بەھاری عەرەبی
![]() | ئەم وتارە لەوانەیە پێویستی بە خاوێنکردن ھەبێت تا بگات بە شێوازی ستانداردی نووسین. |
بەھاری عەرەبی | |
---|---|
![]() | |
جێ | جیھانی عەرەب |
کاتی ڕوودان | ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ |
ڕێکەوتی دەستپێکردن | ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ |
ڕێکەوتی کۆتاییھاتن | ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ |
کۆتاییھاتن | ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ |
لە کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠١٠ و سەرەتای ساڵی ٢٠١١ دا شەپۆلێکی شۆڕش و ناڕەزایی لە تەواوی ناوچەکانی وڵاتانی عەرەبی بەرپابوو کە سەرەتاکەی بە خۆسووتاندنی محەممەد ئەلبووعەزیزی تونسی دەستیپێکرد و پریشکەکەشی لە زۆرێک لەوڵاتانی عەرەبیدا پەرەی سەند ئەوەش بە بەھاری شۆڕشەکانی عەرەبی ناویدەرکرد، ناڕەزایەتییەکان بەھۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و خراپی باری ئابووری و ژیان و خراپی بارودۆخی ئەو وڵاتانە لەڕووی ڕامیارییەوە بوو، ناڕەزایەتییەکان بەشێوەیەکی زۆر خێرا بڵاوبوونەوەو پەرەی سەند لە زۆرێک لە وڵاتاندا جەنگێکی ھەڵگیرساند لەنێوان ھێزەکانی ئاسایش و خۆپیشاندەراندا، لەھەندێک ناوچە کوژرانی ھاووڵاتیان و پیاوانی ئاسایشی لێکەوتەوە دروشمەکانی شۆڕشەکەش دەرکەوتن لەھەموو وڵاتە عەرەبییەکاندا. بۆ نموونە تێکھەڵچونەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقی عەرەبی.
داپڵۆسین و سەرکوتکردن
[دەستکاری]زۆرێک لەوڵاتە عەرەبییەکان خاوەنی تۆمارێکی خراپن لەڕووی مافەکانی مرۆڤەوە ھەروەھا داپڵۆسین لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە و داگیرکردنی ئەسکەمیلی دەسەڵات لەچەند دەیەیەکی دوور و درێژ، ھەروەھا گرتنە دەستی دەسەڵات بەرێگەیەکی نایاسایی. یەکێک لەو نموونانەی کە ھێنراوەتەوە موعەمەر قەزافیە کە زۆرترین دەسەڵاتی لەسەر زەوی گرتووەتە دەست ئەویش بە کودەتایەکی سەربازی لە ساڵی ١٩٦٩ کە بە شۆڕشی فەتح ناسراوە ھەروەک سووریا بەشار ئەسەد کە بووە سەرۆک پاش کۆچی دوایی باوکی حافز ئەسەد گەیشتە سەر ئەسکەمیلی دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٠٠ دا کە لەمێژووی کۆماری وڵاتە عەرەبییەکاندا تائێستا ڕووینەداوە لە ماوەی ١٥ خولەکدا دەستوور ھەمووارکرایەوە بۆگونجاندی تەمەنی بەشار کە دەسەڵاتی سووریا بگرێتە دەست لەپاش باوکی، ھەروەھا لە میسر و یەمەن خواستی دەسەڵاتداران وابووە کە پاش خۆیان کوڕەکانیان دەسەڵات بگرنە دەست وەک جەمال و ئەحمەد، کە ئەمەش بووە ھۆی خێرایییەکی بێ وێنەی شۆڕش لە وڵاتی میسر بەتایبەتی و موبارەک لە پۆستەکەی لاببات، ھەروەھا لە یەمەنیش عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە پۆستەکەی دەستبەردار بێت. ھەروەھا لەو وڵاتانەی کە دەسەڵاتی پادشایەتی ڕەھا ھەیە خۆپیشاندارن ڕوویانداوە وەک وڵاتەکانی بەحرەین و ئەردەن و مەغریب و عەممان بۆ داواکاری پادشایەتی دەستووری و زیادکردنی ئازادییەکان.
