یارسان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

یارسان،ئایینی یاری، ئەھلی حەق یان کاکەیی دینێکی تایبەتن کە ھەڵگری بیروباوەڕی ئایینی جیاوازن، لە گەلێک شوێنی کوردستاندا بڵاون، بە تایبەت لە ھەڵەبجە و گوندی ھاوار سەر بە ھەڵەبجە کرماشان و گەرمیان. کاکەیی دانیشتووی کەرکووک و لێواری زێی نێوان ھەولێر-مووسڵ و شەبەک ئەمانە ھەموو بە بنەچەکی ھۆز و زمان و بیروباوەڕی ئایینی دەگەنەوە یەکتر. شوێنەکانی نیشتەجێ بوونی یارسان لە کوردستاندا، لە کۆنەوە تا ئەم سەردەمە ھەندێک گۆڕانکاری بە خۆوە دیوە. بەڵام ئەوەی کە ھەمووان لە سەری پیداگری دەکەن ئەوەیە کە لە سەرەتادا ئایینی یارسان لە ناوچەکانی ھەورامان و شارەزوور و لوڕستان بڵاوبووتەوە و گەشەی کردووە، جا دواتر گەیشتووتە ناوچەکانی تری کوردستان و ئێران.[١]

ھەرچەندە کۆنترین دەقە ئایینییەکانی ئایینی یاری دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ٢ کوچی و ھەندێک لە پەرسگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئیسلام، بەڵام پێکھاتەی ئێستای لە سەدەی ٧ کوچییەوە لەلایەن سوڵتان سەھاکەوە دامەزراوە کە بە بیروباوەڕی خەڵکی یارسان بەرزترین پێگەی ھەیە لە جیھان.

جوگرافیا[دەستکاری]

زۆرینەی شوێنکەوتووانی یارسان لە پارێزگای کرماشان و ناوچە نزیکەکانی پارێزگای لوڕستان و پارێزگای ئیلام دەژین. ئەوان زۆرینەن لە ناوچەی ماھیدەشت و بیڤانیج و زوھاب لە کرماشان و گوندەکانی دێلفان و ھۆلیلان و پشت کوە لە ئیلام و لوڕستان.[٢] ناوەندە شارییەکان بریتین لە سەحنە و کرن و گاوارە و شارە گرنگەکانی دیکەش بریتین لە کرماشان و سەرپێڵی زەھاو و قەسری شیرین. ناوچەکانی دیکەی ئێران کە دانیشتووانەکەی یارسانی بەرچاون بریتین لە ھەشتگرد، وەرامین لە نزیک تاران، مەراغە و تەورێز لە ئازەربایجانی ئێران. لە باشووری کوردستان پەیڕەوانی یارسان بەشێوەیەکی سەرەکی لە دەوروبەری مووسڵ و کەرکووک دەژین.[٢]

ناو[دەستکاری]

خەڵکی یارسان بە ناوی جیاوازەوە ناسراون ھەرچەندە ناوی یارسان و یاری زیاتر لە ھەر ناوێکی تر لە تێکستە ئایینییەکاندا بەکارھاتووە و پەیڕەوانی ئەم ئایینەش خۆیان بە ناوی یار دەناسن، بەڵام لە ناوچە جیاوازەکان ناوەکانی جیاوازی وەک اھل حەق، کاکایی، سارلی، خێڵ، تایفەسان،[٣] گۆران، قەڵخانی، قزلباش، نیازی، اھل نیاز، اھل سر، سرتالبی، شاملو، خواجوەند، سرئاقل، علی اللھی و ھتد. لەلایەن غەیرە یارسانەکانەوە خراونەتە سەریان.[٤]

لە ئازەربایجانی ئێران شوێنکەوتوانی ھەندێک جار بە «گۆران» و ھەندێک جاریش شاملو ناودەبرێن شاملو کەسانێک بوون کە لە شامەوە کۆچیان کرد بۆ ئازەربایجان لەلایەن ئەمیر تیمور و لە سەردەمی سەفەوییەکان گۆڕدران بۆ ئایینی یارسان لە ئازەربایجانیش خەڵکی یارسان بە قەرە قویونلو و گۆرنلەر (واتە بینەران) و لە ئۆرومییە ئەبدال بەنی ناودەبرێن. ھەروەھا لە ئەفغانستان و لە تورکیاش شوێنکەوتوانی یارسان بە قەزڵباش ناو دەبەن، بەوبۆنەوە کە شوێنکەوتووانی یارسان لەو ھەرێمە بەشدارییان لە بزووتنەوەی قزڵباشدا کرد.[٤]

