پەرلەمانی کوردستان
ئەم وتارە چەند کێشەیەکی ھەیە. تکایە یارمەتی باشترکردنی بدە یان ئەم کێشانە لەسەر پەڕەی لێدوانەکەی باس بکە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت)
|
| پەرلەمانی کوردستان-عێراق ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان-عێراق | |
|---|---|
| جۆر | |
| جۆر | تاک ئەنجومەن |
| مێژوو | |
| دامەزراندن | ١٩٩٢ |
| سەرکردایەتی | |
| سەرۆک (کاتی) | ئازاد محەممەد ئەمین[١]، (یەنەکە) لەدوای ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ |
| پێکھاتە | |
| کورسییەکان | ١٠٠ |
| گرووپە سیاسییەکان |
|
| شوێنی کۆبوونەوە | |
| تەلاری پەرلەمانی کوردستان | |
| ماڵپەر | |
| ماڵپەری فەرمیی پەرلەمان | |
پەرلەمانی کوردستان، بەفەرمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق یان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان-عێراق ئەنجوومەنی نوێنەرانی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی یاسادانەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە. پەرلەمانی کوردستان بۆی ھەیە ھەر یاسایەکی فیدڕاڵی لە ھەرێمدا بخاتە کار کە بەدەر بێت لە تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی فیدڕاڵی کە لە ماددەی ١١٠ی دەستووری کۆماری عێراقی فیدڕاڵیدا ھاتوون.[٢]
ئەندامانی پەرلەمان چوار ساڵ جارێک لە ھەڵبژاردنی گشتیی ھەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکرێن. بە لایەنی کەم دەبێ ٢٥٪ی ئەندامانی پەرلەمان ژن بن. دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان پێک دێت. لە ھەر ساڵێکدا دوو خولی بەستنی ھەیە، یەکەم لە ئازار تا کۆتاییی حوزەیران و دووەم لە ئەیلوول تا کۆتاییی کانوونی یەکەم.
مێژوو
[دەستکاری]خولی یەکەم (١٩٩٢–١٩٩٤)
[دەستکاری]دوای شکستھێنانی گفتوگۆکانی نێوان بەرەی کوردستانی و ڕژێمی سەددام، لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩١ حکوومەتی عێراق دەستی کرد بە کێشانەوەی دامودەزگا ئیدارییەکان لە ناوچەکانی کوردستان. بەرەی کوردستانی کە لە حەوت حیزب پێکھاتبوو وەک دەسەڵاتی دیفاکتۆی ناوچەکە بیری لە دامەزراندنی سیستمێکی پەرلەمانی کردەوە لەڕێی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی سەربەخۆوە. بۆ ئەمەش لێژنەیەکی تایبەتی لە ١٥ کەس لە سیاسەتوانەکانی ناو بەرەی کوردستانی پێکھێنرا بەم ئەندامانەوە: ڕەشید عەبدولقادر، مەعرووف ڕەئووف، نازم حەوێزی، حاکم ئەمیر، شەمسەددین موفتی، مەحموود بابان، سەعدی بەرزنجی، خورشید شەوکەت، مستەفا عەسکەری، فرسەت ئەحمەد، قەیس دیوالی، حەسەن عەبدولکەریم، بەختیار حەیدەری، قادر جەباری و، فەرەنسۆ ھەریری.
