پارێزگای کوردستان
پارێزگای کوردستان | |
|---|---|
| وڵات | ئێران |
| ھەرێم | ڕۆژھەڵاتی کوردستان |
| ناوەندی پارێزگا | سنە |
| ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٦) | |
| • سەرجەم | ١٬٦٠٣٬٠١١ |
| زمان و ئایین | |
| • زمانەکان | کوردی (سۆرانی، کەڵھوڕی، ھەورامی) |
| • ئایینەکان | ئیسلام (سوننە، شیعە) |
پارێزگای کوردستان یەکێکە لە پارێزگاکانی ئێران لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە ڕۆژھەڵاتەوە ھاوسێی پارێزگای ھەمەدان و زەنگانە، لە باشوورەوە پارێزگای کرماشان، لە باکوورەوە پارێزگای ورمێ و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی ھەرێمی کوردستان. لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٦دا ١٬٦٠٣٬٠١١ کەس لە ٤٧١٬٣١٠ بنەماڵەدا دانیشتووی ھەبوو.[١] ناوەندی ئەم پارێزگایە شاری سنەیە و شارە گەورەکانی کە زۆرتر لە ٣٠ ھەزار کەس دانیشتوویان بێت بریتین لە: سەقز، مەریوان، بانە، قوروە، دیواندەرە، بیجاڕ و کامیاران. زۆربەی دانیشتووانی ئەم پارێزگا بە شێوەزاری کوردیی ناوەندی و ژمارەیەکیش بە شێوەزارەکانی ھەورامی و کەلھوڕی دەدوێن.
ناو
[دەستکاری]کوردستان پێکھاتووە لە دوو وشەی کورد و پاشگری (ستان) بە واتای شوێن. کوردستان شوێن و نیشتمانی کوردەکانە و ناوچەیەکە لە ڕۆژاوای ئێران. وشەی کوردستان بۆ یەکەمین جار بە شێوەیەکی فەرمی لە سەردەمی سەلجووقییەکاندا بەکار ھێنرا و لەو کاتەوە لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکاندا دووبارە بووەتەوە.[٢][٣]
بە بڕوای زۆرێک لە مێژوونووسان، لە ھەزارەکانی پێش ئیسلامیشدا (لە نزیکەی ٥ ھەزار ساڵ لەمەوبەرەوە تا سەرەتای سەردەمی ئەشکانییەکان)، کۆردۆئێنە، کاردۆخ، گۆتی، کاردا، بێت قاردو، کوردا و… ھەموویان وەکوو بەشێک لە ناوچە جیاوازەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێستا تۆمار کراون.[٤][٥][٦][٧][٨][٩]
جوگرافیا
[دەستکاری]پارێزگای کوردستان بە پانتایی ٢٩٬٥٠٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای ئێران و ھاوسنووری وڵاتی عێراق، لە نێوان ٣٤ پلە و ٤٤ خولەک تا ٣٦ پلە و ٣٠ خولەکی پانیی باکوور و ٤٥ پلە و ٣١ خولەک تا ٤٨ پلە و ١٦ خولەکی درێژیی ڕۆژھەڵات لە ھێڵی نیوەڕۆی گرینیچەوە ھەڵکەوتووە، کە ئەم ڕووبەرە لە سەدا ١٬٧ی کۆی پانتایی وڵات پێک دەھێنێت و لە ڕووی گەورەیییەوە پلەی شازدەیەمینی لە وڵاتدا ھەیە. لە باکوورەوە بە پارێزگاکانی ورمێ و بەشێک لە زەنگان، لە باشوورەوە بە پارێزگای کرماشان، لە ڕۆژھەڵاتەوە بە پارێزگای ھەمەدان و بەشێکی دیکە لە پارێزگای زەنگان و لە ڕۆژاواشەوە بە وڵاتی عێراق سنووردارە. ئەم پارێزگایە ٢٣٠ کیلۆمەتر سنووری وشکانیی ھاوبەشی لەگەڵ وڵاتی عێراقدا ھەیە.
