قەزای کفری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
قەزای کفری
Silemani governorate 2015.png
نەخشەی قەزاکانی پارێزگای سلێمانی
Map
وڵات کوردستان
 عێراق
ھەرێمھەرێمی کوردستان
پارێزگاپارێزگای سلێمانی
مەڵبەندکفری
بەرزترین بەرزایی
١٦٧ مەتر (٥٤٨ پێ)
سەرناوی دانیشتووکفری
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانیعەرەبیو تورکمانی
 • ئایینئیسلام(سوننە و شیعە) و یارسان
 • ب پ م(٢٠١٧)٠،٧٥٨[١]
بەرز · ٢٦مین
ناوچەی کاتیUTC+3:30 (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+4:30 (ھاوین)
تەلەفۆن٠٠٩٦٤

قەزای کفری (بە عەرەبی: قضاء كفري، بە ئینگلیزی: Kifri District) یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارۆچکەی کفریە.[٢] قەزاکە شەش ناحیەی ھەیە بە ناوەکانی کۆکس و سەرقەڵا و قەرەتەپە و نەوجول و جەبارە و ئاوەسپی. زۆرینەی کوردە و کەمینەی تورکمان و عەرەبن. پێشتر سەر بە پارێزگای کەرکووک بوو.[٣]

بە دارە سیدرەکانی ناوبانگی دەرکردووە، لە دەورووبەری بیرە نەوتەکانیش ھەن کە پێدەچێت درێژکراوەی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بن، بەڵام دەرنەھێنراون. بانێکی ھەیە بە بەرزی ٣٣٥م کە ڕووی لە شارەکە کردووە. ئەم قەزایە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بەناوبانگە، پێدەچێت ناوی ئەو دارە کفر(تەروو) لێنرابێت کە بۆ دەرھێنانی خەڵوز بەکارھاتووە و تا ئێستاش شوێنەوارەکانی لە گوندی ناساڵەح لە نزیک شارەکە دەبینرێت.

بە فەرمی بەشێکە لە پارێزگای دیالە، بەڵام لە ژێر کۆنترۆڵی دیفاکتۆی(پەیوەندیدارە) حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە.[٤] لە ئێستادا دوو قەزای کفری لە عێراق ھەیە. یەکێکیان لە پارێزگای دیالە ھەیە و یەکێکی تریان لە پارێزگای سلێمانی. جاران یەک قەزای کفری یەکگرتوو ھەبوو. بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا زۆربەی قەزاکە بە کفری ناوەندییەوە کەوتۆتە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە. حکومەتی فیدراڵی عێراق ناکۆکی لەسەر ئەمە دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە تەواوی قەزاکە بە فەرمی بەشێکە لە پارێزگای دیالە. بەڵام حکومەتی کوردی قەزای نوێ و سەربەخۆی دروستکردووە، لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیدایە، کە بە قەزای کفریش ناودەبرێت. ھەروەھا قەزا کوردیەکە ھەندێک خاکی زیادەی تێدایە، کە حکومەتی فیدراڵی ئیدیعای دەکات وەک بەشێک لە قەزای دووز لە پارێزگای سەلاحەددین، ھەروەھا ئەو ناوچانەی کە بێ مشتومڕ لەلایەن بەغداوە وەک بەشێک لە پارێزگای سلێمانی دانیان پێدانراوە. بەم شێوەیە دوو قەزای ھاوتەریب، یەکێکیان لەژێر دەسەڵاتی دیالە و یەکێکی تریان لەژێر دەسەڵاتی سلێمانیدا بوونیان ھەیە، کە کۆنترۆڵ و ئیدیعای سەریەککەوتوویان لەسەرە. ناحیەکانی قەزای کفری کە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە و سەر بە پارێزگای سلێمانیە بریتین لەمانە(ناحیەی کفری ناوەند، ناحیەی کۆکس، ناحیەی نەوجول، ناحیەی سەرقەڵا و ناحیەی ئاوەسپی)، ھەروەھا ئەو ناحیانەی سەر بە قەزای کفرین و لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقین و سەر بە پارێزگای دیالەن بریتین لەمانە(ناحیەی قەرەتەپە و ناحیەی جەبارە)[٥]

ناو[دەستکاری]

قەزاکە بەناوی ناوەندەکەیەوە ناو نراوە کە ئەویش شارۆچکەی کفریە، ئەم بۆچوونانە ھەیە لە سەری:

