ڕاپەڕین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕاپەڕین
Destroyed tank 1991 uprising Iraq.jpg
بەشێکە لەتێکھەڵچوونی نێوان عێراق و کوردەکان
جێعێراق
کاتی ڕوودان١ی کانوونی دووەمی ١٩٩١
ڕاپەڕینی ٥ ی ٣ ی ١٩٩١ لە ڕانیە دەستی پێکرد.وێنەکەش ناو بازاڕی ڕانیە ـ بەردەم مزگەوتی گەورە.(قەمسەڵە شینەکە کە پشتی لە کامێرایە، ناوی کەریم هەولێری فیتەرە، قەمسەڵە ڕەشەکەی کەوتۆتە چەپی وێنەکە و جەمەدانەی سوری لەسەردایە "عومەری قەسسابە)

ڕاپەڕینی ١٩٩١ یان ڕاپەڕینە مەزنەکە ناسراو بە ڕاپەڕین بریتیی بوو لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی باشووری کوردستان لەدژی ڕژێمی بەعس بەپاڵپشتی ھێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی کە ئەوکات یاخیی بووبوون لەڕژێم و لەچیاکانی کوردستاندا دژ بەڕژێم ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەنجام دەدا. ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیەوە دەستی پێ کرد و تا ٢١ی ئازاری ١٩٩١ لەپاش ئازادکردنی کەرکووک کۆتایی ھات کە بەو شێوەیە دام و دەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە باشووری کوردستان کرانە دەرەوە و سەرجەم ھێز و سەربازەکانیان کوژران و ڕاونران. کۆمەڵکوژیی پردێ بەهۆی ئەم ڕاپەڕینانەوە ڕوویدا. چەند ڕۆژێک پاش ڕاپەڕین، وەک وەڵامێک حکوومەتی بەعسی عێراق بەسووپایەکی بێشوومارەوە ھێرشی کردەوە سەر کوردستان و کۆڕەوی خەڵکی کوردستان دەستی پێ کرد ، کە تێیدا خەڵکی کوردستان ئاوارەبوون بەرەو سنووری وڵاتە ھاوسێکانی عێراق(ئێران و تورکیا و سووریا) کە دوایی ناونرا کۆڕەوە مەزنەکە یان کۆڕەوە ملیۆنییەکەی ساڵی ١٩٩١.

دەستپێکی ڕاپەڕین[دەستکاری]

ئەگەرچی ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە ڕانیەوە، کە ناسراوە بە دەروازەی ڕاپەڕین، دەستی پێ کرد بەڵام لە ٣ی ئازاری ١٩٩١دا بۆ یەکەم جار وەکو دەستپێکی راپەرین لە ئۆردوگای خەباتی ھەولێر شەڕێک لە نێوان پشدەرییەکان و بنکەی پۆلیس ڕویدا، دەرەنجام ھەڵیان کوتایە سەر پۆلیس و دەستیان بەسەردا گرت. رژێم ھێرشی کردنە سەر و سەرکووتی کردن و محمد فاروق و بەخیاری لێ کوشتن و دوو کەسیشی لێ زامدارکردن، دووکەسیش لە چەکدارانی ھەرکی ویەکێکیش لە رژێم کوژرا. وێڕای چەند زامدارێک، چەکدارانی ھەرکیش سێ کەسیان لە پشدەرییەکان بەدیل گرتن، پاشان رێکەوتن لە نێوان رژێم و جەماوەردا کرا و دام و دەزگاکانی گەرانەوە ئەوێ تاراپەرین لە وێش بەرپابوو، ھاوکات ھەمان ڕۆژ راپەرین لە بەسراش سەری ھەلدا.

بەڵام لە ٥ی ئازاری ١٩٩١دا ڕاپەرینی گەلی کورد لە شاری ڕانیە لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی بە فەرمی دەستی پێ کرد، لە ھەموولا داڕژانە سەر کوچە و کۆلان و شەقامەکان، لە ڕادیۆکان و بڵندگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھاندا بۆ ڕاپەڕین. پاشان جەماوەر ھەڵیان کوتایە سەر دام ودەزگاکانی حکوومەت، بۆ سەعات ٣ ی سەرلەئێوارە سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاک کرایەوە، ھەمان ڕۆژ چوارقووڕنە و حاجیاوا و دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازاد کران جگە لە تیپی ٤٤ی چواڕقووڕنە ٥٠ کەس لە رژێم و ١٠ کەسیش لە ھاولاتیان کوژران، ژمارەیەکی زۆر لە ڕژێم گیران، بۆیە ئەمڕۆژە لە مێژووی کورد بە رۆژی ڕاپەرین و ڕانیەش بە دەروازەی ڕاپەڕین دادەنرێت، ئەگەرچی لەلایەن لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بڕیار بوو ٧ی ئازار دەست بەراپەرین بکرێت، وەلێ جەماوەر زوو گڕی گرت و ڕاپەرینی بەرپاکرد[١]

