بدلیس
ئەم وتارە بەزۆری یان بەتەواوی پشت بە تەنیا یەک سەرچاوە دەبەستێت. (ئایاری ٢٠٢٦) |
بەدلیس | |
|---|---|
شار | |
| وڵات | کوردستان |
| پارچە | باکووری کوردستان |
| پارێزگا | بەدلیس |
| ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٠) | |
| • سەرجەم | ٤٣١٠٩ |
| زمان و ئایین | |
| • زمان | کوردی (کورمانجی) |
| کۆدی تەلەفۆن | ٤٣٤(٩٠+) |
بدلیس یەکێک لە شارەکانی باکووری کوردستانە و ناوەندی پارێزگای بدلیسە. ئەم شارە لە ڕۆژئاوای گۆلی وان ھەڵکەوتووە. بە پێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠١٠ ژمارەی دانیشتووانی ٤٣,١٠٩ کەس بووە.
ڕەگناسی
[دەستکاری]بەدلیس لە مێژوودا بە ناوە جیاوازەکان ناوزەد کراوە. ئاشوورییەکان شارەکەیان وەک «بیت-لیز»، فارس و یۆنانییەکان وەک «باد-لیس» یان «باد-لایس»، بیزەنتییەکان وەک «بال-لایس-ئۆن»، «بابالەیسۆن» یان «بالەش» ناوزەد کردووە. لە زمانی ئاشووریدا وشەی «بیت» بە واتای وڵات دێت، «بەد»یش بە واتای قەڵا دێت و وشەی «بیت-لیز»یش بە واتای قەڵای لیز دێت. ناوەکە بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە و لە ئێستادا شارەکە وەک «بەدلیس» و «بڵێس» ناودەبرێت.[١]
مێژوو
[دەستکاری]مێژووی ناوچەکە بە مێژووی ئارییەکان دەست پێ دەکات. بەپێی توێژینەوەکان مێژووی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠٠ ساڵ پێش زایین. وێرانکاریی گەورەی سەر شارەکە بەپێی ھەندێک سەرچاوە لەلایەن ئاشوورییەکانەوە ئەنجام دراوە. ئەو شارە لەژێر دەسەڵاتی میتانییەکاندا بووە. بەھۆی ئەوەی میتانییەکان زمانی حوورییان بەکار ھێناوە، لەبەر ئەوە ناوچەکە وەک ئیمپراتۆرییەتی «حووری–میتانی» ناوزەد کراوە. پێش زایین لە سەدەی ١٣یەمدا دوای ڕووخانی میتانییەکان، لە سەدەی ١٢یەمدا ھیتییەکان لە ڕۆژھەڵات و لە ناوچە شاخاوییەکانیش گەلی ئاری نیشتەجێ بوون. لە سەدەی ٩یەمدا گەلی ئاری فیدراسیۆنێکیان کە ناوەندەکەی تووشپا بوو، دەسەڵاتی ئورارتوویان دامەزراند. بە تاڵانکارییەکانی ئاشوورییەکان، ئورارتوو ھێزێکی زۆری لەدەست دا. بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ھێرشانە بھێنن، ئارییەکان لە سەدەی ٧ەمدا لە ڕۆژاوای ئێران، لەگەڵ مادەکان یەکیان گرت. پاشای ماد کەیخەسرەو، وڵاتی لە ھەموو تاڵانکەران پاک کردەوە و تا دەریای سوور ئارییەکانی لەژێر یەک دەسەڵاتدا کۆ کردەوە.
لە سەدەی ٦ەمدا فارسەکان وەک گورزێک ھاتنە سەر سوپای ماد. ھەرچەندە کەوتنە ناوەندی بەڕێوەبردنی ڕامیاریی ئەوان، بەڵام زۆر بەھێز نەبوون، لەبەر ئەوە پێش زایین، لە ساڵی ٣٣٣دا سوپاکانی فارس لە جەنگی ئیسۆس لەلایەن پاشای مەقدوونیا ئەسکەندەرەوە تێکشکان. لەوە بەدواوە ناوچەکە لەنێو سنوورەکانی گۆردیندا دەمێنێتەوە. لە سەدەی یەکەمەوە ھەرچەندە سوپاکانی ڕۆما دوو جار ھێرشیان کردە سەر ئەم خاکانە، بەڵام نەیانتوانی زۆر لێرە بمێننەوە و گەڕانەوە.
