کۆمەڵکوژی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

کۆمەڵکوژی یان جینۆساید (بە ئینگلیزی: Genocide) بە لەناوبردنی کۆمەڵێک خەڵک یان دەستەیەک دەوترێت لەلایەن وڵاتێک یان پارتێکی دەسەڵاتدارەوە لەناوبرابن و ھەوڵی کوشتنیان درابێت. دەشێت کۆمەڵکوژی ھۆکاری ئایینی، نەتەوەیی، ڕامیاری، یان بیری ڕەگەزپەرستانەی لەدواوە بێت. وەک لەناوبردنی ئەرمەنییەکان لە لایەن ئیمپراتۆری عوسمانییەوە، یاخود کیمیاوی بارانی ھەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقییەوە.

کرداری جینۆساید، بە تاوانێکی نێودەوڵەتی ناسراوە، لە ساڵی ١٩٤٨دا، نەتەوە یەکگرتووەکان پێناسی بۆ داناوە و لەسەری ڕێککەوتوون.

زاراوەی جینۆساید[دەستکاری]

جینۆساید زاراوەیەکە لە دوو بڕگە پێکهاتوە ، جینۆ (Genos) وشەیەکی گریکیە بە واتای ڕەگەز یان بنەچە دێت ، (ceader) وشەیەکی لاتینییە بە واتای لەناوبردن و پاکتاوکردن دێت ، هەردوو وشە پێکەوە بەمانی پاکتاوکردنی رەگەزی دێت . بەکارهێنانی زاراوەی جینۆساید بۆ یەکەمجار لە لایەن شەرەزای یاسایی پۆلەندی (رافائیل لیمکین) لە (مەدرید) لە کۆنفرانسی ساڵی (۱۹۳۳) بەکاریهێناوە و لە ساڵی (۱۹۲٤) بە نوسن تۆماری کردوە ، ئەم یاساناسە خێزانەکەی بەدەستی ئەڵمانەکان لە ناوبردراون .

جۆرەکانی جینۆساید[دەستکاری]

۱ - جینۆسایدی جەستەیی : بریتیە لە لە کوشتن و لەکاوبردنی تاکەکانی کۆمەڵ ، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ وەک

( گولەبارانکردن ، زیندەبەچاڵکردن ، شونبزرکردن ، لەسێدارەدان ، بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ ).

بۆ نمونە : کیمیابارانکردای هەڵەبجە و گوندو لادێکانی کوردستان لە لایەن رژێمی عێراق و بەکارهێنانی چەکی فسفۆری و ژەهراوی دژ بە گەلی کورد ، زیندەبەچاڵکردنی ئەنفالکراوەکان لە بیابانەکانی رۆژئاوای عێراق . کوشتن و لەناوبردنی نێرینەی بارزانیەکان و گەنجە کوردەفەیلیکان ،بۆوردومانکردنی شاری قەڵادزێ بە بۆمبی ناپاڵم ، ئەمانە دیارترین جۆری پاکتاوکردنی جەستەیین دژ بە گەلی کورد لە عیراق .

۲- جینۆسایدی بایەلۆژی : ئەم جۆرەیان بریتیە لە ڕێگرتن لە وەچە نانەوە و زۆربوون و گەشەسەندنی کۆمەڵە مرۆڤێیکی یەک ڕەگەز بەهۆی نەزۆک کردن و لە باربردنی ئافرەت و خەساندنی پیاوان و لێک جیاکردنەوەی ژن و پیاو بۆ ماوەیەکی درێژ . ئەم تاوانە لە شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی (۱۹۸۸) لە کوردستان پەیڕەوکراون ، بە تایبەتی لە مەڵبەندەکانی کۆکردنەوەی ئەنفالکراوەکان لەکاتی جیاکردنەوەی پیاوەکان لە ژنەکان ، بە هەمان شێوە جیاکردنەوەی نێرینەی بارزانیەکان لە خێزانەکانیان لە ساڵی (۱۹۸۳) .

۳- جینۆسایدی کولتوری: قەدەغەکردنی زمانی زگماک و شێواندنی مێژوو و کولتوری کۆمەڵە مرۆڤیک و سڕینەوتی شوێنەواری شارستانی و مێژوویی دەگرێتەوە . لە وێرانکردن و شێواندنی شوێنە دێرینەکان، کە پاشماوەی کۆن ونوێ دانیشتوانی ناوچەکەن ، وەک ڕووخاندنی مزگەوت و کلێسە و قەڵا دێرینەکان و پەیکەرەکان ، کە ناسنامەی مێژوویی دانیشتوانی ناوچەکەن. لە لایەن زۆربەی نەتەوە باڵا دەستەکانەوە هەوڵی بێوچان دەدرێت بۆ پشگیری دەسەڵاتەکانیان لە پاکتاوکردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی ، بۆ تواندنەوەی زمان و ڕۆشنبیری و مێژووی ئەو نەتەوانەی کەلەناو نەتەوە زۆرینەکان دەژین . جینۆساییدی کولتوری لە زۆر شوێنی جیهاندا پەیڕەو دەکرێت ، وەک لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا دەرهەق بە گەلی کورد دەکرێت ، وە لەباکووری ئەفریقیا دژ بە ئەمازیغەکان ، لە سودان دژبە دانشتوانی دارفور و میانمار دژبە موسڵمانەکانی ئەو وڵاتە دەکرێت...هتد .


٤- جینۆسایدی ئابووری : بریتیە لە برسیکردنی دانیشتوان لە ڕێگای تەختکردنی کێڵگە کشتوکاڵیەکان و لەناوبردنی سەرچاوەی ئاویەکان و ڕێگا گرتن لە کارکردن بۆ بژێوی ژیان و لەناوبردنی هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵە خەڵکێک . ئەم جۆرەیان وەکو جۆرەکانی تر زۆر بە ئاشکراو روون لە کوردستان بەرچاو دەکەوێت . پتر لە (٤٥۰۰) چوار هەزار و پێنج سەد گوندی کوردستان لەگەڵ زەوی تەختکران.