کوردستان

ئەمە وتارێکی باشە. بۆ زانیاریی زۆرتر کرتەی لەسەر بکە.
پەڕەی protected
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە کوردەواریەوە ڕەوانە کراوە)

  ئەم وتارە سەبارەت بە کوردستان نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە ‏کوردستان (ڕوونکردنەوە).

پۆتانەکان: 37°00′N 43°00′E / 37.000°N 43.000°E / 37.000; 43.000

کوردستان


نەخشەی کوردستانی گەورە

زمان کوردی
شوێن مێزۆپۆتامیای سەروو، لە ناو چیاکانی زاگرۆس، پێکدێت لە: بەشەکانی ڕۆژھەڵات، باشووری ڕۆژھەڵات و باشووری تورکیا (باکووری کوردستان)، باکوور، ڕۆژھەڵاتی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا (ڕۆژاوای کوردستان)، باکوور و باکووری ڕۆژھەڵاتی عێراق (باشووری کوردستان)، ڕۆژاوا و باکووری ڕۆژاوای ئێران (ڕۆژھەڵاتی کوردستان).[١]
بەشەکان: باکووری کوردستان (تورکیا)
باشووری کوردستان (عێراق)
ڕۆژھەڵاتی کوردستان (ئێران)
ڕۆژاوای کوردستان (سووریا)
کوردستانی سوور (ئازەربایجان و ئەرمەنستان)[ئ]
نەتەوەکان  کوردستان
 تورکیا
 ئێران
 عێراق
 سووریا
 ئەرمەنستان
 ئازەربایجان
 ڕووسیا
ناوچە ١٩٠٬٠٠٠–٣٩٠٬٠٠٠ کم٢–٥٠٠٬٠٠٠ کم٢
(٧٤٬٠٠٠–١٥١٬٠٠٠ میل)[ژێدەر پێویستە]
دانیشتووان ۷۰،۱۳۷،۶۴۴ کەس [٢][٣]داڕێژە:Original research inline
شارە گەورەکانی کوردستان ئامەد، ھەولێر، کرماشان، قامیشلۆ، کەرکووک، سلێمانی، مێردین، سنە، ورمێ، مەھاباد، ڕحا، دھۆک، وان، کۆبانێ
TLD پاوانی ئینتەرنێت .krd

کوردستان (بە کوردیی باکووری: Kurdistan، /ˌkʊɾdɪˈstɑːn/ (سەبارەت بەم پەڕگەیە گوێگرتن)، بە واتای خاکی کوردان) ھەرێمێکی جوگرافی لە ڕۆژھەڵاتی ناوینە کە زۆربەی دانیشتووانی لە خەڵکی کورد پێکدێن. کوردستان لە ئێستادا لە چوار پارچەی باکوور (ڕۆژھەڵات و باشووری تورکیاباشوور (باکووری عێراقڕۆژھەڵات (ڕۆژاوای ئێران) و ڕۆژاوا (باکووری سووریا) پێکھاتووە. لە مێژوودا کوردستانی سوور (لە یەکێتیی سۆڤیەت) وەکوو بەشێک لە کوردستان ھەژمار کراوە. دیارکردنی سنوورەکانی کوردستان یەکێکە لە دۆزە پڕ تەنگ و چەڵەمەکان، چونکە ئەو وڵاتانەی لە خاکی کوردستاندا باڵادەستن وەکوو یەکەیەکی جوگرافی یان نەتەوەیی دان بەبوونی کوردستان نانێن، بەڵکوو زیاتر بە ناوچە کوردنشینەکان ناوی دەبەن. لە ڕوانگەی ڕامیارییەوە، ھەرێمی کوردستان لە باشووری کوردستان[ا] و خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوا لە ڕۆژاوای کوردستان[ب] دوو حکوومەتی خۆبەڕیوەبەری کوردن کە لەم دوو بەشەی کوردستاندا باڵادەستن. کوردستان لە ئێراندا بەفەرمی تەنیا وەکوو پارێزگایەک ناسراوە. ھەروەھا کوردستان لەلایەن تورکیاوە بەفەرمیی نەناسراوە و ناوی کوردستان لە تورکیا نایاسیییە.[٤]

مێژوو

چەرخی کۆن

لە سەردەمی کۆندا لەم ناوچەیەدا ھۆزەکانی گۆتی، حووری، مانناکان و مادەکان ژیاون.[٥] ژینگەی سەرەکی ھۆزی مانناکان باشوور و ڕۆژھەڵاتی زرێچەی ورمێ بووە، و دەتوانین بڵێین ناوچەی قەڵایچی لە دەوارندەوری ئێستای شاری بۆکان.[٦] لە سەردەمی داریووشی سێیەم و ئەسکەندەر، مادەکان ھاتنە ژێر فەرمانی پارسەکانەوە. پاشایەتی کاردۆخ (کاردۆکان) لە باشوور و باشووری ڕۆژھەڵاتی دەریاچەی وان کە دەکەوێتە نێوان پارسەکان و مێزۆپۆتامیا، کاتی لاوازبوونی ئیمپراتۆری ساسانی سەربەخۆ بوو و لە ١٨٩ی پێش زایین تا ٣٨٤ی پاش زایین حوکمڕانی دەکرد بەسەر باکووری مێزۆپۆتامیا و باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاناتۆلی. ڕۆمییەکان لەکاتی زۆرداری لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا، بە سەر بەشێکی گەورەی ژینگەی کوردەکان، بەتایبەت بەشی ڕۆژاوا و باکووری کوردستان حوکمڕانیان ئەکرد. کاردۆخ بووە ناوچەیەکی باجدەری ڕۆم لە ساڵی ٦٦ی پێش زایین ھەتا ٣٨٤ی دوای زایین. کاردۆخ کەوتبووە ڕۆژھەڵاتی «سیلوان» کە شارێکە لە ڕۆژھەڵات و باشووری دیاربەکری ئەمڕۆکە. ھێندێ لە مێژووناسەکان نێوان کاردۆخ و ناوە ئەمڕۆیییەکانی کورد و کوردستان پێوەندی دەزانن.[٧][٨][٩] ھەڵبەت ھێندێکیش دژی ئەوەن[١٠]؛ بەڵام لە زانستنامەی کۆلۆمبیادا ئەوە سەلمێندراوە.[١١]

