پێنجوێن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە پێنجوینەوە ڕەوانە کراوە)
پێنجوێن
Penjwen
دیمەنی شارۆچکەی پێنجوێن
دیمەنی شارۆچکەی پێنجوێن
وڵات کوردستان[١]
 عێراق
پارێزگاسلێمانی
قەزاقەزای پێنجوێن
ناحیەناحیەی پێنجوێن(ناوەند)
بەرزایی
١٬٢٧٠ مەتر (٤٬١٧٠ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەمنزیکەی ٢٠،٠٠٠ کەس
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینسوننی شافعی

پێنجوێن شارێکی باشووری کوردستانە کە خاوەنی مێژوویەکی کۆن و سرووشتێک دەوڵەمەندە. زۆر نزیکی سنووری ئێران و عێراقە و پەیوەندیە نزیکی ھەیە بە خاڵی سنووریی باشماخ و خەڵکی مەریوانەوە.

مێژوو[دەستکاری]

پێنجوێن ساڵی ١٩٥٥

مێژووی دروستبوونی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی شانزەھەم واتە زیاتر لە ٤٠٠ ساڵە ئەم شارە ئاوەدانی تێدایە. بەپێی ئەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەی کە بۆ ناوچەکە کراوە دەرکەوتووە کە پاشماوە دێرینەکانی قەڵاکانی قزڵجە، کچێ و وێنە لە ناوچەی پێنجوێن دەگەڕێتەوە بۆ ھەزارەی دووھەم و ھەزارەی یەکەمی پێش زایین، بەڵام پێکھاتەی زەوی و خاکی ناوچەی پێنجوێن مێژووی دروستبوونەکەی زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی جیۆلۆجی یەکەم واتە «ئەرکی» و بۆ ٤٠٠٠ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا و بەم پێیەش بە یەکێک لەکۆنترین یاخود دێرینترین ناوچەکانی کوردستان و عێراقیش دادەنرێت.

ناوچەی پێنجوێن لەو کاتە کە قەڵاکانی کچێ‌ و قزڵجە تێدا دروستکراوە، لەژێر حوکمی لۆلۆییەکاندا بووە، ھەرچەندە تاکو ئێستا سەرچاوەیەکی مێژوویی ڕاست و دروست نەکەوتۆتە دەست کە لە دیرۆکی ناوچەی پێنجوێن بدوێت بەڵام کۆنترین ئاماژەبۆکردن لەم ڕوەوە، ڕێکەوتننامەی ئاماسیەی ساڵی ١٥٥٥ی زایینە لەنێوان ھەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوییەکان کە لەو ڕێکەوتننامەدا ھاتووە کە ناوچەکە وەک ناوچەیەکی بێلایەن ماوەتەوە. نەوشیروان مستەفا لە کتێبی میرایەتی بابان لەنێوان ڕۆم و عەجەمدا، نووسیویەتی:

مانەوەی ناوچەکە بەبێلایەنی بووە بە ھاندەرێک بۆ حکومڕانانی ئەردەڵان دەست بەسەرناوچەی پێنجوێندا بگرن. حکومڕانی ناوچەی پێنجوێن چەند جارێک لەنێوان دەسەڵاتدارانی عوسمانی، سەفەوی، بابان و ئەردەڵان دەستاودەستی کردووە و پاش بڕانەوەی حکومی بابانەکانیش، تا ساڵی ١٩١٥ لە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی عوسمانیەکاندا بووە.

پێنجوێن سەرەتا گوندێک بووە سەربە ناوچەی قزڵجە[٢]، ناحیەی قزڵجەش سەربە 'قەزای گوڵعەنبەر بووە کە دەکاتە خورماڵی ئێستا و ئەم ڕاستیەش لە چەندین نووسراو و بەڵگەی خەڵکی پێنجوێندا کە تا ئێستاش ھەندێکیان لای خۆیان پاراستوویانە و تایبەتە بەموڵکیەتی زەوی و زارەکانیانەوە پارێزراوە و ماوەتەوە؛ دواتر و لەگەڵ دروستبوونی حکومەتی عێراقدا بەھۆی ھەڵکەوتوویی پێنجوێن و پێشکەوتوویی دانیشتوانەکەی لەسەرجەم بوارەکاندا، پێنجوێن کراوەتە ناحیە و چەند دەم و دەزگایەکی حکومی تێدا دانرا و بینایان بۆ دروستکرا و خەڵکی ناوچەکەش بۆ ڕایکردنی کاروبارە حکومییەکان ڕوویان تێدەکرد. پێنجوێن بەم شێوەیە مایەوە تاکوو ساڵی ١٩٥٩ ئیتر بە ھۆی فراوانبوونی ناوچەکە و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی پێنجوێن کرایە قەزایەکی سەربەخۆ کە پێشتر وەکوو ناحیە سەربە قەزای ھەڵەبجە بوو.