  • ناوی شارۆچکەکە کە (کفریە) لەوەوە ھاتووە کە ماددەی کفر(قیر) لە ناوچەکەدا ھەیە، جۆرێکە لە قیر(زفت) کە لە دەرەوەی خەزنە و بەلەم و کەشتی و ئەوانی تر دەدرێت. مێژوونووسان پشتڕاستی دەکەنەوە کە کفری نزیکە لە وشەی(کوفر) کە بە واتای جۆرێک لە قیر لە زمانی زراوی عەرەبی و لە وشەی (کیرۆ)ەوە ھاتووە، کە بە واتای (تاڵ) دێت ھەروەھا لە زمانەکانی بابلی و ئاشووریدا.
  • بنەچەی ئەم شارە بریتییە لە (ئاسکی کفری) کە شارێکی دێرینە و دەکەوێتە نزیک شاری کفری تەنھا کەلاوەکانی ماون و دەوترێت مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشووریەکان. ھەندێکی تر دەڵێن (کوفر) ناوێکە بۆ کچان کە لەو خاکانەدا زۆرە، شێواندنی وشەی (کافور).
  • لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا بە (الصلاحیة) ناسرابوو. شایانی باسە لە نزیک شارۆچکەی کفری گوندێک ھەیە کە بە (ناساڵەح) ناسراوە، کە قیریش لێی دەردەھێنرێت.
  • مێژوونووسی عێراقی ئەلسەید عەبدولڕەزاق حەسەنی لە کتێبی (عێراق و کۆن و نوێ)دا دەڵێت، کە لە ساڵی ١٩٧١ لە بەیروت بڵاوی کردۆتەوە(کفری شارۆچکەیەکە دەکەوێتە دامێنی چیای (باوەشوار)، کە خەڵکەکەی تیایدا دوعای بۆ دەکەن بۆ گۆڕەکەی، لە نزیکیشی ئەو ھێڵی ئاسنییە کە لە نێوان بەغدا و کەرکووک درێژ دەبووەوە تێپەڕی).
  • لە قەزای کفریدا لە لێواری چۆمەکاندا درەختی کفر(تەروو) دەڕوێت کە دارێکی سرووشتی قەد باریکی کورتی گەڵا باریکە، ئەگەری ھەیە بەھۆی زۆری ئەم دارەوە ناوچەکە ناونرابێت.[٦]

دانیشتووان[دەستکاری]

ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ئێستادا کەمتر لە ٣٠ ھەزار کەسە، دانیشتووانی قەزاکە چەندین نەتەوە لەخۆدەگرێت، لەوانە کورد و تورکمان و عەرەب و خزمایەتی لە نێوان زۆربەی ئێڵە گەورەکاندا ھەیە. کەمینەیەکی جوو لە (٢٩) بنەماڵەدا ژیاون، بەپێی وتەی پرۆفیسۆر ھاشم سەید ئەحمەد لە دەستنووسەکەیدا کە بۆ چاپکردن ئامادەکراوە بەناوی(ھەواڵی کفری و ڕووداوەکانی لە ساڵی ١٩٤٠ تا ١٩٦٠)، جووەکان لە بواری بانکی و بازرگانیدا کار دەکەن، ھەروەھا ماڵی عیبادەتیان ھەیە، کە بە شێوەیەکی ناوخۆیی پێی دەوترێت (تۆرات)، تا ئێستاش خانووەکانیان دەکەوێتە ناوچەی سادە، ئەمڕۆش بووەتە ستۆدیۆیەکی فۆتۆگرافی بەناوی... ستۆدیۆی سەید، گۆڕستانی تایبەت بە خۆیان ھەیە دەکەوێتە دەربەندی تاڵا.

دانیشتووانی ئەم قەزایە زۆرینەی کوردن و بە تەوای قەزاکەدا بڵاو بوونەتەوە، کەمینەی عەرەب و تورکمان لە ناحیەکانی قەرەتەپە و جەبارەدا ھەن.