یەکێک لە کۆنترین بەڵگە دۆزراوەکان لە بەکارھێنانی وڵاتی کوردەکان، بەڵگەیەکی ئایینی مەسیحی سریانییە کە دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی عەتیق، کە گێڕانەوەی گەڕانی قەشەیەکی خەڵکی ئاشوور، بە ناوی "ئابدیشۆ" دەکات بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین. کاتێ بەرەو ساسانیان دێت، لەسەر سنوور لێی دەپرسن کە لە کوێوە ھاتووی، وەڵام دەداتەوە کە دایک و بابم لە ھەزا بوون؛ کە ھەزا گوندێک بووە لە ئاشووردا. لە درێژەدا دەڵێت کە لەلایەن بێ دینەکانەوە لەو شوێنە دەرکراون و لە تامانۆن جێگیر بوون؛ کە وەک ئابادیشۆ دەڵێت، لە وڵاتی کوردەکاندا بووە. "تامانۆن" دەکەوێتە ڕاست سەر سنووری تورکیا و عێراقی ئێستا و ھەزا لە ١٢ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژاوای شاری ھەولێری ئێستایە. لە جێگەیەکی دیکە ھەر لەم بەڵگەیەدا، لە ناوچەی خابوور، بە وڵاتی کوردەکان ناوبراوە.[١٢]

چەرخی نێوانی

لە نیوەی سەدەی ١٠ی زایینیدا، ناوچەکە لە نێوان پەنج دەسەڵاتداریدا بەش کرا: لە باکووردا شەدادییەکان (٩٧٥ تا ١١٧٤ی زایینی، دەکەوێتە ئەرمەنیای ئێستا)، ڕەوادیدەکان (٩٥٥ تا ١٢٢١ی زایینی لە تەبرێز و مەراغەدا)، لە ڕۆژھەڵاتدا حەسنەوییەکان (٩٥٩ تا ١٠١٥ی زایینی) و ئانازییەکان یا عەیاران (٩٩٠ تا ١١١٦ی زایینی لە کرماشان و خانەقین) و لە ڕۆژاوادا مەروانییەکان (٩٩٠ تا ١٠٩٦ی زایینی لە دیاربەکر). لە سەدەی ١١دا ناوچەکە کەوتووەتە ژێر دەستی سەلجوقە تورکەکانەوە و لە سەدەی ١٣ بۆ ١٥ بە دەستی مەنگۆلەکانەوە دوای ئەوە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان تاکو جەنگی جیھانی یەکەم.[١٣] لە چەرخی نێوانیدا، کوردستان کومەڵێک بوو لە ناوچە نیوە سەربەخۆکان کە بە ناوی «میرنشین» دەناسرێت، کە بە ڕوالەت لەژێر دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی پاشا یان خەلیفەدا بوون. شیکراوەی مێژووی ئەم میرنشینانە و پێوەندیان لەگەڵ ھاوسێکانیان لە کتێبی «شەرەفنامە» لە نووسینی شەرەفخانی بەدلیسی (١٥٩٧) ھاتووە.[١٤] میرنشینەکانی بابان، سۆران، بادینان و گەرمیان لە عێراقی ئەمڕۆکە، بۆتان و بدلیس لە تورکیا و موکریان و ئەردەڵان لە ئێراندا.

کۆنترین بەڵگەیەک کە بەکارھێنانی ناوی کوردستان تێیدا دەسەلمێت، دەقێکی مێژوویی ئەرمەنیایە، کەسێک بە ناوی matteos urhayci نووسیوە. ئەو باسی شەڕێک دەکات و دەڵێ کە لە شوێنێک نزیکی ئامەد لە ١٠٦٢ لە کوردستان ڕوو دەدات.[١٥][١٦] بەڵگەی دووھەم پەراوێزێکە لە ئینجیلێکی دەستنووسراوەی ئەرمەنی کە لە ١٢٠٠ی زایینیدا نووسراوە:[١٧][١٨]

«Let Christ-God bless Khoja Hovhanes Mughdusi, from Kurdistan, who made a pilgrimage to Jerusalem and took the holy Gospels from the aliens»

سێیەم بەڵگەی بەکارھێنانی وشەی کوردستان، لە نوزھات ئەل قلوب حەمدوڵڵا موستەوفی (١٣٤٠ی زایینی) بینراوە.[١٩]

