ماد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پاشایەتی ماد ٥٠٠ساڵ پێش زایین
پاشایەتی ماد ٥٠٠ساڵ پێش زایین

ماد ناوی نەتەوە کە لە ھەزارەی یەکەمی پێش زایینی مەسیح کۆچیان کرد بۆ ڕۆژئاوای بانەکانی ئێران و کوردستان. مادەکان بناغەی یەکەم پاشایییەتی ئاریائییەکانیان دامەرزان بە شکست پێھێنانی ئاشووریەکان لە ٦٠٠ ساڵ پێش زایینی مەسێح، بووە گەورترین پاشایەتی ڕۆژئاوای ئاسیا. پاشایەتی ماد لە سەردەمی ھەڤەخشترە حۆکمڕانی گەورەترین پاشایەتی ڕۆژئاوای ئاسیای ئەکرد. بە سەر وڵاتانی ئێران، تورکیا و ئەفغانستانی ئەمڕۆ. یەکەم گەورەترین حۆکمڕانی بوو کە ھەموو نەتەوەکانی ئەو ناوچەی خستە ژێر ئالایێک. کۆمەڵە ھێرشەکانی ئاشوورییەکان بۆ سەر ھەرێمی ماد لە ٨٠٠ ساڵ پێش زایینی مەسێح، ئەو نەتەوەی تووشی کێشە کردبوو. ھێرودوت دەنووسێ: ئاشوورییەکان زیاتر لە ٥٠٠ سال حۆکمڕانیان کرد لە ئاسیادا. یەکەم خەڵکانێک وا بەرامبەری دەسەڵات ڕاوەستان، مادەکان بوون. ئەوان بۆ ئازادی شەریان کرد، تێ‌کۆشان و لە بەندەیی ڕزگار بوون.

وشەی ماد یان میدی لە ناوی مازای یان مادای (کە بە زمانی ئینگلیزی بە میدۆس ناوی ھاتووە) کوڕی یافیز یان جافێز کوڕی نووح ھاتووە، کە یەکێکە لە شازدە نەوە نێرەکانی نووح لە دوای لافاوە گەورەکە کە ڕزگار بووی کارەساتەکە بوون. [١]

سەرچاوەکانە سەبارەت بە مێژووی ماد[دەستکاری]

یەکەم ئاماژەکان لە سەر نەتەوە ماد لە نووسراوەیەکی مێژوویی لە کوێستانەکانی کوردستان دۆزرایەوە کە باسی لە ھێرشی شڵمانسەری سێەھەمی کردووە. ئەم نووسراوەیە بۆ‌ ساڵی ٨٣٧ پێش زایین دەگەڕێتەوە. مادەکان لە ڕەگەزی ھیند و ئەورووپایین کە لە ھەزارەی یەکەمی پێش زایین کۆچیان کردووە بۆ ئەو شوێنەی تایفەکانی گۆتییەکان، لۆلۆییەکان، کاسییەکان، ھۆرییەکان لەوێدا نیشەجێ‌بوون و لەوێ گیرسانەوە و دانیشتوانی ئەو ناوچەیەیان لە خۆدا تواندەوە. لە نزیکی شاری ھەمەدان لە ئێرانی ئێستادا ، بەرزایی ھەگمەتانە کە خاوێن مێژینەی بەقەد مادەکانە واتە لە سەردەمی مادەکان پایەتەختی ئەوان بووە و دوای ئەوانیش پایتەختی ھەخامەنشیەکان بووە(ھاوینە ھەوار). گرینگترین نووسراوەکان سەبارەت بە ماد لە نووسراوەکانی ھێرودوتدایە کە ٥٠٠ساڵ پێش لە داییک‌بوونی مەسێح نووسیویەتی. لە تەورات‌دا بە کورتی باسی ماد کراوە.