ڕۆژژمێری ڕاپەڕین[دەستکاری]

لەبازیان یەک و دوو و دەشتی بتوێن و دەشتی پشدەر[دەستکاری]

لە ٦ی ئازاری ١٩٩١ ناوچەی بازیانی یەک و دوو و ناوچەی ناو دەشتی پشدەر ئازاد کرا، بە جۆری کە لە بازیان لە کاژمێر ٤ی ئێوارە ھەڵیان کوتایە سەردام و دەزگاکانی ئەوێ و ھەر زوو سەرکوتیان کردن، لە پشدەریش سەربازگە و پادگاکانی ڕژێم لە نێوان پێشمەرگەی سەرەوە و جەماوەری خوارەوە دەورەدران و ھەر زوو گیران، تەنھا فەوجی قادراوای پشت سەنگەسەر نەبێ کە شەڕی مان و نەمانیان کرد و بووە ھۆی قوربانیدانی چەندان پێشمەرگە و ھاولاتی و کوژرانی دەیان سەرباز و گیرانی فەوجەکە. لە لایەکی ترەوە، ھەمان ڕۆژ لە بیتوێن تیپی ٤٤ی چواڕقوڕنە لە چوارقوڕنە لە سێ لا دەورە درا و ھەر زوو کۆنتڕۆلکراو دواتر پایەگاکانی سەر کلکەی کۆڵین و حاجیلە و بەرزایەکانی دۆڵە ڕەقە بێ شەڕ دابەزینە خوارەوە و تەسلیم بە گەل بوون، تەنھا لە تیپی چوارقوڕنە چەند شەھیدێک و کوژراوی ڕژێم ھەبوون. ڕژێم لیوایەکی لە کۆێ ھێنا گردجان بۆ پاڵپشتی تیپی چوارقوڕنە و بە تۆپ و خومپارە کەوتە وێزەی ھاوڵاتیانی ناوچەکە. ھەر ھەمان ڕۆژ ئەوێش گیرا و چەند سەرباز و ڕائیدێکی لی کوژران.

لە سلێمانی[دەستکاری]

دەستبەسەراگرتنی ئەمنە سوورەکەی سلێمانی لەلایەن جەماوەر و ھێزی پێشمەرگەوە و پاککردنەوەی لە پیاوانی ڕژێم و سەربازان.

لە ٧ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری شاری سلێمانی ڕاپەڕی و ھەر زوو ھەڵیان کوتایە سەر بنکەی حامیەیی پۆلیس و سەرا و ئازادیان کرد، ھەروەھا بۆ بەیانیی ٨ی ئازار قەڵای ئەمنە سوورەکەی سلێمانی و سەر بازگەی سەلام و پادگاکانی سەر چیای ئەزمەڕیان کۆنتڕۆل کرد بەجۆری بە ھەزاران سەرباز خۆیاندا بەسدەستەوە و پارێزگاری سلێمانی و دەیان پلەدار و پیاوانی ڕژێم کوژران.

لە چەمچەماڵ و ھەڵەبجە و عەربەت و زەڕایەن و سمود و نەسڕ و باریکە و پیرەمەگروون و ئەلڵایی[دەستکاری]

لەی ٨ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕین لە چەمچەماڵ و ھەڵەبجە و عەربەت و ئۆردوگاکانی زەڕایەن و سمود و نەسڕ و باریەکە و پیرەمەگروون و ئەلڵایی دەستی پێکرد و سەرجەم ئەو ناوچانە و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی و کەرکووک و بەعقووبە کۆنتڕۆل کران بە خوێنی چەندان شەھید و کوژرانی چەندان کەس لە پیاوانی رژێم. ھەر ئەو ڕۆژەش سەرجەم ڕەبییەکانی پشتاوی سەر مامەندە و قەڵادزێ دابەزینە خوارەوە و بێ کوشتار خۆیان بەدەست گەل دا. لەلایەکی ترەوە، قەڵای سووسێی ڕژێم گیرا و بەرەو دوکان چوون و لەلای دۆڵی خەلەکانیش پێشمەرگە و جەماوەر ھەر بەرەو بەنداوی دوکان دەھاتن بۆیە بۆ ئێوارە ئەم ناوچەیەش بەتەواوی کۆنتڕۆل کرا.