چەرخی نوێ

نەخشەی کوردستان لە سەردەمی عوسمانی

لە سەدەی ١٦ی زایینی، دوای شەڕە خاچھەڵگرییەکان، ناوچە کوردنشینەکان، لە نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان بەشکرا. زۆربەی پرۆسەی دابەشکردنی کوردستان، دوابەدوای شەڕی چاڵدێران لە ١٥١٤ی زایینیدا ڕوویدا کە دواتر تەنھا بە ڕواڵەت، لە گرێبەستی زوھاب (زەھاب، قەسرشیرین) لە ساڵی ١٦٣٩دا بە فەرمی کرا.[٢٠] لەکاتی شەڕی جیھانی یەکەم، زۆربەی کوردەکان لە پارێزگای کوردستان و لەسەر سنووری عوسمانییەکان بوون. دوای لەیەکبوونەوەی ئیمپراتوری عوسمانییەکان، ھێزە یەکگرتووکان (واتە وڵاتانی: فەڕەنسا، بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیتالیا و ژاپۆن)، بڕیاریاندا لەسەر سنووری پێشووی عوسمانی، چەند وڵاتێکی نوێ دامەزرێنن. بەپێی پەیمانی سێڤر، کوردستان و ئەرمەنیاش یەکێک بوون لەم وڵاتانە. بەھەر شێوە، دوای داگیرکردنەوەی ناوچەکە لەلایەن ھێزەکانی ئاتاتورک، ھێزە یەکگرتووکان لەگەڵ پەیمانی لۆزان ڕێککەوتن و سنوورە نوێکانی کۆماری تورکیا دیاریکرا و کوردەکان بێ ناوچەیەکی سەربەخۆ مانەوە. بەشێکی لە ناوچە کوردنشینەکان کەوتە ناو سنووری نوێی تورکیاوە و بەشێکی دیکەی لکێندرا بە سووریا و عێراق کە لەژێر دەسەڵاتی فەڕانسا و بەریتانیا بوون.

لە کۆتایی شەڕی کەنداودا، ھێزە یەکگرتووەکان ناوچەیەکی قەدەغەیان بۆ فڕۆکەکان دامەزراند. ئەمە بووە ھۆی ئەوەی بەشی باشووری کوردستان کە دەکەوێتەوە باکووری عێراق بتوانێ لە ساڵی ١٩٩٢دا ناوچەیەکی سەربەخۆ دامەزرێنێت کە دەسەڵاتی ناوخۆ و پاڕلەمانی ھەیە.

میرنشینەکان

میرنشینە کوردەکان لە ساڵی ١٨٣٥

میرنشینی عەیشانی

٣٠٠–٣٥٠ک / ٩١٢–٩٦١ز لە ناوچەکانی ڕۆژاوای ھەرێمی چیاکان لە نەھاوەند و دینەوەر و ھەمەدان و سامنان ھەتا سنووری ئازربایجان. لە دیارترین میرەکانیان ونداد و غانم.

میرنشینی ڕەوادی

(دەوروبەری ٣٣٧–٤٦٣ک/٩٤٨–١٠٧١ز) لە شارەکانی مەراغە و تەورێز و ئەردەبیل و ورمێ و خوی و سەلماس… ھتد، بەناوبانگترین میرەکانیان محەممەد کوڕی حوسێن ڕەوادی و ئەبو ھەیجای ڕەوادی و مەمەلانی ڕەوادی.

میرنشینی شەدادی

٣٤٠–٥٩٥ک/٩٥١–١١٩٨ز لە ھەرێمی ئاران لە شارەکانی بەردەعە و دبیل و گەنجە و باکو چەند شار و ناوچەیەکی دیکە. میرنشینی شەدادی ھەرچەندە لەلایەن سەلجوقییەکانەوە لاوازکراوە بەڵام ھەتا وەکو ساڵی ٥٩٥–١١٩٨ز لە شاری ئانی ھەر مابوو. لە دیارترین میرەکانیان محمەد کوڕی شەداد و فەزلون و ئەبولئەسوار و چەندانی دیکە. کە سەربەخۆبوون و دراوی تایبەتی میرنشینەتیان لێداوە.

میرنشینی حەسەنوەیی

٣٤٨–٤٠٦ک/ ٩٥٩–١٠١٥ز لە ناوچەکانی شارەزوور و شاپورخواست واتا لوڕستان و دینەوەر و ھەمەدان و شوێن و شاری دیکە فەرمانڕەواییان کردووە. لە میرە بەناوبانگەکانیان، حەسەنوەیھی کوڕی حوسێنی کوردی و میر بەدر کوڕی حەسەنوەیی کە یەکێکە لە ھەرە میرە بەناوبانگەکانی کوردان، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کاری زۆر دیاری لەماوەی فەرمانڕەوایەتییەکەیدا کردووە و دراوی تایبەتی لێداوە.

