نەورۆز

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
لە سەرەتای وەرزی بەھاردا خەڵکی کورد بە پێی داب و نەریت و کوولتووری خۆیان ئاھەنگی نەورۆز دەگێڕن، گوندی پەنگان، کوردستانی ئێران.
ئاگر ھێمای نەورۆزە لەلای کوردەکان
نەخشەیەک ئەو وڵاتانە پیشان دەدات کە نەورۆز تێیدا بەڕێوەدەچێت.

نەورۆز نەریتێکی زۆر کۆن و دێرینە کە لەلایەن کورد و فارسەکان و نەتەوەی دیکە بە شێوەی جۆربەجۆر پەیڕەو دەکرێت. ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ کەونەرایەکی پێش لە مێژوو. شارەزایانی نەورۆز، بڕوایان وایە جەمشێد کە یەکێک لە پاشاکانی پێشدادییەکان بووە، نەورۆزی داھێناوە. ژیانی ئەو پاشایانە لە ئەفسانە بەدەر نییە و بە سەرھاتەکانیان زۆر خەیاڵین و بنەمای نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ چاخە دێرینەکان.[١]

کەونارایییەکان پێیان وا بووە کە لە مانگی نەورۆزدا «گیانە پاکەکان» سەردانی کەس و کارەکانیان لەسەر زەوی دەکەنەوە و ئاگر ھەڵدەکەن و «خوانی حەوت سین» دەچنن و بەدەوریدا دادەنیشن؛ بۆیە چەند ڕۆژێک پێش لە ھاتنی نەورۆز، خەڵک دەست دەکەن بە تەکاندنی کەلوپەل و ناو ماڵیان و جلی نوێ لەبەر دەکەن و بە ئاگر ھەڵکردنەوە دەچنە پێشوازی نەورۆز. دیارە نەورۆز لە ناوچە جۆربەجۆرەکاندا بە شێوەی جیاواز ئەنجام دەدرێت و داب و نەریتەکانی نەورۆز لای گەلانی ناوچەکەش جیاوازیی ھەیە.

جەژنی نەورۆز پێشینەیەکی دوورودرێژی ھەیە و کۆنترین جەژنی مرۆڤە لەسەر زەوی. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون، کۆنترین مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی، ئەو کاتەی کە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون، ڕۆژی یەکەمی بەھاریان کردووە بە جەژن.

((دکتور مەولوود ئیبراھیم حەسەن)) لە وتارێکی تێر و تەسەلدا بە وردی چووەتە سەر بنج و بناوانی مێژووەوە و بەڵگە دێنێتەوە لەسەر ئەوەی

کە ئەو جەژنە ھەمان جەژنی (تەممووز و عەشتار)ە، کە سۆمەرییەکان پێش ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی کوردستان بێنە دەر و بەرەو خوارووی

