٩٤٠ز)دا بەشداری یاری بالەی کرد. لە ئێستادا بە ورمێ دەوترێت ناوەندی بالەی ئێران یان پایتەختی بالەی ئاسیا. پاڵەوانی جامی یەکێتی بالەی ئاسیای ساڵی (١٠١٠ز) لە ھۆڵی غادیر لە ورمێ بەڕێوە چوو.[٥٥]

فستیڤاڵی جامی جیھانی تەمموز

جامی تەمووزی ھەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێت لە ھاویندا لە ورمێ بە بەشداری کردنی یاریزانان لە ئێران و کەمایەتی ئاشووری لە سوریا و عێراق.

ناوەندی تەندروستی

کارکردنی جۆسێف کارکران لە نەخۆشخانەی ورمێ لە ساڵی ١٨٩٠ز
د.جۆسێف کاکران لە نەخۆشخانەی وێست مینیستەر لە ورمێ
  • یەکەمین نەخۆشخانەی سەردەمیانە لە ورمێ دامەزرا لە ساڵی (١٩٢١ز) لەلایەن (جۆزێف کاکران) کە ئەندامی موژدەبەری ئەمریکی بوو. لەم نەخۆشخانەدا خزمەتی پزیشکی زیادی کرد، ھەروەھا فێرکردنی تیادا دەکرا. دوای ئەوە موژدەبەری خوشکانی میھرەبان لە ساڵی (١٩٢٥ز)دا دەرمانخانەیان دامەزراند لە ورمێ، پاش ماوەیەکی کەم خاچی سووری نێودەوڵەتی لە ورمێ بە پشتیوانی (عەلی ئەکبەری درەخشانی) کە ئامادەی دەکرد و بووە ھۆی ڕۆشنکردنەوەی ئەقڵی خەڵکەکە. سەرەتای دەست پێکردنی نەخۆشخانەکە بە سەرمایەی چوار ڕیاڵ بوو کە (ئاتەتوڵا موجتەھیدی عەرەب باغی) سەرفی کرد وە یارمەتی زۆری خەڵکی دەدا، بەماوەیەکی کەم نەخۆشخانە دروست کرا و بووە ناوەندێکی تەندروستی بۆ ناوچەکە و گوندەکانی دەوروبەری، ئەمە یەکەم نەخۆشخانەی دەوڵەتی ئێران بوو لە ناوچەکەدا. ھەتاوەکوو ئەوکاتە تاکە نەخۆشخانە بوو کە بەشێک بوو لە موژدەبەری ئایینی ئەمریکی، کە ئەرکی سەرەکی ڕاگەیاندنی ئاینی بوو. دامەزراندنی نەخۆشخانە کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو لەسەر خەڵک و بووە ھۆی ئەوەی ئەوان یارمەتی یەکتر بدەن. نەخۆشخانەی سۆڤێت لقێکی دامەزرا لە ورمێ لە ساڵی (١٩٤٣ز)دا.[٥٦]
  • لە ساڵی (٢٠٠٨ز)دا سەرژمێری بۆ قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکانی ورمێ کرا کە ژمارەیان (١٦١٢) قەرەوێڵە بوو کە لەو ژمارەیە (٩٦٦) قەرەوێڵە لە نەخۆشخانەی گشتیدا بوو، وە (٣٨٤) قەرەوێڵەی لە نەخۆشخانەی تەموینی کۆمەڵایەتیدا بوو، وە (٢٦٢) قەرەوێڵەی لە نەخۆشخانەی تایبەتدا بوو. شاری ورمێ بە سێیەم مەڵبەندی چاندنی مۆخی ئێسک دێت لە ئێراندا و تاکە ناوەندی چاندنی مۆخی ئێسکە لە باکووری ڕۆژاوای ئێراندا. ھەروەھا لەساڵی (٢٠٠٨ز)دا لە ورمێ (٥٧) تاقیگەی پزیشکی و (٩٨) دەرمانخانە و (٢٦) ناوەندی تیشک و (١٥) ناوەندی بایەخپێدانەوەی نەخۆشی دەروونی و دەماری.
  • نەخۆشخانەی شەھید عارفیان(سوپای پاسداران)، نەخۆشخانەی ڕازی(زانکۆ)، نەخۆشخانەی سۆڵەتی(تایبەت)، نەخۆشخانەی شیفا(تایبەت)، نەخۆشخانەی شەھید مەتەری(زانکۆ)، نەخۆشخانەی سوپای ٥٢٣(سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران)، ناوەندی پزیشکی ئیمام خومەینی(زانکۆ)، نەخۆشخانەی ئازەربایجان(تایبەت)، نەخۆشخانەی ئایتوڵا تاڵقانی(زانکۆ)، نەخۆشخانەی شەھید دکتۆر قەلیپور(زانکۆ)، نەخۆشخانەی سەید شوھەدا(زانکۆ)، نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا(تەموینی کۆمەڵایەتی) ئەمانە ناوەندی پزیشکی ورمێن.[٥٧]