لەڕووی ئاووھەوا و سروشتەوە، پارێزگای کوردستان ناوچەیەکی شاخاوییە کە دەشتە بەرزەکان و دۆڵە پانەکانیش لە پانتایی ناوچەکەدا بڵاو بوونەتەوە. جیاوازیی بەرزیی نێوان بەرزترین و نزمترین خاڵەکانی پارێزگاکە دەگاتە نزیکەی ٢٤٠٠ مەتر. کێوی بەدر لە قوروە بە بەرزیی ٣٣١٠ مەتر بەرزترین و ناوچەی ئالۆت لە بانە بە بەرزیی نزیکەی ٩٠٠ مەتر، نزمترین خاڵی پارێزگاکەیە؛ کە ئەم جیاوازییە لە بەرزی و نزمی دا خۆی دەبێتە ھۆی دروستبوونی ئاووھەوای جیاواز. کوردستان مەودای لەگەڵ دەریادا زۆرە، بەڵام لە ڕێگەی دۆڵە قووڵە تێکچڕژاوەکانەوە، ڕێگەی بە ئاوە کراوەکانی جیھان لە باشوور و دەریاچەکانی باکوور وەک دەریای مازەندەران و دەریاچەی ورمێ ھەیە. سەرچاوەی زۆرێک لە ڕووبارە گەورەکان لە چیاکانی کوردستاندا ھەڵکەوتوون.
سیاسەت
[دەستکاری]پێکھاتەی سیاسیی بەڕێوەبردنی پارێزگا
[دەستکاری]بەرزترین پۆستی کارگێڕی لە ھەر پارێزگایەکدا، پارێزگارە کە لەلایەن وەزیری ناوخۆوە دیاری دەکرێت و دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکرێت. لە ئێستادا ئارەش زڕەتەن لھۆنی پارێزگاری کوردستانە.[١٠][١١]
ئەنجومەنی ئیسلامیی پارێزگای کوردستان بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردانە لە پارێزگاکەدا. ئەم ئەنجومەنە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٣٧٢ (ھەتاوی) پێکھێنرا. ئەم ئەنجومەنە بەپێی ماددەی ١١ی «یاسای پێکھاتەکان، ئەرک و دەسەڵاتەکان و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئیسلامییەکانی وڵات و ھەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانییەکان»، لە نوێنەرانی ھەڵبژێردراوی ئەنجومەنی شارستانە سەر بە پارێزگاکە پێک دێت، کە لە قۆناغی یەکەمدا بە زۆرینەی ڕەھای دەنگەکان و لە ئەگەری بەدەستنەھێنانی زۆرینەی دەنگەکاندا، لە قۆناغی دووەمدا بە زۆرینەی ڕێژەیی لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی شارستان ھەڵدەبژێردرێن و دەناسێندرێن. لە ئەنجومەنی ئیسلامیی پارێزگای کوردستانەوە، ٢ کەس وەکوو نوێنەری پارێزگا بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنی باڵای پارێزگاکان ھەڵدەبژێردرێن. لە ئێستادا و لە سەرماوەزی ١٤٠١ەوە وەحید ڕەزایی و ھیوا محەممەدی سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئیسلامیی پارێزگای کوردستانن و کەیوان وەیسیان و عارف محەممەدخانیش دوو نوێنەری پارێزگای کوردستانن لە ئەنجومەنی باڵای پارێزگاکاندا.[١٢][١٣]
