قەزای قەرەداغ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
قەزای قەرەداغ
بە عەرەبی: قضاء قرداغ
بە ئینگلیزی: Qaradagh District
نەخشەی قەزای قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانیدا.jpg
نەخشەی کارگێڕی قەزای قەرەداغ.jpg
نەخشەی سەرەوە:
نەخشەی قەزای قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانیدا
(سوور)
نەخشەی خوارەوە:
نەخشەی کارگێڕی قەزای قەرەداغ
Map
قەزای قەرەداغ
پۆتانەکان: 35°18′02″N 45°24′17″E / 35.30061°N 45.40467°E / 35.30061; 45.40467پۆتانەکان: 35°18′02″N 45°24′17″E / 35.30061°N 45.40467°E / 35.30061; 45.40467
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ کوردستان
(ھەرێمی کوردستان)
پارێزگاسلێمانی
مەڵبەندقەرەداغ
ژمارەی ناحیەکان٢
ژمارەی گوندەکان٨٠
بوون بە قەزا٢٠٠٧
دەسەڵات
 • قایمقامڕەئووف کەمال سەعید
ڕووبەر
 • قەزا٧١٧ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٢٧٧ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٨٧٩ مەتر (٢٬٨٨٤ پێ)
بەرزترین بەرزایی
١٨٤٦ مەتر (٦٬٠٥٦ پێ)
نزمترین بەرزایی
٥١٥ مەتر (١٬٦٩٠ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • قەزا١٢،٧٠٩
 • شاری
٣١١٠
 • لادێیی
٩٥٩٩
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینئیسلام(سوننە)
 • ب پ م(٢٠١٧)٠٫٧٠٦[١]
بەرز · ٢ەم بۆ ١٧
ناوچەی کاتیUTC+٣ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٣ (ھاوین)
تەلەفۆن٩٦٤+
وێبگەhttp://www.slemani.gov.krd/ku/

قەزای قەرەداغ یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارۆچکەی قەرەداغە.[٢] ژمارەی دانیشتوانی بریتیە لە ١٢،٧٠٩ کەسە.[٣]

قەزای قەرەداغ لە ساڵی ٢٠٠٧دا درووستکرا لە کەرت و گوندەکانی ناحیەی قەرەداغی سەر بە قەزای سلێمانی، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا قەزا بوو بەڵام دوای کرایە ناحیە. ئەم قەزایە پێکھاتووە لە دوو ناحیە:[٤]

ناو[دەستکاری]

ناوی ئەم قەزایە لە ناوەندەکەیەوە وەرگیراوە کە ئەویش شارۆچکەی قەرەداغە، ناوی قەرەداغ چەند بۆچوونێکی لە سەر ھەیە:

  • پێشتر ناوی(زەردیاوا) بوو، وەک ھێمایەک بۆ زەردی بەگ، دەلێن دەسەلاتدارێکی زەردەشتی بووە، فەرمان رەوای ناوچەکە بووە(چەمی سیروان تا میرەدێ نزیک دەربەندیخان تا سەرچنار تا شیوەسوور کۆتایی سەنگاو) مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ (٢٢٠٠)سال پێش زایین.
  • قەرەداغ ناوەکە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانیەکان (قەرە) واتا ڕەش، (داغ) واتا چیا یان کێو، بەسەر یەکەوە واتای شاخەڕەش یا کێوی ڕەش.
  • لە کاردۆخەوە وەرگیراوە لەگەل تێپەربونی کات و بەکارھێنان گۆرراوە بۆ قەرەداخ.

