خانی لەپ زێڕین
ئەم وتارە لەوانەیە پێویستی بە خاوێنکردن ھەبێت تا بگات بە شێوازی ستانداردی نووسین. |
ئەم وتارە بەستەری نییە بۆ وتارەکانی تری ویکیپیدیا. |
خانی لەپ زێڕین پێشەوای دەڤەری برادۆست بووە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەتایبەت لە داستانی قەڵای دم دم دا وەک پێشەوا ڕۆڵی شەڕی دم دمی گێڕاوە.
ژیاننامە
[دەستکاری]میر قەرەتاج کە بە ئەمیرخانی یەکدەست (خانی لەپ زێڕین) ناسرابوو، میری میرنشینی برادۆست بوو، ئەم میرە دۆستێکی زۆر نزیکی شا تەھماسپی یەکەم (١٥٢٤-١٥٧٦ز) پاشای دەوڵەتی سەفەوی بوو، بۆیە شا تەھماسپ میر قەرەتاجی کردە حاکمی ناوچەکانی ورمێ و شنۆ. لە دوای مردنی شا تەھماسپی یەکەم، زۆربەی میرانی میرنشینەکانی ئەودەمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی میر عومەری میرنشینی سۆران، چوونە پاڵ دەوڵەتی عوسمانییەکان، بەڵام میر قەرەتاج کە میری میرنشینی برادۆست بوو، نەچووە ژێر باری میر عومەر و بەمەش شەڕ و پێکدادان لەنێواندا بەرپا بوو کە لەو شەڕەدا میر قەرەتاج دەستی پەڕێنرا، ئیتر لەو کاتەوە بە ئەمیرخانی یەکدەست ناسرا. دوای ئەوەی شاعەباسی یەکەم (١٥٨٧-١٦٢٩ز) بووە پاشای دەوڵەتی سەفەوی، دەستێکی لە زێڕ بۆ دروست کرد و بەمەش نازناوێکی بۆ زیاد بوو کە (خانی لەپ زێڕین) بوو. میر قەرەتاج جگە لە ناوچەکانی ورمێ و شنۆ، کرایە فەرمانڕەوای قەڵای مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕ، قەڵای ورمێی پەسند نەبوو بیکاتە ناوەندی دەسەڵاتەکەی، چونکە پێیوابوو قەڵای ورمێ توانای بەرگەگرتنی لە بەرامبەر ھێرشی دوژمنان نییە، بۆیە لە شوێنی قەڵای دمدمی سەردەمی ئیمپراتۆریی ساسانی، دووبارە بە ھەمان ناو قەڵای دمدمی دروست کرد. ئەم کارەیشی وای لە میرانی ئێران کرد، بکەونە بەربەرەکانێی میر قەرەتاج، یەکێک لەو میرانە میری ئازەربایجان بوو کە ناوی میر پیربداغ بەگ بوو، تەنانەت میرانی ئێران لای شاعەباسی یەکەم بۆیان تێچاند کە میر قەرەتاج نیازی وایە لە شاعەباسی یەکەم یاخی بێت و سەربەخۆیی میرنشینەکەی ڕابگەیەنێت، ئەوەبوو شاعەباسی یەکەم داوای لە میر قەرەتاج کرد دەست لە دروستکردنی قەڵای دمدم ھەڵبگرێت، بەڵام میر قەرەتاج داواکەی پشتگوێ خست و بەردەوام بوو تا تەواوی کرد. قەڵای دەمدم پێکھاتبوو لە قەڵایەکی گەورە و چەند قەڵایەکی بچووک لە ناوەوە و دروستکردنی چەندین قولەی سەربازی لە ھەرچوار لای قەڵا گەورەکە بۆ پارێزگاریکردن لە ھێرشی دوژمنان دروست کرابوون. ھەروەھا چەندین عەمباری گەورە بۆ ئازووقە و چەک و جبەخانەی سەربازی. ئیتر شاعەباسی یەکەم کەوتە پیلاندانان لە دژی میر قەرەتاج و چەندین جار ھێرشی سەربازیی کردە سەر، بەڵام شکستی ھێنا، تا ئەوەی کە بیست کەسی ھۆزی جەلالیانی کوردی باکور لە دەستی دەوڵەتی عوسمانییەکان ھەڵاتبوون و پەنایان بۆ دەوڵەتی سەفەویی ئێران ھێنا، شاعەباس ئەوەی بە دەرفەت زانی کە نزیکەی ١٠ ھەزار کەسیان لەگەڵ حەسەن خانی والی ھەمەدان بە سوپاکەیەوە ناردە لای میر قەرەتاج، بەڵام میر قەرەتاج ئەو داوایەی ڕەت کردەوە لە ترسی یاخیبوونی دانیشتوانی میرنشینەکەی لە دژی، لە کاتێکدا