پارێزگای کوردستان ھەروەھا ٦ نوێنەری لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا ھەیە کە وەکوو نوێنەرانی خەڵکی ٥ بازنەی ھەڵبژاردنی ئەم پارێزگایە لە دەسەڵاتی یاسادانانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ھەژمار دەکرێن. بازنەی ھەڵبژاردنی سنە، دیواندەرە و کامیاران ٢ نوێنەری ھەیە و بازنەکانی ھەڵبژاردنی بیجاڕ، سەقز و بانە، قوروە و دێولان و مەریوان و سەوڵاوا ھەریەکەیان ١ نوێنەریان لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا ھەیە کە بە گشتی لە سەدا ٢٫٠٦ی کورسییەکانی ئەم مەجلیسە پێک دەھێنن. نوێنەرانی مەجلیس لە ھەر خولێکدا «کۆڕی نوێنەرانی پارێزگای کوردستان لە مەجلیسی شوورای ئیسلامی» پێک دەھێنن و پاش کۆتاییھاتنی خولی نوێنەرایەتیی خۆشیان ھێشتا وەک ئەندامی «کۆڕی نوێنەرانی پارێزگای کوردستان لە خولەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی» دەمێننەوە.[١٤][١٥]
جگە لەم پۆستە کارگێڕییانە، نوێنەری ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای کوردستانیش بە ناونیشانی «نوێنەری وەلی فەقیھ لە پارێزگای کوردستان» ڕۆڵی لە بڕیاردانەکاندا ھەیە. لە ئێستادا و لە ١٢ی خەرمانانی ١٣٩٩ەوە، نوێنەرایەتیی وەلی فەقیھ لە پارێزگای کوردستان لە ئەستۆی عەبدولڕەزا پوورزەھەبییە کە ھاوکات بەڕێوەبەری ناوەندی گەورەی ئیسلامیی ڕۆژاوای ئێرانە. ھەڵبژاردنی پێشنوێژەکانی ناوەندی پارێزگا و شارستانەکانی سەر بە پارێزگا لە ئەستۆی نوێنەری وەلی فەقیھ لە پارێزگاکەدا. پارێزگای کوردستان لە مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەریشدا ٢ نوێنەری ھەیە کە لە ناو مامۆستایانی ئایینیی سوننەدا ھەڵدەبژێردرێن.[١٦][١٧]
مێژوو
[دەستکاری]پارێزگای کوردستان لە مێژەوە شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و شارستانیەت بووە، کە نموونەی ئەوەش شارە کۆنەکانی وەکوو سەقز و قوروەیە. پارێزگای کوردستان بەشێکە لەو سەرزەمینەی کە لە ڕۆژھەڵاتی سەرزەمینی مادەکاندا بە ناوەکانی پارسوا یان پرسوا لە بەردنووسە ئاشووری و ئورارتوویییەکاندا تۆمار کراوە، و بەپێی شوێنەوارە مێژوویییە بەجێماوەکان و گەنجینەی زێویە، قەڵا و کۆشکی زێویە ناوەندی حکوومەت و پایتەختی مادەکان بووە. پارسوا ناوی ناوچەیەک بوو لە شارستانی سنە کە لە ٢٧ ناوچەی کەمدانیشتوو پێکھاتبوو و بە ژینگەی کۆنی ھۆزەکانی پارس ھەژمار دەکرا. یەکەمین ئاماژەی مێژوویی بۆ پارسوا لە ھێرشی شەلمەنەسەری سێیەم لە بەردنووسێکدا بۆ ساڵی ٨٣٧ی پێش زایین دەگەڕێتەوە. لە باکوورەوە بە ئورارتوو، لە ڕۆژاواوە بە ئاشوور و لە باشوور و باشووری ڕۆژاواوە بە ئیلام و سوومەر کۆتایی دەھات. لە سەرەتادا ھۆزە ئاریاییەکان لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێ نیشتەجێ بوون. ژمارەیەک لەوان لە ڕۆژھەڵاتی دەریاچەکەدا نیشتەجێ بوون و ناویان نا «ئامادای» و ئەو بەشەش کە لە ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێ بوو، بە پارسوا (پارسووما) دەناسرا. گرووپی یەکەم دەوڵەتی مادەکانیان دامەزراند و گرووپی دووەم دەسەڵاتی بەھێزی ھەخامەنشییەکانیان پێکھێنا. بە سەرنجدان بە دەقی نووسراوەکەی داریووش لە تەختی جەمشید و بێستوون، دەوڵەتی پاشایەتیی مادەکان لە ناوچەی ھەخامەنشی لە ساڵی ٥٥٠ی پێش زایین ھەڵکەوتووە و سەرزەمینی مادەکان بوو بە یەکێک لە ویلایەتەکانی دەوڵەتی ھەخامەنشی.[١٨][١٩][٢٠]
ھەڵکەوتەی پارسوا لە ڕووانگەی مێژوونووسانەوە
[دەستکاری]پارسوا لە باشوورتری زێی بچووک و لە دیالەی سەروودا (سیروان) ھەڵکەوتبوو و لە لایەکەوە لەگەڵ ناوچە جیاوازەکانی نامار و تووپ لیاش لە دیالەی ناوەڕاست و خواروو و لە لایەکی دیکەشەوە لەگەڵ ماننا و ناوچە جیاوازەکانی نزیک لە ماننا و لە کۆتاییشدا لەگەڵ ناوچە جیاوازەکانی ماد ھاوسنوور بوو. ھەروەھا لە بەردنووسە ئورارتوویییەکانەوە دیارە کە پارسوا لە نێوان ماننا و سەرزەمینی بابلیی ناماردا ھەڵکەوتبوو. لە کۆی ئەم خاڵانەی سەرەوە دەرەنجامی ئەوە بەدەست دێت کە دەبێت لە سنووری کوردستان و شارستانی سنەی ئێستادا بەدوای پارسوادا بگەڕێین. دیاکۆنۆڤ لە بەرھەمەکەی خۆیدا بە ناوی «مێژووی ماد» دەنووسێت: بەشی سەرووی ڕووباری دیالە و لق و پۆپەکانی لە سێگۆشەی شارەکانی ئێستای سلێمانی، سەرپێڵی زەھاو و سنە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆیەمی پێش زایینەوە بە پارسوا ناودێر کراوە.
لەکاتی دەسەڵاتداریی ھەخامەنشییەکانەوە، لە ناوچەکانی پارسەکان و ساسانییەکان، ویلایەتی مادەکان وەکوو یەکێک لە ویلایەتەکانی ئێرانی کەونارا بە ناوی «ماھ» دەناسرا. ئەم ویلایەتە پێکھاتبوو لە دوو بەشی «ماھی خواروو»یان ڕازی ماھ و «ماھی سەروو»یان نەھاوەند ماھ. لە سەردەمی پێش ئیسلامدا سەرزەمینی مادەکان بە «مای»یان «ماھ» ناودەبرا. ناوچەی پارێزگای کوردستان (ئەردەڵان) لە سەردەمی سەفەوییەکاندا پێکھاتبوو لە ٩ شاری گەورە: سنە، سەقزی سوڵتانیی ئەردەڵان، گەڕووس، ئەلکا، زەڕین کەمەر، تەغامین، خوڕخوڕە، پاوە و ھەورامان، ئەلکای بانە، قەڵازەڵام و پاڵنگان. دەسەڵاتدارانی سەربەخۆ بۆ ھۆزە گەورەکان دیاری دەکران.
سەردەمی ھاوچەرخ