لە کۆیە و شەقڵاوە و کفری و خورماتوو[دەستکاری]

لە ٩ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری شاری شەقڵاوە و کۆیەش ڕاپەڕین، ئەگەر چی سوپایەکی زۆر لە ھەیبەت سووڵتان ھەبوو و لە ٨ی ئازاردا چەند لیوایەکی زرێپۆشی زیادی ھێنایە ئەوێ و لەھەوا و لەزەمین بەرگریەکی باشییان لە خۆکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی ناو کۆیە ئازاد کرا، دواتر لەھەموو لا ھەیبەت سوڵتان دەورەدرا و کۆنتڕۆڵ کرا و سوپاکەی گیران. وێڕای ئەوەی کەناوچەی شەقڵاوەش ئازاد کراو، بۆ ئێوارەش کاتژمێر ٤ی سەرلەئێوارە لە ئۆردوگای زۆرەملێی باسرمە ھەڵیان کوتایە سەر بنکەی پۆلیس و ئەوێش بۆ بەیانی پاککرایەوە. لە لایەکی ترەوە لەلای کفری ڕاپەرین لە ھەمان ڕۆژ سەری ھەڵدا کە بوە ھۆی ئازادکردنی کفری و باوەنور و بەرزاییەکانی. دوای بەدوای شاری کفریش. گەلی کورد لە شاری[ خورماتوو] ڕاپەڕینیان ئەنجامدا لە ماوەیەکی کەمدا توانیان شارەکه لە ڕژێمی بەعس ئازاد بکەن .

لە مەسیف و تەقتەق و ڕەواندوز قەرەھەنجیر و ئاغجەلەر و ھەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلک و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور[دەستکاری]

لە ١٠ی ئازاری ١٩٩١، جەماوەری مەسیف و تەقتەق و ڕەواندوز قەرەھەنجیر و ئاغجەلەر و ھەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلک و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور و سەرجەم ئەو ناوچانە ڕاپەڕین و لەچەند کاتژمێرێکدا ئازادیان کردن، بەجۆرێ کاتژمێر ١ی دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە سەرەتا کۆڕێ گیراو پاشان مەسیف ئازادکرا و لەسەعات ١٢ی نیوەڕۆ ھەریر و باتاس ڕاپەڕین و سپیلک و دۆلی بیاو و بێخمە ئازاد کران، لەکۆیە لەھەمان ڕۆژ جەماوەر و پێشمەرگە بەرەو تەق تەق پێشڕەوی کرد و خەلکی ئەوێش لەم ڕۆژەدا راپەڕین و ئازادیان کرد، ھەر ئەورۆژەش ئۆردوگای بەستۆرەش ئازاد کرا، کەبەدەیان کەس لەوناوچانە لەپیاوانی ڕژێم کوژران و چەندان پێشمەرگە و ھاوڵاتیانیش شەھید بوون، بۆ وێنە لە شەقلاوە ٣ پێشمەرگە کوژران.

لە ھەولێر[دەستکاری]

لە ١١ی ئازاری ١٩٩١دا، جەماوەری شاری ھەولێر ھەر لە سپێدەی بەیانییەوە لەگەڕەکەکانی "شۆڕش" و "مەلایان" و "برایەتیی سەرەوە" خلۆر بوونەوە خوارەوە بەرەو بارەگاکانی ڕژێم و لەکاتژمێر ٩ی بەیانی سەرجەم جەماوەر و گەڕەکەکان ڕژانە سەر شەقام و کوچە و کۆڵانەکان و بەیەک دەست دا ڕژانە سەر سەرجەم بارەگا و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێم، نەخاسمە دائیرەی ئەمن و جەیشی شەعبی و ئەمنی تەواری و مەنزومەی شیمالی و بنکەکانی پۆلیس و ھتد. کەتا ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە کۆنتڕۆل کران، تەنھا لەدایەرەی ئەمن و مەنزومەی شیمالی بەرگریەکی سەخت یان کرد، بۆیە کوژراوێکی زۆریان لێکەوت و ھەندێک لەوانەی لەوێ گیران لەلایەن خەشمی جەماوەر گوللە باران کران. ھاوکات لەھەمان ڕۆژ راپەرین لەسەرجەم ئۆردوگاو ناوچەکانی دەوربەری ھەولێریش گڕی گرتبوو، بۆ وێنە لەلای سەرەوە ھێزی پێشمەرگە و جەماوەر پێ بە پێ لە دێگەڵە ڕا پێداھات کەھەموو بان و بەزراییەکانی سوپا و پادگاکانی رژێمی پاککردەوە تادەگاتە کەسنەزان، بۆیە کەسنەزان و بنەسڵاوە بەبێ شەڕ تەسلیم بوون و لەدارەتووش بەنیو کاژێر ناوەندی پۆلیس گیرا. لەوێ شەھید درا و ڕژێمیش کوژراوی ھەبوو، ئۆردوگاکانی قوشتەپە و شاوێس و پیرزین و مەلا ئۆمەریش ھەر زوو ئازاد کران، پاشان ھاوکات ئۆردوگاکانی جدیدەو تۆبزاواش ڕاپەڕین و دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ ئازاد کران بەخوێنی چەند ھاووڵاتییەک و کوژرانی زۆرێک لەپیاوانی ڕژێم و لەھەمان کاتدا ئۆردوگای خەبات ھەڵیان کوتایە سەر بازگەی ئاسکی کەلەک و ھەر زوو کۆنتڕۆلی کرد و دواتر ئۆردوگاکانی کەورگۆسک و بەحرکە و بەرحوشتر. پشتاوبوون بێ شەڕ ئازادکران و سوپای ناوچەکە خۆیان بەدەستەوە دا، لەلایەکی ترەوە بۆ ئێوارەی ھەمان ڕۆژ فەیلەقی ٥ی سەربازگەی ھەولێر کۆنتڕۆل کرا. بۆبەیانیی ١٢ی ئازار پادگاکانی سەر بەرزاییەکانی ڕەشکین و کانی قڕژالە و ڕێی گوێر و مەخموور گیران و خۆیان تەسلیمی گەل کرد و بەدەیان ھەزار سەربازیش لەوانەی پارێزگاری ھەولێر و سەربازگەکانی سەر و کەشۆڕ دەبونەوە وبەرەو موسڵ و کەرکوک دەچوون بێ ئەوەی لەلایەن خەڵک و پێشمەرگە بگیرێن و بکوژرێن بەلکو نان دەدران.

