یەکێتیی سۆڤیەت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
یەکێتیی سۆڤیەت
Flag of the Soviet Union.svg
زانیاریی گشتی
پایتەخت مۆسکۆ
زمانی فەڕمی زمانی ڕووسی
جۆری حوکم کۆمۆنیزم
مێژووی دامەزراندن ١٩١٧
مێژووی ڕوخان ١٩٩٢
دواین سەرۆک ڤلادمیر ڤیلانشکۆ
ڕووبەر 22,402,200 km2
دانیشتوان ٢٩٣٬٠٤٧٬٥٧١
نەخشە لەدوای جەنگی جیھانی دووەم
Union of Soviet Socialist Republics (orthographic projection).svg

یەکێتیی سۆڤیەت (بە ڕووسی: Советский Союз)، بە فەرمی یەکێتیی کۆمارە سۆشیالیستەکانی سۆڤیەت (بە ڕووسی: Сою́з Сове́тских Социалисти́ческих Респу́блик)، دەوڵەتێکی سۆشیالیستی[١] زلھێز بوو لە ئاسیا و ئەورووپا، کە لە ساڵی ١٩٢٢دا دامەزرا تاکو ٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١ ھەڵوەشا و کۆتایی هات. یەکێتیی سۆڤیەت دەوڵەتێکی تاک-پارتی بوو[٢] لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەت حوکم دەکرا[٣][٤] لە دامەزراندییەوە ھەتا ھەڵوەشانی لە کۆتایییەکانی ١٩٩١.[٥] مۆسکۆ گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتەکەبوو، لەدوای ئەو چەند پێگە و شارێکی دیکە جێی بایەخ بوون لەوانە لێنینگراد (ئەمڕۆ سەنت پیتەرزبورگکیێڤ (ئۆکرانیا)، مینسک (بیلاڕووس)، تاشکەند (ئوزبەکستان)، ئالماتی (کازاخستان)، نۆڤۆسیبرسک (ڕووسیا). یەکێتیی سۆڤیەت گەورەترین وڵاتی جیهان بوو بەڕووبەری ٢٢،٤٠٢،٢٠٠ مەتر چوارگۆشە کە ١١ ناوچەی کاتی جیاوازی لەخۆ گرتبوو. زیندە ھەرێمەکانی وشکانییەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بریتی بوون لە تەندرا، تایگا، گژوگیا، بیابان و چیاکان. دانیشتوانی وڵاتەکە بەگشتی پێیان دەوترا خەڵکی سۆڤیەت.

ڕەگ و ڕیشەی یەکێتیی سۆڤیەت لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ سەری هەڵدا، کاتێک بۆلشێڤیکییەکان بەڕێبەرایەتی ڤلادمیر لێنین توانیان بەسەر حکوومەتی کاتیی ١٩١٧ی ڕووسیا زاڵبن و دەست بەسەر دەسەڵاتی تاجی ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیدا بگرن، لەبەرامبەردا کۆماری سۆڤیەتی ڕووسیایان دامەزراند. لە سەرەتاکاندا شەڕ کەوتە نێوان سوپای سووری بۆلشویکەکان و نەیارەکانیان لە ئیمپراتۆریەتی ڕووس کە لە بەناوبانگترین لەو هێزانەش هێزی بزووتنەوەی سپی بوو. لە ئەنجامدا، سوپای سوور لەڕێی هاوکارییەکانی بۆلشویکەکان توانی دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت و سۆڤیەت دابمەزرێنن، هەروەها لەڕێی دەزگای تیرۆری سوور نەیارە سیاسییەکانیان دوورخستەوە و بێدەنگکران. لە ساڵی ١٩٢٢، بۆلشویکییەکان سەرکەوتنی خۆیان ڕاگەیاند بە دامەزراندنی یەکێتیی سۆڤیەت کە لەپاڵ ڕووسیا ئەوا وڵاتانی قەوقازی باشوور، ئۆکرانیا و بیلارووسیاش وەک کۆمارێکی سۆسیالیستی هاتنە پاڵ یەکێتیی سۆڤیەت. دواتر ڕێنمایی سیستمی ئابووری نوێ لەلایەن لێنینەوە دەرکرا، کە ڕێگەی بە بازاڕی ئازاد و خاوەندارییەتی تایبەتی دەکرد بە شێوەی سنووردار؛ ئەمەش وایکرد کە ئابووری بۆ وڵاتەکە بگەڕێتەوە.