[دەستکاری]بەپێی ڕەشنووسی ژمارە ١٢٧٥ لە ٩ی سەرماوەزی ١٣١٦ (ھەتاوی)، ئێران بۆ شەش بەش دابەش کرابوو. پارێزگای ڕۆژاوا پێکھاتبوو لە شارەکانی کوردستان، کرماشان، گەڕووس، باوەندپوور (کەڵھوڕ)، پشتکێو، ھەمەدان، مەلایێر، خوڕەمشار، ئابادان، خوزستان و کۆھگیلوویە. لە ساڵی ١٣٣٥ بەپێی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران، کوردستان لە پارێزگای پێنجەم جیا کرایەوە و پارێزگای کوردستانی پێکھێنا. شارەکانی پارێزگاکەش سنە، بیجاڕ، سەقز و قوروە بوون.[٢١]
بەپێی بڕیارنامەی ٤٠٠٤/٤٥٦٢٩/ی ئەنجومەنی وەزیران کە لە دابەشکارییەکانی وڵاتدا لە ساڵی ١٣٣٧ی ھەتاویدا کرا، شاری قوروە لە پارێزگای ھەمەدان جیا کرایەوە و خرایە سەر پارێزگای کوردستان.[٢٢]
پارێزگای کوردستان لە شۆڕشی ١٣٥٧دا ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو و دوای ھاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش، شوێنی تێکھەڵچوونی نێوان ھێزە کوردییەکان و حکوومەتی نوێ بوو. لە ماوەی شەڕی ئێران و عێراقیشدا پارێزگای کوردستان چەندین جار لەلایەن ھێزە سەربازییەکانی عێراقەوە بۆردوومان کرا و نزیکەی ٤٥٠٠ کەس لە دانیشتووانی ئەم پارێزگایە لەلایەن سوپای عێراقەوە کوژران.[٢٣]
سروشت و ژینگە
[دەستکاری]ئاووھەوا
[دەستکاری]ئاووھەوای کوردستان لەژێر کاریگەریی بارستە ھەوا گەرم و شێدارەکانی دەریای ناوینە کە ئەم بارستانە دەبنە ھۆی بارانبارین لە بەھار و بەفربارین لە زستانەکاندا. ئەم بارستە ھەوایانە لە زەریای ئەتڵەسی و دەریای ناوینەوە بە بەرکەوتنیان بە بەرزایییەکانی زاگرۆس بەشێکی بەرچاو لە شێ بە شێوەی بەفر و بارانی پەرشوبڵاو لەم ناوچەیەدا دادەبارێنن. ژمارەی ڕۆژەکانی سەھۆڵبەندان ١٠٩ ڕۆژە و ڕێژەی بارانبارینی ساڵانە لە بارودۆخی ئاسایی ئاووھەوادا یەکسانە بە ٥٠٠ ملیمەتر. سەقز وەک یەکێک لە ساردترین شارەکانی ئێران، زۆرترین ڕۆژەکانی سەھۆڵبەندانی لە ساڵدا ھەیە و زۆرترین ڕێژەی بارانبارین لە پارێزگاکەدا پەیوەندیی بە شارەکانی مەریوان و بانەوە ھەیە بە نزیکەی ٨٠٠ ملیمەتر لە ساڵێکدا، و کەمترین ڕێژەی بارانبارین لە ناوچەی ڕۆژھەڵات نزیکەی ٤٠٠ ملیمەتر و لە بەشی ناوەندی پارێزگا واتە سنە نزیکەی ٥٠٠ ملیمەترە لە ساڵێکدا. دزەکردنی بارستە شێدارەکانی زستانە و بەھارە لە مەریوان و دەریاچەی زرێبار کاریگەرییەکی زۆری لە شێدار و مامناوەندبوونی ھەوای ئەم ناوچەیەدا ھەیە. ڕێژەی شێ و بارانبارینی گونجاو بووەتە ھۆی دروستبوونی دارستانە چڕەکانی بەڕوو و جۆرە جیاوازەکانی دارە دارستانییەکان.
لە ڕۆژاوای پارێزگاکەدا ڕێژەی بارانبارین زیاترە لە ناوچەکانی تر. وەرزی ھاوین کەمترین بارانبارینی ھەیە. ھەوای پارێزگاکە لە ھاویندا گەرم و لە زستاندا ساردە. کوردستان بەھۆی ئاووھەوا بێوێنەکەیەوە توانایەکی زۆری بۆ ڕاکێشانی گەشتیار ھەیە.
