قەزای سۆران

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
إدارة سوران المستقيلة
وڵات عێراق
ھەرێم ھەرێمی کوردستان
پارێزگاپارێزگای ھەولێر
ژمارەی دانیشتووان
 (٢٠١٠)
 • سەرجەم١٥٩٬٩٦٩
ناوچەی کاتیUTC+٣ (AST)

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکێک لە شارەکانی پارێزگای ھەولێرە کە لە ٤ ناحیەی دیانا ، خەلیفان ، سیدەکان و سۆران پێکدێت. ٥٧ گەڕەک و ٣٤٦ گوند دەگرێتەوە. سۆران دەکەوێتە دەشتێکەوە کە بەچیاکانی زۆزک لە باکور (١٨٢)م و کۆڕەک لەباشوور (٢١٢٧) م ھەندرێن لە رۆژھەڵات (٢٩٢٥ م) و برادۆست لە رۆژئاوا (٢٠٧٦)م دەورەدراوە.

ھەروەھا سێ ڕووبار لەناوچەی سۆراندا ھەن ئەوانیش ڕووباری باڵەک، باڵەکیان و بێخاڵە. لەزستاندا سۆران ساردەو لە ھاوینیشدا گەرمە، بەڵام لەھەردوو وەرزی پایزو بەھاردا ئاوھەوایەکی خۆشی ھەیە. ئەو قەزایە خاوەن دیارترین سێ ناوچەی گەشتیارییە لە ھەرێمی کوردستان ئەوانیش جوندیان، بێخاڵ و گەلی عەلی بەگە.

دروستبوونی قەزای سۆران وەک یەکەی کارگێری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٠ و دوای راگواستنی گوندەکانی دەوروبەر لەلایەن رژێمی بەعس ناوچەکە ئاوەدان کرایەوە. رژێم بەمەبەستی مۆڵگەی سەربازی دژی کوردی بەکارھێنابوو، کە ئێستاش پاشماوەی سەربازی لێ دەدۆزرێتەوە. لەماوەی ١٠ ساڵ ئەو قەزایە تا دوای راپەرین ژمارەی دانیشتوانی لە (٥٠٠٠) کەس تێپەری نەدەکرد ، بەڵام لەو ١٩ ساڵەی ئاوەدانی ھەرێم و ئازادی راپەرینی ١٩٩١ ئێستا ژمارەی دانیشتووانی گەیشتووەتە ١٢٥ھەزار کەس.

پێکھاتەی قەزای سۆران فرە کەلتورەو لەھەموو ناوچەکانی کوردستان بەھۆی شوێنی جوگرافی و ئاوھەواو شوێنی ستراتیژی بازرگانی خەڵک رووی تێ دەکەن و بە مەبەستی حەوانەوە لێی نیشتەجێ دەبن. ھەر بەم ھۆیەشەوە بەردەوام لە فراوان بوون دایە. لەو قەزایەدا ھەردوو ئاینی ئیسلام و مەسیحیەتی لێیە، وەک برا بەشدارن لەپێشوەچوونی قەزای سۆران و وڵاتدا.