وڵاتی عێراقی ئێستا داگەڕێن، ئەو جەژنەیان بەڕێوە بردووە.ئاگر سومبوڵی نەورۆزە لای کوردان نەورۆز تێکەڵ بووە بە کۆمەڵێک ئەفسانەی سەیر و سەمەرە. لە ئێرانی کۆندا لە یەکەم ڕۆژی بەھاردا واتە ڕۆژی نەورۆز، پاشای وڵات دەرگای خستووەتە سەر پشت بۆ دیدار لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەیدا و ڕۆژەکانی تەرخان کردووە بۆ چاو پێکەوتنی ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. ھەر لەو ڕۆژەشدا خەڵات و دیاری پێشکەش بە دەست و پێوەندەکانی کردووە و دیارییشی لێیان وەرگرتووە. ھۆنەری فارس، فیردەوسی دانەری پەرتووکی شانامە، بنەچەی نەورۆز دەباتەوە سەر کۆنە ئەفسانەیەکی بێ بنەما، واتە ئەفسانەی کاوە و زوحاک. ئەوەی فیردەوسی باسی دەکات ھیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە. دیارە زوحاک یان (ئاستیاگ) ھەبووە و دوایین پاشای مادەکان بووە؛ بەڵام نەوەک ئەو جۆرەی کە فیردەوسی باسی دەکات. ئاخر فیردەوسی وەکوو کابرایەکی خوێنخۆری مار لەشانی زاڵم باسی دەکات کە دەبوو ھەموو ڕۆژێ مێشکی دوو گەنجی دەرخوارد بدەن. ھەر بۆیە کاوەی ئاسنگەر لێی یاخی دەبێت و شۆڕشێکی لە دژی بەرپا دەکات و تەخت و بەختی لێ وەردەگێڕێ. لە حاڵێکدا ھەر لەو وتارە بەڵگەمەندەی د. مەولوود ئیبراھیم حەسەندا ھاتووە، کە ئاستیاگ دوایین پاشای مادەکان، نەک زاڵم و شێت نەبووە بەڵکو پیاوێکی تا بڵێی ڕووخۆش بووە؛ بەڵام مێژووی پەیوەندیدار بەو کابرایە تەواو پێچەوانە و شێوێندراوە. بە ڕای من، سەرکەوتنی ھەخامنشییەکان، بەسەر وڵاتی ماددا و کۆتاییھاتنی تەمەنی یەکەمین دەسەڵاتی کوردی و سەرکەوتنی تیرەیەکی فارس و دامەزراندنی وڵات لەلایەن ئەوانەوە، بووەتە ھۆی ئەوەی کە لە کۆنەستی فارسەکان بە گشتی و لە نەستی کەسێکی وەک فیردەوسیدا بە تایبەتی، ئەفسانەیەکی لەو جۆرە بیچم بگرێت (وێنا بکرێت) و ڕووخساری ئەو دووژمنەی پێ ناشیرین و بکرێت. دەڵێن: ڕۆژێک منداڵێک لە باوکی دەپرسێ: باوکە ڕووخساری ئەھریمەن لەو وێنەیەدا بۆچی ئەوەندە ناشیرین و دزێوە؟ باوکەکەی دەڵێ: چونکە ئەو وێنە بە دەستی دۆستەکانی ئەھریمەن نەکێشراوە. ئەوەی ڕاستی بێت مێژووی کوردیش ھەتا ئێستا خۆی نەینووسیوەتەوە، بۆیە جگە لە لایەنی کەم و کووڕی شتێکی ئەوتۆمان لە مێژووی کۆن لەبەردەست دا نییە کە مۆرکی خۆمانی پێوە بێت. تەنانەت ئەو جەژنە پیرۆز و جێگە شانازییانەش کە ھەمانبوون، بە جۆرێک مۆرکە کوردییەکەیان لێ سڕیوونەتەوە و بە ناو نەتەوە و گەلانی باڵادەستەوە کراون، بۆ ئەوەی ئێمە شتێکمان نەبێت کە وەک پاڵپشت و بەڵگەی مێژوویی پاڵی پێوە بدەین. ئێستا کە بەپێی بەڵگە مێژوویییەکانیش دەرکەوتووە کە نەورۆز جەژنێکی تەواو کوردییە و لە کوردستانەوە بە وڵاتان و ناوچەکانی دیکەی دەورووبەرماندا بڵاو بووەتەوە، ھێشتا وەک پێویست دەڵێی لە ڕوومان ھەڵنایەت ڕاشکاوانە بڵێین ئەو جەژنە جەژنێکی ڕەسەن کوردییە. ئێستاش لە کۆنەستی (ھزری) ئێمەدا ئەو ڕۆژە ڕۆژی سەرکەوتنی کاوەی ئاسنگەرە بە سەر زوحاکی مار لەشاندا. لە دۆخێکدا ئەوە ھیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە ئەفسانەیەکی سازکراوە. ئەگەر واشی دانێین کاوەیەک بووبێت و تەخت و بەختی زوحاکی ’ماد’ی وەرگێڕابێت، ئەوا کورد چۆن شانازی دەکات بە کەسێکەوە کە کۆتایی بە یەکەمین دەسەڵاتی کورد ھێناوە و دواتریش گەڕاوە بە قسەی فیردەوسی بە شاخ و کێواندا و لەوێ ’فەرەیدوون’ی دۆزیوەتەوە و کردوویەتی بە پاشا. فەرەیدوونیش کورد نەبووە. ئەگەر وای دانێین کاوەیەکیش لە گۆڕێدا بووبێت (ھەبوو بێت) و کورد بووبێت، ئەوا کاوە خۆفرۆشێکی خەیانەتکار بووە و مێژووش پڕە لەو جۆرە کەسانە کە بەداخەوە شانسیان گرتوویەتی و دواتر بە پێچەوانەوە ناویان بە چاکە ڕۆیشتووە.