زەویناسی
[دەستکاری]ڕۆژھەڵاتی پارێزگاکە لە کۆتایییەکانی سەردەمی سێیەم و بەتایبەتی لە ناوەڕاستی میۆسێن بەھۆی تەقینەوە گڕکانییەکان و توندیی جووڵە چرچبوونەکان لە پەراوێزەکاندا، بووەتە شێوەی حەوزێکی نیشتووی تا ڕادەیەک سەربەخۆ کە ئاوی بەرزایییەکانی دەوروبەر، بەتایبەتی سەرزەمینە بەرزەکان و شیستییەکانی ڕۆژاوا دەڕژانە ناوی. لە پلیۆسێندا ئەم حەوزە وەکوو حەوزە ھاوشێوەکانی ناوخۆی بانەی ئێران بەھۆی ڕەنگدانەوەی جووڵە شاخ دروستکەرەکان یان زەوی دروستکەرەکان بەرز بووەتەوە و لە ئاو ھاتووەتە دەرەوە؛ بۆیە یەکەمین تۆڕی ئاوە ڕووانەکان کە لە ڕابردوودا دەڕژانە ئەم حەوزە، دەستبەجێ دوای ھاتنەدەرەوەی نیشتووەکان لە ئاو، لە ناوچەکەدا دەستی بە چالاکی کردووە و بە لەبەرچاوگرتنی لێژایی ڕواڵەتیی نیشتووەکان لە ڕۆژاواوە بۆ ڕۆژھەڵات لە یەک لقدا ڕووی کردووە کە ئەمڕۆ ئێمە بە ناوی قزڵ ئوزەن دەیناسین.[٢٤]
چیاکان و لووتکەکان
[دەستکاری]لە پارێزگای کوردستاندا بەرزایی، بنار و زنجیرەچیای جۆراوجۆر بوونیان ھەیە. زنجیرەچیاکانی ڕۆژاوای وڵات بە شێوەی زنجیرەی ھاوتەریب، تەواوی پانتایی پارێزگاکەیان گرتووەتەوە و سنووری سروشتیی پارێزگاکە پێک دەھێنن. لەم ناوچە شاخاوییانەدا سەھۆڵچیاکان، لووتکە بەرزەکان و کانییەکی زۆر بوونیان ھەیە. بناری ناوچە شاخاوییەکان، بەتایبەتی ناوچەکانی نزیک لە شارەکان (ئاویەر، کێوی ئاربابا، شاھۆ) لە باشووری پارێزگاکەدا خاوەنی داپۆشراوییەکی بەرفراوانی دارستان و لەوەڕگەن.
گرنگترین چیاکانی پارێزگای کوردستان کە زیاتر لە ٢٨٠٠ مەتر بەرزن بریتین لە: کێوی کۆچسار، کێوی نەکرۆز لە ڕۆژاوای سەقز نزیک گوندی میرەدێ، کێوی شێخ مەعرووف، کێوی پەنجەعەلی (بە بەرزیی ٢٩٤٠ مەتر کێوی حەوت سوار لە باشووری ڕۆژھەڵاتی دێولان و باشووری ڕۆژاوای قوروە لە تەنیشت گوندی کەنگەرەی ٣٥ کیلۆمەتری قوروە)، کێوی کانی چەرمە، کێوی ئەڵقەمسیر، کێوی سناسەرە، کێوی میانە، کێوی مزگەوت میرزا، کێوی مەلاکاوو، کێوی حوسێنبەگ، کێوی پیازە، کێوی تەخت، کێوی ھۆعالیداغ، ھەوارەبەرزە، کێوی چەرخلان، کێوی سیراجەددین، و زنجیرەچیای چلچەمە لە نزیک گوندی ئیسحاق ئاوای و کانێعمەتی سەقز. بەرزترین لووتکە لە پارێزگای کوردستاندا لووتکەی بەدرە کە لە ناوچەی چواردۆڵی شارستانی قوروە ھەڵکەوتووە و ٣٣١٠ مەتر بەرزە.[٢٥]
کێوی عەواڵانی نشوور بە بەرزیی ٢٩٧٠ مەتر کانیگەلێکی پڕئاوی ھەیە. بەرزایییەکانی تەتە لە ناوچەی ھەورامان لە ڕۆژاوای پارێزگاکەش یەکێکە لە بەرزترین ملەکانی پارێزگای کوردستان و ڕێگای گەیاندنە بە پارێزگای کرماشان کە ھەموو ساڵێک بۆ ماوەی نزیکەی ١٥٠ ڕۆژ بەھۆی بەفر و بەرزیی زۆرەوە دادەخرێت. بەرزایییەکانی ڕۆژاوای پارێزگا وەکوو ھێڵی سنووریی ھەردوو وڵاتی ئێران و عێراق دیاری کراوە.