لە قەزوین شوێنکەوتوانی یارسان بە کاکاوەند ناودەبرێن و لە مازەندەرانیش خاجەوەند، ھەردوو ناوی ئێلن نەک ناوی ئایین لە زەنجان شوێنکەوتوانی یارسان بە «سر تالبی» ناودەبرێن، واتە ئارەزومەندی نھێنییەکان.[٤]

ھەروەھا زۆرێک لە غەیرە یارسان پەیڕەوانی ئەم ئایینەیان بە ھەڵە «علی اللھی» ناودەبرد، کە لە ڕاستیدا ناوی ئەو مەزھەبە بوو کە لە سەردەمی عەلی کوڕی ئەبووتاڵیبدا لەلایەن عەبدوڵلا کوڕی سەبا دامەزراوە و شوێنکەوتوەکانیان باوەڕیان بە خوا بوونی عەلی ھەبوو. ئەم ناوە بە ھەڵە بە شوێنکەوتووانی یارسان بەھۆی بوونی تێگەیشتنی خودامرۆیی لە ئایینی یارسان لەلایەن عەرەب و موسڵمانانەوە گوتراوە.[٤]

کورتەمێژوو[دەستکاری]

بە بۆچوونی ھەندێک لە مێژووناسان، ناوی یارسان کورتکراوەی «یارسولتان»ە[٥] و مەبەست لێی سوڵتان سەھاکە، ھەرچەند بوونی ئایینی یارسان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی میترایییەکان (٤٠٠٠–٥٠٠٠ ھەزار ساڵ لەمەوبەر) بەڵام سوڵتان سەھاک بە داڕێژەرەوەی ئایینەکە دادەنرێت.[٦] کە ڕێبەرێکی دیاری ئەم بیروباوەڕەیە لە کوردستاندا. یاخود یارستان بە واتای شوێنی یار یا موردانی ئەھلی حەق. کۆنترین ناودارانی یارسان بابا تاھیری ھەمەدانی (٩٣٧ – ١٠١٠)ز لای یارسانەکان پیرۆزە و ھەندێک لە نوسراەوەکانی لە سەرەنجام کە بەدی دەکرێت کە نووسراوی ھەرە پیرۆزی یارسانە.[٧]

ئایینی یارسان بە چەند گڕێکی (دەوران) دا ڕوویشتووە، پەییڕەوانی ئایینەکە ماوەی ھەرگڕێک بە ٣٠٠ ساڵ دەخەمڵێنن بەپێی سەرئەنجام. ھەتاوەکو سەردەمی سوڵتان سەھاک ئایینی یارسان ھەشت گڕێ بەخۆوە بینێوە، کەواتا تەمەنی ئەمم ئایینە بە لای کەمەوە بۆ ٢٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە.

بالولی دانا (کەسایەتییەکی یارسانییە لە سەدەی ١–٢ی کۆچی دەژیا)، لەوسەردەمە باس لە زیندوکردنەوەی ئایینی یارسان دەکات، دەفەرمێ:

ئەی ئەو واتەی یاران، ئەو واتەی یاران

ئێمە دێوانەی ئەو واتەی یاران

ھەنێ مەگێڵین یەک یەک لە شاران

تا زندە کەرین ئایینی یاران

کەواتا ئایینی یاران زۆر لەسەردەمی سوڵتان سەھاک کۆنترە بۆیە داوای زیندوگردنەوەی کردوە.

لە سەدەی نۆزدەیەم[دەستکاری]

بەشێکی زۆری کوردانی ئێران تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم شوێن ئایینی یارسان کەوتوون ھێنری بایندر، گەشتیارێکی فەڕەنسییە، کە لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەیەمدا سەردانی کرماشانی کردووە، لە سەفەرنامەکەیدا لە ساڵی ١٨٨٧دا بە ناوی «لە کوردستان لە میزۆپۆتامیا و پێرشیا» بڵاوکراوەتەوە زۆربەی خەڵک بە یارسان دەزانێت کە لەسەردانێکیدا بۆ قەسر شیرین دەنوسێت:[٨]

