ڕەزا شا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕەزا پەھلەوی

لەدایکبوون١٨٧٨
مەرگ١٩٤٤
ناوەکانی ترڕەزا خان، ڕەزا شا
پیشەشای ئێران
ئایینئیسلام ، شیعە
ھاوسەرتاج‌ولملوک ئایرملو، مریەم سوادکۆیی، توران ئەمیرسولەیمانی، ئیسمەت دۆڵەتشاھی
مناڵ(ەکان)محەممەدڕەزا، ھەمدەمولسەلتەنە، شەمس، ئەشرەف، عەلیڕەزا، غوڵامڕەزا، عەبدوڵڕەزا، ئەحمەدڕەزا، مەحمودڕەزا، فاتیمە، حەمیدڕەزا


ڕەزا پەھلەوی بە ناوی کاتی لەدایکبوونی ڕەزا پالانی، ناسراو بە ڕەزا خان یان ڕەزا شا (بە فارسی: رضا شاە پھلوی یا رضا خان‎؛ لەدایکبووی ١٨٧٨- مردووی١٩٤٤) دامەزرێنەری دەوڵەتی پەھلەوی بوو. لە نێوان ١٩٢٥ تا ١٩٤١ لە سەر دەسەڵات بوو، بە فشاری ھاوپەیمانانی جەنگی جیھانی دووەم ، رووس و ئینگلیز، لە دەسەڵات لادرا و کوڕەکەی محەممەدڕەزا پەھلەوی کرا بە جێگری.

ژیان[دەستکاری]

لە بنەڕەتدا خەڵکی ئاڵاشت لە ناوچەی سوادکۆ پارێزگای مازەندەرانە، لە تاران ژیاوە. بووەتە سەرباز لە لەشکری قۆزاقی تایبەت لە دەوڵەتی قاجاڕ، لە بەر لێھاتوویی سەرکردایەتی ئەم لەشکرەی پێدراوە، ساڵی ١٩٢١ بووەتە وەزیری جەنگ لە دەوڵەتی قاجار. لە ١٩٢٣ پۆستی سەرۆکوەزیرانی لە لایەن شا ئەحمەدمیرزای قاجار پێدراوە. ساڵی ١٩٢٥ دەسەڵاتی بێھێزی قاجار‌ەکانی بنبڕ کرد و بە پشت بەستن بە سەرکردە سەربازیەکان خۆی کرد بە شای ئێران.

پرۆسەی چاکسازی لە ئێران دەستپێکرد بۆ گۆرینی رووالەتی ئێران بەرەو دەوڵەتێکی ھاوچەرخ لە سەر شێوەی کەمالیەکانی تورکیا. لە دەسەڵاتدا دیکتاتۆر بوو. ھەمیشە لە کێشەدا بوو لەگەڵ مەرجەعە ئایینیەکان کە دژی چاکسازیەکانی دەوەستان. ساڵی ١٩٣٤ ناوی (ئێران)ی کرد بە ناوی ڕەسمیی نیونەتەوەیی لە زمانانی ئەورووپاییدا (وڵاتی فارس). ئێران بە واتای خاکی ئاریەکان دێت. توانی دەسەڵاتی دەوڵەت بگەڕینیتەوە بۆ ھەرێمە دوورەکانی عەرەبنشینی پارێزگای خووزستان و لوڕستان و بەلۆچستان . ھیتلەر و ئەتاتورک دوو نموونە بوون کە ڕەزا شا دەیویست چاویان لێ بکا بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی عیلمانی بەھێز و نەتەوەیی، پارتێکی دامەزراند کە رەوتێکی شۆفینی ھەبوو بە ناوی (ئێرانی نوێ). کە ھیتلەر جەنگی راگەیاند، ڕەزا شا دەیویست لایەنگری ئەڵمانەکان بێت. بۆیە ئینگلیز و سۆڤیات لە ترسی پەرەسەندنی ھەر مەترسیەکی نازیەکان، ئێرانیان داگیر کرد و ڕەزا شا لە ١٩٤١ لە سەر دەسەڵات لادرا و ژیانی لە تاراوگەی جۆھانسبیرگ (خوارووی ئەفریقیا) تا مردنی لە ١٩٤٤ بە سەر برد.[١]

کارەکانی ڕەزاشا[دەستکاری]