دانیشتووان
[دەستکاری]ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای کوردستان لەسەر بنەمای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و خانووبەرەی ساڵی ١٣٩٥ی ھەتاوی یەکسان بە ١٬٦٠٣٬٠١١ کەس بووە. لەم ڕێژەیە لە سەدا ٣٥ لە گوندەکان و لە سەدا ٦٥ لە شارەکاندا دەژین. چڕیی ڕێژەیی دانیشتووان یەکسانە بە ٥٢٫١ کەس لە یەک کیلۆمەتری چوارگۆشەدا. چڕترین و پڕدانیشتووترین شارستانیش، شارستانی سنەیە.
زمان
[دەستکاری]زۆرینەی خەڵکی پارێزگای کوردستان بە زمانی کوردی و بە شێوەزارە جیاوازەکان قسە دەکەن. لە پارێزگای کوردستاندا بە شێوەزارەکانی سۆرانی، ھەورامی و کوردیی باشووری قسە دەکرێت. پڕئاخێوترین شێوەزاری کوردی لە پارێزگای کوردستاندا «سۆرانی»یە کە شێوەزارەکانی ئەردەڵانی، سەقزی، جافی، موکریانی و بابانی لەم شێوەزارە لە پارێزگاکەدا قسەی پێ دەکرێت. ھەروەھا کوردیی باشووری بە شێوەزاری گەڕووسی لە شارستانەکانی بیجاڕ و قوروە، و ھەورامی لە شارستانەکانی سنە، مەریوان، سەوڵاوا، کامیاران و قوروەش لە پارێزگای کوردستاندا قسەی پێ دەکرێت.[٢٦][٢٧][٢٨]
سەرەڕای زمانی کوردی، کەمینەیەک لە ئاخێوەرانی فارسی زمان و تورکی زمانیش لە پارێزگای کوردستاندا دەژین. ئازەرییە تورکی زمانەکانی کوردستان لە شارستانەکانی بیجاڕ و قوروە دەژین.[٢٩][٣٠]
ئایین و مەزھەب
[دەستکاری]زۆرینەی خەڵکی ئەم پارێزگایە مسوڵمانی سوننە و شافیعی مەزھەبن و لە جێبەجێکردنی دابونەریت و ڕێوڕەسمە ئایینییەکاندا پەیڕەوی لە فیقھی شافیعی دەکەن. ھەروەھا گرووپێکیش پەیڕەوی مەزھەبی شیعەن کە زۆرینەیان لە ڕۆژھەڵاتی پارێزگاکەدا نیشتەجێن. سەرەڕای ئەمانە، گرووپە بچووکەکانیش بە پەیڕەویکردن لە ئایینەکانی تر وەکوو جوولەکە، مەسیحی، یارسان، بەھایی و مەزھەبەکانی دیکە لەم پارێزگایەدا دەژین.[٣١]
شارستانەکان
[دەستکاری]پارێزگای کوردستان دە شارستانی ھەن:
دانیشتووان
[دەستکاری]شارستانەکانی پارێزگای کوردستان بەپێی دانیشتوو بەم شێوەیە ڕیزبەندی کراون:
| ڕێژە | شارستان | ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٦) |
|---|---|---|
| ١ | سنە | ٥٠١٬٤٠٢ |
| ٢ | سەقز | ٢٢٦٬٤٥١ |
| ٣ | مەریوان | ١٩٥٬٢٦٣ |
| ٤ | بانە | ١٥٨٬٦٩٠ |
| ٥ | قوروە | ١٤٠٬١٩٢ |
| ٦ | کامیاران | ١٠٢٬٨٥٦ |
| ٧ | بیجاڕ | ٨٩٬١٦٢ |
| ٨ | دیواندەرە | ٨٠٬٠٤٠ |
| ٩ | دێولان | ٦٤٬٠١٥ |
| ١٠ | سەوڵاوا | ٤٤٬٩٤٠ |
| سەرجەمی دانیشتووان | ١٬٦٠٣٬٠١١ |
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ https://www.amar.org.ir/سرشماری-عمومی-نفوس-و-مسکن/نتایج-سرشماری/جمعیت-بە-تفکیک-تقسیمات-کشوری-سال-1395 ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ↑ https://web.archive.org/web/20120113131032/http://www.kurdishglobe.net/displayArticle.jsp?id=8F45BFF7E739694E09A76D76AB92C3F8
- ↑ https://www.institutkurde.org/en/institute/who_are_the_kurds.php
- ↑ https://www.bartleby.com/topics/Minorities-Essay
- ↑ F. Stark, Rome on the Euphrates: the story of a frontier, 481 pp. ، 1966. (see p.342)