ڕاگەیاندن(میدیا)

وەشان

ڕایەڵەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە ورمێ وەک یەکەمین ڕایەڵەی ناوخۆیی ئێران لە ساڵی (١٩٦٨ز)دا دەستی بە کاری خۆی کرد. کارکردنی ئەم رایەڵەیە ڕۆژانە (٣) کاتژمێر بوو تاوەکو ساڵی (١٩٧٢ز)، دواتر کارکردنی گەشتە (٧) کاتژمێر لە ڕۆژێکدا. بەدانانی وێستگەی بەھێزکردنی شەپۆلەکان لە میاندواو و سێرۆ جگەلە پارێزگای ورمێ، شەپۆلەکانی ئەم ڕایەڵەیە دەگەشتە تورکیا و پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات.

بڵاوکراوە

یەکەم گۆڤاری ناوخۆیی کە بڵاوکرابێتەوە لە شاری ورمێ، بەزمانی ئاشووری بڵاوکراوەتەوە بەناوی گۆڤاری (زاھیر یرادی باھرە) کە واتای تیشکی ڕووناکی، کە بڵاوکرایەوە لەلایەن (جەستن پرکینزی ئەمریکی) لە ساڵی (١٨٦٥ز)دا. ئەم گۆڤارە دووەم بڵاوکراوە بوو لە ئێراندا دوای بڵاوکراوەی کاغز ئەلئەخبار، لە ساڵی (١٩٠٧ز) ھەتاوەکوو سەردەمی شۆڕشی دەستووری ئێران لە ورمێ نزیکی (١٠٠) بڵاوکراوە دەردەچوون، لە سەردەمی شۆڕشی دەستووری ئێران لە ورمێ گۆڤاری فریاد دەردەچوو کە سەرنووسەرەکەی (میرزا حەبیبی ئاغازادە) و خاوەنی ئیمتیاز (مەحمود غەنی زادە) بوون کە بە ھەردوو زمانی فارسی و ئازەربایجانی دەردەچوو کە بۆ وریا کردنەوە و ڕۆشنبیرکردنی خەڵک و پشتگیریکردنی شۆڕشی دەستووری ئێران بوو. کوردانی دانیشتووی ئازەربایجانی ڕۆژاوا لەم سەردەمەدا چەندین بڵاوکراوەیان بڵاودەکردەوە کە گرنگترینیان گۆڤاری کوردستان بوو کە لە نێوان ساڵەکانی (١٩١٢ - ١٩١٤) بڵاودەکرایەوە کە خاوەنی ئیمتیازی گۆڤارەکە عەبدولڕەزاق بەدرخان بوو وە بڕێوەبەرەکەشی سمکۆی شکاک بوو، کە بەزمانی کوردی و زمانی ئازەربایجانی دەردەچوو. کاتێک سمکۆ لە ساڵی (١٩١٩ز)دا ورمێی ڕزگارکرد، شایانی باسە شاری ورمێ ماوەی (چوار ساڵ) لەژێر دەسەلاتی کورددا بوو. لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا کە ورمێ بەدەست کوردەوە بوو، رۆژنامەیەکی کوردی بەنێوی رۆژی کورد و شەوی عەجەم بڵاودەکرایەوە کە سەرنووسەرەکەی ناوی (محەممەدی تورجانیزادە) بوو. لە ژێر چاودێری پۆلیس و خەفاندنی رادەربڕیندا لە سەردەمی پەھلەیدا لە ورمێ چوار بڵاوکراوە دەردەچوون، پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران بڵاوکراوەکان کاریان دەکرد و پشتگیری سۆڕشیان دەکرد ھەتاوەکوو ئێستا دوو لەو بڵاوکراوانە بەردەوامیان ھەیە لە کارکردن. یەکەمین ڕۆژنامە لە ورمێدا دەردەچێت بەزمانی فارسی بە ناوی (ئازاری ئازەربایجان) لە ساڵی (٢٠١١ز)ەوە.[٥٨]

