شارستانی سەڵماس
شارستانی سەڵماس
Salmas County | |
---|---|
شھرستان سلماس - سالماس بؤلگەسی | |
![]() جێگەی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا | |
![]() | |
وڵات | ![]() ![]() |
پارێزگا | پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا |
دەسەڵات | |
• سەرۆکی شارستان | عەلی ئەکبەر عەسگەری |
ڕووبەر | |
• شارستان | ٢٥٤٤ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٩٨٢ میلی چوارگۆشە) |
ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٦) | |
• شارستان | ١٩٦٥٤٦ |
• شاری | ٩٧٠٦٠ |
• لادێیی | ٩٥٥٣١ |
زمان و ئایین | |
• زمان | کوردی (کرمانجی و سۆرانی)، ئازەری، ئەرمەنی |
• ئایین | ئیسلام(شیعە و سوننە)، مەسیحی |
ناوچەی کاتی | UTC+3:30 (ناوچەی کاتی) |
• ھاوین (DST) | UTC+4:30 (ھاوین) |
تەلەفۆن | ٠٤٤١ |
وێبگە | فەرمانداری سەڵماس |
شارستانی سەڵماس، یەکێکە لە شارستانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، لە باکووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە وڵاتی ئێران. لە باکوورەوە شارستانی خۆی، لە باشوورەوە شارستانی ورمێ، لە ڕۆژھەڵاتەوە دەریاچەی ورمێ و (شارستانی تەسوج)، لە ڕۆژاواوە (قەزای ئەلباک) لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان لە وڵاتی تورکیا. شارۆچکەی سەڵماس ناوەندی ئەم شارستانەیە کە بە دووری (٨٥کم) دەکەوێتە باکووری شاری ورمێوە، لەسەر ڕێگای سەرەکی ورمێ-خۆی و ورمێ-تەورێزە.
ئەم شارستانە لە ڕووی کارگێڕییەوە پێکھاتووە لە (٢) ناوچە و (٧) گوندەوار و (١٥١) گوند، ناوچەی ناوەندی شارستانی سەڵماس کە شارۆچکەی سەڵماس ناوەندێتی، ناوچەی کۆسار کە گوندی کەتبان ناوەندێتی. شارۆچکەی سەڵماس دەکەوێتە (دەشتی سەڵماس)ەوە و (ڕووباری زۆلا) لە دووری (۳کم) لە باشووری شارەکەوە تێدەپەڕێت. کەش و ھەوای ئەم شارستانە لە بار و گونجاوە و لە ناوچە شاخاوییەکان ھەوای ساردە، ئەم شارستانە بەھۆی ھەبوونی دەشتێکی بە پیت کە بەناوی دەشتی سەڵماسەوەیە بۆ بواری کشتوکاڵ و باخداری گونجاوە و ھەروەھا سەرچاوەی ئاوی چاکی ھەیە کە ڕووباری زۆڵایە، لە بواری ئاژەڵداریدا زۆر باشە بەھۆی ناوچە شاخاوییەکانییەوە پاوەن و لەوەڕگایەکی زۆری ھەیە. ئەم شارستانە لە ڕووی نەتەوەییەوە لە نەتەوەی کورد، ئازەربایجانی، کورەسوننی و ئەرمەنییەکان پێکھاتووە و ژیان لە نێوان نەتەوەکاندا لە ئێستادا دۆستانەیە و شارستانێکی بێ کێشەیە.[١]
مێژوو[دەستکاری]
بەپێی دواین دۆزینەوەکانی مێژووی ژیانی مرۆڤ لە "شارستانی سەڵماسدا" دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (۱۲هەزار ساڵ). ئەو نیشانانەی کە دۆزراونەتەوە لە دەوور و بەری گوندی ئاجواج نیشانەکانی ئەشکەوتن کە ئاماژە بە ژیانی مرۆڤ دەکات لە هەرێمەکانی ئازەربایجان و کوردستان بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر. ئەمڕۆ توێژینەوە زانستییەکان ئەوەیان دەرخستووە کە تێگەیشتنێکی تەواو لە قۆناغەکانی سەرهەڵدانی مرۆڤ لە شارستانی سەڵماس، کە لە