قەزای سلێمانی
قەزای سلێمانی | |
|---|---|
| بە عەرەبی: قضاء السلیمانیة بە ئینگلیزی: Sulaymaniyah District | |
نەخشەی سەرەوە: نەخشەی قەزای سلێمانی لە پارێزگای سلێمانیدا، (نەخشەکە کۆنە ئێستا بازیان قەزایە) نەخشەی خوارەوە: نەخشەی کارگێڕی قەزای سلێمانی | |
![]() قەزای سلێمانی | |
| پۆتانەکان: 35°32′09″N 45°21′21″E / 35.53591°N 45.35571°Eپۆتانەکان: 35°32′09″N 45°21′21″E / 35.53591°N 45.35571°E | |
| وڵات | |
| ھەرێمی فێدراڵ | (ھەرێمی کوردستان) |
| پارێزگا | سلێمانی |
| مەڵبەند | سلێمانی |
| ژمارەی ناحیەکان | ٢ |
| ژمارەی گوندەکان | ١٤٩ |
| بوون بە قەزا | ١٩٢٠ |
| دامەزرێنەر | ئیبراھیم پاشای بابان |
| ھاوناو | سلێمان پاشای بابان |
| دەسەڵات حکوومەتی خۆجییی | |
| • جۆر | ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی |
| • قایمقام | ئاوات محەممەد |
| ڕووبەر | |
| • سەرجەم | ٩٢٧ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٣٥٨ میلی چوارگۆشە) |
| بەرزایی | ٤٥٠ مەتر (١٬٤٨٠ پێ) |
| بەرزترین بەرزایی | ١٣٣٧ مەتر (٤٬٣٨٦ پێ) |
| نزمترین بەرزایی | ٦٩٣ مەتر (٢٬٢٧٤ پێ) |
| ژمارەی دانیشتووان (٢٠٢٥) | |
| • سەرجەم | ٨٥٠،٠٠٠ |
| • چڕی | ٩٧١ کەس لە کیلۆمەتری چوارگۆشە (٢٬٥١٠ کەس لە میلی چوارگۆشە) |
| سەرناوی دانیشتوو | سلێمانێیی |
| زمان و ئایین | |
| • زمان | کوردی (سۆرانی و ھەورامی) و سوریانی |
| • ئایین | ئیسلام(سوننە و شیعە)، مەسیحی و یارسان |
| • ب پ م(٢٠١٧) | ٠٫٧٠٦[١] بەرز · ٢ەم بۆ ١٧ |
| ناوچەی کاتی | UTC+٣ (ناوچەی کاتی) |
| • ھاوین (DST) | UTC+٣ (ھاوین) |
| تەلەفۆن | ٩٦٤+ |
| وێبگە | http://www.slemani.gov.krd/ku/ |
قەزای سلێمانی یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شاری سلێمانییە.[٢] ژمارەی دانیشتووانی ٨٥٠ ھەزار کەسە (٢٠٢٥).
جوگرافیا
[دەستکاری]سنووری قەزای سلێمانی، لەباکوورەوە قەزای شارباژێڕ، لە باکووری ڕۆژاواوە قەزای دووکان، لە ڕۆژاواوە قەزای بازیان، لە باشوورەوە قەزای قەرەداغ، لە باشووری ڕۆژاواوە قەزای چەمچەماڵ لەڕۆژھەڵاتەوە قەزای سەید سادق، لە باشووری ڕۆژھەڵاتەوە قەزای شارەزوور.[٤]
مێژوو
[دەستکاری]یەکەی کارگێڕی قەزا لەدوای یەکەی کارگێڕی پارێزگا (لیوا) دێت. قەزای سلێمانی ھەر لە ساڵی (١٨٥١)دا کە لیوای سلێمانی دروست بوو ئەم قەزایە وەک پاشکۆ لە لیوای سلێمانیدا ھاتە کایەوە.
سەردەمی عوسمانی
[دەستکاری]ئەم پارێزگایە تا نیوەی سەدەی نۆزدەھەم خودی میرنشینی بابان بوو لە سنووری ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا، ناوەندی ئەم میرنشینە سەرەتا لە قەڵاچوالان بوو. پاشان لە ساڵی (١١٩٩ک - ١٧٨٤ز) دا ئیبراھیم پاشای بابان فەرمانی دروستکردنی ناوەندێکی تازەی بۆ میرنشینەکەدا، پایتەختی گواستەوە بۆ شارە تازەکە و ناوینا سلێمانی، ئەم میرنشینە لە ساڵی ١٨٥١ز دا کۆتایی پێھات و بچووککرایەوە بۆ لیوا و لکێندرا بە ئەیالەتی شارەزوورەوە.[٥]
لە نێوان ساڵانی ١٨٥١–١٨٦٩
[دەستکاری]سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بووە، سنووری ئەم لیوایە و لیوا ھاوسنوورەکانی میراسی ناکۆکی نێوان ھەردوو میرنشینی بابان و میرنشینی سۆران بوو، لەکاتێکدا دەسەڵاتی میر محەممەدی ڕەواندوز ھەردەھات فراوانتر دەبوو تاگەیشتە سنووری کۆیە و ڕانیە و دەربازی دەستە چەپی زێی بچووکیش بوو. چەندین ناحیەی ئەیالەتی شارەزووری خستە سەر میرنشینەکەی لەوانە ناحییەکانی(عەسکەر، ئاغجەلەر، کێوەچەرمەڵە، چیاسەوز، گڵناغاج، قەسرۆک، گردخەبەر، جبق قلعە و شوان) لەگەڵ مەنگوڕایەتیدا.
ناکۆکی نێوان میرانی بابان ھەر بەردەوام بوو، میر محەممەد بە ھەلی زانی ھێرش بکاتە سەر میرنشینی بابان، وەزیر (عەلی پاشا-والی بەغدا) لەگەڵ حکوومەتی ئێراندا ھاوپەیمانییەکی دژی میرنشینی سۆران بەست و ھەردووکیان ھاوکاری سڵێمان پاشای بابانیان کرد، ئەمە لەکاتێکدا ھێزی سۆران لە پێشڕەویدا بوون و گەیشتبوونە سوورداش سوپای ھەردوولا لە قەمچوغە گەیشتنە یەک و شەڕێکی قورس لە نێوانیاندا ڕوویدا و سوپای سۆران ناچار بوو پاشەکشێ بکات بۆ کۆیە و ھێزی سڵێمان پاشای بابان کەوتە دوای و لە نزیک کۆیە جارێکیتر شەڕ ڕوویدا، ھێزی بابان و ھاوپەیمانەکانی زیانی زۆریان بەرکەوت و ھەردوولا گەیشتنە ڕێکەوتن کە ھێڵی ڕانیە، بتوێن، خەلەکان، چناران تا زێی بچووک و دەربەند ببێتە سنووری نێوانیان. دوای لە ناوچوونی ھەردوو میرنشینەکە (سۆران لە ١٨٣٦) و (بابان لە ١٨٥١)دا ئەم سنوورە وەک خۆی مایەوە و لیوای سلێمانی (١٧)قەزای لە خۆدەگرت، ئەمەش لە ھەرسێ ساڵنامەی عوسمانی ژمارە(١١-١٢-١٣)دا دەردەکەوێت.[٦]