ئەم لیژنەیە دوای ئەوەی چەند دانیشتنێکی لە نێوان ٢٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١ تاوەکو ٢٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢ ئەنجامدا، پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەش بە سەرکردایەتیی سیاسیی بەرەی کوردستانی کرد و لە ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ١٩٩٢ لەلایەن بەرەوە بڕیار لەسەری درا و بە ناوی یاسای ژمارە ١ بۆ ساڵی ١٩٩٢ یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان–عێراق پەسەندکرا. ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە ڕێگای دەنگدانی گشتی و نھێنی و ڕاستەوخۆ لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ بە بەشداریی ٩٦٧٢٢٩ دەنگدەر ئەنجامدرا. کە بەھاوکاری و پشتیوانیی چاودێرانی بیانی بەڕێوەچوو. بە پێی یاسای ھەڵبژاردن ھەر حیزبێک دەبووایە ٧٪ی دەنگەکان بەدەست بھێنێ بۆ ئەوەی کورسییەکی پەرلەمان مسۆگەر بکات.[٣] ئەم لیستانە لە ھەڵبژاردنەکەدا بەشدار بوون:
| ناوی لیست | ژمارەی دەنگەکان | ڕێژە لە سەد |
|---|---|---|
| پارتی دیموکراتی کوردستان | ٤٣٧٨٨٩ | ٤٥٫٥ |
| یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان | ٤٢٣٨٣٣ | ٤٣٫٦١ |
| ئیسلامییەکان | ٤٩١٠٨ | ٥٫٥ |
| یەکگرتن (پارتی سۆشیالست و پارتی سەربەخۆییی کوردستان) | ٢٤٨٨٢ | ٢٫٥٦ |
| یەکێتیی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی و بێلایەنەکان | ٢١١٢٣ | ٢٫١٧ |
| پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان | ٩٩٠٣ | ١٫٠٢ |
| لیستی سەربەخۆی دیموکراتەکان | ٥٠١ | ٠٫٠٥ |
بەپێی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، کە لەلایەن دەستەی باڵای سەرپەرشتیاری ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەندرا، کە بە سیستمی نوێنەرایەتێی ڕێژەیی بەڕێوەچوو، تەنیا لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان و لیستی ھاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشان ھاتنە نێو پەرلەمان لە کۆی ١٠٥ کورسیی پەرلەمان ھەریەک لە یەکێتی و پارتی ٥٠٪ی کورسییەکانیان بەرکەوت. جەوھەر نامیق سالم لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژێردرا بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان.[٤]
بەپێی بڕیارێکی سەرکردایەتیی سیاسیی بەرەی کوردستانی، ٥ کورسی بۆ مەسیحیەکانی کوردستان تەرخان کرا، کە ٤ ئەندامیان لە لیستی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری و ١ ئەندامیش بۆ لیستی یەکگرتووی مەسیحییەکانی کوردستان تەرخان کرا.[٤]
خولی گواستنەوە (٢٠٠٢–٢٠٠٥)
[دەستکاری]بە ھۆی ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ (شەڕی براکوژی)، لە ٢ی ئایاری ١٩٩٤ نەتوانرا ھەڵبژاردنی خولی دووەم ئەنجام بدرێت. پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیاندنێکی دیکۆمێنتیدا کە لە ١٩ خاڵ پێکھاتبوو دژی ئەم شەڕە ھەڵوێستی دەرکرد و چەندین لێژنەی مەیدانیشی بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاگربەست و بڕیاردانی ئاشتی لە بەرەکانی شەڕدا پێک ھێنا، ھەروەھا ٥٩ ئەندام بۆ ماوەی ١٠١ ڕۆژ لە ھۆڵێکی نێو پەرلەمان دژی شەڕی ناوخۆ پەناگیریی خۆیان ڕاگەیاند. بەڵام پەرلەمانیش بووە قوربانیی شەڕی ناوخۆ.