٣- کاتی خۆی جافەکان بە ئاژەڵداری ھاتونەتە ئەو ناوچە، لە پایزدا(کەرێ) یان داخ کردووە، کەرەداخ دواتر بووە بە قەرەداغ.[٥]

جوگرافیا[دەستکاری]

قەزای قەرەداغ ھاوسنوورە لەگەڵ؛ لە باکوورەوە قەزای سلێمانی و قەزای بازیان، لە باشوورەوە قەزای چەمچەماڵ و قەزای کەلار، لە ڕۆژھەڵاتەوە قەزای شارەزوور و قەزای دەربەندیخان، لە ڕۆژاواوە قەزای چەمچەماڵ.[٦]

مێژوو[دەستکاری]

سەردەمی عوسمانی[دەستکاری]

پارێزگای سلێمانی تا نیوەی سەدەی نۆزدەھەم خوودی میرنشینی بابان بوو لە سنووری ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا، ناوەندی ئەم میرنشینە سەرەتا لە قەڵاچوالان بوو. پاشان لە ساڵی (١١٩٩ک - ١٧٨٤ز)دا ئیبراھیم پاشای بابان فەرمانی دروستکردنی ناوەندێکی تازەی بۆ میرنشینەکەدا، پایتەختی گواستەوە بۆ شارە تازەکە و ناوینا سلێمانی، ئەم میرنشینە لە ساڵی ١٨٥١ز دا کۆتایی پێھات و بچووککرایەوە بۆ لیوا و لکێندرا بە ئەیالەتی شارەزوورەوە.[٨]

  • لە نێوان ساڵانی(١٨٥١-١٨٦٩):

سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بووە، سنووری ئەم لیوایە و لیوا ھاوسنوورەکانی میراسی ناکۆکی نێوان ھەردوو میرنشینی بابان و میرنشینی سۆران بوو. دوای لە ناوچوونی ھەردوو میرنشینەکە(سۆران لە ١٨٣٦) و (بابان لە ١٨٥١)دا ئەم سنوورە وەک خۆی مایەوە و لیوای سلێمانی (١٧)قەزای لە خۆدەگرت، ئەمەش لە ھەرسێ ساڵنامەی عوسمانی ژمارە(١١-١٢-١٣)دا دەردەکەوێت.[٩] لەم سەردەمەدا قەزای قەرەداغ یەکێک بوو لەو ١٧ قەزایەی لیوای سلێمانی.

  • لە نێوان ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)دا:

قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا. لەم ماوەیەدا قەزای قەرەداغ وەک خۆی مایەوە.[١٠]

نەخشەی لیوای سلێمانی لە ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)
  • لەنێوان ساڵانی(١٨٧٣-١٩١٨)دا:
  • لەم قۆناغەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (٨)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە قەزا و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە ناحیە. یەکە کارگێڕییەکانی باشووری کوردستان دەکەونە سنووری سنجاغەکانی(مووسڵ و شارەزوور و بەغدا). تا پێکھێنانی ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی(١٢٩٦ک-١٨٧٩ز)دا ھەموو سنجاغەکانی سەرەوە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون و دوای ئەو بەروارە ھەردوو لیوای سلێمانی و شارەزوور خرایە سەر ویلایەتی مووسڵ. خاڵی گرنگی ئەم قۆناغە لەوەدایە کە تۆماری زانیاری وردی یەکە کارگێڕییەکان لە ساڵنامەی ویلایەتەکاندایە، لە قۆناغی دووەمی سەردەمی عوسمانیدا زێی بچووک کرابووە سنوری نێوان ھەردوو لیوای سلێمانی و ڕەواندز، لەم قۆناغەدا چەمی ژاراوە و زێی بچووک بووە سنووری نێوان سنجاغی شارەزوور و سلێمانی، بە واتایەکی تر ناحیەی پشدەر خرایە سەر لیوای سلێمانی و شوێنی ھۆزەکانی(مەنگوڕ و مامش و ڕەمەک) لە پشدەر جیاکرایەوە و خرایە سەر ڕانیە و ناحیەی شوانیش گەڕایەوە سەر سنجاغی شارەزوور، ھەرچەندە ماوەی ئەم قۆناغە درێژترە و زانیارییەکانیشی لە ئاستی بەرزدایە، گرنگترین ئەم گۆڕانکاریانە ھەڵوەشاندنەوەی قەزای قەرەداغ و ناحیەی زەنگەنە، کە لەبری ناحیەی زەنگەنە ناحیەی گل ھاتووەتە کایەوە و خراوەتە سەر لیوای کەرکووک، بەمەش چەمی ئاوەسپی بووە سنووری نێوان ئەم ناحیەیە و ناوەندی قەزای صلاحیە(کفری). قەزای قەرەداغ لە ڕووی کارگێڕییەوە کرایە ناحیە.[١١]
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٨٧٥دا
  • لە ساڵی ١٨٧٨دا ئەم قەزایە تووشی قاتووقڕی و گرانی بووە، دانیشتوانی ناوەندەکەشی زەردیاوا بەھۆی ئەم قەیرانەوە کەمی کرد، دواتر بە ھۆی چەندین تەنگوچەڵەمەوە بەر سووتان و ڕووخان ھات، کۆی ئەمانەش بووە ھۆی لەدەستدانی پێگەکەی وەکو قەزا، ناوەندەکەشی لە شارۆچکەوە بووە گوند و ناوەکەشی لە زەردیاواوە بووە قەرەداغ، دوای ئەو کارەساتانە کرا بە ناحیە و بەسترایەوە بە سنجاقی سلێمانییەوە.
  • بەرھەمی کشتوکاڵی ئەم ناحیەیە بریتی بووە لە گەنم و جۆ و لەگەڵ کەمێک سەوزە و میوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی دانیشتوانەکەی و تەنھا بەرھەمی تووتن ڕەوانەی بازاڕی بەغدا دەکرا.
  • بەڕێوبەری ناحیەکە بەناوی (ئاکاە ئەفەندی) لە ساڵی ١٨٩٤دا لە پارێزگای سامسونەوە تۆوی تووتنی ھێناوە بۆ تاقیکردنەوە و لە ھەندێ شوێنی ئەم ناحیەیە چاندوویەتی و تووتن لەوەوە بڵاو بووەەوە بە ناحیەکەدا.
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٨٩٤دا

سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتی[دەستکاری]

لەدوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، بۆ چەند ساڵێک ئیدارەی لیوای سلێمانی ڕاستەوخۆ لە ژێر ھەژموونی ئینگلیزدا بوو، بە پێچەوانەی لیواکانی تر کە سەر بە بەغدا بوون، بەڵام دوای واژۆکردنی پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان بەریتانیا و عێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە (١١/تەممووزی/١٩٢٣)دا بڕیاری لکاندنی سلێمانی بە عێراقەوە درا، ئەم بڕیارەش لە ساڵی دوایدا جێبەجێکرا بە ناردنی(٥) ئەندام وەکو نوێنەری لیواکە لە ئەنجوومەنی دامەزراندنی عێراقدا(المجلیس التأسیس العراقی)، دواتر لە کاتی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ناکۆکی نیوان عێراق - تورکیا لە سەر دواڕۆژی ویلایەتی مووسڵ، کۆمەڵەی گەلان لە شوباتی ١٩٢٥ز دا لیژنەی خۆی ڕەوانەی ئەم ویلایەتە کرد، بە کۆتایی ھاتنی ئەم کێشەیە ئیتر سلێمانی بووە بەشێک لە دەوڵەتی عێراق،[١٢] ئەم سەردەمەش دابەشی سێ قۆناغ دەکرێت.

لەم سەردەمەدا گۆڕانکاری لە ناحیەی قەرەداغدا ڕووی نەدا و وەک ناحیەیەکی قەزای سلێمانی مایەوە.

نەخشەی کارگێڕی لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٩٣٦دا
نەخشەی لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٩٥٨دا

سەردەمی کۆماری[دەستکاری]

ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (٥) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (٥) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٨ - ١٩٧٩) و سەددام حوسێن (١٩٧٩ - ٢٠٠٣)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر ئەم پارێزگایە تا ساڵی ١٩٩١ بوو. کاریگەری ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی عێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لە ناوبردنی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، وە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو، بەتایبەت ئەانەی دەوڵەمەند بوون بە سامانە سروشتییەکان. ئەم سەردەمە دابەشی پێنج قۆناغ دەکرێت.[١٣]

لەم سەردەمەدا ناحیەی قەرەداغ وەک ناحیەیەکی سەر بە قەزای سلێمانی مایەوە.