لە نێوان ساڵانی ١٨٦٩–١٨٧٢
[دەستکاری]قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:
- ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی قەزاکان: بەشێکی زۆری قەزاکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بەناوی ھۆزەکانەوە بوو، لەم قۆناغەدا فرە ناوەندەکان ھەڵوەشێنرانەوە و لە جیاتی ئەوە یەک ناوی بۆ دانرا.
- ھەڵوەشاندنەوەی قەزای(سلێمانی، سەرچنار، عەشرەتی مندمی).
- ھێنانەکایەی قەزای زڕگوێز بەدابڕاندنی ڕووبەرێک لە قەزای سلێمانی.[٧]

لەنێوان ساڵانی ١٨٧٣–١٨٧٥
[دەستکاری]- لەم سەردەمەدا یەکەی ناحیە ھاتە ناو یەکەی کارگێڕی دەوڵەتی عوسمانی.
- لەم قۆناغەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (٨)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە قەزا و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە ناحیە.
- قەزای زڕگوێز بچووکرایەوە و کرا بە ناحیە و خرایە سەر قەزای سلێمانی.[٨]

لەنێوان ساڵانی ١٨٧٥–١٨٩٤
[دەستکاری]- قەزای قەرەداغ ھەڵوەشێنرا و کرایە ناحیەی قەرەداغ و لکێندرا بە قەزای سلێمانییەوە.
- ناوی ناحیەی زڕگوێز گۆڕدرا بە ناحیەی سەرچناری ڕۆژھەڵات بە ھەمان سنووری خۆی، ھەروەھا ناحیەی ناوەندی قەزای سلێمانی گۆڕدرا بە ناحیەی سەرچناری ڕۆژاوا.

لەنێوان ساڵانی ١٨٩٤–١٩١٢
[دەستکاری]- ناحیەی سوورداش لە قەزای مەرگە دابڕێنرا و خرایە سەر قەزای سلێمانی.

سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتییدا: ١٩١٨–١٩٥٨
[دەستکاری]لەدوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، بۆ چەند ساڵێک ئیدارەی لیوای سلێمانی ڕاستەوخۆ لەژێر ھەژموونی ئینگلیزدا بوو، بە پێچەوانەی لیواکانی تر کە سەر بە بەغدا بوون، بەڵام دوای واژووکردنی پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان بەریتانیا و عێراقدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە (١١/تەممووزی/١٩٢٣)دا بڕیاری لکاندنی سلێمانی بە عێراقەوە درا، ئەم بڕیارەش لە ساڵی دوایدا جێبەجێکرا بە ناردنی(٥) ئەندام وەکو نوێنەری لیواکە لە ئەنجومەنی دامەزراندنی عێراقدا (المجلیس التأسیس العراقی)، دواتر لە کاتی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ناکۆکی نیوان عێراق - تورکیا لەسەر دواڕۆژی ویلایەتی مووسڵ، کۆمەڵەی گەلان لە شوباتی ١٩٢٥ز دا لیژنەی خۆی ڕەوانەی ئەم ویلایەتە کرد، بە کۆتایی ھاتنی ئەم کێشەیە ئیتر سلێمانی بووە بەشێک لە دەوڵەتی عێراق،[٩]
لە نێوان ساڵانی ١٩١٨–١٩٣٦
[دەستکاری]- ڕێکخستنەوەی سنووری نێوان ھەردوو پارێزگای کەرکووک و پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەک زنجیرە چیای قەرەداغ و بازیان بوو بە سنووری نێوانیان، بەمەش قەزای بازیان کە ناوەندەکەی چەمچەماڵ بوو، کرا بە دوو بەشەوە بەشی یەکەم قەزای چەمچەماڵ بە ھەردوو (ناحیەی قەڵاسێوکە و ناحیەی سەنگاو) و بەشی دووەم ناحیەی بازیان، یەکەم بەشیان لە لیوای سلێمانی دابڕێنرا و خرایە سەر لیوای کەرکووک، دووەمیان لەسەر لیوای سلێمانی مایەوە.[١٠]
- ناوی ناحیەی سەرچناری ڕۆژھەڵات بوو بە ناحیەی تانجەرۆ و ناوەندەکەی لە گوندی زڕگوێزەوە گواسترایەوە بۆ شارەدێی عەربەت.
- ناوی ناحیەی سەرچناری ڕۆژاوا بوو بە ناحیەی ناوەندی قەزای سلێمانی.

لە نێوان ساڵانی ١٩٣٦–١٩٤٧
[دەستکاری]- لەم سەردەمەدا قەزای سلێمانی گۆڕانکاری بە سەردا نەھات.

لە نێوان ساڵانی ١٩٤٧–١٩٥٨
[دەستکاری]لەدوای سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧ و کۆتایی ئەم سەردەمە چەندین گۆڕانکاری کارگێڕی لە سنووری ئەم لیوایە ئەنجامدرا.
- دابڕاندنی ناحیەی شارەزوور لە قەزای ھەڵەبجە و لکاندنی بە قەزای سلێمانییەوە.

سەردەمی کۆماریدا: ١٩٥٨–١٩٩٠
[دەستکاری]ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (٥) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (٥) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٨–١٩٧٩) و سەددام حوسێن (١٩٧٩–٢٠٠٣)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر ئەم پارێزگایە تا ساڵی ١٩٩١ بوو. کاریگەری ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی عێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لە ناوبردنی بزووتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو، بەتایبەت ئەوانەی دەوڵەمەند بوون بە سامانە سروشتییەکان. ئەم سەردەمە دابەشی پێنج قۆناغ دەکرێت.[١١]
لە نێوان ساڵانی ١٩٥٨–١٩٦٥
[دەستکاری]- ھێنانە کایەی ناحیەی سەرچنار لە سنووری قەزای سلێمانی بەپێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٧١٥) لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٥٩دا.[١٢]

لە نێوان ساڵانی ١٩٦٥–١٩٧٧
[دەستکاری]- دابڕاندنی ناحیەی شارەزوور لە قەزای سلێمانی و لکاندنی بە قەزای ھەڵەبجەوە.
- ھێنانە کایەی قەزای دووکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ناوەندەکەشی لە جێکەوتی بەنداوی دووکان، لە کەرتی (٤٧/تۆپزاوا) و ھەردوو ناحیەی سوورداش لە قەزای سلێمانی و ناحیەی چناران لە قەزای ڕانیە، بەستران بەم قەزایەوە بەپێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٢٤٧) لە ١٦ی حوزەیرانی ١٩٧١دا.