شوێنی جوگرافی سۆران سەنتەری قەزا لە پانتایەکی رووتەختی و بانەکاندا پێھاتووە، دەکەوێتە باکوری رۆژھەڵاتی ھەولێری پایتەخت و تەنیا ١٢٠ کلیۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە. ھەروەھا دەکەوێتە نێوان کێوە بەرزەکانی کۆڕەک لەرۆژھەڵات و گۆرەزو حەسەن بەگ لە باکورو برادۆست لە رۆژئاواو لە باشوریش کێوی ھەندرێنە. رێگای گشتی ھاملتۆن لە ھەولێرەوە بۆ حاجی ئۆمەران کە لە ساڵانی ١٩٢٨تا ١٩٣٠ لەلایەن ئەندازیار ھاملتۆن درێژکرایەوە بەنێو قەزای سۆران تێدەپەڕێت. قەزای سۆران ئاووھەوایەکی شێداری ھەیەو لەزستاناندا بارانی زۆری لێدەبارێت و ھاوینانی گەرمە. ئاستی بارینی بەفر لەو ناوچەیە لە زستانان مام ناوەندیەو وەرزی بەھاریش باراناویەو سروشتیش سەوزە. رووبەری قەزای سۆران دوو روباری گەورەی پێدا رەت دەبێ و دەڕژێنە زێی بچوک، ڕووباری شێخی کەلە وڵاتی ئێران و کوێستانەکانی باڵەکایەتی لە قەزای چۆمان ھەڵدەقوڵێن و بە سنووری قەزای سۆراندا تێدەپەڕێ و دەرژێتە زێی بچوک. ھەروەھا ڕووباری برادۆست کە لەکوێستانەکانی برادۆست و خاکی تورکیا ھەڵدەقوڵێ، ئەویش بەھەمان شێوە لەسنووری شارەدێی سیدەکان و دیانان دەچێتەوە زێی بچوک. ھەردوو ڕووبار لە دوا رۆژ سود بەخش دەبن بۆ بەنداوی بێخمە. رووبەری گشتی قەزای سۆران ٨٠٩٦١٦ دۆنمە، کە ٧٣٧٥٤٤ دۆنم بە کەڵکی داچاندن و کشتوکاڵی دێت. ئەوەی تریش نیشتەجێی و شاخاویە. ئەو بەروبومە خۆرسکیانەی لەناوچەکە دەروێن و سودبەخشن (قەزوان، بەڕو، بڵالوک، کرۆسک، گێوژ، رێواس، کوارگ) ھەروەھا دار مازی بەرەکەی وەک بەروبوومەو چڵوەکەشی کەبە گەلایەکی دەگوترێ بۆ ئاژەڵ سودی لێ دەبینن، بەڵام ئەو رووەکەی کە زۆر بە شێوەی کشتوکاڵی بەرھەم دێت، بریتیە لە (دانەوێڵە بەتێکڕایی و دارگوێزو سپیندارو سێو ھەرمێ و ھەڵوژەو ھەنارو ھەنجیرو ترێ و چەندین سەوزەی تریش). ئەو ئاژەڵانەی کە کێوین و لە ناوچە شاخاویەکاندا ھەن (گورگ و ورچ و کەمتیارو کوڕەبەشەو سیخورو سمۆرەو مارو پشیلەی کێوی و سەگاوی ئاوی و ماسی و بزنی کێوی و بەراز)ی لێیە، بەڵام ئەو ئاژەڵانەی بەخێو دەکرێن بریتین لە (مانگاو بزن و مەڕو سەگ و کەرو ئەسپ و ئێسترو پەلەور).