وڵاتی ماد[دەستکاری]

وڵاتی ماد، مه‌دیا یان مادیا ناوی وڵاتێکە کە ئەو خەڵکەی بە ماد ئەناسرێن لەوێ گیرسانەوە. وڵاتی ماد دوو بەش بوو. کوردستانی ئێستا وئازەربایجانی ئێستای ئێران و بەشێک لە تورکیەی ئێستا مادی بچووک و بەشێک لە عێراق و پارێزگاکانی کوردستان و ھەمەدان و کرماشان و لوڕستانی ئێستا مادی گەورە بوون. پایتەختی ماد لە ڕابردوودا ھەگمەتانە‌ بووە دوایی بە ئەکباتان ناوی گۆڕدرا. ئەو قەومە لە کوێستانەکان گیرسانەوە و لە بەرد مس، ئاسن، نۆقرە و زێڕ و مەڕمەڕیان بەدەست ئەھێنا. لە تەختاییەکانیشدا کشت‌وکاڵیان ئەکرد.

سنووری خاکی ماد[دەستکاری]

سنووری خاکی ماد لە باکوورەوە ڕووباری "ئاراس"و لوتکەکانی چیای ئەلبورز لە خوارووی دەریای خەزەر ، لەڕۆژھەڵاتەوە دەشت شۆرەکاتەکانی دەشتی "کویر"و لە ڕۆژئاواو خواروەوە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسە و لە کەناری خوارووی دەریاچەی ورمێ و دەوروبەری چەمی "جەخەتو" و ئەو ڕووبارانەی کە شانبەشانی ئەو دەڕۆن ،ئەم ناوچەیە لە سەدەی نۆیەمی پێش زاییندا ناوی "زاموای"ناوخۆ بووە.

زمانی مادی[دەستکاری]

زمانی مادی زمانێکی کۆنە و مردوو وا بڕوا دەکرێ کە لە دەستەی زمانە ئێرانیەکان بێت کە لە کاتی مادەکان قسەی پێ کراوە.[٢][٣] ئەم زمانە لەگەڵ زمانەکانی کوردی، مازەندەرانی، گیلەکی، تاڵشی، بەلۆچی، سمنانی و پارتی وەکوو زمانانی ئێرانیی باکووری رۆژاوا دەناسرێ.

ئاڵای ماد[دەستکاری]

ئاڵای ماد لە یەکێ لە بەڵگە نامە مێژووییەکاندا نووسراوە کە ئاڵاکەیان لەناوەڕاست سپی بووە بەشی سەرەوە سوور و خوارەوە زەرد و لە ناوەندی ئاڵاکەش شێرێک و خۆرێک هەبووە .[ژێدەر پێویستە]

تیرەکانی ماد[دەستکاری]

وەک زانیارییە مێژوویەکان پێمان دەڵێن ٣ تیرە لە ٦ تیرەکەی یەکیەتی ماد واتە بوسیەکان، ستروخاتیەکان و بودیەکان، بەشی کوردەکان بووە و ٣ تیرەکەی تر بریتی بوون لە ئاریزانتیەکان (پیاو ماقووڵەکان) کە لە نزیکی کاشانی ئێستای ئێران ئەژیان و مۆغەکان کە لە نێوان شاری مەراغە و ڕەی ئێستای تاران‌دا دەژیان و لە کۆتاییدا پارتاکانیەکان ئەو خەڵکە بوون و لە ئیسفەھانی ئێستادا ژیانیان ئەبردە سەر. وەک نووسراوە یۆنانیەکان دەڵێن تیرەی ستروخاتیەکان کە بە ساگارتی ناویان دەبردرێ لە کرماشانی ئێستادا بوون کە ناوی یۆنانی کراوەکەی یانی زاگرۆس بۆ زنجیرە کوێستان ئەو ناوچە داندرا.