شوێنەوارەکان[دەستکاری]

لە نزیک شاری کفری چەند وێرانێکی گەورەی شوێنەواری ھەیە، لەوانە:

  • خربەت قەرە ئۆغلان: دەتوانیت پاشماوەی ئەو بینایانە ببینیت کە لە بەرد و گەچ و دیکۆراتی گەچ دروستکراون.
  • گردی قەڵای کچ: وە دەتوانیت پاشماوەی ئەو بینایانە ببینیت کە لە بەرد و گەچ و دیکۆراتی زەخرەفە دروستکراون.
  • کەلاوەکانی ئاسکی کفری: دەکەونە باشووری ڕۆژھەڵات، ٨کم لە کفری دوورە، کە پێدەچێت شاری دێرینی کفری لەسەری ھەڵکەوتبێت.
  • ھەروەھا بەڵگە ھەیە لەسەر مەزارگەی ئیمامەکانی کاکەیی لە شوێنە جیاجیاکانی شارەکە، لەوانە (باوە شاسوار)، (باوە کاشە)، (ئیمام محمد) و (شێخ باوە).

شوێنە گرنگەکانی[دەستکاری]

لە قەزاکەدا زۆرێک لە مەزارگە پیرۆزەکان لەلایەن سەرداینکەرانەوە لە وەرزە جیاوازەکاندا سەردانیدەکرێن دەکرێن، لەوانە:

  • مەزارگەی شێخ بابا: دەکەوێتە نزیک جەلەولا(قەرەخان) و ئاوی تایبەتی ھەیە بۆ ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە بۆ خۆشۆردن.
  • مەزاری سەید ئیبراھیم سەمین: لەوێدا خەڵک دەڵێن نەوەی ئیمام موسای کازمە و دەکەوێتە نزیک ناحیەی قەرەتەپە.
  • مەزارگەی دوانزە ئیمام: دەکەوێتە ٥کم لە باکووری کفری.
  • مەزارگەی باوە شاشەوار: مەزارەکە دەکەوێتە ناو شاخەکەوە کە ڕووی لە کفری کردووە، لە گۆڕستانی کفری کە بە ناوی ئەوەوە ناودەبرێت و پیرەکان دەڵێن خاوەنی ئەم مەزارگەیە یەکێک بووە لە موجاھیدەکان و لە یەکێک لەو شەڕانەدا شەھید بووە کە لەو ناوچەیە ڕوویداوە بۆیە تەرمەکەی لەوێ لە گوندێکدا بە ناوی ئەوەوە نێژراوە.

ڕووبار و چۆمەکان[دەستکاری]

بەناوبانگترین ڕووباری ئەم قەزایە ڕووباری سیروانە کە بە سنوورەکانی باشووریدا تێدەپەڕێت. چەمی قەرەبوڵاغ کە لقێک ڕووباری سیروانە و لە گوندی قەرەبوڵاغی کۆنەوە سەرچاوە دەگرێت و ھەر بەناوی ئەوەوە ناونراوە، ئەم چۆمە ئاودێری زەویەکانی گوندەکان و دەوروبەری دەکات. سەبارەت بە چۆمی سێیەمیش چۆمی(قەرەتەپە) کە لە ڕووباری سیروان لە گوندیکوڵەجۆ لقی لێدەبێتەوە و لە نزیک گوندی (عەلی سەرای خواروو) کۆتایی دێت. ھەروەھا چۆمی سیرلان ھەیە کە لە ڕووباری سیروان لە گوندیکوڵەجۆ لقی لێدەبێتەوە و ئەم چۆمە زەوییەکانی گوندی سیرلان و قەرەتەپە و قۆری چای ئاودێری دەکات. سنووری نێوان قەزای کفری و قەزای دووزخورماتوو کە دۆڵێکی وشکە و تەنیا ئاوی سێڵاوی پیادادەڕوات. وە ڕووباری کفری کە پێی دەوترێت (قوشە جاجان) و لەلای ڕۆژھەڵاتی شارۆچکەی کفریەوە تێپەڕ دەبێت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org. Retrieved 2018-09-13.
  2. ^ د.عەبدوڵا غەفور. گوندەکانی کوردستان لەسەرژمێری ساڵی ١٩٥٧دا(کوردی).
  3. ^ جەمیل ڕۆژبەیانی. وڵاتەکەت-باشتر-بناسە/ ووڵاتەکەت بناسە(کوردی).
  4. ^ https://reliefweb.int/attachments/d033eb4d-bb95-33dd-aa20-db709f10c242/14956D076A0123C6C125760B0033C4AE-Full_Report.pdf
  5. ^ http://slemani.gov.krd/storeImages/map1.jpg
  6. ^ أصول أسماء المدن و المواقع العراقیة – الجزء الأول – بغداد 1976م للأستاذ جمال بابان