بارودۆخی ژیان
[دەستکاری]ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی کێشەی نالەباری بێکارانی لە وڵاتانی عەرەبی خستووەتەڕوو کە بووتە ھۆی ھەڵگیرسانی شۆڕشەکانی گەلان، ئەو ڕێکخراوە ڕێژەی بێکاری لەو وڵاتانەدا لەنێوان لاواندا دەستنیشانکردووە کە دەگاتە زیاتر لە ٢٣٪ لە ساڵی ٢٠١٠ ھەروەھا زیادکردنی ڕێژەکەشی لەلای ژنان دەستنشیانکردووە کە بەرزبووتەوە بۆ ٣٠٪ و ڕایگەیاندووە کە بەشداربووانی کاری عەرەبی زۆر کەمترە لەسەر ئاستی جیھان و بەلاواز ناویبردووە، ئاماژەی بەوەشداوە کە بارودۆخی لاوانی عەرەبی زۆر خراپە لەڕووەکانی سەرپەرشتی کۆمەڵایەتی و تەندروستی، ھەروەھا گرێبەستەکانی کارکردن جێگەی دڵنیایی نین. خۆسوتاندنی بوعەزیزی محەممەد بوو عەزیزی لاوێکی تونسییە لە ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ ھەستا بە سووتاندنی جەستەی خۆی لەشاری سیدی بووزیدی تونس لەبەرئەوەی بێزاربو لەبارودۆخی کۆمەڵایەتی خۆی، ھەروەھا لەو وڵاتانە ھێزەکانی پۆلیس زۆرداری بەکاردەھێنن و سکاڵاکان لە دژی خۆیان وەرناگرن، کەسوکاری بوعەزیزی لەشاری بووزید ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان سازکرد داوای ئازادی دادپەروەرییان دەکرد، بەڵام ئەم ناڕەزایەتییانە بەشێوەیەکی خێرا گۆڕانکاری بەسەرداھات و بووە شۆڕشێک کە زەین ئەلعابدین بن عەلی سەرۆکی تونسی لەکارخست و پریشکی ئەو ناڕەزایەتییانەش لە نیشتمانی عەرەبی لە زەریاوە بۆ کەنداوی گرتەوە.
دەستپێکی شۆڕشەکان
[دەستکاری]تاریق تەیب محەممەد ئەلبوعەزیزی (٢٩ی ئازار ی ١٩٨٤ - ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١١)، لاوێکی تونسییە لە ڕۆژی ھەینی و ھاوڕێکەوت لەگەڵ ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ لەبەردەم بارەگای شاری بووزیدی؛ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا وەک ناڕەزایەتییەک لەبەرامبەر دەستەبەسەرداگرتنی عەرەبانەکەی لەلایەن پۆلیس و شارەوانی کە دەسەڵاتداربوون لەو شارە کە سەوزەو میوەی لەسەر دەفرۆشتن تا بژێوی ژیانی بەڕێبکات، ھەروەھا دەسەڵاتدارانی ئەو پارێزگایە سکاڵاکەیان ڕەتکردەوە کە لەبەرامبەر کچە پۆلیسێک بەناوی فادیە حەمدی تۆماری کردبوو کە بەبەرچاوی خەڵکەوە زللەیەکی لێدابوو ھەروەھا قسەی نەشیاوی پێوتبوو، لەو زللەیەشەوە شۆڕشێک بەرپابوو کە سەرۆکی وڵاتەکەی لەسەر تەختی سەرۆکایەتی ھێنایە خوارەوە، محەممەد ئەلبوعەزیزی پاش ١٨ ڕۆژ لە خۆسوتاندنی کۆچی دواییکرد، ئەم کارەی بوعەزیزی بووە شوێنی لاساییکردنەوەی ھاووڵاتیانی تری عەرەب لەناوچەکانی تردا کە نزیکە ٣٣ کەس لاسایی بوعەزیزییان کردەوە ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردا وەک ناڕەزایەتییەکان لەبەرامبەر ھۆکارەکانی کەوای لەو لاوە تونسییە کرد خۆی بسوتێنێت، وەک یادگارییەکیش پەیکەرێکی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بۆ دروست کرا. ئەو لاوە تونسییە نۆھەمین ئەندامی خێزانەکەیەتی باوکی کاری لە لیبیا کردووە، کاتێک کە بوعەزیزی تەمەنی گەیشتووەتە سێ ساڵان باوکی کۆچی دوایی کردووە، دایکی ھاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزایەکی کردووەتەوە لەتەمەنی ١٠ ساڵیدا لە خوێندن دابڕاوە و دەستیداوەتە کارکردن، ھەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە بوعەزیزی خوێندنی تەواو کردووە و ھەڵگری بڕوانامەی زانکۆیە، بەڵام خوشکەکەی دەڵێت کە بوعەزیزی نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات، بەر لە خۆسوتاندنیشی نامەیەکی بۆ دایکی جێھێشتووە کە دواتر ئەو نامەیە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکرایەوەو بووە ھاندەرێکی تری گەڵان بۆ ڕاپەڕین لەدژی دەسەڵاتداران.
