دڵدار
دڵدار | |
---|---|
لەدایکبوون | Yûnis Mele Re'ûf ٢٠ی شوباتی ١٩١٨ کۆیە |
مەرگ | ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٨ (٣٠ ساڵ ژیاوە) ھەولێر |
پیشە | شاعیر نووسەر پارێزەر چالاکوانی سیاسیی |
کارەکان | ئەی ڕەقیب |
یوونس ڕەئووف ناسراو بە دڵدار (١٩١٨ لە کۆیە، باشووری کوردستان – ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٨ لە ھەولێر) هەڵبەستوان، پارێزەر و چالاکوانێکی سیاسیی کورد بوو.[١] بەناوبانگترین شیعری دڵدار، ئەی ڕەقیبە کە لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا و ٢ ساڵ پێش مردنی، کرا بە سروودی نیشتمانیی کۆماری مەھاباد و تا ئێستاش ھەر لەلایەن زۆربەی کوردەکانەوە وەک سروودی نیشتمانی دەناسرێتەوە.
ژیان
[دەستکاری]دڵدار، یوونس کوڕی مەلا ڕەئووف کوڕی مەلا مەحموود ئەفەندی کوڕی مەلا سەعدی خادیم ئەلسەجادە و لە ڕۆژی ٢٠ی شوباتی ١٩١٨ لە شاری کۆیە لە دایک بووە.[٢] پاش ماوەیەک باوکی کراوە بە فەرمانبەری سەرژمێریی ڕانیە و بە بنەماڵەوە چوون بۆ ئەوێ. دڵدار لەبارەی ژیانی ڕانیەوە دەڵێت: «ھەرچەند ڕۆژێکی چاک و چوار ڕۆژانیش نەخۆش بووم، سەرەڕای ئەوەش ڕانیەم ھەر لەلا خۆش بوو، بەتایبەتی سەوداسەری قوللە بووم. ھەر کاتێک چاک بووبامایەوە، مەلەم لە ڕووبارەکە و لە بن دار بییەکان ڕاوەچۆلەکەم دەکرد». لە تەمەنی دە ساڵیدا دڵدار نێردراوەتە قوتابخانە و پۆلی یەک و دووی سەرەتایی لە ڕانیە تەواو کردووە. دوای ماوەیەک باوکی لەسەر فەرمانەکەی لابراوە و ناچار بە ماڵەوە گەڕاونەتەوە بۆ کۆیە و خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە تەواو کردووە لە ساڵی ١٩٤٠دا لە شاری کەرکووک قۆناغی دواناوەندی تەواو کردووە و ئینجا ڕووی کردووەتە بەغدا و چووەتە زانکۆی یاسا و ساڵی ١٩٤٥ بڕوانامەی زانکۆی یاسایی وەرگرتووە و بووە بە پارێزەر.[٢] لە بەغدا بووە بە ئەندامی حیزبی ھیوا. دوای ماوەیەک بەھۆی کارە سیاسییەکانییەوە خراوەتە زیندان.
مردن
[دەستکاری]لە ئێوارەی ڕۆژی ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٨ لە ھەولێر بە نەخۆشیی دڵ لە یانەی فەرمانبەرانی ھەولێر کۆتایی بە ژیانی ھاتووە و تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ کۆیە و لەوێ لە گۆڕستانی کەکۆن بە خاک سپێردراوە کە دەکەوێتە پشت قشلەی کۆیە (قەڵای کۆیە).
بەرھەمەکان
[دەستکاری]دڵدار، یەکەمین ھۆنراوەی لە ساڵی ١٩٣٥دا داناوە و لە ژمارەی ٢ی ساڵی ١٩٣٥ی گۆڤاری ڕووناکیدا بڵاوی کردووتەوە. لەبارەی سەرەتای خۆ تاقیکردنەوە بە شیعر دەڵێت: «لە ١٩٣٥دا لە پۆلی یەکی ناوەندیدا بووم، کە دیوانی نالیم زۆر بەوردی خوێندەوە، ھەڵبەستە جوانەکانی نالی لەگەڵ ھەڵبەستە ئاگرینەکانی حاجی قادری لەسەر پێشەوایەتی وێژەی لە مێشکمدا شەڕیان بوو. ئەو کێشەکێشە دەرگای ھونەری شاعیری لێ کردمەوە، زۆر کەڵکەڵەی وام لە کەلەدا بوو، حەزم دەکرد لە بۆتەی ھەڵبەستەدا دایڕیژم. ئەوجا بەناو خەڵکیاندا بڵاو بکەمەوە و ئیتر ھەر خۆم تاقی کردەوە».
شیعرەکانی نالی، لە گۆڕەپانی دڵداریدا و حاجی قادری کۆیی، لە نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتیدا کاریگەرییان لەسەری بووە. لەبارەی خولیای ھۆنراوەی و چێژ لێ وەرگرتنی خۆیەوە دەڵێت: «ھێشتا لە قوتابخانەی سەرەتاییدا بووم، کە دیوانی حاجی قادری کۆییم زۆرتری لەبەر کردبوو، ھەمیشە بەوردی سەرنجم لە ھەڵبەستەکانی عەونی و ڕاجی و عاسی و حسێنی و ھیرانی دەدا و لەبەریشم دەکردن، بەوانەش دابین نەبووم ھەڵبەستی ھەر کەسێکم دەست بکەوتایە دەمنووسییەوە و لەبەریشم دەکردن. بەتایبەتی ھەڵبەستی وەفایی، کوردی، فایەق بێکەس، پیرەمێردم زۆر لەبەرکردن و ھەر لەو ساڵەدا ھەستم بەوە دەکرد، کە چێژ لە ھەڵەبەست وەرگرم و زۆر گیرۆدەی بووم».
چاپکراوەکان
[دەستکاری]- فی طریقی الی معرفة الحقائق انتقادات الی قلب البھائیین
- وتارێک دەربارەی عومەری خەییام
- زمانی کوردی و ئەدەبیات
- نارکۆزی کۆمەڵایەتیمان
- اقتصادنا الوطنی
- بیرەوەرییەکانی یونس ڕەئوف دڵدار
ئەی ڕەقیب
[دەستکاری]بەناوبانگترین شیعری دڵدار سروودی نیشتیمانیی کوردستانە:
ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زومان | نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان | |
ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین | سەیری کە خوێناوییە ڕابووردومان | |
ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەی خوسرەوین | دینمان ئایینمانە ھەر نیشتمان | |
کەس نەڵێ کورد مردوە کورد زیندووە | زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان | |
چەند ھەزار لاوانی کوردی نەڕڕەشێر | بوون بە قوربانی و ھەموویان نێژران | |
لاوی ئێستاش حازر و ئامادەیە | جانفیدانە جانفیدانە جانفیدان | |
لاوی کورد ھەڵسانە سەرپێ وەک دلێر | سا بە خوێن نەقشی دەکەن تاجی ژیان | |
کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە | زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان |
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ دڵدار لە ئینسایکڵۆپیدیای ئیرانیکا (بە ئینگلیزی)
- ^ ئ ا کوردستانی نوێ ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. کەس نەڵێ دڵدار مردووە ھەر زیندوە. دواسەردان ٢١/٣/٢٠١٥
- ماڵپەڕی خۆزگا [١]