سیدەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

Disambig RTL.svg  ئەم وتارە سەبارەت بە برادۆست نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە برادۆست (ڕوونکردنەوە).

سیدەکان شارۆچکەیەکی سەر بە قەزای سۆرانە دەکەوێتە دووری ١٤٤ کیلۆمەتری بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، ناوەندی ناحيه‌ى سیدەکانه‌ و تا پێش ساڵى 1996 به‌ ره‌سمى هه‌ر به‌ ناحيه‌ى برادۆست ده‌ناسرا. . سيده‌كان لە ئەوپەڕی باکووری پارێزگای ھەولێره‌ و کەوتۆتە رۆژئاوای ‏شاری شنۆ وە و لە رووی رووبەرەوە گەورەترین ناحیەکانی ھەولێرە و زۆربەی ‏دەڤەرەکە شاخاویە و دەشتانیی کەمە. باشترین شوێنە بۆ بەروبوومی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ ھەروەھا لە رۆژگاری دێریندا ‏رێرەوێکی گرینگی بازرگانی بووە رۆژھەڵات و رۆژئاوای پێکەوە بەستۆتەوە بە رێگەی کێلە شینەوە.

مێژووی سیدەکان[دەستکاری]

مێژووی سیدەکان(برادوست) زۆر کەونارایە.. بنکەی خۆرپەرستی رۆژگاری ئۆرارتۆ لە نزیک ئەم شارۆچکەیە بووە و بە مساسر یان موصاصڕ دەناسرا ‏کە ئەمڕۆ پاشماوەکانی لە گوندی مجێسەر دا ماون. شای ئاشووریـەکان سەرگۆنی دووەم لە ٧١٤ پێش زایین ھێرشێکی لە ‏ناکاوی بردۆتە سەر پاشای موساسر ئورزانا و بەزاندوویەتی و پەرستگای پیرۆزی مساسری خاپوور کردووەو تاڵانی زێڕو زیوو و سەر و ماڵاتی دەڤەرەکەی گواستۆتەوە بو نینەوای پایتەختی ‏ئاشووریەکان.. تۆمارەکانی خرسابادی نینەوا باس لەم ھێرشەی شای ئاشوور دەکەن. نووسراوەی کێلەشین (کە ئەمڕۆ لە ‏مۆزیمی ئورمیە پارێزراوە)و نووسراوەی سەر کێلی تۆپزاوا (کە لە مۆزیمی ھەولێرە) دوو شایەتحاڵی گرینگی مێژووی ‏کەونارای سیدەکانن. لە رۆژگاری عەبباسیەکان سیدەکان بەشێک بووە لە ویلایەتی ئازەربێجان و مووسڵ و بۆ ماوەیەک یەحیا ی بەرمەکی کە والی مووسڵ و ئازەرێجان بوو سەرپەرشتی ئیدارەی باج و دەرامەتی رێرەوی کێلەشینى دەکرد به‌ هاوكارى ‏کوردانی زەرزا (زەرزاری) و رەوەندی ھەدبانی. ئه‌م دوو هۆزه‌ رۆڵی گرینگیان ھەبوو لەم ناوچەیەدا. لە سەردەمی سەرھەڵدانی ئەییوبیەکان سیدەکان ‏بەشێک بووە لە دەوڵتی ئەییوبی و باج ودەرامەتی کێلەشین بە ھۆی میرەکانی زەرزاوە رەوانەی میسڕ دەکرا. لە کتێبی صبح ‏الاعشی دانراوی ساڵی ٨١٢ کۆچی باس لە سیدەکان و بەرازگر و کێلەشین دەکات و دەڵێت : چیای جنجرینی ھەنداو شنۆ ‏لەلای راستەوە زیدی ھۆزێکە بە ناوی زەرزا ھەروەھا باس لە ئاواييه‌ك ده‌كات وه‌ك مازکرد (كه‌ ده‌بێت بەرازگر) و رستاق (كه‌ ده‌شێ رۆستێى بنارى هه‌ڵگورد بێت يان گوندى رستاقى شه‌مزينان بێت) ومرت (كه‌ ده‌بێ ناوچه‌ى ده‌شتى ھێرت بێت) و ناوی میر حوسامەدینی زەرزاری دێنێت کە ئەوسا میری سیدەکان بووە و میر حنش