گواستنەوەی شۆڕشەکان
[دەستکاری]
شۆڕشی تونس کاریگەرییەکی گەورەی ھەبوو لەسەر تورٍەیی گەلی میسر، شۆڕشی ٢٥ یەنایەر یاخود (شۆڕشی توڕەیی) ڕاپەڕینی گەل بوو کە لە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ ھەڵگیرسا لەو وڵاتەدا کە لەلایەن چەند کەسایەتییەک و چالاکوانێک ئامادەکاری بۆ کرابوو لە دیارترینیان چالاکوان وائیل غەنیم و بزووتنەوەی لاوانی ٦ ی ئەپریل بوو کە ھاوکات بوو لەگەڵ جەژنی پۆلیسدا لە میسر ئەمە ناڕەزایەتییەک بوو لەسەر بارودۆخی ناھەمواری ژیان و سیاسەت و ئابورییەکی خراپ و زیادبوونی گەندەڵی لەناو دەسەڵاتی محەممەد حوسنی موبارەک ئەم شۆڕشەش موبارەکی لەسەر کار لابرد لەئێوارەی ڕۆژی ھەینیی ١١ی شوباتی ٢٠١١ کە عومەر سلێمان لە بەیانننامەیەکی کورتدا دەستبەرداربوونی موبارەکی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند و کاروباری وڵاتی ڕادەستی ئەنجومەنی باڵای ھێزە چەکدارەکان کرد.
شۆڕشی ١٧ شوبات-ی گەلانی لیبیا کەبە (ڕۆژی توڕەیی) ناسراوە لەسەر شێوەی ڕاپەڕین چەند ناوچەیەکی لیبیای گرتەوە کە لە ڕۆژی ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ بەھۆی ناھەمواری باری ژیان خۆپیشاندەران لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان پێکیانداداو ھێرشیان کردە سەر نووسینگە حکومییەکان ئەمەش بووە بەشێک لەو خۆپیشاندانانەی کە وڵاتانی عەرەبی گرتبووەوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ دا بەتایبەتی شۆڕشی تونسی و شۆڕشی ٢٥ یەنایەری میسر، لاوانی لیبیا داوای چاکسازی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیان دەکرد، لەسەرەتای ئەو خۆپیشاندانەدا گوزارشتبوو لەناڕەزایەتی ھێمنانە، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی ڕووداوەکان و بەکارھێنانی چەکی ئاگرین و قورس و بۆردومانی ئاسمانی لەلایەن کەتیبەکانی موعەممەر قەزافییەوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران گۆڕدرا بۆ شۆڕشێکی چەکداری و ھەوڵدان بۆ لابردنی موعەممەر قەزافی کە تا کۆتایی بڕیاریاندا بجەنگن و لە ڕۆژی ٢١ی ئابی ٢٠١١ ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن توانیان بچنە شاری تەرابلوسی پایتەختەوە لەناوچەکانی خۆراوای ئەو شارەوەو دواجاریش لە ڕۆژی ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ قەزافی لە شاری سرت بەدەست شۆڕشگێڕەکانەوە گیانی لەدەستداو لەشوێنێکی نادیاردا بەخاکسپێردرا، سەبارەت بە گیانلەدەستدانیشی چەندین ھەواڵی جیاواز لەبارەیەوە بڵاکرایەوە، ئەنجومەنی نیشتمانی کەلە قۆناغی گواستنەوەدابوو تەئکیدی کردەوە کە قەزافی لە ئەنجامی ھێرشێکی ئاسمانی ھێزەکانی ھاوپەیمانی باکوور (ناتۆ) بۆ سەر شاری سرت کە شوێنی لە دایکبونێتی پێکراوەو گیانی لەدەستداوە، ھەروەھا ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە قەزافی پاش دەستگیرکردنی بە زیندویەتی وەک لە گرتە ڤیدیۆیییەکاندا دەرکەوتووە دەستگیرکراوەو دواتر کوژراوە، پاش کوشتنی قەزافی لەپاش مانگێگ سەیفولئیسلام قەزافی کوڕەکەی دەستگیرکرا، بە کوشتنی قەزافی و ھەڵھاتنی خێزان و منداڵەکانی بۆ دەرەوەی لیبیا کۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو خێزانە ھات لە لیبیا کە بە درێژایی زیاتر لە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتیان ھەبوو لەو وڵاتەدا.