میرنشینی مەروانی

٣٧٣–٤٨٩ک/٩٨٣–١٠٩٦ز لە کوردستانی ناوەڕاست و باکوور لە دیاربەکر شارەکانی میاخارتین و ماردین و ئامەد و خەڵات و بەدلیس و ناوچەی دیکە فەرمانڕەواییان کردووە. دامەزرێنەری میرنشینەکە میر باد کوڕی دۆستەکی کوردییە ھەروەھا میر مومەھەد ئەلدەولە و میر نەسرولدەولە و ئەحمەد کوڕی مەروانی کوردی کە بەناوبانگترین میری کوردییە، زیاتر لەپەنجا ساڵ میرایەتی کردووە و دەسەڵاتەکەی وەک دەوڵەت ناسراوە لەلایەن دەوڵەتانی عەباسی و بوەیھی و فاتمی و بیزێنتی و سەلجوقییەکان دانی پێدانراوە. زۆر کاری گرینگ لە ئاوەدانی و بووژانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەو ناوچەیەی کوردستاندا ئەنجامدراوە. لە زۆربەی شارەکاندا دراوی میرنشینییەکە لێدراوە.

میرنشینی عەننازی

٣٨١–٥١١ ک /٩٩١–١١١٧ز ئەم میرنشینییە لە ناوچەی حەلوان لەلایەن کوردەکانی شازەنجانییەوە دامەزراوە دواتر دەسەڵاتی فراوان بووە و لە شارەکانی ئەسەد ئاباد و داقوق و ئاوەدانی دیکە دەسەڵاتەکەی پەرەی سەندووە. لە میرە بەناوبانگەکانیان، میر ئەبولفەتح محەممەد کوڕی عەنناز و میر حسام ئەلدەولە و ئەبو شوک و میر سوورخاب کوڕی بەدر.

میرنشینی ھەزبانی

٣٤٧ – ٥٣٤ /١٠٤٦ – ١١٣٩ز لە شاری ھەولێر دەرکەوتووە، سەرجەم ناوچەکانی دەوروبەری ھەولێری فەرمانڕەوایەتی کردووە، لەبەناوبانگترین میرەکانیان عیسا کوڕی موسای ھەزبانی و میر ئەبولحەسەنی کوڕی موسکی ھەزبانی. لە دوای ھاتنی سەلجوقییەکان زۆربەی میرنشینییە کوردییەکان پووکانەوە و بەرەو نەمان چوون، بەڵام ڕۆڵی کورد ھەر لەبرەودابوو لەشەڕی بەناوبانگی ملازگرددا کورد ھاوکاری سەلجوقییەکانی کردووە کە سەرکەوتن بەسەر ڕۆمەکاندا.

لە سەروبەندی ھاتنی مەغۆلەکاندا کوردستان ڕووبەرووی وێرانکاری و زیانی زۆر بۆوە، چونکە ھەم ھەرێمە کوردییەکان بۆ مەغۆلییەکان گرنگ بوون، ھەم دەکەوتە سەر ڕێیان بۆ بەغداو شام، بۆیە کوردستان لەسەدەی ٧ک / ١٣ز زۆرترین زیانی بەرکەوت. لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتی ھێزە داگیرکەرەکانی کوردستاندا وێڕای زەبر و زەنگی زۆر بەڵام دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بەتەواوەتی لەناونەچوو، چەندان میرنشین و دەسەڵاتدارییەتی کوردی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا فەرمانڕەواییان دەکرد و ھێزەکانی جەلائیری و تەیموری و قەرەئۆینلو… ھتد. کوردستانیان کردبووە مەیدانی شەڕو ململانێ، تا دەرکەوتنی عوسمانییەکان و شەڕی چاڵدێران ١٥١٤ز، کە میر شەرەفخانی بەدلیسی لە پەرتووکی شەرەفنامەدا زانیاری گرینگی لەسەر ئەو دەسەڵاتدارییەتییەی کوردان تۆمارکردووە.

دانیشتووان

نەخشەی کوردستان لە میسر لەلایەن ئێلیاس مۆدێرن پرێسەوە کێشراوە
نەخشەی کوردستان لە ئێران لەلایەن محەممەد ڕەزا حافزنیا کێشراوە

کورد کۆمەڵێک خەڵکی دانیشتووی ڕۆژھەڵاتی ناوینە و ئەو شوێنەی تێیدا دەژین ناوچەیەکی ھەم بەرز و نزمە، کە ڕووبەرەکەی بەلایەنی کەمەوە ٥٠٠،٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت. [٢١] [٢٢][٢٣]کوردەکانی کوردستان لە وڵاتانی ئێران، تورکیا و سووریا و بەشێکی بچووک لە لوبنان و ئەرمەنیا و ئازەربایجان و گورجستان و ڕووسیا دابەشکراون.[٢٤] [٢٥][٢٦] وشەی «کورد» تەنھا لە چەن وڵات بە شێوەی فەرمی بەکاردێت؛ تورکیا پێیان دەڵێت تورکی شاخی و لەھەمان کاتدا ئێرانی پێیان دەڵێن ئێرانی چیانشین. کوردەکان بە لقێک لە زمانە ھیندوئەورووپایییەکان قسەدەکەن کە زمانی کوردی ناوە؛ ئەگەرچی ناوچەکە، عەرەب و ئەرمەنی، ئاشووری و ئازەری، فارس و تورک و تورکمانیشی تێدایە. زۆربەی کوردەکان موسڵمانن بەڵام ئێزیدی، مەسیحی و جوولەکەش لە کوردستاندا دەژین.

