دونبەلی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
جەعفەر قولی خانی دۆنبەلی

دونبەلی یا دۆنبۆلی،  عەشیرەتێکی بە ڕەچەڵەک کوردن(کورمانج)، کە دانیشتووی ناوچەکانی خاناتی خۆی لە پارێزگای ورمێ  و خاناتی تەورێز بوون و بە زمانی تورکی ئازەری قسە دەکەن.[١]

مێژوو[دەستکاری]

دونبەلی لە بۆتانەوە هاتوون، کە ناوچەیەکی کوردیی لە نێوان سێرت و جزیرە لە باکووری کوردستان. یەکەم باپیریان عیسا بەگ بوو، ساڵی ١٣٧٨ بوو بە میری سەکماناوا(ماکۆ). ئەو کوڕەزای شێخ  ئەحمەد بەگە کە لە خزمەت تورکمانانی ئاق قۆیونلوو بوو، و هەروەها ئەم بنەماڵە چەندین پۆستیان لە دەوڵەتی فارس بە دەستەوە بوو. ئەحمەد بەگ کوڕی حەجی بەگ(حەجی سوڵتان) لە سەردەمی تاماسپی یەکەمی سەفەوی لە وڵاتی عەجەم، میری سۆکماناوا و خۆی بوو. ساڵی ١٥٣٠ بنەماڵەی دونبەلی توانی میرنشینێکی نیمچە سەربەخۆ لە ناوچەکە دابمەزرێنێ کە هەرێمی چورس و سەڵماسی دەگرتەوە. لە سەردەمی شا عەبباسی یەکەم ئەم بنەماڵە میرنشینەکەیان بۆ چورس و خۆی پەرە پێدا و هەندێکجار بۆ دەسەڵاتی زۆرتر شەڕیان دەکرد. پاش کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی سەفەوییەکان، میرانی دونبەلی لە ساڵی ١٧٣٦ەوە، بوون بە خانی میراتی خۆی و تەورێز.[٢] خێڵی دونبەلی وەک حاکمانی نیمچە-سەربەخۆ بۆ نزیکەی پەنجا ساڵ لە نێوان مەرگی نادرشای ئەفشار لە ساڵی١٧٤٧ تا بە پادشا بوونی ئاغا محەممەدخانی قاجاڕ لە ساڵی١٧٩٦، حکومەتی خاناتی خۆی و هەروەها تەورێزیشیان دەکرد. ئەوان هەروەها هاوپەیمانی سێ خانەدانی حاکمی ئەفشار(خانەدانی ئەفشاری)، زەند(زەندییەکان) و قاجار(قاجاڕەکان) لە وڵاتی عەجەم بوون.

