شارەزوور

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

دەشتی شارەزوور

دەکەوێتە باشور و باشورى ڕۆژهەڵاتى شارى سلێمانى و بەگرنگترین و گەورەترین دەشتى ناوچەی شاخاوی دادەنرێت، تێکڕاى درێژی لەڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا نزیکەى (٤٥) کیلۆمەترە و پانیەکەى لەنێوان (١٥-٢٠) کیلۆمەتر و لەهەندێ شوێن دەگاتە (٢٥) کیلۆمەتر، بەرزییەکەى لەئاستى ڕووی دەریاوە لەنێوان (٤٥٠-٦٠٠) مەترە، چیاکانى هەورامان لەڕۆژهەڵات و چوارتا لەباکوور و باڵامبۆ لەباشوورەوە دەوریان داوە، بەڵام لەئاڕاستەى باکوورى ڕۆژئاوایەوە دەشتى سلێماتییە.

خاکى ئەم دەشتە بە بەرزى ڕێژەى بەپیتیەکەى ناسراوە، بەهۆى ئەو نیشتەنیانەى جۆگە ئاوییەکان لەچیاکانى دەوروبەریەوە بۆى دێنن، ئاوى تانجەرۆ و سەرچاوەکانى دیکەى زەڵم و چەقان بەشەکانى ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتى دەشتەکە ئاودێرى دەکەن.

لەڕۆژهەڵاتى دەشتەکەدا بەنداوى دەربەندیخان دروستکراوە، کە ڕووبەرێکى بەرفراوانى دەشتەکەى داپۆشیوە.

لەڕووى کارگێڕییەوە ناوچەکانى قەزاى شارەزوور و بەشێکى فراوانى پارێزگاى هەڵەبجە و بەشی باشورى ناحیەى تانجەرۆ دەکەونە ئەم دەشتەوە.

گرنگترین شارەکانیشی پارێزگاى هەڵەبجە و سەیدساق و عەربەت و خورماڵ و سیروان و هەڵەبجەى تازە و زەڕایەنە.

ناو[دەستکاری]

وا دەردەکەوێت کە وشەی شارەزوور لە دوو وشەی کۆنی کوردی: شاھ (شا) و رەزوور (دارستان) پێکھاتووە کە بە سەر یەکەوە واتای "دارستانی شاھانە" دەدات.[١]

مێژوو[دەستکاری]

لە چەند بەڵگەیەکی ساسانییەکاندا ناوی شارەزوور ھاتووە.[٢]

لە سەدەی چوارەمی زایینیدا ھەندێ لە شارەزوورییەکان کە چوونەتە سەر ئایینی مەسیحییەت، بە دەستی شای ساسانی دەکوژرێن.

ھراکلیووس (Heraclius) ئیمپراتۆری ڕوومی لە مانگیی ٢ی ساڵی ٦٢٨ی زایینی لە شارەزوور بووە.

لە ساڵی ٦٤٢ی زایینی لە دەشتی شارەزووردا شەڕی نێوان ساسانییەکان و سوپای ئیسلام ڕوو دەدات و ئیسلام دێتە ناوچەی شارەزوور.

دەسەڵاتی شارەزوور، لە سەدەی ١١ تاوەکوو سەدەی ١٦، بە دەستی میرنشینی ئەردەڵانەوە بووە. شوێنەوارەکانی ئەو سەردەمە لە «یاسین تەپە»دا بە جێ ماوە.

لە ساڵی ١٥٥٤ ناوچەکە دەکەوتە دەستی عوسمانییەکان و ئەیالەتی شارەزوور دادەمەزرێت.[٣]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ E.J.W. Gibb memorial series, 1937, E. J. Brill, University of California
  2. ^ کارنامەی ئەردەشیری پاپەکان، بەشی ٦
  3. ^ Gábor Ágoston, Encyclopedia of the Ottoman Empire

سەرچاوە: ڕۆڵى هۆکارە سیاسییەکان لەدابەشبوونى پارێزگای سلێمانی، جاسم محەمەد محەمەد عەلى، سلێمانى، ٢٠٠٨