چاند و ھونەر

نەورۆزی ٢٠١٩ لە سنە

چاندی کوردی کۆمەڵێک جیاکەرەوەی کلتوریی تایبەت بە کوردانە. چاندی کوردی میراتی ئەو گەلە جیاوازانەیە کە کوردەکانی ئەمڕۆ و کۆمەڵگەکەیان پێکھێناوە، بەڵام بە گشتی دوو چینی ناوچەیی (حۆرانییەکان) و ئێرانییە کۆنەکان (میدییەکان). لەناو دراوسێکانیا، چاندی کوردی زۆرتر نزیکە لە کلتوری ئێرانییەوە. بۆ نموونە جەژنی نەورۆز کە یەکەم ڕۆژی ساڵە، کە لە ٢١ی ئازاردا ئاھەنگی بۆ دەگێڕن کە یەکەم ڕۆژی مانگی خاکەلێوەی کوردی و یەکەم ڕۆژی بەھاریشە.

مۆسیقا

ھەر لە کۆنەوە گۆرانیبێژە کوردەکان بەسەر سێ جۆری کلاسیکی دا دابەشبوون: چیڕۆکبێژ، سترانبێژ و دەنگبێژ.

مووسیقای تایبەت بە دەباری شازادە کوردەکان نەبووە، لەبری ئەوە، مووسیقا لە دانیشتنی شەوانەدا پێشکەش کراوە. چەند شێوازێکی مووسیقا لەسەر ئەم جۆرانە دانراون. زۆربەی گۆرانییەکان لە سروشتیاندا ئەفسانەن، بۆ نموونە لاوک کە ھۆنراوەی قارەمانێتییە و چیڕۆکی قارەمانە کوردەکانی ڕابردوو، وەک سەڵاحەدین، دەگێڕێتەوە. حەیرانیش ھۆنراوەی خۆشەویستییە کە باس لە ئازارەکانی دابڕان و خۆشەویستی بێ ئەنجام دەکات. لاوژەش شێوازێکی مووسیقای ئایینییە و پایزۆکیش ئەو گۆرانییانەن کە بەتایبەتی لە پاییزاندا ئەوترێن. گۆرانی خۆشەویستی، ئاھەنگ و ھۆنراوەی وروژێنەر و گۆرانی تایبەت بە کار وفرمان.

جوگرافیا

خەرەندی ڕواندز لە باشووری کوردستان

وەک ئەوەی لە زانستنامەی بریتانیکادا نووسراوە، ڕووبەری کوردستان نزیکەی ١٩٠٫٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت و شارە گرینگەکانی لە بەشی تورکیادا ئامەد، بدلیس و وان؛ لە بەشی عێراقدا ھەولێر و سلێمانی؛ لە بەشی ئێراندا کرماشان، سنە و مەھاباد. وەک «زانستنامەی ئیسلام» دەڵێت، لە ڕووبەری ٣٩٢٫٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە، ١٩٢٫٠٠٠کیلۆمەتری لە تورکیا، ١٢٥٫٠٠٠کیلۆمەتری لە ئێران، ٦٥، ٠٠٠ کیلۆمەتری لە عێراق و ١٢٫٠٠٠ لە سووریادایە. کوردستان لە ئێراندا پارێزگای کوردستان و زۆربەی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کرماشان، ئیلام و لوڕستانی لە خۆ دەگرێت. کوردستان لە عێراقدا بە شەش بەش دابەشکراوە، سێ لەوانە و بەشێک لەوانی دیکەش ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە. کوردستانی سووریا لە ڕۆژھەڵاتی ئەم وڵاتەدایە و بەشێکی زۆری کەوتووەتە پارێزگای ئەل ھەساخ. شارە گەورەکانی ئەم بەشە قامیشلۆ و حەسەکە.

کەش و ھەوا

ھاوینی گەرم و زستانی زۆر سارد و بەفری زۆر، تایبەتمەندی ئەم ناوچەیە، و لەگەڵ ئەمەش زۆربەی بەشەکانی ئەم ناوچە بەھرەدارن و لە درێژەی مێژوودا شوێنی ھەناردنی دانەوێڵە و ئاژەڵ بووە. ئاستی بارین لە نێوان ٢٠٠ تا ٤٠٠ میلیمەتر لە ساڵدا، لە تەختایی و دەشتەکان و ٧٠٠ تا ٣٫٠٠٠ میلیمەتر لە بەرزایییەکاندایە.

دارستان

کوردستان ناوچەیەکی شاخاوییە بە کەش و ھەوای سارد؛ بەڵام بارینی ئەوەندەی ھەیە کە دارستان پەرە بسێنێت. بە سەرجەم مێرگ و دارستانەوە کوردستان، ١٦٠٫٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیی سەوزایی تێدایە؛ کاج، سنەوبەر، بەڕوو، چنار، شۆڕەبی و سپیدار زۆرینەی جۆرەکانی دارن لە کوردستاندا.

چیاکان

چیاکانی زاگرۆس

چیا ھێما و تایبەتمەندییەکی جۆگرافی ژیانی کوردەکانە؛ ھەر بۆیە گوتراوە: "کورد دۆستێکی نییە، جگە لە چیا"، "Kurds have no friends but the mountains". چیاکانی جوودی و ئارارات (کە لە فۆلکلۆری کوردیدا دیارن)، زاگرۆس، شینگەر، قەندیل، شاھۆ، پیرمەگروون، سەفین، شیرین و حەمرین، ناسیاوترین کێوەکانی کوردستانن.

