قەزای شنگال

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
قەزای شنگال
Ninevehdistricts.jpg
نەخشەی قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوادا، قەزای شنگال بە ڕەنگی نارنجی تاڵ نیشان دراوە
وڵات ڕۆژاوای کوردستان
ھەرێمھەرێمی کوردستان
پارێزگاپارێزگای نەینەوا
مەڵبەندشنگال
بوون بە قەزا١٩٣٤
ڕووبەر
 • سەرجەم٣٬٣٨٨ کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٬٣٠٨ میلی چوارگۆشە)
بەرزترین بەرزایی
١٬١٣٢ مەتر (٣٬٧١٤ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم١٦٦٬٤٦٦
 • چڕی٤٩ کەس لە کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٣٠ کەس لە میلی چوارگۆشە)
سەرناوی دانیشتووشنگالی
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (کورمانجیعەرەبی، سوریانی
 • ئایینئیسلام(سوننەمەسیحی و ئێزیدی
 • ب پ م(٢٠١٧)٠،٧٥٨[١]
بەرز · ٢٦مین
ناوچەی کاتیUTC+3:30 (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+4:30 (ھاوین)
تەلەفۆن٠٠٩٦٤

قەزای شنگال (بە عەرەبی: قضاء سنجار، بە ئینگلیزی: Sinjar District) یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای نەینەوا لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارۆچکەی شنگالە.[٢] شنگال لە ناوچە جێناکۆکەکانی کوردنشینە و شوێنی مێژوویی کوردە ئێزیدییەکانە. قەزاکە دوو ناحیەی ھەیە بە ناوەکانی ئەلشمال و قەیرەوان. قەزاکە یەکێکە لە دوو ناوەندی گەورەی دانیشتوان بۆ ئێزیدیان، ئەوی دیکەیان قەزای شێخانە.

مێژوو[دەستکاری]

ناوبانگی شنگال ھەر لە چەرخی دێرینەوەیە و لەسەردەمی ئاشووری و ڕۆمانی و ساسانییەکانەوە ناوبراوە. لەکاتی فەرمانڕەوایی خەلیفەی عەباسی ئەلمەئموونیشدا لە ٨٢٠ز وەکو ناوچەیەکی لەباری تێڕوانینی ئاسمان(فەلەکی) ھەڵبژێردرابوو. لەسەردەمی عیمادەدین زەنگی (١١٢٧ـ١١٤٦) کرایە پاشکۆیەکی شاری مووسڵ، منارە شوێنەوارییە بە ناوبانگەکەی تێدا درووستکرا و تاوەکو ئێستاش شوێنەوارەکەی ماوە و لە ساڵی ١١٧٤ز سەلاحەدینی ئەییووبی تیایدا گیرساوەتەوە، لە سەردەمی سوڵتان مەحموود ١١٧٥ز کرایە ویلایەتێکی سەربەخۆ و ڕێگە بازرگانییەکەی نێوان مووسڵ و حەلەبی بەیەکەوە گرێ دەدا، کە مەدحەت پاشا حکومڕانی عێراقی لەساڵی ١٨٦٩ز گرتەدەست و تا کۆتایی حوکمی عوسمانییەکان شنگال ھەر قەزایەکی سەر بە ویلایەتی مووسڵ بوو. ناحیەی تەلەعفەریشی بەسەرەوە بوو، لە ساڵی ١٩٣٤ز لەلایەن دەوڵەتی شاھانەی عێراقەوە کرایەوە بە قەزا.

قەزای شەنگال لە ساڵی ١٩٣٤ بە فەرمانی شاھانە دروستکراوە.[٣] دوای ڕاپەڕینی ئێزدییەکان لە ساڵی ١٩٣٥ قەزاکە خرایە ژێر کۆنترۆڵی سەربازییەوە. ناحیەی ئەلشیمال کە لە سەرەتادا لە ساڵی ١٩٣٦ پێکھاتووە، لە ساڵی ١٩٨٧ ھەڵوەشایەوە، ڕووبەرەکەی زیادکرا بۆ ناحیەی شەنگال. قەیرەوان وەک ناحیەیەک لە ساڵی ١٩٧٧ پێکھێنراوە، ھەروەھا لە ساڵی ١٩٨٧ ھەڵوەشایەوە، و زیادکرا بۆ ناحیەی شنگال. لە ساڵی ١٩٩٤ لە ئەلشەمال و قەیرەوان وەک ناحیەیەکی لاوەکی چاکسازیان تێداکرا.[٤]

لە ساڵی ٢٠٠٧ چەند تەقینەوەیەک کە لەلایەن قاعیدە لە عێراق دەستیپێکردبوو، سەدان ئێزیدی لە شەنگال کوژران.[٥]