بە ھۆی ڕێککەوتننامەی ئاشتیی واشنتۆن کە لە ساڵی ١٩٩٨ بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەوسای ئەمریکا مادلین ئۆلبرایت لە نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعوود بارزانی واژووکرا، پەرلەمانی کوردستان یەکی گرتەوە. لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢ یەکەم کۆبوونەوەی یەکگرتنەوەی کرد و ھەفتەیەکیش دوای ئەوە کۆبوونەوەی دووەمی یەکگرتنەوەی لە سلێمانی گرێدا. ٢٣ نوێنەری یەکێتی گۆڕدران و نوێنەرێکی دیکەش بۆ پارتی زۆرکرا. ماوەی سەرۆکایەتیی ئەم خولەی پەرلەمان ٣ مانگ بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕۆژ نووری شاوەیس و ٢ مانگیش بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کەمال فوئاد دیاریکرا. بەڵام بەگشتی ئەم خولە درێژەپێدەری خولی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢ بوو.[٥]
خولی دووەم (٢٠٠٥–٢٠٠٩)
[دەستکاری]لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ خولی دووەمی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ھاوکات لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجامدرا. لە ھەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان، ١٣ لیستی جیاواز بەشدارییان کرد کە بە سیستمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی بەڕێوەچوو. تێیدا ١٧٥٣٩١٩ کەس لە دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد. لەم ھەڵبژاردنەدا، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە ١٠٥ ئەندام بۆ ١١١ ئەندام بەرزکرایەوە. لە ئەنجامدا تەنھا ٣ لیست لەکۆی ١٣ لیستەکە، توانییان بگەنە پەرلەمان، ئەوانیش لیستی نیشتمانیی دیموکراتی کوردستان کە ١٠٤ کورسی و لیستی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی عێراق ٦ کورسی و لیستی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و سەربەخۆکان ١ کورسییان بەدەست ھێنا. عەدنان موفتی سەرۆکی پەرلەمان و فەرسەت ئەحمەد عەبدوڵڵا سکرتێری پەرلەمان لە خولی دووەم بوون. ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردنەکان:[٦]
| ناوی لیست | ژمارەی دەنگەکان | ڕێژە لە سەد | کورسییەکان |
|---|---|---|---|
| لیستی نیشتمانی دیموکراتی کوردستان | ١٥٧٠٦٦٣ | ٨٩٫٥٥ | ١٠٤ |
| کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی عێراق | ٨٥٢٣٧ | ٤٫٨٦ | ٦ |
| لیستی زەحمەتکێشان و سەربەخۆکان | ٢٠٥٨٥ | ١٫١٧ | ١ |
| پارتی کاری دیموکراتی کوردستان | ١١٧٤٨ | ٠٫٦٧ | ٠ |
| بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان | ١٠٩٥٢ | ٠٫٦٢ | ٠ |
| لیستی بێلایەنەکان | ١٠٢٦٢ | ٠٫٥٩ | ٠ |
| پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان | ٩٠٨١ | ٠٫٥٢ | ٠ |
| تەجەموعی کۆماری عێراق | ٩٤٩٩ | ٠٫٥٤ | ٠ |
| بەرەی نیشتمانیی وەحدەی عێراق | ٨٢٥٥ | ٠٫٤٧ | ٠ |
| بزووتنەوەی دیموکراسیخوازانی کوردستان | ٦٦٩٠ | ٠٫٣٨ | ٠ |
| پارتی پارێزگارانی کوردستان | ٥٥٠٦ | ٠٫٣١ | ٠ |
| حزبی ئەخای وەتەنی عێراقی | ٣٤٢٢ | ٠٫٢٠ | ٠ |
| ڕەوتی نیشتمانیی کوردستان | ٢٠١٨ | ٠٫١٢ | ٠ |
خولی سێیەم (٢٠٠٩–٢٠١٣)
[دەستکاری]ڕۆژی ٢٥ی تەممووزی ٢٠٠٩ خولی سێیەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرێوە چوو کە ٢٤ لیست بەشداریی ھەڵبژاردنیان کرد، بۆ کێبرکێ لەسەر ١١١ کورسی و تێیدا ١١ لیست توانیان ڕێژەی یاسایی بەدەست بێنن و بێنە ناو پەرلەمان. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی کرد. ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردن لە نووسراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە ١٨ی ئابی ٢٠٠٩ ھاتووە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:[٧]
| ناوی لیست | ژمارەی دەنگەکان | ڕێژە لە سەد | کورسییەکان |
|---|---|---|---|
| لیستی کوردستانی | ١٠٧٦٣٧٠ | ٥٧٫٣٧ | ٥٩ |