قۆناغی ئەشکەوت و دروستکردنی شارە گەورە دێرینەکان دەردەخات. جگە لە نیشتەجێبوونی خەڵکی ڕەسەنی دێرین وەک (ئارتێتا، گۆتی، لۆلۆبی، ئورارتوو و ماد ....) . شارستانی سەڵماس هەمیشە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیە تایبەتەکەیەوە وەک شوێنێک بۆ کۆچکردنی گەلانی تر لە هەرێمەکانی باکووری (چیاکانی ئۆڕاڵ و "ئاڵتای") کۆچیان بۆ کردووە. هەندێک لەو کۆچبەرانە لەم هەرێمەدا ماونەتەوە و هەندێکی تریان دواتر کۆچیان کرد بۆ ناوچەکانی دوورتر لە باشوور بەتایبەتی مێزۆپۆتامیا. سۆمەریەکان لە نێو ئەو نەتەوە ئاسیایانەدا بوون کە دوای ژیان لە شارستانی سەڵماس و هەرێمەکەدا کۆچیان کرد بۆ مێزۆپۆتامیا و شارستانیەتی گەورەی سۆمەریان دامەزراند. نیشانەی جێگیربوونی سۆمەرییەکان لە شارستانی سەڵماس هەیە. ئەم هەرێمە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشیدا ناوی (زەروند یان زاروەند) بووە و هەڵکەندنی گردە مێژووییەکانی سەردەمی مادەکان لە شارستانی سەڵماس ئەمە ڕووندەکەنەوە.[٢]
شوێنەوارەکان[دەستکاری]
- ئەجواج، تابلۆکانی مرۆڤی سەرەتایی
تابلۆ بەردینەکانی مرۆڤی سەرەتایی و ئەشکەوتنشینی کە لە نەخشی جۆراوجۆر پێکهاتووە لە جۆرەکانی ئاژەڵە وەک (بزنەکێوی، ئەسپ و بەران)، دەکەوێتە (۱٦) کیلۆمەتری باشووری ڕۆژاوای شارۆچکەی سەڵماس و لە نزیک گوندی ئەجواجە و لە سەر بەرد هەڵکۆڵراوە. لە خوار ئەم تابلۆیانە دۆڵێکە کە یەکێک لە لقەکانی چەمی زۆلای پیادا تێدەپەڕێت. لە بنەڕەتدا ئەم تابلۆیانە لە هەزارەکانی پێشووەوە لە ناو ئەشکەوتدا کێشراون، ئەمڕۆ لە سەر بنەمای فاکتەری سروشتی میچی ئەم ئەشکەوتە ڕووخاوە و تابلۆکە لە سەر بەردەکان دەردەکەوێت و کەوتووەتە دامێنی چیاکەوە. وە هیچ توێژینەوەیەکی زانستی لە سەر مێژووی ئەو تابلۆیانە تا ئێستا ئەنجام نەدراوە، بڵام بە سەرنجدان لە تابلۆکان و مێژووی تێپەڕبوونی مرۆڤ لە ئەشکەوتەوە بۆ پێکهێنانی گوند، لایەنی کەم ئەوکارانە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (۱۱)هەزار ساڵ لەمەوبەر.
- قەڵای قارنی یارق
قەڵاکە دەکەوێتە سەر چیایەک ناسراوە بە "ئوچ قارداش(سێ براکە)"، بوونی سێ شێوەی گەورە لەلای باکووری چیاکە هۆکاری ئەم ناوەیە. قەڵاکە یەکێکە لە گەورەترین قەڵاکانی "شارستان سەڵماس"، کە لە ناوچەیەکی بەر فراواندایە و کۆمەڵێک پێکهاتەی میری تیادایە. بەپێی دۆزینەوە شوێنەوارییەکان دەکرێت قەڵاکە، قەڵای میری شاری "ئۆلخوی" ئورارتوو یان "سەرادووری خوردا" بێت. پاشماوەی ئەم قەڵا زەبەلاحە دەکرێت بە دوو دەخمە(گۆڕ)ی لاکێشەیی لە هەناوی بەرددا و وە دوو دەخمەی بچووکتر، هەروەها پلیکانەی بەردی قەڵاکە، پاشماوەی دیوارەکان و ژوورەکانی قەڵاکە دەبینرێت. گۆڕە بەردینە هەڵکۆڵراوەکانی قەڵاکە لە سەر ئەم چیایە هەموو بینەرێک سەرسام دەکات. گەڕان بەناو ئەم قەڵایەدا کاتێکی باشی دەوێت لە بەر گەورەیی، قەڵاکە دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای سەڵماس و لە سەر ڕێگای سەڵماس-هەفتوانە وە لەڕێگای ئۆلق-مەڵهەمەوە دەتوانیت بچیت بۆی.