لە ساڵی ١٩٢٤ و دوای مردنی لێنین، جۆزێف ستالین هاتە دەسەڵات. ستالین هەموو هێزە بەرهەڵەستیکار و ئۆپۆزسیۆنەکانی لەناوبرد کە لەناو حیزبی کۆمۆنیست هەبوون. ستالین تەواوی دەسەڵاتی ئابووری وڵاتی گەڕاندەوە بۆ وڵات. لە ئەنجامدا وڵات کەوتە دۆخی بەرهەمهێنان و بەپیشەسازیی بوون، لەم ڕێیەوە ئابووری گەشەی سەند بەڵام هاوکات لە ساڵانی ١٩٣٢-١٩٣٣ برسیێەتییەکی زۆر سەری هەڵدا کە وایکرد چەند ملیۆن کەسێک بمرن. لە سەردەمی ستالین، پاکسازیی گەورە کرا لەدژی نەیارانی دەسەڵاتەکەی، هەر لە ناو حیزبی کۆمۆنیستەوە تاکوو خەڵکی ئاسایی. بەشێک لەو کەسانە برانە کەمپی کارکردنی زۆرەملێ و بەشێکی دیکەش سزای مەرگیان بەسەردا سەپێندرا.

لە ٢٣ی ئابی ١٩٣٩، دوای ئەوەی سۆڤیەت لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی ڕۆژاوا نەگەیشتە ڕێککەوتنێک دەربارەی بەرەی دژە نازی، ئەوا سۆڤیەت ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەڵمانیای نازی واژوو کرد. لەدوای دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی دووەم، ئەوا بەشێک لە خاکی سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاتی پۆلەندا و وڵاتانی بەلتیک لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکران. لە حوزەیرانی ١٩٤١، خوێناویترین جەنگ لە مێژوودا ڕوویدا لە نێوان ئەڵمان و سۆڤیەت. قوربانییەکانی سۆڤیەت ڕێژەیەکی زۆر بەرزتربوو بۆ دووبارە گەیشتنەوەیان بە ناوچە داگیرکراوەکانیان، بەتایبەتیش لە جەنگی ستالینگراد دا. لە ڕۆژی ٩ی ئایاری ١٩٤٥، هێزەکانی سۆڤیەت توانیان بەرلین داگیر بکەن و ببنە براوەی جەنگی جیهانیی دووەم لە ئەورووپا. ئەو خاکەی کە سۆڤیەت داگیری کرد لەم جەنگەدا، بوونە پاشکۆی دەوڵەتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات. دوای جەنگ، ئەوا جەنگی سارد سەری هەڵدا ئەمەش بەتایبەت لەدوای ئەوەبوو کە پێگەی جوگرافیای سۆڤیەت فراوانتر بوو هەروەها بلۆکی ڕۆژاوا یەکیان گرت لە ڕێکخراوی ناتۆ لە ساڵی ١٩٤٩.

دوای مردنی جۆزێف ستالین لە ساڵی ١٩٥٣، قۆناغی بەناستالینکردنی سۆڤیەت لەلایەن نیکیتا خروشچۆڤ دەستی پێکرد. بەهۆی ئەم قۆناغەوە ئەوا وڵاتەکە زیاتر گەشەی سەند، ملیۆنان کەس لە جوتیار و ڕەجنبەران چوونە شارە پیشەسازییەکان بۆ ئەوەی لە کارگەکان کاربکەن. سۆڤیەت لە پێشبڕکێی وڵاتی جیهان توانی بێتە لووتکە لەڕێی ناردنی سپوتنیک-١ بۆ بۆشایی ئاسمان، هەروەها ناردنی یەکەم مرۆڤ (یووری گاگارین) بۆ بۆشایی ئاسمان، هەروەها توانیان یەکەم ئامێر بەسەرکەوتووی بگەیەننە هەسارەیەکی دیکە، کە هەسارەی ڤینۆس بوو. لە ساڵانی حەفتاکان، سۆڤیەت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەوتە دۆسایەتی و دانووستاندن، بەڵام کاتێک لە ساڵی ١٩٧٩ هێزەکانی سۆڤیەت چوونە ناو خاکی ئەفغانستان ئەوا گرژییەکانی نێوانیان دووبارە دەستی پێکردەوە. لە جەنگەکەدا، ئەمریکا هاوکاری موجاهیدە ئیسلامییەکانی کرد. دوای نۆ ساڵ، سەرەنجامی جەنگەکە بووە هۆی وشکبوونی ئابووری سۆڤیەت و کشانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان.