ڕووبارەکان

بەرزایییەکان و چیاکانی کوردستان کە بارینی باران و بەفری زۆری تێدا ڕوو دەدات، وەک سەرچاوەی ڕووبارەکانی نێزیک خۆی و ڕۆژھەڵاتی ناوینن، یەکێکن لە سەرچاوەکانی دیجلە و فورات و ژمارەیەکی زۆر ڕووبارە بچووکەکان وەک خابوور، ئاراز، کەرخە و سفیدڕوود. ئەو ڕووبارانەی کە گرینگایەتی مێژووییان ھەیە بۆ کوردان، ئاراز، خابوور، زابی گەورە، سیراون، جەغەتوو و زەھاب. ئەم ڕووبارانە کە لە بەرزایی سێ تا چوار ھەزار مەتر بەرزتر لە ئاستی دەریادان، وەک سەرچاوەی ئاو و سەرچاوەی وەرگرتنی وزە بەکاردێن بە دانانی ئاوبەند و تۆرباین؛ عێراق و سووریا لە زۆربەی ڕووبارە سەرەکییەکان ئەوەیان کردووە و تورکیا بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەوەی کردووە.

گۆم و زرێچەکان

کوردستان ھەتا زرێچەی ورمێ لە ئێراندا، لە ڕۆژھەڵاتەوە درێژەی ھەیە و لە لای ڕۆژاوا ناوچە نیوە کوردنشینەکان تا قەراغی دەریای ناوین درێژەی ھەیە. دەریاچەی وان لە کوردستاندا گەورەترین زرێچەی ناو تورکیایە و لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا تەنھا زرێچەی ورمێ لە وان گەورەترە؛ ئەم گەورەتربوونە ھەڵبەت تەنیا لە بواری ڕووبەردایە و لە قووڵبوونی ئاو، وان لە ئاستی بەرزتردایە. زرێچەی ورمێ، وان، زرێچەی زرێبار (ڕۆژاوای مەریوان) و زرێچەی دوکان (نزیکی شاری سلێمانی)، لەلایەن گەڕیارانەوە سەردان دەکرێت.

سەرچاوەکان

سەرچاوە بن زەوییەکانی کوردستان خەڵووز، مس، زێڕ، ئاسن، بەردی کەڵس (کە بۆ دروستکردنی چیمەنتۆ بەکاردێت)، مەڕمەڕ و زینک. گەورەترین سەرچاوەی بەردی گۆگرد لە جیھاندا، کەوتووەتە باشووری ڕۆژھەڵاتی ھەولێر.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەوتی کوردستانی ٤٥ بلیۆن بۆشکە مەزەندە کردووە کە بەمە کوردستان دەبێتە شەشەمین وڵاتی جیھان. حکوومەتی ھەرێم، لە تەممووزی ٢٠٠٧دا داوای لە کۆمپانیا بیانییەکان کرد تاکوو یارمەتی بدەن لە بەڕێخستنی ٤٠ دەموودەستگای ھەناردنی نەوت، بە ھیوای بردنە سەرەوەی دەسکەوتی نەوت تا ڕۆژی ١ ملیۆن بۆشکە. لە دوای داواکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەھۆی چاک بوونی بارودۆخی ئاسایش لە ناوچە کودنشینەکانی عێراق، چەندین کۆمپانیای گەورەی نەوتی جیھانی وەکوو ئێکسۆن مۆبیل و شێڵ ڕوویان لە کوردستان کرد.

ئاڵا

ئاڵای کوردستان

ھەموو گەلانی سەر ڕووی ئەم زەمینە، ئەوانەی سەربەستن یان بە شێوەیەکی فیدڕال دەژین خاوەنی ئاڵای خۆیانن، ئاڵای کوردستانیش ئاڵای کوردستانی فیدرالە و لە تەواوی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دان، لە داموو دەزگا حکومییەکان و ڕێکخراوە ڕەسمییەکان شەکاوەیە.

ئاڵای کوردستان پێکھاتووە لە سێ ڕەنگ، دروشمێک لە ناوەندی. لە لاکێشەی ئاسۆیی پێکھاتووە، لاکێشەی سەرەوە ڕەنگی سوورە، ئەوەی ناوەند ڕەنگی سپییە، و لاکێشەی خوارەوە ڕەنگی سەوزە. بەرینایی ئاڵا دوو لەسەر سێی درێژایییەکەیەتی. دروشمی نەتەوەیی ئاڵای کوردستان خۆری زێڕینە، ئەم خۆرە ٢١ پەڕ (تیشک) ی یەکسان و ھاوشێوەی ھەیە. خۆرەکە دەبێ ڕێک لە چەق (ناوەندی) ئاڵای کورستان جێگیر بێت.

سروودی نیشتیمانی

سروودی ئەی ڕەقیب کە لەلایەن یوونس ڕەئووف ناسراو بە دڵدار لە ساڵی ١٩٤٠ دانراوە، ئەو کاتی لە زیندان بوون ئەم ھۆنراوەیەی داناوە. ئەی ڕەقیب یەکەم جار لە سەردەمی کۆماری کوردستان بووە بە سروودی نیشتمانی کوردستان. لە دوای پێکھاتنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەم ھۆنراوەیە بووە بە سروودی نیشتمانی کوردستانی عێراق.