| گۆڕان | ٤٤٥٠٢٤ | ٢٣٫٧٢ | ٢٥ |
| لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازی | ٢٤٠٨٤٢ | ١٢٫٨٤ | ١٤ |
| بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان/عێراق | ٢٧١٤٧ | ١٫٤٥ | ٢ |
| بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمانی لە کوردستان | ١٨٤٦٤ | ٠٫٩٨ | ٣ |
| ئەنجومەنی میللی کلدانی سریانی ئاشوری | ١٠٥٩٥ | ٠٫٥٦ | ٣ |
| ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی | ١٥٠٢٨ | ٠٫٨٠ | ١ |
| لیستی چاکسازیی تورکمانی | ٧٠٧٧ | ٠٫٣٨ | ١ |
| لیستی ڕافیدەین | ٥٦٩٠ | ٠٫٣٠ | ٢ |
| ئارام شاھین داود باکۆیان (ئەرمەنی) | ٤١٩٨ | ٠٫٢٢ | ١ |
| لیستی تورکمانیی ھەولێر | ٣٩٠٦ | ٠٫٢١ | ١ |
خولی چوارەم (٢٠١٣–٢٠١٨)
[دەستکاری]خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٣ لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەی نیمچە کراوە بەڕێوەچوو ٣١ لیست بەشداریان لەم ھەڵبژاردنە کرد بەڵام تەنھا ١٧ لیست توانییان ببنە خاوەن کورسییەکانی پەرلەمان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی کۆتاییی بەم شێوەیە ڕاگەیاند:[٨]
| ژمارەیی لیست | ناوی لیست | ژمارەی دەنگەکان | کورسییەکان |
|---|---|---|---|
| ١١٠ | لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان | ٧٤٣٩٨٤ | ٣٨ |
| ١١٧ | لیستی گۆڕان | ٤٧٦٧٣٦ | ٢٤ |
| ١٠٢ | لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان | ٣٥٠٥٠٠ | ١٨ |
| ١٠٥ | لیستی یەکگرتووی ئیسلامی | ١٨٦٧٤١ | ١٠ |
| ١٠٤ | لیستی کۆمەڵی ئیسلامی | ١١٨٥٧٤ | ٦ |
| ١٠١ | لیستی بزووتنەوی ئیسلامی کوردستان | ٢١٨٣٤ | ١ |
| ١١١ | لیستی سۆسیالیست | ١٢٥٠١ | ١ |
| ١٠٧ | لیستی ئازادی | ١٢٣٩٢ | ١ |
| ١١٥ | لیستی ئاراستەی سێیەم | ٨٦٨١ | ١ |
| ١٢٦ | لیستی ڕافدین (قائمە الرافدین) | ٦١٤٥ | ٢ |
| ١٢٧ | ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی و ئاشووری | ٥٧٣٠ | ٢ |
| ١٢٤ | لیستی پێشکەوتنی تورکمان | ٥٢٥٩ | ٢ |
| ١٢١ | لیستی ھەولێری تورکمانی | ١٩٥١ | ١ |
| ١٢٠ | لیستی گۆڕان و نوێبوونەوی تورکمانی | ١٩٢٦ | ١ |
| ١٢٢ | لیستی جبھەی تورکمانی عێراقی | ١٧٥٣ | ١ |
| ١٢٥ | لیستی ابناو النھرین | ١٠٩٣ | ١ |
| ١٣١ | لیستی ئەرمەن | ٥٣١ | ١ |
ئەرک و دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی کوردستان
[دەستکاری]پەرلەمانی کوردستان ئەم ئەرک و دەستەڵاتانەی خوارەوەی ھەیە:
- دەرچوواندنی یاسا
- بڕیاردان لەسەر ڕێککەوتننامەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەی چارەنووسیی گەلی کوردستان و دەسنیشانکردنی پەیوەندیی یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتی مەڵبەندی
- ناولێنانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم و متمانەدان بە ئەنجوومەنی وەزیران و کێشانەوەی متمانە لێیان
- پەسندکردنی بودجەی گشتی و نەخشەکێشانی گەشەپێکردن و بڕیار لەسەردانیان
- چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن
پشتیوانەی یاساییی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان
[دەستکاری]ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان پشتیوانەی یاسایییان ھەیە، کە پاراستنی یاساییی پێویستیان بۆ دابین دەکات تاوەکوو بەئازادی ئەرکەکانیان جێبەجی بکەن، و ئەندام لەسەر دەربڕینی بیروڕاری لە کاتی ئەنجامدانی کارەکەی لە ئەنجوومەندا لێپرسینەوەی لەسەر نەبێت و نابێ ڕاوەدوو بنرێـت، یان بگیرێت لە کاتی خولەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەندا بەبێ ڕەزامەندیی پەرلەمان، تەنیا لە بارەی ئەوە نەبێ، کە لە تاوانێکدا گیرا بێ، ھەروەھا نابی ئەندام ڕاوەدوو بنرێت یان بگیرێت لە دەرەوی کاتی خولی بەستنی ئەنجوومەن بە ھۆی تاوانێک بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تەنیا لەو بارەدا نەبێت کە لە تاوانێکدا گیرا بێت.