مێژووی دامەزراندن[دەستکاری]

لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩١٧ بە بڕیارو پلانێکی نەخشە بۆداڕێژراوی پێشوەختی ڤلادیمیر لێنین[٦]و زۆرایەتی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی حزبی سۆسیال دیموکراتی کرێکاری ڕووسیابەلشەڤی و بە فەرماندەیی لیۆن ترۆتسکی،[٧] کرێکاران و سەربازان و جوتیاران و ژنان و لاوانی ڕێکخراو لە حزبی بەلشەفی و شوراکاندا لە ھەموو لایەکەوە ھێرشیان بردە سەر حکومەتی کرنیسکی کادیت و ھاوکارەکانی لە سۆسیال شۆڕشگێڕەکان و مەنشەفییەکان و لە ماوەیەکی کەمدا و بە کەمترین زیانی گیانی، کە لە ژمارەی پەنجەکانی مرۆڤێک تێپەڕی نەدەکرد، دەستیان بەسەر کۆشکی زستانەی حکومەت لە پێترۆسبورگدا گرت و زۆربەی سەرانی حکومەتیان دەست بەسەر کرد. ئەمەش بووە سەرەتای چەخماخەیەک بۆ ھێرش بردنە سەر زۆربەی ھەرە زۆری دامودەزگاکانی حکومەتی کرنیسکی لە سەراسەری ڕووسیا بەم شێوە لە کەمترین ماوەدا حزبی بۆلشەڤی بۆ یەکجاری کۆتایی بەدەسەڵاتی چەند سەدەی ئیمپراتۆری تزاری و ھەشت مانگەی حکومەتی بۆرژوایی کرنیسکی ھێنا و لە جێگای دا دەسەڵات و حکومەتی کۆماری شورایی کرێکاران و جوتیاران و سەربازان، کە ڕێکخراو بوون لە شوراکان و ئەرتەشی سوردا، ڕاگەیاند.

جوگرافیا[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٩١ کە ئەوکات یەکێتیی سۆڤییەت لە گەورەترین ڕووبەری دا بووە لەمێژووی وڵاتەکە ئەوا ئەوکات ڕووبەرەکەی زۆرتر بووە لە ٢٢ میلیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە کە گەورترین وڵاتی ئەوکات بووە لەڕووی ڕووبەرەوە وە شەشەمین وڵاتیش بووە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە.

کۆمارە پێکھێنەرەکان[دەستکاری]

پێڕستی کۆمارەکانی سۆڤیەت لەمانە پێکھاتبوون کە لەدوای ١٩٩١ زۆرینەیان لەم یەک دەوڵەتییە جیابوونەوە.

  1. ڕووسیا
  2. بیلاڕووس
  3. ئۆکرانیا
  4. مۆلدۆڤا
  5. گورجستان
  6. ئەرمەنستان
  7. ئازەربایجان
  8. کازاخستان
  9. ئوزبەکستان
  10. تورکمانستان
  11. قرغیزستان
  12. تاجیکستان
  13. ئەستۆنیا
  14. لیتوانیا
  15. لاتڤیا
١٥ کۆمارەکەی سۆڤیەتی پێش ھەڵوەشاندنەوە

سەرکردەکانی یەکێتیی سۆڤیەت[دەستکاری]

  1. ڤلادیمیر لێنین
  2. جۆزێف ستالین
  3. نیکیتا خرۆشچوڤ
  4. لیۆنید بریژنیڤ
  5. یوری ئاندرۆپوڤ
  6. کونستانتین چرینینکۆ
  7. میخائیل گۆرباچۆڤ

ڕۆژانی پشوو لە یەکێتیی سۆڤیەت[دەستکاری]

ڕۆژانی پشوو لە یەکێتیی سۆڤیەت ئەمانەی خوارەوە بوون[٨]

  • ١ی کانوونی دووەم بەبۆنەی سەری ساڵی تازە
  • ٨ی ئازار بەبۆنەی ڕۆژی ژنان
  • ١و٢ی ئایار ڕۆژی جیھانی کرێکاران
  • ٩ی ئایاری ڕۆژی ڤیکتۆری ھاوکاتیش ڕۆژی سەرکەوتنیان لە جەنگ بەرامبەر ئەڵمانیای نازی
  • ١٧ی تشرینی یەکەم ڕۆژی دامەزراندنی دەوڵەت
  • ٧ی تشرینی دووەم ڕۆژی گەورەترین شۆڕشی سۆشیالیستی ناسراو بە شۆڕشی تشرینی یەکەم

ھەڵوەشانەوەی سۆڤیەتی ساڵی ١٩٩١[دەستکاری]

  • لە ساڵی ١٩٨٧ز یەکیەتی سۆڤێت پلانی ترۆشکای پەسەند کرد کە ناوەڕۆکی پلانەکە ئەوە بو کە کۆمپانیا پیشەسازییەکان خۆیان بەرھەمەکان دروست بکەن لە بازاڕدا ساغی بکەنەوە کە لە پێشدا لەسەر داوای دەوڵەت کاڵاکانیان دروست دەکرد، بەڵام کۆمپانیا و کارگەکان ئامادە نەبون بۆ ئەم جۆرە بەرھەمھێنانە کە وای کرد پیشەسازی زۆر دواکەوێت
  • دابەزینی نرخی نەوت کە ئابووری یەکیەتی سۆڤێت پشتی پێوە دەبەست بەھۆی ئەوەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی ڕێژەی دەرھێنانی نەوتیان زیاد کرد بەتایبەت سعودیە کە سێ ئەوەندە نەوتی زیاتر دەرھێنا، ھەر ئەم ھۆکارەش بوو بووە ھۆی داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە و پاشان شەڕی گەردەلولی بیابان
  • نەبوونی پیشەسازی پێداویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤ وەکو جل و بەرگ و پێڵاو… کە یەکیەتی سۆڤێت زۆربەی ھاوردە دەکرد و خەڵکی ڕیزی زۆر درێژیان بۆ دەگرت
  • نەبوونی خۆراکی پێویست لە وڵاتدا بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٩٠و١٩٩١ لەوکاتەدا یەکیەتی سۆڤێت داوای یارمەتی لە چەند وڵاتێک دەکرد وەکو:سوریا…

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ http://www.thefreedictionary.com/Union+of+Soviet+Socialist+Republics
  2. ^ سیستەمی تاک پارتی لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەت، http://www.historylearningsite.co.uk/party_systems.htm
  3. ^ http://en.wikipedia.org/wiki/Communist_Party_of_the_Soviet_Union
  4. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١. Retrieved ٦ی ئابی ٢٠١٣. Check date values in: |accessdate=, |archivedate= (help) Archived ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١, لە وەیبەک مەشین.
  5. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٧. Retrieved ٦ی ئابی ٢٠١٣. Check date values in: |access-date=, |archive-date= (help) Archived ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٧, لە وەیبەک مەشین.
  6. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on ٤ی تەممووزی ٢٠١٣. Retrieved ٦ی ئابی ٢٠١٣. Check date values in: |accessdate=, |archivedate= (help) Archived ٤ی تەممووزی ٢٠١٣, لە وەیبەک مەشین.
  7. ^ ڕۆڵی تڕۆتسکی لە شۆڕشی تشرینی یەکەم، http://www.trotsky.net/russian_revolution.html
  8. ^ پێڕستی ڕۆژانی پشوو لە یەکێتیی سۆڤیەت، http://en.wikipedia.org/wiki/Public_holidays_in_the_Soviet_Union

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]