نوێ ڕۆژ یان نەورۆز لە کوردەوارییەکەی خۆیاندا لە کەس شاراوە نییە کە کورد ھەر لە بنەچەکدا (بنێڕا)، گەلێکی ئاژەڵدار بووە و بە دەم ئاژەڵداریشەوە کشتوکاڵیشی کردووە. کەوابوو گەڕیانی وەرزەکانی و گۆڕانە وەرزییەکان، لە ژیانی ئەو گەلەدا گرینگی تایبەت بە خۆی ھەبووە. بە تایبەتی کوردستان نیشتمانێکی کوێستانییە و وەرزی زستان لە کۆندا تەمەنێکی درێژتر لە ئێستای ھەبووە و ئێستاش پیاوە بەتەمەنەکانی کورد باشیان لەبیرە کە جاری جاران (ساڵی ساڵان) بەفرێکی قورس دەباری و جار ھەبووە ھەتا دوو مانگ لە بەھاریش تێپەڕیوە و بەفر ھەر نەتواوەتەوە و زەوی و ڕێ و بانی بەر نەداوە. لەو حاڵەتەدا کوردی ئاژەڵدار دەکەوێتە تەنگژەی بێ تفاقی و بێ ئازووقەیەیی (ئاوردوویی). بەپێی ھەموو ئەو ھۆکارانە، کە ھەم سروشتی و ھەمیش ھەرێمییە کورد تەواو بوونی وەرزی تووش و سەرمای (سەرما و سۆڵەی) زستانی کردبێتە جەژن. مامۆستا ھێمن موکریانی جەژنی نەورۆز دەباتەوە سەردەمی ئاژەڵداریی کورد و بە تایبەتی پێی وایە ئەو ڕۆژە ڕۆژی مەڕ زایینە. لەو سۆنگەیەوە کە مەڕداری کورد ڕانە مەڕەکەی لەو ڕۆژەدا دەزێ بۆیە ڕۆژەکەی کردووەتە جەژن. لە مێژووی جەژنە ئێرانییەکاندا جەژنێکیش ھەیە بە ناوی جەژنی مێھرەگان. ئەو جەژنە یەکەم ڕۆژی پاییز بووە. مەڕدار لەو ڕۆژەدا بەرانیان لە مێگەل بەرداوە. واتە ئەو ڕۆژە ڕۆژی بەرانگرتنی مەڕ بووە؛ بۆیە ئەو ڕۆژەش کراوە بە جەژن و بە مێھرەگان ناوی دەرکردووە و مامۆستا ھێمن لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ھەر ئەو ناوی جەژنی مێھرەگانە دواتر بووەتە مێھرەجان و بە تایبەتی عەرەبەکان بە زۆربەی جەژن و کۆڕەکانی خۆیان دەڵێن مێھرەجان. بە گشتی مەودای نێوان جەژنی مێھرەگان و جەژنی نەورۆز پێنج مانگە. ’مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ. پێشینیان دەڵێن بەرخ پاش سەد ڕۆژ ڕۆحی وەبەر دێ و مەترسیی بەرئاویتن کەم دەبێتەوە. جەژنی سەدە کە ئێستاش لە زۆر شوێنی کوردستان دەیکەن و پێی دەڵێن ’بێڵن دانا’، پێوەندیی لەگەڵ ئەم باسە ھەیە. دوو مانگ پاییز و سێ مانگ زستان دەکاتە پێنج مانگ و لە شەوی یەکەمی بەھاردا زەوی مەڕ دێ و جەژنی ھەرە گەورەی مەڕدارە. بۆچوونەکەی مامۆستا ھێمن زۆر لە ڕاستییەوە نزیکترە لەو بەناو مێژوونووسانەی کە بە ویستی دەسەڵات مێژوویان بە ئارەزووی