زانیارییەکان لەسەر مێژووی بەدلیس، بەتایبەتی لە پەرتووکی شەرەفنامەدا کۆکراونەتەوە و بڵاوکراونەتەوە. بەپێی ئەم پەرتووکە لەو سەردەمەدا، لەم ناوچەیەدا ٢٥ ھۆزی کورد کە بەجیا دەژیان، دێنە لای یەک و بڕیاری پێکەوەبوون دەدەن. ئەو کاتە فەرمانڕەوای گورجی، تادیت لە ناوچەکەدا باڵادەست بوو. ھۆزەکان ھێرش دەکەنە سەر سوپای ئەم فەرمانڕەوایە و قەڵا و شارەکە دەگرن. ئەو ٢٥ ھۆزەی کە ھۆزی ڕۆژکان پێک دەھێنن و بە ناوی ڕۆژکان ناوزەد کراون، ناوەکانیان ئەمانەن: قەیسان، بایکان، مۆدکان، زۆقەیسی، زەیدی، کەلەچەری، خربەلان، بالکان، خیارتان، گەوری-گەورەک، برەشان، سەکران، گاریسی، بێدۆران، بەلاکوردان، زەردووسان، ئەنداکییەکان، پرتایان، قەوالیسی، گردیکان، سۆھرەوەردییەکان، کاشاخییەکان، خالدان، دۆریکان ئیستووکان و عەزیزان.داڕێژە:Çavkanî hewce ye
لە دوای ئەم یەکگرتنە، بیزەنتی و ساسانییەکان دێنە ناوچەکە، بەڵام زۆر نامێننەوە. لە سەدەی ١١یەمدا داگیرکاریی تورکمانەکان کە بە ناوی سەلجووقییەکان دەناسرێن ئەنجام دەدرێت. ناوچەکە کە لەنێو سنوورەکانی دەوڵەتی مەروانیی کورددایە، لە سەدەی ١٣یەمدا ڕووبەڕووی داگیرکاریی مەغۆلەکان دەبێتەوە. دوای ئەم داگیرکارییانە بەدلیس لەنێو ئیمپراتۆرییەتی ئەییووبییەکاندا دەمێنێتەوە. بەدلیس دوای داگیرکاریی تەیمووریش تێدەپەڕێنێت و ئیتر لەژێر بەڕێوەبردنی شەرەفخانییەکاندا بۆ چەندین سەدە دەمێنێتەوە.
لە سەردەمی حەزرەتی عومەردا بەدلیس ئیسلام دەناسێت و لەم سەردەمەدا گەل دەبنە موسڵمان. بەدلیس لەژێر بەڕێوەبردنی ئەمەوییەکان، عەباسییەکان، مەروانییەکانیشدا ماوەتەوە و لە ساڵی ١٥٣٧دا بووەتە شاری عوسمانییەکان. لە سەدەی ١٦یەمدا بەدلیس بەتەواوی سەر بە عوسمانییەکانە. تا ساڵی ١٨٩٤ لەلایەن شەرەفخانییەکانەوە بەڕێوە دەبرا. لە ساڵی ١٩١٥دا ڕووبەڕووی داگیرکاریی ڕووسەکان دەبێتەوە. ئەم داگیرکارییە لە بەدلیسدا وێرانکارییەکی گەورە پێک دەھێنێت. لە ساڵی ١٩١٦دا بەھۆی ئاغا، بەگ و ھەموو گەلی کورد، بەدلیس لە داگیرکاریی ڕووسەکان ڕزگاری دەبێت. بەڵام ھەرچەندە لە داگیرکارییەکان ڕزگاری دەبێت، ناوچەکە وەک سەردەمانی پێشوو نییە. چونکە ڕووبەڕووی زۆر داگیرکاری بووەتەوە و زۆر لەدەستدانی ھەیە. پێشتر ژمارەی دانیشتووانی بەدلیس نزیکەی ٦٠ ھەزار کەس بووە، دوای ئەم تاڵانکارییانە، بەتایبەتی دوای داگیرکاریی ڕووسەکان ژمارەی دانیشتووان بۆ ئاستی ھەزار کەس دادەبەزێت. لە ساڵی ١٩٢٩دا بەدلیس دەبێتە قەزای مووش، بەڵام لە ساڵی ١٩٣٦دا دووبارە دەبێتەوە بە شار.