  • لە نێوان ساڵانی(١٩٨٨ - ١٩٩٠)دا:
  • ئەنفالی دووەم: ئەم پەلامارەش بۆ سەر ناوچەکانی (قەزای قەرەداغ، قەزای بازیان، قەزای دەربەندیخان) بوو. لە ٢٢/ ٣ / ١٩٨٨ گوندی (سێوسێنان) بەسەختی و بە شێوازی بەعسیانە درایە بەر راکێتی کیمیایی. بووبە ھۆی شەھیدبوونی زیاد لە (٦٦) کەس و بریندار بوونی دەیانی تر لە ناو شەھیدەکاندا (٣٠)یان منداڵ بوون.لەم قۆناغەدا:
  1. رووخانی ٨٠ گوند
  2. ٢٢٤١ خانوو
  3. لە کۆی ١٢٢٥٤ کەس ٥٦٣٧ کەس بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن.[١٤]
  • ھەڵوەشاندنەوەی ناحیەی قەرەداغ و خستنە سەری ھەموو کەرت و گوندەکانی بۆ سەر قەزای سلێمانی.
نەخشەی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٩دا

سەردەمی حکوومەتی ھەرێم[دەستکاری]

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩١ - ١٩٩٢)دا:

لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لە لایەن بەرەی کوردستانیەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی ١٩٨٩ بەڕیوەدەبرا، لەبەرئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان دروست نەببوو تاوەکو لەساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان دروستکرانەوە.

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩٢ - ٢٠٠٣)دا:
  1. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ژمارە(١٨) لە (٢٢ - ٩ - ١٩٩٢)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو قەزا و ناحیەیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەر لە نوێ پێکبھێنرێنەوە.[١٥]
  2. ناحیەی قەرەداغ درووست بووەوە و سەر بە قەزای سلێمانی بوو.
  • ساڵی (١٩٩٢ - ٢٠٠٣)دا:
  • لەم قۆناغەدا یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی بە پێی ئاوەدانکردنەوە نوێ کرانەوە و یەکە کارگێڕییەکان چوونەوە جێی خۆیان و ناوی کوردییان لێنرانەوە، ھەرچەندە شەڕی براکوژی کاریگەری خۆی لەسەر ئەم ئاواکردنەوەیەش دانا و ھەرێمی کوردستان بووە دوو حکومەتی جوودا و تاوەکو ئێستاش کاریگەری لەسەر پڕۆسەی حکومداری جێھێشتووە.
نەخشەی کەرتەکانی قەزای قەرەداغ

کارگێڕی[دەستکاری]

قەرەداغ ناوچەیەکی پارێزگای سلێمانییە کەوتۆتە باشوری ڕۆژئاوایەوە. لەڕووی ئیدارییەوە لە قەزای قەرەداغ و ناحیەی ناوەندی قەزای قەرەداغ و ناحیەی سێوسێنان پێکھاتووە، لەگەڵ ٨٠ گوند.

ناحیەی ناوەندی قەزای قەرەداغ[دەستکاری]

لە ٦٣ گوند پێکھاتووە:

ناحیەی سێوسێنان[دەستکاری]

لە ١٧ گوند پێکھاتووە:

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2018-09-13.
  2. ^ یەکە کارگێڕییەکانی ھەرێمی کوردستان. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  3. ^ پێشبینی دانیشتوان بۆ ساڵی ٢٠١٩. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  4. ^ ‎یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی. سایتی پارێزگای سلێمانی(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  5. ^ ‎جەمال بابان. أصول أسماء المدن و المواقع العراقیة؛ الجزء الاول(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  6. ^ https://www.openstreetmap.org/#map=10/35.2378/45.4202
  7. ^ ‎مەحموود عوسمان مەعروف. بەڕێوبەرایەتی ئاماری سلێمانی(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  8. ^ محەممەد ئەمین زەکی بەگ. سەرجەمی بەرھەمەکانی ئەمین زەکی بەگ(کورد). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  9. ^ عباس العزاوی. عشائر العراق(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 1-11-2022.
  10. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  11. ^ سالنامة ولایت بغداد(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  12. ^ محمود فھمی درویش. الدلیل العراقی الرسمی لسنة ١٩٣٦(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  13. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  14. ^ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=369
  15. ^ https://www.parliament.krd/media/6102/18.pdf