ھەروەھا سەبارەت بە سەردانی شاری (کرماشان) دەنوسێت:[٨]

ناوداران[دەستکاری]

  • سوڵتان سەھاک (١٢٧٦–١٣٩٥ز): شۆرشگێرێکی پیشکەوتوخوازی بیروباوەڕی یارسانەکانە. کوڕی شێخ عیسا بەرزنجەیە و لە پردیوەری ھەوراماندا ژیاوە.
  • شائیبراھیم: کوڕی محمد گەورەسوار.
  • باوەیادگار: لە سەدەی ھەشتەمی کۆچی دا ژیاوە مەزاری لە بناری چیای داڵاھۆیە لە نزیک گوندی زەردەی ڕێژاوی سەر بە کرند لە ڕۆژاوای کرماشان.[٩]
  • پیرشاڵیار: کە مەزارەکەی لە ھەورامانی تەختە[ژێدەر پێویستە]
  • خامۆشی
  • قەلەندەری
  • میر ئەحمەد ناسراو بە میرسوری
  • باوەیسی
  • مستەفایی
  • شاخوشین: لە لوڕستان.[ژێدەر پێویستە]

باوەڕ[دەستکاری]

مەرجەکانی چوونەناوەوەی ئایین[دەستکاری]

بەچۆکداھاتن :بەپێی سەرئەنجام، ھەموو کەسێک (نێر و مێ) ناچارە پیر و ھۆکاری بێت، ئەگینا بە یارسان ناژمێردرێت.

مۆری سمێڵ[دەستکاری]

بەپێی سەرەنجام، سمێڵ یەکێکە لە نەریتە پیرۆزەکانی یارسان و نابێت پیاوانی شوێنکەوتووی ئایینی یارسان سمێڵیان بتاشن و دەبێت سمێڵیان دەست لێنەدراو بمێنێتەوە. مەرجی چوونە ژوورەوەی ئاھەنگی جەم و دانیشتن لە ئەڵقەی جەم ئەوەیە کە سمێڵێکی دەست لێنەدراوی ھەبێت. تاشینی سمێڵ دەبێتە ھۆی بێ بڕوابوون و پوچەڵکردنەوەی بەچۆکداھاتن بۆ ئایین.

لە سەرەنجام لە زمانی داوود کەوسوار ھاتووە:

سێوێل یار شوڕەن و ڕووی لێواناتا یار بناسۆ خێش و بیگانا

زمان و شیعر[دەستکاری]

زمانی بیروباوەری یارسانی شێوەزاری گۆرانە کە زمانی دانیشتووانی چەندین دەڤەرە لە کرماشان، ئەردەڵان[ژێدەر پێویستە]باکووری لوڕستان و ھەمەدان. بۆ ماوەیەکی درێژ زمانی فەرمی حوکمڕانانی کوردستان و زمانی شیعر و شاعیران بووە. گێڕانەوەی بەیت و ستایشی یارسان بە ئاوازەوە وشەی گۆرانیی بە واتای ستران لە زمانی کوردیدا پەیداکردوە.[ژێدەر پێویستە] نموونەی بەیتی یارسان (شیعری شاخوشین لوڕستانی):

یارسان وەڕا
ڕای حەق ڕاسییەن بڕانان و ڕا
پاکی و ڕاستی و نیستی و ڕەدا
قەدەم و قەدەم تا و مەنزڵگا[٧]

بنەچەک و پێوەند[دەستکاری]

سەرەتای دەستپێکی ئەم بزاڤە ئایینییە لە ناوچەی «لوڕستانەوە» بووە و دواتر بەرەو باکووری دەڤەری «گۆران» نشین پەرەی ستاندووە. ھەر لەبەرئەوە ناوچەکانی لوڕستان و باشووری کوردستان، لە کۆنترین بیرەوەرییەکانی «گۆران»ەکاندا شوێنێکی بەرچاوی ھەیە، ھەر ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە شوێنە پیرۆزە دێرینەکانی ئەو ناوچانە، وەکوو «ئاتەشکەدەی تاقگرا» نزیک بە شاری «زەھاو»یان «دووکانی داوود» کە پەیکەرێکی دێرینەیە و دەرکەوتووە و پەیوەندی بە «ئاگر پەرستن»ییەوە ھەیە، بە پیرۆز بزانن و ناوی «دووکانی داوود»ی لەسەر دانێن و وەک میراتی پیرۆزی خۆیان ڕێزی لێبگرن.[١]