پێکھاتنی پاشایەتی ماد[دەستکاری]

وەک یۆنانیەکان باسی دەکەن دوای ھێرشە پڕھێز و دڕندانەکانی ئاشووریەکان بۆ سەر خەڵکی ماد، دەوروبەری ساڵی ٧٠٨ پێش زایین، ڕابەرێک لە تیرەکانی ماد کە ناوی دیاکۆ دەبێ، لە لایەن نوێنەرانی یەکیەتی تیرەکان ، بۆ دامەزراندنی حکوومەتی ناوەندی ھەڵدەبژێردرێت. بە یەکگرتنەوەی تیرە بەربڵاوەکان و ڕێکەوتن لە سەر یاساکانی ناودەوڵەتی ، حکوومەت پەرە ئەسێنێت و ھەگمەتانە بە پایەتەختی خۆیان دائەنێن.

پاشاکانی ماد[دەستکاری]

  1. دیاکۆ (٧٠٨ تا ٦٥٥ی پێش‌ زایین) ٥٣ساڵ درێژەی ھەبووە.
  2. فرەڤەرتیش (٦٥٥ تا ٦٣٣ی پ.ز.) ٢٢ساڵ درێژەی ھەبووە.
  3. کەیخەسرەو یان ھەڤەخشترە (سیاگزار) یان (کەیخەسرەو بە کوردی) (٦٣٣ تا ٥٨٤ی پ. ز.) ٤٩ساڵ درێژەی ھەبووە.
  4. ئەژیدەھاک (ئاستیاگ) (٥٨٤ تا ٥٥٠ی پ. ز.) ٣٤ساڵ درێژەی ھەبووە.

دیاکۆ[دەستکاری]

نزیکەی ٧٠٠ ساڵ پێش لە زایین لە نێو مادەکان‌دا کەسایەتییەک دەژیا بە ناوی دیاکۆ کە لەلای ھەموو مادەکانەوە ڕێزێکی تایبەتیی ھەبوو. دیاکۆ مرۆڤێکی باش‌ناسیاو، تێگەیشتوو و ھەڵکەوتەی گوندەکەی بوو. خەڵک کە لێزانی و تێگەیشتوویی و دادوەریی دیاکۆیان دیبوو بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفت و کێشە و ئاژاوەکانیان ھانایان دەبردە بۆ ئەو. دیاکۆ بوو بە خۆشەویستی ھەمووان و ناوبانگی داخست، وای لێ ھات کە لەبەر دادگەری و پیاوچاکییەکانی لە لایەن خەڵکەوە داوای لێکرا کە ببێ بە سەرۆک و پاشایان. ئەویش کە بشێوی و بەربڵاوی و ھەتەران و تەتەرانی ناوچەکە ئازاری دەدا، بە داخوازییەکەیان قاییل بوو و بڕیاری دا مادەکان لە دەوری یەک کۆکاتەوە و لەوان نەتەوەیەکی یەکگرتوو و ھاوبەش پێک بێنێ.

لە یەکەم ھەنگاودا داوای‌کرد لە خەڵک کە واز لە جودایی بێنن و لە دەوری یەکدا کۆبنەوە و فەرمانی دا کە پایتەختێک ساز کەن. ئەوە بوو کە شاری ئیکباتانیان ساز کرد. شارەکە حەوت شوورەی بازنەییی بەدەوردا کێشرابوو و ھەر شوورەیەک لەوی‌تر بەرزتر بوو و بارەگای شا و خەزێنەکانی لە نێو ئاخرین شوورەکەدا بوو. چێوەی دیوارە دەرەکییەکانی زۆر لە دیوارەکانی ئاتێن پایتەختی یۆنان دەچوو. ڕەنگەکانی ئەو شوورە حەوتەوانانە بە ڕیز بریتی بوون لە سپی، ڕەش، ئەرخەوانی، شین و نارنجی. لە سەربانی دوو شوورە دوایینەکە، یەکێکیان بە زێو و ئەوی دیکەشیان بە زێڕ داپۆشیبوو.

بە شاری ئیکباتان، ھەگمەتانەش وتراوە و ئەوڕۆکە پێی دەڵێن ھەمەدان. دیارە درێژایی زەمان ھەموو شتێکی لێ سڕیوەتەوە و بۆنوبەرامەی مادەکانی لێ نایە، بەتایبەت کە پاش مادەکان ئەو شارە ھەمیشە لەدەستی ناحەزانی ماد بووە و ھەرچی شارستانیەتی ئەو شارە بووبێ سڕیویانەتەوە یان بۆ خۆیان بردوویانە.

فرەڤەرتیش[دەستکاری]

فرەڤەرتیش پاش دیاکۆ دەسەڵاتی گرتە دەست و بۆ ماوەی ٢٢ ساڵ لە نێوان ساڵانی ٦٥٥ و ٦٣٣ حوکمی گێڕا. لە کاتی ھاتنە سەرتەختی فرەڤەرتیش، ھۆزی سەکا کە تیرەیەکی شەڕانی و جەنگاوەر بوون لە دەوروبەری زەریای ورمێدا دەژیان. پارسەکانیش لە باشوور دەژیان. فرەڤەرتیش ھەردەم ھەوڵی دەدا کە سنوورکەی ئیمپراتۆریی ماد بەربڵاوتر بکا، ئەوە بوو ھێرشی بردە سەر پارسەکان و مەڵبەندەکەیانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی و قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریی مادی بەرینتر کرد. بەڵام ئەو لە خولیای ئەوەدا بوو کە ھێرشیش بەرێتە سەر ئیمپراتۆریی ئاشوور و کۆتایی بە زۆڵم و ستەمی ئاشووریەکان بێنێ و گەلێ نەتەوە کە ناچار بوون باج و پیتاک و سەرانە بە ئاشووریەکان بدەن لە ژێری ئەو بێدادییەدا ڕزگار بکات.

سوپایەکی گرانی کۆ کردەوە و بەرەو نەینەوا پایتەختی ئاشووریەکان کەوتە ڕێ. ھەواڵ گەیشتە ئاشووریەکان، ئەوان لە پێشەوە بەرپەرچی مادەکانیان دایەوە. سەکاکانیش کە لە دەوروبەری زەریای ورمێدا دەژیان و ھاوپەیمانی ئاشووریەکان بوون، سوپایەکی گرانیان لە پشتەوە خستەڕێ بۆ ھێرش‌بردنە سەر مادەکان و پشتیوانی لە ئاشووریەکان. ماوەیەکی دوورودرێژ گەلێ شەڕی قورس و گران لەو نێوەدا کرا. مادەکان کەوتبوونە گەمارۆی سەکاکان و ئاشووریەکانەوە.

لە یەکێ لەو شەڕانەدا لە ساڵی ٦٣٣ی پێش زایین فرەڤەرتیش کوژرا و دەوڵەتی ماد کز بوو و سەکاکان کە ھەلیان بە لەبار دەزانی کەوتنە داگیرکرتن و تاڵان‌کردنی مەڵبەندی مادەکان. ئەوان نزیکەی ٢٨ ساڵ ھەتەران و تەتەرانیان لە وڵاتی ماددا دەکرد و کەوتبوونە کوشتوبڕی مادەکان.

ھەڤەخشترە (سیاگزار) یان (کەیخەسرەو بە کوردی[ژێدەر پێویستە])[دەستکاری]

پاش کوژرانی فرەڤەرتیش، کوڕەکەی کە ناوی ھەڤەخشترە یان بە کوردی کەیخەسرەو بوو دەسەڵاتی گرتە دەست. دیارە ئەو کێشەی زۆری لەگەڵ سەکاکان ھەبوو. ھەڤەخشترە پێشەوایەکی لەبار و لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات‌دا سەرکردەیەکی بێ‌وێنە بوو. ئەو بۆ ئەوەی کە بتوانێ بەرەنگاری سوپای دوژمن بێت، سوپایەکی ڕێک‌وپێکی کۆکردەوە و پسپۆڕانە باری‌ھێنان. سوپایەک بریتی لە سوارە و پیادە. سوارەکانیان شانیان لە شانی سوارەکانی ئاشووری دەدا و پیادەکانیان لە تیرھاویشتن بێ‌وێنە بوون و بە تیروکەوان و نێزە چەکدار بوون.