یەکەم میری هەڵکەوتوو و دیاری ئەم کاتە نەجەف قولی خان بوو. پاش کوشتی شاباز خانی یەکەمی بابی نەجەف قولی خان بە دەستی خاڵی، ئەیووب خانی چورس، بوو بە جێنشینی ئەو وەک میری چوورس و سەڵماس. ساڵی١٧٣٤ نەجەف قولی وەک سەردەستەی چەکداران چووە خزمەتی نادرشای ئەفشار و لە داگیرکردنی هیند(ھیندستان) لەگەڵی بوو و نازناوی بە ئەمیر ئەلئومەرای(میری میرانی) پێ بەخشرا و بووەوە بە میری خۆی. ساڵی ١٧٤٢ بوو بە بەگلەربەگی(حاکمی حاکمان) تەورێز. ساڵی ١٧٤٧ بوو بە خانی حاکمی تەورێز و هەروەها لە سەردەمی جێنشینانی نادرشایش هەر لەم پۆستەی مایەوە. لە شەڕی جێنشینی نێوان چەندین داواکاری پادشایی وڵاتی عەجەم، نەجەف قولی خان و شاباز خانی دووهەمی برازای ساڵی١٧٥٠ چوونە پاڵ فەتح عەلی خانی ئەفشاری-ئەرەشلووی ورمێ. حکومەتی خۆی و سەڵماس بە شاباز خانی دووهەم بەخشرا و نەجەف قولی خان تەورێز و چوورسی بە دەستەوە بوو. پاش مەرگی فەتح عەلی خان، ساڵی ١٧٥٧، خانەکانی دونبەلی بەڵێنی سۆز و وەفاداری خۆیان بە محەمەد حەسەن خانی قاجار دا. ساڵی١٧٦٢ بەڵێن و پەیمانیان بە کەریم خانی زەند دا. ئەو ساڵی ١٧٦٣ عەبدولڕەزاق بەگی کوڕی وەک بارمتە نارد بۆ شیراز. ئەگەرچی نەجەف قولی خان وەک میری ئارام لە خاناتی خۆی مایەوە و شەهباز خان وەک حاکمی خۆی مایەوە لە شیراز، دەسەڵاتی ڕاستەقینێی دونبەلی بە دەستی  ئەمیر ئەحمەد خان برای شەهباز بوو، کە لە ١٧٦٣ تا کاتی مەرگی لە ١٧٨٦ وەک بەهێزترین میری دونبەلی و ڕکەبەری ئاغا موحەمەد خان بۆ سەرۆکایەتی وڵاتی عەجەم بوو . لە ئەنجامدا ساڵی ١٧٨٦ ئەحمەد خان لەگەڵ کوڕە گەورەکەی بە دەستی کوڕەکانی شەهباز کوژران،کە ڕەنگەبە ئەمری شای قاجار کردبێتیان. کوڕی دووهەمی ئەحمەد خان واتە حوسەین قولی خان ساڵی ١٧٨٦ بوو بە جێنشینی باوکی. ساڵی ١٧٩١ ئەو لەگەڵ ئاغا موحەمەد خان و خانەدانی قاجار پەیمانی بەست و بوو بە میری تەورێز، خۆی و ئەردەبیل. ساڵی ١٧٩٢ حوسەین قولی خان بوو بە ئەمیر ئەلئومەرا و بەگلەربەگی ئازەرباینجان. ئەو هەروەها لە بۆنەی تاج لەسەرنانی پاشایەتی ئاغا موحەمەد خان لە دەشتی موغان بەشدار بوو، لەوێ بوو ئاغا موحەمەد خان خۆی وەک شاهەنشا و ئیمپراتۆری سەرانسەری ئێران ناساند. ساڵی ١٧٩٣ کاتێک بوو بە هاوپەیمانی ئیبراهیم خالی خانی جەوانشیر حاکمی قەرەباغ، و کچی ئەوی خواست، لەبەر چاوان کەوت. پاش مەرگی حوسەین قولی خان لە ساڵی ١٧٩٨ برای جەوانتری واتە جەعفەر قولی خان بوو بە جێنشینی. هەروەها لەگەڵ دوو شەڕی ڕووس و عەجەم، میرایەتی و حکومەتی دونبەلییەکان لە ساڵی ١٨٠٩ کۆتایی پێ هات و دەسەڵاتی ناوچەیی ئەوان لە ساڵی ١٨٢٧ تەواو بوو. بەڵام ئەندامانی بنەماڵە چەندین پۆستی حکومەتییان لە ئازەرباینجان و پارێزگاکانی تری وڵاتی عەجەم بەدەستەوە بوو .

لقێکی تر لە دونبەلییەکان چووبوونە کاشان، و ئەندامی بەرچاو و بەناوبانگی ئەوان فەتح عەلی خانی سەبای دونبەلی " مەلەک ئەلشوعەرا" ، شاعیر و شێوەکاری فەتح عەلی شای قاجار بوو.[٣]

ڕەچەڵەکناسی[دەستکاری]

هێڵی یەکەم[دەستکاری]

  • میر عیسا بەگ،١٣٧٨ میری سەکماناوا.
  • میر نەزەر عەلی خان (کوڕی ئەو)
  • میر شێخ ئەحمەد بەگ (کوڕی ئەو)، ١٤٦٧ خزمەتی ئاق قۆینلوەکانی دەکرد
  • میر بەهلۆل ناسراو بە "حاجی بەگ" (کوڕی ئەو)، ١٥٢٦ میری سەکماناوا و خۆی، مەرگ١٥٤٨
  • سوڵتان عەلی بەگ (کوڕی ئەو)
  • سوڵتان نەزەر بەگ (کوڕی ئەو)
  • سوڵتان قوباح بەگ (کوڕی ئەو)
  • میر ڕوستەم ناسراو بە "شاوێردی خان" (کوڕی حاجی بەگ)
  • میر بەهرووز خانی یەکەم ناسراو بە "سەڵمان خەڵیفە" (کوڕی ئەو)
  • میر ئەیووب خانی یەکەم (کوڕی ئەو)
  • میر بەهرووز خانی دووهەم ناسراو بە "سەڵمان خان" (برای ئەو)، ١٦٣٦-١٦١٦ حاکمی چورس و سەڵماس بوو، بنیاتنەری هێڵی چورسە:
  • میر ئەیووب خانی دووهەم  ناسراو بە "سوباشی خان" (کوڕی ئەو)، ١٦٥٩-١٦٣٠ حاکمی چورس، سەڵماس و خۆی
  • میر مورتەزا قولی خان مەزن (کوڕی ئەو)، حاکمی چورس
  • میر شابەندە خان (کوڕی ئەیووب خانی یەکەم)
  • میر عەلی خان ناسراو بە "سەفی قولی خان"،١٦٧٤-١٦٣٠ (کوڕی ئەو)
  • میر مورتەزا قولی خانی یەکەم (کوڕی ئەو)، بنیاتنەری هێڵی کاشان
  • غیاسەدین بەگ (کوڕی ئەو)
  • شەریف بەگ ناسراو بە "عەبباس مەنزور خان" (کوڕی ئەو)
  • غازەل خان (کوڕی ئەو)
  • ئاغا موحەممەد بەگ (کوڕی ئەو)
  • فەتح عەلی خانی سەبا ناسراو بە " مەلەک ئەلشوعەرا" (کوڕی ئەو)
  • میر شەهباز خان (کوڕی مورتەزا قولی خان).