گەشتیاری

تەلار

لە ورمێ چەندەھا تەلاری مێژووی ھەیە. وەکوو بینای پۆلیسی ورمێیە، کۆشکی سێ گومەز(سە گنبد)، مۆزەخانەی ورمێ، یەخچاڵی نۆ پلە، پردی باراندوز، خانی ورمێ(کاروان سەرا)، بازاڕی کۆنی ورمێ، گەرماوی مەلا، تەلاری زانکۆی جیھاد، تەلاری شارەوانی ورمێ .... چەندانی تر.[٥٩]

مزگەوتەکان

لە ورمێدا چەند مزگەوتێکی دێرین ھەیە، مزگەوتی گەورەی ورمێ کە لەسەر کەلاوەکانی پەرستگای ئاگرپەرستەکان دروست کراوە لە سەدەی (١٣ز)دا لە لایەن (ئیلیخانییەکان)ەوە کە سەر بە مەغۆلەکان بوون پاش ئەوەی بوون بە ئیسلام، مزگەوتی سەردار، مزگەوتی منارە، مزگەوتی سەید شوھەدا، وە چەندان مزگەوتی دێرین لە شاری ورمێدا.

دێر(کڵێسا)

زۆرینەی کڵێساکانی ورمێ پەیوەستن بە ئاشووریەکانەوە، ھەرچەندە کڵێسای پەیوەست بە ئەرمەنییەکانیشی لێییە. ئەمەش دێرە گرنگەکانی ورمێیە، کڵێسای نەنە مەریەم، کڵێسای ماریوخەنە، کڵێسای حەزرەتی مەریەم.[٦٠]

خانەکان

کۆنترین خان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قاجاڕەکان کە وەک ناوچەیەکی گەشتیاری ورمێ دەژمێردرێن، کە ئەم خانانەن، خانی جەنەراڵ، خانی ئەنساری، خانی ئیتیحادی، خانی دیزج سیاوەش کە تۆمارکراوە لە لیستی شوێنە دێرینەکانی نەتەوەی ئێراندا.

دەروازەکان

شاری ورمێ کە لە کۆندا شوێنێکی ستراتیجی ھەبووە و ھەشت دەرگای ھەبووە، کەلەژێر دەستی سوپادا بوون، ئەمەش ناوی دەروازەکان، دەروازەی باڵو یا سەڵماس، دەروازەی تۆپراق قەڵا، دەروازەی سویق بوڵاق یا ھەزاران یا گازوران، دەروازەی بازاڕباش، دەروازەی ئارک، دەروازەی یوردشا، دەروازەی نۆچرینۆ.[٦١]

میوانخانەکان

لە ناوەندی نیشتەجێ بوونی ورمێدا ئەم چەند ھۆتێلە گرنگە ھەیە:

ناو پلە (ژمارەی ئەستێرە) ژمارەی ژوور
ئانا ٥ ۲۰۰
دەنیز ٥ ٥٤
ساحل ٤ ۷۰
پارک ٤ ٧٥
جیھانگردی ٤ ٧٤
دەریا ۳ ٤٥
مرواری ۳ ٣٤
ئاریا ۳ ۳۷
ئازران ۲ -
خورەم ۲ -
رەزا ۲ -
جیھانگردی فانۆس ۲ -
ئارگ ۱ -
تک ستارە ۱ -