لەبەر ئەوەی کە وڵاتی ماد جێگەیەکی لەبار بۆ پەروەردەی ئەسپ بوو و مادەکان ھەر لە منداڵییەوە شارەزای ئەسپ‌سواری و تیرھاویشتن بوون، کاری ھەڤەخشترە ئاسانتر دەبوو بۆ پێک‌ھێنانی سوارەیەکی خاوەن ئەزموون. ھەڤەخشترە توانیی جەنگاوەرانی ئازا و بەجەرگی وا بار بێنێ کە لە ھیچ شتێ نەترسن. ھەر بە یارمەتیی ئەو سوپا نەبەزە توانیی سەکاکان کە دەمێک بوو لە وڵاتی ماددا کەوتبوونە تاڵان و کوشتوبڕ تێک بشکێنێ و لە وڵات وەدەریان نێ. بەوجۆرە تۆڵەی باوکی و وڵاتە تاڵان‌کراوەکەی مادی لە سەکاکان کردەوە.

شێوازی لەبەرکردنی جل و بەرگ لە سەردەمی ماد

پاشانیش لەگەڵ نەبوو پۆلاسار پاشای بابل کە پێشتر بە یارمەتیی مادەکان سەربەخۆیی خۆیان بەدەست ھێنا بوو، یەکی گرت و بە سوپایەکی گرانەوە ھێرشی بردە سەر ئاشووریەکان و شاری نەینەوای لە ٦١٢ی پێش لە زاییندا گرت کە پایتەختی ئاشووریەکان بوو. ساراکوس (سەنا خەریب) کە پاش مەرگی ئاشوور بەنیپال ببووە پاشای وڵاتی ئاشوور، کە دی بەرگەی مادەکان ناگرێ ئاگرێکی گەورەی ھەڵکرد و خۆی و خاووخێزانی خستە ناو ئاگرەکە و بەوجۆرە چرای تەمەنی ھەزار ساڵەی ئیمپراتۆریی ئاشوور کوژرایەوە.

لە سەردەمی ھەڤەخشترەدا وڵاتی ماد گەلێک پەرەی سەند. ھەڤەخشترە بە تێگەیشتوویی و زانایی خۆی خزمەتی گەورەی بە مادەکان کرد. ئیمپراتۆریی ماد لە سەردەمی ئەودا زۆر بڵاو و بەرین ببوەوە.

ھەڤەخشترە لە ساڵی ٥٨٤ی پێش زایین کۆچی دواییی کرد.

ئەژیدەھاک (ئاستیاگ)[دەستکاری]

پاش ھوڤخشەترە، کوڕەکەی کە ناوی ئاستیاگ بوو دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەویش نزیکەی ٣٤ ساڵ دەسەڵاتداریی کرد. لە سەردەمی ئەودا وڵاتی ماد ھێمن و کڕوکپ بوو. ئاستیاگ بە لاساییکردنەوەی پاشایانی ئاشووری بارەگای دروست کرد و خەڵکێکی زۆر تێیدا کەوتنە کار کردن. دەربارییەکان جلی ڕەنگاوڕەنگیان لەبەر دەکرد و لە ڕێوڕەسم و بۆنە تایبەتییەکاندا زنجیر و ملوانکەی زێڕینیان دەکردە مل.

ئاستیاگ کچێکی ھەبوو بە ناوی ماندانا، ئەم کچە درابوو بە مێرد بە یەکێ لە سەرکردەکانی پارس لە باشوور. ئەویش دواجار کوڕێکی دەبێ کە ناوی دەنێن کوورش. کاتێ کوورش گەورە دەبێ خۆی بە پارسێکی تەواو دەزانێ و بڕیاریش دەدا کە وڵاتی ماد داگیر بکات.