ھەروەھا لە ڕۆژی ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ خۆپیشاندان لە پاش نوێژی ھەینی لە ئوردون سەری ھەڵدا، ئەو خۆپیشاندانە بەشێکبوو لەو شەپۆلەی کە وڵاتانی تری گرتبووەوە، ئەو خۆپیشاندەرانە داوای چاکسازی باری ئابوری و دابەزاندنی نرخ و کەمکردنەوەی بێکاریی و بنبڕکردنی دیاردەی گەندەڵیان دەکرد.
لە ڕۆژی دووشەممەش ١٤ی شوباتی ٢٠١١ ناڕەزایی گەلی بەحرەین بەدەرکەوت، سەرکردایەتی کردنی ئەو ناڕەزایەتییانەش لەلایەن ھەر یەک لە لاوانی سەربەخۆو حەوت کۆمەڵەی ئۆپۆزسیۆنی شیعە و لیبراڵی و نەتەوەیی و بەعسییەوە بەڕێوەدەبران، بەھەمان شێوە داواکاری چاکسازی سیاسی و ئابوریان دەکرد، ئەمەش یەکەم شۆِرش بوو کە لەدەسەڵاتی پادشایەتیدا بکرێت، حکوومەتی بەحرەین یەکەمین حکومەت کە داوای ھاوکاری ھێزی لە وڵاتەکانی سعودیە و ھەندێک لە ئیماراتەکان بکات بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، ناڕەزایەتییەکان بە ھەڵکوتانە سەر خۆپیشاندەران لەلایەن ھێزەوە کۆتاییھات ھێز توانی بەسەر ئەو چادرانەی کە ھەڵدرابوون دەستبەسەردا بگرێت و ھەروەھا ھەڵبکوتنە سەر چەند شوێنێکی حکومی و بازگەی لە ناوچەکان دابنێن دەەستگیرکردنێکی فراوانیشیان دەستپێکردو دادگای سەربازی و مەدەنی لەو ڕووە چەندین کەسایەتی دیاری تیادا دادگایی کرا.
لەسەرەتادا پێویستە بوترێت تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو لەسەر ھەڵگیرساندنی ئەم شۆڕشە لە وڵاتی سوریا، ڕاپەڕینی سووریا یاخود (شۆڕشی ئازادی) سووریا لە ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ئازاری ٢٠١١ لە دژی داپڵۆسین و گەندەڵی کپکردنەوەی ئازادییەکان سەریھەڵدا، پریشکی ئەم شۆڕشەی بەھاری عەرەبی لەسوریا لەوێوە سەری ھەڵدا کاتێک منداڵێک لە خێزانی ئەلئەبازید دروشمێکی لەسەر دیوای قوتابخانەکەی نووسی (گەل ڕووخانی ڕژێمی دەوێت) ھێزە ئەمنییەکان دەستگیریان کردو نیکۆکەکانیان دەرھێناو کەسوکاریشی ئەو جۆرە کارە دزێوەی ھێزە ئەمنییەکانیان ڕەتدەکردەوەو ھێزەکان ھەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەلعومەری لە شاری دەرعا بە فڕۆکەو ھێزی تایبەت قەسابخانەیەکیان لەگەڵ ئەو خەڵکەدا دروست کرد لەوێوە شوڕش ھەڵگیرسا ڕێبەرایەتی ئەو شۆڕشەش دوو لاوی سووریا بوون داوای چاکسازی سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتیان دەکرد دروشمی ئازادی-یان بەرزکردبووەوە، بەڵام ھێزەکانی ئەمن و ھەوڵگری سووریا دەستڕێژی گوللەیان لێدەکردن تا دروشمەکان گۆڕدران بۆ ڕوخاندنی ڕژێم، ئەم شۆڕەش تائێستا لەژێر چەندین فشاردا بەردەوامە.