سروود

ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زمان
نایشکێنێ دانەریی تۆپی زەمان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان
ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین
سەیری کە خوێناوییە ڕابردوومان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان
لاوی کورد ھەستایە سەر پێ وەک دلێر
تا بە خوێن نەخشی بکا تاجی ژیان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان
ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین
دینمان، ئایینمان ھەر نیشتمان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان
لاوی کورد ھەر حازر و ئامادەیە
گیان فیدایە، گیان فیدا، ھەر گیان فیدا
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان

سوپا

ئامادەبوونی پێشمەرگەکانی باشووری کوردستان بۆ شەڕی دژ بە داعش لە ساڵی ٢٠١٦
ھێزە تایبەتەکانی یەپەگە لە ڕۆژاوای کوردستان

پێشمەرگە وشەیەکی کوردییە بۆ شەڕکەرە کوردەکان کە ھەندێک بە شەڕکەرانی ئازادی ناویان دەبەن. وشەکە بە مانای «ئەوانەی کە ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە» دێت و ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە نزیکەیی لەو کاتەوە ھەیە کە جووڵانەوەی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی لە سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠ دا دەستی پێکردووە، ئەمەش دوا بەدوای ڕووخانی ھەردوو ئیمپراتۆری عوسمانی و قاجاری کە ناوچەکانی کوردستان لەژێردەستیاندا بوو. ھێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی لەگەڵ ھێزی ھاوپەیمانان لە شەڕی دژی حکوومەتی بەعس لە عێراق. پێشمەرگە لە پێش دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ حکوومەتی بەعسیش ھەر بوونی ھەبوو. لە سەردەمی کۆماری مەھاباد، پێشمەرگە وەکوو سوپای حکوومەت بوو.

پەروەردە

ھەتا ساڵی ٢٠١١ی زایینی تەنیا وڵاتێک کە بە فەرمی زمانی کوردی تێیدا دەخوێندرا عێراق بوو کە ئەویش بۆ خۆی لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە دەستی پێ کردبوو و پێش ئەوە لە ھەمووی ئاستەکاندا ھەر بە زمانی عەرەبی وانە دەگوترایەوە. لە ئێراندا بەپێی دەستووری بنەڕەتی (قانوونی ئەساسی) زمانی کوردی وەکوو زمانی ناوچەیی پێناسە کراوە و لە ھەندێک شوێندا دەخوێندارێ و لە ھەندێکی دیکە نا. لە تورکیا ھەتا ساڵی ٢٠٠٩ تەنانەت قسەکردن بە زمانی کوردی قەدەغە بوو بەڵام لە ساڵی ٢٠١١ەوە وانەیەک بە زمانی کوردی بۆ مندڵانی پلەی شەش دیاری کرا کە ئەگەر پێیان خۆش بێت دەتوانن ھەڵیبژێرن و بیخوێنن. لە سووریا لە دوای شۆڕەشەکانی بەھاری عەرەبی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان، بزووتنەوەیەک بۆ فێرکاری کوردی دەستی پێکرد و زۆر کەس لە منداڵان و گەورەساڵان کەوتنە ژێر بەرنامەکانی فێرکاری کوردی.

خوێندنی باڵا

لە دوای ھاتنی زانستە مۆدێرنەکان بۆ وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوین، چەندین زانکۆ لە جێ جۆر بە جۆرەکانی کوردستاندا کرایەوە. بەڵام ھەتا ئێستاش ھیچکام لەم زانکۆگەلە جگە لە خولی زمانی کوردی، ھیچ وانەیەک بە زمانی کوردی ناڵێنەوە. ئەم زانکۆگەلە بەپێی ئەوە کە کەوتوونەتە کام وڵاتەوە، وانەکانیان بە زمانی فەرمی ئەو وڵاتە (وەکوو: فارسی، عەرەبی و تورکی) یان زمانی ئینگلیزی دەڵێنەوە.

ئەمانەش ببینە

تێبینییەکان

  1. ^ لە مێژوودا یەکێتیی سۆڤیەت، بەڵام لە ئێستادا کۆماری ئارتساخ لە قەرەباغ کە ھەرێمێکی جێناکۆکی نێوان کۆماری ئازەربایجان و کۆماری ئەرمەنستانە.
  2. ^ زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستان لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبردرێن، بەڵام بەشێک لە ناوچەکان جێناکۆکن و لەلایەن حکوومەتی ناوەندیی عێراقەوە بەڕێوە دەبردرێن.
  3. ^ زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستان و ھەروەھا ناوچەکانی دەرەوەش کە زۆربەی دانیشتووانیان کورد نین لەلایەن خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاواوە بەڕێوە دەبردرێن، بەڵام بەشێک لە ناوچەکان بەشێوەی ھاوبەش لەلایەن حکوومەتی سووریا بەڕێوە دەبردرێن و یان لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سووریی سەربە حکوومەتی تورکیاوە داگیر کراون.