لە مانگی ئابی ٢٠١٤ گەمارۆی چیای شنگال لە نێوان چەکدارە سوننەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دەستی پێکرد و بە کشانەوەی پێشمەرگەی کورد، کە بووە ھۆی کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووان، بەتایبەتی لە پێکھاتەی ئێزیدی، لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیەوە بە "شەیتان پەرست" ناوزەد دەکران، دوای ئەوەی پێشمەرگە شکستی ھێنا.[٦] ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، داعش دەیان پیاوی ئێزدی کوشتووە و ژنەکانیان ناچارکردووە لەگەڵ چەکدارانی جیھادیدا ھاوسەرگیری بکەن. بەپێی وتەی ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری عێراق، مەزەندە دەکرێت ٦ ھەزار و ٣٨٣ ژن و منداڵی ئێزیدی لەلایەن داعشەوە وەک کۆیلە سێکسی گیراون.[٧]

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە کوردییەکان، تا کۆتایی ھێرشەکە ٩ گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزیدی دۆزرابووەوە. ھەروەھا ھەژدە مەزارگەی ئێزدی لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ەوە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە خاپوور کراون. لەگەڵ دۆزینەوەی گۆڕی زیادە، ئێزیدییە دەمامکدارەکان لە کۆتایی مانگی یەکی ٢٠١٥ لەگەڵ سیبایا تۆڵەی ھاوکارە گریمانەکراوەکانی داعشیان لە چوار گوندی موسڵمانان کردەوە.[٨] پ.پ.ک، ی.پ.گ و ی.پ.ژ دوای ھەڵاتنی پێشمەرگە لە ناوچەکە، توانیان ھێرشی زیاتر بۆ سەر دوو گوندی دیکە بوەستێنن.[٩]

لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ راگەیەندرا کە ناوچەکە گەڕاوەتەوە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق.[١٠]

جوگرافیا[دەستکاری]

قەزاکە ھاوسنوورە و خاڵی پەڕینەوەیە لەگەڵ سووریا. ئەم قەزایە ١٣٦ کم لە شاری مووسڵەوە دوورە، کە ناوەندی پارێزگای نەینەوایە. چیای شنگال دەکەوێتە ناو قەزاکە.[١١]

قەزای شنگال هاوسنووری ئەم شوێنانەیە:

ئابووری[دەستکاری]

ئابووری قەزاکە بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای کشتوکاڵ دامەزراوە کە بەرھەمە سەرەکییەکانی بریتین لە جۆ، ھەنجیر، گەنم، و تووتن. لە گوندەکانی عەین ئەلغەزەل و حەیالی کێڵگە نەوتییەکان ھەن، کە بەھۆی شەڕی عێراقەوە داخران. لە چیای شنگال گازی سروشتی و کانزا قورسەکان بوونیان ھەیە.

کارگێڕی[دەستکاری]

قەزای شنگال تاکو سەرەتای ھەشتاکان تەنھا یەک ناحیەی ھەبوو، بەڵام پاش پەیڕەوکردنی سیاسەتی عەرەباندن و لەساڵی ١٩٨٧ ناحیەیەکی دیکەیان بە ناوی ئەلقەیرەوان دامەزراند و درایە پاڵ قەزای شنگال و پارچەیەکی گرنگیان لێدابڕی و خستیانە سەر قەزای ئەلبەعاج.

بەپێی دابەشکردنە کارگێڕییەکانی ساڵی ١٩٨٧ لە ڕووی کارگێڕییەوە قەزای شنگال بەم جۆرەیە:

دابەشی کارگێڕی
ناحیەکان مەڵبەند ڕووبەر/کم٢ ساڵی دامەزراندن
ناوەند شنگال ٧٠٤ ١٨٦٤
ناحیەی شیمال سنونێ ١٧١٤ ١٩٢٣
ناحیەی قەیرەوان بلێج ٧٧٠ ١٩٨٧
کۆ ٣١٨٨

بەعەرەبکردنی قەزای شنگال[دەستکاری]

شنگال و ئەو ناوچانەی ئێزیدیەکانی تیادا دەژیان دووچاری گەلێ ھەڵمەتی زۆردارانەی لەناو بردن بوونەتەوە ھەر لە داگیرکردنی عوسمانییەکانەوە بگرە پێش ٤٠٠ساڵ لە مەوبەر تا کۆتایی جەنگی جیھانیی یەکەم.

پاش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی باری گرانی ئێزیدیەکان سووکتر بوو، گوزەرانیان چاکتر بوو، تاکو عەرەبە بەعسییە شۆڤێنییەکان لە ساڵی ١٩٦٨ جڵەوی حوکمیان گرتە دەست و پەیتا پەیتا دەستیان کرد بەدەرکردنی کوردان لە گووندەکانیان و ژمارەی ئەو گوندانەی کە کوردیان لێ دەرکراوە گەیشتووەتە ١٥٠ گوند.