لە نێوان ساڵانی ١٩٧٧–١٩٨٦
[دەستکاری]- دابڕانی (١١) کەرتی ناحیەی تانجەرۆی قەزای سلێمانی و لکاندنیان بە ناحیەی زەڕایەنی سەر بە قەزای دەربەندیخانەوە، بەپێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٥٥٨) لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٧٩دا.
- گواستنەوەی ناوەندی ناحیەی سەرچنار لە سەرچنارەوە بۆ بەکرەجۆ بەپێی بڕیاری وەزارەتی حکومی مەحەللی ژمارە(١٢٩٢٥) لە ساڵی ١٩٨٤دا.[١٣]

لە نێوان ساڵانی ١٩٨٨–١٩٩٠
[دەستکاری]- ھەڵوەشاندنەوەی قەزای شارباژێڕ و بەستنەوەی ھەموو کەرتەکانی بە قەزای سلێمانییەوە.
- ھێنانەکایەی (قەزای الاخوة) ناوەندەکەی لە موجەمەعی (الاخوة - برایەتی - باریکە) بوو و ناحیەی تانجەرۆی لەسەر بوو.
- گۆڕینی ناوی ناحیەی تانجەرۆ بۆ (ناحیەی الاخوة) و ناوەندەکەشی لە موجەمەعی (الاخوة - برایەتی - باریکە) بوو.
- دابڕانی (ناحیەی الاخوة) لە (قەزای صدامیة حلبجة) و لکاندنی بە قەزای سلێمانییەوە.[١٤]

لە دوای ڕاپەڕین
[دەستکاری]قۆناغی یەکەم ساڵی ١٩٩١–١٩٩٢
[دەستکاری]- لەم قۆناغەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لەلایەن بەرەی کوردستانیەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی ١٩٨٩ بەڕیوەدەبرا، لەبەرئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان دروست نەببوو تاوەکو لە ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان دروستکرانەوە.
قۆناغی دووەم ساڵی ١٩٩٢–٢٠٠٣
[دەستکاری]- لەم قۆناغەدا یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی بەپێی ئاوەدانکردنەوە نوێ کرانەوە و یەکە کارگێڕییەکان چوونەوە جێی خۆیان و ناوی کوردییان لێنرانەوە، ھەرچەندە شەڕی براکوژی کاریگەری خۆی لەسەر ئەم ئاواکردنەوەیەش دانا و ھەرێمی کوردستان بووە دوو حکوومەتی جوودا و تاوەکو ئێستاش کاریگەری لەسەر پڕۆسەی حکومداری جێھێشتووە.
قۆناغی سێیەم ٢٠٠٣–٢٠١٤
[دەستکاری]- ھێنانە کایەی قەزای قەرەداغ لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە کەرتەکانی ناحیەی قەرەداغ سەر بە قەزای سلێمانی و دابڕاندنی لە قەزای سلێمانی و دروستکردنی ناحیەی سێوسێنان و خستنە پاڵ قەزای قەرەداغ.
- لە ڕۆژی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ بۆ بە قەزابوونی ھەردوو ناحیەی عەنکاوە و ناحیەی پیرمام لە پارێزگای ھەولێر و ناحیەی بازیان لە پارێزگای سلێمانی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری بە قەزابوونیدان. لە ڕێکەوتی ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ ئەو فەرمانە بەشێوەیەکی فەرمی چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.[١٥]
مێژووی قەزاکە لە چەند نەخشەیەکدا
[دەستکاری]- قەزای سلێمانی لە ساڵی ١٩٤٧دا
- قەزای سلێمانی لە ساڵی ١٩٦٠دا
- قەزای سلێمانی لە ساڵی ١٩٧١دا
- قەزای سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٤دا
- قەزای سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٩دا
ئەمانە ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab». hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠١٨ ھێنراوە.
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ ھێنراوە. ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ↑ http://krso.net/Default.aspx?page=article&id=836&l=3
- ↑ https://www.geonames.org/99237/republic-of-iraq.html
- ↑ محەممەد ئەمین زەکی بەگ. «سەرجەمی بەرھەمەکانی ئەمین زەکی بەگ» (PDF) (بە کورد). لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر) - ↑ عباس العزاوی. «عشائر العراق» (بە عەرەبی). لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر) - ↑ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. «ئەتڵەسی باشووری کوردستان» (بە کوردی). لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر) - ↑ «سالنامة ولایت بغداد» (بە عەرەبی). لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر) - ↑ محمود فھمی درویش. «الدلیل العراقی الرسمی لسنة ١٩٣٦» (بە عەرەبی). لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر) - ↑ د. عثمان علی. «الکورد فی الوثائق البریطانیة» (بە عەرەبی). لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر) - ↑ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. «ئەتڵەسی باشووری کوردستان» (بە کوردی). لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر) - ↑ https://www.refworld.org/cgi-bin/texis/vtx/rwmain/opendocpdf.pdf?reldoc=y&docid=5c76654f4
- ↑ https://moj.gov.iq/upload/pdf/4510.pdf
- ↑ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. «ئەتڵەسی باشووری کوردستان» (بە کوردی). لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر) - ↑ https://gov.krd/dmi/activities/news-and-press-releases/2022/january/سەرۆکی-حکومەتی-ھەرێم-فەرمانی-بەقەزابوونی-بۆ-سێ-ناحیە-دەرکرد/