بیروباوەڕ[دەستکاری]

وا دەزانرێت کە بیروباوەڕی یارسانی یەکێک بێت لە شیعەی توندڕەو کە بە عەرەبی بە (غولات) ناو دەبرێن واتە توندڕەو، کە لە سەدەی نؤیەمدا سەری ھەڵداوەو زیاتر بە «قزڵباش» بانگ دەکران. وشەی لێکدراوی «ئەھلی حەق» لە فەرھەنگی «سۆفییە» دا بە کەسانێک دەگوترێت کە پلە سەرەتایییەکانی تێگەیشتن «شەریعەت، تەریقەت، مەعریفەت»یان تێپەڕکردووە و گەیشتوونەتە ئەوپەڕی تێگەیشتوویی، واتە «حەقیقەت». ھەروەھا ئەم وشەیە بە مانای کەسایەتی تێگەیشتوو لە «ڕازی ئایین» دەگوترێت کە لەلایەن «سوڵتان سەھاک»ەوە گەشەی کردووە. سوڵتان سەھاک گۆرانکاری خستووەتە ناۆ ئەم ئایینە کوردییە کۆنە، بۆ پارێزگاری لە ئایینەکە و ھەوڵانی ڕواڵەتی ئایینەکەی بە عەلی کوری تالیب داپۆشیوە بۆ ئەوەی بتوانێت یار و یاوەرانی بپارێزێت. ئەم ئایینە باوەری بە دۆن و دۆن (دووبارە ژیانەوە بەڵام لە کەسێکی دیکە) ھەیە، عەلی کوری تالیب یەکێک بووە لەو کەسانە کە ژیانی کەسایەتییەکی پیرۆزی یارسان بووە، ھەر لەبەر ئەوە بە چاوی ڕێزەوە لەلایەن کاکەیییەکانەوە تەماشای دەکرێت بەلام کەسایەتی دیکە ھەن، وەکو عیسای مەسیح، بوودا… ھتد ھەمان پیرۆزیان ھەیە.

یارسان (کاکەیی) باوەڕیان بە خودایەکی گەورە و بنچینەیی ھەیە لەگەڵ شەش ھاوشێوەی خودا (واتە ڕۆحی خودا لەو شەش کەسەشدا ھەیە) ھەندێک لەو کەسانەش بەپێی بیر و باوەڕی یارسانییەکان بریتین لە مەسیح، عەلی کوڕی ئەبوتالیب و سوڵتان سەھاک کە ئەوان پێشیان وایە سوڵتان ئیسحاق لە دایکبونەکەشی لە کەسێکی وەک مریەم بووە. شوێنەکەوتوانی یارسان باوەڕیان بە کۆپیکردنەوەی ڕۆح ھەیە و پێیان وایە خودا گەورە سەرەکییەکە ئیش و کاری مرۆڤ ڕاستەوخۆ بەڕێوە نابات و بەڵکو لە ڕێگەی شەش لاشەکەوە کارەکان بەڕێوە دەبات کە ڕۆحی خۆی تێکردوون. کتێبە پیرۆزەکەی یارسان ناوی سەرەنجامە.

بنەماڵەکانی حەقیقەت[دەستکاری]

لە دەستووری یارسان ھەر پەیڕەوی ئەم ئایینە دەبێ پیر و دەلیلی بێت. لە سەردەمی سوڵتان سەھاکەوە، پیر بنیامین پیر و داو کەوسوار دەلیلی ھەموو یارسانییەکان بوون. بەڵام ناوبڕاکان بەھۆی ھاوسەگیری نەکردن منداڵیان نەبووە و سوڵتان سەھاک حەوت بنەماڵە (خانەدان یا دوودە) بە ناوی بنەماڵەکانی حەقیقەت دامەزراند تا نەسلەکانی داھاتووی یارسانییەکانیش لە ھەر چەرخە و سەردەمێک پیر و دەلیلیان بێت.[١٠]

ناوی ئەم بنەماڵەکانە بریتییە لە:

  1. بنەماڵەی شائیبراھیمی
  2. بنەماڵەی عالیقەڵەندەر
  3. بنەماڵەی یادیگاری
  4. بنەماڵەی خامۆشی
  5. بنەماڵەی میرسۆری
  6. بنەماڵەی مستەفایی
  7. بنەماڵەی حاجی باوەیسی