خواردەمەنی خۆماڵی

خواردنی خۆماڵی ورمێ خۆی دەبینێتەوە لە چەندەھا خواردندا بە ھۆی تێکەڵ بوونی کلتورەکان کە لەم شارەدا جەند نەتەوەیەکی جیاوازی تیادایە و شارێکی سنورییە ئەمەش چەند نمونەیەکی خواردنەکان، یاپراخی گەڵامێو، کفتە، یەتمیچە، کەشک، دۆخوا(دۆکوڵیو)، چێشتی ئاماج.

شیرینی

نوقوڵ گرنگترین شیرینی شاری ورمێیە کە لەم جۆرانە پێکھاتووە: شابی، گوێزی، زەعفەرانی، بستەیی، بادامی. ھەروەھا نوقوڵی شابی بەناوبانگترین نوقوڵی ورمێیە، نوقوڵی شابی کە بە ئاوی شابی دروست دەکرێت لە ورمێ، وە ئاوی یا عارەقی ڕیحانۆکە دروست دەکرێت و دەکرێتە شەربەت لە ورمێ، حەڵوای گوێز و گوێزەر دروست دەکرێت کە یەکێکە لە شیرینییە تایبەتەکانی ورمێ.[٦٢]

ئیشی دەست

ئیشی دەستی دار و وردەکاری و ناسک و جوانکاری دار یەکێکە لە کارە جوانەکانی شاری ورمێ لە دارتاشیدا.[٦٣]

پەیوەندی نێونەتەوەیی

دەستە خوشک

ترابزۆن دەستە خوشکی ورمێ
ڤارنا دەستە خوشکی ورمێ
ئەرزیڕۆم دەستە خوشکی ورمێ

شاری ورمێ دەستە خوشکی سێ شارە لە جیھاندا ئەوانیش ئەمانەن:

ناوی وڵات دەستە خوشک
 تورکیا تورکیا ترابزۆن
 بولگاریا بولگاریا ڤارنا
 تورکیا تورکیا ئەرزیڕۆم