- زنجیرە قەڵای سەڵماس
قەڵاکە لە باشووری سەڵماس و لە باشووری ڕۆژاوای گوندی تەمەرە، دەکەوێتە سەر چیایەک و بە یەکێک لە قەڵا بە ناوبانگەکانی شارستانی سەڵماس دادەنرێت بەهۆی ئەوەی کە دیوارەکانی و قولەکانی گەورەن، ئەم دیوارە بەردینانە دروستکراون بە بەکارهێنانی بەردی گەورە بەبێ بەکارهێنانی قوڕ و گەچ و چیمەنتۆ. ئەم دیوارانە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (۳۰۰۰ساڵ) و دوای ئەم هەموو ساڵە بە پتەوی ماونەتەوە، لە ئێستادا لە چەند شوێنێکی قەڵاکەدا پاشماوەی ئەم دیوارانە بەرزییان دەگاتە زیاتر لە (۲م). دەخمەی نیمچە بازنەیی و ڕێگا بەردینەکانی لە ناو پاشماوەی قەڵاکە ماوە، دووری قەڵاکە لە گوندی تەمەرەوە بە پیادەڕێ نزیکی (۳۰خولەک) دەبێت.
- قەڵای میناس
ئەم قەڵایە دەکەوێتە (۱٦)کیلۆمەتری باشووری ڕۆژاوای سەڵماس لە قەراخ جاددەی سەرەکی سەڵماس-ورمێ، لەسەر زنجیرە شاخێک درووست کراوە ناوی "پیرچاوەشە". قەڵاکە یەکێکە لە قەڵاکانی ئورارتوو لە شارستانی سەڵماس، تەمەنی زیاترە لە (۳۲۰۰ساڵ) و دوو قولەی گەورەی لە خۆ گرتووە لەگەڵ دەخمەی بەردین و پاشماوەی تەلاری سەرەکی قەڵاکە.
- خان گۆلی باژێڕ(شاری کۆن)
گۆلی باژێڕ کە بە خان گۆلی ناسراوە، یەکێکە لە پێکهاتەکانی ئاودێری دێرینی شارستانی سەڵماس کە ئەوە دەردەخات دەربارەی پێشکەوتن و بلیمەتی شارستانییەتی ئورارتووە. دەریاچەیەکی دەستکردە و سیستەمی کۆنی ئاودێرییە و شوێنەوارێکە کەتا ئێستا دوای زیاتر لە (۲٨۰۰ساڵ) بەردەوام بەکاردەهێنرێت. لە ساڵی ١٩٦١دا نۆژەنکرایەوە لە سەر شێوازە کۆنەکەی. ئاو لەم دەریاچە دەستکردەدا لە وەرزی باران باریندا کۆکراوەتەوە و لە مانگەکانی هاویندا ئەم ئاوە بە کارهێنراوە بۆ کاروباری کشتوکاڵ. هەروەها قەڵایەک هەبوو کە بە "قەڵای قارچک" ناسرا بوو لەلای باشووری ڕۆژاوای ئەم دەریاچەیە کە ڕووخێنرا و لەبەین برا لە کاتی دروستکردنی بەنداو لە سەر "چەمی دێریک".
- کڵێسای دێرینی دێریشک
ئەم کڵێسایە دەکەوێتە گوندی دێریشک کە یەکێکە لە کڵێسا کۆنەکانی شارستانی سەڵماسە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەغۆلەکان و تەلارسازییەکی زۆر جوان و گەورەی هەیە کە پاشماوەی (ستونەکان، میحراب و دوو ژوورەکەی) تا ئێستا ماون.
- کڵێسای هەفتوان و هۆڵی شانۆ
دە کەوێتە (۳)کیلۆمەتری باشووری ڕۆژاوای شارۆچکەی سەڵماس.
- کڵێسای ئاشووری خوسرەوئاوا
دەکەوێتە (٥)کیلۆمەتری باشووری ڕۆژاوای شارۆچکەی سەڵماس، لە گوندی خوسرەوئاوا.
- مزگەوتی ئاغا(مسجد ئاقا)
لە باشووری ڕۆژاوای شارۆچکەی سەڵماس دایە و تەلاری سەرەکی ئەم مزگەوتە پەیوەستە بە سڵماسی کۆنەوە، لە ساڵی ١٩٣٠دا بەهۆی بوومەلەرزەوە وێران بووە لە دوایدا کە نۆژەنکرایەوە و دروستکرایەوە لە هەمان شوێنی خۆیدا بە شێوازی ڕەسەنی خۆی.
- گەرماوی مێژووی شێخ(حەمامی شێخ)
دەکەوێتە سەر "شەقامی سوورە"، یەکێکە لە یەکەم باڵەخانەکان کە لە سەڵماسی ئێستادا دروستکراوە، کە لە دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی ١٩٣٠دا دروستکراوە.
- شوێنە سروشتیە سرنج ڕاکێشەکانی شارستانی سەڵماس
== دانیشتووان == زۆر ژ گەلێ وی کوردن.
کورد =75% زۆر ئازەری =25% کێم
دابەشی کارگێڕی[دەستکاری]
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ پایگای ئینتەرنێتی ئاماری ئێران (فارسی).
- ^ [١][بەستەری مردوو]