پاش لە سوڵتان سەھاک لە سەدەکانی یازدەھەم و دوازدەھم و سێزدەھمی کۆچیی مانگی، چوار بنەماڵەی دیکەیش بە ناوەکانی ژێر دامەزرا.[١١]

٨- بنەماڵەی زوننووری
٩- بنەماڵەی ئاتەشبەیگی
١٠- بنەماڵەی شاھەیاسی
١١- بنەماڵەی باوەحەیەری

ھەروەھا بنەماڵەێکی دیکەیش بە ناوی سەید دەوریشی کە لە نەسلی سەید دەوریش بووە کە پێشتر بەشێک لە بنەماڵەی یادیگاری بووە و ئێستا پەیڕەوانی، سەیادەتی بنەماڵەی خامۆشییان قەبووڵ کردووە و بوونە بە بەشێک لەم بنەماڵە.[١٢]

ئەم بنەماڵەکانە بە جێگێری لە پیر بنیامین کە پیری ئەزەلیی یارسان بووە کاری ئایینی دەکەن. جێگێری داو کەوسواریش، کە دەلیلی ئەزەلی یارسان بووە بە ملی ڕۆڵەکانی ھەفتا و دوو پیرە. بەڵام لە ھەندێک کات بە پیر ئیختیاری ھەڵبژاردنی دەلیلیش دراوە و ئەسە یارانی بڕێک لە بنەماڵەکان دەتوانن بە ئیزنی گەورەپیاوی ئەو بنەماڵە بە دەلیلیی موریدەکانی ئەو بنەماڵە ھەڵبژیردرێن.[١٠] بەڵام سوڵتان سەھاک بۆ جێگەی خۆ کەسێک دانەنیشاند.[١٢]

بنەماڵەی ساحیبزەمانی[دەستکاری]

لە سەدەی بیستەمدا بڕێک لە پەیڕەوانی نیعمەتوڵڵای موکریی جەیحوون ئابادی کە پێشتر بەشێک لە بنەماڵەی شاحەیاسی بوون، لەم بنەماڵە لقیان دا و بنەماڵەی دوازدەھەمیان دامەزراند کە خۆیان بنەماڵەی ساحیبزەمانی یان مەکتەبیان پێ دەگۆت. بەھۆی ھەولی ڕێبەرەکانی ئەم بنەماڵە بۆ نزیکترکردنی بیروباوەریان بە شیعەی دوازدە ئیمامی، بە پەیڕەوانی ئەم بنەماڵە «ئەھلی حەقی موسڵمان» دەڵێن. فەرمانی ڕێبەری ئەوکاتی ئەم بنەماڵە، بارام ئیلاھی لەسەر کۆتاکردنی سمێڵ لە ساڵی ١٣٦٩ی کۆچیی ھەتاوی بوو بە سەبەبی شەڕ و پێکدادان لە ناوینی پەیڕەوانی ئەم بنەماڵە و بنەماڵەکانی دێکە.[١٣]

ڕێگەی پیرەکان[دەستکاری]

ئایینی یارسان لە کۆنترین چینی ئایینە یەزدانییەکانە. ھەر یەک لە ئایینی زەردەشتی، یارسانی و عەلەوییەکانی باکووریش، ھەمان چینی پیرەکانیان ھەیە؛ و ئەم ئایینانە لە چەندین ئەرک و شێوەزدا لە یەک دەچن. بە گرۆپی ئایینییەکانی ئێزدانی ناسراون.[١٤] بڕێک لەم لەیەک چوونانە بریتین لە:

  • ھەبوونی پیر
  • ڕێزگرتن و پیرۆز زانینی سەرچاوە سروشتییەکان وەک ئاو، ھەوا و ئاگر
  • بەکارھێنانی موسیقا، وەک دەف و تەموورە، بۆ ڕێوڕەسمی ئایینی
  • ھێشتنەوەی سمێڵ-لەناو یارسانی و ئێزدیدا
  • ھەر چوار ئایینەکە چوارشەم بە پیرۆزترین ڕۆژ دەبینن
  • لەبەرکردن جلی و بەرگی ڕەنگ سپی بۆ پیاوانی ئایینی