هێڵی خانەکانی خۆی[دەستکاری]

  • مورتەزا قولی خانی دووهەم (کوڕی شەهباز خانی یەکەم)، یەکەم خانی خۆی، ماوەی حکومەت ١٧٤٦-١٧٣١
  • شەهباز خانی دووهەم (کوڕی ئەو)، دووهەم خانی خۆی ، ماوەی حکومەت ١٧٦٣-١٧٤٦
  • ساحەب سوڵتان خانم(کچی شەهباز خانی دووهەم)
  • موحەممەد بەگ (کوڕی شەهباز خانی دووهەم)
  • مەحمود خان (کوڕی ئەو)، میری خۆی لە ١٨٠٠-١٧٩٩
  • مەهر نەسا خانم(خوشکی ئەو)، خێزانی فەتح عەلی شای قاجار
  • ئەحمەد خان (کوڕی مورتەزا قولی خانی دووهەم)، ١٧٨٦-١٧٦٣ حاکمی خۆی بوو
  • کەلب عەلی خان (کوڕی ئەو)
  • حوسەین قولی خان ( برای ئەو)
  • موحەمەد سادق خان (کوڕی ئەو)، ئەمیر ئەلئومەرا و حاکمی ئازەرباینجان ١٨١٣-١٧٩٨
  • حوسەین خان (کوڕی ئەو)
  • ئاغە میرزا ئیبراهیم (کوڕی ئەو)
  • جەعفەر قولی خان (برای حوسەین قولی خان)، جێنشینی برای لە ١٧٩٣وە تا ١٧٩٨ لە خۆی
  • ئیسماعیل خان (کوڕی ئەو)، حاکمی شەککی
  • میر ئەسلان خان (جەوانترین کوڕی ئەحمەد خان).

هێڵی خانەکانی تەورێز[دەستکاری]

  • نەجەف قولی خانی یەکەم (کوڕی شەهباز خانی یەکەم)، جێنشینی باوکی لە ١٧٣١ لە چورس، حاکمی تەورێز، یەکەم خانی تەورێز
  • خوداداد خان (کوڕی ئەو)، جێنشینی باوکی ١٧٨٥ لە تەورێز، دووهەمین خانی تەورێز
  • حاجی فەتاح عەلی بەگ (کوڕی ئەو)
  • نەجەف قولی خانی دووهەم(کوڕی ئەو)، ١٨٠٩حاکمی تەورێز.

هێڵی میر ئەسلان خانی دونبەلی[دەستکاری]

  • میر ئەسلان خان (جەوانترین کوڕی ئەحمەد خان)،حاکمی تەورێز و خۆی و دواتر خەمسە و زەنجان، لە بەرەی ئەوە:
  • سەڵمان خان (کوڕی ئەو)ز لە بەرەی ئەوە:
  • حاجی قوڵام عەلی خان ناسراو بە ئەمین ئەدیوان لە لایەن ناسرەدین شای قاجارەوە، ١٨٨٢ حاکمی خۆی.
  • موحەممەد ئیسماعیل خان
  • موحەممەد زەمان خان "سەفەر خان"
  • ئەمانوڵڵا خان زیائەلسوڵتان، ئەو شازادە مەلەکە ئافاق خانمی کچی بەهمەن میرزای خواست
  • عەبباس عەلی خان
  • کەلب عەلی خان
  • عەسگەر خان.[٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Oberling, Pierre. "KURDISH TRIBES". Encyclopaedia Iranica. Retrieved 2009-09-06.
  2. ^ Oberling, Pierre. "DONBOLI". Encyclopaedia Iranica. Archived from the original on 17ی Novemberی 2016. Retrieved 2011-11-29. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help)
  3. ^ Mahboub and Sakineh Mahdaviyan: Donboli, the Ruling Tribe in Khoy, Adv. Environ. Biol., 8(12), 1285-1290, 2014.
  4. ^ Oberling, Pierre. "DONBOLI". Encyclopaedia Iranica. Archived from the original on 17ی Novemberی 2016. Retrieved 2011-11-29. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help); Mahboub Mahdaviyan and Sakineh Mahdaviyan: Donboli, the ruling Tribe in Khoy, Adv. Environ. Biol., 8(12), 1285-1290, 2014, (the internet, 2015); Manoutchehr M. Eskandari-Qajar: Life at the Court of the Early Qajar Shahs, transl. and edit. from "Tarikh-e 'Azodi" by Soltan Ahmad Mirza 'Azod al-Dowleh, Mage Publishers, Washington 2014, pp. 140 ff.;The Donboli Family page, http://www.donboli.info/mashahir.htm ٤ی ئازاری ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., internet 2015.