وشەی پێنجوێن[دەستکاری]

سەبارەت بەوەی ناوی پێنجوێن یا خود وشەی پێنجوێن لە چییەوە ھاتووە زۆر ڕاو بۆ چوونی جیاواز ھەیە. محەمەد ئەمین زەکی بەگ وای لێکداوەتەوە کە پێنجوێن لە کاتی خۆرھەڵاتن تا ئاوابوونی، پێنج وێنەی تیا بەدی دەکرێت. حوسێن حوزنی موکریانی ھەمان بۆچونی ھەیە لەسەر ناوی پێنجوێن؛ ھەروەھا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دەڵی کە پێنجوێن لەبنچینەدا پێنج دێ‌ بووە کە ئاسەوار و شوێنەواری ھەر پێنج دێیەکە ماون و چەند کەسایەتیەکی بەتەمەنی پێنجوێن دڵنیان لەوەی کەئەم بۆچونە زیاتر لەڕاستیەوە نزیکە و ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ئێستاش ئاسەواری ئەو گوندانە یان ناوچانە ماوەتەوە. بۆچونێکیش ھەیە کە گوایە پێنجوێن، چەند کەسێک ئاوەدانیان کردۆتەوە کە لە شاری پێنجەنی ئەفغانستانەوە ھاتوونەتە ناوچەکە و ھەر بەناوی شارەکەی خۆیانەوە لە ئەفغانستان ناویییان ناوە.

چەن ڕایەکی تریش پێیان وایە کە ناوی پێنجوێن لە پێنج جووەوە ھاتوە واتە پێنج جولەکە ئاوەدانیان کردۆتەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ساڵانی سەدەی ڕابردوودا ژمارەیەک ماڵی جولەکە لەم شارەدا ھەبوون و وەک ھەر ماڵێکی تری موسڵمان ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەر بردووە و ھەندێکیشیان پێکەوە لەگەڵ موسڵمانەکاندا کار و کاسپییان کردوە. بۆچونێکی تر ھەیە لەسەر ناو نانی پێنجوێن، کە پێدەچێت ئەمەیان زیاتر لە ڕاستیەوە نزیک بێت، ئەویش ئەوەیە کاتێک ئەسکەندەری مەقدوونی پاش سەرکەوتنی لە شەڕی کۆگەمێل لە ساڵی ٣٣١ی پێش زایین لە نزیکی ھەولێر لە بەرامبەر سوپای دارای سێیەمی ئەخمینی مەفرەزەیەکی پێنج لە شاری ئارابخا (کەرکووکی ئەمڕۆ) ناردە بەری ڕۆژھەڵات، بۆ ناوچەی میدیا (موکریانی ئەمڕۆ)، بۆ چاودێری و پاکسازی ھەمەدان و داگیری بکات. بەو پێیەی سەردەمانێک پایتەختی دەوڵەتێکی گەورەی وەک ماد بووە و مەفرەزەکە لە شاری مەریوان ڕێگایان گرتەبەر، بەم پێیەش پێ‌ دەچێت وشەی پێنجوێن لە «پانج» یۆنانیەوە ھاتبێت؛ واتە پێنج یۆنانی کە ئەو سنوورەیان بەرەو ئەکباتان بڕی. و ڕەنگە دەیان بۆچونی تریش ھەبێت لەسەر وشەی پێنجوێن و ناوەکەی.