لە جەلەولا و مەخموور و ئاکرێ و خانەقین و شێخان[دەستکاری]

لە ١٢ی ئازاری ١٩٩١دا، جەماوەری جەلەولا ڕاپەرین تا ئێوارە ناو شاری جەلەولا و دەوروبەریان ئازاد کرد. بەڵام دواتر ڕژێم لەھەوا و لەزەمین بەچەکی قوورس تۆپبارانی کردن، بۆیە چەندان ھاولاتی لەوێ شەھید بوون و ڕژێمیش زیانێکی زۆری ماددی و مەعنەویی لێکەوت. لەلایەکی ترەوە ھەر ھەمان ڕۆژ قەزای مەخمووریش لەخواروی ھەولێر ئازاد کرا و لەڕێگای مووسڵیش لافاوی جەماوەر لەزێی کەلەک پەڕیەوە بادینان. بۆیە ھەر ئەو ڕۆژە ئاکرێ و ناحیەی بجیل و سورچیایەتی و بەردەرەش و دینارەتی زێبار تادەگاتە شێخان و سەرزێی خازر ئازادکران و ھەمان ڕۆژیش خانەقین ئازاد کرا.

لە زاخۆ و پردێ و جەبارە و کۆڵەجۆ[دەستکاری]

لە ١٣ی ئازاری ١٩٩١دا، لەوسەری سنوورەوە جەماوەری زاخۆ و دەروبەری ڕاپەڕین. سەرەنجام ناو شاری زاخۆ و کۆمەڵگای ھیزاوە و دەرکار عەجەم ئازاد کران و راپەرین گەیشتە دەشتی سلێڤان و چیای بێ خێر و ژوێ ھاتنە ئازاد کرن و پشتی ھەنگی رەخێ سۆرا لەسنووری کەرکووک شارۆچکەی پردێ ئازاد کرا و لەگەرمیانیش کەلار و ناحیەی جەبارە و کوڵەجۆ ئازاد کران.

لە دھۆک[دەستکاری]

لە ١٤ی ئازاری ١٩٩١دا، لەگەل گەردی بەیانی جەماوەری دھۆک لەگەڕەکی بەرۆشکێی لای سەرەوە سەریان ھەڵدا و بەتێکڕا دەوری دائیرەی ئەمن و ئیستخبارات و پۆلیس و ئالیات و لیواو فرقەی حزبی ـیان دا و ھێرشیان کردە سەر؛ تا نیوەڕۆ ھەموویان گیران. جگە لەئەمنخانە نەبێ کەشەڕی مان و نەمانیان کرد، بۆیە زۆربەیان کوژران، دواتر لیواکەش تەسلیم بوو، بەمەیش ناوچەکانی زاوێتە و مانگێش و باگێرا و سەرسەنگ و ئەنیشک و بامەڕنێ و دێرەلوک و ئامێدی و سیریێ و شێلادزێ و باتوفە و بێ گۆڤا و ھتد. پشتاوپشت بوون، بۆ ڕۆژانی دواتر دوینا میکییەن ناوچەکانیتر کۆنتڕۆل کران تا دەگاتە کانی ماسی و ناوچەی بەروای بالا و ریِکان بۆیە پایەگاکانی سەر چیاکانی گاراومەتین و چیای شیرین و چیای فاتێ و چیای بارزان و چیای بامەڕنێ بۆ خۆیان تەسلیم بوون.

سەرچاوەکان[دەستکاری]