یەکەم ھەڵمەتی ڕەگەز پەرستانەی بە عەرەباندنی ناوچەی شنگال لە ساڵی ١٩٦٩وە دەستی پێکرد کە کوردی ئێزیدی و موسڵمانیان لە دەیان گوندی کوردی نزیک لە سنووری دەوڵەتی سووریا دەرکرد و لە ١٩٧٠دا عەرەبی شممەر و ئەلبومیتۆتیان لە ناوچەکە نیشتەجێ کرد، لە ١٩٧٤دا کە شۆڕشی چەکداری کورد دەستی پێکردەوە لەدەوری دە کیلۆمەتری ناوچە شاخاوییەکان گوندە کوردییەکانیان قەڵاچۆکرد و پاش نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ ئەو شۆڕشگێڕانەی بەشداری شۆڕش بوون ڕاگوێزرانە ناوچەی ئۆتۆنۆمی و ١٥٠٠ خێزانیان بەزۆرەملێ ڕگوێزایە زاخۆ و دھۆک و ھەولێر.

ھەنگاوی ڕەگەز پەرستانەی تریان بە عەرەب نووسینی کوردە ئێزیدییەکانی ناوچەی شنگال و سەرتاپای عێراق بوو لە سەرژمێری ١٩٧٧، ھەنگاوی دوای ئەوەش ئەوەبوو کە دانیشتووانی ١٣٠ گوندی کوردنشینی دیکەی سەر بە شنگالیان ڕاگوێزایە ئەم کۆمەڵگا بەزۆرەملێیانە:

کۆمەڵگای زۆرەملێیەکەن
کۆمەڵگا ناوەندەکەی یەکەی کارگێڕی
تەئمیم خانەسۆر ناحیەی شیمال
ئەلقادسیە دوھلا ناحیەی شیمال
ئەلوەلید تەلبەنات ناحیەی شیمال
ئەلعروبە زۆرئاڤا ناحیەی شیمال
حەتین دووگرێ ناحیەی شیمال
ئەلبەعس تەلقەسەب ناحیەی قەیرەوان
ئەلقەحتانیە تەلعوزێر ناحیەی قەحتانیە
ئەلیەرمووک بۆرک ناحیەی شیمال
ئەلئەندەلوس گۆھبەل ناحیەی شیمال
ئەلجەزیرە سیپا شێخ خدرێ ناحیەی قەحتانیە
ئەلعەدنانیە گرزەرک قەحتانیە
ئەلشیمال سنونێ ناحیەی شیمال

شارەکان[دەستکاری]

ھەرێمی شنگال لە ١٤ قەزا و بەش و گوندستان پێک ھاتووە کە بریتین لە: سنۆنی، گرعەزیز، گربەنات، گرقەسەب، دەھۆڵا، بۆرک، خانەسوور، وەردیە، دووگری، سیپا، شێخ خدری، کەھیل، رۆژاوا و خەرەباژار[١٢]

دانیشتووان[دەستکاری]

دانیشتووانی قەزای شنگال تا بەر لە ھەڵمەتی داعش و پاشەکێشەکردنی ھێزی پێشمەرگ لە ناوچەکە ٤١٢ ھەزار کەس بوو، کە ٤٥٪ی لە کوردانی سەر بە ئایینی ئێزیدی پێک ھاتبوون. کوردە موسڵمانانیش ٤٣٪، عەرەبەکان ١١٪ و ھەروەھا مەسیحییەکانیش ١٪ی جەماوەری ناوچەکە بوون.[١٢]

زمان[دەستکاری]

لە ھەرێمی شنگاڵ دوو زمانی کوردیی باکووری و عەرەبی لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکاردێن.

ھەڵمەتی داعش[دەستکاری]

لە ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش ھەڵمەتی بۆ سەر خەڵکی ھەرێمی ھێناو و بەھۆی پاشەکیشەکردنی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە، کۆمەڵکۆژییەکی گەورەی لە سەری خەڵکی ئێزیدیی شنگال ھێناو.[١٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org. Retrieved 2018-09-13.
  2. ^ د.عەبدوڵا غەفور. گوندەکانی کوردستان لەسەرژمێری ساڵی ١٩٥٧دا(کوردی).
  3. ^ https://www.parliament.krd/
  4. ^ https://www.jstor.org/stable/164402
  5. ^ https://www.washingtonpost.com/world/islamic-state-seize-town-of-sinjar-pushing-out-kurds-and-sending-yazidis-fleeing/2014/08/03/52ab53f1-48de-4ae1-9e1d-e241a15f580e_story.html
  6. ^ https://www.nytimes.com/2014/08/08/world/middleeast/isis-forces-in-iraq.html?_r=0,
  7. ^ https://www.theguardian.com/world/2017/jul/25/slaves-of-isis-the-long-walk-of-the-yazidi-women
  8. ^ https://www.bbc.com/news/av/world-middle-east-30576989
  9. ^ https://www.aljazeera.com/gallery/2019/6/23/i-dont-want-to-be-considered-as-an-ex-slave-or-just-a-survivor/
  10. ^ https://www.kurdistan24.net/en/news/e9d66677-c64c-4151-addb-682bd1006b77
  11. ^ https://www.parliament.krd/
  12. ^ ئ ا ب کوردپرێس: خوازیاری لە ئەمریکا بۆ کۆتایی دان بە ئامادەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شنگال (بە فارسی)، نووسراو لە ١٨ی ئابی ٢٠١٩؛ سەردان لە ١٨ی ئابی ٢٠١٩.