کوڕی ئیسماعیلیش میری بەرازگر ‏بووە و ھاوچەرخی حوکمدارێتی ھۆلاکۆ بوونە کە پاتەختەکەی لە مەراغە و تەورێز بووە. لە رۆژگاری شەڕی دمدم سیدەکان و ‏رەواندز ھەر بەدەست ھۆزی زەرزا‌وە بوو پاشان میری سۆران داگیری کرد.. لە دوای شەڕی دمدم نەوەکانی خانی لەپزێڕین میرایەتی سیدەکان و ‏بەرازگریان پێدرا و تا لە رۆژگاری میری رەواندز (پاشای گەورە ١٨٢٠) دووبارە خرایەوە ژێر کۆنترۆڵی میرنشینی سۆرانەوە. لە ساڵی ١٨٣٧ کاتێک راولینسنی گەڕیدەی ئینگلیز گەیشتۆتە رەواندز ناوچەی برادۆست لە دۆخێکی نالەباردا بوو. پاش چەند ساڵێک لەشکری ئێران لە دیوی شنۆوە ھێرشێکی کردە سەر قەڵای سیدەکان و بۆ ماویوەک تۆپبارانیان کرد بەڵام دواتر کشانەوە بۆ ئەودیوی سنوور. پاش ھەرەسی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری ١٨٨٢ ناوچەکە شڵەقا و بووە پەناگەی چەندین خەڵکی موهاجری ديوی ئورمێ و شەمدینان ، لە ١٩١٧ کاتێک لەشکری رووسیا ھێرشی کردە سەر رەواندز بەشێکی سوپای رووس وھاوپەیمانە ئه‌رمه‌نی و ئاشوریەکان رژانە دیوی برادۆست. . ھیرَرشبەرانی رووس رووبەرووی بەرگری ھۆزەکان بوونەوە هه‌ر له‌م شه‌ڕه‌شدا مه‌لا محمدامينی هه‌وێڵان له‌ نزيك گوندی هه‌سنان به‌ ده‌ستی له‌شكری رووس كوژرا. کاتێک سمکۆ پەنای بردە بەر سیدەکان لە گوندی ژووژیلەی بناری چیای بۆڵێ گیرسایەوەو لەشکری شکاک بە ناوچەکەدا بڵاوببوون تا ساڵی ١٩٣٠ کاتێک سمکۆ گەڕایەوە ئێران ولە شنۆ تيرۆركرا. ھەر لەو ساتەدا لە لۆڵان خانەقای شێخ رەشید ناوبانگی دەرکرد و موریدێکی زۆری لە دەوری خۆی کۆکردەوە. پاشان لە سیەکان لەگەڵ دراوسێکانی لە بارزان دووچاری کیشەو ناکۆکی بوون. ساڵی 1931 شه‌ڕ له‌ هه‌ردوولاوه‌ درووست بوو و حكومه‌تی عيڕاق و سوپای ئينگليزيش تێوه‌گلان . . لە سه‌ره‌تای درووست بوونی يه‌كه‌ ئيداريه‌كانی حكومه‌تی عيڕاق سیدەکان کرايه‌وه‌ بە ناحیە و گوازراوه‌ شوێنه‌ نوێيه‌كه‌ی. لە سەردەمی کۆماری مەھاباد مەحمودبەگ گەورەی ناوچەکە بوو. لە پاش ساڵی ١٩٥٨ شێخ رەشیدی لۆلان لە حکومەتی عبدالکریم قاسم ھەڵگەڕایەوەو پەنای بردە بەر ئێران ،، دواتر ناوچەکە لەلایەن شیوعیەکانی لایەنگری دەوڵەتی عیڕاق و بارزانیەکانەوە کۆنترۆڵکرا.. لە ساڵی ١٩٦١ تا ١٩٧٥ ناوچەکە نائارامیەکی زۆری بەخوە بینی و لە ساڵی ١٩٧٨ پاش پەیدابوونی مەفرەزەکانی پێشمەرگە لە ھەکاری و خواکوڕک.. ناوچە‌ سنووریەکانی چۆلکران و خەڵکەکەی راگوازرانەوە ھەولێر و لە کۆمەڵگاکانی کەسنەزان و دیگەڵەو تۆپزاوە نیشتەجێکران. لە پاش ساڵی ١٩٨٤ سیدەکان بەرەیەکی گرینگی شەڕی نێوان ئێران وعیڕاق بوو. له‌ 1990ه‌وه‌ به‌شێكى چياكانى سيده‌كان بوون به‌ حه‌شارگه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان به‌ تايبه‌ت‌ خواركورك.

ىەردی کێلەشین[دەستکاری]

OOjs UI icon article-ltr.svg وتاری سەرەکی: کێلەشین (کێل)

B-Kelashin3.jpg

بەردی کێلەشین بەردێکی نووسراوەی سەردەمی ئۆرارتووەکانە و ئێستا لە مۆزەخانەی ورمێ پارێزراوە.
بەردی کێلەشین
دەقی وەرگێردراوی سەر بەردی کێلەشین:

کاتێک "ئیشپوینی" کوڕی "ساردور"
پاشای گەورە، پاشای بەهێز،
پاشای جیهان،
پاشای وڵاتی "نایری"
سەروەری گەورەی شاری "تووشیباشار" و "مەنوا"ی کوڕی،
بۆلای خودای "خالیدی" لە شاری "مووساسیر" و
بۆ ئەم پەرستگە بەرزەی کە بۆ خودای "خالیدی" بینا کرابوو هاتن،
"ئیشپوینی" کوڕی "ساردور" ئامرازی بە نرخی شەڕ و رەوەی جوانی هێناون،
"ئیشپوینی" کەل و پەلی مەفرەغی و دەفری مەفرەغی هێناون.
"ئیشپوینی "رەوەی زۆری هێناون،
هەمووی ئەم دیارییانەی دووبارە بۆ پەرستگە داناون.
"ئیشپوینی" تەواوی ئەم دیارییانەی لە بەرامبەر دوازدە "خالیدی"
بۆ بەردەوامی ژیانی خۆی، پێشکەش بە خودای "خالیدی" دەکا...
"ئیشپوینی" بە نیشانەی خێر، 1112 مانگا،
9120 مەڕ و بزنی قەڵەو و
12480 بزنی قەڵەوی بۆ بەخشین هێناوە.
کاتێک "ئیشپوینی" کوڕی "ساردور"
پاشای گەورە، پاشای بەهێز،
پاشای جیهان،
پاشای وڵاتی "نایری"
سەروەری گەورەی شاری "تووشیباشار" لە بەر خودای "خالیدی" پاڕایەوە،
بۆ بەزەیی خودای "خالیدی"
ئەم ...
دواتر "ئیشپوینی" ئەم ئاژەڵ و کەلوپەلانەی لە رێگای دەروازەکانی پرستگەی خودای "خالیدی" دانا.
لە "مووساسیر"، پاسەوانەکان رەوەکانیان بەردابوون یان لە پاراستنیان کۆتاییان کردبوو،
لە بەر دەرگای خودای "خالیدی" دزیان و فرۆشتیان.
ئەوەیکە لەم کاتەدا کە "ئیشپوینی" کوڕی "ساردور" و "منوا" کوڕی "ئیشپوینی" بۆ پاڕانەوە هاتنە شاری "مووساسیر"
رەوەیەکیان پێشکەش بە خودای "خالیدی" کردو ئاوایان گوت:
هەر کەس ئەو رەوانە لە بەر دەرگای خودای "خالیدی" بدزێ، هەر کەس ببێنێ کە دەیاندزن و خۆیان لە تاریکیدا ون دەکەن،
هەرکەس کە لە ناو شاری "مووساسیر" دەژی و دەبیسێ کە ئەو رەوانە لە بەر دەرگای خودای "خالیدی" دەدزرێن و لەگەڵ خۆیانیان دەبەن و پێی ناڕەحەت نابێ، خودای "خالیدی" هیچ بەزەییەکی بۆ ئەو کەسانە نییە و وەچەی لە سەر زەوی هەڵدەگرێ.
هەر کەس ئەم نووسراوەیە لێرە هەڵگرێ، هەرکەس ئەم نووسراوەیە بشکێنێ، هەرکەس کە بە کەسێکی تر بڵێ: بچو ئەم نووسراوەیە بشکێنە، تەواوی خوداکانی شاری "مووساسیر"، خودای "خالیدی"، خودای "هەوا" و خودای "هەتاو" وەچەی لە سەر زەوی ناهێڵن.

جوگرافیای سیدەکان[دەستکاری]

ناوچەکە بە گشتی ھاوینان فێنک و مەیلەو گەرمە و زستانیشی ساردو بەفراویە. رێژەی بارانبارینی لە چاو ناوچەکانی تر ‏بەرزترەو و بەفر لە کێوە سەرکەژەکانیدا دەمێنێت.. ‏

رووبارەکان[دەستکاری]

‏ گادەر و بۆگەن و ھاجیبەگ و نزاری و زەنا ھەر لە سیدەکانەوە سەرچاوە دەگرن. رێرەوی گادەر بەرەو شنۆ دەشتی سندووسە تا دەریای وورمی‌ و ‏ھاجیبەگ دەڕژێتە زێی گەورە لە رێزان و نزارێ و زەنا تێکەڵی ئاوی رووباری قەلەندەر دەبنەوەو ‏دەڕژێتە رووباری رەواندز و تێکەڵی ئاوی زێی گەورە ‏دەبێتەوە

بێرم و مێرگ[دەستکاری]

لە کۆپکی زۆزانەکانی برادۆست، چەند گۆمی مەزن ھەن کە جێماوەی بورکانین و بە بێرم دەناسرێن. گرینگترینیان بێرمی ‏دیندارانە. لە نێوان گوندی بیرکم و کێلەشین. ‏جوانترین مێرگەکانی برادۆست مێرگەمیر[٣] و مێرگەدوکان و ھەوار بنەوش و مێرگەھەوش.

چیاکان[دەستکاری]

بەرزترین چیای کوردستانی باشوور حەساررۆَست و کۆپکەکەی (ھەڵگورد) کەوتۆتە رۆژھەڵاتی سیدەکان. چیاکانی تر ‏بریتین لە :‏ ‏* چیای حەسەنبەگ (ھەنداو دیانا)‏ ‏* چیای رەبەنۆک و سەری بەردی ‏*گۆشینە (لە ھەنداو شارۆچکەی سیدەکان)‏ ‏* چیای بۆڵێ ‏* چیای بەربزین ‏* چیای قەلەندەر‏ ‏* چیای شەکیو ‏* چیای ئاودەلکیو ‏* سیاکۆ ‏* شەماشە ‏* ھاجەر ‏* چیاکانی خواکوڕک و بەرازگر

دەشتەکان[دەستکاری]

گرینترین دەشتایی ناوچەی سیدەکانی برادۆست : بریتین لە دەشتی ھێرت و دەشتی بەرازگر. ‏

گوندەکان[دەستکاری]

  • ئارێ- ئاکوان- ئالانە- ئالموشی سەروو- ئالمووشی خواروو- ئالۆکان- ئالەدوا- ئالەکا- ‏ئاوبرا- ئینەمسید
  • باجارا- ‏باسەکانی خواروو- باسەکانی سەروو –بالەکە- برەپیر- بزنکرە- ‏بلەسەنان -بن ھەوراز- بنەوانۆک- بناویلۆک‏- ‏بنپەریزە- بندەر- بنکەور- بنی- رەشکین- ‏بوزینە- بۆزان- بۆلی –بیرتە- بیرکۆل –بیجوانا- بیرکمە- بیرۆشمە –‏بیزەفەران- بیژان- ‏بیسۆت – ھاومار- بیسۆک -بیسیو -بیقەپوشک‏ –بیکۆل- بیمەسوران- بیواسی خواروو - ‏بیواسی ‏سەروو- بەرچیخە-بەردەسۆر- بەرگرد- بەرمیزە-بەرۆژە-بەرەبۆز-بەنان-بەنان-بەنی
  • ‏پارەو-پاشپال-‏پونگستا-پیرا برایم-پیربەینان-پیرکان-پیرەکە-پیخە-پەنجار-تالستا-تالین-‏تالەجار-تاوکان-تاوکە-‏تۆبزاوە-تیروان-تەلان
  • جورجا-جۆخین گەلا-جۆنەرە-جەرا-چنارین-‏چنارێ-چونسە-چۆرت-چەمەلوا-خاستۆ-خراوا-‏خشۆلا-خنیرە-خوماری-خوماریە-خۆراگر-‏خۆران-خەترە-خەروانە-خەزنە-خەلیفان
  • داسنی-دالە-دایلا-دوستانا-‏‏(دوستانا – دەشتی ‏ھیرت)-دوورەملک‏-دۆلا-دۆلھەلۆ-دۆلەبیران-دیاناوا-دیریشکا-دیری-دیوین-دەراو-دەراوی ‏‏خواروو-دەراوی سەروو-دەرھۆل-(دەرھۆل – دەشتی ھیرت)-دەریا سۆر-دەریا لۆک-‏دەریان-دەحلە کوش-دەلاوا-‏دەھۆلا-رکاوا
  • رکاوە-رووسۆر-رەسول ئۆمەرا-زراوک-زیارەت-‏زیلۆی-زیرکان-زەروا-ژووژیلە-ژیلیا-سارداو-‏سالاریا-سپیارا-سپیگا-سپینداری-سمخەیلا-‏سماقە-سنین-سویکینە-سۆریا-سۆرەزەویا-سیدا-سیدەکان ‏‏(شارۆچکە)-سیران-سیرۆ-سی ‏کوچکە-سەربیش-سەرگردسەروو
  • شابکی-شاناشا-شکیرا-شکەن-شناو-‏شۆشنەی ‏خواروو-شۆشنەی سەروو-شیوان-شیوەسان-شیوەسەقەر-شیوەگەرمی خواروو-‏شیوەگەرمی سەروو-‏شیوەن-شیخ رەش-شیخان-شیلکان-شەمزینە کەلا-شەمەرما
  • ‏عەرەب کۆلا-قەلیتان-کانی باز-کانی بەناو-‏کانی چنار-کانی شعبان-کانی مەلا-کانیە ‏رەش-کاولا-کاولۆک-کاولە باس-کوژینە-کویرەکە-‏کویکان-کۆسپەتەنگ‏-‏کۆلیت-کۆلیتان-‏کیلەگا-کەتینە-کەرزاوا-کەژەک‏-کەلۆیە-کەلەک‏-کەلەولا-کەمەک‏-‏کەندە ھۆلا-کەونە ‏سیدەکان-کەونە گوند –کەوەرت
  • گردموسەک‏-گرکەبەن-گلە رەش-گوراکۆری-‏گوربەتراش-‏گورەشا-گولیژگە-گویزە قولی-گۆڕا-گۆرا-گۆرابیی-گۆرمەمک‏-گۆرەدیم-گەرەپیچ‏-گەلان ‏‏گەردی
  • لۆکان-لۆلان-لیتان-لیرەبان-لیلکان-مارە مەلا-مالایەر-مالە مەلا-مالەدەر-ماونا-ماوەتاوەی ‏خواروو-‏ماوەتاوەی سەروو-ماوەرد-مجیسەر-مغار-موسلۆک-میرزیت-مینای خواروو-مینای ‏سەروو-میرگەرەش-مەرگەوەرۆکی ‏خواروو-مەرگەوەرۆکی سەروو-مەزرە-مەلا بادین-‏مەمدیا-مەیدان
  • ناودارۆک-ناورۆین-ناومیرگان-ناوەروان-نزاری-‏نیکەوە-نەیا-ھارونە-ھۆرەیس-‏ھۆلی-ھیردەن-ھیشم-ھەتکای خواروو-ھەتکای سەروو-ھەجری-ھەدنیی خواروو-‏‏ھەدنیی سەروو-ھەرین-ھەویلان-ھەیات- وسوان. ‏

رێره‌و پێگه‌[دەستکاری]

سيده‌كان هه‌ميشه‌ رێره‌و و په‌ناگه‌ بووه‌ بۆ مرۆڤايه‌تى. له‌ رۆژگاره‌ دێرينه‌كانه‌وه‌ رێره‌وى بازرگان و ره‌وندو جه‌نگاوه‌ر و خه‌باتكاران و حه‌شارگه‌ى خه‌ڵكانى سته‌مديده‌ بووه‌. ديمه‌نى جوان و هه‌واى سازگار ده‌ڤه‌ره‌كه‌ى كردووه‌ به‌ جێگه‌ى حه‌سانه‌وه‌ له‌ رۆژگارى ئۆرارتۆوه‌ تا ئه‌مڕۆ. نووسراوه‌كانى ئۆرارتۆ پيشان ده‌ده‌ن چۆن ‌ شا و ميرانى ئۆرارتۆ هاوينان بۆ حه‌سانه‌وه‌و په‌رستكارى ده‌هاتن بۆ وڵاتى مساسر (مجێسه‌ر) و ئاردانا (هێرده‌ن) و نايرى (نه‌هرى). به‌ڵام پێگه‌ى سيده‌كان له‌ جوگرافياى هه‌رێمه‌كه‌دا هه‌ميشه‌ بووه‌ته‌ هۆكارێك بۆ كاولبوون و مالوێرانى.

شۆرش و ئاگرى دووبه‌ره‌كى[دەستکاری]

پاش روخانى حوكمى پاشايه‌تى له‌ عيراق ده‌ڤه‌رى برادۆست دووچارى شه‌ڕ و مه‌ينه‌تيه‌كى به‌ردام بۆته‌وه‌. له‌ سه‌ره‌تا ئاژاوه‌ى ناسراو به‌ (شه‌عب شه‌عبانێ) و بزاڤى دژ به‌ ئاغاكان كه‌ ساڵى 1959 به‌ رێنمايى شيوعيه‌كان ده‌ستى پێكرد و بارزانيه‌ تازه‌گه‌ڕاوه‌كانى سۆڤيه‌ت و سوپاى عيراق تيايدا به‌شدار بوون و له‌ ئه‌نجامدا زۆربه‌ى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ تاڵانكرا به‌ لۆڵانيشه‌وه‌ كه‌ خانه‌قاى (شێخ ره‌شيد)ه‌‌. له‌ پاش هه‌ڵگيرسانى شۆرشى كورد به‌ سه‌ركردايه‌تى بارزانى دژ به‌ حوكمى(عبدالكريم قاسم )له‌ هاوينى ساڵى 1961 ‌سيده‌كان كه‌وته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى شۆرشى كورده‌وه‌ و نوێنه‌رى شۆرش(عه‌ريف ياسين)و (حه‌ميده‌فه‌ندى) بوون. زۆربه‌ى لايه‌نگرانى شێخ ره‌شيد سه‌ره‌تا ئاواره‌ى ديوى ئێران بوون و دواتر له‌گه‌ڵ شێخ ره‌شيد گه‌ڕانه‌وه‌ عيڕاق و له‌ هه‌ولێر له‌ خانووه‌كانى ئيسكان دامه‌زران و بوون به‌ چه‌كدارى لايه‌نگرى ده‌وڵه‌ت. له‌ دانووستانه‌كانى حكومه‌ت و شۆرش له‌ پێش 1968 به‌شێك له‌م خێزانه‌ ئاواره‌بووانه‌ له‌ ده‌شتى ديانا به‌ نيازبوون بگه‌ڕينه‌وه‌ زێدى خۆيان به‌ڵام له‌ ديوى چياى (زۆزك) و (حه‌سه‌ن به‌گ)ه‌وه‌ كه‌وتنه‌ به‌ر شليكه‌ى تۆپخانه‌ى شۆرشه‌وه‌و به‌ ده‌يان كه‌س بوون به‌ قوربانى كه‌ زۆربه‌يان ژن و منداڵ بوون. له‌ پاش هه‌ره‌سى شۆرش 1974 خه‌ڵكى سيده‌كان وه‌ك ئه‌ركى هه‌ميشه‌ييان سه‌ربارى سوخره‌كێشى و داپڵۆسين به‌ڵام هاريكارى ئاواره‌كانى مێرگه‌سۆر و بادينانيان كرد كه‌ پاش هه‌ره‌سى چه‌كدارى به‌ره‌و ئێران ده‌ڕۆيشتن.

راگواستن و قه‌ره‌بوو[دەستکاری]

حكومه‌تى به‌عس بۆ پابه‌ندبوون به‌ په‌يماننامه‌ى جه‌زاير ساڵى 1975 و پلانگێرانى دژ به‌ خه‌ڵكى كوردستان و ترسان له‌ په‌يدابوونى بزووتنه‌وه‌يه‌كى چه‌كدارى نوێ پاش په‌يدابوونى يه‌كێتى نيشتمانى كوردستان له‌ سووريا. ره‌وشێكى ترى ناله‌بارى به‌سه‌ر خه‌ڵكى برادۆست هێنا و زۆربه‌ى دێهاته‌كانى‌ خواكورك و لۆلان به‌زۆره‌ملێ راگوێزرانه ديانا و‌‌ كه‌سنه‌زان و دێگه‌ڵه‌ و قوشته‌په‌ى هه‌ولێر هه‌نديكيان له‌لايه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ قه‌ره‌بووكرانه‌وه به‌ڵام زۆريان به‌ كوله‌مه‌رگى باروبارگه‌يان تێكنا به‌ره‌و ئۆردوگا نوێيه‌كان‌. ئه‌م راگواستنه تا‌ ساڵى 1990 درێژه‌ى هه‌بوو و خه‌ڵكى ده‌شته‌هێرت و گونده‌كانى ناوچەکە بوونه‌ ئامانج و راگوێزرانه‌ دياناو بادليان.

جه‌نگى ئێران[دەستکاری]

له‌ پاش جه‌نگى ئێران عيڕاق 1980-1988‌سيده‌كان به‌ره‌يه‌كى جه‌نگ بوو سوپاى ئێران و هێزى به‌ره‌ى كوردستانى كه‌ بريتى بوو له‌ پارتى ديموكراتى كوردستان و حزبى شيوعى عيراق و سۆشيالست له‌ خواكورك دامه‌زران. شه‌ڕى خواكورك ساڵى 1988 كۆتايي به‌ بوونى پێشمه‌رگه‌ هێنا له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌. پاش جه‌نگى كوێت و كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى‌ حكومه‌تى به‌عس له‌ به‌شێكى هه‌رێمى كوردستان’ ده‌ڤه‌رى سيده‌كان ئه‌مجاره‌ بوو به‌ مه‌كۆى گه‌رێلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان به‌ سه‌رۆكايه‌تى عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان.

په‌كه‌كه‌[دەستکاری]

شه‌رى براكوژى 1992 يه‌كێك له‌ مه‌ينه‌تيه‌كانى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بوو و زيانى مه‌زن به‌ هه‌ردوولا كه‌وت . هێزه‌كانى توركياش له‌ سه‌ره‌تا 13 هاوڵاتى كوردى خواكوركيان له‌ سه‌ر سنوورى خواركورك -شه‌مدينان كرده‌ قوربانى كه‌ بۆ په‌يداكردنى بژێوى رۆژانه‌ سنووريان به‌زاندبوو .له‌وساوه‌و تا ئێستا تۆپباران و خاكبه‌زاندنى به‌رده‌وامى له‌شكرى توركيا و ئێران بووه‌ته‌ نه‌ريتێكى وه‌رزانه‌ و رێگره‌ له‌ ئاوه‌دانبوونه‌وه‌ى ده‌ڤه‌ره‌كه و ره‌وه‌نده‌كانى هه‌راسان و مالوێران كردووه‌ ‌. تا ئه‌مڕۆش خه‌ڵكى‌ برادۆست ديمه‌نى شه‌ڕى نه‌به‌ردى گه‌ريلاكان له‌ دژى تاكه‌كانى له‌شكرى داگيركه‌رى تورك كه‌ له‌ ديوى قه‌نديله‌وه‌ په‌ڕيبوونه‌وه‌‌ سنوورى سيده‌كان له‌ ناو شارۆچكه‌ى سيده‌كان ساڵى 1998دا رووبه‌رووى هێزى په‌كه‌كه‌ بوونه‌وه‌ . به‌گوێره‌ى ئامارێكى فه‌رمی‌ حكومه‌تى هه‌رێم : له‌ماوه‌ی‌ بیست ساڵی‌ رابردوودا ته‌نیا له‌و ناوچه‌یه‌ 158 كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانی‌ تۆپباران‌و بۆردوومانه‌كانی‌ ئێران‌و توركیا، سه‌دان ماڵیش زیانی‌ ماڵییان به‌ركه‌وتووه‌. ئه‌و ئاماره‌ ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ به‌هۆی تۆپباران‌ 73 كه‌س كوژران‌و 85 كه‌سی‌ تریش برینداربوون.[١]‌ ئه‌وه‌ سه‌ربارى وێرانبوونى چه‌ندين پردى سه‌ره‌كى له‌ ناوچه‌كه‌دا دواترينيان پردى نێوان گوندى كه‌وه‌رته‌-هه‌لموش له‌ گه‌لى خواركورك.[٢]

گالێری[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. هاوولاتى: 158كه‌س له‌سیده‌كان قوربانی‌ ده‌ستی‌ توركیا‌و ئێرانن [١]
  2. سايتى سبه‌ى:فڕۆكه‌كانی توركیا له‌ سیده‌كان پردێك ده‌ڕوخێنن [٢]
  • القلقشندی / صبح الاعشی/ الجزء الاول
  • موساسیر [٤]
  • موساسیر [٥]
  • کیلە شین [٦]