سەرچاوەکان

  1. ^ "Kurdistan – Definitions from Dictionary.com". Archived from the original on 24ی Juneی 2012. Retrieved 2007-10-21. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help)
  2. ^ "The Kurdish population". Fondation-Institut kurde de Paris. 20 December 2016. Archived from the original on 2ی Juneی 2019. Retrieved 2017-10-15. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help)
  3. ^ بەپێی مەزەندەکردنی فاکتبووکی سی ئای ئەی، دانیشتووانەکەی بەرامبەرە لەگەڵ ١٤،٥ ملیۆن لە تورکیا، ٦ ملیۆن لە ئێران، نزیکەی ٥ بۆ ٦ ملیۆن لە عێراق و دەروبەری ٢ ملیۆن کە سووریا، کە نزیکەی ٢٨ ملیۆن کورد زیادی کردووە لەم وڵاتانە؛ بەپێی مەزەندەکردنی فاکتبووکی سی ئای ئەی ٢٠١٤، لە تورکیا ١٨٪ کورد لە ٨١٫٦ ملیۆن، لە ئێران ١٠٪ کورد لە ٨٠٫٨ ملیۆن، لە عێراق: ١٥٪-٢٠٪ کورد لە ٣٢٫٦ ملیۆن و سووریا ٩٫٧٪ کورد، ئەرمەنی و ئەوانەی دیکە لە ١٧٫٩ ملیۆن بوونیان ھەیە.
  4. ^ پرسی کورد و دەستەواژەی کوردستان لە تورکیا دیسان مشتومڕی ناوەتەوە. تۆڕی میدیاییی ڕووداو (لە ڕێکەوتی ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢). سەردان لە ڕێکەوتی ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣.
  5. ^ "kurdistanica:ڕەگەزی کورد". Archived from the original on 11ی Februaryی 2017. Retrieved 17ی Septemberی 2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  6. ^ "زانستنامەی سەرھێلی بریتانیکا". Archived from the original on 27ی Juneی 2006. Retrieved 29ی Mayی 2010. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  7. ^ A.D. Lee, The Role of Hostages in Roman Diplomacy with Sasanian Persia, Historia: Zeitschrift für Alte Geschichte, Vol. 40, No. 3 (1991), pp. 366-374 (see p.371)
  8. ^ Rawlinson, George, The Seven Great Monarchies Of The Ancient Eastern World, Vol 7, 1871.
  9. ^ Revue des études arméniennes, vol.21, 1988–1989, p.281, By Société des études armeniennes, Fundação Calouste Gulbenkian, Published by Imprimerie nationale, P. Geuthner, 1989.
  10. ^ T. A. Sinclair, "Eastern Turkey, an Architectural and Archaeological Survey", 1989, volume 3, page 360.
  11. ^ "زانستنامەی کۆلۆمبیا، وتاری کوردەکان". Archived from the original on 17ی Juneی 2010. Retrieved 29ی Mayی 2010. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  12. ^ J. T. Walker, The Legend of Mar Qardagh: Narrative and Christian Heroism in Late Antique Iraq (368 pages), University of California Press, ISBN 0-520-24578-4, 2006, pp. 26, 52.
  13. ^ the longman encyclopedia page 584 kurdistan
  14. ^ "شەرەفنامە: مێژووی نەتەوەی کورد". Archived from the original on 28ی Augustی 2017. Retrieved 17ی Septemberی 2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  15. ^ Matt'eos Urhayec'i, (Armenian)Ժամանակագրություն (Chronicle), ed. by M. Melik-Adamyan et al. , Erevan, 1991. (p.156)
  16. ^ G. Asatrian, Prolegomena to the Study of the Kurds, Iran and the Caucasus, Vol.13, pp.1-58, 2009. (see p.19)
  17. ^ A.S. Mat'evosyan, Colophons of the Armenian Manuscripts, Erevan, 1988. (p.307)
  18. ^ G. Asatrian, Prolegomena to the Study of the Kurds, Iran and the Caucasus, Vol.13, pp.1-58, 2009. (p.20)
  19. ^ G. Asatrian, Prolegomena to the Study of the Kurds, Iran and the Caucasus, Vol.13, pp.1-58, 2009. (see p.20)
  20. ^ C. Dahlman, The Political Geography of Kurdistan, Eurasian Geography and Economics, Vol.43, No.4, pp.271–299, 2002.
  21. ^ ڕۆحانی, کەماڵ (2019). کورد و کوردستان لە ڕێڕەوی مێژوودا. تاران: ئاراس. pp. ١٩٨،١٩٩. ISBN 978-622-6278-31-0. {{cite book}}: Check |isbn= value: checksum (help)
  22. ^ کوچوک, دوکتۆر یاڵچین (2000). چیرۆکی ژیان دووبارە و بیرەوەرییه‌کان عەبدوڵڵا ئۆجەلان. تاران. pp. ٣٥. ISBN 964-6516-13-0.
  23. ^ مەردۆخ, شێخ محەممەد (2000). کوردستان. تاران: کا ڕەنگ. ISBN 964-6730-08-6.
  24. ^ ڕۆحانی, کەماڵ (2019). کورد و کوردستان لە ڕێڕەوی مێژوودا. تاران: ئاراس. pp. ٢٤٩،٢٨٣،٣٩١،٤٦٣،٤٧٧،٤٧٨،٤٨٠،٤٨١. ISBN 978-622-6278-31-0. {{cite book}}: Check |isbn= value: checksum (help)
  25. ^ کوچوک, دوکتۆر یاڵچین (2000). چیرۆکی ژیان دووبارە و بیرەوەرییه‌کان عەبدوڵڵا ئۆجەلان. تاران. pp. ١١. ISBN 964-6516-13-0.
  26. ^ مەردۆخ, شێخ محەممەد (2000). کوردستان. تاران: کا ڕەنگ. ISBN 964-6730-08-6.

بەستەرە دەرەکییەکان