کۆماری کوردستان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کۆماری کوردستان
Komarî Kurdistan
[[ی کۆماری مەھاباد |]]
سروود: ئەی ڕەقیب
نەخشەی کۆماری کوردستان
پایتەختمەھاباد
زمانە فەرمییەکان کوردی
دەوڵەت کۆمار
 -  سەرۆک کۆمار قازی محەممەد
 -  سەرۆک وەزیران حاجی بابەشێخ
ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی
 -  سەردەمی مێژوویی شەڕی سارد 
 -  ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ 
 -  پاشەکشەی سۆڤیەت حوزەیرانی ١٩٤٦ 
 -  دەستبەسەراگرتن لەلایەن ئێرانەوە ١٥ی کانوونی یەکەمی ۱۹٤٦ 
 -  لەسێدارەدانی سەرکردەکان ٣٠ی ئازاری ١٩٤٧ 
دراو ڕیاڵی ئێرانی

کۆماری کوردستان لە ٢ی ڕێبەندانی ٢٦٤٦ی کوردی، بەرامبەر بە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەسەر دەستی حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنرا، و پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد، وڵاتێکی کوردی تەمەن کورت بوو، کە لە سەدەی بیستدا و لە دوای کۆماری ئارارات لە باکووری کوردستان دامەزرا. پایتەختەکەی شاری مەھاباد بووە، کە ئەکەوێتە باکووری خۆراوای ئێران. دامەزران و لەناوچوونی کۆمار بەشێک بوو لەو قەیرانەی ئێرانی تێی کەوتبوو، ئەو ململانێیەی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتدا ھەبوو کە جەنگی ساردی لێکەوتەوە، بەڵام خواستی لەمێژینە و ئاواتی گەلی کورد بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و وڵاتێک بەناوی کوردستان، پێشینە لە مانگی ئابی ١٩٤١، ڕاپەڕینێکی مەزن جڵەوی ناوچە کوردییەکانی لە دەستی میری ناوەندیی ئێران دەرھێنا. لە شاری مەھاباد، کۆمیتەیەک لە کەسانی چینی ناوەند بە پشتگیری سەرۆک خێڵەکان دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتە دەست. پارتێکی ڕامیاری بەناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژێ کاف) دامەزرێنرا. قازی محەممەد، سەرۆکی بنەماڵەی قازی، بە سکرتێریی پارتەکە ھەڵبژێردرا. کۆمیتەکە بە سەرکردایەتیی قازی محەممەد ناوچەکەیان بە لێھاتوویی و سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ تا ڕووخانی کۆمار بەڕێوەبرد.[١][٢]

جوگرافیا[دەستکاری]

کۆماری کوردستان زۆرتر ناوچەی موکریانی دەگرتەوە و پایتەختەکەی شاری مەھاباد بوو. بێجگە لە مەھاباد، شارەکانی بۆکان، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت و نەغەدە بەشێک لە کۆماری کوردستان بوون.[٣] کۆمار لە باشوورەوە ھەتا نزیک شارەکانی بانە و سەقز درێژەی ھەبوو و لە باکووریشەوە داخوازی بەڕێوەبردنی شارەکانی ورمێ، خۆی و سەڵماسی دەکرد کە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری نەتەوەییی ئازەربایجاندا بوون.[٤]

دامەزراندنی کۆمار[دەستکاری]

کاتی ڕاگەیاندنی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەھاباد
وێنەی قازی محەممەد و کۆمەڵێک سەکردەی تری کۆماری مەھاباد لەوانە مەلا مستەفا بارزانی کە لە پێشەوە وەستاوە.
ڕۆژنامەی کوردستان لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندانی ٢٦٤٦ی کوردی (١٣٢٤ی ھەتاوی) بەرامبەر لەگەڵ ٤ی شوباتی ١٩٤٦ی زایینی

