ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق ██ جێناکۆک و بەشێک لە هەرێمی کوردستان لە ١٩٩١ەوە ██ جێناکۆک و لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندییدا

ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق یان سنوورە جێناکۆکە ناوخۆییەکانی کوردستانی عێراق یان بەکورتیی "ناوچە جێناکۆکەکان" ئەو ناوچانەن کە بەپێی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دیاریکراون وەک ناوچەی بەعەرەبکراو لەماوەی دەسەڵاتی حیزبی بەعسدا لە عێراق. دانیشتووانی زۆربەی ئەو ناوچانە لە پێشوودا کەمینە نا-عەرەبەکان بوون، بەتایبەتی کورد، کە دواتر بەعەرەبکراون لەڕێگەی گواستنەوەی خێڵە عەرەبەکان بۆ ئەو ناوچانە.

ناوچە جێناکۆکەکان مەراقی سەرەکی هەردوو عەرەب و کوردە، بەتایبەتی لەدوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و دووبارە پێکهێنانەوەی سیستەمی سیاسیی لەعێراق لە ٢٠٠٣دا. کوردان هەندێک ناوچەی هێنایەوە سەر کوردستانی عێراق پاش داگیرکاریی ئەمریکا لە ٢٠٠٣ دا بۆ ئەوەی دووبارە ئەو ناوچانە بەدەست بێننەوە کە بەشێوەیەکی مێژووی بەهی ئەوان دەژمێردرێت. لەئێستادا، لەپاڵ سێ پارێزگا سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستاندا، کوردان دەستیان گرتووە بەسەر هەندێک بەشی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک و دیالە، کە ئەوانیش داواکراون لەلایەن حکوومەتی ناوەندیی بەغداوە. لەهەمان کاتدا، حکوومەتی عێراقیش دەستی بەسەر هەندێک ناوچەی تری هەمان ئەو سێ پارێزگایەدا هەیە، کە بەهەمان شێوە داواکراوە لەلایەن کوردانەوە.

گرژیی لەنێوان عێراق و کوردستانی عێراق[دەستکاری]

پاشبنەما[دەستکاری]

دەرکەوتنی گرژی لەنێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠١١-٢٠١٢ لەسەر بابەتەکانی دابەشکردنی دەسەڵات، بەرهەمهێنانی نەوت، و کۆنترۆڵکردنی ناوچەیی. لە نیسانی ٢٠١٢ دا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای کردن لێپرسراوان ڕازی بن بەداواکانیان یان بەپێچەوانەوە بەپرسیار دەبن لە سزاکانی جیابوونەوە لە بەغدا لە ئەیلوولی ٢٠١٢دا.

قەیرانی سەرکردایەتیی دیالە[دەستکاری]

لە ئەیلوولی ٢٠١٢دا، حکوومەتی عێراق داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە دەسەڵاتەکانی لەسەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان بگوازێتەوە بۆ حکوومەتی ناوەندیی و پەیوەندییەکانی گرژتر بوون بە پێکهێنانی نێوەندێکی سەرکردایەتیی نوێ بەناوی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە سەر بە هێزەکانی عێراق کە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی ناوچە جێناکۆکەکان بوو کە هەریەک لە جکوومەتی ناوەندیی و حکوومەتی هەرێم بەهی خۆیانیان دەزانی.

لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ دا، پێکدادانی سەربازی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە درووست بوو کە تێیدا یەک کەس کوژرا. ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن دەیگووت کە ٢ کەس کوژرابن (یەکێک لەوانە سەربازێکی عێراقی بووە) و ١٠ کەسیش بریندار بوون لە پێکدادانێکدا لە دووزخورماتوو.

