گەرمیان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کەرکووک (بە عەرەبی: جرمايي‎، بە ئاشووری: بيث كرمايي) ناوچەیەکی بەرفراوانە دەکەوێتە باشوورو باشووری رۆژھەڵاتی ھەرێمی کوردستان (باشووری کوردستان)، ئاووھەوایەکی گەرم و وشکی ھەیە، ناوچەیەکی تەخاتان و ڕووتەنە. شارەکانی کەرکووک، کەلار، کفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ، دووزخورماتوو، خانەقین، جەلەولا، مەندەلی و بەدرە دەگرێتەوە.

ناوی گەرمیان[دەستکاری]

گەرمیان، ‌واتە ‌وڵاتی گەرم یان ناوچەی گەرم، لەوشەی باگرمی ــ ییەوە ھاتووە، ‌واتە ناوچە گەرمەکان بەرامبەر بەوشەی زۆزان،‌واتە ناوچە ساردەکان، کە لەدوو‌وشەی دژ بەیەکدا بەدی دەکرێت "گەرمەسێر ــ سەردسێر" بۆیە دەکرێت ئاو‌و ھەوا بکرێتە بنچینەی جیاکردنەوەی ناوچەی گەرمیان لەناوچەی کوێستان یان ناوچەکانی تری ‌وەکو ھەورامان، شارەزوور و قەرەداخ، شارباژێر، پشتدەر، بتوێن..

سنووری جوگرافی[دەستکاری]

سنووری جوگرافی گەرمیان لەباکوورەوە لەشوێنی ئاوێتەبوونی چەمی دەردەوێن لەباشوری دەربەندیخان، لەگەڵ ڕووباری سیروان، بەرەو رۆژئاوا، لەباشوری شاخی گوڵان و زەردە و سەگرمە بۆ باکوری ناحیەی سەنگاو، بەرەو رۆژئاوای بۆ تەکیەی کاکەمەند بۆ سەر ڕووباری زێی بچوک لە باشووری ناحیەی قەرەناو. لەرۆژئاواشەوە بەڕووباری زێی بچوک دا لەقەرەناوەوە بۆ باشووری، تا دەگاتە بەرزاییەکانی حەمرین، لەباشووریشەوە لەشوێنی یەکگرتنی زێی بچوکو بەرزاییەکانی حەمرین بەرەو رۆژھەڵات بەبناری باکوری حەمریندا، تا دەگاتە نزیکی ناحیەی (جەلەولا ــ قەرەغان)ی سەر رووباری سیروان. لەڕۆژھەڵاتەوە لەناحیەی (جەلەولا ــ قەرەغان)ەوە بەڕووباری سیرواندا، بۆ باکوور تا دەگاتە جێگەی تێکەڵ بوونی چەمی دەرەدوێنو سیروان، لەباشوری دەربەندیخاندا. بەمەش ھەریەکە لە شار و شارۆچکەکانی کەلار، دەربەندیخان٫ کفری، چەمچەماڵ، خانەقین، دووزخورماتوو، مەندەلی، بەدرە، پێباز (باوەنور)، ڕزگاری (سمود) سەرقەڵا، جەلەولا، سەعدیە، جەبارە، قەرەتەپە، جەسان، مەیدان، قۆرەتوو، تەکیەی کاکەمەند، تەکیەی جەباری و شۆڕش دەگرێتەوە.

پێکھاتەی ئیداری گەرمیان[دەستکاری]