بەتایبەتیش بەدلیس؛ لە ڕووی ھونەرمەندییەوە زۆر بەرەو پێش چووە. لە سەدەکانی ١٧، ١٨ و ١٩دا بووەتە ناوەندی چاند و ھونەرمەندی. ھەرچەندە لە زۆر تاڵانکاری تێپەڕیوە، بەڵام لەم تایبەتمەندییەی خۆی ھیچی لەدەست نەداوە. بۆ چەندین سەدە تەلارەکانی بەدلیس؛ مزگەوت، توربە، گەرماو، خان و بە زۆر تەلار و بینای خۆی سەرنجی ڕاکێشاوە.
قەزاکانی بەدلیس: ئەلقەواز، خەلات، چوخوور (نۆرشین)، خیزان، مۆتکی و تەتوانن.
جوگرافیا و سنوورەکانی شار
[دەستکاری]شارەکە لەنێوان ھێڵەکانی پانایی ٣٧° ٥٤´ و ٣٨° ٥٨´ی باکوور و ھێڵەکانی درێژی ٤١° ٣٣´ و ٤٣° ١١´ی ڕۆژھەڵاتدایە. سنوورەکانی شار لە باکوورەوە بە ئاگری، لە ڕۆژاواوە بە مووش، لە باشوورەوە بە سێرت، و لە ڕۆژھەڵاتیشەوە بە دەریاچەی وان دەبەسترێتەوە.
تایبەتمەندییەکانی خاکی شار
[دەستکاری]ڕووبەری خاکی ناوچەکە ٨،٥٥١ کم²ە کە بەشێکی (١،٨٧٤ کم²) لە دەریاچەی وان پێکدێت. لە بەشی وشکانی ٧١٪ی چیا، ١٠٪ی دەشت، ٣٪ی کوێستان و ١٦٪یشی تەپۆڵکەیە. لەم خاکە ٨٠٪ی بۆ کشتوکاڵ گونجاوە. تووتوون، گوێز، گەنم و جۆ ئەو بەرھەمانەن کە زۆرترین لە ناوچەکەدا دەچێندرێن.
ئاووھەوا
[دەستکاری]لە ناوچەکەدا ئاووھەوایەک لەنێوان وشکانی و دەریای ناوەڕاستدا باڵادەستە. زستانان زۆر سارد، ھاوینانیش فێنک تێدەپەڕێت.
چیاکانی ناوچەکە
[دەستکاری]سیپان (٤،٠٥٨ م)، زیارەت (٣،٠٠٢ م)، نەمروودی بەدلیس (٢،٩٣٥ م) و توورشیک (٢،٨٢٨ م) بەرزترین چیاکانی ناوچەکەن.
چیاکانی نەمروود و دەریاچە گڕکانییەکانی
[دەستکاری]خاکی شاری بەدلیس زۆربەی، لە چیا سەخت و بەرزەکان پێک ھاتووە. لە باکووری شارەکە، چیای نەمروود کە بەرزییەکەی ٢٩٣٥ مەترە و لەناو سنووری قەزای تەتوواندایە چیایەکی گڕکانییە. بەھۆی تەقینەوەی گڕکانەکانەوە چەندین دەریاچەی گڕکانی لەناو چیاکەدا دروست بوون. ئەوەی جێی سەرنجە، کە دەریاچەی سارد (شین) و دەریاچەی گەرم (سەوز) ھەرچەندە لە یەکتر نزیکن، لە دەریاچەی سارددا، شووتی لە ئاودا دەقڵیشێت و لە دەریاچەی گەرمیشدا ھێلکە لە ماوەیەکی کورتدا لە گەرمیی ئاوەکەدا دەکوڵێت.
دەریاچەی نەمروود کە لە ناوەندی چیای گڕکانیی نەمرووددایە، لە ڕووی گەورەییەوە لە جیھاندا دووەمە. چیای نەمروود کە لە سروشتدا گەشاوەیە، ساڵانە بەتایبەت لە مانگەکانی ھاویندا لەلایەن زۆرێک لە خەڵکی و گەشتیارانی بیانییەوە سەردان دەکرێت.