گەشت گوزاری قەزای سۆران بەناوبانگە بە ھەوارگەکانی (جوندیان و بێخاڵ) و تاڤگەی گەلی عەلی بەگ کەلەسەر دراوی عێراقی فیدڕاڵیشدا کێشراوە بەناوبانگن، ھەروەھا ھەوارگەکانی بناری (حەسەن بەگ و بێرمە ساردو بێرۆیان) و چەندین شوێنی تر ساڵانە بەھەزاران گەشتیار لە ناوەڕاستی عێراق و زۆر لە وڵاتانی دراوسێش رووی تێدەکات، ئەمەش زیاتر بەھۆی دڵرفێنی ئەو ھاوینە ھەوارانەوەیە. سنوورەکانی قەزای سۆران لە باکورەوە بەندە بە وڵاتی تورکیاو قەزای مێرگەسۆر، لە رۆژھەڵاتەوە ھاوسنوورە لەگەڵ قەزای چۆمان. لە باشوریشەوە لەگەڵ قەزای رواندز پشدەر بەندە، بەڵام لە خۆرئاواوە لەگەڵ قەزای شەقڵاوە پێکەوە بەندن. لە رووی کارگێریەوە قەزای سۆران ھەرسێ ناحیەی سیدەکان و دیاناو خەلیفانی ھەیە، تێکڕای زیاتر لە ٤٠٠ گوند لە خۆدەگرێت و ١٧٥٠٠٠ کەسیش دابەش بوونە بەسەر ئەو گوندانەدا. سەنتەری قەزای سۆران ٣٦ گەڕەکەو بەشێوەیەکی مۆدێرن ئاوەدانن. ھەروەھا لەڕووی پڕۆژەکانی رێگاوبان و ئاوو کارەباو گەیاندن و ھاتوچۆ بێ گرفتن. لە سەنتەری قەزای سۆران ٦٥ دائیرەی حکوومی ھەیەو کە ٤٥ دائیرە ئیشوکارەکانی ھەرچوار قەزای (سۆران و مێرگەسۆرو چۆمان و رواندز) بەڕێ‌وە دەبەن. ھەروەھا ١٤ بارەگای حزبە سیاسیەکانی لێیەو لەگەڵ ١٠ بارەگا پێگەیاندنە کۆمەڵگە مەدەنییەکان وەک سەنتەرو فەرھەنگ خانەو بنکە چالاکیەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان چالاکیەکانی خۆیان لێ ئەنجام دەدەن. ئاستی رۆشنبیری لەو شارەدا بەرزەو ژمارەیەکی زۆری رۆژنامەنووس و نووسەرو ھونەرمەندی لێیەو رۆژانە چالاکی ھونەری و رۆشنبیری لێ ئەنجام دەدرێ. ھەربەم ھویەشەوە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کەمن و بەشێوەی رۆشنبیری و مۆدێرنانە بیر لە کێشەکان دەکرێتەوە. بەھۆی ئاستی رۆشنبیری ناوچەکەو جێبەجێکردنی ریزبەندی ئەرکەکانی حکومەت ساڵانە بە بڕی زیاتر لە ١٠٠ملیۆن دۆلار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لێ ئەنجام دەدرێت، ئەمەش کاریگەریەکی زۆری کردووەتە سەر ئاوەدانی بەردەوام لەو قەزایەدا.

لەسەنتەری قەزا قۆتابخانەی مۆدیرن و گەورە ھەن کە نزیکەی (٥٠٠٠٠) قوتابی لە پۆلی ١ی سەرەتایی ١٢ بنەڕەتی لە خۆدەگرێت، باخچەی ساوایانیش ھەیەو منداڵە چاو گەشەکانی لێ پەروەردە دەکرێت. ھەروەھا نەخۆشخانەیەکی گەورەی لێیەو بۆ ئەمساڵ و ساڵی داھاتوو دوو نەخۆشانەی تریش بەکۆتا دێن. بە رادەیەکی زۆر چاودێری تەندروستی لە ئارادایەو تا ئێستا ھیچ لەو نەخۆشیە کوشندانەی لێ بەدی نەکراوە، بەکارھێنانی ئاوی خواردنەوەی سروشتی و زۆر پاکە. ھەروەھا زیاتر لە ٥ بنکەی تەندروستیش لەگەڕەکەکاندا ھەیە. ھەر لەسنتەری قەزا دوو پەیمانگای لێیەو لەگەل چوار کۆلیژو سەرۆکایەتی زانکۆ.