میر نیازی وابوو میرنشینەکەی سەربەخۆ بکات لە دەسەڵاتی سەفەوییەکانی ئێران، بۆیە ھێرشی کردە سەر سوپای سەفەوییەکان کوشتارێکی زۆری لێ کردن، بەمەش دووبارە پیلانەکانی شاعەباس سەری نەگرت. ئەوەبوو شاعەباسی یەکەم سوپایەکی گەورەی بە سەرکردایەتیی ئیعتمادودەولەی وەزیری ناردە سەر میر قەرەتاج و داوای لێ کرد خۆی بەدەستەوە بدا و قەڵاکەیش چۆڵ بکات، بەڵام میر قەرەتاج کەوتە توندکردنی قەڵاکە و بەمەش لە بەرەبەیانی ٥/١٢/١٦٠٨ شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای میرنشینی برادۆستی کوردی و سوپای دەوڵەتی سەفەوییەکان دەستی پێ کرد و نزیکەی ٤ مانگی خایاند، تا ئەوەی بە سەرچاوەی ئاوی قەڵاکەیان زانی و سەرچاوەکەیان لە قەڵا بڕی، نزیکەی ٢١ ڕۆژ سەربازان و دانیشتوانی قەڵاکە بێ ئاو بوون، بەڵام لەو کاتەدا بارانێکی زۆر باری و بووە یارمەتیدەرێک بۆ سەربازان و دانیشتوانی قەڵاکە، بەمەش بۆ چەند مانگێک توانییان خۆیان لە بەردەم ھێرشی داگیرکەران بگرن. بەڵام ھێزی داگیرکەری سەفەوی، توانی یەکێک لە تاوەرەکانی قەڵاکە داگیر بکەن. لەو شەڕەدا سەڕەرای کەمبوونەوەی چەک و گوللە تۆپ لە سوپای میرنشینی برادۆست، لەو کاتەدا ئیعتمادودەولەی وەزیر کۆچی دوایی کرد و محەمەد بەگی بێگدلی لە شوێنی بووە سەرکردە کە میر پیربداغ بەگی والی ئازەربایجانی لەگەڵدا بوو. ئەوەبوو میر قەرەتاج نامەیەکی بۆ نووسی و پێی ڕاگەیاند کە ئەگەر بەڵێنم پێ بدەن و نەمکوژن، خۆم ڕادەست دەکەم، بێگومان ئەمیش فێڵێک بوو تا ئەوەی داگیرکەران سەرقاڵ بکات و ڕیزەکانی سوپاکەی دووبارە ڕێک بخاتەوە. بەم شێوەیە بووە میوانی، ھاوکات محەمەد بەگی بێگدلی ویستی میر قەرەتاج بکوژێت، بەڵام میر ھەستی پێ کرد شوێنەکەی بەجێ ھێشت و بەمەش دووبارە شەڕ و پێکدادان دەستی پێ کردەوە، تا ئەوەی میرقەرەتاج ناچار بوو قەڵای دمدم ئاگر تێبەر بدات، چونکە دەیزانی ڕۆژ بەڕۆژ چەک و سەربازی کەم دەکات و ناتوانێ لەوە زیاتر بەرگری بکات، ھاوکات بۆ ئەوەی بەزیندوویی نەگیرێت و نەبرێتە لای شاعەباسی یەکەم. بەمەش داستانی قەڵای دمدم چووە ڕیزی مێژووی داستانە نەمرەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد. گەلێک چیرۆک و ڕۆمان لە ئەدەبی کوردیدا کە ناودارترینیان ڕۆمانی داستانی قەڵای دمدمی نووسەری بەناوبانگی کوردی ڕووسیا عەرەب شەمۆیە کە بە زمانی ڕووسی نووسراوە، نووسەری بەناوبانگی کورد شکور مستەفا وەری گێڕایە سەر شێوەزاری سۆرانی.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- مەنسوور مەخدوم: گرنگیی کورد وکوردستان لە قۆناغەمێژووییەکانی ئێران تا سەردەمی ئەفشاریە-وەرگێڕانی-ڕەفعەت مرادی.
- قادر ئەحمەدی: کورد و مێژوو.
- یاسین سابر ساڵح: ئینسایکلۆپیدیای گشتی.
- میرشەرەف خانی بدلیسی: شەرەفنامە-مێژووی ماڵە میرانی کوردستان-وەرگێڕانی بۆ کوردی م. ھەژار. *
ڕاجر سێڤری: ئێرانی سەردەمی سەفەوی-و. بۆ کوردی سەلاحەدین ئاشتی.
- د. فەرھاد پیرباڵ: کرۆنۆلۆجیای کوردستان ٦٢٥-١٩٣٢
- بەردینە، ڕۆمان، سەید قادر هیدایەتی، چاپەمەنی خانی 2022
ئەم ژیاننامە وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |