ھیران

شارەدێی ھیران یاخود شارەدێی خۆشناو شارەدێیەکە لە پارێزگای ھەولێری باشووری کوردستان.
ناو
[دەستکاری]- شارەدێی ھێران، کە دۆڵ و ناوچەیەکی شاخاویی فێنک و دڵڕفێنە لە نێوان شەقڵاوە و کۆیە، خاوەن مێژوویەکی دێرین و پێگەیەکی گرنگی کۆمەڵایەتی و ئایینییە (بەتایبەت وەک مەڵبەندی تەریقەتی قادری). بۆ بنەچەی ناوی "ھێران" چەند بۆچوونێکی زمانی و مێژوویی ھەن:
- بۆچوونی سروشتی و ڕووەکی (گوڵە ھێرۆ): ئەمە یەکێکە لە باوترین و لۆژیکیترین بۆچوونەکان کە پەیوەندی بە سروشتی دەستپێکی دۆڵەکەوە ھەیە، لە زمانی کوردیدا، "ھێرۆ" ناوی گوڵ و ڕووەکێکی سروشتیی ناسراوە کە لە کوێستان و دۆڵە شاخاوییەکاندا بە شێوەیەکی کێوی دەڕوێت (گوڵەکەی بۆ چارەسەری پزیشکیی کۆنیش بەکارھاتووە). پێیانوایە لە کۆندا ئەم ناوچەیە بەھۆی زۆریی ڕووبەری گەشەکردنی ئەم گوڵە یان دارستانە کێوییەکانەوە ناونراوە "ھێران"، کە وەک شوێن یان کۆمەڵە واتای "شوێنی گوڵە ھێرۆکان" دەبەخشێت.
- بۆچوونی زمانی (ھێران بە واتای شوێنی ھێمن و ئارام): بۆچوونێکی تر لەسەر بنەمای زمانی کوردیی کۆن (یان ئاریی کۆن) شیکردنەوە بۆ ناوەکە دەکات:
- وشەی "ھێر" یان "ھێری" لە ھەندێک سەرچاوەدا بە واتای ھێمنی، ئاشتی و ئارامی ھاتووە. بەو پێیەی ھێران دۆڵێکی پارێزراو و گۆشەگیر بووە لە نێوان چیاکاندا و دوور بووە لە ھێرش و چاوی داگیرکەران، وەک پەناگەیەکی ئارام سەیر کراوە و ناوی "ھێران" (شوێنی ئارام)ی پێدراوە.
- بۆچوونی مێژوویی و ئایینی (الحیرة): ھەندێک لە مێژوونووسان ئاماژە بە ئەگەرێکی تر دەکەن کە پەیوەندی بە کۆچی پێکھاتە یان ناوی دێرینەوە ھەیە، پێیانوایە وشەکە ڕەگی لە وشەی "حیرە" یان "ھیرتا"ی کۆنەوە ھەیە (کە لە زمانی ئارامی و سوریانیدا بە واتای سەربازگە، خێوەتگە یان حەسار دێت). ھاوشێوەی ناوی شاری "حیرە"ی مێژوویی لە عێراق، لێرەشدا مەبەست لە شوێنێکی حەسارکراو و پارێزراو بووە بە چیاکان.[١]
کارگێڕی ناحیەی هیران:
ناحیەی هیران سەر بە قەزای شەقڵاوەیە، ژمارە دانیشتووانی (8538) کهسن، هیران بەیەكێ لە هاوینە هەوارەكانی هەولێری پایتەخت دەناسرێت، وە گەشتیارێکی زۆر ڕویتێدەکەن وە بەتایبەت لە وەرزی هاویندا بەهۆی ئاوهەوایەکی فێنک و هەڵکەوتەی داروبارێكی چڕو و کانیاوەکانی، وە لە کاتی بەفرباریندا لە وەرزی زستاندا گەشتیارێکی زۆر سەردان دەكەن، لە شارەكانی تری كوردستان و شارەکانی عێراق و هەم گەشتیاری بیانی سەردانی دەکەن.
مێژووی ناحیەی هیران:
لە سالی (1952) بووە بە ناحیە یەكەم بەڕێوەبەری ناحیە (علی حمادی) تاكو ئێستا (23) بەڕێوەبەری ناحیە دەوامیان كردووە، سەبارەت بە ناوی هیران لەوە هاتووە كە دوو خوشك یەكێكیان بە ناوی هیران ئەوی تریان بە ناوی نازەنین وەك باس دەكرێت، سەبارەت بەڕۆڵی هیران لە رووی كوردایەتی و خزمەت كردن دیسان هیران بە هەموو شێوەیەك پشتگیری شۆرشەكانی كردووە و چەندین جار لەلایەن حكومەتی پێشووی عێراق تێكدراوە.و هیران لەدوای دۆڵی گەڵاڵە دووەمین ناحیە بووە لە سالی(1961) ئازاد كراوە دواجار لە ساڵی (1987)بە یەكجارەكی خاپور كراوە وە خەڵكەكەی راگوێزراوە بۆ كۆمەڵگای زۆر ملێكان وە لە ساڵی(1991)لە دوای ڕاپەرینە مەزنەكەی خەڵكی كوردستان ئاوەدانكرایەوە.
ئاین و ئەدەب:
لە ڕووی ئاینیەوه هیران هەر لە كۆنەوە پایەی خۆی هەبووە و چەندین کەسایەتی ئاینی لێ هەڵکەوتووە،وەک تەکیەی (كاكی هیران) کە مێژووەکەی بۆ ٤٠٠ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە کە ئهم تهكیهیه ژمارهیهكی زۆر مورید و شوێنكهوتووانی له ناوچه جیاوازهكانی وهكو هەولێر و ڕواندوز و سۆران و كۆیه و سیدهكان ههیه، ئەویش و ئێستاش ئەم تەكیە ماوە، وەلە ڕووی ئەدەبی و ڕۆشنبیریەوە چەندین کەسایەتی تێدا هەڵکەوتووە وەک شاعێری گەورەی كورد (سافی هیرانی) و (سانی هیرانی) و (شاناز هیرانی) و (تەلار هیرانی).
ھۆکاری ناولێنان:
ھۆی ناونانی شارەدێیەکە بە شارەدێی خۆشناو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵکی شارەدێیەکە لە ھۆزی خۆشناون.
گوندەکانی سەر بەناحیەی هیران:
- كەوەرتیان
- چنێران
- ئاقووبانی سەروو
- ئاقووبانی خواروو
- پونگینە
- گەرۆتە
- بەرەكە
- ئەسپیندارە
- فریز
- لاسە
- ترگالە
- زیارەت
- سولاوكی سەروو
- سولاوكی خواروو
- ناودارۆك
- بیرۆکان
- کاوانیان
- قەسرۆکە
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی. «وڵاتەکەت باشتربناسە» (بە کوردی).
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)