ڕۆژی ١١ی شوباتی ٢٠١١ لەژێر ناوی (ھەینیی توڕەیی) کە ھاوکاتبوو لەگەڵ ڕۆژی دەستبەرداربوونی حوسنی موبارەک سەرۆک وەزیران، سەرکردایەتیکردنی خۆپیشاندان لەو وڵاتە لەلایەن لاوانی یەمەن و چەند حزبێکی ئۆپۆزسیۆن بوو داوای گۆڕینی ڕژێمی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح سەرۆکی یەمەنیان دەکرد کە ماوەی ٣٣ ساڵبوو دەسەڵاتی لەو وڵاتە گرتبووە دەست، بەھەمان شێوە ئەوانیش داواکاری چاکسازی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیان دەکرد ھەروەھا تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک کاریگەرییەکی بێوێنەو کارای لەسەر گەورەکردنی شۆڕشەکە ھەبوو، ژمارەیەک لەناو دەسەڵاتدا بەدەرکەوتن داوای چاکسازیان دەکردو داوای ڕوخانی دەسەڵاتیان دەکرد ئەوان کۆمەڵەیەک بوون بەناوی (شۆڕشی لاوانی یەمەنی بۆ ڕووخانی ڕژێم) پێگەو ڕۆڵێکی کاریگەریان ھەبوو لە ڕێکخستنی مانگرتن و بەردەوامی شۆڕشەکە، ڕۆژی ھەینی ٨ی ئازاری ٢٠١١ کە بە (ھەینی شکۆداری) ناسراوەو ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرۆک ھۆزەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان چوونە پاڵ خۆپیشاندەران، پاشان ڕۆژی ٢١/٣ لیوا موحسین ئەلئەحمەر بەھۆی کاریگەریی قەسابخانەی ھەینی شکۆدار کە ٧٥٢ قوربانی لە مانگرتووان و لاوانی لێکەوتەوە لە گۆڕەپانی تەحریر لە سەنعای پایتەخت ھەڵگیرسانی شۆڕشی ڕێکخست، دواجار لە کۆشکی کۆماری عەلی عەبدولڵا ساڵح بەھۆی موشەکێکەوە پێکراو ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سعودیە کرا، پاشان دەستپێشخەرییەکەی کەنداو بووە ھۆی دەستبەرداربوونی لەسەر کورسی دەسەڵات.
ئەمەو چەند وڵاتێکیتر شەپۆلی ناڕەزایەتی گرتییەوە وەک عێراق، مەغریب، یەمەن، ئیمارات، جیبۆتی، سعودیە، سۆماڵ، سودان، فەڵەستین، کوێت، لوبنان، مۆریتانیا.
رۆڵی ڕاگەیاندن و ئینتەرنێت لەسەر شۆڕشەکان
[دەستکاری]لێکۆڵەرەوان ڕایانگەیاندووە کە ئینتەرنێت ڕۆڵی ھەبووە لە ڕووخاندنی حکوومەتی تونس دا، تونسییەکان بەشداربوون لە ڕووماڵکردنی ڕاستەوخۆی کارە گێرەشێوێنییەکان لەو شوێنانەی کە خۆپیشاندانیان تیادا ئەنجامدراوە ھەروەھا ئەو بەڵگەنامانەی کە لە ویکیلیکسدا بڵاوکرانەوە لەسەر بەشداریکردنی ڕای ئەمریکییەکان لەسەر گەندەڵی سەرۆکی ئەو وڵاتەو خێزانەکەی. جیھانی عەرەب ئەو شۆڕشانەی دەبینی کە بووە ھۆی لەسەرکارلابردنی سەرۆکی تونس لە ڕێگەی ھەردوو کەناڵی ئەلعەرەبییەو ئەلجەزیرەوە کە ڕووماڵی چۆنییەتی کپکردنەوەی خۆپیشاندەرانیان دەکرد، تەکنەلۆجیا ڕۆڵێکی سەرەکی ھەبووە لە جووڵاندنی شۆڕشەکان بەتایبەت پێگە کۆمەڵایەتییەکان لە دیارترینیان فەیسبوک کە بەشێوەیەکی خێرا زانیارییەکانیان لێوە ئاڵوگۆڕ دەکراو سەرکردە نوێکانیان لێوەی دەناسی.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- دەروازەی سیاسەت
- دەروازەی مێژوو
- دەروازەی ئیسلام
- دەروازەی ڕۆژھەڵاتی ناوین
- دەروازەی دەیەی ٢٠٠٠
- دەروازەی دەیەی ٢٠١٠
- دەروازەی دەیەی ٢٠٢٠
- دەروازەی ئاسیا
- دەروازەی ئەفریقا
- دەروازەی کۆمەڵگا