جوگرافیا[دەستکاری]

ئەم ناوچەیە لە کۆمەڵێک چیا و گردۆڵکە و دەشتی کشت‌وکاڵی ئاودار پێکھاتوە و پردی کەولۆز سنووری نێوان قەزای پێنجوێن و سەید سادقە و لە گوندی تەڕاتەوەنەوە دەست پێدەکات و بە گوندی میشیاوی سەر سنوور کۆتایی دێت و دەکەوێتە سەر ھێڵی درێژیی ٤٦ پلەی ڕۆژھەڵات و ھێڵی پانیی ٣٥،٩ پلەی باکووری ھێڵی کەمەرەیی و ٩٦ کیلۆمەتر باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانی، و ١٣١٧ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و تێکڕای باران لە ساڵدا ٩٠٠ میلیمەترە. ڕووبەری سەرجەم قەزای پێنجوێن بریتییە لە ١١٢٩کیلۆمەتری چوارگۆش کە بەم شێوەیە دابەش بوە.

  • ٢٠٣ کیلۆمەتر ڕووبەری مەڵبەندی قەزاکەیە
  • ٢٨٢ کیلۆمەتر ڕووبەری ناحیەی ناڵپارێزە
  • ٦٤٢ کیلۆمەتر ڕووبەری ناحیەی گەرمکە (کە زیاترە لە ڕووبەری مەڵبەندی قەزاکە و ناحیەی ناڵپارێزیش).

واتە پێنجوێن لەڕووی کار گێڕییەوە پێکدێت لە قەزایەک و دوو ناحیە و نزیکەی ١٥٠ گوند کە لە ئێستادا چەند گوندێک چۆڵبوون یان بەرەو چۆڵبونی یەکجارەکی دەڕۆن. پێنجوێن ناوچەیەکی سنوورییە و ١٥١ کیلۆمەتر سنووری بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ھەیە، دووری نێوان ناحیەی ناڵپارێز و پێنجوێن ١٩ کیلۆمەترە و دووری نێوان پێنجوێن و ناحیەی گەرمکیش ١٢ کیلۆمەترە. ناوچەی پێنجوێن یەکێکە لەو ناوچانەی کە ژمارەیەکی زۆری ڕوەکی سرووشتی تێدایە و خاوەنی دارستانێکی زۆرە، ھەروەھا چەندین شاخ و لوتکەی بەرزیشی تێدایە. لەوانە زنجیرەچیای سریستان کە بەرزییەکانیان دەگاتە ٢٥٥٧ مەتر و بەرزترین لوتکەی ناوچەکەش شاخی سورکێوە کە بەرزییەکەی دەگاتە ٢٥٦٤ مەتر و ھەر دەکەوێتە زنجیرە چیاکانی سریستان، کە ھاوسنووری ئێرانە. پێنجوێن سنووری ھەیە بە شارەکانی بانە و مەریوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھاوسنووری ھەردوو قەزای شارباژێر و سەید سادقیشە کە دوو قەزای‌تری وەک پێنجوێنن سەربە پارێزگای سلێمانین.

ژمارەی دانیشتوان[دەستکاری]

لە کتێبی سلێمانی ناوچەیەک لە کوردستان[٣] دا سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوانی پێنجوێن نووسراوە:

پێنجوێن ٣٥٥٠ کەس دانیشتوانیەتی و لەو ڕێژەیەش ٣٠٠٠ کەسی کوردە و ٥٠٠ کەسیشی جوولەکەیە و ٥٠ کەسی مەسێحیشی تێدایە.

کە ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ناوچەی پێنجوێن جگە لە کورد، جوولەکە و مەسێحی شی تێدایە. ھەرچەندە مێجرسۆن باس لە بوونی کلدانیش دەکات لە ناوچەکەدا، بەڵام ھیچ سەرچاوەیەکی‌تر ڕاستیی ئەم قسەیەی نەسەلماندووە. ھەروەھا لە کتێبی گەشتی ڕیچ بۆ کوردستان، ساڵی ١٨٢٠ کلۆد یۆس جیمس ڕیچ، باس لەوە دەکات کە کاتێک ھاتۆتە ناوچەکە و پێنجوێن ژمارەیەک جوولەکەی تێدایە کە زۆرینەیان سەرقاڵی کاری بازرگانین. ڕیچ ماوەیەکی زۆر لە ناوچەکەدا ماوەتەوە و گوندی ئەحمەد کلوانی کردۆتە شوێنی پشوودان و حەوانەوەی خۆی؛ دەڵێ‌ تەنھا لە ناو پێنجوێندا جوولەکە نەبووە بەڵکو لە گوندەکانی سنوورەکەشدا جوولەکەی زۆری تێدا بوە و گوندی بێستانی سنووری پێجوێن بە نمونە دێنێتەوە و دەڵێ‌ کە لەو گوندەدا ٤٠ماڵ دەژییان؛ لە چل ماڵە ٢٥ ماڵیان خەڵکەکەی موسڵمان بوون و ١٥ ماڵەکەی تریشیان جوولەکەبوون.