ئەمانەش ببینە

سەرچاوەکان

  1. ^ Kurdistan Regional Government. KRG.
  2. ^ "Orumiyeh (Iran)". Encyclopedia Britannica. 
  3. ^ http://www.encyclopedia.com/doc/1E1-Urmia.html
  4. ^ ی ا "Assyrians in the History of Urmia, Iran". 
  5. ^ E. J. Brill's First Encyclopaedia of Islam, 1913–1936, M. Th Houtsma, p. 1035, 1987
  6. ^ Richard Nelson Frye, The history of ancient Iran, München (1984), 48–49
  7. ^ Sykes، Percy (1921). A History of Persia. London: Macmillan and Company. پەڕە 67. 
  8. ^ Gibb, Kramers, Lewis، Hamilton Alexander Rosskeen, Johannes Hendrik, Bernard (1992). The Encyclopaedia of Islam : New Edition Vol. 7 (Encyclopaedia of Islam New Edition). پەڕە 1032. 
  9. ^ Carl Skutsch (2013). Encyclopedia of the World's Minorities. Routledge. پەڕە 149. ISBN 978-1-135-19388-1. 
  10. ^ ی ا URMIYA, Encyclopaedia of Islam
  11. ^ «تاریخ غزھا (ترکمن‌ھا)»، فاروق سومر، مترجم وھاب ولی، پژوھشگاە علوم انسانی و مطالعات فرھنگی، 1390، 122-123
  12. ^ https://web.archive.org/web/20140407133829/http://isbndb.com/d/book/encyclopaedia_iranica_a48/similar.html
  13. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٢٧ی نیسانی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢٧ی نیسانی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  14. ^ https://iranicaonline.org/articles/dimdim
  15. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو" (PDF). ئەرشیڤ کراوە (PDF) لە ئەسڵدا لە ٢٣ی نیسانی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢٣ی نیسانی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  16. ^ https://web.archive.org/web/20090913224525/http://www.standardkurd.net/Direje.aspx?Cor=Twejinewe&Jimare=251
  17. ^ https://web.archive.org/web/20100810092703/http://www.pertwk.com/ktebxane/node/1297
  18. ^ https://psri.ir/?id=ixxmziuz
  19. ^ http://www.araznews.ir/
  20. ^ http://urmia.ir/منوی-اصلی/شھر-ارومیھ/محیط-زیست
  21. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  22. ^ http://urmia.5rah.com/ostan/
  23. ^ "World Weather Information Service – Orumiyeh". 
  24. ^ http://nedayeurmia.ir/index.aspx?siteid=8&pageid=265&newsview=108313
  25. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ٨ی نیسانی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٨ی نیسانی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  26. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣. لە ڕێکەوتی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ ھێنراوە. 
  27. ^ http://kurdtoday.ir/component/content/article/84-مقاله/365-زبان-کردی،تنها-یادگار-تمدن-ماد-کاوه-امجدی
  28. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ٢٧ی نیسانی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢٧ی نیسانی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  29. ^ https://urmia.ir/7
  30. ^ http://lib.eshia.ir/23019/1/3588/
  31. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو" (PDF). ئەرشیڤ کراوە (PDF) لە ئەسڵدا لە ٢٣ی نیسانی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢٣ی نیسانی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  32. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ٢٣ی نیسانی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢٣ی نیسانی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  33. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  34. ^ http://ir-a.ir/مطالعات-مجموعھ-تفریحی-فرھنگی-ارومیھ/
  35. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  36. ^ http://www.khabarkhani.com/اخبار+علمی+و+پزشکی/165322/ایران-شھر-دریاچھ-دریاچھ+ارومیھ
  37. ^ http://iranshahr.org/?p=13481
  38. ^ https://iranicaonline.org/articles/aseq-in-azerbaijan-both-in-iran-and-azerbaijan-ssr-a-poet-and-minstrel-who-accompanies-his-singing-on-a-long-necked-fre
  39. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٨ی نیسانی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٨ی نیسانی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  40. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ٨ی نیسانی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٨ی نیسانی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  41. ^ http://www7.es.irna.ir/fa/News/80936946/فرهنگی/18_هزار_نفر_در_کتابخانه_های_عمومی_ارومیه_عضویت_دارند
  42. ^ http://urmia.ir/صفحە اصلی
  43. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  44. ^ https://www.webcitation.org/mainframe.php
  45. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ٨ی نیسانی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٨ی نیسانی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  46. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣. لە ڕێکەوتی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ ھێنراوە. 
  47. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  48. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  49. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو" (PDF). ئەرشیڤ کراوە (PDF) لە ئەسڵدا لە ٢٣ی نیسانی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢٣ی نیسانی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  50. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣. لە ڕێکەوتی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ ھێنراوە. 
  51. ^ http://urmia.airport.ir/HomePage.aspx?TabID=8319&Site=urmia.airport&Lang=fa-IR
  52. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ٨ی نیسانی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٨ی نیسانی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  53. ^ https://www.webcitation.org/6Lt6su1vy
  54. ^ https://www.webcitation.org/6Lt7Gy5Nk
  55. ^ https://www.webcitation.org/6Lt7JH8hK
  56. ^ http://www.ostan-ag.gov.ir/portals/0/amar/amar87/amarhtm/fasl16/f16p1.htm
  57. ^ https://www.webcitation.org/6P3Z9z6yE
  58. ^ https://www.webcitation.org/6Lt7Lhxlt
  59. ^ http://iranshahr.org/?p=13481
  60. ^ https://www.mehrnews.com/news/2021329/
  61. ^ http://urmia.ir/منوی-اصلی/اخبار/ArtMID/438/ArticleID/409/نائب-رییس-شورای-اسلامی-شھر-ارومیھ-ھشت-دروازھ-شھر-با-تلفیقی-از-ھنر-معماری-قدیم-و-معاصر-احداث-می-شود
  62. ^ https://www.webcitation.org/6Lt7SGSKO
  63. ^ https://www.webcitation.org/6Lt7PcRIS