ئەو ناوچە فراوانەی کە بە گەرمیان دەناسرێت، بەدرێژایی مێژووی ناوچەکە و عێراقیش تەنھا یەک ناوەندی پارێزگای لێبووە کە کەرکووک بووە. لەزۆربەی سەردەمەکاندا لەڕووی ئیداری ‌و سەربازییەوە گەرمیان سەر بەناوەندی کەرکووک بووە، لەسەردەمی دروست بوونی دەوڵەتی عێراق ھەر زوو بەھۆی دۆزینەوەی نەوت لەناوچەکەدا ھەوڵی گۆڕینی جوگرافی و ئیداری ناوچەکە دراو قەزای خانەقین گواسترایەوە بۆ سەر پارێزگای دیالە و دواتریش لەدوای بەیاننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، بۆ بچوکتر کردنەوەی سنوری جوگرافیای کەرکووک لەساڵی ١٩٧٥ دا ناحیەی شێروانە ناوەکەی گۆڕا بۆ "سەرقەلعە" و ٢١ موقاتەعە لە ناحیەی شێروانەی پێشوو خراونەتە سەر قەزای تازە دامەزراوی کەلار، دیارە بەئەمەش ڕێگەیان خۆش کرد بۆ ئەوەی قەزاکانی کەلار و دەربەندیخان و چەمچەماڵ‌و کفری ‌و دووزخورماتوو لە کەرکووک جیا بکرێتەوەو بخرێنە سەر پارێزگای سلێمانی ‌و پارێزگای تکریت ‌و پارێزگای دیالە کە بەپێی فەرمانی کۆماری ٦٠٨ لەساڵی ١٩٧٥‌ و فەرمانی کۆماری (٤١) لە ١٩٧٦ ناوی کەرکوکیش بەپێی ھەمان فەرمان گۆڕا بۆ التامیم. ھۆکاری دەرکردنی ئەم ھەموو فەرمانەش بونی نەوت‌و ھەروەھا گۆڕینی باری دیمۆگرافی ناوچەکە بوو بەتایبەتی کەرکوک و کە ئەوەش بە قۆناغی یەکەمی تەعریب دەناسرێت. لەدوای ڕوخانی رژێمی بەعس ‌و ئازادکردنی عێراق لەچنگ دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت و سنوری ئیداری گەرمیان پچڕپچڕەو ناوەندێکی بەڕێوەبردنی نەبوو، چونکە ئەو یەکە ئیدارییەی کە بەناوی کەرکووکەوە لە دەربەندیخان دروسکرابوو ھەڵوەشێنرایەوە. دابەش بوونی ئێستای ئیداری ناوچەی گەرمیان بەم شێوەیەیە: قەزاکانی کەلار، و کفری ئێستا ئیدارەیەکی سەربەخۆیان ھەیە کە پارێزگایەکی ناڕەسمیە ناوی نراوە ئیدارەی گەرمیان. لەئێستادا قەزای خانەقین و ناحیەی مەندەلی ‌و سەر بە پارێزگای دیالەن و قەزای بەدرە و ناحیەی جەسانیش سەر بە پارێزگای واستن، دووزخورماتووش سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە، ئەم ناوچانەش لەدەستووری عێراقدا بە ناوچەی جێناکۆکەکان ناویان براوە. کەلار ‌وەکو شارێکی گەورەو ناوەندی بەڕێوەبردنی گەرمیان دەرکەوتووە، بەیەکێک لەگەورەترین قەزاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دادەنرێت لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە.

ئاووھەوا[دەستکاری]

ناوچەی گەرمیان ئاو و ھەوایەکی ووشک و گەرمی ھەیە لە ھاویندا، پلەی گەرمای لە ھەندێک ڕۆژدا بەرز دەبێتەوە بۆ ٥٠ پلەی سەدی. زستانیشی سارد و کەمبارانە، لە زۆربەی ناوچەکانی گەرمیان بەفر نابارێت. گەرمیان ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە کانزا بەتایبەت نەوت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • جاسم محەمەد ناھیدە تاڵەبانی، ئەنفالی گەرمیان رەھەندە ئابوری‌و کۆمەڵایەتییەکانی
  • محەمەد شاکەلی، گەرمیان رابردووی نزیک‌و ئایندە، چاپخانەی کاردۆ، سلێمانی
  • کەریم ئەحمەد محەمەد، چەند ھەنگاوێک بەرەو چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاویی و ‌وشکەساڵی لەگەرمیان، گۆڤاری کەرکوک