بەپێی ھەندێ‌ سەرچاوەی ناڕەسمی ژمارەی دانیشتوانی پێنجوێن لەکاتی شەڕی یەکەمی جیھانیدا کە ھێشتا نەکرابوە ناحیە، بەڵام نیمچە شارۆچکەیەکی پێکدەھێنا، ١٢٠٠ بۆ ١٣٠٠ کەس دەبوون. بەھۆی ئەنجامنەدان و دەستنەکەوتنی داتایەکی تەواو لەسەر ڕێژە و ژمارەی دانیشتوان لە ساڵانی ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا تەنھا و تەنھا دەتوانرێت پشت بە ئاماری ساڵی ١٩٧٧ ببەسترێت کە دەتوانرێت بەڕاسترین ئامار ناوببرێت؛ کەبەپێی ئەو ئامار و سەرژمێرییە سنووری قەزای پێنجوێن بەم شێوەیەیە:

  1. شارۆچکەی پێنجوێن ٧٤٩٤ کەس
  2. گوندنشینەکانی ناحیەی ناوەندی ١٣٠٥٩کەس
  3. شارۆچکەی (ناحیە)ی گەرمک ٣٦٨ کەس
  4. گوندنشینەکانی ناحیەی گەرمک ١٤١٠٤ کەس
کەکۆی گشتی دانیشتوانی قەزای پێنجوێن بریتیە لە ٣٤٠٢٥ کەس، کە لە ٦٣٢٠خێزان پیکھاتوون. ھەرچەندە لە سەرژمێری ئەوساڵەدا ناڵپارێز ھێشتا نەکراوەتە ناحیە و وەک گوندێکی سەر بە ناحیەی ناوەندی ھەژمارکراوە.

بەھۆی ھەڵگیرسانی شەڕی عێراق و ئێران لەساڵی ١٩٨٠دا ناوچەی پێنجوێن بوە یەکێک لە ناوچە شەڕگەکان و چۆڵکرا، بەو ھۆشەوە ناوچەکە لە سەرژمێری ساڵی ١٩٨٧ بێبەش بوە و نەتوانراوە ئامارێکی ڕاستر لەوەی ساڵی ١٩٧٧ دەست بکەوێت. بەپێی سەرژمێری و ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشت‌وکاڵی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٤دا ژمارەی دانیشتوانی قەزای پێنجوێن بریتیە لە ٤٤٥٠٦ کەس و ژمارەی خێزانەکانیشی ٨٥٢٧ خێزانە. ھەروەھا بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی لەساڵی ٢٠٠٥دا بریتیە لە ٤٣٠٧١کەس.

بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن تیمی مەیدانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرھێنانی سلێمانی (بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوە و زانیارییەکان) لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٧دا ژمارەی دانیشتوانی سنووری قەزای پێنجوێن بریتیە لە ٣٨٢٧١ کەس کە لە ٦٣٧٨ خێزان پێکھاتوە و بەپێی‌ ئەم ئامارەش ژمارەی دانیشتوانی سنووری قەزای پێنجوێن بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ ڕووی لە کەمی کردووە کە ھۆکاری سەرەکی ئەم کەمبوونەش دەگەڕێتەوە بۆ چۆڵبوونی بەشێکی زۆری گوندەکانی سنوورەکە بە ھۆی کەمی ئەنجامدانی پڕۆژەکانی خزمەتگوزارییەوە بووە. ئەوەی پێویستە بوترێت لە ئێستادا بەپێی دوایین ئامار لە ساڵی ٢٠٠٩ دا ژمارەی دانیشتوانی مەڵبەندی قەزای پێنجوێن پێک ھاتووە لە ٥٣٩٤ خێزان و ٢٤٢٧٠ ھاووڵاتی.

ئابووری[دەستکاری]

پێنجوێن ناوچەیەکە کەدەتوانرێت لەڕووی ئابوورییەوە سودێکی ئێجگار زۆری لێوەربگیرێت و ببێتە پاڵپشتێکی بەھێزی حکومەت و ناوچەکەش. لەو ڕوەوە کە بە داخەوە تا ھەنووکەش نەتوانراوە کەمترین سوود لەو ھەموو سامانە سرووشتی و کانزاییانە وەربگیرێت کە لە ناوچەکەدا بوونیان ھەیە، چەند لایەنێکی گرنگی ئابووری ناوچەکە کە نەتوانراوە سوودییان لێوەربگیرێت ئەمانەن:

  1. بەپێی نەخشەی دابەشبوونی سامانە کانزاییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناوچەی پێنجوێن زیاتر لە ١٣ جۆر سامانی کانزایی گرنگی تێدایە، وەک: ئاڵتون، یۆرانیۆم، ئاسن، مس، گۆگرد، مەنگەنیز، کڕۆم، خەڵووز. ھەروا چەندین جۆر بەردی مەڕمەڕی گرانبەھا کە نەتوانراوە بچوکترین سودیان لێوەربگیرێت. ھەرچەندە لە ساڵانی زوودا حکومەتی عێراق بەردی ناوچەکەی دەبرد بۆ شاری بەسرە کە دوورترین شاری عێراقە لە ناوچەکەوە، بەڵام نە حکومەتی ھەرێم و نە ھیچ کۆمپانیایەک ئاوڕییان لە بەردی ناوچەکە نەداوەتەوە کە بڕیاربوو لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٦دا کۆمپانیایەکی بیانی کارگەیەکی ئاسن لە ناوچەکە دروست بکەن و لە ساڵی ٢٠٠٧یشدا چەند کۆمپانیایەکی ئەمەریکی ھاتنە ناوچەکە چەند جۆرە بەردێکیان لەگەڵ خۆیاندا برد بە مەبەستی پشکنینی کەچی تا ئێستاش ھەوڵی ئەو کۆمپانیایانەش بێ ئەنجام بووە.
  2. ناوچەکە خاوەنی دارستانێکی زۆری سرووشتییە کە دەتوانرێت بە مەبەستی پیشەسازی جۆراوجۆر بەکاربھێنرێت.
  3. بوونی تۆبۆگرافیا (بەرزی و نزمی) لە ناوچەکە و ئاوی زۆر و دارستانی چڕ، ھۆکارێکی زۆرباشە تاکوو بتوانرێت لەڕووی گەشت و گوزار و دروستکردنی ھاوینە ھەواری گەورە و شیاو گرنگی زیاتر بە ناوچەکە بدرێت، کە چەندین ناوچەی تێدایە[٤] کە دەتوانرێت بە کەمترین تێچون بکرێنە ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگ و لە ڕووی ئابوورییەوە حکومەت و ناوچەکەش لێی سوودمەند ببن.
  4. بە ھۆی ھاوسنووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و کردنەوەی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ وایکردوە کە ناوچەکە لەڕووی ئابووریەوە ببێتە پاڵپشتێکی باشی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و گوزەرکردنی ئەو ھاووڵاتیانەی کە دەچنە دەرەوەی ھەرێم و بە پێچەوانەشەوە، جگە لە مەرزی باشماخ کە فەرمی و نێودەوڵەتیە چەندین سنووری لاوەکیش لە ناوچەکەدا بوونیان ھەیە کە لێوەی کاڵا و شمەک دەھێنرێتە ھەرێم و بە پێچەوانەشەوە[٥]، کە ڕۆژانە خەڵکانێکی زۆر سەرقاڵی کارکردنن تێیدا.
  5. ھەرچەندە ناوچەی پێنجوێن زیاتر بە ناوچەیەکی شاخاوی ناسراوە و سرووشتەکەی وایە بەڵام چەندین زەوی بەپیت و بەرەکەتیشی تێدایە کە ساڵانە سەدان و بگرە ھەزاران تەن بەرھەمیەتی[٦]، کە تەنھا بەرھەمی تەماتە لە سنووری پێنجوێندا لەمساڵدا زیاتر لە ١٠٠٠٠ تەن بووە؛ ئەمە جگە لە بەر و بوومەکانی‌تری وەک شووتی و خەیار و چەڵتووک و ھتد. بەڵام بە بەراورد بە ناوچەکانی تری کوردستان کەمترین پڕۆژەی ئاودێری و خزمەتگوزاری کشت‌وکاڵی پێشکەش بە جوتیارانی ناوچەکە کراوە. یاخود نەتوانراوە تا ئێستاش نە کەرتی تایبەت و نە حکومەتیش کارگەیەک بۆ ساغکردنەوەی ئەو بەر و بوومانە دابنرێت وەک کارگەیەکی دروستکردنی دۆشاوی تەماتە.
  6. ناوچەکە جگە لەو بەر و بوومانەی کە دەستکردن و لە لایەن ھاووڵاتیانەوە بەرھەم دەھێنرێت چەندین جۆر بەرھەمی خۆڕسکیشی تێدایە وەک قەزوان، ترش، سالمە، کنگەر بە گشتی و بنێشت بە تایبەتی؛ کە پێنجوێن یەکێکە لەو ناوچانەی پێی بە ناوبانگە بەڵام بەھۆی کەمتەرخەمی ھاووڵاتیان لە لایەک و ھاندانی حکومەت لە لایەکی ترەوە وایکردوە بەپێی پێویست سوود لەم بەروبومانە وەرنەگیرێت.
  7. لەسنووری قەزای پێنجوێندا نزیکەی ٧٠ گوند ھەنگەڵانی تێدایە کە ژمارەیان ٧٠٠ ھەنگەڵان دەبێت و ساڵانە ئەگەر نەخۆشی ڕوویان تێنەکات ئەوا نزیکەی ٢٠ تەن ھەنگوین بەرھەم دەھێنرێت لێوەی.
  8. ئەگەر ھاوکارییەکی باشی ئاژەڵدارەکانی سنووری پێنجوێن بکرێت ئەوا زۆر لە ئێستا زیاتر ئاژەڵیان دەبێت بە ھەمووجۆرە کانییەوە وەک مەڕ، بزن، مانگا و ھتد. ئەویش بەھۆی ھەبوونی گژوگیایەکی زۆر بۆ لەوەڕاندنی ئەو ئاژەڵانە و بونی ڕێژەیەکی باشی ئاویش لەناوچەکەدا کەئەمەش وایکردوە کەساڵانە دەیان ئاژەڵدار بە ھەزاران ئاژەڵ بھێننە ناوچەکە بەھۆی نەبوونی گژوگیا و وئاوی پێویست لەناوچەکانی خۆیاندا، وەک گەرمیان و شارەزوور.لە دالاتودا پێنجوێن بە دەستی ڕژیمی ئیران داگیر ئە کرە بویە ئابە وجورە خزمت گوزاری دە کە چونکە کانگای معدنی اورانیومە

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ Kurdistan Regional Government. KRG.
  2. ^ ئێستا ئەو گوندە واتە قزڵجە بەیەکێک لە فەرامۆشترین گوندەکانی ناوچەکە ھەژماردەکرێت
  3. ^ مێجرسۆن نوسەرەکەیەتی و سەدەیەک پێش ئێستا وەک نوێنەر و گەڕیدەیەکی بەڕیتانی ماوەی سێ‌ سالێک لە شاری سلێمانیدا ماوەتەوە و شەش مانگیان سەرقاڵی گەڕان بووە بە ناوچەکانی ئەو پارێزگایەدا و سەردانی ناوچەی پێنجوێنی کرد
  4. ^ وەکو بلکیان و چوارباخ و سێچاکان و گۆڵی و زەنگیدەر و شێخەڵوان و قوڕەڕەشە و چەندین شوێنی تر
  5. ^ وەک سنوورەکانی گۆخڵان و میشیاو و وشیاری و سەیران بەن و بناوەسوتە و چەند شوێنێکی‌تریش
  6. ^ وەک دەشتەکانی برایماوا.کرمانج، چەمی سوراو و ناوچەی چەوتان

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

ماڵپەڕی پێنجوێن [١]