لە ئەیلوولی ١٩٤٥، قازی محەممەد و سەرکردە کوردەکانی تر سەردانی تەورێزیان کرد بۆ ئەوەی چاویان بە کونسوڵی سۆڤیەت بکەوێت بۆ دەرباری پشتگیریکردنی کۆمارێکی نوێ، لەوێشەوە ڕەوانەی باکۆ، ئازربایجانی سۆڤیەت، کران. لەوێ، ئاگادار بوونەوە لەوەی پارتی دیموکراتی ئازربایجان لە ھەوڵی ئەوەدایە کە دەست بەسەر ئازربایجانی ئێراندا بگرێت. لە ١٠ی کانوونی یەکەمدا، پارتی دیموکراتی ئازربایجان دەستی بەسەر پارێزگای ئازربایجانی ڕۆژھەڵات دا گرت کە پێشتر بەدەست سوپای ئێرانەوە بوو. قازی محەممەد بڕیاری دا ھاوچەشنی ئەو کارە دووبارە بکاتەوە،[٥] لە ١٥ی کانوونی یەکەمدا، کۆماری مەھابادی کوردیی دامەزرێنرا.

نەخشەیەکی پڕ وردەکاری کۆماری مەھاباد

لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦، قازی محەممەد دامەزراندنی کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند. ھەندێک لە ئامانجەکانیان لە مانیفێستۆکەدا بڵاوکرایەوە ئەمانەن:

  • زمانی کوردیی بکرێتە زمانی ڕاگەیاندن‌و خوێندن‌و ئیدارە
  • ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێری دەوڵەت و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان
  • ھەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن
  • یەکێتی و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازربایجان
  • یاسایەک ھەبێت کە بە یەکچەشن مامەڵە کرێکارو کەسایەتییە باڵاکان دا بکات

سەرۆک کۆمار[دەستکاری]

ژمارە ماوەی سەرۆکایەتی وێنە ناو ماوەی تەمەن شوێنی لەدایکبوون تێبینی
١ ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ – ١٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦ 
(٣٢٧ ڕۆژ)
قازی محەممەد
(١٨٩٣-٠٥-0١) ١ی ئایاری ١٨٩٣ – ٣١ی ئازاری ١٩٤٧(١٩٤٧-٠٣-٣١) (٥٣ ساڵ ژیاوە)[٦] مەھاباد، ئێرانی قاجاڕی سەرۆک و دامەزرێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئەندامی باڵای کۆمەڵەی ژێکاف

وەزیرەکان[دەستکاری]

وێنەی کۆمەڵێک لە وەزیران و سەرکردە سەربازییەکانی کۆماری مەھاباد، مەلا مستەفا بارزانی لە ناوەڕاستدایە لە پێشەوە
وەزیری وەزارەت ناوی وەزیر[٧]
سەرۆک وەزیران حاجی بابەشێخ
وەزیری جەنگ سەیفی قازی
وەزیری ناوخۆ محەممەدئەمین موعینی
وەزیری ئابووری ئەحمەد ئیلاھی
وەزیری پۆست و تەلەگراف کەریم ئەحمەدیان
وەزیری فەرھەنگ مەناف کەریمی
وەزیری تەبلیغات سەدیق حەیدەری
وەزیری کار خەلیل خوسرەوی
وەزیری بازرگانی (تیجارەت) حاجی مەستەفا داوودی
وەزیری وەرزێڕی (کشتوکاڵ) مەحموود وەلیزادە
وەزیری ڕێگاوبان ئیسماعیل ئیلخانیزادە
وەزیری بیھداری سەید محەممەد ئەیووبیان
وەزیری موشاویر (ڕاوێژکار) عەبدولڕەحمان ئیلخانیزادە
وەزیری داد مەلا حوسێن مەجدی
وێنەیەکی سەرۆک وەزیران حاجی بابە شێخ

پەیوەندی لەگەڵ سۆڤیەت[دەستکاری]