  • داھێنانی دەوڵەتی نوێی ئێران
  • داھێنانی دەستوورێکی نوێی جلوبەرگ وکڵاوی نوێ لە بری جامانە کە لە رۆژگاری قاجارەکان بەکاردەھات.
  • داھێنانی رێکخستنی نوێ لە دەزگای حکومەت.
  • دانانی دەزگای ناسنامەو رەگەزنامە
  • دانان و راستکردنەوەی یاسای مەدەنی.
  • نیشەجێ کردنی ھۆزە رەوەندەکان، (تەختە قاپو)
  • یەکخستنی ھێزی سەربازی و پێکھێنانی سوپای ئێران.
  • درووستکردنی بانکی ئێران.
  • درووستکردنی رێگەی ئاسن. قیرتاو کردنی رێگەکان. بۆ ئاسانکردنی گەیاندن.
  • قەدەغکردنی پێچەو حیجاب.
  • پەرەسەندنی پیشەسازیەکان.
  • دامەزراندنی (رادیۆی ئێران) و (ئاژانسی ھەواڵی پارس) و (زانکۆی تاران) و (کۆری زانیاری ئێران) بۆ برەودان بە زانست و زمانی فارسی.
  • گۆڕینی ساڵنامەی کۆچی مانگی بۆ ساڵنامەی کۆچی ھەتاوی.

بنەچەی ڕەزاشا و نازناوەکانی[دەستکاری]

ماڵی ڕەزاخان لە ئاڵا‌شت

ڕەزاخان لە دایکبووی دێھاتی (ئالاشت)ی سەر بە دەڤەری سوادکۆی پارێزگای مازەندەرانە. دەڤەرەکە لەم بەشانە پێک دێت: راستوپی، سورخ قەلا، کورد ئاباد، ولووپی و کسلیان، بە گوێرەی ھەندێک سەرچاوە، کوردی ئەم دەڤەرە لە رۆژگاری نادر شا ی ئەفشارەوە لە دەشتی (زەھاو)ی دیوی کرماشانەوە کۆچیان پێکراوەو زۆربەیان کوردی کاکەیی گۆرانن و ھەندێکیان لە ھۆزی (پاڵانی)ن.‌

بە منداڵی لە بەر ھەژاری خۆی و دایکی (نوش ئافەرین) ھاتوونەتە تاران، کە ھەراش بووە چووەتە ناو ریزی لەشکری قازاقی لە سەر شێوەی سوارەی کۆزاکی رووس، کە کاتێک رەزا بوو بە حاکمی ئێران لە ساڵی ١٩٢٥ ویستی نازناوێکی نوێ بۆ بنەماڵەکەی پەیدا بکات رەسەنایەتی و ئێرانی بوونی خۆی پێ بسەلمێنیت . نازناوی پەھلەوی ھەڵبژارد، کە ناوێکی یادگاری رۆژگاری زێڕینی ساسانیەکانە . نازناوەکانی تری :

  1. ڕەزا سوادکوھی.
  2. ڕەزا شەستیر یان ڕەزا مەکسیم ، چونکە شارەزایی ھەبوو لە بەکاربردنی شەستیری ناسراو بە (مەکسیم) کە ئەوسا رەواجی ھەبوو لە جەنگدا.
  3. ڕەزا خان و دواتر ڕەزاخان میرپەنج ئاماژە بۆ پلەی سەربازی پێنج پلە.
  4. ڕەزاشای گەورە (رضاشاە کبیر)کە لەلایەن ئەنجومەنی شوراوە بۆی ھەڵبژێررا.[٢]

سەرباری ئەم ھەموو نازناوانەی بەڵام ناوێکی تریش ھەبوو ڕەزاخان و بنەماڵەکەی لە تاران بەکاریان نەدەھێنا ئەویش نازناوی (ڕەزا پاڵانی)ە کە بە گوێرەی ھەندێک سەرچاوە کوردیەکان لە ناوی ھۆزی (پاڵانی)یەوە ھاتووە کە دانیشتووی سوادکوھن. ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ھەندێک لە ناحەزانی ڕەزاخان نازناوی پاڵانیان وەک سوکایەتی بە کاردەھێنا چونکە لە تورکیدا پاڵانی بە واتای (کورتاندروو) دێت.[٣]

سەرچاوەکان[دەستکاری]