پێشانگا[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا "میژوو و فەلسەفەی یارسان". Archived from the original on ١١ی ئازاری ٢٠١٦. Retrieved ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢. Check date values in: |access-date=, |archive-date= (help)
  2. ^ ئ ا Hamzeh'ee, M. Reza (ی ی 1990). The Yaresan: A Sociological, Historical and Religio-historical Study of a Kurdish Community. Berlin: K. Schwarz. pp. 38–39. ISBN 978-3-922968-83-2. Retrieved 13ی شوباتی 2022. Check date values in: |accessdate=, |date= (help)
  3. ^ "The Yaresan" (PDF). وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی دانیمارک. Retrieved 6ی شوباتی 2022. Check date values in: |accessdate= (help)
  4. ^ ئ ا ب پ تاهێری, تەییب. تاریخ و فلسفهٔ سرانجام: فرهنگ یارسان و شرحی بر نحله‌های فکری و اعتقادی در کردستان (بە فارسی). هەولێر: موکریانی. Check date values in: |accessdate= (help); |access-date= requires |url= (help)
  5. ^ بابایادگار، چشمە آناھیتا: دیار یارسان
  6. ^ ئێستا مەزارەکەی لە گوندی شێخانە لە ھەورامان.
  7. ^ ئ ا الدیانات القدیمة فی کوردستان / دیانة الکاکائیة
  8. ^ ئ ا بایندر, ھێنری. سیاحت‌نامه هانری بایندر|ایران - سیر و سیاحت - قرن 13ق. ||خانه كتاب (بە فارسی) (1 ed.). تاران: مگستان. pp. 193–215. ISBN 978-622-6623-47-6. Retrieved 6ی شوباتی 2022. Check date values in: |accessdate= (help) ٦ی شوباتی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  9. ^ "خانەدانەکانی یارسان". Archived from the original on ٦ی تەممووزی ٢٠١١. Retrieved ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢. Check date values in: |access-date=, |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= (help) ٦ی تەممووزی ٢٠١١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  10. ^ ئ ا ئازادی، عەلی موحەممد، ئاشنابوون لەگەڵ بیرەباوەرەکان و دابونەرێتی ئەھلی حەق لە پارێزگەی کرماشان (آشنایی با عقاید و آداب و ڕسوم دینی اھل حق در استان کرمانشاە)، کرماشان: دامەزراوەی چاندی ھۆنەری و سینەماییی کەوسەر (کرمانشاە: مؤسسۀ فرھنگی، ھنری و سینمایی کوثر)، (بە زمانی فارسی)، چاپی دووەم: ١٣٨٢ی کۆچی ھەتاوی، پ ١٦٩.
  11. ^ ئازادی، عەلی موحەممد، ئاشنابوون لەگەڵ بیرەباوەرەکان و دابونەرێتی ئەھلی حەق لە پارێزگەی کرماشان (آشنایی با عقاید و آداب و ڕسوم دینی اھل حق در استان کرمانشاە)، کرماشان: دامەزراوەی چاندی ھۆنەری و سینەماییی کەوسەر (کرمانشاە: مؤسسۀ فرھنگی، ھنری و سینمایی کوثر)، (بە زمانی فارسی)، چاپی دووەم: ١٣٨٢ی کۆچی ھەتاوی، پ ١٨١–١٦٩.
  12. ^ ئ ا ئازادی، عەلی موحەممد، ئاشنابوون لەگەڵ بیرەباوەرەکان و دابونەرێتی ئەھلی حەق لە پارێزگەی کرماشان (آشنایی با عقاید و آداب و ڕسوم دینی اھل حق در استان کرمانشاە)، کرماشان: دامەزراوەی چاندی ھۆنەری و سینەماییی کەوسەر (کرمانشاە: مؤسسۀ فرھنگی، ھنری و سینمایی کوثر)، (بە زمانی فارسی)، چاپی دووەم: ١٣٨٢ی کۆچی ھەتاوی، پ ١٧٠.
  13. ^ ناوەندی میللی وەڵامدانەوە بە پرسیارە دینیەکان (مرکز ملی پاسخگویی بە سؤالات دینی: تشکیلات اھل حق) - (بە زمانی فارسی)؛ ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. بازدید در ٢٤ اوت ٢٠١٤.
  14. ^ Mehrdad Izady. The Kurds: A Concise Handbook. Taylor & Francis, 1992. ISBN 0-8448-1727-9