ھێزەکانی سۆڤیەت و بەریتانیا لە کۆتاییەکانی ئابی ١٩٤١ ئێرانیان داگیر کرد، یەکێتیی سۆڤیەت لە باکوورەوە بەشداری لە داگیرکردنەکە کرد. سۆڤیەت بە گشتی دوودڵ بوون لە ئیدارەی کوردی. ھێزیان لە نزیک مەھاباد جێگیر نەکرد تەنانەت نێردراوێکی مەدەنی ئەوتۆیان نەنارد بۆ ئەوەی کاریگەریی گەورە دروست بکات. لە رێگەی چالاکیی (دۆستانە) وە، وەک دابینکردنی کەرەسەی گواستنەوە، دەرکردنی سوپای ئێرانی، و کڕینەوەی تەواوی بەرھەمی تووتنەکەیان، پاڵپشتیی ئیدارەکەی قازی‌یان دەکرد. لە لایەکی ترەوە، کوردەکان زۆر ئیدارەی کوردیان ئەبێزاند لەبەر ئەوەی رەتیان کردەوە ببنە بەشێک لە کۆماری دیموکراتی (فارس) ئازربایجان. ھەروەھا دژی ڕاگەیاندنی کۆماری سەربەخۆی کوردی بوون.

کۆتایی کۆمارەکە[دەستکاری]

دەسەڵاتدارانی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦، سەرۆک قازی محەممەد لە ناوەڕاستی وینەکەدا

لە ٢٦ی ئازاری ١٩٤٦، بەھۆی فشاری ھێزە رۆژئاواییەکان، بۆ نمونە ئەمریکا، سۆڤیەت پەیمانی بە حکومەتی ئێرانی دا کە لە باکووری ئێران ئەکشێتەوە. لە مانگی حوزەیران دا، ئێران دەستی گرتەوە لەسەر ئازربایجاندا. ئەمە بووە ھۆی دابڕانی کۆماری مەھاباد لە سۆڤیەت و دواجار بووە ھۆی داڕمانی. لەم خاڵەدا، پشتگیرییەکان بۆ قازی محەممەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بەتایبەتی لە نێوان خێڵە کوردەکاندا کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێدەکرد. بەرھەم‌و سەرچاوەی داراییان نەماو شێوازی ژیانیان بەھۆی دابڕانەکەوە بەرەو سەختی چوو. یارمەتی دارایی و سەربازی لە سۆڤیەتەوە نەما، و خێڵەکان ھیچ ھۆکارێکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەممەد نەئەبینییەوە، زۆرێک لە خێڵەکان قازییان بەجێ دەھێشت. لە ٥ی کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەممەدیان ڕاگەیاند کە رێ لە ھەر پەلامارێکی سوپای ئێران دەگرن کە بکرێتە سەر ناوچەکە. لە ١٥ی کانوونی یەکەم، سوپای ئێران ھاتە ناوچەکە و دەستی بەسەر مەھاباد دا گرت. لەگەڵ ھاتنیان، چاپخانەی کوردی‌یان داخست، فێرکردنیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد، ھەر کتێبێکی کوردی‌یان بدۆزیایەتەوە ئەیانسوتاند. دواجار لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٧، قازی محەممەد بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران، لە مەھاباد و لە ھەمان ئەو مەیدانەی کە کۆماری کوردستان ی لێ ڕاگەیاندبوو شەھید کرا.

دواھات[دەستکاری]

گۆڤاری تاران مۆسەوەر لە دژایەتیی کۆماری کوردستان، ١٨ی نیسانی ١٩٤٧

مستەفا بارزانی، لەگەڵ پێشمەرگەکانی کە لە کوردستانی عێراقەوە ھێنابوونی، بەشێکی سوپای کۆماریان پێکھێنا. دوای رووخانی کۆمارەکە، زۆربەی سەربازەکان و چوار ئەفسەر (سەرھەنگ عێزەت عەبدولعەزیز، سەرھەنگ مستەفا خۆشناو، سەروان محەممەد مەحموود قودسی و سەرگورد خەیروڵڵا عەبدولکەریم) بڕیاری گەڕانەوەیان دا بۆ عێراق. دوای ھاتنەوەیان بۆ عێراق، ئەو چوار ئەفسەرە سزای کوشتنیان بەسەردا سەپێنرا و تا ئێستاش وەک شەھیدی قارەمانی شەرەفمەندی کوردستان ناودەبرێن. چەندسەد سەربازێک لەگەڵ بارزانیدا مانەوە و لە ماوەی ئەو رێڕۆیشتنە پێنج ھەفتەییەیاندا کە بەرەو ئارزبایجانی سۆڤیەت گرتیانە بەر، ھەموو ھەوڵەکانی سوپای ئێرانیان بۆ رێلێگرتنیان تێکشکاند. لە تشرینی یەکەمی ١٩٥٨، مستەفا بارزانی گەڕایەوە بۆ کوردستانی عێراق، و خەباتی دەستپێکردەوە. مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کودستان، لە مەھاباد لەدایک بووە.[٨]

ھۆکارەکانی سەرنەکەوتن[دەستکاری]

ئاڵای کۆماری کوردستان لە بۆکان

ئارچیبالد بولۆچ رۆزفێلت، کوڕەزای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، تیۆدۆر رۆزفێلت، لە کتێبەکەیدا بە ناوی «کۆماری کوردیی مەھاباد» دەڵێت کێشەی سەرەکی کۆماری کوردستان ئەوەبوو کە کوردەکان پێویستیان بە سۆڤیەت بوو، تەنھا چانسیان، ھێزی سوپای سوور بوو. بەڵام ئەم پەیوەندییە نزیکەیان لەگەڵ ستالین و سۆڤیەت وایکرد زوربەی ھێزە رۆژاواییەکان پشتی ئێران بگرن. قازی محەممەد، ھەرچەندە نکۆڵیی لەو راستییە نەئەکرد کە لە رووی داراییەوە پشتیان بە سۆڤیەت بەستووە، ئەوەی ڕەتدەکردەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان پارتێکی کۆمۆنیستی بێت، رایگەیاند ئەوە درۆیەکە کە دەسەڵاتدارانی سوپای ئێران دروستیان کردووە، جگە لەوەی ئامانجەکانی خۆی بە زۆر جیاواز لەوانەی سۆڤیەت لەقەڵەمدا. ھەروەھا، کۆمارەکە بەدەست چەند کێشەیەکی ناوخۆییەوە دەی ناڵاند. جیاوازییەکی گەورە لەنێوان خەڵکی شار و خێڵەکییەکاندا ھەبوو، و ھاوپەیمانێتییەکەیان بۆ مەھاباد لە داڕماندا بوو. وەک چۆن پێشتریش ڕایگەیاندبوو، خێڵەکان و سەرۆکەکانیان تەنیا لەبەر ئەو ھاوکاریی دارایی و سەربازی پشتیوانی قازی محەممەدیان دەکرد کە لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە وەریدەگرت (کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی ھەستی نیشتیمانپەروەری لەلایەن خێڵەکان)؛ ھەندێکی تر لە خێڵەکان دڵیان بە بارزانییەکان نەئەکرایەوە لەبەر ئەوەی نەیانئەویست سەرچاوە و داھاتەکانیان لەگەڵ بەش بکەن. لە ڕووی داراییەوە مەھاباد نشوستی ھێنا و ئەوە وەک مەحاڵ وابوو کە مەھاباد لە ڕووی داراییەوە ھاوتا ببێتەوە لەگەڵ ئێران، و لاوازی دیبلۆماسی سەرکردە کوردەکان لە بەرامبەر ئێران بۆ دەرەوەی وڵات ھۆکارێکی تر بوو بۆ لەناوچوونیی کۆمار.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "کۆماری کوردستان کەی و چۆن دامەزرا؟". www.wishe.net. Retrieved 2024-01-23.
  2. ^ "کۆماری کوردستان و وانەکانی". کوردستان و کورد. 2021-01-20. Retrieved 2024-01-23.
  3. ^ McDowall 2004, pp. 244–245.
  4. ^ Vali, Abbas (2014). Kurds and the State in Iran: The Making of Kurdish Identity. Bloomsbury Publishing. p. 43.
  5. ^ "لاپەڕەیەکی مێژوو؛ کۆماری کوردستان لە مەهاباد". ANF News. Retrieved 2024-01-23.
  6. ^ ژیان و خەباتی پێشەوا، قازی محەممەد
  7. ^ وەزیرەکانی کۆماری کوردستان کوردیپێدیا
  8. ^ "کۆماری کوردستان.pptx". www.slideshare.net (بە ئینگلیزی). 2022-12-29. Retrieved 2024-01-23.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]