ئەفسانەی نەمروود
[دەستکاری]کاتێک پاشای نەمروودی ستەمکار کە لە سەردەمی خۆیدا دەژیا، ئەو چیایەی کە لە نزیک تەتووانە وەک کوێستان بەکاری ھێناوە. کاتێک تەقینەوەی گڕکانی چیاکە دەست پێ دەکات، ئاگر بەرەو گوندەکانی نزیک چیای نەمروود دێت. لەم نێوەندەدا ستەمکاریی نەمروود کە بەرامبەر پێغەمبەر ئیبراھیم کردبووی، دێتەوە بیری خەڵک و لەلایەن خەڵکەوە لە بەرامبەر زیانی نەمروود کە ئەم چیایەی وەک کوێستان بەکار دەھێنا وا وترا: «بوو بە ستەمی نەمروود». لەسەر ئەم ڕووداوە، ناوی چیاکە بە نەمروود دەمێنێتەوە.
چیای سیپان
[دەستکاری]یەکێک لەم چیایانە چیای سیپانە، لە باکووری دەریاچەی وانە و بەرزییەکەی ٤٠٥٨ مەترە. لووتکەکەی بە سەھۆڵبەندان داپۆشراوە.
چاند و ھونەر
[دەستکاری]ئایین و کۆمەڵگە
[دەستکاری]موسڵمانێتی لە ناوچەکە زۆر بەھێزە. لە ناوچەکەدا کاریگەریی تەریقەتەکان لەسەر گەل زۆرە. زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکە کوردن. تورک و ئەرمەنیش لە ناوچەکەدا ھەن. ناوچەکە بە توربە و فێرگەکانی دەناسرێت، وەک: سەید براھیم، زیاتین خان، شەمس بەدلیس و ھتد.
خواردنەکانی ناوچەکە
[دەستکاری]شەقالۆک: نیسک و نۆک لەناو مەنجەڵدا دەکوڵێنرێت. توێکڵی وشکی خەیارەکان لەناو مەنجەڵێکی تردا دەکوڵێنرێت. کوفتەی دروستکراو لە قیمە و بڕوێش دەخرێتە ناو ئەو مەنجەڵەی کە نیسک و نۆکی تێدا دەکوڵێت. کەمێک ئاو و خەیاری وشکی تێ دەکرێت و دواتر ڕۆنی سوورکراوەی بەسەردا دەکرێت و پێشکەش دەکرێت.
کفتەی بەدلیس، تووتمانج، چۆرتی و بریانی خواردنەکانی تری زۆر ناسراوی ناوچەکەن.
خواردنە ناودارەکانی: لە ناوچەی بەدلیس کەبابی بووریان خواردنێکی زۆر ناودارە. ئەم خواردنەیە، کە لە گۆشتی کارژۆڵە دروست دەکرێت، لە مانگەکانی حوزەیران، ئاب و تەممووزدا دەخورێت. ئەوانەی بتوانن دەستبەرداری خەونیان بن، دەتوانن سەرلەبەیانی کاتژمێر ٠٥:٠٠ تام لە خواردنی «ئاوشۆر» بکەن. شەقالۆک، کوفتەی بەدلیس، تووتمانج و چۆرتی خواردنەکانی تری ناسراوی ناوچەکەن.
جلوبەرگی ناوچەکە
[دەستکاری]پیاوان «شاڵ و شەپک» (کە لە مووی بزن دروست دەکرێت) لەبەر دەکەن. بەسەر شاڵ و شەپکدا کەفیەیەک لە پشتیان دەبەستن. کەفیە یان «عەگال» دەخەنە سەر سەریان. ئەو پێڵاوەی لەپێی دەکەن لە ناوچەکەدا پێی دەڵێن «خاریک». ئەو گۆرەویانەی لەپێی دەکەن لە خوری دروست دەکرێن.
ژنانی بەدلیسی زۆربەیان فستان و ئەنتاری لەبەر دەکەن. ژنانی ماڵە دەوڵەمەندەکان ھەندێک جار چەند فستانێک بەسەر یەکەوە لەبەر دەکەن. ئێلەگێک کە لە موو دروست دەکرێت بەسەر فستانەکەوە لەبەر دەکەن. لەژێر فستانەکەدا پانتۆڵێکی (ژێرکراسێکی) فراوان کە پێی دەڵێن «درێل» لەبەر دەکرێت. لەپێیاندا چارۆخ و گۆرەوی لە خوری دروستکراو ھەن. دەسماڵێکی سەر کە پێی دەڵێن «لاچک» لەگەڵ کەفیەدا لە سەریان دەبەستن. کەفیە بە دراوی ئاسن یان زێڕ دەڕازێنرێتەوە.
