عەفرین
عەفرین
بوکا کوردستانێ | |
|---|---|
شار | |
| وڵات | ڕۆژاوای کوردستان، سووریا |
| پارێزگا | عەفرین |
| شار | عەفرین |
| بەرزایی | ٢٥٦ مەتر (٨٤٠ پێ) |
| ژمارەی دانیشتووان (٢٠٠٨) | |
| • سەرجەم | ٨٠٬٠٠٠ |
| زمان و ئایین | |
| • زمان | کوردی (باکووری) |
| • ئایین | سوننی (شافعی)، ئێزیدی، عەلەوی |
عەفرین (Efrîn,Afrîn) شارێکی ڕۆژاوای کوردستانە، کە کەوتووەتە پارێزگای حەلەب. ئەم شارە لە سنووری باکووری ڕۆژاوای سووریا و لە ناوچەیەکی کوێستانی بە ناوی کرمانج (بە عەرەبی: جبل الاكراد) ھەڵکەوتووە. ٣٦٦ گوندی لە پانتایی ٢٫٠٣٣ کم لەخۆ گرتووە. ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە ٨٠ ھەزار کەسە. ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی عەفرین زیاتر لە ٤٦٠ھەزار کەسە، کە لە ٧ ناوچەدا جێگیر بوون.
جوگرافیا
[دەستکاری]ئەم شارە پاڵی بە بناری زنجیرە کێوی کرمانج داوە و ڕووباری عەفرین بەلایدا تێدەپەڕێ. بەرزترین کێوی ئەم مەڵبەندە، کێوی ھەوارەیە، کە بەرزییەکەی لە ئاستی دەریا ١٢٠٠ مەترە.
دانیشتووانی عەفرین کوردن و بە زمانی کوردیی باکووری دەدوێن.
مێژوو
[دەستکاری]نزیکەی ٨ کم لە باشووری شارۆچکەی عەفرین، پاشماوەی نیشتەجێبوونێکی ھیتی ھەیە کە بە عەین دارا ناسراوە. لە کێڵگەیەک لە باکووری ڕۆژاوای شارەکە، کێلێکی لووی سەتەی ٩یەم یان ٨ەمی پ.ز (بە ناوی کێلی عەفرین) دۆزرایەوە؛ ئەو پارچەیەکە لە کێلێکی تەواو چونکە تەنھا بەشی ناوەڕاستی ماوەتەوە، کە ئەویش بە دەوری خۆی زیانی پێگەیشتووە و لای ڕاستی تێکچووە، کە بەشەکانی لێواری ڕاستی پێشەوە و لێواری چەپی دواوەی لەگەڵ خۆی بردووە. پێشەوەی کێلەکە بەشێکی نەخشێکی تێدایە؛ تەنوورەیەکی کورتی ڕیشاڵدار کە ئاسایی لەلایەن تەشووب، خوداوەندی گەردەلوولی ھیتییەکان دەپۆشرا، نیشان دراوە. شارەکە لە نێوان سەتەکانی ٩یەم و ٦ەمی پ.ز کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتیی ئاشووریی نوێ، و دواتر لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتیی بابلی نوێ، ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشی و ئیمپراتۆریەتیی سلووکی.
سیروس کە دەیڕوانییە سەر عەفرین ڕۆژگارێک وەک بنکەیەکی سەربازی بۆ ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمی کاری دەکرد کاتێک ھەڵمەتی دژی ئیمپراتۆریەتیی ئەرمەنی لە باکوور ئەنجام دەدا. تا سەتەی ٤ەم، ببووە ناوەندێکی گرنگی مەسیحییەت لەگەڵ قەشەی تایبەت بە خۆی.
دۆڵی عەفرین بەشێک بوو لە سووریای ڕۆمی تا داگیرکاریی موسڵمانان بۆ شام لە ٦٣٧. عەفرین لە سەردەمی سێلووکییەکاندا بە ئۆینۆپاراس (بە یۆنانیی کۆینێ: Οινοπάρας) دەناسرا؛ لە سەردەمی ڕۆمەکاندا ناوەکە بوو بە ئوفرێنوس.
ناوچەکە بۆ ماوەیەکی کورت لەلایەن میرنشینی ئەنتاکیەوە داگیر کرا بەڵام دیسانەوە لە ١٢٦٠ لە دوای ھێرشەکانی مەغۆل کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی موسڵمانان. لە سەردەمی عوسمانیدا، ناوچەکە بەشێک بوو لە پارێزگای کلیس.
لە سەتەی ١٨ەمدا، عەفرین لە بەڵگەنامە عوسمانییەکاندا وەک سەنجەقی کوردەکان ئاماژەی پێ کراوە.[١][٢][٣]
ئایین
[دەستکاری]زۆربەی خەڵکی ئەم ناوچەیە موسڵمانی شافعین. لە چەند گوندی ئەم ناوچەیە ئێزیدی و عەلەویش نیشتەجێن.
پیشەسازی و گەشتیاری
[دەستکاری]پیشەسازی سەر بە پەروەرشی زەیتوون وەک: دەرھێنانی ڕۆنی زەیتوون و چێکردنی سابوونی زەیتوون، لەم شارەدا زۆر برەوی ھەیە.
شاری عەفرین لە سەرسەوزترین شارەکانی سووریایە و باخ و بێستانی زۆر و بەرفراوان و کوێستانە فێنکەکانی، ھەمیشە بابەتی سەردانی گەشتیاران بووە.