قەزای سۆران ناوچەیەکی دڵڕفێن و دڵگرە لەھەموو روێکەوە، بازارو کوچەو کۆڵانەکانیش پاکن و ھاوڵاتیان ھەماھەنگن، واتە ھاوڵاتیان بەشێکی گرنگن لە بەرەوپێش چوونی وڵات و ئاستی زانستی و رۆشنبیری ئاوەدانی و چارەسەری کێشەو گرفتەکان. بۆ کات بەسەر بردن چەندین پارکی بچوک ھەن لە گەڕەکەکاندا، ھەروەھا لە بەشی رۆژھەڵاتی ئەو قەزایەشدا پارکێکی گەورەی لێیەو شەو رۆژ ھاوڵاتیان کاتی خۆش لێ‌ی بەسەر دەبەن. لەرووی بژێویەوە وێرای ژمارەیەکی زۆری ناوچەکە فەرمانبەری حکوومەتن، بەشێکی زۆریش بە بازرگانی سەرقاڵن، چونکە ناوچەکە دەکەوێَـتە سێگۆشەیەکی گرنگی ھەرسێ وڵاتی تورکیاو ئێران و کوردستان و عێراقی فیدراڵ. لەو ناوچەیەدا بازاری گشتی لێیەو رۆژانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆری لێ روودەدات و بەھۆی جەنجالی و سەردانی خەڵکێکی زۆر بۆ بازارەکانی سەنتەری قەزای سۆران کڕین و فرۆشتن زۆر لێی بەدی دەکرێت. ئەو کەلوپەلانەی لەوبازارەدا مامەڵەی پێدەکرێت بریتین لە جلو بەرگ و پێداویستی ماڵ و کەلوپەلی رۆژانەو خواردن و ئۆتۆمبیل و زۆر شتی تر. بەھۆی بچوکی ناوچەکەو کەمی مێژووی ئاوەدانی ئەو ناوچەیە کارگەی گەورەی نییەو ئەو کارگانەی لەناوچەکەدا ھەن بچوکن و بەرھەمی کەمن.

ناحیەکان[دەستکاری]

  • دیانا: ناوچەیەکی شاخاوییەو کەوتووەتە باکووری رۆژھەڵاتی ناوەندی قەزای سۆران بەدووری ٢ کم. لەوەرزی زستاندا ئاوھەواکەی ساردەو لە ھاویندا گەرمە.

رووبەر: ١٦٢.٨ کم دووجا. گوند: ٢١ ھیلی پانی و درێژی ناوەندی ناحیە: باشوور ٣٦.٦٦٢٨ پلە. باکوور ٤٤.٥٥٠٣ پلە. باری رووی زەوی: دەشت: ٢٥% گرد: ٤٠% چیا:٣٥%

  • خەلیفان: ناوچەیەکی شاخاویەو بەدووری ٢١ کم کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای ناوەندی قەزای سۆرانەوە. لەوەرزی زستاندا ئاوھەواکەی ساردەو لەھاویندا مامناوەندیە.

رووبەر: ٤١٧.٧کم دووجا. گوند: ٥٤ ھیلی پانی و درێژی ناوەندی ناحیە: باشوور ٣٦.٦١٠٤ پلە. باکوور ٤٤.٤٠٦٤ پلە. باری رووی زەوی: دەشت: ٢٠% گرد:٢٥% چیا: ٥٥% ناسراوتین شوێن:تاڤگەی گەلیی عەلی بەگ.

  • سیدەکان: ناوچەیەکی شاخاویەو کەوتووەتە باکووری رۆژھەڵاتی ناوەندی قەزای سۆران بە دووری ٣٣ کم. لە رۆژھەڵات و باکووری ناحیەکە سنووری کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئاوھەوای ناحیەکە لەوەرزی زستاندا ساردەو لە ھاویندا تارادەیەک فێنکە.

رووبەر: ١٥٤٤ کم دووجا. ھیلی پانیm و درێژی ناوەندی ناحیە: باشوور ٣٦.٧٩٤٨ پلە. باکوور ٤٤.٦٧٤٥ پلە. گوند: ٢٥١ باری رووی زەوی: دەشت: ١٠% گرد: ٦٠% چیا: ٣٠%

ھاوینەھەوارەکانی قەزای سۆران[دەستکاری]

  • گەلی عەلی بەگ
  • کانی ماران

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]