لە شەوی ١٩ی تشرینی دووەمدا، پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پۆلیسی حکوومەتی عێراق و هێزەکانی حکوومەتی هەرێم بووە هۆی کوژرانی ١٢ سەربازی عێراقیی و ١ مەدەنی لە تکریت، بەپێی ئاژانسی هەواڵی دۆغان. پێکدادانەکە هەڵگیرسا کاتێک کە سەربازە عێراقییەکان هەوڵییان دا بچنە ناو هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە هێزی پێشمەرگە ڕێگریی لە سەربازە عێراقییەکان کرد کە بچنە ناوەوەی هەرێم بەپێی ڕێنماییەکانی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا، حکوومەتی هەرێم هێزەکانی لەناوچە جێناکۆکەکاندا بەهێز کرد بەهۆی ئەوەی لە دۆخی ڕووبەڕوو بوونەوەدا بوون لەگەڵ سووپای عێراقدا، ئەگەرچی هەردوو لا لەوهەوڵی ئارامکردنی دۆخەکەدا بوون.

ناوچەکان[دەستکاری]

ئەنجومەنی جێبەجێکاری ماددەی ١٤٠ ناوچە جێناکۆکەکان وا پێناسە دەکات کە ئەو ناوچانەن کە بەعەرەبکراون و سنوورەکانیان لە ماوەیەک لەنێوان ١٧ی تەممووزی ١٩٦٨ و ٩ی نیسانی ٢٠٠٣دا دەستکاریی کراوە. ئەو ناوچانە کۆمەڵێک بەش لە چوار پارێزگا دەگرێتەوە کە سنوورەکانیان هی پێش ١٩٦٨ ـە.

یەکێک لە کێشە گەورەکان لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠دا بریتیی بوو لە ناکۆکبوون لەسەر پێناسەی "ناوچەی جێناکۆک". ماددەکە بەتەنیا ئاماژە دەدات بە ناوچانێک کە بەهەمان پرۆسەی ئاساییکردندا دەڕۆن وەک "کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر". لە ٢٠٠٣دا، دانووستانکارێکی کورد، مەحموود عوسمان، پێنشیاری ئەوەی کرد کە ناوچەکانی کە کورد تێیدا زۆرینەیە لە خوار هێڵی سەوزەوە دەستبەجێ بلکێنرێت بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، و "ناوچە تێکەڵەکان" پێویستە هەنگاو بەهەنگاو توێژینەوەیان لەسەر بکرێت. سووننەکان هەستیان کرد کە کورد پێویست ناکات خاکی زیادە وەربگرن وەک دەرەنجامێک بۆ داگیرکاریی ئەمریکیی.

پارێزگای نەینەوا[دەستکاری]

لەم پارێزگایە، قەزای ئاکرێ ناوچەیەکی جێناکۆکە کە لەژێر دەستی کوردانە لە ١٩٩١ەوە و هەروەها سێ قەزای تری دەشتی نەینەوا کە زۆرینەی دانیشتووانەکانی ئاشووری و یەزیدی و شەبەکن. ئەمە لەپاڵ قەزای شەنگال و هەندێک بەش لە قەزای تەلعەفەر و قەزای بەعاج کە دانیشتوانەکە بە تێکەڵی عەرەب و یەزیدیین.

پارێزگای هەولێر[دەستکاری]

ناوچەی جێناکۆک لەم پارێزگایە قەزای مەخموورە کە جیاکراوەتەوە لە پارێزگاکە لە ١٩٩١دا.

پارێزگای کەرکووک[دەستکاری]

پارێزگای کەرکووک پێناسە کراوە بە سنوورەکانی پێش ١٩٦٨، کە چەمچەماڵ و کەلار کە ئێستا لەسەر پارێزگای سلێمانین و دووزخورماتوو کە ئێستا لەسەر پارێزگای سەلاحەددینە و قەزای کفری کە ئێستا سەر بە پارێزگای دیالەیە، دەگرێتەوە.

پارێزگای دیالە[دەستکاری]

ناوچە جێناکۆکەکانی ئەم پارێزگایە قەزای خانەقین و قەزای بەلەدرووز دەگرێتەوە و هەروەها قەزای بەدرەش دەگرێتەوە کە ئێستا لەسەر پارێزگای واستن.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]