- ↑ George Henry Townsend, A manual of dates: a dictionary of reference to the most important events in the history of mankind to be found in authentic records, 1116 pp. , Warne, 1867. (see p.556)
- ↑ J. F. Matthews, Political life and culture in late Roman society, 304 pp. ، 1985
- ↑ J. den Boeft, Philological and historical commentary on Ammianus Marcellinus XXIII, 299 pp. , Bouma Publishers, 1998.(see p.44)
- ↑ A.D. Lee, The Role of Hostages in Roman Diplomacy with Sasanian Persia, Historia: Zeitschrift für Alte Geschichte, Vol. 40, No. 3 (1991), pp. 366–374 (see p.371)
- ↑ https://www.kebnanews.ir/news/490833/[بەستەری مردوو]
- ↑ https://rozanonline.ir/fa/tiny/news-1833[بەستەری مردوو]
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٨ی تەممووزی ٢٠٢٠ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٦ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ https://www.shoraha.org.ir/news/1400102513148[بەستەری مردوو]
- ↑ https://www.shoraha.org.ir/news/1400111313512[بەستەری مردوو]
- ↑ https://irandataportal.syr.edu/wp-content/uploads/جدول207حوزهانتخابیهمجلسدهم.pdf
- ↑ https://www.leader.ir/fa/content/24601
- ↑ https://www.irna.ir/xjPWMN
- ↑ https://web.archive.org/web/20090223070214/http://tourism.ostan-kd.ir/details.aspx?pageId=item_0_0
- ↑ https://www.heritageinstitute.com/zoroastrianism/images/maps/MiddleEastParsa700.jpg
- ↑ https://books.google.com/books/about/The_Cambridge_History_of_Iran.html?hl=ar&id=BBbyr932QdYC#v=onepage&q=Parsua&f=false
- ↑ http://ostan-kd.ir/?p=77[بەستەری مردوو]
- ↑ «تقسیمات استانی شورای وزرا به پیشنهاد شماره ۴۰۰۴/۴۵۶۲۹/ل شهر قروه از استان همدان منتزع شد و به استان کردستان ملحق گردید.» قانون تقسیمات کشور و اصلاح قانون ڕاجع به محصلین کلاس اختصاصی وزارت داخله بازبینیشده در ۲۱ دسامبر ۲۰۱۸ وبگاه شهرهای ایران.
- ↑ https://kurdpress.com/news/3234/چهره-شوم-جنگ-28-دی-ماه-سنندج-و-وظیفه-امروز-منصور-اولی[بەستەری مردوو]
- ↑ محمودی، فرجالله (آذر ۱۳۵۲). «آبوهوا». پژوهشهای جغرافیایی (۹): ۱۷.
- ↑ https://kurdpress.com/news/9366/بدر-قروه-به-عنوان-مرتفع-ترین-قله-در-کردستان-معرفی-شد[بەستەری مردوو]
- ↑ http://chap.sch.ir/books/8182[بەستەری مردوو]
- ↑ https://web.archive.org/web/20200928135829/https://kurdestan.ict.gov.ir/fa/kordestanprovince/generalinfo/history-%D9%BE%DB%8C%D8%B4%DB%8C%D9%86%D9%87-%D8%AA%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D8%AE%DB%8C-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86
- ↑ https://atlas.uok.ac.ir/about.aspx
- ↑ https://web.archive.org/web/20131014040836/http://www.encyclopaediaislamica.com/madkhal2.php?sid=2396
- ↑ https://web.archive.org/web/20130808090412/http://www.ghorveh.gov.ir/Default.aspx?TabID=62
- ↑ http://chap.sch.ir/books/7625[بەستەری مردوو]