خۆیان و ئەربابەکانیان نووسیووەتەوە. پاش ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی میدییەکان، ئەوانەی دێن و سەربردە و مێژوو دەنووسنەوە، دەبێ بەو شێوەیە بینووسنەوە کە دەسەڵات دەفەرموێ. کەوابوو ئەگەر ڕوخسارێکی سامناک لە دوایین پاشای میدییەکان واتە ئاستیاگ پیشان بدەن، شتێکی سەیر نییە. ئەگەر زۆر زۆر دووریش نەگەڕێینەوە و وردبینانە لە مێژووی ھاوچەرخی خۆمان بڕووانین و لێی وردبینەوە، دەبینین ئێستاش دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، چۆن لە ھەموو ڕێگەیەکەوە ھەوڵ دەدەن ڕووخساری ڕاستەقینەی ئازادیخوازان بخەنە بن پەردەی سەدان ناو ناتۆرەی دزێوەوە. دوور نەڕۆین ئەگەر بۆ مانای وشەی پێشمەرگە بگەڕێینەوە نێو فەرھەنگی بەعسییەکان، پێتانوایە چ پێناسەیەک لە پێشمەرگە کرابێت؟ ئەوە لە سەردەمێکدایە کە ئێمەش ئەگەر ھاوسەنگی ئەوانیش دەستمان بە پێنووس و دامودەزگای ڕاگەیاندن نەگەیشتبێ بۆ وەڵامدانەوەیان، لانیکەم دەرفەتی ئەوەمان ھەبووە، لە ھەندێ کەناڵەوە ڕاست بوون و ڕەوا بوونی داواکانمان بۆ خەڵک ڕوون بکەینەوە. جا وەرن سەیری سەردەمێکی کۆنی کۆن بکەن کە کوردی لێقەوماو خاوەنی ھیچ خوێندەوارییەک نەبووە و دەسەڵاتدارەکانی زاڵ بەسەر نیشتیمانەکەیدا چۆن دڵیان ویستوویەتی مێژوویان بۆی نووسیوەتەوە؛ بۆیە ئەفسانەی کاوە و زوحاک تەنیا فێڵێکە لە مێژووی ئێمە کراوە. لانیکەم ئەگەر تەنیا بە مەبەستی ئەوەش بووبێت کە ھیچ کات لە ڕوومان ھەڵ نەیەت، بە شانازییەوە باسی ئیمپراتۆرییەتی میدییەکان بکەین.

نەورۆز لە کوردەواریدا[دەستکاری]

نەورۆز لە کوردەواریدا جەژنێکی تایبەتە و مێژوویەکی کۆنی ھەیە. لە ھەموو شوێنەکانی کوردەواریدا ئەم جەژنە بەڕێوە دەچێت. یەکێ لە خاڵە ھاوبەشەکان لە نێوان زۆربەی کوردەواریدا ئاگر ڕۆشن کردنی نەورۆزە. یەکەمین نووسەری کورد کە بە کوردی باسی دابوونەریتی نەورۆزی کردبێت ئەحمەدی خانی بووە. زۆرێک لە ھۆنەرانی تری کوردیش ھۆنراوەیان بۆ نەورۆز داناوە. ئاگر ھێمای نەورۆزە لەلای کوردەکان، ھەموو ساڵێکیش بە ئاگر یادی دەکەنەوە.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ R. Abdollahy, Calendars ii. Islamic period, in Encyclopaedia Iranica, Vol. 4, London & New York, 1990.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]