سوپایەک کۆ دەکاتەوە و بە سیاسەتیش خۆی لە بابلییەکان نێزیک دەکاتەوە و داوایان لێ دەکا کە پێکەوە ھەڵمەت بەرنە سەر ئیمپراتۆریی ماد. بابلییەکانیش کە دەمێک بوو لە حەسرەتی (ھاران)دا بوون کە ڕێگای ھاتوچۆی نێوان سووریا و بابل بوو و لەژێر دەستی مادەکاندا بوو، دەبن بە ھاوپەیمانی پارسەکان و دوو قۆڵی ھێرش دەبەنە سەر وڵاتی ماد و پاش گەلێ شەڕی قورس و گران، ئاستیاگ کە زۆریش بەتەمەن بوو وپاشا و سەرکردەی سوپای ماد بوو، لە لایەن پارسەکانەوە بە دیلی دەگیرێ و چەمەسەریی زۆر دەبینێ. بەوجۆرە دەسەڵاتداریی مادەکان دەکەوێتە دەستی پارسەکان و کوورش دەتوانێ حکوومەتی ھەخامەنشیەکان بۆ یەکەمجار دامەزرێنێ. بەوجۆرە ئیمپراتۆریی ماد لە ساڵی ٥٥٠ی پێش لە زاییندا سەرەوژێر دەبێ.

ململانێی ماد و لیدیا[دەستکاری]

ململانێی نێوان ئیمپڕاتۆریەتی ماد و ئیمپڕاتۆریەتی لیدیا (کە لە باکوری خۆرئاوای تورکیای ئێستا دەسەڵاتی ھەبوو) لە سەردەمی پاشایەتی کەیخەسرەو دەستی پێکرد دوای ئەوەی کەیخەسرەوی پاشای ماد بە ھاوپەیمانێتی بابل توانی ئیمپڕاتۆریەتی ئاشور لەناوببات ئینجا دەستی کرد بە فراوان کردنی سنووری دەسەڵاتی بەم جۆرە دەسەڵاتی بەرەو باکوری خۆرئاوای تورکیای ئێستا ھەڵکشا، دواتر ھێزەکانی ئیمپڕاتۆریەتی ماد ھێرشیان بردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لیدیا بەم جۆرە شەڕ لە نێوان ئیمپڕاتۆریەتی ماد و ئیمپڕاتۆریەتی لیدیا ھەڵگیرسا، پاش پێنج ساڵ جەنگ ھیچ لایەک نەیتوانی سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست بێنێت. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە دوا شەڕی نێوانیاندا خۆرگیران ڕوویدا ھەردوولا ئەمەیان بە موعجیزەیەکی خوایی زانی ھێزەکانی ھەردوو لە شەڕ کردن کشانەوە و پاشەکشەیان کرد دواتر بەپێی پەیمانێکی نێوانیان ڕووباڕی ھالیس بوو بە سنووری نێوانیان. ھەرچەندە شەڕی نێوانیان کۆتایی ھات بەڵام ململانێی نێوانیان ھەر بەردەوام بوو تا ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی ماد و لە سەردەمی ئاستیاگ یاخود ئەژدەھاکی کوڕی کەیخوسرەویش ململانێکە ھەر بەردەوام بوو بەو ھۆیەوە ئیمپڕاتۆریەتی لیدیا بەرەو لاوازی دەچوو و ئیپڕاتۆریەتی مادیش توانی چەند شار و ناوچەیەک لە ئیمپڕاتۆریەتی لیدیا داگیر بکات، بەڵام ڕووخانی ئیمڕاتۆریەتی ماد بە دەستی ھەخامەنشیەکانەوە کۆتایی بەو ململانێیە ھێنا، دوای ڕووخانی ماد لیدیاش زۆر لاواز ببوو بە ھۆی ململانێکەی لەگەڵ ماد بەوھۆیەوە ھەخامەنشیەکان ھێرشیان بردە سەر لیدیا و ئەو ئیمپڕاتۆریەتەشیان ڕووخاند و ئیتر ململانێکە کۆتایی ھات.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ڕەچەڵەکی کوردانی قەڵای دم دم لە ڕواندز، چاپی یەکەم ساڵی ٢٠٢٠
  2. ^ Geography, Strab. 15.2.8
  3. ^ (Gershevitch 1968, p. 1)