لیژنەکان
[دەستکاری]لیژنە ھەمیشەیییەکان
[دەستکاری]بەپێی ماددەی ٣٧ی پەیڕەوی ناوخۆی پەلەمانی کوردستان
لیژنە ھەمیشەیییەکانی ئەنجوومەن لەیەکەم خولیدا کەدوای ھەڵبژاردن دەبەسترێت پێکدەھێنرێن و لە پێکھێنانیاندا، ئارەزووی ئەندامان وپسپۆرییان ڕەچاودەکرێت. بەپێی ماددەی دووەمی بریاری ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٠٩ بڕگەی ٣ لەماددەی ٣٩یەمی ھەموارکراو، ھەموار دەکرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە: لیژنەی ھەمیشەیییەکان لەژمارەیەک ئەندام پێکدێن کە لە پێنج ئەندام کەمتر نەبن و لە یازدە ئەندامیش زیاتر نەبن و ھەر لیژنەیەش لە ناو ئەندامانیدا سەرۆکێک و جێگرێکی سەرۆک و بڕیاردەرێک بۆ خۆی ھەڵدەبژێرێت.
لیژنە ھەمیشەیییەکانی پەرلەمانی کوردستان، کە لەخولی سێیەمدا دیاریکراون ئەمانەن:
- لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری
- لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیییەکان
- لیژنەی پەروەردە و فێرکردنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
- لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری
- لیژنەی یاسایی
- لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و منداڵ و خێزان
- لیژنەی بەرگری لە مافی ژن
- لیژنەی کاروباری تەندرووستی و ژینگە
- لیژنەی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار
- لیژنەی پاراستنی مافی بەکاربەر
- لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن و شوێنەوارەکان
- لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان
- لیژنەی کاروباری پێشمەرگە و شەھیدان و قوربانییانی جینۆساید
- لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ھاوچەرخکردنی لادێ
- لیژنەی وەرزش و لاوان
- لیژنەی مافی مرۆڤ
- لیژنەی دەسپاکی (نەزاھەت)
- لیژنەی کاروباری کۆمەڵەی مەدەنی
- لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی[٩]
پێشانگا
[دەستکاری]- ڕازاندنەوەی ئاڵای کوردستان لە باڵەخانەی پەرلەمان
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «محەممەد سلێمان سەرۆکی کاتی پەرلەمان دەستبەرداری پۆستەکەی بوو». tebakurdi. ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥. لە ڕەسەنەکە لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ ماددەی ٤ی دەستووری ھەرێمی کوردستان-عێراق http://www.perleman.org/files/sitecontents/100809083313.pdf ٤ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٧ی ئازاری ٢٠١١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٤ی ئازاری ٢٠١١ ھێنراوە.
- 1 2 «پەرلەمانی کوردستان | خولى یەکەم ١٩٩٢». پەرلەمانی کوردستان - عێراق (بە ئینگلیزی). لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ http://www.perleman.org/default.aspx?page=sitecontents&c=Parliament-History1992# ٥ی ئایاری ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ١ی نیسانی ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٤ی ئازاری ٢٠١١ ھێنراوە. ١ی نیسانی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ١١ی ئازاری ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٤ی ئازاری ٢٠١١ ھێنراوە.
- ↑ «مێژووی ھەڵبژاردن خولی چوارەم ٢٠١٣ پەرلەمانی کوردستان». parliament. لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ھێنراوە.
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٧ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٢ی ئازاری ٢٠١٤ ھێنراوە.